بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە

When the erasure of parties replaces politics
کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
فاتح سەعیدی
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
10/16/2026
زمان
کوردی

لە بەشێک لە فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەڵێی کێبەرکێیەک بۆ سەلماندنی عەیاری کوردایەتی ساز بووە. لەم کێبەرکێیەدا، هەر کەسێک بەگوڕ بێتە مەیدان و توندتر قسە بکا، حیزبەکان زیاتر بخاتە ژێر پرسیارەوە و داوای هەڵوێستی خێرا و ڕادیکاڵ بکا، شۆڕشگێڕێکی هەژدە عەیارترە. حیزبەکان لەبەر بێدەنگی، سازان، دانوستاندن، هاوپەیمانی، دوورکەوتنەوە لە شەڕی چەکداری و لەسەر هەر شێوازێک لە خەبات دەکەونە بەر ڕەخنە و گازندە. ئەگەرچی هەموو کەس دەزانێ ڕەخنە بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مۆدێرن، بەڵام کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان دەبێتە خاڵی دەستپێک و کۆتاییی ڕەخنەگری سیاسی، دەبێ لە خۆمان بپرسین ئایا ئێمە هێشتا هەر خەریکی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتین یا ڕەخنەمان لەجیاتی سیاسەت داناوە؟

وایلێهاتووە کە ڕەخنەگرتن چیتر لە بازنەی هەڵسەنگاندنی چالاکی و ستراتێژیی حیزبەکاندا نەماوە؛ بەڵکوو بووەتە پێوەری ئەوەی هەر کەس ڕەخنەی زیاتری هەبێ و یا نیشانی بدا سەر بە هیچ حیزبێک نییە لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا ژیرتر دەردەکەوێ. دەڵێی هەر کەس بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ زیاتر ناسیۆنالیستە، دەبێ حەتمەن هەر لە سەرەتاوە مەودای لەگەڵ حیزبەکان دیاری بکا، و تا ڕادەی ئەم مەودایەش زیاتر بێ پێگەی ڕەخنەگر بەرزتر دەبێتەوە. لە داڕێژەیەکی وادا، ڕەخنەگرتن چیتر باس لە هەڵسەنگاندنی کێشەیەکی دیاریکراو نامێنێ، بەڵکوو لە بڕیارێکی گشتییەوە دەست پێدەکا: حیزبەکان شکستیان خواردووە، دەوریان کۆتاییی پێهاتووە، چیتر نوێنەرایەتیی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات ناکەن و تەنانەت بەربەستیان بۆ هەر جۆرە جووڵەیەک ساز کردووە و بوونەتە دارەدەستی دوژمن. لەبەر ئەوەی ئەنجامەکە هەر لە سەرەتاوە دیارە، مێژوو، بەستێنی چالاکی، باڵانسی هێز و ئیمکانەکانی خەبات چیتر گرنگ نامێنن. هەر بۆیە لەجیاتی ئەوەی ڕەخنەگرتن میتۆدێک بێ بۆ ئەوەی تێگەیشتنمان قووڵتر بکاتەوە، دەبێتە شێوازێک لە پاکانەکردن بۆ ئەوەی کە من لەم بارودۆخەدا دەورێکم نییە و تەنیا حیزبەکان تاوانبارن.

لێرەدا پرسەکە بۆ من بەرگریکردن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نییە. هیچ حیزبێکی کوردی لەبەر ئەوەی مێژووی خەبات و قوربانیدانی هەیە یا ئیدەعای نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد دەکا لە ڕەخنە بەدەر نییە. بۆچوونی من لێرەدا ئەوەیە کە ڕەخنەگرتن خۆی بەشێک لە کردەی سیاسییە و ڕەخنەگریش دەبێ سەبارەت بە ئەنجامی کردەی خۆی وەڵامدەر بێ. ڕەخنەگر ناتوانێ خۆی لە دەرەوەی مەیدانی دەسەڵات دابنێ، چونکە قسە و هەڵوێستی ئەو کاریگەری لەسەر مەشروعییەت، متمانە و توانای جەماوەری دادەنێ. هەر بۆیە هەڵوێستەی من ئەوە نییە کە ڕەخنە هەقیقەتی هەیە یا نا، بەڵکوو دەمەوێ باس لەوە بکەم کە ڕەخنە بە مەبەستی سڕینەوەی حیزبەکان چ دەرگایەک دادەخا و چ ڕۆچنەیەک دەکاتەوە؟ ئەگەر دواتر بابەتی ڕەخنەکە (حیزبەکانی ڕۆژهەڵات) چیتر نەمان، چ شتێک جێیان دەگرێتەوە؟

بۆ شرۆڤەی زیاتری ئەم دۆخە کەڵک لە بیرۆکەی ئاڵبێرت هیرشمەن لە کتێبی “بەجێهێشتن، دەنگ، وەفاداری” وەردەگرم. هیرشمەن باس لە سێ جۆر پەرچەکردار لە ئاست ناکارامەیی یا بەرەولاوازبوونی ڕێکخراوەکان دەکا و پێیوایە لە کاتی ناڕەزایەتیدا، مرۆڤ سێ بژاردەی لەبەر دەستە: بەجێهێشتن (ڕێکخراوە بەجێ بهێڵێ)؛ دەنگ (دەنگهەڵبڕین، بەرهەڵستکاری و هەوڵ بۆ چاکسازی)؛ و وەفاداری (مانەوە و چاوەڕوانبوون بۆ ئەوەی چاکسازی جێبەجێ بکرێ). ئەم پۆڵێنبەندییەی هیرشمەن مەودایەک لە نێوان دەنگهەڵبڕینی سیاسی و نمایشی ناڕەزایەتی دادەنێ.

بەشێکی گرنگ لە دژایەتیکردنی حیزب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو سێ بژاردەیەدا جێگر نابن. ئەم جۆرە ڕەخنەیە دەنگ نییە چونکە ئامانج و ڕێکاری چاکسازیی پێ نییە. بەجێهێشتنی حیزبیش نییە، چونکە ڕەخنەگر لە دوای ڕۆیشتن دیسان بابەتی چالاکییەکەی هەر هێرش بۆ سەر هەمان ئەو حیزبانەیە کە ماوەیەک کاری لەگەڵ کردوون. وەفادارییش نییە، چونکە پێشتر هەر جۆرە ئیمکانێکی چاکسازیی ڕەت کردووەتەوە. ئێمە لێرەدا بەرەوڕووی جۆری چوارەمێک لە دژەکردەوە دەبین: مانەوە بە دەوری حیزبێکەوە و بەردەوام سەرقاڵبوون بە پەراوێزی قسەوباسەکانەوە. ڕەخنەگر نە لەناو ڕێکخراوەکە بەرپرسیاریەتی قبووڵ دەکا، و نە لە دوای بەجێهێشتن ڕێکخراوەیەکی دیکە ساز دەکا؛ بەڵام بەردەوام لە ڕێگەی دژایەتیکردنی ڕێکخراوەکەوە و لەقاودانی نەمانی مەشروعییەتی حیزبەکان ئیعتبارێک بۆ خۆی ساز دەکا.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەم جۆرە لە سیاسەتکردنە، ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنن. لەوێدا ڕادەی لایک و پەسەند وەرگرتن وەک هێزێکی ڕێکخراو سەیر دەکرێ، بڵاوکردنەوە و پشتگیری وەک نفووزی سیاسی دادەنرێ، و تووڕەبوون دەبێتە جێگرەوەی هێز و دەسەڵات. ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندیی بە تۆڕی کۆمەڵایەتیی کوردییەوە نییە، چونکە سازوکاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ئەو پۆستانەی زمانی ئەخلاقی و هەیەجانییان هەیە زیاتر دەبینرێن و دەردەکەون. ڕەخنەگر بەرەبەرە لەوە تێدەگا هەرچەندە ئاستی مەحکووم و سەرکۆنەکردنەکەی بەهێزتر بێ پۆستەکانی گرنگیی زیاتریان پێ دەدرێ تا ئەو کاتەی شیکارییەکی گریمانەیی بنووسێ و ڕەهەندەکانی بابەتەکە شرۆڤە بکات. واتە تاوانبارکردنی حیزبەکان ئاسانترە لەوەی کە ئیمکانەکان، باڵانسی هێز، ئەگەر و سنووری تواناکان، و ئەنجامی بڕیارەکان شی بکرێتەوە.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە کۆمەڵگای کوردی لە ڕێگەی کەڵەکەکردنی ناوەڕۆکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانییەوە ڕێک ناخرێت. لاپەڕەیەکی پڕبینەری فەیسبووک جێگەی حیزب ناگرێتەوە؛ بەردەنگی زۆر لە ئینستاگرام بە مانای پێگەی کۆمەڵایەتی نییە، وتار و توێژینەوەی زانستی ڕێکخراوە نییە، و ئەوەی چەند لە تیڤییەک دەردەکەوی و بینراوی جیاوازیی لەگەڵ بڕیاری بەکۆمەڵ هەیە. ڕێکخراوێکی سیاسی پێویستی بە ئەندامیەتی، دابەشکردنی کار، ڕێسای بڕیاردان، سەرچاوەی ئابووری، وەڵامدەربوون و تەنانەت توانای قبووڵکردنی شکستی هەیە. بەڵام کەسێک حیزبەکان دەسڕێتەوە، هیچ شێوازێکی بەردەوام لە هاوکاریی جەماوەری ساز ناکات.

لە کۆمەڵگایەکدا کە دەوڵەتی نەتەوەییی خۆی هەیە، بەجێهێشتنی حیزبێک توانای سیاسیی کۆمەڵگا لەناو نابات. تاک دەتوانێ لەم حیزبەوە بۆ ئەو حیزب بڕوا، ڕێکخراوەیەکی نوێ ساز بکا یا تەنانەت چالاکییەکانی خۆی لە ڕێگەی ڕێکخراوە و ئەنجومەنە گشتییەکانەوە درێژە پێ بدات. تەنانەت دەکرێ وەک ئێرانییەکان ئۆپۆزیسیۆن ببێتە مەکۆی ئەو تاکانەی ئینفلۆئنسرن. بەڵام بۆ کۆمەڵگایەکی بێدەوڵەت دەرفەتی سازکردنی دامەزراوەی سیاسی دەگمەنە. هەر جۆرە بەجێهێشتن و تێپەڕاندنێک ئەگەر بەرەو سازکردنی ڕێکخراوەیەکی دیکە نەڕوا، زۆربەی کات بەرەو کۆمەڵەی تاکەکان دەمانبات کە هێزی سازکردنی جووڵێنەرەوەیەکی سیاسییان نییە. ئەتۆمیزەبوونی مەیدانی سیاسەتی کوردی فرەچەشنیی سیاسی و ڕێکخراوەییی لێ ناکەوێتەوە. واتە ئەگەر بمانەوێ باس لە تیۆرییەکەی هیرشمەن بکەین دەبێ ئەمەی پێ زیاد بکەین کە تێپەڕاندنی حیزبەکان یا بەجێهێشتنیان دەبێ بەرپرسیارانە بێ و بەرەو شێوازێکی دیکە لە ڕێکخراوە بمانبات کە بتوانێ خەبات درێژە بدا. ئەگەر ئەوە نەکرێ، تاک دەتوانێ حیزب بەجێ بهێڵێ و بیسڕێتەوە و وەک دەستکەوتێک وەک ئازادیی خۆی سەیری بکا، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە شتێک جگە لە کەمبوونەوەی توانای جەماوەری بەرهەم نایەنێت.

کاتێک گرنگیی ئەم پرسە زیاتر دەردەکەوێ کە ئاوڕ لە بەدامەزراوەییبوونی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بدەینەوە. ناسیۆنالیزمی ئێرانی تەنیا گووتارێک لەناو گووتارەکانی دیکەدا نییە، بەڵکوو ئێرانییەت خاوەنی دەوڵەت، پەروەردە، میدیا، دامودەزگای ئەمنییەتی، سنوور، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و ئەو لایەنانەیە کە لە ماوەی یەک سەدەدا ماددی بوونەتەوە و سەقامگیر بوون. ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات ئەمانەی نەبووە و بەشێکی گرنگ لە سەرمایەی کۆیادەوەری، ئەزموون و توانا سیاسییەکەی لە ڕێگەی حیزبەکان و دامەزراوە غەیرەدەوڵەتییەکانەوە کەڵەکە بوون. کەواتە بەریەککەوتنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردی، بەرەوڕووبوونەوەی دوو هێزی هاوسەنگ نییە. یەکیان لە پێگەی دەوڵەتدایە و یەکیان بۆ سازکردنی سوژەیەکی سەربەخۆ خەبات دەکا.

لە مەیدانێکی ناهاوسەنگی وەهادا، ڕەخنەگرتنێکی گشتی و نامێژوویی لە حیزبەکان لە بۆشاییدا نامێنێتەوە. ئەگەر وایدابنێین ئەم ڕەخنەیە بتوانێ هەموو شێوەکانی نوێنەرایەتیکردنی سیاسەتی کوردی بێئیعتبار بکا، بەرەو ئەوە ناڕوا کە مەیدانی سیاسی بە هێزێکی ڕادیکاڵتر و خوێنگەرمتر پڕ بکاتەوە. ئەگەری زۆری هەیە کە مەیدانی خەبات ڕادەستی ڕەقیبەکەی بکات و سەری خۆی بێکڵاو بمێنێتەوە. پێم وایە ناسیۆنالیزمی ئێرانی سەرەڕای ئەوەی هەمیشە دەیەوێ قەناعەت بە کورد بێنێ کە ئێرانییە، تێدەکۆشێ نیشانی بدا کە هیچ ڕێکخراوە و حیزبێکی کوردی شایەنی متمانە نییە، هیچ ئەزموونێکی کوردی بایەخی ئەوەی نییە کاری بۆ بکەی و باشترە هەر تاکێک ڕێگەی خۆی بۆ ژیان و چالاکی بگرێتە بەر. کۆمەڵگایەک کە لە تاکە ناڕازییەکان ساز بووە کە حیزب و ڕێکخراوەیان بۆ ئاڕاستەکردنی نییە، بەدڵنیاییەوە مەترسییەکی زۆر کەمتری بۆ سەر دەوڵەتی ئێرانی هەیە هەتا ئەو کۆمەڵگایەی کە هێزە ڕەخنەگرەکەی ڕێکخراوە.

بەشێک لە ڕەخنەی نامێژوویی بەداخەوە لەو ئاراستەی سەرەوەدا هەنگاو دەنێ، بێئەوەی خۆی بیهەوێ. چونکە پێمان ناڵێ ڕێکخراوە بەرهەمی دۆخێکی تایبەتە و باس لە کێشەکانی سەرکوت، ئاوارەیی، سنوورداربوونی سەرچاوەکان، ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و باڵانسی هێز ناکات و هەموو شتێک لە دوو بابەتدا کورت دەکاتەوە: بوێری و خیانەتی ڕێبەر و سەرکردەی حیزبە کوردییەکان. هەر بۆیە، سیاسەتی کورد لەمەدا کۆ دەکرێتەوە کە هەندێک لە ئەندامی ڕێبەریی حیزبەکان ناکارامەن یا لە ڕووی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەوە کۆنەپارێزن. بە هەمان شێوە، ئەگەر حیزب شەڕ ناکا و بوێر نەبێ بێتە مەیدانی جەنگەوە بەکەڵک نایەت؛ ئەگەر دانوستاندن بکا ئەوە سازشکارە؛ ئەگەر لە کاتی خۆیدا بڕیاری ڕادیکاڵ نەدا پارێزکارە؛ و تەنانەت ئەگەر بڕیارێک بدا کە تێچووی زۆر بێ، هەر هەمووی ئەمانە لە ئەستۆی ڕێبەرییەکی ناکارامەدایە.

جیاکاریی ماکس ڤێبەر لە نێوان ئەخلاقی باوەڕ و ئەخلاقی بەرپرسیاریەتی لێرەدا گرنگ دەردەکەوێ. ئەخلاقی باوەڕ لەسەر بنەمای نییەتچاکی و وەفاداری بە ڕێساکانە؛ ئەخلاقی بەرپرسیاریەتی لەسەر بنەمای ئەوەیە کە بکەر لە بەرامبەر دەرەنجامە پێشبینیکراوەکانی قسە و کردەوەکەیدا بەرپرسیارە. ڤێبەر پێیوایە ئەم دووانە تەواوکەری یەکن، چونکە کاری سیاسیی جیددی هەم پێویستی بە باوەڕە و هەم دەبێ مرۆڤ بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە. لە ڕوانگەی ڤێبەردا جۆش و خرۆشی سیاسی بێ قبووڵکردنی بەرپرسیاریەتی بەرەو جۆرێک لە نارسیزمی ئەخلاقی هەنگاو دەنێ. چونکە مرۆڤ تیایدا لە نییەتی پاکی خۆی دڵنیایە، بەڵام دەبێ تێچووی قسە و کردارەکەی کەسانی دیکە بیدەن. هەر بۆیە ئەو لە وتاری “سیاسەت وەکوو پیشە” باس لەوە دەکا کە بەرپرسیاریەتی و جۆش و خرۆشی سیاسی پێکەوە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو کەسانەن کە کاری سیاسی بەشێوەی جیددی دەکەن.

پێداگریی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەوەی کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تەنیا کاتێک مەشڕوعییەتیان هەیە کە شەڕ بکەن، یەکێک لەو نموونانەیە کە بەرەوڕووی پرسی ئەخلاقی بەرپرسیاریەتیمان دەکاتەوە. خەباتی چەکداری پێوەری کوردایەتی نییە. ستراتیژییەکی سیاسی دەبێ بەرپرسیارانە سەبارەت بە ئامانج، ئیمکانەکان، تێچوو و دەرەنجامەکان بجوڵێتەوە. ئیدەعای ئەوەی پێشمەرگە بۆچی شەڕ ناکا، بێ قبووڵکردنی دەرەنجامەکانی ڕادیکاڵیزم ناتوانێ تەنیا شێوازی کوردایەتی بێ. بە هەمان شێوە کە حیزبەکان ناتوانن پاساو بۆ بڕیارەکانیان بێننەوە چونکە گوایە حیکمەتیان هەیە و دوورەمەودا دەبینن، ڕەخنەگرانیش ناتوانن کاتێک گوشار بۆ بڕیارێکی پڕتێچوو دەدەن بڵێن ئێمە هەر نووسەرین و هیچمان خۆ لە ئەستۆ نییە.

هەڵبەت ڕوونە کە ئەخلاقی بەرپرسیاریەتی نابێ ببێتە بیانوویەک بۆ حیزبەکان کە مەحافزەکارانە بجوڵێنەوە. تەنانەت دەبێ بەشێوەی ڕەخنەگرتنێکی بەرپرسیارانە چالاکییەکانیان شەن و کەو بکرێ. ئەم ڕەخنەیە دەتوانێ بابەتەیانە باسەکە بەرێتە پێشەوە و ئیمکانەکان هەڵبسەنگێنێ و جێگرەوەکانی خۆی بخاتە بەر دەست. ڕەخنەگرێکی بەرپرس تەنیا ناپرسێ کە حیزب چی نەکردووە، بەڵکوو شی دەکاتەوە کە بە چ هێزێکەوە، لە ڕێگەی کامە تاکتیکەوە و بە قبووڵکردنی چ تێچوویەک دەکرا کارێکی دیکە بکرایە. هەر ڕەخنەیەک کە دەیهەوێ ئیمکانێک وەلا بنێ دەبێ نیشانی بدا کە جێگرەوەکانی کامانەن.

هەر لە ڕووی ئەم بەرپرسیاریەتییەشەوەیە کە دەبێ وەفاداری بە حیزبەکان شی بکرێتەوە. قسەیەکی بەڵگەنەویستە کە وەفاداری دەبێ لە حیزبەوە بۆ پرسی نەتەوەیی بگوازرێتەوە. وەفاداری بە کوردستان دەتوانێ لە شێوازی بەرگری لە حیزب، هەوڵ بۆ چاکسازی و یا تەنانەت بەجێهێشتن و سازکردنی ڕێکخراوەیەکی نوێشدا دەربکەوێ. تەنیا شتێک جێی پەسەند نییە کە حیزب بۆ خۆی وەک بابەتێکی پیرۆزی لێ دەربێ. حیزب ئامانجی خەباتی نەتەوەیی نییە و تەنیا ئامرازێکە بۆ ڕزگاری. بەڵام ئەگەر ئێمە ئامرازەکان لەناو ببەین و شتێک بەجێیان ساز نەکەین زەحمەتە لە ئازادی نزیک ببڕینەوە. ئەگەر سازکردنی دەوڵەت لە کوردستان ئامانجی ئێمەیە دژایەتیکردن لەگەڵ دامەزراوەی سیاسی ناتوانێ ڕادیکاڵ بێ. ئێمە چونکە دەوڵەتمان نییە، هەر دامەزراوەیەک بتوانێ ئیرادەی تاک بەرەو بڕیارێکی جەماوەری ببا و کۆیادەوەری و هێزی بەرەنگاریی ئێمە بەرەو ئامانجێکی سیاسی ڕێک بخا، بۆ خۆی بەشێکە لە توانای دەوڵەتسازکردن. ڕاستە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بەتەنیا ناتوانن ئەم کارە بکەن، بەڵام سڕینەوەشیان هەنگاوێک بەرەوپێشمان نابات.

ڕەخنەیەک لە مانای ڕاستەقینەی خۆیدا ڕادیکاڵە کە ئاوڕ لە ڕیشەی کێشەکان بداتەوە. ڕیشەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکارامەییی چەند حیزب و بازنەیەکی ڕێبەرایەتی نییە. بەڵکوو ڕیشەی کێشەکان لەو ناهاوسەنگییەدایە کە لە نێوان ناسیۆنالیزمی خاوەن دەوڵەت و نەتەوەیەکی بێدەوڵەت ساز بووە. ڕێک هەر لەم سۆنگەیەوە دەبێ سەیری حیزبەکان بکەین: ئایا ئەوان ئەم ناهاوسەنگییەیان کەم کردووەتەوە یا بەرهەمیان هێناوەتەوە؟ ڕەخنەگریش دەبێ هەر بەم پێوەرە سەیر بکرێ: ئایا ڕەخنەکەی توانای دامەزراوەییی نەتەوەی کوردی زیاد کردووە یا لە دوای لەناوبردنی متمانە، مەیدانەکەی بۆ هێزی دیکە چۆڵ بەجێهێشتووە؟

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ٢٠٢٦: کاتێک ئابوورییەکان دێنە لەرزە، کۆمەڵگاکان ئازار دەچێژن

لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦دا، خەڵاتی «بانکی ناوەندیی سوێد» (Sveriges Riksbank) لە زانستە ئابوورییەکاندا، کە بە ناوی ئەلفرێد نۆبڵەوە ناونراوە، بەخشرایە «ڕۆبەرت ئی. هۆڵ»، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ستانفۆرد، و «مایکل وودفۆرد»، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا؛ ئەمەش لە پای ئەو لێکۆڵینەوانەیان لەسەر بنەما ئابوورییە…

ژیانەوە

زێهنییەتی مۆنیستیی دژەگەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەم توێژینەوەیە بە مەبەستی شیکردنەوەی زێهنییەتی مۆنیستیی دژەگەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراوە. لەم ڕوانگەیەوە، «زێهنییەتی مۆنیستیی دژەگەشەپێدان» بە واتای دەسەڵاتی تێگەیشتنێکی یەکگرتوو و تایبەتە لە ئایین و گەشەپێدان کە خۆی وەک تاکە ڕێگای شەرعی بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی کۆمەڵگە دەبینێت. ئەم…

ژیانەوە

سایبەرناسیۆنالیزمی کوردی

ئەم یادداشتە لە کتێبی «گلۆباڵیزەیشن و ناسیۆنالیزمی کوردی»، نووسراوەی دکتۆر لوقمان قەنبەری، نووسەری کورد، وەرگیراوە. لوقمان قەنبەری یەکێک لەو چەمکانەی کە لە سەردەمی جیهانیبووندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ناسیۆنالیزمە؛ تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ زۆربەی لێکۆڵەران لە بواری لێکۆڵینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زاراوەی…