بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی

عوسمانزاده، داوود (٢٠٢٥):“ڕووداو”ی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

بەڵام سەرەڕای لاوازبوونی ڕێژیمی کۆلۆنیالی ئێران لەگەڵ ڕووداوی شەڕی ئیسرائیل، بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا هیچ چەشنە ڕەفتارێکی جیاوازی پێوە دیار نەبووە؛ وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. ئەگەر بەراوردێکی سیاسەتی بزووتنەوەی کوردستان لە دوو قۆناخدا بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە بزووتنەوەی کوردستان لە دۆخی چەقبەستووییی سیاسیدا ماوەتەوە. بۆ نموونە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە لە شەش مانگ پێش ڕوودانی شەڕی ئیسرائیل و ئێستادا نابینین. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەیش بکەم کە مەبەستم لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆی ئەکتەرە سیاسییەکانی مەیدانی سیاسەت لەم پارچەیەی کوردستانە، نەک بە تەنیا حیزبە سیاسییەکان.

.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  • یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: داوود عوسمانزاده

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0

“ڕووداو”ی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

دوای هێرشەکانی ١٣ مانگی جوونی ٢٠٢٥، ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران چوونە قۆناغێکی نوێوە و شەڕێکی بەربڵاوی لێ کەوتەوە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم بە کەڵک وەرگرتن لە کۆمەڵناسیی ڕووداوتەوەری[1] ویلیام سوێڵ جوونییە (William H. Sewell Jr[2].) پێشانی بدەم کە ئەم شەڕە ڕووداوێکە کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەکان و لۆژیکی ئەو پێکهاتانەدا دروست دەکات. پاشان دەپەرژێمە سەر بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باس لە گرینگیی ئەو ڕووداوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم. هەروەها باس لەوەیش دەکەم کە چۆن بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبری قۆستنەوەی ڕووداوەکە لە دۆخێکی سیاسیی ڕاگیراودا ماوەتەوە.  

شەڕی ئیسرائیل و ئێران وەک ڕووداو

ویلیام سوێڵ لە تیۆریی کاتێتیی ڕووداوتەوەردا[3] تەرکیز لەسەر هێزی ڕووداوەکان دەکات. ڕووداوەکان مێژوو دروست دەکەن. ژیانی کۆمەڵایەتی پڕە لە پێشهاتی جۆراوجۆر و فرەچەشن. زۆربەی ئەو پێشهاتانە کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگا دانانێن، بەڵکوو زیاتر ئەم پێکهاتانە بەرهەم دەهێننەوە. بەپێچەوانەوە، ڕووداوەکان بریتین لەو پێشهاتە دەگمەنانەی کە کاریگەریی قوڵ و بنەڕەتی لەسەر پێکهاتە فرەچەشنەکانی کۆمەڵگا دادەنێن (Sewell 2005, 262). لەڕاستیدا، ڕووداوەکان ژمارەیەک پێشهاتن کە سەرنجی خەڵک بۆلای خۆیان ڕادەکێشن و دەبنە هۆی دروستبوونی گۆڕان و گواستنەوەی درێژخایەن و بنەڕەتیی پێکهاتەکان (Sewell 1996, 844). یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕوودا، بریتییە لە “بەڕێگاوەنووسان (Path Dependence)”. بەڕێگاوە نووسان یانی پێشهاتێک کە پێشتر ڕووی داوە، ئەگەری زۆری هەیە کاریگەری لەسەر زنجیرەیەک لە ڕووادوەکانی دوای خۆی دابنێت. ڕووداوەکان نەک هەر توانای گۆڕینی بنەڕەتیی پێکهاتەکانیان هەیە، و باڵانسی هێزە هۆکارەکییەکان (Causal Forces) دەگۆڕن بەڵکوو دەتوانن لۆژیکی ئەنجامەکانی پێشهاتەکانیش بگۆڕن (Sewell 2005, 262-263).

ڕووداوەکان قابیلی گەڕانەوە بۆ دواوە نین. بە واتایەکی دیکە، کاتێک پێشهاتێک بوو بە ڕووداو، ناگەڕێتەوە دۆخی پێش خۆی. هاوکات، ئەنجامەکان و کاریگەرییەکانی ڕووداوەکانیش ناوێکچوو و بەڕێککەوتن. ئەمە بەو مانایەیە کە ڕووداوێک کە لە چرکەساتێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات، لەژێر کاریگەری و کارلێکێکی ئاڵۆزی بارودۆخەکان و ئەو بڕیاڕانەدایە کە دەدرێن. ئەوەیش یانی ڕووداوەکان قابیلی پێشبینی نین. چونکە دوو فاکتەری بارودۆخ، و بڕیاڕ یان هەڵبژاردنەکان کاریگەری لەسەر دروستبوونی ڕووداوەکان دادەنێن و هەردووک ئەم فاکتەرانەیش فرەچەشنن، بۆیە ناتوانین ڕووداوەکان پێشبینی بکەین. بەپێی تیۆریی سوێڵ، پڕۆسە مێژووییەکان هەمیشە ڕێک و بەردەوام نین، بەڵکوو لاسەنگن (uneven)، پچڕان و نابەردەوامییان پێوە دیارە و ئاستی کاریگەرییشیان لەسەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگا جیاوازە. ڕووداوەکان، وەک پێکهاتەکان هەم سنووردارکەرن و هەم توانابەخشن.

هێرشی ١٣.٠٦.٢٠٢٥ ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانرێت وەک سەرەتای ڕووداوێک سەیر بکرێت. لەبەر ئەوەی ڕووداو پێشهاتێکی تەریک و تاقانە نییە، بەڵکوو لە زنجیرەیەک پێشهات و کردەوە پێک هاتووە، دەتوانین کۆی شەڕەکە وەک ڕووداوێک لێک بدەینەوە. ئەو زنجیرە پێشهاتانەی ڕووداوەکە کامڵ دەکەن بریتین لە دەستکردنەوەی ئێران و هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، تێکەڵبوونی ڕاستەوخۆی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شەڕەکە و هێرشی ئەم وڵاتە بۆسەر بنکەکانی پڕۆگرامە ناوکییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهان. زنجیرەیەکی دیکەی پێشهاتەکانیش بریتین لەم هەوڵانەی ئێستا لەگۆڕێدان: هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی نادیار کە تا ساتی نووسینی ئەم وتارە لە ڕواڵەتدا دوو ڕۆژی بەسەردا تێدەپەڕێ. لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا ڕووداوەکە کۆتاییی پێ نەهاتووە و بەردەوامە. ئەوەیش کراوەییەکی بە ڕووداوەکە بەخشیوە و بەڕووی ژمارەیەک ئەگەری دیکەدا کردوویەتییەوە. ڕەنگە خودی ئەم ڕووداوە ببێتە هەوێنی ڕووداوێک یان کۆمەڵێک ڕوودای دیکە.

گەرچی ئەنجام، لێکەوتە و داهاتووی ئەم ڕووداوە لێڵ و نادیارە، بەڵام ڕووداوەکە تا ئەم ساتە کۆمەڵێک گۆڕانی بنەڕەتیی لە پێکهاتە جیاوازەکاندا دروست کردووە. لەلایەکەوە، پێکهاتەی هێزی ئێران لەم ڕووداوەدا زۆر بە قووڵی لاواز بووە و تا لێواری داڕمان ڕۆیشتووە. هێزە تیرۆریستییەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش و توانا سەربازییەکانیان زیانێکی بەرچاویان پێ گەیشتووە. چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیم بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت دواکەوتوون. لەلایەکی دیکەیشەوە، ڕێتۆریک و پڕۆپاگەندەی هێزی سەربازیی ڕێژیم بەهۆی دەرکەوتنی زیاتری لاوازییە سەربازییەکانەوە زیانێکی بەرچاوی پێ گەیشتووە.

ڕێژیم پێش ئەم هێرشە بەدەست ژمارەیەک قەیرانی ئابووری، سیاسی، مەشڕوعییەت، و قەیرانی بەرنامە ناوکییەکەی و گرفتەکانی لە پەیوەندییە نێودەڵەتییوکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەرەوڕووبوو. هەموو ئەم قەیرانانە لەگەڵ ڕوودای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل قووڵتر بوونەوە. هەروەها، ئاماژە سەرەتایییەکان دەریدەخەن گرفتە ناوخۆییەکانی ناو ئێلیتی دەسەڵاتداریش قووڵتر بوونەوە؛ لەم نێوەندەیشدا خودی پێگەی خامەنەیی لەناو دەسەڵاتدا تووشی ئالنگاریی زیاتر بووەتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، هێشتا بابەتی گرفتەکانی شەڕەکە، واتە بەرنامەی ناوکیی ئێران، توانای هاژەکی و شەڕە پراکسییەکانی ڕێژیم هەرلەسەر جێگەی خۆیان ماون و وەک گرفت چارەسەر نەکراون. تا ئەو کاتەی ئەم گرفتانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکرێن، ئەگەری بەردەوامیی شەڕەکە و کۆتایی ئاگربەسەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. بەردەوامیی ئەو گرفتانە ئاستی هەرکام لە قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕێژیم قوڵتر دەکەنەوە و هاوکات گومانی زیاتر بۆ هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی زیاتر دەکەن.

بزووتنەوەی کوردستان و مامەڵە لەگەڵ ڕووداو

زۆر بەکورتی ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی لاوازتربوونی دەسەڵاتی ڕێژیم. بەڵام دەلالەتەکانی لاوازیی ڕێژیم بۆ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چین؟ وتەیەک لە سیاسەتی کوردستاندا هەیە کە لاوازیی دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆلۆنیالەکان هەمیشە بە قازانجی بزووتنەوەی کوردستان بووە. لەگەڵ درێژبوونەوەی خەبات، لەباری لۆژیکییەوە ئەمە دەبێت زیاتر ڕاست بێت. چونکە جیاوازیی نێوان دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆلۆنیالەکان و بزووتنەوەی کوردستان بە تێپەڕینی کات قوڵتر بووەتەوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی فراوان و قووڵ لە تەکنۆلۆژیای سەربازی و هەوڵگریدا ڕووی داوە، و دەوڵەتەکان تواناکانی خۆیانیان پێ بەهێز کردووە. بەڵام بزووتنەوەی کوردستان لەم پێشکەوتنانە بێبەش بوون. کەواتە، ئاساییە گەر هاوکێشەی دەوڵەتی لاواز زیاتر لە جاران بەقازانجی بزووتنەوەی کوردستان بێت.

بەڵام سەرەڕای لاوازبوونی ڕێژیمی کۆلۆنیالی ئێران لەگەڵ ڕووداوی شەڕی ئیسرائیل، بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا هیچ چەشنە ڕەفتارێکی جیاوازی پێوە دیار نەبووە؛ وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. ئەگەر بەراوردێکی سیاسەتی بزووتنەوەی کوردستان لە دوو قۆناخدا بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە بزووتنەوەی کوردستان لە دۆخی چەقبەستووییی سیاسیدا ماوەتەوە. بۆ نموونە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە لە شەش مانگ پێش ڕوودانی شەڕی ئیسرائیل و ئێستادا نابینین. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەیش بکەم کە مەبەستم لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆی ئەکتەرە سیاسییەکانی مەیدانی سیاسەت لەم پارچەیەی کوردستانە، نەک بە تەنیا حیزبە سیاسییەکان.

بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست چەند گرفتی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت. گرفتێکی ئەم بزووتنەوەیە لاوازی یان نەبوونی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان بەشە جیاوازە پێکهێنەرەکانی بزووتنەوەکە دایە. گەرچی زۆرینەی نزیک بە تەواوی بەشە پێکهێنەرەکانی ئەم بزووتنەوەیە، لە حیزب و پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان، ئاکادیمیسییەن و ڕوناکبیران و چالاکوانە سیاسییە ناحیزبییەکان خۆیان بە بەشێک لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن، بەڵام پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوانیاندا نییە. تەنانەت زۆر کات ئەرکەکانی بزووتنەوە و بەرپرسیارێتییەکانی بەتەنیا دەخرێنە سەر شانی حیزب و پارتە سیاسییەکان. ئەمەیش هەم دژی بەها دێموکراتیکەکانە و هەم بە زیانی بزووتنەوەیە. دژی بەها دێموکراتیکەکانە، چونکە دەسەڵاتی ڕەهای بزووتنەوە دەداتە دەست حیزبە سیاسییەکان. دژی بزووتنەوەیە، چونکە دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و لێکدابڕانی هێزە جیاوازەکانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سەرەڕای هەبوونی بۆچوونی جیاواز، دەکرێ هەموو بەشە پێکهێنەرەکانی بزووتنەوەی کوردستان، لەسەر بنەمای پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیان لەگەڵ یەکتر هەبێت. مەبەست لە پەیوەندیی ئۆرگانیک ئەوە نییە هەموو کەس ببێتە ئەندامی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، بەڵکوو پەیوەندییەکی دوولایەنە و بەردەوام لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەنێوان ئەم لایەنانەدا هەبێت و هاوکات، هەر لایەنێک سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و بۆچوونی ڕەخنەگرانەیشی لەسەر لایەنی بەرانبەری هەبێت.

دوو لایەنی گرینگی پێکهێنەری بزووتنەوەی کوردستان، واتە حیزبە سیاسییەکان و ئاکادیمسیسییەن و ڕوناکبیرە ناحیزبییەکان، هەرکامیان گرفتێکی ناوگرووپیی خۆشیان هەیە. هیچ کام لەم لایەنانە، لەناو خۆیاندا لەگەڵ یەکتر خاوەن پڕۆژە و پەیوەندییەکی پتەوی پڕۆژەتەوەر نین. حیزبە سیساییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گرفتە پێکهاتەییەکانی ناو حیزبەکانی خۆیان، ئەزموونی شکستخواردووی کاری هاوبەش، نەبوونی متمانە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ کاری هاوبەش و هەروەها کێشەی ئایدیۆلۆژیک توانای پڕۆژە و کاری هاوبەشی درێژخایەنیان نییە. ڕوناکبیر و ئاکادیمیسییەنە ناحیزبییەکانیش لەباری سیاسییەوە تا ئێستا پڕۆژەیەکی درێژخایەن، تەنانەت لە ئاستی دامەزراندنی ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی کارا، یان دەرکردنی ژوورناڵێکییان نەبووە.

چاوەڕوانیی دۆخی ئایدیال یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بزووتنەوەی کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە چەند ئاست و شێوەدا خۆی دەردەخات. لە ئاستی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، بەهۆی نیشتەجێبوون لە باشووری کوردستان، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانای چالاکییەکانیان لەدەرەوەی دینامیزمە سیاسییە ناوچەییەکان و بەتایبەت بارودۆخی باشووری کوردستان زۆر زۆر لاواز و سنووردارە. ئەوەیش توانای ئافراندنی دەرفەتی سیاسیی لێ زەوت کردوون و بووەتە هۆی ئەوەی سیاسەتی چاوەڕوانی بۆ دۆخی ئایدیال بگرنەبەر. لە ئاستی ڕوناکبیریی و ئاکادیمیسییەنی ناحیزبیدا، ئەم بەشە لە بزووتنەوە زۆر کات ئایدیال تایپێک لە باقیی بەشە پێکهێنەرەکانی بزووتنەوەکە یان داخوازییەکانی بزووتنەوەکە لە دەرەوەی هاوکێشەکانی هێزدا وێنا دەکات و بە کەمتر لەم ئایدیالە ڕازی نییە. لەبەرانبەردا، ئێرانییەکان – سەرەڕای هەموو گرفتەکانیان –  لەم بارەیەوە زۆر پڕاگماتیستانەتر دەڕۆنە پێش و بەپێی دۆخ هەلەکان دەقۆزنەوە. ئەمانە بەشێک لە گرفتەکانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەم گرفتانە وایان کردووە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر لەکاتی ئاساییدا، بەڵکوو لەکاتی ڕووادوە گرینەگ چارەنووسسازەکانیشدا توانای دروستکردنی دەرفەتی سیاسی، یان تەنانەت قۆستنەوەی دەرفەتیشیان زۆر لاواز و سنووردار بێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوو ڕوودای سیاسیی گرینگ هەبوون کە تێیاندا بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات تا ڕادەیەکی زۆر دەرفەتی خوڵقاندوو: یەکەمیان ڕاسانی شاخ و شار بوو کە سەرەڕای گەشاندنەوەی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، بەبێ هیچ ڕاگەیاندنێک کۆتاییی پێ هات. دووهەمیان بزووتنەوەی ژینا بوو کە گەرچی لەسەرەتادا ئاستێکی باش لە یەکگرتوویی و هاودەنگیی لەنێو کورددا هەبوو، بەڵام ئەم یەکگرتووییەیش زۆری نەخایاند و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابەش بوون. ڕێک لە بزووتنەوەی ژینا بەملاوە، پاشاخوازە ئێرانییەکان کە پێگەیەکی ئەوتۆی سیاسییان لە کۆمەڵگاکەیاندا نەبوو توانیان هەلەکە بۆ پەرەپێدان بە پێگەی سیاسیی خۆیان لە ناو جوگرافیای سیاسیی ئێراندا بقۆزنەوە. ئەوان هەموو توانا ماددی، میدیایی و مرۆییەکانیان بۆ کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی بڕیاڕ لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی خستووەتە گەڕ.

ئەنجام

لەگەڵ ئەوەیشدا کە ڕووداوە مێژووییەکان دەگمەنن، بەڵام کاریگەرییەکی بنەڕەتییان لەسەر هاوکێشەکانی هێز و دەسەڵات و زۆرینەی پێکهاتەکان هەیە. مێژوو بەرهەمی ڕووادوەکانە، و ڕووداوەکان قابیلی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش خۆیان نین. لەگەڵ ئەوەیشدا کە ڕووداوەکان سنووردارمان دەکەن، هەندێک مەیدانی نوێش بۆ کردە و ئەیجنسیی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنن. خاڵێکی گرینگی هەر ڕووداوێک –  کە کاریگەریی زۆری لەسەر ئاراستە، ئەنجام و تەنانەت ناوەرۆکی خودی ڕووداوەکە دەبێت – بڕیاڕەکانن.

شەڕی ئیسرائیل و ئێران ڕووداێکی دەگمەنە کە هێشتایش دەرگاکەی دانەخراوە. ئەم ڕووداوە هێشتا لە دۆخی ڕووداندایە و بڕیارەکان کاریگەریی لەسەر دادەنێن. ئەگەرەکان، گرێدراوی ڕەفتاری ئەکتەرەکانن: ئاخۆ ڕێژیمی ئێران تەسلیم دەبێت، یان نا درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی دەدات و شەڕەکە گەورەتر و فراوانتر دەکات یان بە نهێنی چەکی ناوکی دروست دەکات؛ ئاخۆ، شکستی سەربازیی ڕێژیم و قوڵبوونەوەی قەیرانەکانی دەبنە هۆی دروستبوونی بزووتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری کە ئینقلابێکی لێ بکەوێتەوە -هەروەک بەشێکی بەرچاوی ئینقلابەکان دوای شکست یان ململانێ و شەڕی دەرەکی ڕوویان داوە- وڵاتانانی ڕۆژئاوایی چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرکام لە ئەگەرەکان دەکەن؛ ئەم بڕیار و هەڵبژاردنانە و زۆر فاکتەری دیکە، ناوەرۆک، لێکەوتە و ئەنجامەکانی ئەم ڕووادە دیاری دەکەن.

بزووتنەوەی کوردستان، بە هەموو هێزە پێکهێنەرەکانییەوە، تا ئێستا نەیتوانیوە بەپێی گەورەیی و گرینگیی ڕووداوەکە سیاسەت بکات. لە کاتێکدا کە هیچ کات هێزە دەرەکییەکان هێندەی ئێستا باسیان لە گۆڕینی ڕێژیم نەکردووە، لایەنە پێکهێنەرەکانی بزووتنەوەی کوردستان هەروەک پێش ڕووداوەکە پرش و بڵاو و پەرتەوازەن. ئێستا کاتی وەلانانی ئایدیالەکان و گرتنەبەری سیاسەتی پڕاگماتیکە، کاتی ئەوەیە هەموو لایەنە پێکهێنەرەکانی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر هەندێک چوارچێوەی گشتی ڕێک بکەون و بە یەکەوە ڕوو لە کۆمەڵگای کوردستان و دونیای دەرەوە بکەن. ئەگەرنا جارێکی دیکەیش شەپۆلی ڕووداوەکان لەدەرەوەی ویست و ئیرادەی ئێمە لەگەڵ خۆیان دەمانبەن.

Sewell Jr, William H., and William Hamilton Sewell. Logics of history: Social theory and social transformation. University of Chicago Press, 2005.

Sewell, William H. “Historical events as transformations of structures: Inventing revolution at the Bastille.” Theory and society 25 (1996): 841-881.

[1] سوێڵ دوو جۆر کاتێکتیی (Temporality)، میتۆد و تیۆریی زاڵ لە کۆمەڵناسیی مێژووییدا دەستنیشان دەکات کە بریتین لە کاتێتیی غایەتناسانە (Teleological Temporality)  و کاتێتیی ئەزمونگەرا (Experimental Temporality). سوێڵ کاتێتی و کۆمەڵناسیی ڕووداوتەوەر (Eventful Sociology)  لە بەرانبەر ئەو دوو تیۆرییەدا دەهێنێتە کایەوە. سوێڵ لە ماوەی چەند ساڵدا، لە کۆمەڵێک وتاردا بەرە بەرە پەرەی بە تیۆرییەکەی خۆی دا و پاشان لە کتێبی “لۆژیکەکانی مێژوو: تیۆریی کۆمەڵایەتی لە گواستنەوە کۆمەڵایەتییەکان”دا بڵاوی کردنەوە. لەبەرانبەردا، بۆچوونەکانی سوێڵ ڕەخنەی ئەوەیان لێ گیراوە کە جۆری چوارەمی کاتێتی، واتە کاتێتیی گواستنەوەیی (Transformative Temporality) کە لە لایەن بیرمەندی ئوتریشی-هەنگاریی کارل پۆڵانی (Karl Polanyi) جومگبەندی کراوە، لەبەرچاو ناگرێت. چونکە ئامانجی ئەم نووسینە شیکردنەوەی بۆچوونەکانی سوێڵ نییە، ناپەرژێمە سەر ئەم تیۆرییانە. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە سەیری کتێبی ” Sewell Jr, William H., and William Hamilton Sewell. Logics of history: Social theory and social transformation. University of Chicago Press, 2005.” بکە.

[2] ویلیام سوێڵ جوونییە (William H. Sewell Jr.)  کوڕی کۆمەڵناسی ئەمریکی ویلیام سوێڵە (William H. Sewell). لەم نووسینەدا مەبەستی من لە سوێڵ، ویلیام سوێڵ جوونییە-یە؛ واتە ویلیام سوێڵێ بچووک یان کوڕ. سوێڵ لە زانکۆی شیکاگۆ پڕۆفیسۆری کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان و مێژوویە.

[3] Eventful Temporality

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە