بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی

بابایی، سدێق (٢٠٢٥):جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

بە دوای بیستنی هەواڵی سەرکەوتنەکانی کورد لە موکریان، کۆبوونەوەیەکی گشتی لە سەرۆک و کەسایەتییەکانی مەڵبەندەکە پێک دێت و پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازنەی کورد لە مهاباد دەکەن. بەم بۆنەیەوە نوێنەری خۆیان [میرزا مۆحەمەد مستەوفی] خەڵکی پاوە، دەنێرنە خزمەت پێشەوا قازی محەممەد. پێشەوا وێڕای پێشوازی لە نوێنەری جوانڕۆ و دەوروبەر لەگەڵ ڕاوێژ و ڕێنوێنیی پێویست، بە حورمەتەوە میرزا محەممەد بەڕێ دەکاتەوە. دەسەڵاتی دژە کوردی تاران ئەوە دەکاتە بیانوو بۆ ئەزیەت و ئازاری زیاتری خەڵکی دەڤەرەکە؛ هەر لەو پەیوەندییەدا ساڵی ١٣٢٧ بە فەرماندەری کەسێک بە ناوی [تیمسار فولادوەند] بە بیانووی چەککردن هێرش دەکرێتە سەر جوانڕۆ.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  • یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: سدێق بابایی

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ٢٥ی پووشپەری ٢٧٢٥ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0

جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا

جوانڕۆ یەکێک لە ناوەندە ناسراو و هەرە کۆنەکانی زێدی عەشیرەتی مەزن، ئازا، بە نێوبانگ و ناسراوی جاف دەژمێردرێت. بۆ خۆڕاگری، زێد خۆشەویستی و نەبەزیی جافەکان، “نیکیتین” ئاماژە بە دوو بەیت لە شێعرێکی شێخ ڕەزا تاڵەبانی دەکات:

             خزمینە مەدەن پەنجە لە گەڵ عەشرەتی جافا

             مێرولە نەچێ چاکە بە گـــــژی قولەیی قافــا

             کـــێ بێ لە دلێرانی عەشایــر کە نەچووبـێ

             وەک تیری ئەجەل نووکی ڕمی جافی بە نافا

ئەم بەشە لە کورد وێدەچێ هەوراز و لێژی زۆریان بە درێژایی مێژوو ئەزموون کردبێت. بە یەک لە کۆنترین نەسڵەکانی کورد دەژمێردرێن. پاش پشتەسەر نانی دەورانی شوانکارەیی لە باکووری سلێمانی، هەڵەبجە و هەورامان تا ڕەوانسە، کامیاران، بێڵەوار [مەسکەنی بڵ] ناودەروەند،  باکووری ناوچەی سنجاوی، باوەجانی، قەڵخانی، سەرپێڵی زەهاو هەروەها لە ڕۆژئاوا بەشێکی بەرچاو لە هەرێمی باشوری کوردستان، قەراغەکانی چۆمی سیروان تا لێواری چۆمی قۆرەتوو بە درێژایی هەزاران ساڵ ژیانیان تێپەڕ کردوە.

هەرچەند لێکۆڵینەوەیەکی تۆمار کراوی دێرینەناسی بۆ ئاشکراکردنی ڕابردووی ئەم بەشە لە کوردستان نەکراوە و هەر وەک زۆربەی هەرە زۆری باقی بەشەکانی وڵات کەونینە وئاسەواری درهێنراو لەبن عەرز بەبێ لێکۆڵینەوە و تۆمارکردنی شوێن بە تاڵان چون، بەڵام هێندێک هێما و ئاسەواری ئەوتۆ لە قەڵای جوانڕۆ هەیە کە کەونینەبوونی ژیانی مرۆڤ لەم دەڤەرە دەسەلمێنێت. لەوانە هەبوونی ناوچەیەک بە نێوی “سورەمڕ” یا سومێر لای خوارووی ناوچەی جوانڕۆ، تەپەی مێژوویی (دڕکە) کە نوسەر باش لە بیر و هۆشیدا بە تۆمارکراوی ماوە، ساڵەکانی ١٣٤٥ خەڵکی ئەو گوندە (دڕکە) شەوان خاکی تەپۆڵکە دەسکردە مێژووییەکەیان لە بەڕەدا بۆ ماڵ دەهێنا و شتێ زێر وئەنتیکیان تێدا دەدیتەوە. بە داخەوە ئەو هەموو گەنجە نایابانە بە دەستی تاڵانچییان دەفەوتا. دیارە ئاخرەکەی ئەگەر باشم لە بیر مابێت، ژاندارمریی ئەوکات تێلدڕوی بە دەورەدا کێشا.

ئەشکەوتی قۆری قەڵا [هۆری قەڵا] کە ئێسک وپروسک و کەللـە سەری مرۆڤی پێش شەش تا هەشت هەزار ساڵەی تێدا دیتراوەتەوە و بە پێی زانیارییەکان دەبێت لە زانکۆی ڕازیی کرماشان ڕاگیرابێت. تەپەی گردک یا قەڵای گردک، قەڵای هەڵانی، سارۆخان (ئاوایی سارۆخان) کە تا ٤٠ ـ ٤٥ سڵ پێش، ناوەندی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچەکەبوو. لەوە ئەچێت بە گوێرەی دەقی ناوە بەجێماوەکە؛ ئەم ناوە بۆ یەک لە بنەماڵە هەرە دێرینەکانی کورد واتە “ئاسترۆخانی = ئاسترۆخانیان” لە دەورانی مادەکان بگەڕێتەوە. هەروەتر ئەگەر مێژووی مایدەشت، دەخمە هەڵکەوتووەکانی نێو دڵی شاخەکانی ڕوانسەر کە ئەبێت شوێنی ناشتنی گەورەپیاوانی ماد بووبێت، یا هەڵکەوتی ئاورگەی فرووزان لە سەر لووتکەی شاخی ئاتەژگا، بەرانبەر پاوە لە پشتی ئاوایی زەردۆیی، هەبوونی گوندی ساتیاری هەر لەم شوێنە کە بیر هێنەرەوەی ناوی ئەوێستایی [ساتیار] لە جەنگاوەرە ناسراوەکانی سەردەمی هەخامەنشی باس دەکرێت. ئەمە ئەگەر بخرێتە پاڵ مێژووی شاری کرماشان هەر لەم دەڤەرە، دڵنیایی زیاترمان دەداتێ کە زەوییە بە پیت و بەرەکەتەکانی جوانڕۆ لە دڵ ودەروونی خۆیاندا زۆر ڕەمزوڕازی هێشتا ئاشکرانەبوویان تێدا حەشار دراوە.

سەرنجدانێکی کورت یا ڕیز کردنی هاوناوەکانی وەک؛ سەر چاوەی “هەڵانی، لە قەڵای جوانڕۆ”، “قۆری قەڵا یا هۆری قەڵا” لە نێوان پاوە و جوانڕۆـ ڕوانسەر، سەراو هۆری یا سەراو هەوڵی لە پاوە کە هەر سێ ناوەکە بە سەرچاوەی خرۆشی ئاو و ژینبەخشی دێرین دەژمێردرێن. ئەمە خۆی پرسیارێکی ئەوتۆ لە بەرانبەر لێکۆڵەر قوت دەکاتەوە؛ بڵێی ئەم شوێنە دێرینانە هەرکامەیان گرێدراوی وێژەی ڕەگەزی “هۆرییەکان” نەبن؟ ئەشکەوتی قۆری قەلا خۆی یەکێک لە پێکهاتە کەموێنەکانی سروشتە. بە پێی لێکۆڵینەوەی زەویناسی، شەش ملیۆن ساڵ تەمەنی هەیە. بە گوێرەی راپۆرتێک، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی زانستی، کەمتەر خەمی و گوێنەدان بە چۆنیەتیی پاراستنی ئەم سامانە نرخدارە، مخابن زیانی لە قەرەبوونەهاتووی وێ کەوتوە!

کەڵک وەرگرتن لە پرۆژکتۆری بەهێز، بەکارهێنانی ڕووناکیی نازانستیانە، هۆکارن بۆ تێکچوونی فۆرم لە پەنا دەنگی بەرزی بڵێنگۆ، دەوری خراپ لە سەر سروشتی ناوەوەی ئەشکەوتەکە، زیادبوونی فەوتانی بوونەوەری گیایی وحەیوانی تاقانەی ناو غارەکە دەگێڕن. کە خۆی بۆ نەبوونی پلانی زانستیی پاراستنی ئەم گەنجینە مێژووییە دەگەڕێتەوە. ناوچەی قەڵا بە گشتی مەڵبەندی چەند قەڵا و بارەگای فەرمانڕەوایی بوە. تا هەنووکە لێکۆڵینەوەی عیلمی و پۆختی بەڵگەییان لە سەر نەکراوە. شارەزایانی دڵسۆز لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە هاودەنگن ناوی ئەم شارە ” قەڵا” ئەبێت لە سەر بنەمای هەبوونی قەڵای پارێزگاری و تەنانەت هەڵکەوتی قەڵایێکی دێرین لە ناو شارەکە هاتبێت.

سەرجەم هەشت قەڵا لە جوانڕۆ ودەوروبەی هەبوون. بەشێکیان هی سەردەمی پێش ئێسلام و بەشەکەی تر هی سەردەمی پێش هێرشی مەغۆلەکان و پاشترن. حەمدوڵڵای مستەوفی؛ جوانڕۆ بە ئالانی نێو دەبات. هەڵانی جاروبار بە ئالانی و ئالابی گۆ کراوە، بەڵام زۆرتر بە “هەڵانی” دەناسرێت. قەڵای هەڵانی یا تەپەی چەنگیزخان، بە یەکێ لە قەڵا گەورەکان نێوی هاتوە. قەڵای گردک لە حەوت کیلومیتریی شاری جوانڕۆ و ئاوایی گردک هەر بەم نێوە، یەک لە قەڵا بەرز و پانو بەرینەکان بووە. قەڵای برجەکە لە ڕۆژئاوای شاری جوانڕۆ، قەڵای سەفی خان سوڵتان لە تەنیشت ئاوایی سەفیاوا، ناوەندی حۆکمڕانیی ٧٤ ساڵی سەفی خان، حاکمی جوانڕۆ بووە کە دواتر دەستی تاڵانی یاسر ڕەفسەنجانی، کوڕی ئەکبەری ڕەفسەنجانی، دەسەڵاتداری کۆماری ئێسلامی، لێی نەپارێزرا و ئێرەشی گرتەوە.

تیرەی جاف و گۆران دوو نێوی وێکڕا هاتوو و لە یەک جیانەکراو لە دەورانە جیا جیاکاندا بوون. وێڕای ئاڵۆزی و جاروبار پێک هەڵپڕژران، ئاوێتەیی لە داب، نەریت و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ژیاری و پارێزگاریی ڕەسەنایەتیی داب و خوو وخدەی تایبەتی ناوچە هاوبەشەکەیان بە گشتی پاراستوە. خەڵکی جوانڕۆ کەمتر لە هەورامییەکان ئەویندار وگوێگری نەوای سیاچەمانە نەبووگن. جوانڕۆ تا پەنجا ساڵ پێش، پارێزەری فۆرمی کۆن و ڕەسەنی جلوبەرگی ڕەنگی پیاوانە وێرای ژنان لە ناوچەکە دەژمێردرا. هەر ئەو نەریتە لە سەردەمی ساسانییەکان و پێشتر هەبوە. جوانڕۆ بارەگای پاشای بەگ و بەگزادەکانی جاف، هەموو کاتێک دەنگی شمشاڵ، هۆرە، سیاچەمانە و باس و جەدەلی شاعیر و هۆنەرپەروەرانی لێ نەبڕاوە. شاعیرانی ئەم ناوە بۆ وێنە؛ ئاغا عینایەت، مەڵکەی جوانڕۆیی، میرزا لۆتفۆڵڵا، سەعید سارۆخانی(میرزای جوانڕۆیی) وهتد هەر یەک لە بواری خۆیدا جێ پەنجەی نرخداریان پارێزراوە.

بە بێ هێنانی ناوی زانا، فەیەلسووف، شاعیر، ئەدیب و یاساناسی هەرە بە توانای سەردەمی ڕێنسانس (فەڕانسە) لەم مەڵبەندە، خانای قوبادی (خان قۆباد) ١٧٠٤ ــ ١٧٧٨ و ئاوڕدانەوە لە هاوسەردەمبوونی لەگەڵ شۆڕشی فەڕانسە و هاوتایی فکری لە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕیی هاوچەشندا، کەموکوڕی مەزن دەبێت. خانا هەم لە بۆچوونی نیشتمانپەروەری، لە زمانەوە بگرە تا عەداڵەتخوازی و چوون بە گژ ملهوڕی و نادادپەروەری لەو سەردەمەدا لە شۆڕشگێڕانی ئێنقلابی فەرانسە هاوکات کەمی نەهێناوە. خانا لە دڕێژەی ڕەخنە و گازندەکانیدا دەفەرمێ:

  خانا بۆ وەس کەر زمان درازی   ….  کۆن ئەو ساحب عەدڵ تۆ پێش بنوازی

 لێرەدا جێگای خۆیەتی بە کورتیش بێت ئاماژەیەک بە خانمە بلیمەتی پاوەیی ١٨٥٩ ــ ١٩١١ “جەهان ئارا خانم” بکەین کە پاش بێ وەفایی کوڕە پوورە کەی [عەلی ئەکبەرخانی ئەردەڵان] حاکمی ئەردەبیل لە دەورەی قاجاڕ و حەولی وەفادارانەی ئەم کەڵە ژنە بۆ نیشاندانی وەفای خۆی، سەرئەنجام لە بەر ناسپاسی و فەڕزکردنی پۆست و مەقام وازی لە هاوسەرەکەی هێنا. جهانئارا لە کۆتاییدا هاوسەری [حەبیبوڵڵا خانی باوەجانی] حاکمی جوانڕۆ پەسەند دەکات. هەر لە کرماشان کۆچی دوایی دەکات و لە جوانڕۆ نزیک ئاوایی سەفیاوا بە خاکی دەسپێرن. وێڕای ناو و دەنگی بەرز و بەپێزی ئەم کەڵە شاعێرە خاوەن فامە، بە داخەوە تەنێ لە جوانڕۆ سەیرانگایێک و لە پاوە زێدی خاتون جهانئارا پارکێکی زۆر چکۆڵە بە ناوی کراوە. وەک زانرابێت گۆڕەکەشی وەک شیاوی بێت کارێکی لە سەر نەکراوە. ئەو لە زومرەی یەکەم ژنە دەنگ هەڵبڕەکان بۆ پساندنی کۆتوبەند و زنجیری بێڕێزی و بە کەم زانینی نەسڵی ژن، بێعەداڵەتی و باقیی مافە کۆمەڵایەتییەکان بووە.

تا ساڵانی ١٣٥٧و ١٣٥٦ بەگزادەکانی جوانڕۆ گرووپی هەڵپەڕکێ و گۆرانیبێژی تایبەت بە خۆیان هەبوو. نووسەر وەک کارمەندی بەشی فەرهەنگی ئێدارەی فەرهەنگ و هونەر لە ساڵەکانی ١٣٥٣و١٣٥٤ لە پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ئەم تیپە تێکەڵ لە هۆنەرمندە کوردیپارێزانەدا بووە، هەم بۆ ڕێوڕەسمەکان و هەم بۆ فیلم هەڵگرتن لە هونەرە ڕەسەنە کوردییەکەیان لە لایەن تلوزیۆنە سەراسە رییەکانی ئێرانی ئەوکات. لە جوانڕۆ گۆرانیبێژی خۆش نەوا و بە زەوقی وەک کاک جهانبەخش بە تایبەت وەک هۆنەرمەندی تایبەت بە بەگزادەکان ژیانی دابین دەکرا. ناکرێ ئەوە نەوترێت کەسانی وەک کاک فەتحوڵڵا ئەمینی و عومەر باینگانی وهتد، سەرەتای شۆڕشی ئێسلامی، پاش یاساخکرانی مووزیک و هەڵپەڕکێ وهونەری ڕەسەنی کوردی، بەگشتی ئەم تیمە لە جوانڕۆ شاخەکانیان کرد بە مەڵبەندی پارێزگاری. دۆڵ بە دۆڵ و شاخ بە شاخ، ئەم دابە کۆنە کوردی و ڕەسەنەیان پاراست و بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی بەرنامە شاد وڕەنگینەکان لە سەر کاسێت، دڕیان بە خواستی سەپاندنی شەوەزەنگی هونەری دا. یارمەتیدەری باش بوون بۆ بووژانەوە و پووچەڵکردنەوەی ئەو هیوایەی تاریکی پەرستان خەویان پێوە دیبوو.

خاوەن دەسەڵات وحاکمانی خۆماڵیی شاری “قەڵا” نەک هەر تەنێ بۆ یەکدەستی و خزمەت بە سەروەریی خەڵکی ناوچەکەیان و پاراستنی لە بێڕێزیی نیشتمانی لە لایەن نەیارانی کورد هەوڵیان داوە، لە دەرفەرتی زۆردا ئەو کاتانە کورد کەوتووەتە بەر پەلاماری فەوتاندن؛ هەم بە کردەوە لە بەرانبەر ستەمکارانی تاران و هەم دەربڕینی پشتیوانی لە جووڵانەوە سەراسەرییەکانی کورد، وەک دەورانی خەباتی سمایل ئاغای شکاک[سمکۆ] و کۆماری کوردستان، لە شەڕی یەکەم و دووهەمی جێهانی ویست وئێرادەی نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی پیرۆزی داکۆکی لە مافە ڕەواکانی کورد ئاشکرا کردووە.

لە شەڕە مەزنەکاند بە دژی داگیرکارانی خاکی کوردستان، سەدان کەسیان خەڵتانی خوێن بوون. تایبەتمەندیی نەترسانەی سەرۆک و بەگزادی جوانڕۆ ئەوە بووە کە خۆیان لە شەڕەکاندا پێشڕەو بوون. قوربانیدانی کەسایەتیی وەک عەبدولکەریم بەگ[وەکیل]، [کەیکاوس بەگ] و زۆری تریان تەنانت وەک زۆراب بەگ و تەیمور ڕۆستەمی لە ڕیزی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لە سەرفرازییە تایبەتەکانی خەڵکی جوانڕۆ دەژمێردرێت. شیاوە ئاماژە بکرێت عەبدولکەریم بەگ، کەسایەتیی متمانەبەخۆی ئەوتۆی هەبووە تا دەوری سەرەکی بۆ نەهێشتنی کێشەی نێوخۆیی لە نێوان خزمان و سەردارانی وەک [جەعفەر سۆڵتان هەورامی] و گەورەپیاوانی عەشایری جوانڕۆ بگێڕێت ویەکیەتیی نیوانیان دەستەبەر بکات. ئەم زاتە گیانی خۆی لە پێناو ئازادکردنی شاری کرماشان لە هێرشێک دا لە ١٢ی خەزەڵوەری ١٢٩١ لە گەڵ کەسایەتیی ئازادیخواز، یارمەحمەدخانی کرماشانی هەر لەو شارە بەخت کرد.

ساڵی ١٣٠٣ی کۆچی، عەبدولڕەحمان بەگی وەکیل، پاش عەبدولکەریم بەگ، دەسەڵاتی ناوچەکە بە دەسەوە دەگرێ. لە بەرانبەر ملهوڕییەکانی ڕەزا شا، وێرای خەڵکی ناوچە ئازایانە دەوەستێت. کاتێک توانای بە چۆکداهێنانی خەڵکی ناوچەکە بەربەست دەکەن، وەک هەمیشەی تەمەنی خوێنڕێژانی حاکم لە ناوەندی ئێران ناجوانمێرانە پەنا بۆ فێڵ و سوێند و فریو دەبێتەوە بە ڕێکار. ٢٨ی ئاخر مانگی پاییزی ١٣٠٩ بەشێکی بەرچاو لە سەرانی هەورامان، ڕەزاو و دزڵی لە کۆبوونەوەی بە نێو وتووێژ لە شاری سنە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەی [خوڕەم ئاوا] لوڕستان دەکرێن.

ڕەشەمەی ساڵی ١٣١٠ بەشێکی تر لە سەران و کەسایەتییەکانی ناوداری کورد لە جوانڕۆ، دیسان ئەم ڕەوتە بەربێنگیان دەگرێ و فریوی درێژەی سوێندی درۆ و خاپاندنی دەزگای حکومەتی تاران دەخۆن. بە قۆڵبەستکراوی بۆ زیندانەکانی [قەسری قەجەر] لە تاران و ئیسفەهان دەنێردرێن. پاش دەساڵ خەرمانانی ١٣٢٠ لە جەنگەی شەڕی دووهەمی عالەمی، گیراوەکان ئازاد دەکرێن بەڵام عەبدولڕەحمان بەگی وەکیل بە شێوازێکی نادیار بێسەروشوێن دەکرێت. کوڕەکەی بە ناوی [محەممەد بەگ] پاشی دە ساڵ زیندان و دەسبەسەری و دوور خراوەیی دەگەڕێتەوە جوانڕۆ. کاتی سەرۆکایەتیی محەممەد بەگ، پێنج جار شەڕی گەورەی دەسەڵاتخوازیی تاران و هاوپشتەکانیان [ئینگلیس]، کە ئەوکات کونسولگەرییەکەیان لە کرماشان دەبێت؛ سەرلە نوێ ئاوقای خەڵکی ناوچەکە دەکرێت.

ساڵی ١٣٢٢شەڕی جوانڕۆ و کونسولگەریی بریتانیا بە پشتیوانیی تاران، ساڵی ١٣٢٤ هێرشی ئینگلیس بۆ چەککردنی خەڵکی جوانڕۆ، ساڵی ١٣٢٧ دژ کردەوەی تاران بەرانبەر پشتیوانیی وەکیل و خەڵکی جوانڕۆ لە کۆماری کوردستان لە مهاباد، پێ دەنێتە دژمنایەتییەکی بەرینتری دەسەڵاتی تاران لە هەمبەر کورد. ساڵی ١٣٢٨ پشتیوانیی خەڵکی جوانڕۆ لە ڕاپەڕینی میللیی نەوت لە ئێران بە فەتوای [حاجی مەلا مەجید موەحیدی [دەوڵەت ئاباد] بۆ بەرەنگاریی هێرشکاران تا ساڵی ١٣٢٩ پیشاندەری هەست و سۆزی نیشتمانیی ئەم توێژە لە کۆمەڵگای کوردییە.

سەرۆکی خەڵکی جوانڕۆ [محەممەد بەگ] بە دوای بیستنی هەواڵی سەرکەوتنەکانی کورد لە موکریان، کۆبوونەوەیەکی گشتی لە سەرۆک و کەسایەتییەکانی مەڵبەندەکە پێک دێنێت و پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازنەی کورد لە مهاباد دەکەن. بەم بۆنەیەوە نوێنەری خۆیان [میرزا مۆحەمەد مستەوفی] خەڵکی پاوە، دەنێرنە خزمەت پێشەوا قازی محەممەد. پێشەوا وێڕای پێشوازی لە نوێنەری جوانڕۆ و دەوروبەر لەگەڵ ڕاوێژ و ڕێنوێنیی پێویست، بە حورمەتەوە میرزا محەممەد بەڕێ دەکاتەوە. دەسەڵاتی دژە کوردی تاران ئەوە دەکاتە بیانوو بۆ ئەزیەت و ئازاری زیاتری خەڵکی دەڤەرەکە؛ هەر لەو پەیوەندییەدا ساڵی ١٣٢٧ بە فەرماندەری کەسێک بە ناوی [تیمسار فولادوەند] بە بیانووی چەککردن هێرش دەکرێتە سەر جوانڕۆ.

ساڵی ١٣٣٤ ڕۆژی پازدەی ڕێبەندان هێزێکی پۆشتە و پەرداخی پاڵەوی، بە تۆپ و تانک و تەیارەی شەڕکەر هەڵدەکوتێتە سەر جوانڕۆ. لەم شەڕە نابەرانبەرەدا پارێزەری خاکی کوردستان [کەیکاوس بەگ] لە سەنگەری پێشەوە [ملەپاڵنگانە] پێشی لەشکری تاران دەگرێت و هەر لەوێ گیانی بەختی پارێزگاری لە خاکی وڵاتی ئەبێت. بە جێیە ئەوە زیاد بکرێت کاک تەیمور ڕۆستەمی، شەهیدی سەرەتای شۆڕش لە ڕیزی حیزبی دێمۆکرات[هێزی شاهۆ]، تاقە کوڕی ئەم زاتە وڵاتپارێزە بوو.

ساڵی ١٣٤٢ی کۆچی هەتاوی، خەڵکێکی زۆری تامەزرۆی ئازادیی وڵاتی کوردستان لە ژێر فەرمانی حسێن بەگ (وەکیل) کە هەر وەک نەسڵەکانی پێشوی خۆی ئازا و نەبەزانە، بێدەنگی بەرانبەر دوژمنی زاڵ لە باشوری کوردستان تاقەت ناهێنێ و لە گەڵ کۆمەڵێک خزموکەس و خەڵکی ئاساییی جوانڕۆ، تێکەڵ بە ڕیزی پێشمەرگە بە ڕێبەرایەتیی نەمر بارزانی دەبێت. دە ساڵی تەوا ئەم ئەرکە نیشتمانییە بە هەموو تواناوە دڵسۆزانە بەجێ دەگەیێنێت. بەڵگەیەکی تری خەبات و وڵاتپەروەری بە لاپەڕە فراوانەکانی کتێبی بەربەرەکانی و نەبەزینی نیشتمانپەروەرانەی ناوچەکە زیاد دەکات. حسین بەگ لە ڕاستیدا ئەو کردەوە شۆڕشگێرانەیەی زیندەیاد مەلا مستەفا بارزانی دووپات کردەوە و وڵام دایەوە کە کاتی خۆی لە مهاباد بۆ پشتیوانیی کۆمار بەڕێوەی بردبوو.

 ئەمجارەش دیسان ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨، هەمدیس خەڵکی جوانڕۆ پاش فەتواکەی خۆمەینی، بە پێشکەشکردنی ڕۆڵە دڵسۆز و کورد پەروەرەکانیان وەک زۆراو بەگ، تەیموور بەگ، مەحموودی حەمەتایر بەگ وهتد، چ لە ڕیزی پێشمەرگە، لە زیندان و نێو گەڕەک و شار و گوندەکان، وەک دەورانە فەخر خوڵقێنەکەی شۆڕشی ژینا، ڕێگەیان نەدا جوانڕۆ لە بەرگریی کەرامەتی نیشتماندا دورەپەرێز بمێنێت. دوا وتە لە سەر جوانڕۆی کوردپەروەر، بە هێنانی ناوی کاک فەریدوون ڕۆستەمی جوانڕۆیی، هاوپۆلی سەرەتاییی نووسەر لە جوانڕۆ کۆتایی پێ دێنم کە لە ڕیزی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی باشوردا زیاتر لە ٤٠ ساڵ تا دوا هەناسە تێکۆشا.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە