بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی

دەباغی، شەهلا (٢٠٢٥): پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

بۆ هەموو ئەو مەبەستانە نامەیەکمان نووسیوە بۆ یەکتر. مەبەستی تایبەتیش کە پێمخۆشە لێرە باسی کەم ئەویش مەسه‌لەی خەڵعی سیلاحە، دانانی چەکە، کە ئێستا زۆر باسی دەکەن. ئەو وەختەش دوکتور بەنی‌سەدر باسی کردبوو. حەتا بیستوومانە دەیانهەوێ ڕێفراندۆم بکەن کە ئەوانەی کە چەکدارن چەکی خۆیان دابنێن. نەزەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەو جۆرەیە، ئەوەشمان لە نامەکەدا بۆ رەئیس جمهوری نووسیوە. […] کابرایەکی کاشانی، کابرایەکی کرمانی، چوزانێ بۆچی میلەتی کورد سیلاحی هەڵگرتووە هەتا نەزەر بدا کە دایبنێ چەکەکەی یا داینەنێ. ڕادیۆ و تلویزیۆن، ڕۆژنامە هەموو ڕۆژێ تەبلیغات دەکا کە ئەوانە چەتەن، ڕێگرن. کابرای کاشانی و کرمانیش دەڵێ ئەگەر چەتە و ڕێگرن دەبێ چەکی خۆیان دابنێن. کەوابوو ئەوان سەلاحییەتیان نییە کە قەرار بدەن کە ئێمە چەک دابنێین یا چەک دانەنێین. […] بەڵام هەتا ئەو وەختە چ ڕێفراندۆم بکرێ چ نەکرێ، چ تەهدیمان بکەن چ نەکەن میلەتی کورد چەک دانانێ.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  • یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: شەهلا دەباغی

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ١٩ی پووشپەری ٢٧٢٥ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0

پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی

دوکتور رەحیم سورخی لە نووسینێک لەسەر دیواری فەیسبووکی خۆی بە ڕێکەوتی ٧ی جولای (٢٠٢٥) باسی ئەوە دەکا کە چۆن پێکهاتەی گوتاری لە پرۆسەیەکدا لە کوردستان دروست بووە و ئەم گوتارە “هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری فەرهەنگی خەریکە کۆمەڵەیەکی زمانی و ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت بە خۆی دروست دەکات.”[i] (١) بەڕای من دروستبوونی ئەم گوتارە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر بیرتیژیی ڕێبەرێکی بەئەزموونی وەک دوکتور قاسملوو.

دوکتور سورخی بەدروستی باسی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دوکتور قاسملوو دەکا و دەنووسێ: “یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەهید قاسملوو ئەوە بوو، پرسە گرنگەکانی لە میتینگی بەرفراواندا لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕاستەوخۆ دەخستە بەرباس و بیروبۆچوونەکانی بەجەماوەری دەکرد. لە میتینگێکی سەرەتاکانی شۆڕش لە بۆکاندا، ڕاگەیەنراوی لێژنەی نوێنەرایەتیی کوردستان، وەک وتەبێژی نوێنەرایەتییەکە بڕگە بە بڕگە بۆ خەڵک دەخوێنێتەوە و خەڵکەکە بە گوتنی “سەحیحە سەحیحە” (دروستە، دروستە) پشتڕاستیان دەکەنەوە.”

دوکتور سورخی بۆ ئەم باسەی خۆی کەڵک لە فایلێکی دەنگی وەردەگرێ کە لە مێتینگێک لە بۆکان (١٣٥٨) دوکتور قاسملوو بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەدوێ. دوکتور سورخی بەردەوام دەبێ و دەنووسێ:

“لەم میتینگانەدا و لە میتینگی تری ڕێکخراوە سیاسییەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێکهاتە گوتاری – ئایدۆلۆژیکییە جۆراوجۆرەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەرەبەر بەدی هاتن، بەڵام لە ئەنجامی پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا گوتاری نەتەوەخوازیی کورد خۆی زاڵ کرد و ئێستا ئیتر دەکرێت بڵێین ویستی زۆربەری ڕێکخراوە کوردستانییەکانە.”

لێرەدا من دەمهەوێ لە چوارچێوەی ئەم باسە دروستەدا واتە دروستبوونی پێکهاتەی گوتاری لە پرۆسەدا، تایبەتیتر بچمە سەر پەیوەندیی پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە.

چەمکی دێمۆکراسی بە گشتی و بە سادەکراوی چەمکێکی ئاشنایە بۆ زۆربەی خەڵک. زۆربەی خەڵک دێمۆکراسی بە دوو ئیندێکسی سەرەکی پێناسە دەکەن:

  •  بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی وڵات لەسەر پرسەکان
  •  دەنگی زۆرینە بڕیاردەر بێ

ئەمە ڕواڵەتی سادە و تێگەیشتنی باوە لە دێمۆکراسی. بەم پێیە تەنانەت وڵات و تاکە تۆتالیتاریستەکانی وەک ئێران، ئەردووغان، رووس، عێراق و هتد دەچنە قالبی وڵاتانێک کە تێیاندا هەڵبژاردن هەیە و دەنگی زۆرینەیە کە پرسەکان یەکلا دەکاتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا دێمۆکراسی تەنانەت لە ئازادترین وڵاتانی دنیادا هەڵگری لایەنێکی سەرکوتگەرە، ئەویش ڕاست بەهۆی داسەپاندنی ڕای زۆرینە بەسەر ڕای کەمینەکان کە ڕەنگە زۆر جار بیروڕای کەمینە هەڵگری توخمی دروستتر بێ. بەڵام ئەم باسە بۆ بۆ ئێمەی کورد گرینگە؟

دێمۆکراسیی زۆرینە  لە کاتی چەوتی و کەموکوڕیدا بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەک سوید دەکرێ لە ڕێگای مێدیای بەرپرس، خەڵکی ئاگا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بێتە ژێر پرسیار و بەجۆرێک مەهار کرێ تا سەدەمە لە مافی کەمینە نەدا. واتە کاتێک ڕای زۆرینە مەیدان بۆ مافەکانی کەمینە تەنگ بکا ئەوە بە باسی ئاشکرا و ڕوون، بە خۆپێشاندان و دەنگهەڵبڕین باسی مافی کەمینە زمانی، جنسییەتی، ئێتنیکی و ئایینییەکان بەرجەستە دەکرێن. بەڵام ئایا ئەم هەل و ئیمکانە لە وڵاتێکی وەک ئێران بۆ وێنە بۆ پرسی نەتەوەی کورد و بەلووچ یا کەمینە ئایینییەکان وەک بەهایی، جوو، یا کەمینە جنسییەتییەکان هەیە؟

با بگەڕێینەوە سەر گوتەکانی د. قاسملوو لە میتینگی شاری بۆکان (١٣٥٨). دوکتور قاسملوو لەو میتینگەدا باسی ئەوە دەکا کە بۆ نابێ کورد چەک دابنێ و دێمۆکراسی لە ئێران چۆن دەتوانێ بۆ پرسی کورد خەتەرناک بێ. دوکتور قاسملوو دەفەرموێ:

[….] بۆ هەموو ئەو مەبەستانە نامەیەکمان نووسیوە بۆ یەکتر. مەبەستی تایبەتیش کە پێمخۆشە لێرە باسی کەم ئەویش مەسه‌لەی خەڵعی سیلاحە، دانانی چەکە، کە ئێستا زۆر باسی دەکەن. ئەو وەختەش دوکتور بەنی‌سەدر باسی کردبوو. حەتا بیستوومانە دەیانهەوێ ڕێفراندۆم بکەن کە ئەوانەی کە چەکدارن چەکی خۆیان دابنێن. نەزەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەو جۆرەیە، ئەوەشمان لە نامەکەدا بۆ رەئیس جمهوری نووسیوە. ئەوەڵەن ئێمە ڕێفراندۆم بە شێوەیەکی غەیری دێمۆکراتی دەزانین چونکە لە ڕێفراندۆمدا ئەکسەرییەت هەموو وەختێک نەزەری خۆی بەسەر ئەقەلییەتدا تەحمیل دەکا. کابرایەکی کاشانی، کابرایەکی کرمانی، چوزانێ بۆچی میلەتی کورد سیلاحی هەڵگرتووە هەتا نەزەر بدا کە دایبنێ چەکەکەی یا داینەنێ. ڕادیۆ و تلویزیۆن، ڕۆژنامە هەموو ڕۆژێ تەبلیغات دەکا کە ئەوانە چەتەن، ڕێگرن. کابرای کاشانی و کرمانیش دەڵێ ئەگەر چەتە و ڕێگرن دەبێ چەکی خۆیان دابنێن. کەوابوو ئەوان سەلاحییەتیان نییە کە قەرار بدەن کە ئێمە چەک دابنێین یا چەک دانەنێین. لەپاشان لە نامەکەدا بۆ ڕەئیس جمهوری ئێران نووسیبوومان کە بەڵێ ئێمە چەک دادەنێین بەڵام وەختێک کە خودموختاری لە کوردستان دا جێگیر بووبێ. وەختێک کە ئینتیزاماتی داخڵی، لەباتی ژاندارمری و پۆلیس بەدەست پێشمەرگەوە بێ. ئەو وەختە ئێمە وەک حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران موافقی ئەوەین کە هیچ ئینسانێکی غەیری مەسئوول، هیچ مەقامێکی غەیری ڕەسمی چەک هەڵنەگرێ. بەڵام هەتا ئەو وەختە چ ڕێفراندۆم بکرێ چ نەکرێ، چ تەهدیمان بکەن چ نەکەن میلەتی کورد چەک دانانێ.”[ii]

ئەوەی لە دووتوێی ئەم دێڕانەدا و لەم باسەدا بۆ من گرینگە خودی باسی مافی چەکدار بوون یا چەکدارنەبوونی هێزە کوردییەکان نییە، بەڵکوو فام و بۆچوونی دوکتور قاسملوویە لەسەر چەمکی دێمۆکراسی و ڕێفراندۆم/هەڵبژاردن و دەنگی زۆرینە لە سیستەمێکی نابەرانبەردا. ئێستا دوای دەیان ساڵ، تازە بە تازە لەم ساڵانەی دواییدایە کە لە دنیای ئاکادێمیدا باسی کەموکوڕییەکانی سیستەمی دێمۆکراسی دەکرێ و هێندێک ڕێگاچارە دۆزراوەتەوە؛ بۆ وێنە سیستەمی کۆتا بۆ بەشداریی زیاتری ژنان یا گرووپە پەڕاوێزخراوەکان لە جومگەکانی بڕیارداندا. سەرەڕای هەڵگرتنی دروشمی “دمکراسی برای ایران، خودمختاری برای کوردستان” لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە لەو سەردەمەدا، دوکتور قاسملوو ئاگایە بەوە کە دێمۆکراسی بە تەنیا وڵامدەری پرسی کورد نییە؛ هەر بۆیە دروشمی حیزب ئەوکات لە دووبەش پێک دێ: دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودمختاری بۆ کوردستان. لە ڕاستیدا تا تۆ چ وەک نەتەوە و چ وەک تاک، خودێکی موختار و سەروەر لەسەر ژیانی سیاسیی خۆتت نەبی، دێمۆکراسی نەک تەنیا بەکارت نایە بەڵکوو دەتوانێ شەرعییەت بداتە ئەو زوڵمەی بەشێوەی سیستەماتیک لێت دەکرێ. هەروەها کوردستان وەک یەکەیەک کە مافی سەروەریی بۆ خۆی هەیە لەبەرانبەر ئێراندا دادەنرێ.

دوکتور قاسملوو لەو مێتینگەدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دێمۆکراسیی زۆرینە دەتوانی مافی کەمینە لوول بدا. دواتر دیتمان چۆن بە شەرعییەت وەرگرتن لە زۆرینەی دانیشتووی ناو ئێران کارەسات خوڵقان. لێرەدا باسی ئەوە نییە کە ئایا ئەو دروشمە بۆ ئەوکات کافی بوو یا نا، بەڵکوو باسی ڕوانگەی ڕێبەری و حیزبێکە کە خەریکی سازکردنی پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی لە درێژایی زەمەندایە و ئەو درزانە دەبێ ببینن کە دەتوانن بەناوی تیفتیفەی دێمۆکراسی و مافی دەنگدان و دەنگی زۆرینە، زەربە لە مافی کەمینە بدەن. هەر بۆیە دوکتور لەو مێتینگەدا پێداگری لەسەر مافی چەکدار بوونی کەمینە دەکا تا ئەو کاتەی کەمینە بۆخۆی دەبێتە بڕیاردەری چارەنووسی خۆی و ناچێتە ژێر باری شێوەی زاڵی باڵادەست بەناوی ڕێفراندۆم و ڕای زۆرینە.

دروستکردنی شوناسی سیاسی و نەتەوەییی کوردی سەرکوتکراو، بەستراوەتەوە بە بەستێن و کۆدەقەکان و باڵانسی هێز؛ بەڵام زیاتر لە هەر شتێک بەستراوەتەوە بە ئیرادە و ئاگاییی ڕێبەریی جوڵانەوە و بەشداربوونی خەڵک لە ناوەڕاستی مەیدانەکانی شار و بەتێکڕا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆ دان.

[i] https://www.facebook.com/share/p/1CNNKpe6Qe/

[ii] https://www.facebook.com/share/v/16tMWAEreM/

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە