بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی سەرماوەز ٢٧٢٥ی کوردی

سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥): بەناو ڕاپۆرتە شیکارییەکەی قەندیل پرێس و جوڵەی نوێی پەکەکە-پەژاک. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

قەندیل پرێس لە بەناو ڕاپۆرتێکی شیکاریدا لەسەر “ورمێ لەنێوان ئازەری بە پشتیوانی باکۆ و ئەنقەرە، کورد بە خۆ ئامادەکردنی پژاک”دا، لە پێشبینییەکی دڵنیایانەدا دەڵێت: “ورمێ دەبێتە چەقی گۆڕانکارییەکان و هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و مەترسیی گەورە بۆ سەر کورد دروست دەبێت. تورکیا و ئازەربایجان خەریکن بە بەرنامە و بە گوتاری پانتورکیزم ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات پێکەوە ببەستن بۆ بەیەک گەیاندنی هێڵی باکۆ و ئەنقەڕە(ئەنکەرە)، لەبەرانبەردا، پەکەکە بە گواستنەوەی  گەریلاکانی لە باکور و باشوری کوردستان بەرەو ڕۆژهەڵات لەنێو ریزەکانی “پژاک“ دا رووبەری ئەم پیلانەی باکۆ و ئەنقەرە دەبێتەوە”. گەلێک پرسیار دێتە ئاراوە کە ئاخۆ پەکەکە ئەم ئەرکە قورسە هەر بەتەنێ جێبەجێ دەکات؟ پەکەکە کە پروپاگەندایەکی توندی دژی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی ژێردەستکراوی کورد وەڕێ خستووە، بە پێی چ پاڵنەرگەلێک کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژهەڵات دەکێشێتە ناو شەڕێکی بێ ئاسۆوە کە ئەنجامەکەی هەر سەروەریی کۆمەڵگەی سەروو(تورک لە تورکیا) دەبێت؟ ئەو ٦ پارتە خنجیلانەیەی ناو گوڵدانی حەوتەوانەکە چ ڕۆڵێک دەگێڕن؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر لەگەڵ چەند سەرنجێک لەسەر ئەم بەناو ڕاپۆرتە لە خوارەوە دەخەمە ڕوو.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: ڕەحیم سورخی

  • ڕێکەوت: ١٠ی سەرماوەز ٢٧٢٥

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

بەناو ڕاپۆرتە شیکارییەکەی قەندیل پرێس و جوڵەی نوێی پەکەکە-پەژاک

  • سەرەتا

قەندیل پرێس لە بەناو ڕاپۆرتێکی شیکاریدا لەسەر “ورمێ لەنێوان ئازەری بە پشتیوانی باکۆ و ئەنقەرە، کورد بە خۆ ئامادەکردنی پژاک”دا، لە پێشبینییەکی دڵنیایانەدا دەڵێت: “ورمێ دەبێتە چەقی گۆڕانکارییەکان و هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و مەترسیی گەورە بۆ سەر کورد دروست دەبێت. تورکیا و ئازەربایجان خەریکن بە بەرنامە و بە گوتاری پانتورکیزم ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات پێکەوە ببەستن بۆ بەیەک گەیاندنی هێڵی باکۆ و ئەنقەڕە(ئەنکەرە)، لەبەرانبەردا، پەکەکە بە گواستنەوەی  گەریلاکانی لە باکور و باشوری کوردستان بەرەو ڕۆژهەڵات لەنێو ریزەکانی “پژاک“ دا رووبەری ئەم پیلانەی باکۆ و ئەنقەرە دەبێتەوە”. گەلێک پرسیار دێتە ئاراوە کە ئاخۆ پەکەکە ئەم ئەرکە قورسە هەر بەتەنێ جێبەجێ دەکات؟ پەکەکە کە پروپاگەندایەکی توندی دژی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی ژێردەستکراوی کورد وەڕێ خستووە، بە پێی چ پاڵنەرگەلێک کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژهەڵات دەکێشێتە ناو شەڕێکی بێ ئاسۆوە کە ئەنجامەکەی هەر سەروەریی کۆمەڵگەی سەروو(تورک لە تورکیا) دەبێت؟ ئەو ٦ پارتە خنجیلانەیەی ناو گوڵدانی حەوتەوانەکە چ ڕۆڵێک دەگێڕن؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر لەگەڵ چەند سەرنجێک لەسەر ئەم بەناو ڕاپۆرتە لە خوارەوە دەخەمە ڕوو.

  • نووسراێکی ئینشایی یان ڕاپۆرتی شیکاری؟

پێویستە لە پێشەکیدا ئاماژە بەوە بکرێت کە  بابەتەکەی قەندیل پرێس لە ژێر ناوی “راپۆرتی شیکاری”دا بڵاو کراوەتەوە. بەڵام ئەم بابەتە نە “راپۆرت”ە و نە” شیکاری”شە. ئەم بابەتە لەسەر  ڕووداوێکی نوێی هەواڵی دانەڕێژراوە تا ناوی ڕاپۆرتی لەسەر دابنرێت، وتارێکی ‘ئینشایی”یە کە بەر لەوەی ویستبێتی “هەواڵ”ێک شی بکاتەوە، ویستوویەتی “بۆچوون”ێک لەسەر ئەو  دۆخە قەیرانییەی لە ڕووی بیردۆزی و کردارییەوە ڕێکخراوی پەکەکە ی تێکەوتووە، بە  هەڵایساندنی قەیرانێکی دیەکە داپۆشێت. خاڵێکی تری تەکنیکی کە ئەو نووسراوەیەی قەندیل پرێس لەوە دوور دەخاتەوە کە “ڕاپۆرتی شیکاری” بێت، ئەوەیە کە نووسراوەکەی لەسەر بەرنامەیەکی لە پێشدا داڕێژراوی پەکەکە داڕشتووە، بەڵام پەنای بۆ گریمانەکردن و پێشبینیکردن بردووە لە بریتیی ئەوەی لەسەر زانیاری، وەرگرتنی وتەی سەرچاوەی ئاگادار، بەڵگەمەند بە داتا و فاکتی ڕۆژنامەنووسیییانە  دابمەزرێنێت. هەر بۆیە، بابەتەکە شیکاریش نییە، چونکە بۆچوونی تایبەتی بەسەر ڕەگەزە ڕۆژنامەییە هەواڵییەکانی کە لە ڕاپۆرتە شیکارییە ڕۆژنامەییەکاندا (چی؟ چۆن؟ لەبەرچی؟)  پشتیان پێ دەبەسترێت، زاڵ کردووە.

  • دووفاقیی ڕۆژنامەنووسییانە لە ڕۆژنامەنووسیی بەستراوەدا

ئەو وتارە تووشی دووفاقییەک بووە کە لە واقعی دژوازیی و دووفاقیییەکەوە سەری هەڵداوە وا پەکەکە تووشی هاتووە. گریمانەی ئەوە دەکات تورکیە و ئازەربایجان خەریکی پلاندانانن بۆ داگیرکردنی بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و پەکەکەش بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو بەرنامەیە خەریکە هێزەکانی لە ناوچەکانی باکوور و باشوورەوە دەگوازێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات لە ناوچەکانی ورمێ، ماکۆ، خۆی و سەڵماس جێگیریان دەکات. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پەکەکە لەلایەک لەسەر پێڕەویی بێ شەرت و مەرجی ڕێبەرەکەیدا لە زیندانی ئیمرالییەوە، خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و لەگەڵ ”بەڕێز بەخچەلی”(گۆڕانی شێوازی ناوبردنی دەوڵەت باخچەلی لەلایەن سەرکردەکانی پەکەکەوە) مێژووی هەزارساڵەی برایەتیی تورک -کورد(لە بنەڕەتدا درۆ و چەواشەکاری) بنیاد دەنێتەوە و  خەریکی ئەنتیگراسیۆنی کورد لە کۆمەڵگەی زاڵکراوی تورکدایە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە ناوی پیلانی ئەنکەرە- باکوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی  بەرنامە و گوتاری پانتورکیزمێک کە ئەنکەرەی لە پشتە، بە گوستنەوەی گەریلاکانی لە باشوور و باکوورەوە خەریکی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی پانتورکیستیی دەوڵەتی تورکیایە!

  • سەر لێشێواوی لە گرێپوچکەی جیوۆپۆلیتیکی هەرێمیدا؟

قەندیل پرێس لەو “بەناو” ڕاپۆرتە شیکارییەی خۆیدا، دۆخی باکووری ڕۆژئاوای ئێران(ورمێ) وەک “یەکێک لە گرێ جیۆپۆلەتیکییە هەستیارەکان و یارییەکانی دەسەڵاتی ناوچەیی” ناو بردووە. هەر بۆیە، پێویستە بۆ خوێنەری ڕوون بکاتەوە کە ئەوە چۆن گرێیەکی جیۆپۆلیتیکە؟ ئەو گرێیە، گرێپوچکەی نێوان دەسەڵاتی دەوڵەتەکانی ئێران، ئازەربایجان، و تورکیایە یان هی نەتەوەکان (کور-تورک)ە؟  ئەمان لێرەدا سەر بە کوێن؟ ئەم گرێپوچکەیە مەگەر هەر لە ئیمرالی ناکرێتەوە؟ ئەو گرێیە بەلای کام دوڵەتدا دەکەنەوە؟ “کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مێحوەری ئێران” یان “کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تورکیا و بووژاندنەوەی ئوممەتی عوسمانی لە بریتی دەوڵەتی تورکیای بەرهەمی مۆدێرنیتەی قاپتالیستی؟ چی لە بە قەولی خۆتان “سیاسەتی دابەشکردن و کۆنترۆڵکردن” دەکەن کە دەوڵەتی ئێران بە “دابەشبوونێکی قووڵتری نەتەوەیی- جوگرافی نەک یەکگرتن” کێبڕکێی سیاسی تورک -کورد قووڵکراوە؟ دەکرێت ڕوونتر بە پێمان بڵێن  چۆن وا دەکەن دوو نەتەوەکە “یەک بگرن”؟ چۆن ڕێ دەگرن لە دوو دەوڵەتی بەهێز کە خۆیان پێشەکی لە یەکیاندا وا خەریکن تێیدا ئینتیگرە دەبن و لە یەکیشیاندا نامەی “وەزیفە شناسانە”ی ئینتیگرەبوونیان بۆ ناردووە؟!

  • شەڕی ناسیۆنالیزمی دەوڵەت نەتەوەی تورک و پانتورکیزم لە بۆشایی ناسنامەییدا

 بێ شک، شەڕی پەکەکە ناکرێت بۆ کورد و ناسیۆنالیزمی کورد بێت، چونکە پێشەکی شێخەکەیان پێیوایە هەر چەشنە دەسەڵاتێکی کوردی، تەنانەت ئەگەر کولتووریش بێت، تەمای دەسەڵاتی ناسیۆنالیستیی توند ئاژۆی هەیەوە و حەرامە. بە پێی نامە “وەزیفە شناسانە”کەی پەژاکیش کە بە فارسی بۆ کەسایەتی و ڕێکخراوە ئێرانییەکان نێردراوە، خۆیان لەبەرانبەر”پارتە هەڵگەڕاوە ناسیۆنالیستە کوردەکان (احزاب ناسیونالیست وا گرا)دا پێناسە کردووە. کەواتە، ئایا لە ئێستاوە هیچ پێویست دەکات لە ناوچەیەک کە پێکەوەژیانێکی دوو نەتەوەی کورد و تورک تێیدا ڕاییە، دەستوەربدرێت و لەسەر گریمانە و پێشبینی خۆ لە شوێنێک هەڵقورتێنێت کە هیچ پێوەندی پێیەوە نییە و نەماوە؟ باشە مەگەر پەکەکە خۆی هەڵنەوەشاندووتەوە؟ کورد ئەگەر بڕیارە ئیتیگرە ببێت، چ کێشەیەک هەیە لە کوێدا ئینتیگرە ببێت؟ تورکیا بێت باشتر نییە؟ کوردی ڕۆژهەڵاتیش لە شێخی ئیمراڵی نزیکتر دەبێتەوە و بەرەکەتی ئەو شێخە ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە، ئیتر شەڕ و خۆ ئامادەکردنی بۆ چییە؟ یان کێشەکە ئەوەیە کە پەکەکە لە تورکیە کڵاوی چووەتەسەر و لە ڕۆژهەڵات بە کردنی کورد بە گۆشتی چەپەر، دەیهەوێت خۆی پێبگرێتەوە؟  پەکەکە داوای دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات. ئایا دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆ پێویستی بە هەڵایساندنی شەڕ لە ناوچەیەکی ئاوا تێکەڵاوهەیە؟ هەر لەبنەڕەتدا، ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی بابەتی لەم شێوەیە لە کوێی پرۆژەی بەناو ئاشتیی ئۆجەلان و پەکەکەدایە؟ ئایا ئەمەش بەشێکە لە بەردەوامیی پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیادا؟ ئەگەر وا بێت، برایەتییەکە لە پێشدا لە تورکیا بە سەرپەرەشتی ئۆجەلان -باخچەلی دەستی پێکرد بێت، بڵێی هەر لە ڕێی ئیمرالی -باخچەلییەوە تورکەکانی ئازەربایجانیش کۆنترۆڵ نەکرێن؟

  • سێ کوچکەی ئازەربایجان، تورکیە، ئیسرائیل و مەترسیی لێک بڵاوبوونی ئێران

لە نووسراوەکەی قەندیل پرێسدا هاتووە کە “کۆماری ئازەربایجان بە پەیوەندییە ئەمنییە قووڵەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و تورکیا،…هەوڵدەدەن نفوزی خۆیان لەم بوارەدا قووڵتر بکەنەوە “. باشە چۆنە ئۆجەلان و باخچەلی ئەو هەموو گوشارەیان خستووەتە سەر هەسەدە لە ڕۆژئاوا، کە بۆ ئەوەی پیلانی ئیسرائیل و کاپیتالیزم لە هەرێمەکە سەر نەکەوێت، پێویستە خۆیان لە دەسەڵاتی سوریادا دەمج بکەن، بەڵام لەسەر ڕۆژهەڵات، تورکیا و ئیسرئیل پێکەوە خەریکن نفووزی خۆیان لە ناوچەکە قووڵتر بکەن؟ ئێمە ئاخرییەکەی دەبێت چی بکەین؟ لەبەر گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی ئیسرائیل بین یان دۆستی ئیسرائیل بین؟ لە تورکیا و سوریا لە دژی بین(کورد هەڵوەشێنین)، نەکا دەسەڵاتی تورک و عەرەب هەڵوەشێت، و لە ئێران دوژمنی بین، نەکات ئیسرائیل دەوڵەتی ئێران هەڵوەشێێنێت، وەک لە نامە وەزیفە شاناسانەکەی پەژاکدا هاتووە، ڕێگر بین لەوەی “ئێران لێک بڵاو ببێت”. پێویستە بگوترێت کە ئەوەی کوردی بەرەوڕووی کۆمەڵکوژی ڕاستەوخۆی فیزیکی  و کەلتووری کردووەتەوە، ئیسرائیل نەبووە، دەوڵاتانی تورک، عەرەب و فارس بوون!؟ قەندیل پرێس لەم بە ناو “ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییدا [کە] لەسەر تێزی زانیاری و شیکاری”!! دامەزراوە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکمان ناداتێ.

  • تەڤگەری ئاپۆیی لە نێوان ئووممەتەکەی عوسمانی و ئووممەتەکەی سەفەویدا

لە بەشێکی تری نووسراوەکەی قەندیل پرێسدا هاتووە کە :”ئەمڕۆ تەورێز تەنیا ناوەندێکی شارستانی نییە، بەڵکو هەژموونی ناسیۆنالیزمی تورکییە”. ئەوە کە تەورێز پێشەنگی ناسیۆنالیزمی تورک بێت، سەیر نییە و حاشای لێ ناکرێت، بەڵام ئاخر ئەوە نییە تورکیا ناوەندی برایاتی-خوشکایەتی نەتەوەکان لە دەوڵەتەوە دەگۆڕێت بۆ “ئووممەت”، کەوابوو تورکی ئازەربایجانیش دەبنەوە بە بەشێک لە ئووممەتەکە، ئیتر بۆچی دەبێت کورد شەڕێکی پێشوەختەی ئەو هەژمۆنییە بکات؟ بۆ دەبێت نیگەرانی ئەو ناسیۆنالیزمە ببین، مەگەر ناڵێن دەوڵەتی برایەتی-خوشکایەتی گەلان لە تورکیا لە ژێر تیشکی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا جێبەجێ دەکەین؟ یان تێگەیشتوون لەوەی کە ئەمەش هەر تێرمێکی خۆدەرهێناوی ئاپۆیە، لەلای دەوڵەتی تورکیا لەبنەڕەتدا پرسی کورد هەر پرسی “تیرۆرە” و بەس؟ بەڕاست، سەرۆک ئاپۆ ئاگادارە لەوەی کە “پشتیوانی ئایدیۆلۆژی و جیۆپۆلەتیکی پان تورکیزم لە تورکیا و کۆماری ئازەربایجان.. جۆرێک لە “پان تورکیزمی دەوڵەتی”ی خوڵقاندوو؟ بەرنامەی پەکەکە بۆ ئەمە چییە؟ بڵێی پلانەکەی حەشدوشەعبی شنگال، عەفرین و سەرێکانی، شەڕی خەندەقی ستالنینگراد ئاسای سووری ئامەد یان پەلکێش کردنی تورکیا بۆ ناو قووڵایی باشوور کامیان لە ڕۆژهەڵات جێبەجێ بکات؟

  • شەڕ لە بێ ناسنامەیی لەسەر هەرد و مێشک لە میڕیخ

قەندیل پرێس دەڵێت: “لە ورمێ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی فەرمی، لە نێو توێژێکی کورددا، مەرج نییە وەک ڕێکخراوی سەربازی، بەڵکو وەک هەڵگری بیرۆکەی دادپەروەری، ئاشتی و خۆبەڕێوەبەری، کاریگەریی گوتارییان هەیە. چارەسەرە ناتوندوتیژ و دیالۆگەکان دەناسن و بە دژایەتی ناسیۆنالیزمی تایبەت مامەڵە دەکەن”. باشە تکایە دەکرێت بڵێن، پەژاک- پەکەکە فەلسەفەی بوونیان، بە ناوی چ پێناسەیەکی ڕێکخراوەییەوە دەبێت؟ ئەی دەستپێشخەرییە مێژووییە نوێیەکەی مانیفیستۆی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ چی لێ دەکەن؟ ئایا ئەوە بە بێ پرسی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن؟ یان ئەمە بەشێکە لە ڕێککەوتنی دانیشتنی لێژنەکەی کۆمیسیۆنی پارلەمانی تورکیا لەگەڵی کە تا دەساڵ نابێت هیچی لێ بدرکێندرێت؟ ئایا ئەمە ڕاسپاردەی سەرۆکە بۆ جوڵە نوێیەکە لە ئێراندا تا زەمینەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی لەسەر بنیاد بنرێت؟ ئەگەر وا بێت سەرچاوەکەی ئۆجەلان-باخچەلییە.

 باخچەلی چۆن لە تورکیە هەوڵی ئاشتی و برایەتی دەدات لە ئێران تینی ڕەگەزپەرستیی تورک دەدات؟ باشە، باخچەلی کە دەستی لە “پێکهاتەی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی باڵادەست” بەر نەداوە، چۆنە ڕێبەرەکەی پەکەکەک-پەژاک و ئەو ڕێکخراوانەی”بەسەرۆکێ خۆرە نە” دەستیان لەهەموو شت بەرداوە؟  ئەگەر وا نییە، باشە سیاسەتی نوێی پەکەکە-پەژاک چییە؟ هەڵبڕانە لەسەرۆک؟ لە دوای خۆهەڵشاندنەوەکەی بەناوی چییەوە شەڕی ناسیۆنالیزمی تورک دەکات؟ بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەو ناسیۆنالیزمە چ پێکهێنێکی ناسنامەیی نەتەوەیی کورد بەکار دەهێنێت؟ ئۆجەلان هەر پێکهێنێکی ناسنامەیی کورد کە بکرێت هێزی کوردی لەسەر بنیاد بنرێت وەک چەکەکانی پەکەکە لە شانی تاکی کوردیش داماڵیوە، و بە قسەی قەندیل پرێس، دەوڵەتی تورکیایش ٩ هەزار  تورکی ئازەریی ئێرانی کە وەک گەشتیار چوونەتە تورکیە، ڕاهێنانی سەربازی پێکردووە. باشە پەکەکە کە پێشەکی و لەم وتارەشدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی خستووەتە لاوە، و خۆشی باوەڕی بە نەتەوایەتیی کورد نەماوە و خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە هەسارەی مێریخە، بە پێی چ ئەجیندایەک شەڕی ناسیۆنالیزمی تورک دەکات؟ پەکەکە بە چ هێزێک شەڕی دوو دەوڵەتی تورک و نەتەوەیەکی چەند ملیۆنی تورک لە ئێراندا دەکات، لەحاڵێکدا هەرێم لە دوای هەرێمی پاراستنی خۆی بۆ تورکیە بەجێ هێشتووە؟ ئایا نامە وەزیفە شناسانەکەی پەژاک لە ئێران وەڵامێکی ئەرێنی وەرگرتووە؟ ئایا ئەویش وەک خامنەیی شەڕی ‘دوژمنی زاتی’ دەکات؟

  • ئەنجام

لە کۆتاییدا، قەندیل پرێس لە بەناو ڕاپۆرتە شیکارییەکەیدا، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە “بوون و کاریگەریی پەکەکە و پژاک لە نێو کورددا، بە جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرە سیاسییەکان و گوتاری ئاشتی، بە پێچەوانەی گوتاری باڵادەستی ناسیۆنالیزمی تورکیا لە ناوچەکەدایە”. ئەمەش ڕاست ئەو خاڵە پارادۆکسیکاڵەیە کە گوتاری پەکەکە پێیوە گیرە؛ لەلایەک لە پرۆسەیەکی چارەسەریدان کە بەشەکەی تری، مەهەپە، پارتە پانتورکیستەکەی تورکیا پێشەنگایەتی دەکات. بۆیە، ئەوە زۆر سەیرە، لەوێ “بەڕێز باخچەلی’ بێت و لێرە “پانتورکیستێکی ڕەیسیست” بێت، کە خەریکی “ئینکاریکردنی هەمەجۆریی نەتەوەیی”ییە. ئەوەی ئەم بە ناو ڕاپۆرتە دەیڵێت، بەبێ ئەوەی پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوە ببەستێت، تەنیا یەک شتمان پێدەڵێت، دەکرێت ئەمە جوڵەیەکی نوێی پرۆژەکەی ئیمرالی بێت کە لە دیوی ئێران خۆی بە فۆرمێکی نوێ پیشان دەدات، و لێکەوتەیەکی دانیشتنەکەی ئەندامانی کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمرالی بێت، و مەئمووریەتێکی نوێی پەکەکە بێت کە بڕیارە لە ماوەی دەساڵی داهاتوودا لەدەرەنجامەکانی ئەم شێوە نواندنە نوێیەی چارەسەری دیموکراتیکی ئۆجەلان لە دیوی ئێران بۆمان دەرکەوێت چی دەبێت.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • " سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٤ تریلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە

سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٤ تریلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە

20/11/2025|لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٤ تریلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]

زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

04/09/2025|لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]