ڕوانگه
هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: ٣٩ ڕەزبەری ٢٧٢٤ی کوردی
نوسرەتی، نارین (٢٠٢٤): هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ. وەرگێڕان لەلایەن سیاوەش محەممەدی و ئاگری ئیسماعیلنژاد. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان، بلاگی ژیانەوە. https://tishk.org/ku/4623-2/
وشە گرینگەکان: ئیسرائیل، ئێران، هێرشی چەکداریی، مافی بەرگری لەخۆ، پرۆکسییەکانی ئێران، دۆکتۆرینی نەخوازراوی
پێشەکی *
بۆ هێرشە هاژەکییەکەی ئێران [بۆ سەر ئیسرائیل] ناچێتە ژێر مافی بەرگری لە خۆ
حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ دا، هێرشێکی هاژەکیی بەرینی کردە سەر ئیسڕائیل و لەم هێرشەدا چەند کەسێک برینداربوون و کەسێکی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردۆن کوژرا. ئێران وەکوو کاردانەوە لەهەمبەر کوشتنی ڕێبەرانی بەناو “بەرەی موقاوەمە” لە لایەن ئیسرائیلەوە، پشتی بە مافی بەرگریی ڕەوا لە بەندی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەست. گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا ، مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ناوچەکەی زیاتر کردووە. هەر دوو لایەنی گرژییەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەڵسوکەوتی خۆیان لەگەڵ بەرانبەرەکەیان لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆدایە. لەحاڵێکدا مافی بەرگری لەخۆی یەکێک لە لایەنەکان بە واتای نەبوونی هەمان ماف بۆ لایەنی بەرامبەر دێت؛ بەو پێیە پرسیارەکە ئەمەیە، لە گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا کام لایەن دەتوانێت پشت بە مافی بەرگری لەخۆ ببەستێت؟
مافی بەرگری لە خۆ لە یاسای نێونەتەوەییدا
مافی بەرگری لە خۆ لە بەندی ٥١ی جاڕنامەی گەردوونیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا (جاڕنامەی گەردوونیی نەتەوەیەکگرتووەکان) جێگیرکراوە و دەتوانێت ڕەوایی بە بەکارهێنانی زەبرێک بدات کە تەنانەت پێشێڵکاریی بەندی قەدەغەی بەکارهێنانی زەبر لە جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت. بەندی ٥١ دەڵێت جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی سروشتیی بەرگری لەخۆی تاک و گشت لە ئەگەری هێرشێکی چەکداریدا سنووردار ناکات، هەتا ئەو کاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی تەبایی و ئاسایشی جیهانی هەڵدێنێتەوە. بەڵام لە جاڕنامەی گەردوونیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا باسی ئەوە نەکراوە کە کەی مافی سروشتیی بەرگری لەخۆ ڕەچاودەکرێت و چۆن دەکرێت ئەو مافە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە شێوەی گشتی ئەمە لە یاسای نێودەوڵەتیدا دانیپێدانراوە کە مەرجی بەکارهێنانی مافی بەرگری لە خۆ ئەوەیە هێرشێکی چەکداری کرابێتە سەر ئەو کەس یان کۆمەڵە خەڵکە و بەکارهێنانی زەبریش وەک دژکردەوە دەبێت هاوسەنگ و پێویست بێت؛ سەرەڕای ئەو باسانە دەبێت هەموو ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەی مافی بەرگری لە خۆدا هەڵدەگیرێن خێرا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لێ ئاگادار بکرێتەوە.
ئایا هێرشێکی چەکداری لە دژی ئێران لەئارادایە؟
ئێران باسی “هێرشی تیرۆریستی” لە تاران و دژی کۆمەڵێک ئامانجی تری ئێرانی لەلایەن ئێسرائیلەوە ئەکات. مەبەستیشیان لەو هێرشانە کوشتنی ئیسماعیل هەنییەی ڕێبەری حەماس، لەکاتی مانەوەی لە تارانی پێتەختی ئێران لە ڕێککەوتی ٣١ی جولایی ٢٠٢٤ــە. هەروەها کوشتنی ئەندامانی تری سەر بە پرۆکسییەکانی ئێران وەکوو حەسەن نەسروڵلا، سەرۆکی رێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنان، لەڕێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە لە بەیرووتی لوبنان بە ئێسرائیلەوە دەبەسرێتەوە. ئێرانیش ئەمە وەک هێرشێک بۆ سەر خۆی و “بەرەی موقاوەمە”ــکەی دەبینێت. بۆ کۆماری ئێسلامیی ئێران گرووپگەلێکی ئیدئۆلۆگی جێی متمانە لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەرووی هەموویانەوە حەماس لە کەرتی غەززه، حیزبۆڵڵا لە لوبنان هەروەها حووسیەکانی یەمەن وەک بەناو پڕۆکسی، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ ئەکەن، بەڵام بە شێوەی ڕاستەوخۆ و کاریگەر لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ ناکرێن. بەم شێوەیە ئێران دەتوانێت لە باری یاسای نێودەوڵەتیشەوە هیچ بەرپرسیارەتییەک نەخاتە سەرشانی خۆی.
پاش ئەو ڕوونکردنەوەیە، ئایا هێرش بۆ سەر پرۆکسییەکانی ئێران هێرشی چەکداری بۆ سەر ئێرانە؟ لەگەڵ ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارە گرێدراوەتەوە بەوەی چۆن قانوونی نێودەوڵەتی لێک دەردێتەوە، بەڵام بەگشتی هێرش بۆ سەر پرۆکسییەکان، وەکوو هێرش بۆسەر ئەو وڵاتەی لە پشتی پرۆکسییەکانە، نایەتە ژمار، مەگەر ئەوەی پەیوەندیی نێوان پرۆکسی و وڵاتی پشتی، بە ڕوونی ئاشکرا بێت.
مافی بەرگری لە خۆ لە دژی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان؟
نەک تەنها ئێران، بەڵکوو ئێسرائیلیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییانەی، پشتی بە مافی بەرگریکردن لە خۆ بەستووە. ئەگەر ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هەنییە، نەسروڵڵا و ئەندامانی دیکەی پرۆکسییەکانی ئێران لەڕێگەی مافی بەرگریکردن لە خۆ ڕەواییان پێ بدرێت، کەوابوو ئێران بۆخۆی ناتوانێت چیتر بانگەشە بۆ مافی بەرگریکردن لە خۆ بکات.
لەبەر ئەوەی ئیسرائیل دژی هێرشەکانی حیزبوڵڵا و حەماس چووەتە پێشەوە، سەرەتا دەبێت ئاماژە بەم پرسیارە سەرەکییە بدرێت کە ئایا بۆ بەکاربردنی مافی بەرگری لەخۆ، گەرەکە هێرشێکی چەکداری ببەسترێتەوە بە دەوڵەتێکەوە. ئەم پرسیارە لەبەر ئەوە جێگای بایەخە کە حەماس و حیزبوڵڵا، ئەرێ پرۆکسیی ئێرانن بەڵام هەردووی ئەم گرووپانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئێران ئەژمار ناکرێن. خۆ بەتەنها ڕاهێنان و پڕچەککردنی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەس نییە بۆ ئەوەی ئەم گرووپە نادەوڵەتییانە وەک ئۆرگانێکی دێ-فاکتۆی دەوڵەتە پشتیوانەکانیان ئەژمار بکرێن، هەروەکوو چۆن دادگای نێودەوڵەتیی لاهە لە پرسی ناسراو به چالاکییە چەکداری و نیمچە چەکدارییەکان لە نێو نیکاراگۆئە و دژی نیکاراگۆیە[1] (نیکاراگۆئە لەهەمبەر ئامریکا) یەکلای کردەوە. ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە مافی بەرگری لە خۆ هەڵدەوەشێتەوە؟ بەندی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕوونی دیاری نەکراوە کە ئەو هێرشە گەرەکە لەلایەن دەوڵەتێکەوە کرابێت، بەڵکوو تەنها ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو هێرشە دەبێت ئاراستەی دەوڵەتێک بکرێت. بەپێچەوانەی ئەوە [بەندی ٥١], دادگای نێودەوڵەتیی لاهە لە دۆسیەی نیکاراگۆئە دژی ئامریکا و هەروەها لەنێو ڕای یاسایی لەسەر دەرهاویشتە یاسایییەکانی دروستکردنی دیوار لەسەر خاکی داگیرکراوی فەلەستین، پێی وایە دەبێت هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتێکەوە کرابێت. لەم نێوەدا گۆڕانکارییەک لە تێگەییشتنی یاساییی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەدی دەکرێت کە دەکرێت لە ڕێگەی کۆدەنگیی یاساناسان [opinio iuris] بخرێتە ژێرچاودێرییەوە. پاش هێرشە تێرۆریستییەکانی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ زۆرێک لە وڵاتان دژکردەوەی سەربازیی ئامریکا دژی ئەلقاعیدە وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتییان وەکوو بەرگریی ڕەوا لەخۆ دیت (بڕوانە بریارنامەی ١٣٦٨ (٢٠٠١) و ١٣٧٣ (٢٠٠١)ی ئەنجومەنی تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان). سەرەڕای ئەمە مانا و ئامانجی مافی بەرگری لەخۆ – پێدانی بژاردەی ڕەوا بە دەوڵەتان بۆ هەڵسوکەوت لە ئەگەری هێرشێک بۆ سەریان – گۆزارشت لە تێگەییشتنێکی بەربڵاو دەکات کە تەنها لەسەر ئەکتەرە دەوڵەتییەکان قەتیس نەکراوەتەوە. ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکییان لە گرژییە جیهانییەکاندا گێڕاوە.
مافی بەرگری لە خۆ لە خاکی وڵاتێکی بیانیدا
لەگەڵ ئەمەشدا بەرگری لە خۆ لە خاکی وڵاتێکی تردا، هەر بەو ئاسانییە ڕێگەپێدراو نییە. ئەمە بە شێوەی گشتی پێشڵکردنی مافی دەوڵەتێکی تر لەسەر یەکپارچەییی خاکەکەیەتی. ئەمە بە شێوەیەکی تریش دەبینرێت، ئەگەر ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە خاکی دەوڵەتێکی تردا جێگیرکرابێت و ئەو دەوڵەتەش نەیهەوێت یان لەدۆخێکدا نەبێت کە بەشێوەی کارا دژی ئەو ئەکتەرە نادەوڵەتییە بوەستێتەوە (دوکتوریەنی بێ دەسەڵاتی و نەویستانە[2]). لەم ئەگەرەدا دەکرێت هێرشێک بۆ سەر ئەکتەرە نادەوڵەتییەکە لەسەر خاکی ئەو دەوڵەتە، ڕەواییی یاساییی بۆ بدۆزرێتەوە. ئەمە دەکرێت لە دۆسیەی حیزبۆڵڵا کە لە لۆبنان بنی داکۆتاوە و لەوێ بە ئازادانە دەجووڵێتەوە لەبەرچاو بگیرێت.
دۆسیەی ڕێبەری حەماس، هەنییە کە لە تارانی پێتەختی ئێران کۆژرا شتێکی ترە. هەرچەند ئێران پشتیوانی لە حەماس ئەکات بەڵام حەماس لە نێو ئێران جێگیر نەکراوە. لەو دۆسیەیەشدا ئێران هەنییەی بۆ سەردانێکی فەرمی بانگهێشت کردبوو و ڕێگەی هاتنێکی ئاشکرای بۆ مسۆگەڕ کردبوو. ئایا ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئێسرائیل ڕەواییی یاسایی بە هێرشێک لەسەر خاکی ئێران بدات؟ هەڵسەنگاندنی ئەمە جێگای مشتومڕە. ڕەواییدانی یاسایی بە هێرشی بەدەر لە خاکی ئێسرائیل بۆ سەر حەماسی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە زەحمەتە. لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بیرۆکانە لەسەر یاسایی بوونی ئەو هێرشە بە لەبەرچاوگرتنی یەکپارچەییی خاکی و سەروەریی ئێران هاتنەبەرباس و کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش ڕەخنەی لەوە گرت.
بەرگری لەخۆ لە ئان و سات – بەستێنی کاتدا
ئایا دەکرێت ئێران هێرشە هاژەکییەکەی بۆ سەر ئیسرائیل پشتبەستوو بە مافی بەرگری لەخۆ ئەنجام بدات؟ وڵامی ئەم پرسیارە “نا”یە، ئەگەر تەنانەت کوژرانی هەنییە لە تاران هێرشێکی چەکداریی نایاسایی لەبەرچاوبگیرێت، مافی بەرگری لەخۆ پێشمەرجی ئەوەیە کە هێرشێکی چەکداری لەئارادابێت (یان مەترسییەکی ڕاستەوخۆی هێرشێک لەئارادا بێت). لەم دۆسیەیەشدا بەپێی هیچ یەک لەو ئەگەرانەی باسمان کرد شتێکی وا لەئارادا نەبووە. لە پرسی هێرشی هاژەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ئێران دەیهەویست بە پێی توانا لە ناکاو لە ئیسرائیل بدات. ئەمەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشەی سەر هەنییە لە ٣١ی جولای [٢٠٢٤] کە کۆتاییشی پێ هاتبوو نەبوو، بەڵکوو ئەمە بۆ تۆڵەستاندنەوەیەک بوو کە ئێران لەچەندین هەفتە پێشترەوە هەڕەشەی لێ ئەکرد. تەنانەت لە ڕوانگەیەکی ئۆبجێکتیکەوە ناکرێت پاساوی ئەوەش بهێنرێتەوە کە هێرش بۆسەر ئێسرائیل بە نزیکەی ٢٠٠ هاژەک، لەچوارچێوەی بەرگری لەخۆ وڵامی هێرشێکی ئێسرائیل بووە کە دوومانگ پێشتری بەشێوەی ئامانجدار و سنووردار بۆ سەر ڕێبەری حەماس کراوە.
ئەگەر بێت و ئێران پرۆکسییەکانی وەک جاران پاڵپشتی بکات، ئەوکات دەکرێت بەردەوامیی ئەو هێرشە نوێیانە بۆسەر ئەندامانی حیزبوڵڵا وەک هەڕەشەی هێرشی لەو شێوەیە بۆسەر خۆیشی ببینێت. [بەم شێوەیە] چەمکی “بەرگریی پێشوەختە لەخۆ”ش دیسانەوە جێگای مشتومڕە و بەکارهێنانی ئەو چەمکەش تەنها لە ئەگەری هەبوونی ئاماژەیەکی دیار و ڕوون لە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و کردەکییە کە هیچ ڕێگایەکی تریشی نەهێشتبێتەوە (پێوەرەکانی کارۆلین). ئێران، لەگەڵ مەترسیی دەرهەست (ئەبستراکت)ی هێرشی تر بۆ سەر پرۆکسییەکانی، ناتوانێت پشت بە مافی بەرگری لە خۆ ببەستێت و پاساوی بۆ بهێنێتەوە.
ئاکام و ڕوانگە
بەدەر لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەی حەماس لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆ دەکرێت ئەژمار بکرێت یان نا، هێرشی هاژەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل [لە رۆژی ١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤دا] لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆدا ناگونجێ؛ لەبەرئەوەی نە هێرشێکی چەکداری لە [لایەن] ئێسرائیلەوە کراوەتە سەر ئێران و نە ئەو بەرپەرچدانەوە سەربازییەی ئێرانیش لەو کاتەی هەڵیبژارد پیویست بوو.
بەڵام پرسیارێکیتر لێرە دێتە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە که ئایا ئیسرائیل دەتوانێ لە تۆڵەدا لە ئێران بداتەوە؟ کەموکورتیی یاساییی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئێسرائیل، لە ڕاستیدا بەشێوەی بنەڕەتی مافی بەرگری لەخۆی داوەتە ئێسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. بەڵام چەندە کات بەسەر هێرشەکەدا [هێرشەکەی ئێران] بچێت، ئەوەندەش پاساوهێنانەوەی یاسایی بۆ وڵامی ئێسرائیل وەک دژکردەوەیەکی پێویست، زەحمەتتر ئەبێت. بەوحاڵەش ئەگەر بێت و مەترسیی هێرشەکان [بۆ سەر ئێسرائیل] پەرەبستێنن، دەکرێت “بەرگریکردن لەخۆ” لە هێندێک بابەتدا پێویستیی خۆی لەدەست نەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پشتیوانییانەی ئێران لە پرۆکسییەکانی و دوو جار هێرشی هاژەکی بۆ سەر ئێسرائیل لەم ساڵەدا و هەروەها ئەو خواستە بەردەوامەی ئێران بۆ لەنێوبردنی ئێسرائیل، دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم گرژییە نوێیانەش باس لە مەترسییەکی دەرهەست [ئابستراکت] لەسەر ئێسرائیل بکرێت. هەرچەند ئەمەش هەر وەکوو ئەوەی لەسەرەوە باس کرا، مەترسییەکی دەرهەستە و بەتەنها ناتوانێت پاساوێک بیت بۆ دۆخی بەرگریکردن لەخۆ. ئێران هێرشە هاژەکییەکەی خۆی وەک دژکردەوەیەک بە هەڵسوکەوتی پێشتری ئیسرائیل ناساندووە، بەوپێیە ئەو هێرشە کۆتاییی هاتووە و چیتر مەترسییەکی کۆنکرێت لەئارادا نییە. پێچەوانەی ئەم گریمانەیە ئەوەیە کە هەر وەک جاروبار ئەو گومانەش هەیە، ئێران وەک کۆنتڕۆلکەری ئۆپەراسیۆنی پرۆکسییەکانی ئەژمار بکرێت. ئەو کاتەیە کە دەکرێت لە ڕوانینێکی گشتی بۆسەر هەڵسوکەوتەکانی حەماس و حیزبوڵڵا، گریمانەی مەترسییەکی کۆنکرێت لەلایەن ئێرانەوە بکرێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ پرسی ڕەپاڵ دان [انتساب]، بێ مشتومڕ نابێت. مەترسییەکانی هاندراو لە لایەن ئێرانەوە دەتوانێت هەر وەک نەتانیاهۆش ڕایگەیاندووە ، وڵامدانەوەی (بە درەنگی) ئیسرائیلی بەدووادا بێت کە ئەوەش ئەگەر نەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی هەمەلایەنە، ئەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر ئەکات. هەرچەند وا دەردەکەوێت کە یاسا نێودەوڵەتییەکان خەریکە بایەخ و کارتێکەریی خۆیان لەدەست ئەدەن، ئەم دۆسیەیەی ئێستا بە ڕوونی نیشانی ئەدات: بەبێ پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، مەترسیی ئاڵۆزبوونێکی لەکۆنتڕۆل دەرچوو لەئارادایە؛ کەوابوو ئەو پێبەندییەیە کە بنەڕەتی هەرەپیویستی ئاشتی و سەقامگیرییە.
- نارین نوسرەتی لە زانکۆی LMU موونیخ، خوێندکاری دوکتورای مافە نێونەتەوەیییەکانە
[1] [Military and Paramilitary Activities in and against Nicaragua (Nicaragua v. United States of America)]
[2] unwilling or unable-Doktrin
*وتاری “هێرش لە ژێر ناوی بەرگری لەخۆ ” بە زمانی ئاڵمانی و لەژێر سەردێڕی Angriff im Deckmantel der Selbstverteidigung لە ڕێکەوتی ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ لە ماڵپەڕی Verfassungsblog بە ژمارەی ناسێنەری بەرهەمە دیجیتاڵیەکان؛ DOI: 10.59704/6c2b2fd0d1ad3501 ، بڵاو کراوەتەوە.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ٢٠٢٤ پەیامێک بۆ ئێران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ
ڕوانگه هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ لە ماڵپەڕی [...]
ئیسرائیل جارێ بەتەما نییە دەست ڕاگرێ
بیروڕا ،و بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]
تکنیک سیدبال (Seedball) روشی برای احیای جنگلهای زاگرس
مقاله/دیدگاه تکنیک سیدبال (Seedball): روشی برای احیای جنگلهای زاگرس [...]
لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران
وتار لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا: سزادانی [...]
ئاڵۆزییە نەناسراوەکانی کۆچبەری
حەسەن قارەمانی، ماستەری باڵای ئابووری نەتەوەیی پێشەکی [...]