ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام
ناوەندی توێژینەوەی ئاجێندا نێکسوس
وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور
ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام
کورتە
ئێران خەریکی ئەزموون کردنی قەیرانێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بە خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی هەرەسهێنانی ئابووری، سەرکوتی سیستەماتیک و، سنووردار کردنی ئازادییە مەدەنییەکان دەناسرێتەوە. لە کاتێکدا کە هێندێک لایەن خوازیاری گەڕانەوەی پاشایەتی پەهلەوی بە هۆی کەسایەتی وەک ڕەزا پەهلەوین، ئەو جووڵانەوانە تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن تاقمە فارس زمانەکانەوە پشتگیریی دەکرێن، بەرەوڕووی بەرهەڵستکاریی بەرچاو لە لایەن ڕێژەی بەرچاوی دانیشتووانی ئەتنیکی،. لە ناویاندا ئازەربایجانییەکان، کوردەکان، بەلوچەکان و عەڕەبەکان دەبنەوە.
ناڕەزایەتییە مێژووییەکان، بە تایبەت لە باشووری ئازەربایجان، بووەتە هۆی برینی قووڵ. میراتی سەرکوت، لە ناویاندا سەرکوتی توندوتیژانەی دەستپێشخەرییە دێموکڕاتیکەکانی ناوڕاستەکانی سەدەی بیستەم، بەردەوام دیاریکەری متمانەی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەتنیکەکانە. خۆپیشاندانەکانی هەنووکە، کە تەنیا لە جانیوەری ٢٠٢٦ کوژرانی هەزاران کەسی لێ کەوتەوە، چڕبوونی ناڕەزایەتی جەماوەریی و هەروەها ناسەقامگیر بوونی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران ئاشکرا دەکات.
داهاتوویەکی بەردەوام و ئاشتییانە لە ئێران شێوازێک لە بەڕێوەبەریی دەخوازێت کە ڕێز لە فرەچەشنیی ئەتنیکی، دێموکراسیی فیدڕاڵ، مافەکانی مرۆڤ و بەشدارییەکی گشتگیر بگرێت. بە بێ ئەو هەنگاوانە، مەترسی نقوم بوونی ئێران لە پارچە پارچەبوونی قووڵ و ناکۆکی ناوخۆیی هەیە.
چوارچێوەی سیاسیی جووڵانەوەکانی پاشاییخواز و میراتی پەهلەوی
خانەدانی پەهلەوی، کە لە نێوان ١٩٢٥ تا ١٩٧٩ دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە بوو، وەک سەرچاوەی مێژوویی جەمسەرکردن دێتە ئەژمار. ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشوو، لە لایەن هێندێکەوە وەک کەسایەتی ڕێبەری جێگرەوە دەناسێندرێت. بەهێزترین پشتگیریی لە ناوبراو لە لایەن کۆمەڵگەکانی فارس زمان دەکرێت. بەڵام، کەمینە ئەتنیکەکان لەبیریان ماوە کە ڕێژیمی پەهلەوی، دەسەڵاتدارییەکی دیکتاتۆڕ و سەرکوتکەر بوو، تواندنەوەی زۆرەملێی دەسەپاند، زمانی دایکی سەرکوت دەکرد و، سەرکوتی بەربڵاوی، بە تایبەت دژی باشووری ئازەربایجان، لە سەردەمی کۆماری دموکڕاتیک لە ساڵەکانی ٤٦-١٩٤٥، بەڕیوە برد. تۆمارە مێژووییەکان باس لە داگیرکاریی باشووری ئازەربایجان لە لایەن هێزەکانی پەهلەوییەوە، بە کوژرانی دەیان هەزار چالاک، مامۆستا و ڕێبەری سیاسی دەکەن، کە بە میراتی سامناکی کارەساتی “٢١ی ئازەر” ناسراوە.
پێکهاتەی ئەتنیکی و دەسەڵاتی سیاسی
پێکهاتەی دانیشتووانی ئێران لە ڕوانگەی ئەتنیکییەوە فرە چەشنە. ئازەربایجانییەکان نزیکەی ٪٤٠ی دانیشتووان پێکدێنن، کە ئەوان دەکاتە مەزنترین کەمینە و فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی. دانیشتووانی کورد، بەلوچ و عەڕەب بە هەمان شێوە ناڕەزایەتیی لەمێژینەیان هەن کە پەیوەندیی بە هەڵاواردنی سیاسی، کولتووری و ئابوورییەوە هەیە. هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی دەسەڵات یان چاکسازیی بەڕێوەبەریی دەبێت ئەو کۆمەڵگانە بگرێتەوە، چونکە هەوڵەکانی ناوەندگەرا یان دەسەڵاتی پاشایەتی بە بێ گشتگیر بوون وێدەچێت تووشی شکست بێت.
ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی هەنووکە
لە سەرەتای دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٦، ناڕەزایەتییەکان سەرانسەری ئێران و کۆمەڵگەکانی دیاسپۆڕا لە ئورووپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی گرتەوە. هۆی خۆپیشاندانەکان ئەو پرسانە بوون:
- هەرەسهێنانی ئابووری و هەڵاوسان
- سەرکوتی سیاسی و نەبوونی ئازادییە مەدەنییەکان
- هۆشدارییەکان لەمەڕ هێرشی سەربازیی دەرەکی
ڕیژیمی ئێران هۆی بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان بۆ سەرهەڵدانی چەکدارانە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەڵگەکان ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریی دەسەلمێنن. هاوکات، هێندێک لایەنی پشتیوانی پەهلەوی هەڕەشەیان لە کەمینە ئەتنیکییەکان و تاقمە سیاسییەکانی دیکە کردووە، کە بووەتە هۆی ئاڵۆزتر کردنی پەیوەندییەکانی دیاسپۆڕا و بووەتە هۆی هەڵوێست گرتنی بەپارێزەوەی وڵاتانی ڕۆژاوایی. بڕیارە سیاسییەکانی ئەو دواییانە، وەک هەڵوەشاندنەوەی چاوپێکەوتنەکانی ڕەزا پەهلەوی لە وڵاتە یەکگرتووەکان و خۆ بواردنی ئورووپا لە بانگهێشت کردنی ناوبراو، ئەو پارێزە پشتڕاست دەکەنەوە.
کاردانەوە ناوچەیی و ناونەتەوەییەکان
قەیرانی هەنووکەیی ئێران کاردانەوەی بەربڵاوی لە سەر جوگڕافیای سیاسی هەیە:
- ئاسایشی وزە: ئێران بەردەوام یاریکەرێکی یەکلاکەرەوە لە بازاڕی وزەی جیهانییە؛ ناسەقامگیریی هەڕەشە لە دابین کردنی وزەی ناوچەکە دەکات.
- مەترسی ئەمنییەتی: هەواڵەکان لەمەڕ دەستێوەردانی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان، لەگەڵ هەڵمەتەکانی پێشووی ئیسڕائیل بۆ سەر ژێرخانی ئێران، مەترسی پەرە ئەستاندنی دووبارە زیاد دەکەن.
- مافەکانی کەمینەکان و هاوپەیمانیی ناوچەیی: داوای پشتگیریی لە خۆبەڕێوەبەریی باشووری ئازەربایجان ڕەنگدانەوەی دانپێدانانی پەرەئەستێنە کە بەڕێوەبەریی بەردەوام دەبێت فرە ئەتنیک بێت، نەوەک لە قۆرخی زۆرینەی فارسدا بێت.
ئەو جووڵێنەرانە لایەنە ناونەتەوقەییەکان دەخەنە دۆخێکی هەستیارەوە: پشتگیریی لە چاکسازیی دێموکڕاتیک و مافەکانی مرۆڤ، بێ ئەوەی بە شیوەی نەخوازراو ببنە هۆی لێکترازانی ناوخۆیی.
میراتی مێژوویی و دەوری ئازەربایجانییەکانی باشوور
باشووری ئازەربایجان پێگەیەکی مێژوویی تاقانەی لە ئێراندا هەیە:
- کۆماری دێموکراتیکی باشووری ئازەربایجان لە ٤٦-١٩٤٥ دامەزراوەی دێموکڕاتیک و مافی دەنگدانی ژنانی دەستەبەر کرد، بەڵام بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە لایەن سوپای پەهلەوییەوە سەرکوت کرا.
- دەیەکانی دواتر بە هەڵاواردنی سیستەماتیک، سەرکوتی کولتووری و، پەراوێژ خستنی سیاسی بووەتە هۆی ئافراندنی بێمتمانەیی بەردەوام بەرانبەر بە دەسەڵاتداریی ناوەندگەرای پەهلەوی.
ناڕەزایەتییەکانی هەنووکە پیشانی دەدات کەکەمینە ئەتنیکەکان، بە تایبەت ئازەربایجانییەکان، دەوری یەکلاکەرەوەیان لە داڕشتنەوەی داهاتووی سیاسی ئێراندا هەیە. هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیی، دێموکڕاتیزە کردن، یان گۆڕینی ڕێژیم دەبێت بە شێوەی کاریگەر ئەو کۆمەڵگانە تێوە گلێنێت بۆ دڵنیا بوون لە ڕەوایی و سەقامگیریی.
تێبینییە سەرەکییەکان
- گشتگیریی ئەتنیکی یەکلاکەرەوەیە: دەرهاویشتنی ئازەربایجانییەکان، کوردەکان، بەلوەچەکان و عەڕەبەکان لە دانوستانە سیاسییەکان یان پێکهاتەکانی بەڕێوەبەریدا، ڕەوایی بنکۆڵ دەکات و مەترسی سەرهەڵدانی ناکۆکی مەدەنی هەیە.
- بیرەوەریی مێژوویی داڕێژەری سیاسەتە: سەرکوت لە ڕابردوودا کاریگەریی لەسەر دروست کردنی متمانە، هاوپەیمانیی و حەزی سیاسی لە ناو دانیشتووانی فرەچەشنی ئێران هەیە.
- دیاسپۆڕا و لایەنە دەرەکییەکان گرینگن: هۆشیاریی ڕۆژاوا بەرانبەر بە لایەنەکانی پاشاییخواز پیشاندەری هاوسەنگییەکی ناسکە لە نێوان پشتگیریی لە بیرۆکە دێموکڕاتیکەکان و خۆ بواردن لە قووڵتر بوونەوەی گرژییە ئەتنیکییەکان.
- شیاویی دێموکڕاسیی فیدڕاڵ: مودێلێکی فیدڕاڵ و دێموکڕاتیکی فرە ئەتنیکی گونجاوترین ڕێگا بەرەو ئاشتی، سەقامگیریی و، گەشەی ئابوورییە لە ئێران.
پێشنیاری بڕیاراتی سیاسی – ڕوانگەی ئاجێندا نێکسوس
- برەو بە بەڕێوەبەریی گشتگیر بدە: هاندەری گفتوگۆیەک بە کە ڕێز لە فرەچەشنیی ئەتنیکی، خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی و، مافەکانی کەمینەکان وەک پرینسیپە بنەڕەتییەکانی هەر جۆرە گواستنەوەیەکی سیاسی دەگرێت.
- پشتگیریی لە کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە دێموکڕاتیکەکان بکە: ئەو ڕایەڵانە بەهێز بکە کە پشتگیریی لە مافەکانی مرۆڤ، پەروەردە و، دەرفەتی یەکسانی ئابووری دەکەن.
- بە پارێزەوە لایەنە ناونەتەوەییەکان تێوەگلێنە: لایەنە ڕۆژاوایی و هەرێمییەکان دەبێ بە شێوەی هاوسەنگ پشتگیریی لە چاکسازیی دێموکڕاتیک بە سەرنجدانی هۆشیارانە بە هەستیارییە ئەتنیکییەکان بکەن و خۆ لە گرتنە بەری هەنگاوی ئەوتۆ ببوێرن کە دابەشبوونە ناوخۆییەکان پەرە پێ بدات.
- ئاسانکاریی بۆ سێناریۆی گواستنەوەی ئاشتییانە بکە: هەر ستراتێژییەک بۆ داهاتووی ئێران دەبێت لە سەر بنەمای دانوستان، فیدڕالیزم و، نوێنەرایەتی فرە ئەتنیکی بێت تا پێش بە دووپات بوونەوەی سوڕی توندوتیژیی بگیرێت.
دەرئەنجام
ئێران لە هەلومەرجێکی مێژوویی دایە. ناڕەزایەتی جەماوەریی، هەرسهێنانی سیستەماتیکی ئابووری و، قووڵتر بوونەوەی قەیرانە سیاسییەکان پێویستییەکی قووڵی بەڕێوەبەریی گشتگیر و دانپێدانان بە پلورالیزمی ئەتنیکی پشتڕاست دەکاتەوە. ئازاربایجانییەکان، وەک مەزنترین کەمینە، هاوشانی تاقمە پەراوێزخراوەکانی دیکە بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی ئێران یەکلاکەرەوەن.
ئێرانێکی ئاشتیخواز و بەردەوام چوارچێوەیەکی دێموکڕاتیک، بەڕێوەبەریی فیدڕاڵ و پارێزگاریی لە مافەکانی سەرجەم کەمینەکان دەخوازێت. بە بێ ئەو پرینسیپانە، ناڕەزایەتی بەردەوام، پارچە پارچە بوون و، ناکۆکی خۆلێلانەدەرە. بۆ داڕێژەرانی سیاسەت، توێژەران و لایەنە ناونەتەوەییەکان، پرسە ژینەکییەکە ڕوونە: پشتگیریی لە ڕێگاچارەی ئەوتۆ بکەن کە ببێتە هۆی یەکگرتن نەوەک پەرتەوازی، لەجیات پەراوێز خستن دەسەڵات ببەخشن و، داهاتوویەکی سەقامگیر و دێموکڕاتیک بۆ ئێرانییەکان دەستەبەر بکەن.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
ناوەندی توێژینەوەی ئاجێندا نێکسوس(٢٠٢٦): ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
زمان و نەتەوە
زمان و نەتەوە ئەشکان باوەڕ زمان و نەتەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زمانەوانیدا دوو چەمکی بنەڕەتین کە لە پێکهێنانی شوناسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵدا ڕۆڵی یەکتر دەگێڕن. زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، [...]
بەناو ڕاپۆرتە شیکارییەکەی قەندیل پرێس و جوڵەی نوێی پەکەکە-پەژاک
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی سەرماوەز ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥): بەناو ڕاپۆرتە شیکارییەکەی قەندیل پرێس و جوڵەی نوێی پەکەکە-پەژاک. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان [...]
پرسی ئازاردانی منداڵان لە کوردستان و ئێراندا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی سەرماوەز ٢٧٢٥ی کوردی بەیان، ڕۆژیندا (٢٠٢٥): پرسی ئازاردانی منداڵان لە کوردستان و ئێراندا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - [...]
سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٤ تریلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ی کوردی قارەمانی، حەسەن(٢٠٢٥):پ" سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
پارێزەرانی ڕووناکی هیوا، سەربەخۆیی و دەروونی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ی کوردی شێخی، پەرویز(٢٠٢٥):پارێزەرانی ڕووناکی؛ هیوا، سەربەخۆیی و دەروونی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - [...]
سەبارەت بە ئورمێ بۆ ئاغای جەلال جەلالی زادە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥):سەبارەت بە ئورمێ بۆ ئاغای جەلال جەلالی زادە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]







