بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی
ئەلیاسی، بابان (٢٠٢٥): سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران. وەرگێڕان لە ئینگلیسیەوە: دانا کۆنەپۆشی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
لە داڵانە تاریکەکانی مێژوودا، ڕۆشنبیرانی گەلانی ژێرچەپۆک- بەتایبەتی کورد- بەرەوڕووی دووڕێیانێکی بێڕەحم و بەئازار دەبنەوە: لەلایەک ئەوەی کە چۆن بتوانن زانیارییەکی ڕەخنەگرانە و دەروەستی وەها بەرهەم بهێنن کە بەقووڵی هەڵقوڵاوی ئەو ڕاستییانە بێت کە ئەوان ژیاون، هاوکاتیش ڕێگای ئەو دامەزراوە زانستی، ڕاگەیاندن، و سیاسییانە بدۆزنەوە کە لەلایەن ئەو دەسەڵاتانەوە بەڕێوەدەبرێن کە دەنگی ئەوان دەسڕنەوە، کپ دەکەن، یان دەستی بەسەردا دەگرن. ئەم دەقە ئاراستەی ڕۆشنبیرانی کورد و بەتایبەتی ئەوانە دەکرێت کە هەست دەکەن هێزیان نەماوە و دوورکەوتوونەتەوە، یان لە درێژەدان بە خەبات دژی ئەو سیستمانەدا کە پەراوێزیان خستوون گومانیان لەلا دروست بووە، یان بەهۆی ئەوەی لە بیاڤێکدان کە ئەخلاق و بژاردەکانی دەوڵەت بەسەریدا زاڵن یەخسیر بوون.
سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران
وشە سەرەکییەکان: توندوتیژیی هێمایی(Symbolic violence)، سەربزێویی ناسینناسانە(epistemic disobedience)، ڕۆشنبیرانی کورد(kurdish intellectuals)، پەڕاوێزخرانی زمانی(linguistic marginalization)، سەروەریی زانیاری(knowledge sovereignty).
لە داڵانە تاریکەکانی مێژوودا، ڕۆشنبیرانی گەلانی ژێرچەپۆک- بەتایبەتی کورد- بەرەوڕووی دووڕێیانێکی بێڕەحم و بەئازار دەبنەوە: لەلایەک ئەوەی کە چۆن بتوانن زانیارییەکی ڕەخنەگرانە و دەروەستی وەها بەرهەم بهێنن کە بەقووڵی هەڵقوڵاوی ئەو ڕاستییانە بێت کە ئەوان ژیاون، هاوکاتیش ڕێگای ئەو دامەزراوە زانستی، ڕاگەیاندن، و سیاسییانە بدۆزنەوە کە لەلایەن ئەو دەسەڵاتانەوە بەڕێوەدەبرێن کە دەنگی ئەوان دەسڕنەوە، کپ دەکەن، یان دەستی بەسەردا دەگرن. ئەم دەقە ئاراستەی ڕۆشنبیرانی کورد، و بەتایبەتی ئەوانە دەکرێت کە هەست دەکەن هێزیان نەماوە و دوورکەوتوونەتەوە، یان لە درێژەدان بە خەبات دژی ئەو سیستمانەدا کە پەراوێزیان خستوون، گومانیان لەلا دروست بووە یان بەهۆی ئەوەی لە بیاڤێکدان کە ئەخلاق و بژاردەکانی دەوڵەت بەسەریدا زاڵن یەخسیر بوون.
ئەم ڕوانگەگەلە هەڵقوڵاوی بیری بیرمەندگەلی وەک پیێر بۆردیۆ، فرانتس فانۆن، واڵتێر میگنۆلۆ، و میرۆسلاڤ هیرۆشن کە ئەو مێکانیزمە ورد بەڵام بێڕەحمانانە ڕوون دەکەنەوە کە لەڕێگایانەوە دەنگی کورد لە بەرهەمهێنانی زانیاری و هێزی هێماییدا بێهیوا، بێکاریگەری و یان لەخۆیدا تێکەڵ دەکات. ئەمە بانگەوازێکە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ ڕاوڕاوێژ لەسەر بنەمای هەلومەرجە ماددی، دەروونناسانە، و سیاسییەکانی بەشداریی ڕوشنبیرانی کورد لە ئەم سەردەمەدا.
پیێر بۆردیۆ فێری کردین کە زاڵبوون(Domination) تەنیا لەڕێگای زەبرەوە نییە، بەڵکوو دەکرێت لە بیچمێکی هێماییی وەک: ناوزڕاندنی زاراوە، زانیاری، مێژوو، یان سەرچاوەیەکی فەرهەنگیی تایبەتیشدا جێبەجێ بکرێت. ڕۆشنبیرانی کورد لە گۆڕەپانی زانستی و ڕاگەیاندندا، زۆربەی کات لە پێگەیەکی ژێردەستیدا بەستراونەتەوە – ناچارن خۆیان بە زمانە سەپاوەکان(ی فارسی، تورکی، و عەرەبی) و لە چوارچێوەگەلێکی تیۆریکدا دەرببڕن کە [لە بنەڕەتەوە] ڕەواییی ئەزموونی کوردی وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی زانیاری ڕەد دەکەنەوە.
ئەم دۆخە، خۆسووککردنی دەروونیبوو و خۆسانسۆرکردنی بەردەوام گەشە پێ دەدات. زۆرێک لە ڕۆشنبیرە کوردەکان بەهیوای دانپێدانران یان پارێزراوبوونەوە، لەکۆتاییدا نەزانراو چاوەڕوانیی بژاردە زاڵەکان دابین دەکەن. لێرەدا هێزی زبری توندوتیژیی هێمایی دەردەکەوێت: کاتێک کە ژێردەستەکان ڕازی دەبن بە سڕانەوەیان لەپێناو ئەوەدا کە لە بیاڤی گشتیدا وەربگیررێن.
وێنەیەکی تاڵ و دیاریکراوی ئەم پەراوێزخرانە زمانییە، گومانێکە کە هێندێک لە کوردەکانە لەکاتی ئاخافتن بە زمانی فارسیدا هەستی پێ دەکەن. لە ترسی ئەوەی زمان بەباشی بەکار نەبرابێت -بەتایبەتی لە ئاخافتن لەگەڵ فارسیبێژە خۆجێییەکاندا- زۆربەی کات لە لێدوانەکانیاندا بە داوای لێبوردن و خۆبەرپەرچدانەوەوە دەست پێ دەکەن. ئەم خۆڕەخنەگرتنە پێشدەستانەیە کە ترسێکی لەڕادەبەدەر لەوە دەردەخات کە نەکات بەهۆی ئاستی ڕوونبێژیی فارسییەکەیانەوە هەڵسەنگێنرێن یان پشتگوێ بخرێن، ڕەنگدانەوەی بابەتی قووڵتری وەک لەخۆنەگرتن(Exclusion) و کاریگەریی دەروونناسانەی زاڵبوونی زمانییە.
فرانتس فانۆن لە [کتێبی] “چارەڕەشەکانی سەر زەوی”دا، باسی ئەوە دەکات کە چۆن بژاردە کۆڵۆنیکراوەکان -کە بە زۆری خوێندەواری دامەزراوە کۆڵۆنیاڵەکانن- لە ڕێگای ماندووبوون و بێهیوابوون لە ڕەچەڵەکی خۆیان یان لە ڕێگای ڕەدکردنەوەی ئەو ڕەچەڵەکەوە لە خەڵکی خۆیان بێگانە دەبن. ئەم دەنگدانەوە تراژیکە بەقووڵی لە ژیانی زۆرێک لە لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوانی کورددا دەزرینگێتەوە، کە بەرەوڕووی سەرمیچێکی نەبینراو و پرسی ساوایانەکردنەوە، یان فۆلکلۆریکردنەوەی وێژمانەکەیان دەبنەوە .
ئەم بێزارییە لە بەشداربوون، بە دوورەپەرێزی، نەبوونی پێکهاتە خۆسەرەکان و هێندێک جار بە دژایەتیی ڕاستەوخۆی زانستگا و ڕاگەیاندنەکان لەگەڵیاندا، بەبیانووگەلی وەک بێلایەنی، مۆدێڕنبوون و هاوتەریببوون لەگەڵ گێڕانەوە نەتەوەییە زاڵەکاندا، زەقتر دەبێتەوە.
میرۆسلاڤ هیرۆشی مێژووناس ئەوە زەق دەکاتەوە کە چۆن “بژاردە دامەزراوەکان”(established elites) بە ئاوایەکی سیستماتیک بژاردەی خەڵکانی سەرکوتکراو پەڕاوێز دەخەن و ڕۆڵی کەمبایەختر یان فۆلکلۆرییان بۆ دیاری دەکەن. ئەوان مەبەستەکانیان بە پاساوی هەڕەشە لە یەکیەتیی نەتەوەیی یان مەترسی بۆسەر ڕێکخستنی کۆماریدا بیچم دەدەن. ئەم چاویلکەیە یارمەتیمان دەدات تێبگەین کە بۆچی ڕۆشنبیری کورد بەزۆری تەنیا تا ئەو کاتە وەردەگیرێت کە ئاریشە بۆ چوارچێوەگەلێکی ناوەندخوازانە کە ڕاستیی کوردی ڕەد دەکەنەوە، دروست ناکەن.
کاناڵە تیڤییەکانی وەک ئێران ئەنتەرناسیۆناڵ و بی.بی.سی ی فارسی هێندێکجار دوانگە(Platform) بۆ ڕۆژنامەوان و شرۆڤەکاری کورد دابین دەکەن. بەڵام دیسان وەها بینرانێک مەرجێکی پەنامەکیی لەگەڵدا هەیە کە بریتییە لە لەبەرچاوگرتنی گێڕانەوەیەکی نەتەوەییی زاڵ. ڕۆشنبیرانی کورد ڕەنگە قسە بکەن، بەڵام بەدەگمەن وەک کوردێک ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی ڕاستەقینەیان هەیە. ئەوان بانگهێشت دەکرێن بۆ باسکردن لەسەر ژیۆپۆلیتیک، دین، یان بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بەدەگمەن ڕێ دەکەوێت بۆ بەرپەرچدانەوەی لەبەرچاونەگرتنی مافی بەکۆمەڵی کورد یان کێبڕکێ لەگەڵ ئیدیۆلۆژیی ناوەندخوازی ئێرانیدا بانگیان بکەن.
ئەم یەکپارچەییە مەرجدارە مێکانیزمێکی ئاڵۆزی بێلایەنییە: دەنگە کوردییەکان لەخۆدەگرێت و هاوکات لە ونهێزی(Potential) ڕەخنەگرانەیان بەتاڵیان دەکاتەوە. ئەم پێڤاژۆیە(Process) ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەخۆگرە، بەڵام سڕینەوەیەکی هەستپێنەکراوە. زۆر گرینگە کە لە بابەتی دژایەتی لەگەڵ پەڕاوێزخرانی سیستماتیکدا ئاماژە بەوە بدەین کە بڕیار نییە لە گێڕانەوە زاڵەکاندا بیرکردنەوەی کوردی بگۆڕێکی(Variable) ڕووت بێت. چەمکی سەربزێویی ناسینناسانەی “والتێر میگنۆلۆ” لە پێناو ئەو زانیارییانەدا کە لەسەر بنەمای ئەزموونی جیاوازن، بانگەشەی بەرپەرچدانەوەی چوارچێوە داسەپاوەکانی مۆدێڕنیتەی کۆلۆنیاڵی دەکات.
ڕۆشنبیرانی کورد دەبێت ئازاد بن کە بە کوردی بەرهەم بهێنن، وانە بڵێن، بڵاو بکەنەوە و ڕا بگۆڕنەوە. ئەوان دەبێت سەرچاوە، ئازار و هیواکانی خۆیان لەپێشدا دابنێن. ئەمە پێویستیی بەوە هەیە کە بۆشاییەکی دیجیتاڵ، پێداچوونەوەیی، دامەزراوەیی و گشتی، بۆ زانیاریی کوردی بخولقێنرێت و بەهێز بکرێت.
ئەم دەقە بۆ لۆمەکردنی ئەوانە نییە کە ئاکادێمیایان بەجێهێشتووە یان لە ژینگەیەکی نەیارانەدا کاریان کردووە. ئەمە بانگەوازێکە بۆ ڕاشکاوبوونی بەکۆمەڵ، ئێمە پێویستمان بە بیری کوردیی ئازاد هەیە، کە ڕەخنەگرانە، ڕیشەیی و بوێر بێت. ئەمە بە دڵنیاییەوە بەبێ بەریەککەوتن و ئازار نابێت. بەڵام بۆ بوونی سیاسی، مێژوویی و فەرهەنگیمان بنەڕەتییە.
کاتی سواڵکردن بۆ جێگایەک لە دامەزراوەکانی ئەوانی تردا بەسەرچووە. ئێستا، ئێمە دەبێت بانگەشەی ڕەوابوونی خۆمان بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری بۆ خۆمان و لەلایەن خۆمانەوە بکەین.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە “ئیمرالی”یەوە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]