بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی
مورادی، مەیسەم (٢٠٢٥): هۆکاری لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ یەکتر؛ ڕێگەچارەی دەربازبوون لەم قەیرانه. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
ئەو حیزبانە لە دۆخێکدا کە بەتەنیا بڕیار دەدەن، ئازادیی بڕیاردانیان زیاترە و دەتوانن زۆر هەنگاو هەڵبنێن بەبێ ئەوەی بەرانبەر بە حیزب و لایەنەکانی دیکە وڵامدەر بن؛ بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە هاوکاری بکەن، دەبێت ئەو ئازادییەی خۆیان پێشێل بکەن و بە کۆمەڵ بڕیاربدەن، بۆ ئەوەی هاوبەشتر و یەکگرتووتر بن. نەزم دەتوانێت لە نێوان ئەو حیزبانەدا یاسا دروست بکات و هیچ حیزبێک خۆی لە یاساکان سەرتر نەزانێت. “ڕیچارد هۆکر” لەسەر نەزم دەڵێت، نەزم هەمان بابەتێکە کە پێی دەوترێت “خێری گشتی”، واتە لە ڕێگەی نەزمەوە یاساگەلێک دادەنرێت کە لە قازانجی کۆی کۆمەڵگەدایە و لە ڕێگەی ئەم یاسایەنەوە “هەمووان” پێکەوە پەیوەندییان هەیە.
ساڵی ٢٠٢٣، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، کتێبێکی چاپ کرد بە ناوی “دیپلۆماسی و هزری سیاسیی کوردستانی”. کتێبەکە، لە ڕوانگەی جیاوازەوە ئاوڕێکی تیۆریک لە جۆری دروستبوونی دەوڵەت دەداتەوە و هەروەها باس لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە درێژاییی مێژوودا دەکات. لە بەشێکی کتێبەکەدا باس لەوە دەکات بۆچی کورد نەیتوانیوە دەوڵەت دروست بکات و لە ڕوانگەی بازیل نیکیتین، مێژووناس و دیپلۆماتی ڕووسیایی، ئەم سەرنەکەوتنەی کورد، بەشێوەیەکی گشتی باس دەکات.
بازیل نیکیتین لە پەرتووکەکەیدا بەناوی “کوردەکان”، ماوەی سیاسیی کورد و جووڵەی ناسیۆناڵیستیی کورد بۆ هەلی هەبوونی دەوڵەت دەکات بە سێ بەشەوە. لە ماوەی یەکەمدا؛ بازیل نیکیتین، ئەو ماوە سیاسییەی کە کورد وەک هەلێکی مێژوویی نەیقۆستەوە، بە تایبەت دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی سێزدە و چواردەی زایینی کە کورد لەو کاتەدا نەیتوانیوە لەگەڵ خودی خۆیدا کۆکراوە و یەکگرتوو بێت. واتە دەتوانین بڵێین هۆکاری دروستنەبوونی دەوڵەت لە ماوەی هەلی یەکەمی کورد، ناتەباییی میرنشینەکان بووە… لە ماوەی دووەمدا، دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی نێوان شازدە بۆ نۆزدە، کە لەو کاتەدا دەوڵەتە دراوسێکانی کورد وەک دەوڵەتی فارس و تورک، بە تەواوی پێکهاتن، دووبارە کورد بە هەمان شێوەی ماوەی یەکەم نەیتوانی دەوڵەتێک بۆ خۆی پێک بێنێت. جگە لەوەش لەو ماوەیەدا لەگەڵ تورک گرێبەستێک دەکات کە بیست و سێ یەکەی کوردی لە پێناو مانەوەیاندا ڕێککەوتنی هەماهەنگی لەگەڵ تورک پێکدەهێنن کە نزیکەی سەد و پەنجا ساڵ دەخایەنێت … ماوەی سێهەم: لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بۆ شەڕی گەورەی جیهانییە و نیکیتین هۆکاری دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کورد دوای سیستەمی دەرەبەگایەتی بۆیان دژوار بووە خۆیان لەگەڵ سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریدا بگونجێنن. دواتر لە ماوەی سێیەمدا وەک ئەوەی نیکیتین پۆلێنی کردووە، جووڵەی نەتەوەییی کورد بە شێوازی جیاواز بەڵام پەرشوبڵاو، هەڵبەت بەبێ پلانێکی داڕێژراو و یەکگرتوو، دەست پێ دەکات. بۆ نموونە هەریەک لە شۆڕشی عەبدولرەحمان پاشا، بەدرخان بەگ، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و …. کورد جووڵانەوەی پەرشوبڵاوی هەبووە کە نەیتوانیوە کوردەکانی بەشەکان و ناوچەکانی تر کۆ بکاتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی نیکیتین، جیا لە جۆری باڵانسی هێزی کورد و دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و دەستێوەردانە دەرەکییەکان، کورد لە کۆتاییدا نەیتوانیووە خۆی لەژێر چەتری یەک گوتاردا ڕێک بخات و بەشێوەی ”پەرشوبڵاو” جووڵەی نەتەوەییی کورد دەستی پێ کردووە.
یەکنەبوونی گوتاری سیاسیی حیزبەکانی کوردستان و نەبوونی پلانێکی داڕێژراو لە نێوان حیزبەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، دەتوانێت لەم قۆناغەدا زۆر هۆکاری هەبێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە، بەشێکی ئەم یەکنەگرتووییەی کورد، ڕیشەیەکی مێژووییی هەیە کە بە بۆچوونی نیکیتین، یەکێک لە هۆکارەکانی دروستنەبوونی دەوڵەت بۆ کورد بووە کە ئاماژەیە بە قەیرانی فیکری لە نێوان بزووتنەوەکانی کوردستان لە درێژاییی مێژوودا، کە ئەمڕۆش ئەو یەکنەگرتوویی و قەیرانە، لە گوتاری سیاسیی حیزبەکانی کوردستاندا بەڕوونی خۆی دەردەخات. بۆ زیاتر وردبوونەوە لەسەر بابەتەکە، لەم دەروازەیەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک قۆناغدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت; ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی خۆپێشاندانی سەرانسەری لە کوردستان و ئێران.
لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، خەڵکی کوردستان و بەشێک لە خەڵکی ئێران دەست بە خۆپێشاندان دەکەن و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕووی گرفتێکی ئەساسی دەبێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان تووشی قەیرانی کۆیی دەبێتەوە، واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی کۆ، خۆپێشاندان دەست پێ دەکات و لە کرماشان و ئیلام، دروشمی پالپشتی بۆ جوانڕۆ و سنە دەدرێت و بەهەمان شێوە لە شارەکانی موکریانەوە هەمان دروشم بۆ پاڵپشتیی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێتەوە. لە کاتی خۆپێشاندانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، شاری سنە یەکێک لەو شارانە بوو کە زۆرترین خۆپێشاندانی تێدا کرا. دەسەڵاتی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت سنە کۆنترۆڵ بکات، لە شارەکانی دیکەی کوردستان، وەک کرماشان و ناوچەی هەورامانەوە هێزی ڕەوانەی سنە دەکرد، لەگەڵ ڕەوانەکردنی هێز بۆ سنە، خەڵکی شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، ئیلام و هتد دەهاتنە سەرشەقام و بەمجۆرە دەسەڵاتی ئێران ناچار دەبوو کە بەشێک لە هێزی سەرکوتی خۆی لە سنە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شارانە. ئەمجۆرە لە باڵانس دروستکردنەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەسەڵاتی ئێرانی لە کوردستان تووشی قەیرانی کۆیی کردەوە، کە بۆ دەسەڵات زۆر زەحمەت بوو بەسەر خەڵکدا زاڵ بێت. دەرئەنجامی ئەو قەیرانە کۆییە، ڕزگاربوونی بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئێران لەو شارانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک نەمابوو؛ شاری شنۆ یەکێک لەو نموونەیانە کە دەسەلاتی ئێران لەو شارەدا تووشی داڕمان بوو.
لەپاڵ قەیرانی کۆیی دەسەڵاتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەمان شێوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەشێک لە ئێراندا تووشی قەیرانی پەرشوبڵاو بوو؛ واتە بەشێک لە شارەکانی ئێران خۆپێشاندانیان دەکرد و خەڵک لە سەر شەقام بوون. ئەم دوو قەیرانە، واتە قەیرانی کۆیی لە کوردستان و قەیرانی پەرشوبڵاوی لە ئێران، دەسەڵاتی ئێرانی تووشی کێشەی بنەڕەتی کردەوە و تەنانەت بەشێکی زۆری شارەزایانی بواری سیاسەت پێیان وا بوو ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران هەیە. ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران، نەیتوانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتووبکات و تەنانەت “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران”، تووشی هەڵوەشانەوە بوو. دانیشتنی زانکۆی جۆرج تاون، نزیکبوونەوە لەگەڵ “موجاهیدینی خەلق”، هاوشان لەگەڵ نەبوونی ئیرادە و نەزم، دووبارە هۆکاری سەرەکی بوون کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک نەگرن و نەتوانن لەو دەرفەتە مێژوویییەدا لەژێر چەتری پەیمانێکی هاوبەشدا هەوڵی زیاتر یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بدەن و تەنانەت لە دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووبارە دوو لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەریەک کەوتن و تەنانەت دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا.
چارەسەرکردنی ئەم هەموو قەیرانە پێویستی بە سێ قۆناغی ئیرادە، نەزم و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی شاخ و شار هەیە کە دەتوانێت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر یەک پەیماندا یەکگرتوو بکات. وەک چۆن لەسەرەوە باسی کرا، نەبوونی ئیرادە و نەزم لە قۆناغی دوای کوژرانی ژینا ئەمینیدا، هۆکاری سەرەکیی ئەو هەموو قەیرانانە بوو، لە ئێستادا ئەو قەیرانەشی لەسەر زیاد بووە کە لە ڕێگەیەکی هەڵەوە، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم هەموو قەیرانە دەدرێت؛ واتە بە باسکردنی ئەوەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کورردستان مادام “داوای دەوڵەت ناکەن”، دەتوانن داوای “سەروەری” بکەن. هەرچەندە ئەم باسە کێشەی تیۆریی هەیە، بەڵام لەم نووسینەدا ئاماژەی پێناکرێت.
نزیکبوونەوەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتا و لەپێش هەموو باسێکدا پێویستی بە “ئیرادە”یەک هەیە کە باس لەوە بکات ئەم لایەنانە دەیانەوێت پێکەوە هاوکاری بکەن و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. ئیرادە وەک دەستپێکی هەنگاوی یەکەم لە نێوان ئەو لایەنانەدا دەتوانێت ڕێگەخۆشکەری ئەوە بێت کە لانیکەم ئەو لایەنانە پێکەوە زیاتر گفتوگۆ بکەن. “ئێرنست ڕێنان” لە وتارێکدا بە ناوی “نەتەوە چییە؟”، باس لە “ئیرادەی هاوبەش” دەکات بۆ ئەوەی خەڵکێک بتوانن وەک “نەتەوە” پێکەوە بژین. ئیرادەی هاوبەش کاتێک دروست دەبێت کە هەست بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی بکرێت؛ بۆیە ئەو لایەنانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێت هەست بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی بکەن و لە قۆناغی ئێستادا ئیرادەیەک لە نێوانیاندا دروست بێت بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی هاوبەش. لە نزیکبوونەوەی ئەو لایەنانەدا، ئەوەی دەبێت لەبەر چاوی بگرن، دروستکردنی نەزمە لە نێوان خۆیاندا؛ واتە ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ کە ئەولەویەتی ئێستا، داهاتوو و تەنانەت دوای گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانە. ئەو پرەنسیپە هاوبەشانە باس لە چۆن هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دروستکردنی بەرپرسیارەتیی نەتەوەیی بۆ هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بدات، بەکۆمەڵ بڕیاردان لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەییی کورد لە دۆخی ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەلاتی کوردستان، جۆری دیپلۆماسی وگفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان دەکات و لە کۆتاییدا دەبێت ئەو لایەنانە چاوپۆشی لە بەشێک لە ئازادییەکانی پێشووی خۆیان بکەن کە وەک یەک حیزب هەیانبووە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ژێر چەترێکی هاوبەشدا پەیمانێک واژۆ بکەن. مەبەست لەم خاڵەی کۆتایی ئەوەیە کە ئەو حیزبانە لە دۆخێکدا کە بەتەنیا بڕیار دەدەن، ئازادیی بڕیاردانیان زیاترە و دەتوانن زۆر هەنگاو هەڵبنێن بەبێ ئەوەی بەرانبەر بە حیزب و لایەنەکانی دیکە وڵامدەر بن؛ بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە هاوکاری بکەن، دەبێت ئەو ئازادییەی خۆیان پێشێل بکەن و بە کۆمەڵ بڕیاربدەن، بۆ ئەوەی هاوبەشتر و یەکگرتووتر بن. نەزم دەتوانێت لە نێوان ئەو حیزبانەدا یاسا دروست بکات و هیچ حیزبێک خۆی لە یاساکان سەرتر نەزانێت. “ڕیچارد هۆکر” لەسەر نەزم دەڵێت، نەزم هەمان بابەتێکە کە پێی دەوترێت “خێری گشتی”، واتە لە ڕێگەی نەزمەوە یاساگەلێک دادەنرێت کە لە قازانجی کۆی کۆمەڵگەدایە و لە ڕێگەی ئەم یاسایەنەوە “هەمووان” پێکەوە پەیوەندییان هەیە.
خاڵی کۆتایی کە بۆ یەکگرتوویی گرنگیی تایبەتی هەیە، دروستکردنی پەیوەندیی شار و شاخە. پەیوەندیی ڕاستەوخۆ باس لەوە دەکات کە لە قۆناغە هەستیارە مێژوویییەکاندا، ئەو بڕیارانەی دەدرێن دەبێت بەجۆرێک بن کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان پێوە دیار بێت. واتە دانیشتنەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، جۆری پێناسەکردنی خۆیان، بینینی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاراستە جیاوازەکاندا، هاوکات پێداچوونەوە و خۆنوێکردنەوەی ئەو حیزبانە لە ئاراستەی بەرەوپێشەوەچوونەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
لە کۆبەندی ئەم باسەدا، بە کورتی ئەوەی دەبێت دووبارە ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبێ ئیرادەیەکی هاوبەش و نەزمێک کە بتوانێت یاسا و ڕێساگەلێک بۆ چۆنیەتیی کارکردنی سیاسیی ئەو حیزبانە دیاری بکات، زەحمەتە لە ژێر چەترێکدا ڕێک بخرێن و هاوکات پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان هەبێت. هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەرشوبڵاویی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستی بەوە هەیە کە تێگەیشتنێک لە قۆناغی ئێستا و گرنگیی نزیکبوونەوەی ئەو حیزبانە دروست بکرێت. لە قۆناغی دواتر دا ئیرادە و نەزم و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی کوردستان، دەتوانێت ڕێگەچارەی دەربازبوون لەم قەیرانانە بێت.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
بانگەوازەکەی ئۆجەلان و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
مومارەسەی نەرگسییانەی دەسەڵات و نەخۆشی پسیکۆپات
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
خوێندنەوەی غەزەلێکی ڕابوون ڕۆژهەڵات
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
هۆکاری لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ یەکتر
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
جیاوازیی خەبات و شۆڕش: شۆڕشی ژینا وەک نموونە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
زمان، ناسنامە و دەسەڵات
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]