تاکی کورد؛ لە قەیرانی مانەوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە
کەیوان فاتحی
لە سەردەمێکدا دەژین کە پشێوییەکی قووڵ و قەیرانێکی فرەڕەهەند بوارە جیاجیاکانی ژیانی مرۆیی و بەو پێیەش کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیوەتەوە. ڕەنگە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمە بریتی بن لە: لێشاوی زانیاری و خێراییەکی لەڕادەبەدەر بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، لێکترازان و لەباوکەوتنی بەشێکی بەرچاو لە بەها نەریتییەکان، بوونە مۆد و باڵادەستبوونی ڕەواڵەتبینی و ڕووکەشگەرایی، دروستبوونی پەیوەندیی دیجیتاڵی هاوشان لەگەڵ دابڕانێکی قووڵی دەروونیدا، و لە سەرووی هەمووشیانەوە، شۆڕبوونەوەی قورسایی تەواوی بەرپرسیارێتییەکانی ژیان بۆ سەر شانی خودی تاک. ئەم تایبەتمەندییانە بەشی زۆری ژیانی مرۆڤایەتیی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە کۆی ژیان و زۆرینەی کۆمەڵگەکانی سەر گۆی زەوی.
تاکی کورد لە ناوجەرگەی ئەم پشێوییەدا و لەم سەردەمە تایبەت و قۆناغە نوێیەدا، لە جیاتی ئەوەی هەوڵی بەرهەمهێنانی مانا، پێگەیاندنی خۆی و بەرزکردنەوەی پێوەرەکانی کار و ژیان بدات، تووشی سەرلێشێواوییەکی فرەچەشن و هەمەڕەهەند بووەتەوە، کە تا ڕادەیەکی زۆر لە واقیع دابڕاوە. ئەمە کە لە پلەی یەکەمدا بە واتای خۆڕێکنەخستن و مانەوە لە پەراوێزی گۆڕانکارییەکان دایە، وای کردووە دوو قەیرانی لێکگرێدراو وەک گەورەترین تەنگەژەی فەلسەفی، دەروونی و کۆمەڵایەتی سەرهەڵبدەن کە پەیکەری گشتیی کۆمەڵگەی کوردستانیان پەکخستووە، کە بریتین لە: قەیرانی بەرهەمهێنانی مانا و قەیرانی گێڕانەوە.
گێڕانەوە (ڕەوایەت) چییە و چۆن کاردەکات؟
مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی چیرۆکبێژە؛ مرۆڤەکان تەنیا لە ڕێگەی گێڕانەوە و ڕەوایەتەکانەوە دەتوانن لە جیهانی دەوروبەر تێبگەن و ژیانی خۆیان ڕێکبخەن یان ڕێکیبخەنەوە. لەم بەستێنەدا، ڕەوایەت وەک نەخشەڕێگایەکی فیکری کاردەکات؛ مانا بە خۆشی، ئازار، تێکۆشان و نەهامەتییەکانی مرۆڤ دەبەخشێت و هەستی ناسنامە، خاوەنداریەتی و پەیوەستبوونی پێدەبەخشێت. کاتێک ئەم گێڕانەوانە تێکدەشکێن، قەیرانی مانا دێتە ئاراوە. بە زمانێکی سادە، ئەم قەیرانە کاتێک بەرۆکی تاک و کۆمەڵگە دەگرێت کە سەرجەم ئەو پێکهاتە، چیرۆک و مەزنەگێڕانەوانە کە پێشتر ئاراستە و ئامانجیان بە ژیانی مرۆڤەکان دەبەخشی، کارایی خۆیان لە دەست دەدەن و هەوڵی چێکردنی ڕەوایەتێکی نوێش نادرێت، تاک لە بەرامبەر بۆشاییەکی گەورە و بێئامانجییەکی ڕەهادا بە تەنیا دەمێنێتەوە. ئەمە ئەو دۆخەیە کە لەم سەردەمە پڕ لە گۆڕانکارییەدا باڵی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا کێشاوە.
تاکی کورد لە تێپەڕبوون بەرەو مانای نوێ و دابڕان لە واقیع
قەیرانی مانا و گێڕانەوە لای تاکی کورد، دۆخێکی یەکجار تایبەتە. لە ڕابردوودا، گێڕانەوەی گەورەی مرۆڤی کورد لەسەر بنەمای “مانەوە و بەرگری” دارێژرابوو، کە مانایەکی بەردەستی بە ژیان و تەنانەت ڕەنجەکانیشی دەبەخشی. بەڵام لەم سەردەمەدا، بەهۆی پێکدادانی نەریت لەگەڵ واقیعی دژواری نوێ و جیهانگیریدا، ئەو گێڕانەوە کۆنانە کاراییان لە دەست داوە و ناتوانن وەڵامدەری پێداویستییەکانی تاک بن. ئەمەش وای کردووە تاکی کورد لە نێوان “شەکەتیی مێژوویی” و نەبوونی ئاسۆیەکی هاوبەشدا بکەوێتە ناو قەیرانی تێپەڕینەوە؛ قەیرانی تێپەڕین لە گێڕانەوەیەکی حەماسییەوە بەرەو دروستکردنی مانایەکی سەربەخۆ و تاکەکەسی.
بەڵام ئەم تێپەڕینە لە کاتێکدایە کە وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، تاکی کۆمەڵگە لە واقیعی جیهان و دەوروبەری دابڕاوە، بۆیە لە جیاتی بەرهەمهێنانی گێڕانەوەیەکی نوێ کە مانابەخشی جیهان بێت، پەنا بۆ میکانیزمگەلێکی ناکارامەی دیکە دەبات. ئەمەش ئاساییە؛ کاتێک مرۆڤ نەتوانێت پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ واقیعی خۆی و دەوروبەری دروست بکات، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پەنا دەباتە بەر پاساوهێنانەوە و هەڵهاتن لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی. لێرەوە، تەمبەڵی وەک پەتا تەشەنە دەکات و بوار بۆ گەندەڵییەکی گشتگیر دەڕەخسێنێت؛ گەندەڵییەک کە تا قووڵایی مێشکی تاکەکانیش شۆڕ دەبێتەوە و هەر جۆرە هەوڵێکی جدی و تایبەتیش بەمەبەستی چاکسازی یان گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەبار دەبات. ئەمەش سەرچاوەی نامۆبوونە.
بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ئەم نامۆبوونە و هۆکاری ونبوونی تاکی کورد لە ناو جیهانی ڕاستەقینە و واقیعی جیهاندا، دەبێ پەنجە بخەینە سەر سەرەکیترین هۆکارەکان. لە پلەی یەکەمدا ئێمە وەک تاکی کۆمەڵگەی کوردستان لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی بیر و هزردا، زۆر هەمەکی و گشتین. فێرنەکراوین و خۆمان پەروەردە نەکردووە کە کار و لێکۆڵینەوە لەسەر وردەکارییەکان بکەین. توانای ئەوەمان نییە چیرۆکە ڕاستەقینە و سادەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەی خۆمان و دەوروبەرمان ببینین و بیانگێڕینەوە. ئەم لاوازییە بەستێنخوڵقێنە بۆ دوورکەوتنەوە و دابڕان لە واقیع و وەڵامدانەوەی گونجاو بە گۆڕانکارییەکان. هەر بۆیە بەناچارەکی پەنا دەبەینە بەر دروشمی گەورە و زۆرجاریش بێناوەڕۆک؛ واتە لە جیاتی ئەوەی هەوڵی تێگەیشتن لە چۆنێتیی ڕێکخستنی شتەکان بدرێت و بە واتایەک مانا بەرهەم بێت، زۆرجار پەنا دەبرێتە بەر سێ میکانیزمی بەرگریکارانە کە مرۆڤی سەرلێشێواو بۆ شاردنەوەی نائاگایی و نەزانیی خۆی بەکاریان دەهێنێت، ئەوانەش بریتین لە:
زەقکردنەوەی بەڵگەنەویستەکان: واتە دووبارەکردنەوەی پەیتاپەیتا قسەی باو و ئاشکرا و ڕوون و ئەو ڕاستیانەی گومانیان لەسەر نییە، ئەویش بەهۆی بێتوانایی لە شیکردنەوەی قووڵی ڕووداوەکانی جیهانی دەوروبەر و تەنانەت گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی خۆمان. بۆ نموونە، لەجیاتی ئەوەی بەقووڵی بچینە ناو هۆکارەکانی کێشەکانمان، بەردەوام ڕستەی گشتی وەک “سیستمەکە خراپە” یان “گەندەڵی هەیە” دووبارە دەکەینەوە؛ کورتکردنەوەی کێشەکان لەم قسە باوانەدا، ڕێگرە لەوەی بپرسین “کێشەی سیستمەکە بە وردی لە کوێدایە و پشکی ئێمە لە سەرهەڵدانی ئەو کێشەیە چییە و هەروەها چۆن دەتوانین لە چارەسەرکردنیدا ڕۆڵ بگێڕین”. ئەم کەموکوڕییە، واتە پەنابردن بۆ دووبارەکردنەوەی بابەتە ڕوون و بەڵگەنەویستەکان و گوێنەدان بە فەکت و ژمارە، تەنانەت لە بەشێکی زۆر لەو بابەتانەدا کە خوێندکاران و مامۆستایانی کورد لە چوارچێوەی شیکاری و لێکۆڵینەوەی ئاکادیمیک بڵاوی دەکەنەوە، بەرچاوە.
ئایدیاڵی نادیار یان دوورمەودا: واتە باسکردنی خەون و ئایدیاڵێک وەک مزگێنیدانی کۆمەڵگەیەکی بێخەوش، ئەویش لە کاتێکدا هیچ نەخشەڕێگایەکمان بۆ بنیاتنانی نییە و نازانین کەی و چۆن دێتە دی. ئەگەر ورد بینەوە دەبینین چۆن لە ناو گفتوگۆکانماندا، بەبەردەوامی داوای کۆمەڵگەیەکی بێخەوش یان داهاتوویەکی گەشتر دەکەین، بەبێ ئەوەی بەکردە هەنگاوێکی بچووک لەو ئاراستەیەدا، تەنانەت لە ئاستی چاککردنی ئوسلووبی پەروەردەکردنی منداڵێک لە دەوروبەری خۆمان، یان بگرە گۆڕینی ڕەفتارێکی چەوتی خۆمان لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەڵبگرین. هۆکاری ئەم جۆرە باسکردنە لە نەناسراو و نەزانراو، وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، پەردەپۆشکردنی نائاگایی و نەزانیی خۆمانە.
پەنابردن بۆ زاراوە و چەمکە دەرهەستەکان: واتە قسەکردن بە زمانێکی ئاڵۆز و چەمکگەلێکی ئینتیزاعی کە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە دۆخی ژیانی ڕۆژانە و واقیع و دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگەوە نییە، تەنیا بۆ ئەوەی تاک یان کەسی بەکارهێنەری ئەو زاراوە و چەمکانە وای بنوێنێت کە خاوەن مەعریفەیە، یاخود بە شێوەیەکی زانستی و پسپۆڕانە قسە دەکات. بێگومان ئەمە بە واتای ڕەتکردنەوەی زاراوە و چەمکە ئینتیزاعی و زەینییەکان نییە، بەتایبەت لە بواری ئاکادیمیک و زانستە مرۆییەکاندا، چونکە بیردۆز و زانست لەسەر ئەم چەمکانە دامەزراوە. مەبەست لە بەکارهێنانی زاراوەگەلی دەرهەست و چەمکی قورس و پێچەڵپێچ لە شوێنێکدایە کە نە جێگایەتی و نە سوودبەخشە و نە مانایەک چێ دەکەن و نە کێشەیەکی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە چارەسەر دەکەن. چاوخشاندنێک بە ناوەڕۆکی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان زۆرێک لەو باسانەی لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکاندا دێنە بەرباس، دەری دەخات کە ئەگەر نا هەمووی، لانیکەم بەشێکی زۆریان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی تێگەیشتنمانە لە کێشە هەرە سادەکانی نێوان خۆمان و واقیعەکەمان. پەنابردن بۆ ئەم میکانیزمەش دیسان دابڕانە لە واقیع و دۆشداماوییە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سەردەمی پشێوی.
کۆی ئەمانە واتە پشتگوێخستنی واقیع و پەنابردن بۆ میکانیزمەکانی بەرگری، ڕەنگدانەوەی ئەو سەرلێشێواوییەن کە وەک لە پێشتردا باس کرا، بەهۆی خێرایی گۆڕانکارییەکان، سۆشیاڵ میدیا، شکستی پڕۆژە سیاسی و فەرهەنگییەکانەوە و هاوکات بێتوانایی لە چێکردنی مانایەکی نوێ بۆ ژیانی سەردەم بەسەر تاکی کورددا هاتووە. ئەمەش تاک و کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێناوە کە پڕە لە دەنگی بەرز و خاڵی لە ناوەڕۆک، کە تێیدا قسە و ئاخافتنی بێبنەما هەم جێگای گوتارێکی پڕناوەڕۆک و مانادار و کارامە بۆ ژیانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە و هەم وەهمیش جێگای بەها ڕاستەقینەکان. لەم ژینگە ژەهراوییەدا، هەر تاکێکی وشیاریش کە بیەوێت هەوڵ بۆ چەسپاندنی پێوەرەکانی کار بدات، بەرەوڕووی بەربەستی بێژمار دەبێتەوە. ئەم دۆخە خنکێنەرە، تاکی وشیار و ئاگا ناچار دەکات بەمەبەستی پاراستنی باری دەروونی خۆی و بەرزکردنەوەی تواناکانی بکشێتەوە؛ کشانەوەیەک نەک بەواتای تووشبوون بە خەمۆکی و نە پشتگوێخستنی کۆمەڵگە و کێشە و گرفتەکانی، بەڵکو بەواتای هەڵبژاردنی “تەنیایی ستراتیژی” کە دەتوانێت بەرهەمهێنەری مانا بێت لە سەردەمی پشێوییەکاندا.
تەنیایی ستراتیژی:
قەڵغانی پاراستنی عەقڵ و ئالیەتی گەشەپێدانی خود
لەم دۆخە وێرانکەر و پڕ لە ژاوەژاوەدا، تەنیایی ستراتیژی وەک تاکە پەناگە بۆ تاکی وشیار دەردەکەوێت. بێگومان ئەم تەنیاییە، دابڕانێکی نەخۆشئاسا یان هەستێکی نەرێنی بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بە گشتی و کۆمەڵگەی خودی تاک بەتایبەتی نییە، بەڵکوو بڕیارێکی ئاگایانە و هەڵبژاردنێکی ئامانجدارە؛ بە دەربڕینێکی ڕوونتر، کشانەوەیەکی وشیارانەیە لەو کۆڕ و کۆبوونەوە بێمانایانەی تەنیا وزەی مرۆڤ بەفیڕۆ دەدەن. تاکی وشیار بەم کشانەوەیە دەیەوێت کات، بیرکردنەوە و باری دەروونی خۆی، لەو زەلکاوە بەدوور بگرێت. بۆیە خۆبەندکردن و مانەوە لە چواردیواری نییە، بەڵکو بەخۆداچوونەوە و تاقیگەیەکی کەسییە کە تێیدا تاک دەتوانێت دوور لە تەمبەڵی، کار لەسەر خۆی بکات و دوور لە دووپاتکردنەوەی بەڵگەنەویستەکان، کار بۆ داهێنان بکات. ئەم تەنیاییە تایبەتە، لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی بنیات دەنرێت کە ڕێڕەوی ژیانی هەر مرۆڤێکی وشیار پێکدەهێنن: یەکەم، خۆبوون (Authenticity) و دووەم، فێربوونی بەردەوام (Continuous Learning).
خۆبوونی تاکی هۆشیار: کە تەنیایی ستراتیژی هەڵبژاردووە، بەو واتایە دێت کە ناکەوێتە شوێن شەپۆل و ئامادە نییە تەنیا بۆ پەسنی ئەوانی تر، خۆی هاوڕەنگی کۆمەڵگە بکات. ئەم خۆبوونە خۆی گەورەترین شێوەی یاخیبوونە. ڕێزگرتنە لە سنوورە کەسییەکان، ڕەتکردنەوەی قسەی بێبنەما و پێداگری لەسەر پاراستنی ناسنامە و بەها ڕاستەقینەکان.
فێربوونی بەردەوام: تاکە پەرژینی کاریگەرە بەرامبەر بەو تەمبەڵییە فیکرییەی کە کۆمەڵگە خووی پێوە گرتووە. تەنیایی ستراتیژیانە دەبێتە دەرفەتێکی ناوازە و کەموێنە بۆ گەشەپێدانی وشیاری و دەوڵەمەندکردنی عەقڵ؛ ئەویش لە ڕێگەی بینینی فیلم، گوێگرتن لە میوزیک، خوێندنەوەی کتێب و گەڕان بەدوای زانیاریی نوێدا. هەر بۆیە جەختم لەوە کردەوە کە ئەم تەنیاییە بەواتای گۆشەگیری و خەمۆکی نایەت.
بەم چەشنە، مرۆڤی گۆشەگر لە ڕووی فیکرییەوە چیتر ڕێگە نادات کەسانی دەوروبەری—کە زۆرجار کاتکوژ و وزەمژن—ئاراستەی ژیانی دیاری بکەن، یان بەلاڕێیدا ببەن. لە جیاتی ئەوە، ئەو لە ڕێگەی ئەو پەرەسەندنە کەسییەی کە لە تەنیاییدا بەدەستی هێناوە، پەیوەندییەکی قووڵ و بێواستە لەگەڵ مێشکە گەورەکانی جیهاندا دروست دەکات. ئەم قووڵبوونەوەیە لە خود، تەنیا پەناگەیەک نییە بۆ پشوودان، بەڵکو ئامادەکارییەکی قووڵە بۆ گەڕانەوەیەکی کاریگەر؛ هێزکۆکردنەوەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ دەستی بە پێوانە و ستانداردە بەرزەکانی کار ڕابگات؛ چونکە جەوهەری مرۆڤ خزمەتکردنە، خزمەتکردنی ڕاستەقینەش بەبێ زانیاری، کارامەیی و توانا (Knowledge, Skills, Abilities) دەستەبەر نابێت. ئەم تەنیاییە تەنیا بۆ خودی تاک سوودمەند نییە، بەڵکو دەتوانێت لە ئاستی سەرلێشێواویی کۆمەڵگە کەم بکاتەوە و بەستێنی گەڕانەوە بۆ واقیع فەراهەم بکات.
ئەنجام: بنیاتنانەوەی واقیع لە خوارەوە بۆ سەرەوە: لە سەردەمی گۆڕانکارییە مەزنەکان و پشێویی و بەتایبەت لە سەردەمی قەیرانی مانا و گێڕانەوە و دابڕانی تاکی کورد لە واقیع، گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان و بە واتایەک کەوتنە سەر ڕێڕەوی ڕاست و ڕزگاربوون لەم قەیرانانە، لە گۆڕینی دروشمە گەورەکان و دەسەڵاتەکانەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لە ڕاستکردنەوە و ساخکردنەوەی ناخی خودی تاکەوە دەست پێ دەکات. لە تەنیاییەکی ستراتیژیانەوە کە نەک هەڵهاتن، بەڵکو هەستکردنە بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و هەوڵدانە بۆ داهێنانی نوێ بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی واقیع و کۆتاییهێنان بە سەرلێشێواوی و سەیرکردنی پەتی و دەستەوەستانیی ڕووداوەکان. خۆبوون وەک ئەستوونێکی تەنیایی ستراتیژیانە، تاکەکان فێر دەکات کە کات و ساتەکانیان بەفیڕۆ نەدەن و فێربوونی بەردەوامیش فێریان دەکات پێوەرەکانی کارەکەیان بەرز بکەنەوە. لەم ڕێگایەوە دەکرێت بە شێوەیەکی کردەیی بنەمای کۆمەڵگەیەکی قایم داڕێژرێت.
ئەوە دەمانگەیەنێتە ئەم ئاکامەی کە ڕزگاریی ئێمە، وەک کۆمەڵگەی کوردستان، لە گۆڕینی ئاراستەی سەرنجدایە؛ لە وازهێنان لەو ململانێ کۆنەقینانەی کە تەنیا بۆ سەرقاڵکردنمان بەرهەم دەهێنرێن، و گەڕانەوە بۆ ناو “مایکرۆچیرۆکەکان”—بۆ ناو وردەکاریی ئەو ئەرک و پیشەیەی کە هەمانە. تەنیا لەو کاتەدایە کە هەر مرۆڤێک لە هەر شوێنێک بێت، کاتێک بە دڵسۆزی و بە پێوەری بەرزەوە کارەکەی ئەنجام دەدات -لە وەستایەکی بەئەزموونەوە بگرە تا مامۆستایەک، پزیشکێک، یان کرێکارێک- هەموویان دەبنە دوورگەی دڵنیایی لەناو دەریایەکی شڵەژاودا، متمانە و مانا بە ژیان دەبەخشنەوە و بە کردە و بە شێوەیەکی پراکتیک پێوەرێکی نوێ دەسەپێنن. ئەمانە پێویستن، چونکە کۆمەڵگە بە پشتگوێخستنی وردەکارییەکان و فەکتەکان و تەنیا بە قسەی گشتی و باسکردن لە شاری خەونەکان و چەمکە دەرهەستەکان چاک نابێت. هەرگیز قسەکردن نابێتە جێگرەوەی ئەو کار و ئەرک و بەرپرسیارێتییەی کە دەبێ هەر تاکێک لە ژیانی خۆیدا بیگرێتە ئەستۆ. بەپێچەوانەوە، کۆمەڵگە بەو هەوڵە بێدەنگانە چاک دەبێت کە تاکەکان لە تەنیاییەکی ستراتیژیدا، بۆ پێگەیاندنی خۆیان و خزمەتکردنی ڕاستەقینەی دەوروبەریان تەرخانی دەکەن. ڕووداوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن، تاکی کورد توانایەکی سەرسوڕهێنەری بۆ خۆڕاگری هەیە، بۆیە ئەگەر بتوانێت لە تەڵەی تاسە و پەژارەی ڕابردوو و بە گشتی خۆی لە داوی مانەوە لە ڕابردوودا دەرباز بکات و ڕێگە نەدات بێهیواییی سیاسی دەوری بدات، دەتوانێت بە پشبەستن بە بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی، ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی و بیری ڕەخنەگرانە، گێڕانەوەیەکی نوێ بنووسێتەوە؛ گێڕانەوەیەک کە تێیدا ئازارەکانی ڕابردوو لە جیاتی نائومێدی، ببنە هەوێنی هۆشیارییەکی قووڵتر و مرۆییانەتر بۆ جیهانی ئەمڕۆ.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی
فاتحی، کەیوان(٢٠٢٦): تاکی کورد؛ لە قەیرانی مانەوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە دانا حەمید چارەنووسی ئێران لەم ساتە مێژووییەدا، لەسەر لێواری پەتێکی تەنک و لەرزۆک ڕاوەستاوە کە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کێشراوە: نمایشکردنی کەڵبەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تیژ و هەڵگرتنی [...]
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا ڕێبوار سیوەیلی ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا "برادر گوش بدە.."! لەنێوان هەژموونی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا و پێویستییەکانی فرەیی نەتەوەیی ١. مێژووی سیاسیی ئێران هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری "گورزی کوشندە" و [...]
ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان
ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان هێلینا باوەرنفایند ئەوە ئەو ساتە بوو کە دەکرێت لە مێژووی ململانێ نوێیەکاندا وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژمار بکرێت: کاتێک یەکەم بۆمبەکان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی [...]
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی مەسعوود بابایی بەرایی: "لەکوردترسێنی" و "کوردترسێنی" دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە [...]
لە ستایشی پێشمەرگە
لە ستایشی پێشمەرگە ئارام کەیخوسرەوی پێشەکی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵات و تێپەڕبوون لە فۆرمە نەریتییەکانی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوە مۆدێرنەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا. مۆدێرنیتەی سیاسی، وەک پڕۆسەیەکی گشتگیر، تەنیا [...]
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – “بەرگریی مۆزاییکی”ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – "بەرگریی مۆزاییکی"ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا هێلینا باوەرینفایند یەکێ لە پارادۆکسەکانی ململانێ هاوچەرخەکان ئەوەیە، کە باڵادەستیی سەربازی حەتمن بە واتای کۆنترۆڵی سیاسی نایەت. لەکاتێکدا واشنتۆن و ئۆرشەلیم [...]







