وتووێژ

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی

نەبی، سەربەست (٢٠٢٥):بزووتنەوەی کوردستان و پرسی سەروەریخوازی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

پوختە

شەپۆلێکی خێرا و فرەڕەهەندی گۆڕانکارییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان تەنیوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر کوردستانیش داناوە. کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، شکستی بەرەی بەناو مقاومەی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، سەرکەوتنی دۆناڵد تڕامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بەدەسەڵاتگەیشتنی گروپی ئیسلامگەرای تەحریرولشام لە سوریا، دەستێوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری ناوچەکە و هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەشێک لەم شەپۆلی گۆڕانکارییانەن. لەوەها دۆخێکدا، وێدەچێت کوردستان جارێکی دیکەیش بەوپەڕی پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی ئامادەیی شوێندانان و قۆزتنەوەی ئەم گۆڕانکارییانەی نەبێت. لەلایەک گوتاری سەروەریخوازیی و ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ گوتاری دژە دەوڵەتی و دژە ناسیونالیستی لەبەربەرەکانی دایە. لەلایەکی دیکەیشەوە، لەبواری دامەزراوەییەوە، هێزە کوردستانییەکان پەرتەوازە و نایەکگرتوون. ئەوەیش لەکاتێک دایە کە ڕژێمە کۆلۆنیالەکان وەک هەمیشە لەسەر دژایەتیی هەر چەشنە مافخوازییەکی کورد کۆک و یەکدەنگن. بەمەبەستی ئاوڕدانەوە لەم دۆخە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ دکتۆر سەربەست نەبی پێک هێناوە. دکتور سەربەست نەبی لەدایکبووی ڕۆژئاوای کوردستانە و دکتۆڕای فەلسەفەی لە زانکۆی دیمەشق لە سوریا وەرگرتووە و پسپۆڕی فەلسەفەی سیاسییە. ئێستایش دکتۆر نەبی لە زانکۆکانی کۆیە و سەلاحەدین لە باشووری کوردستان مامۆستای فەلسەفە و فەلسەفەی سیاسییە.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • وتووێژ لەگەل: سەربەست نەبی

  • ئامادەکار: داوود عوسمانزادە

  • ڕێکەوت: ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2024 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

شەپۆلێکی خێرا و فرەڕەهەندی گۆڕانکارییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان تەنیوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر کوردستانیش داناوە. کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، شکستی بەرەی بەناو مقاومەی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، سەرکەوتنی دۆناڵد تڕامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بەدەسەڵاتگەیشتنی گروپی ئیسلامگەرای تەحریرولشام لە سوریا، دەستێوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری ناوچەکە و هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەشێک لەم شەپۆلی گۆڕانکارییانەن. لەوەها دۆخێکدا، وێدەچێت کوردستان جارێکی دیکەیش بەوپەڕی پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی ئامادەیی شوێندانان و قۆزتنەوەی ئەم گۆڕانکارییانەی نەبێت. لەلایەک گوتاری سەروەریخوازیی و ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ گوتاری دژە دەوڵەتی و دژە ناسیونالیستی لەبەربەرەکانی دایە. لەلایەکی دیکەیشەوە، لەبواری دامەزراوەییەوە، هێزە کوردستانییەکان پەرتەوازە و نایەکگرتوون. ئەوەیش لەکاتێک دایە کە ڕژێمە کۆلۆنیالەکان وەک هەمیشە لەسەر دژایەتیی هەر چەشنە مافخوازییەکی کورد کۆک و یەکدەنگن. بەمەبەستی ئاوڕدانەوە لەم دۆخە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ دکتۆر سەربەست نەبی پێک هێناوە. دکتور سەربەست نەبی لەدایکبووی ڕۆژئاوای کوردستانە و دکتۆڕای فەلسەفەی لە زانکۆی دیمەشق لە سوریا وەرگرتووە و پسپۆڕی فەلسەفەی سیاسییە. ئێستایش دکتۆر نەبی لە زانکۆکانی کۆیە و سەلاحەدین لە باشووری کوردستان مامۆستای فەلسەفە و فەلسەفەی سیاسییە.

ناوەند: هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە، ئامانجی بزووتنەوەی کورد وەدەستهێنانی سەروەریی سیاسی لەسەر خاکی کوردستان بوو. پاش هەڵوەشانەوەی ئیمپڕاتورییەکانی ناوچە و دامەزراندنی دەوڵەتە نوێیەکان، وردە وردە بزووتنەوەی کورد تاکتیکەکەی گۆڕی و پەنای بۆ ئۆتۆنۆمی و پاشان فیدرالیزم برد. بە بڕوای بەڕێزت هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکییانە لە بزووتنەوەی کوردیدا چ بوون؟

سەربەست نەبی: سەبارەت بەو گۆڕانکارییە لە گوتاری سیاسیدا ئەمە پێداویستیی قۆناغی مێژوویی بوو. هەر لە دەستپێکدا لە چلەکانی سەدەی بیستەمدا دەوڵەتێکی نوێی عێراق و ئێران لەسەر سانترالیزمێکی ئیدیۆلۆژی دامەزرا، ئەو سانترالیزمە ڕێگای نەدەدا بێجگە لە شەرت و مەرجی نێودەوڵەتی کە ئەوکاتە گوتارێک یان گوتاری سوسیالیزم هەبوو و پێوەندیی تایبەتی عێراق و سووریە بە وەرشۆ و یەکیەتیی سۆڤییەت هەبوو و گوتاری سوسیالیزم کە دەیتوانی یەکسانبوونی نێوان نەتەوەکان لە دەوڵەتی سانتراڵدا دروست بکا. لەو قۆناغەدا کورد نەیتوانی هیچ داوایەک لە گوتاری سیاسی یان ئامانجەکانی خۆی لە حوکمی ئوتۆنۆمی(خودموختاری) زیاتر بخاتە ڕوو. دوای هەڵوەشاندنەوەی دیواری بەرلین و هەڵوەشاندنی پەیمانی وەرشۆ گۆڕانکارییەک لە ئاستی جیهانیدا ڕووی دا. دوای ئەمە کوردەکان لە هەڵەبجە ئەنفال کران. بە گشتی ئەمە هۆکارێک بوو کە کورد پێویستی بە بازنەیەکی ئارامی و ئازادیی زیاتر هەبێ و متمانەی بە حکومەتی ناوەندی نەما. لەم وڵاتانە و دەستبەجێ کوردی ڕۆژاوا داوای فیدراڵی کرد و ئێستایش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم هەوڵە لە ئارادایە. لەوانەیە لە باکووری کوردستان تایبەتمەندیی گۆڕانکاریی خۆی هەبێ. ئەم گۆڕانکارییە بەرزبوونە لە ئاستی گوتاری نەتەوەیی کە ئەگەر بڵێین گوتارێکی هاوبەش نەبێ بەڵام بۆ هەر پارچەیەک لە کوردستان گوتارێکی نەتەوەیی تایبەت بەخۆی هەیە کە کاریگەری لەسەر یەکتر هەیە. ئێمە بینیمان کە لە کوردستانی باشوور فیدراڵی جێبەجێ بوو، دەتوانین بڵێین لە سووریەش جێبەجێ دەبێ و لە ڕۆژهەڵاتیش جێبەجێ دەبێ. ئەمە بناغەی بیری سیاسی بۆ گوتارێکی نەتەوەییی هاوبەشە. ئەمە دەستپێکی بیرکردنەوەی نەتەوەی کوردە کە بۆخۆی دەیکا و نەتەوەیەکی سەربەخۆیە نە پارچەیەکە لە سووریە، لە عێراق، لە ئێران و لە تورکیە. لەوانەیە لەم قۆناغەدا ئەم ئامانجە جێبەجێ نەبێ، بەڵام لە داهاتوودا وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ لە مێژوودا ببیندرێ.

ناوەند: ⁠ئایا پێت وایە حیزبە سیاسییەکانی کورد دەستبەرداری سەروەریخوازی بوون، یان بەپێچەوانەوە دەیانهەوێ سیاسەتی پڕاگماتیک بگرنە بەر و وردە وردە بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن؟

سەربەست نەبی: حیزبی سیاسیی کوردستانی نەیتوانی بوو لە قۆناغی پێشوودا باسی سەربەخۆییی کوردستان بکات. لەبیرمان نەچێ کورد بە سەدان ساڵە یەکپارچە نەبووە و جیابوون و دابەشبوونی زۆری لە مێژوودا هەبووە، ئەمە کاریگەریی ڕۆشنبیری لەسەر مێشکی کورد هەبووە، ئێستا هوشیارییەکی هاوبەش لە ئاستی چوارپارچەدا دروست بووە، نموونەی بزووتنەوەی ژینا ئەمینی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی ئێران بە گشتی سەری هەڵدا. پارچەکانی دیکەی کوردستان بە گەشبینییەوە پشتیوانییان لێ کرد، هەروەها بۆ کۆبانیش هەروا بوو، لە سنە و مەهاباد و …. پشتیوانییەکی بەهێزیان لە کۆبانێ کرد و چەندین کەسی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە کۆبانێ شەهید بوون. یەکەم جارە لە میژووی کورددا لە ڕووی جوغرافییەوە کورد بتوانێ سنوورێک دیاری بکا و خاوەنی چارەنووسی خۆی بێ، کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە من کوردێکی ڕۆژهەڵاتی یان باشووری یان باکووریم. ئەمە قۆناغی دوای هەشتاکان دروست بوو.

بەشداربوون بە تاک بوو، کەچی دیاردە نەبوو، بەڵام ئێستا ئەگەر چاو لە شەڕڤانانی ڕۆژاوا بکەین زۆربەیان خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن. ئەم دیاردەیە ئێستا بەڵگەیە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بە ئاراستەیەکی نەتەوەییدا دەڕوات و پێداویستییەکانی سیاسی نەک پێداویستیی نیشتمانی تایبەت بە ڕۆژهەڵات یان ڕۆژاوا یان هەر پارچەیەکی دیکەیە.

لە ئاستێکی دیکەدا هەڵوێستی حیزبەکان پێوەندی بە تاکتیک و پراگماتیکەوە نییە، ئیستا لە ئاستی بەرزدا کورد هاوبەشن، ئێمە کوردین و ئێش و ئازارمان یەکە و خەونمان یەکە، بەڵام لە ئاستی هۆشیاریدا یەک نین کە بتوانین گوتاری نەتەوەییی هاوبەش دابمەرزێنین، ئەمە هۆکاریکە کە حیزبی سیاسیی هەر چوارپارچەی کوردستان گوتاری هاوبەشی سیاسی نییە و دابەشن و ناکۆکییان هەیە. ئێمە دەبینین تەنانەت لە ئاستی یەک پارچەی کوردستانیشدا بۆ نموونە لە باشووری کوردستان لەنێوان یەکیەتی و پارتی، لە ئاستی کوردستانی لەنێوان یەکیەتی و پارتی و پەکەکە، لەنێوان پەکەکە و پارتی دێموکراتی کوردستان ئەم دابەشبوونە لەبەر مەرجەعییەتێک یان سەرچاوەیەکی هاوبەش بۆ گوتاری نەتەوەیی کوردستانی نییە.

ناوەند: ⁠ئێستا کە کەشی گوتاری سیاسەت لە کوردستان بەسەر گوتاری ناسیۆنالیستی و دژە ناسیۆنالیستیدا دابەش بووە، ئاسۆی خواستی سەروەری لە کوردستان چۆن دەبینی؟

سەربەست نەبی: ئیمە ئێستا بەرانبەر بە دوو بەربەستی ئیدیۆلۆژین کە وشیاریی کورد بەخۆیەوە بینیوە و ڕێگری لە گوتاری کوردستانی دەکات و ڕێگە نادات گوتاری کوردستانی دابمەزرێت، لە لایەک گوتاری ئیسلامی سیاسییە کە نە تەنیا کاریگەریی زۆری لە ئاستی تێڕوانین هەیە، بەڵکو لە ئاستی ڕەفتاریش لە کوردستانی باشووردا ڕووی داوە، لە ڕۆژاوای کوردستان هیچ کاریگەرییەکی ئیسلامی سیاسی نییە، بەڵام لە باشوور کاریگەریی  زۆری هەیە، تەنانەت لە ئاستی پەروەردە، خوێندنی باڵا و لە ژیانی ڕۆژانەدا گوتاری ئیسلامی سیاسی مەترسی هەرەگەورەیە لەسەر گوتاری نەتەوەیی. لە لایەکی دیکەوە گوتاری چەپی نوێیە کە ئێستا لە باکووری کوردستان و لە ڕێگای پەکەکەوە جێبەجێ دەبێ. لەبەرئەوەی پەکەکە تاڕادەیەکی زۆر وازی لە خواستی سەربەخۆییی کوردستان و پرسی نەتەوەیی هێناوە و بەرەو ئانارشیزم دەڕوات و داوای نەتەوەی دێموکرات دەکات. پەکەکە پێی وایە ئەمە باشترین ڕێگای چارەسەریی مەسەلەی کورد لە ئێستادایە، لەبەرئەوەی تێکەڵاوییەک لەنێوان کورد و تورک و پێکهاتەکانی دیکە لە تورکیەدا هەیە. لە ڕۆژاواش ئەم خواستەیان هێنایە ئاراوە کە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر گوتاری سیاسی و پرسی چارەسەریی سیاسیی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان هەبوو.

ناوەند: ⁠فاکتەرە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکان چ کاریگەرییەکیان لەسەر سەروەریخوازیی کورد هەیە؟

سەربەست نەبی: هۆکار یان فاکتەری دەرەکی هەر لە سەرەتاوە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەبووە. دوای پەیمانی لۆزانیش کە مەسیری کوردی سنووردار کرد، لەو قۆناغەدا لەبەر بناغەی کۆمەڵایەتیی کورد کە لە ئاستێکی نزمدا بوو و نەیتوانی هوشیارییەکی هاوبەشی نەتەوەیی دروست بکا و نوخبەی کورد لەو قۆناغەدا نەیتوانی هەڵگری پڕۆژەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بێ. لەملاوئەولا هەبوو، بەڵام پشتگیریی کۆمەڵایەتییان نەبوو و بیرکردنەوەی سەربەخۆیی کەم بوون و تایبەت بە نوخبەیەک بوون، بەڵام زۆربەی کورد پشتگیریی تەکیەی ئیسلامی دەکرد و هوشیاریی سەربەخۆیی-نەتەوەیی نەبوو، بۆیە ئاسان بوو بە تورکەکان کۆمەڵگای کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن. لە ٥٠ ساڵی یەکەم کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر هوشیاری و گوتاری نەتەوەییی کورد دانا، بەڵام هوشیاری لەو قۆناغەدا پێشکەوتووتر بوو لە ڕۆژاوای کوردستان تا ئەو قۆناغە کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی نەتەوەیی کۆمەڵگایەکی خەمخۆری داهاتووی خۆی لە سووریە نەبوو، چونکە لە شەستەکاندا سانترالیزمی دەوڵەتی سووریە لەسەر ڕۆژاوای کوردستان و سیاسەتی تەعریبکردنی ناوچە کوردنشینەکانی سووریە دەستی پێکرد. پێش ئەو قۆناغە زۆربەی کوردانی ڕۆژاوای کوردستان و کوردی دیمەشق بەتایبەتی لەبەرئەوەی کاریگەریی زۆریان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی سووریە هەبوو و لە دوای پەنجاکان دەست بە دامەزراندنی حیزبی سیاسی لە کوردستانی سووریە کرا، پێش ئەو قۆناغە ئەوانەی سەربەخۆییخواز و نوخبەی کۆمەڵگای کوردی بوون، لەو کاتەی کە حیزبە سیاسییەکان دامەزران، گوتاری واقعییان کەم بوو، مەبەستە سیاسییەکانیان بۆ دۆزی کورد لە کوردستانی سووریە چارەسەر نەبوو. لەو قۆناغەدا بەرنامە و گوتاری سیاسیی ئەو حیزبانە بۆ هەموو کوردستان خەمخوار بوو و داوای سەربەخۆیی و ڕزگارکردنی کوردستانیان بە گشتی دەکرد. هەربۆیە ناتوانین بڵێین گوتاری سیاسی یان بەرنامەیەکی سیاسیی واقێع نەبوو. لە هەشتاکان کە پەکەکە و حیزبەکانی باشووری کوردستان بە ئاراستەی ڕۆژاوای کوردستاندا هاتن و سیاسەتی شۆڤێنیی دەوڵەتی بەعسی سووریە کە لە ناوچەکانی کوردستانی سووریە دەستی پێکرد لەو قۆناغەدا هوشیاریی نەتەوەیی بۆ کوردستانی سووریە دروست بوو و گوتارێکی سیاسی دەستی پێکرد و دامەزرا. تەنانەت لە باشووری کوردستان لە سەردەمی شێخ مەحموود تا نەوەدەکان خەبات و چارەنووسی کورد بە ئاراستەی نیشتمانی عێراقی سنووردار کرا نەک بە ئاراستەی نیشتمانی کوردستانی. چونکە کوردەکان قوربانیی زۆریان دا تا گەیشتنە ئەو قەناعەت و باوەڕەی کە چارەسەریی کورد بەم شێوەیە نابێ. لە نەوەدەکان داوای فیدراڵییان هێنایە بەرباس، فیدراڵییەک کە بە ناچار بتوانن خۆیان لە ڕەفتاری دەوڵەتی عێراق بپارێزن، چونکە عێراق بەگشتی زۆربەیان عەرەب بوون و دەسەڵاتی عەرەبی دەیویست بە سیاسەتی تەعریب دەسەڵاتی ناوچە کوردییەکانیش بەدەستەوە بگرن .

لە باکووری کوردستان تراژیدیاکە زۆر گەورەتر و خراپتر بوو، ئێمە لەبەر دەوڵەتی کەماڵی لە باکووری کوردستان تا ئێستایش قەبارەی تراژیدیای کوردستانمان نەزانیوە، لە ساڵی ٣٦ کیمیاوی لە سەردەمی عیسمەت ئینۆنۆ یێلسین بە دژی کورد بە کار هێنراوە یانی کیمیابارانی هەڵەبجە جاری یەکەم نەبوو دژی کورد، چەندین تراژیدیای دیکە جگە لە تەتریک کردن و سیاسەتی نکۆڵی کردن لە بوونی کورد وەکو کۆمەڵکوژیی گەورە کراوە کە تا ئێستاش لە کتێبە مێژووییەکاندا باسی لێوە ناکەن.

ناوەند: ⁠بە لەبەرچاوگرتنی جوگرافیای سیاسیی کوردستان، سەروەریخوازەکان چ چارەسەرییەکیان بۆ فاکتەری داخراویی سنووری کوردستان هەیە؟

سەربەست نەبی: کورد قوربانیی جوغرافیایە و دابەش بووە بە سەر چوار پێنج دەوڵەتدا، لەبەر ئەوەی ئێستاش تراژیدیای کوردی قەفقاز هەر بەردەوامە، بەڵام میدیای کوردی ئاگای لێ نییە. ئێستا کە جوغرافیای کوردستان و جیئۆسیاسیی کوردستان بووەتە فاکتەرێک یان هۆی ئارامیی نێودەوڵەتی، ئینجا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیهەوێ مەسەلەی کورد چارەسەر بکا، ئەمە جاری یەکەمە لە مێژوودا و لە نەوەدەکانی سەد ساڵی ڕابردوو تاکوو ئێستا ئەم پرۆسەیە بەردەوامە. ئێستا دەبینین کە ئیسلامی سیاسی چەندە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئارامیی نێودەوڵەتی و ناوچەکە، تەنانەت ئەمریکا و ئورووپاش هەستیان بەو مەترسییە کردووە، لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا کوردستان و کورد وەکو دێمۆگرافیا بەتەنیا دەیانتوانی ئارامیی نێودەوڵەتی دروست بکەن، دەتوانن بەرگری لە ئاشتی، دێموکراسی و حەداسا(مۆدێرنیزم) لەو ناوچەیە بکەن. ئێستا جیا لە پرۆژەی نەتەوەیی، کوردستان بووەتە هەڵگری پرۆژەی دێموکرات کردن و مودێرنیزەکردنی ئەم ناوچەیە، چونکە یەکیەتیی ئەورووپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هۆی گوتاری سیاسیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و تاڕادەیەکی زۆر لە باشووری کوردستان پشتگیریی کورد دەکەن هەروەها کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دژی گوتاری ئیسلامی سیاسیی ڕادیکاڵ و جیهادییە. هیوادارم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر بەو شێوەیە بێت و ئەمانە متمانە بە کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بکەن.

ناوەند: بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی سووریا، کورد لە ڕۆژاوای کوردستان چ جۆرە سیاسەتێک لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بگرێتە بەر، زیاتر بە قازانجی تەواو دەبێت؟

سەربەست نەبی: دوای شەڕی غەزە و لوبنان، ئیسراییل سەرەتا هەستی بە نیگەرانی دەکرد، چونکە نەیدەتوانی ئاشتی و ئارامی لەو ناوچەیە بۆخۆی دەستەبەر بکا. هەربۆیە نەتانیاهوو دەستی بە گۆڕانکاریی جیئۆسیاسی لە ناوچەکە کرد و ناوەندی ئەم گۆڕانکارییە لوبنان و عێراق نەبوو، بەڵکو سووریە بوو. لە سووریەش زۆر پشتگیریی کوردی ڕۆژاوای کرد و ئێستا دۆزی کوردی ڕۆژاوا لە ئاستی سیاسی و بەدەوڵەت کردن لە پلەیەکی زۆر بەرزدایە و پشتگیریی گەورەی هەیە. بەڵام کێشەی هەرەگەورە گوتاری ناوخۆییی کوردە. هێزی سیاسی کە بەسەر دوو ڕەوتدا دابەش بوون. یەکیان ڕەوتێکی سەر بە پەکەکەیە و ئەوەی تریان ڕەوتێکی سەر بە باشووری کوردستانە کە نەیتوانیوە ڕێککەوتنێکی سیاسی و گوتارێکی سیاسیی هاوبەش لە ڕۆژاوای کوردستان دروست بکا. بەڵام لە ئەساسدا کوردستان هوشیارییەکی زۆر دێموکراتیک و مۆدێرنیتە و هاوبەشی هەیە بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە ڕۆژاوا. کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان پێشکەوتووترە لە گوتاری سیاسیی حیزبەکانی خۆی، هەربۆیە کوردستانی ڕۆژاوا لەم قۆناغە خراپەدا توانیویەتی بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی بپارێزێ. من بەدڵنیایی‌یەوە دەڵێم کە هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ ڕەزامەندیی کورد لە سووریە جێبەجێ نابێ، کورد فاکتەری سەرەکییە و بە گشتی دەتوانن گۆڕانکاری لە سووریە دروست بکەن، چونکە ئێستا پشتیوانیی گەورە وەکوو ئیسراییل و ئەمریکا و فەرانسە و بەتازەییش ئاڵمان هاتووەتە ناو ئەم مەسەلەیە. پێش ئێستا ئاڵمان بەهۆی ئەو پێوەندییەی کە لەگەڵ تورکیە هەیبوو، خۆی دوور دەخستەوە و نەیدەویست تورکیە ناڕەحەت بکا، بەڵام لەم دوایی‌یانەدا سیاسەتی دەرەوەی ئاڵمان و یەکیەتیی ئورووپا بە گشتی پشتگیرییەکی بەهێزی لە گوتاری کوردی ڕۆژاوا کرد، کوردی ڕۆژاوا سەرەتا لە ئاستی دێموگرافی زۆر لاواز بوو، بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە کاریگەریی سیاسیی زۆری لەسەر بوو. ١٥ بۆ٢٠ ساڵ پێش کەس بڕوای بەوە نەدەکرد کە کورد دەتوانێ ببێتە ئەو هێزە سەرەکی و شوێندانەرەی سووریە و گۆڕانکاری لە داهاتووی سووریە بچێتە ژێر بڕیاری کوردانەوە. لەم قۆناغە هەستیار و مێژوویی‌یەدا پێویستە کورد بەگشتی پشتگیری لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و دۆزی کورد لە ڕۆژاوا بکا و پێویستە زەخت بخاتە سەریان بۆ یەکبوونی نێوماڵی کورد و یەکبوونی گوتاری سیاسیی کورد.

ناوەند:  ⁠ڕوانینی تەحریرئەلشام بۆ پرسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان چییە؟

سەربەست نەبی: دەستەی تەحریرئەلشام هیچ گوتارێکی سیاسی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد نییە و تاکوو ئێستاش هیچ بەڵگەیەک یان هەڵوێستێک یان بەرنامەیەکی بۆ چارەسەریی مەسەلەی کورد نییە. دەستەی تەحریرالشام وەکوو مەرجەعییەت و ئیدیۆلۆژی و باوەڕپێ بوون ئیدیۆلۆژییەکی سەلەفییە و لەلای ئەوان مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەپەروەری جۆرێک لە شرک و کوفرە و قەبووڵی ناکەن کە تۆ باسی پێکهاتەیان لەلا بکەی. تەنانەت چەمکی دەوڵەت لەلایان مانای نییە و چەمکی نەتەوە قەبووڵ ناکەن. چەمکی هاووڵاتی لە گوتاری سیاسیی سەلەفییەکاندا نییە. لەوێ تەنیا مۆئمین ونامۆئمین(کافر و موسڵمان) هەیە. ئەوان لە چەمکی گەل ناگەن و تەنیا ڕەعایا هەیە و مۆئمین برای مۆئمینە، ئیماندار برای ئیماندارە (ان المومنون اخوە) چونکە یەک بنەمای گوتاری سیاسی قەبووڵ ناکرێ، دەستەی تەحریرئەلشام ناتوانێ ئەم پرۆسەیە لە سووریە درێژە پێ بدات، ناتوانێ سەرکەوتنێکی سیاسی بەدەست بهێنێ و تووشی کێشەی گەورە دەبێ. ئەمە نەتەنیا کۆتاییی شەڕی ناوخۆیی لە سووریە نییە، بەڵکو دەستپێکی کێشەیەکی گەورەیە لە قۆناغی داهاتووی سووریە، بۆیە دەبێ کورد لەم قۆناغەدا خۆی بپارێزێ تا چارەسەرییەکی نێودەوڵەتی بۆ داهاتووی سووریە دروست دەبێ.

ناوەند:  ⁠ستراتیژیی ڕۆژاوای کوردستان بۆ مامەڵە لەگەڵ تەحریرئەلشام چییە؟

سەربەست نەبی: کورد دەبێ بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هێزی خۆی بپارێزێ، چونکە تەنیا بە هێز دەتوانن ماف و ئارامیی خۆی بپارێزێ. ئێستا بە بڕوای من ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا نایانهەوێ قەسەدە بڕواتە ناو دەستەی تەحریرئەلشامەوە. چونکە متمانە بە تەحریرئەلشام ناکەن، ئەگەر تورکیە دەست لە کاروباری سووریە وەرنەدات، دەستەی تەحریرئەلشام بەرانبەر قەسەدە زۆر لاوازە. لە ئاستی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە ئەوان٣٥٠٠٠ هەزار چەکداریان هەیە، بەڵام قەسەدە ١٥٠٠٠٠هەزار چەکداری زیرەک و شارەزایان هەیە و جگە لە قەسەدە زۆربەی هەرەزۆری هێزی پێکهاتەکانی دیکەی سووریە وەکو دورزیان، عەلەوییەکان، عەرەبی سوننە لای باشووری سووریە ئامادە نین ببنە بەشێک لە پرۆسەی سیاسیی سووریە و کورد هەروا دەمێنێتەوە. کورد هەروا بەنەرمی و بەدینامیکییەت پێوەندی هەبووە، تەنانەت لە سەردەمی بەشار ئەسەد ئامادەبوونیان باشتر بوو، بەڵام بە مەرجێک مەسەلەی کورد چارەسەر بێت.

ناوەند: ⁠ئایا پێت وایە ئیسراییل، وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا پشتگیریی کیانێکی کوردیی ئۆتۆنۆم لە ڕۆژاوای کوردستان دەکەن؟

سەربەست نەبی: لە بەرژەوەندیی ئیسراییل، ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپادایە کە قەسەدە لەم ناوچەیە بەهێز بمێنێ بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە سووریە دروست بکەن. ئەگەر وەزعی سووریە تێک بچێ بە دەستی تەکفیرییەکان، تەنیا قەسەدە دەتوانێ بەرانبەریان بەرگری بکات و ڕێگایان پێ نەدا کە سووریە کۆنترۆڵ بکەن. لە سەدا سێی هێزی ناو تەحریرئەلشام خەڵکی سووریە نین، زیاتر لە  ٣٠٠٠ جیهادیی تەکفیری کوردی ڕۆژهەڵاتن، هەروەها خەڵکی باشوور (کەسێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ئەبوو غۆرەیر پێوەندی بە منەوە گرت و دەڵێ ژمارەمان زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس دەبێ) بەڵام ئەوانە متمانە بە تورکەکان ناکەن. حیزبی ئیسلامیی کوردستانی باوەڕی بە تورکەکان نییە و نیگەرانن بەنیسبەت سیاسەتی تورکیە، هەستی نەتەوەیی‌یان هەیە، بەڵام هەر جیهادی و سەلەفین. ئەمانە نیگەرانییەک بۆ ئیسراییل دروست دەکەن، بۆیە ئەمریکا و ئیسراییل و ئورووپاش قەبووڵ ناکەن قەسەدە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان لەو ناوچەیە لاواز ببێ.

ناوەند: ⁠پارچەکانی دیکەی کوردستان چۆن دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەم دۆخەی ڕۆژاوای کوردستان هەبێ و یارمەتییان بدەن؟

سەربەست نەبی: هەر کوردێک بە ئەرکی خۆی دەزانێ و کەس ناتوانێ بە کەس بڵێ تۆ وا بکە و وا مەکە، بەڵام کوردەکان هەموویان دەتوانن بەپێی هەستی پاکی کوردانەی خۆیان هاوکاریی پارچەکانی دیکە بکەن، خۆپێشاندان بکەن، چالاکیی مەدەنی و میدیایی زۆریان بۆ ڕۆژاوای کوردستان هەبێ، چونکە تێکچوون و شکستی ڕۆژاوای کوردستان دەتوانێ کاریگەریی لەسەر باکوور و باشووری کوردستان هەبێ. لە هەر لایەک ڕۆڵی تورکیە گەورەتر بێ، دەتوانێ لە داهاتوودا کاریگەریی خراپی لەسەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبێ، هیوادارم وەها نەبێ و من گەشبینم کە وا نابێ. بەڵام پێویستە لە ڕۆژهەڵات یان لە باشوور بێ. باکووری کوردستان لەبەر کاریگەریی گوتاری ئیسلامی زۆربەیان بێدەنگن، بەڕاستی ئەمە جێگای داخە کە کوردستانی تورکیە کە زیاتر لە ٣٥ میلیۆن کوردی هەیە، ناتوانن هیچ کارێکی سیاسی و مەدەنی بەرانبەر بە دەوڵەتی تورکیە بکەن. دەبووایە ئێستا شارێکی وەکو ئانکارا و ئیستانبوڵ چەندین خۆپێشاندانی دژ بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە بەنیسبەت گەلی کورد تێیدا بەڕێوە چووبایە و مەحکوومیان بکردبایە. کوردی ڕۆژاوا لە پێش ئەم قۆناغەی سووریە ٨٠٠٠ هەزار شەهیدی بۆ باکووری کوردستان داوە و تا ئێستا کوردی باکوور خۆیان بێدەنگ کردووە، تەنیا چەند نوخبە و شۆڕشگێڕێک هەیە کە پشتگیریی ڕۆژاوا دەکەن و یارمەتی و قوربانی بۆ رۆژاوای کوردستان دەدەن. زیاتر لە نەوەد لەسەدی خەڵکی باکوور بەداخەوە خەمی کوردی ڕۆژاوایان نییە، ڕەنگە زۆر کەس ئەمەیان پێ ناخۆش بێ، بەڵام بەداخەوە ئەمە واقعییەتی کوردی باکوورە، ئیستا ئومێدمان بە ڕۆژهەڵات و باشوورە کە بتوانن پشتگیرییەکی بەهێز بۆ ڕۆژاوا لە ئاستی مەدەنی و هەموو بوارەکاندا دروست بکەن.

ناوەند: ⁠پێت وایە دروستبوونی کیانێکی سیاسیی ئۆتۆنۆم لە ڕۆژاوای کوردستان کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ڕەوتی سەربەخۆییی کورد دەبێت؟

سەربەست نەبی: چارەسەریی مەسەلەی کورد بۆ گرینگە لە ڕۆژاوا؟ چونکە دەروازەی کوردستانی گەورەیە بۆ دەریای سپی. ئەمە جێگەی نیگەرانیی دەوڵەتی تورکیەیە، چونکە یەکسەر چوو عەفرینی داگیر کرد و دێمۆگرافیای عەفرینی گۆڕی، بەڵام تورکیە سەر نەکەوت و دیار بوو کە ناتوانێ بیکات و لە ناو سنووری باکووری کوردستان بەرانبەر عەفرین تەتریکی کرد. لەو سەد ساڵەدا هەوڵی تێکدانی دێمۆگرافیای عەفرین بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئومێدم زۆرە کە لە ڕۆژاوای کوردستان ڕزگاری و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنین و دەتوانێ کاریگەرییەکی گەورە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دۆزی کورد بێ. ئەرکی ڕۆژاوای کوردستان تەنیا تایبەت بە ڕۆژاوای کوردستان نییە و ئەرکێکی نەتەوەیی و گشتییە و هیوادارم ببێتە بناغەی یەکبوونی هەڵویستی نەتەوەییی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. 

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە