یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان

ڕۆژیار ڕۆژهەڵاتی

پێشەکی:

پرسی بونیادنانی دەوڵەت و هێزی چەکدار و پرسی پێشمەرگە بۆ کورد زیاتر لە پرسێکی سەربازییە و بە مێژووی بزووتنەوەی کورد، بە قەوارەی سیاسی، سەروەری و بە چۆنیەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی یاساییەوە گرێدراوە. لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، پەیماننامەی سێڤر هیوایەکی کورتخایەنی بۆ شێوەیەک لە خودموختاری و دواتر سەربەخۆیی کوردی دروست کرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا. پەیماننامەی لۆزان لە ١٩٢٣ ڕێکخستنی نوێی سنوورەکانی ناوچەی چەسپاند و ناوی کورد و کوردستانی لە دەقەکەدا نەهێنا. ئەم گۆڕانە مێژووییە پرسی مافی سیاسی، خاک و شەرعیەتی بەرگری لە نێو بزووتنەوە کوردییەکاندا بەهێز کرد.

لەو مێژووەدا پێشمەرگە بووە بەشێک لە خەباتی سیاسیی کورد. مانای پێشمەرگە لە زۆر قۆناغدا لە چەک و ڕێکخستنی سەربازی فراوانتر بووە. پێشمەرگە لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتیی کورددا بە پاراستنی خاک، بەرگری لە خەڵک و خۆڕاگری لەبەرامبەر سڕینەوە، ئەنفال، ئاوارەکردن و جۆرەجۆرەکانی زۆرداریی سیاسی گرێدراوە.

بەڵام هەمان مێژوو پرسێکی دیکەش دەخاتە بەردەممان: کاتێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەگاتە قۆناغی حوکمڕانی، هێزی شۆڕشگێڕ چۆن دەبێتە هێزی نیشتمانی؟ ئەم پرسیارە ناوەندیی ئەم وتارەیە.

گریمانەی سەرەکیی ئەم نووسینە ئەوەیە کە قەوارەی سیاسیی کوردی ناتوانێت بە دامەزراوەیەکی تەواو بگات، ئەگەر هێزی پاراستنی لە ژێر چەند فەرماندەیی حیزبی بمێنێتەوە. یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە ژێر وەزارەتێکی یاسایی و فەرماندەییەکی یەکگرتوو، لەم دیدەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دامەزراندنی دەسەڵاتی گشتی، یەکسانیی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی سیاسی هەیە.

نیشتمان لەنێوان خاک، خەڵک و دامەزراوەدا
نیشتمان تەنیا پارچەیەک خاک نییە. نیشتمان پەیوەندیی نێوان خاک، خەڵک، بیرەوەری، ماف و دامەزراوەی سیاسییە. خاک بێ خەڵک دەبێتە جوگرافیا، و خەڵک بێ مافی سیاسی ناتوانێت خاوەنی سەروەریی خۆی بێت. بۆیە سەروەری کاتێک مانای سیاسی دەگرێت کە لە یاسا، دامەزراوە، بەرپرسیارێتی و توانای پاراستندا خۆی نیشان بدات.

لە ئەدەبیاتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، خاک و پێشمەرگە زۆرجار لە تەنیشت یەکتر هاتوون. ئەم پەیوەندییە مێژووییە تێگەیشتنێکی ڕوونی هەیە: پاراستنی خاک بە بێ هێزی ڕێکخراو مومکین نییە. بەڵام لە قۆناغی حکومەتداری، ئەم پەیوەندییە پێویستی بە پێناسەکردنەوە هەیە. هێزی چەکدار نابێت تەنیا بە حیزب، ڕێکخراو یان کەسایەتیی سیاسییەوە بەسترابێت. پەیوەندیی سەرەکیی ئەو هێزە دەبێت لەگەڵ یاسا، دامەزراوە و دانیشتوانی قەوارەکە بێت.

جیاوازیی نێوان «هێزی حیزبی» و «هێزی نیشتمانی» لێرەدا دەردەکەوێت. هێزی حیزبی لە ڕێگەی مێژووی خەبات و سەرکردایەتیی حیزب شەرعیەت وەردەگرێت. هێزی نیشتمانی شەرعیەتی خۆی لە یاسا، دامەزراوە و بەرپرسیارێتیی گشتی وەردەگرێت. یەکەم جۆر لە قۆناغی شۆڕشدا دەتوانێت مانای خۆی هەبێت. جۆری دووەم بۆ قۆناغی حوکمڕانی پێویستە. کێشە لەو شوێنە دەست پێدەکات کە قەوارەی سیاسی دروست دەبێت، بەڵام لۆژیک و پێکهاتەی هێزی شۆڕشگێڕ بە شێوەی حیزبی بەردەوام دەبێت.

مێژووی بزووتنەوەی کوردی پڕە لە حیزب، ڕێکخراو و ڕێبازە جیاوازەکان. ئەم فرەییە بەشێکە لە مێژووی سیاسیی کورد. هەر حیزبێک لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی خۆی، ناوچەی خۆی و بیرۆکەی خۆی هێزی پێشمەرگەی دروست کردووە. بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەم پێکهاتەیە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی چەکداردا مانای خۆی هەبوو. لە قۆناغی خەباتدا پێشمەرگە هێزی حیزب بوو، چونکە خودی حیزب یەکەی سەرەکیی ڕێکخستنی سیاسی بوو.

بە دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بارودۆخەکە گۆڕا. ڕاپەڕینی ١٩٩١، دروستبوونی ناوچەی پارێزراو و دواتر هەڵبژاردنی ١٩٩٢، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمیان هێنایە ئاراوە. دامەزراوە سیاسییە فەرمییەکانی هەرێم لە ١٩٩٢ دامەزران، هەرچەند بنەمای دۆخی نوێ لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا دانرا. بەمەوە بزووتنەوەی کوردی لە باشووری کوردستان چووە قۆناغێکی نوێ. پرسەکانی حوکمڕانی، یاسا، بودجە، خزمەتگوزاری، پەرلەمان، دادگا و هێزی پاراستنی گشتی هاتنە پێشەوە. لەو قۆناغەدا پێشمەرگەش پێویستی بە گۆڕانی ناسنامەی دامەزراوەیی هەبوو.

لێرەدا پارادۆکسێکی درێژخایەن دروست بوو: حکومەتێکی هەرێمی هەبوو، بەڵام بەشێکی گرنگ لە هێزی چەکدار بە پەیوەندیی حیزبی مایەوە. وەزارەت هەبوو، بەڵام هەموو زنجیرەکانی فەرماندەیی لە یەک ناوەندەوە کۆنترۆڵ نەدەکران. ئەم دۆخە لە کاتی ئاسایی کێشەی دامەزراوەیی دروست دەکات. لە کاتی قەیران، مەترسییەکە گەورەتر دەبێت، چونکە بڕیار، جووڵەی هێز، لۆجستیک و بەرپرسیارێتی دەکرێت بە چەند ناوەندی سیاسییەوە بەسترابێت.

قەوارەی هەرێم: دەسکەوت و کێشەی دامەزراوەیی
هەرێمی کوردستان لە دوای ١٩٩١ و ١٩٩٢ بووە یەکێک لە گرنگترین دەسکەوتە سیاسییەکانی کورد لە سەدەی بیستەم. ئەم قەوارەیە دوای ئەنفال، کیمیاباران، گواستنەوەی زۆرەملێ و سیاسەتی تەعریب سەری هەڵدا. بۆ زۆرێک لە کوردان، هەرێمی کوردستان بووە هێمای توانای دروستکردنی دامەزراوەی کوردی و بەڕێوەبردنی بەشێک لە خاک بە دەستی خۆیان.

بەڵام پاراستنی دەسکەوت تەنیا بە مێژووی خەبات ناکرێت. قەوارەی سیاسی هەموو ڕۆژێک پێویستی بە نوێکردنەوەی شەرعیەت هەەیە. ئەم شەرعیەتە لە هەڵبژاردن، یاسا، خزمەتگوزاری، شەفافیەت، دادپەروەری و یەکسانیی هاووڵاتیاندا دروست دەبێت. حیزبێک دەتوانێت مێژوویەکی گەورەی خەباتی هەبێت، بەڵام ئەو مێژووە جێگای بەرپرسیارێتیی ئێستا ناگرێتەوە. حکومەت کاتێک بەهێز دەبێت کە دامەزراوەکان لە کەس و حیزب بەهێزتر بن.

کێشەی سەرەکیی هەرێم لەم ڕووەوە تەنیا جیاوازیی سیاسی نییە. فرەحیزبی خۆی بەشێکە لە ژیانی دیموکراتیک. کێشە لەو شوێنەیە کە جیاوازیی حیزبی دەچێتە ناو دامەزراوەی حکومەت، هێزی چەکدار، ئاسایش، دارایی و بڕیاری سەروەری. کاتێک دامەزراوەی گشتی بە ناوچەی نفووز دابەش دەبێت، متمانەی هاووڵاتی کەم دەبێتەوە. هەروەها توانای حکومەت بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ قەیران لاواز دەبێت.

بۆیە پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەبێت لە ناو پرسی گەورەتری دامەزراندنی حکومەتدا بخوێندرێتەوە. ئەگەر هێزی پاراستن یەک بێت، بەڵام بودجە، یاسا، دادوەری و بڕیاری سیاسی بە هەمان شێوەی پێشوو بمێننەوە، چاکسازی نیوەچڵ دەبێت. یەکخستنەوەی پێشمەرگە لەم دیدەوە بەشێکە لە پرۆژەیەکی فراوانتر بۆ دامەزراوەی نیشتمانی.

یەکخستنەوەی ٢٠٢٦: هەنگاوێکی مێژوویی، تاقیکردنەوەیەکی درێژخایەن
مانگی سێپتەمبری ٢٠٢٦ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ڕایگەیاند کە پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەواو کراوە و هێزە ناسراوەکانی ٧٠ و ٨٠ لە ژێر پێکهاتەی فەرماندەیی وەزارەتدا ڕێکخراونەتەوە. لە ٢١ی هەمان مانگیشدا ڕێوڕەسمی فەرمیی یەکخستنەوە بە بەشداریی بەڕێوەچوو.

ئەم هەنگاوە گرینگە و نابێت بە سادەیی بچووک بکرێتەوە. لە ماوەی ساڵانی پێشوو، سەرچاوە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان دابەشبوونی حیزبییان بە یەکێک لە بەربەستەکانی چاکسازیی پێشمەرگە ناساندووە. یاداشتنامەی تێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە ٢٠٢٢دا چاکسازی و پیشەییبوونی هێزەکانی کردە بەشێک لە چوارچێوەی هاوکاری. ڕاپۆرتی چاودێریی ئۆپەراسیۆنی Inherent Resolve لە ٢٠٢٥یش هێشتا پەیوەندییە حیزبییەکان بە بەربەستێک بۆ پرۆسەی چاکسازی دەناساند.

بەڵام ڕاگەیاندنی تەواوبوونی پرۆسە کۆتایی تاقیکردنەوەکە نییە. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لە دوای ڕاگەیاندن دەست پێدەکات.

هێزی نیشتمانی بە یەک جلوبەرگ و یەک ناو دروست نابێت. نیشتمانیبوون کۆمەڵێک بنەمای ڕوونی هەەیە. زنجیرەی فەرماندەیی دەبێت یەک بێت و لە دامەزراوەی یاساییەوە سەرچاوە بگرێت. ئەندامگیری و پلەبەندی دەبێت بە پێی توانای پیشەیی بێت. بودجە و مووچە پێویستیان بە سیستەمێکی شەفاف هەەیە. هێزیش دەبێت لە ژێر چاودێریی مەدەنی و پەرلەمانی بێت.

ئەرکی سەرەکیی هێزی نیشتمانی پاراستنی دانیشتوان، قەوارە و دامەزراوەکانە. پەیوەندیی حیزبی نابێت پێوەری جێگای کەسێک لە ناو ئەو هێزەدا بێت.

ئەم بنەمایانە مانای ئەوە نادەن کە مێژووی حیزبەکان بسڕدرێتەوە. ئەو مێژووە بەشێکە لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتی. بەڵام بیرەوەریی خەبات نابێت ببێتە بنەمای خاوەندارێتی بەسەر هێزی گشتیدا. ئەو پێشمەرگەیەی لە شاخ بۆ حیزبێک خەباتی کردووە، کاتێک دەچێتە ناو وەزارەت، ناسنامەی پیشەیی نوێ وەردەگرێت. لەو ساتەوە بەرپرسیارێتیی ئەو لەبەرامبەر دامەزراوە و یاسایە.

وانەکانی باشوور بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی فێربوون بێت. ئەم فێربوونە نابێت بە مانای کۆپیکردنی مۆدێلی باشوور بێت، چونکە بارودۆخی سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتیی هەر بەشێکی کوردستان جیاوازە.

یەکەم وانە پەیوەندی بە گواستنەوە لە هێزی حیزبی بۆ دامەزراوەی گشتی هەەیە. هێزی حیزبی لە قۆناغی بزووتنەوەدا دەتوانێت لە بارودۆخێکی تایبەتدا دروست ببێت. بەڵام قۆناغی گۆڕان و حوکمڕانی پرسی نوێ دروست دەکات. ئەگەر هەر حیزبێک هێزی سەربەخۆی خۆی بپارێزێت، ناکۆکیی سیاسی لە داهاتوودا دەتوانێت ڕەهەندی ئەمنی وەربگرێت.

وانەی دووەم ئەوەیە کە باس لە دامەزراوەکان نابێت تا دوای ڕوودانی گۆڕانی سیاسی دوا بخرێت. لە قۆناغە خێرا و نائارامەکانی گۆڕاندا، کاتی دانانی یاسا، فەرماندەیی، لۆجستیک و میکانیزمی چاودێری زۆر سنووردار دەبێت. لەبەر ئەوە، گفتوگۆ لەبارەی چوارچێوەی دامەزراوەیی دەتوانێت پێشتر دەست پێدەکات، بەبێ ئەوەی ئەنجامی سیاسیی داهاتوو بە دڵنیایی پێشبینی بکرێت.

وانەی سێیەم ئەوەیە کە هێزی چەکدار بۆخۆی شەرعیەتی سیاسی دروست ناکات. شەرعیەت لە ڕەزامەندیی خەڵک، یاسا، ماف و دامەزراوە سیاسییەکانەوە دێت. بۆیە هەر بیرکردنەوەیەک لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە پەیوەستکردنی پرسی هێز بە پرسی حکومەت، پەرلەمان، دادگا، مافی تاک، مافی کۆمەڵە جیاوازەکان و کۆنترۆڵی مەدەنی هەەیە.

هەروەها، هەر پێکهاتەیەکی هاوبەش کاتێک مانای «یەکگرتوو» وەردەگرێت کە بە سەرکەوتنی یەک حیزب بەسەر حیزبێکی دیکەدا نەبەسترێت. کۆکردنەوەی چەند یەکەی سەربازی لە ژێر یەک ناو بۆخۆی یەکگرتن نییە و یەکگرتن پێویستی بە یاسا، فەرماندەیی و متمانەی هاوبەش هەەیە.

حیزب لە ژیانی سیاسی پێویستە. حیزب بەرنامە، کادیر و ڕکابەریی سیاسی دروست دەکات. بەڵام حکومەت هەمان شت نییە. کاتێک حیزب و حکومەت تێکەڵ دەبن، سنووری بەرپرسیارێتی ون دەبێت. ئەم کێشەیە لە هێزی چەکداردا هەستیارترە، چونکە باس لە دامەزراوەیەک دەکرێت کە دەستی بەسەر ئامرازی زۆرەوە هەەیە.

یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی نیشتمانیبوونی پێشمەرگە ئەوەیە کە حیزبەکان خاوەندارێتیی ڕاستەوخۆیان بەسەر یەکە سەربازییەکاندا نەبێت. ئەمە مانای دژایەتیی حیزب نییە. مانای جیاکردنەوەی ئەرکەکانە. حیزب بۆ دەسەڵات ڕکابەری دەکات. حکومەت خزمەت بە هاووڵاتی دەکات. هێزی پێشمەرگەش ئەرکی پاراستنی قەوارە و دانیشتوانی هەەیە.

ئەگەر ئەم سنوورانە ڕوون بن، گواستنەوەی دەسەڵات ئاسانتر دەبێت. حیزبێک دەتوانێت هەڵبژاردن بدۆڕێنێت، بەڵام هێزی چەکدار لەگەڵی ناچێتە ئۆپۆزیسیۆن. حیزبێکی دیکە دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام پێشمەرگە نابێتە هێزی ئەو حیزبە. ئەم جیاکردنەوەیە یەکێکە لە بنەماکانی دامەزراندنی حکومەتی یاسایی.

تەکنۆلۆژی، زانیاری و پێشمەرگەی سەردەمی نوێ
جیهانی سەربازی بە خێرایی دەگۆڕێت. درۆن، سیستەمی زانیاری، سایبەر، چاودێریی ئەلیکترۆنی، ژیریی دەستکرد و شیکاریی دەیتا کاریگەرییان لەسەر شەڕ و پاراستن زیاد بووە. هێزی سەربازیی سەردەمی نوێ تەنیا بە ژمارەی سەرباز و چەک پێوانە ناکرێت. توانای فەرماندەیی، زانیاری، ڕاهێنان، خێراییی بڕیار و پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵیش گرنگن.

بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش، ئەم گۆڕانە مانایەکی ڕوون هەەیە. یەکخستنەوەی هێز ئەگەر لەگەڵ نوێکردنەوەی تەکنیکی و پیشەیی نەبێت، بە تەنیا بەس نییە. وەزارەت پێویستی بە داتابەیسی یەکگرتوو، سیستەمی ڕوونی فەرماندەیی، پلانی ڕاهێنان و ستانداردی هاوبەش هەەیە. بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گەر هەوڵی خۆ تەیارکردن بە گۆڕانکارییە تەکنۆلۆژییەکانی بواری سەربازیی نەدات دەرەقەتی دۆخەکە نایەت.

هەروەها پاراستنی زانیاری و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا دەبێت لە ناو چوارچێوەی یاسایی بێت. توانای تەکنەلۆجی نابێت ببێتە هۆی چاودێریی بێسنوور بەسەر هاووڵاتیاندا. پیشەییبوونی پێشمەرگە لە سەردەمی نوێدا دوو ڕەهەندی هەەیە: توانای بەرگری و پابەندی بە یاسا. هێزێک کە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی هەەیە، بەڵام میکانیزمی بەرپرسیارێتیی لاوازە، دەتوانێت کێشە بۆ خودی کۆمەڵگا دروست بکات.

دروستکردنی هێزی یەکگرتوو کاتێک بە مانا دەبێت کە لە ژێر دەسەڵاتی یاسا بێت. یەک هێز ئەگەر بەبێ چاودێری و بەرپرسیارێتی بێت، دەتوانێت دەسەڵات لە یەک ناوەنددا کۆبکاتەوە. بۆیە یەکخستنەوە خۆی بەخۆی دیموکراتیک نییە. چوارچێوەی یاسایی و کۆنترۆڵی مەدەنی دیاری دەکات کە هێزی یەکگرتوو چۆن کار دەکات.

لە قەوارەیەکی دیموکراتیکدا، پەرلەمان لەسەر بودجە و سیاسەتی بەرگری چاودێری دەکات. حکومەت بەرپرسیاریی سیاسی دەگرێتە ئەستۆ. دادگا توانای پشکنینی پێشێلکاری هەەیە. میدیا و کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانن پرسیار بکەن. خودی هێزی پێشمەرگەش پێویستی بە سیستەمی ناوخۆیی بۆ دیسیپلین، مافی ئەندامان و لێپرسینەوە هەەیە.

ئەمە یەکێک لە گرنگترین وانەکانە بۆ هەر بزووتنەوەیەکی کوردی. هێزی چەکدار ناتوانێت جێگای سیاسەت بگرێتەوە. لە قۆناغی خەباتدا چەک دەتوانێت لە بارودۆخێکی دیاریکراودا هێمای خۆپاراستن بێت. لە قۆناغی دامەزراندنی حکومەتدا یاسا دەبێت سەرچاوەی دەسەڵات بێت. هێزیش لە ناو ئەو یاسایەدا شەرعیەت وەردەگرێت.

لە هەستی نەتەوەییدا، کورد زۆرجار باس لە یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و سروودی «ئەی ڕەقیب» دەکات. بەڵام یەکگرتوویی هەستی بە تەنیا دامەزراوە دروست ناکات. ئەگەر یەکگرتوویی سیاسی و نیشتمانی بکرێتە ئامانج، ئەوە پێویستی بە وەرگێڕانی ئەو هەستە بۆ ناو یاسا و دامەزراوە هەەیە. هێزی پێشمەرگە یەک نموونەی ڕوونی ئەم گواستنەوەیە.

هێزی نیشتمانی دەبێت بتوانێت دانیشتوانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ناوچە جیاوازەکان بە یەک پێوەر ببینێت. ناسنامەی حیزبی، بنەماڵەیی، ناوچەیی یان عەشیرەتی نابێت ببێتە پێوەری متمانە و پلە. ئەگەر هێز بتوانێت ئەم بنەمایە جێبەجێ بکات، کاریگەرییەکەی لە سنووری وەزارەتی پێشمەرگە تێدەپەڕێت. دەتوانێت ببێتە نموونە بۆ باقی دامەزراوەکان.

لەو مانایەدا، یەکخستنەوەی پێشمەرگە تاقیکردنەوەی توانای قەوارەی کوردییە بۆ گواستنەوە لە لۆژیکە حیزبییەکان بۆ لۆژیکی دامەزراوەیی. ئەگەر ئەو گواستنەوەیە لە کرداردا ڕووبدات، متمانە بە قەوارە زیاد دەبێت. ئەگەر پەیوەندییە کۆنەکان بە شێوەیەکی نادیار بەردەوام بن، ناوی یەکگرتن بە تەنیا بەس نەبێت.

کۆتایی: لە میراثی شۆڕشەوە بۆ دامەزراوەی نیشتمانی
مێژووی پێشمەرگە لە مێژووی سیاسیی کورد جیا ناکرێتەوە. ئەم هێزە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە پاراستنی خەڵک، بەرگری لە خاک و خەبات بۆ مافە سیاسییەکان گرێدراوە. بەڵام داهاتووی پێشمەرگە ناتوانێت تەنیا بە مێژووی شاخ پێناسە بکرێت. قۆناغی حکومەتداری داواکاریی نوێی هەیە: یاسا، فەرماندەیی یەکگرتوو، پیشەییبوون، شەفافیەت و چاودێریی مەدەنی.

ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکخستنەوەی هێزەکان لە سێپتەمبەری ٢٠٢٦ هەنگاوێکی گرنگە. بەڵام نرخ و مانای مێژوویی ئەم هەنگاوە بە جێبەجێکردنی داهاتوو دیاری دەکرێت. یەکگرتن کاتێک ڕاستەقینەیە کە یەک فەرماندەیی، یەک سیستەمی دارایی، یەک ستانداردی ڕاهێنان و یەک چوارچێوەی بەرپرسیارێتی هەبێت. هەروەها حیزبەکان پێویستیان بە چارەسەرکردنی جیاوازییەکانیان لە گۆڕەپانی سیاسی هەەیە، بەبێ ئەوەی هێزی چەکدار بکرێتە بەشێک لەو ملمڵانێیە.

بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەزموونی باشوور پرسیارێکی گرنگ دەهێنێتە پێش: ئەگەر گۆڕانێکی سیاسی ڕووبدات، پەیوەندیی نێوان حیزب، هێزی چەکدار و دامەزراوە گشتییەکان چۆن ڕێکدەخرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نابێت لە پرسی شێوەی حکومەت، مافی هاووڵاتی، فرەیی سیاسی، دادوەری و کۆنترۆڵی مەدەنی جیا بکرێتەوە. هەر پێکهاتەیەکی هاوبەشی پاراستن شەرعیەتی خۆی لە یاسا و خزمەتکردنی هەموو دانیشتوان وەردەگرێت.

لە کۆتاییدا، پرسی سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کە کورد چەند هێزی چەکداری هەیە. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو هێزە سەر بە کێیە، لە ژێر کام یاسا کار دەکات و لەبەرامبەر کێ بەرپرسیارە. قەوارەی سیاسی کاتێک بەهێز دەبێت کە چەک لە ژێر یاسا بێت، سنووری حیزب و دامەزراوە ڕوون بێت و پێشمەرگە خۆی بە پارێزەری هەموو دانیشتوان بزانێت.

ئەگەر یەکخستنەوەی ٢٠٢٦ بتوانێت ئەم گۆڕانە لە کرداردا بچەسپێنێت، گرنگییەکەی لە یەک ڕێوڕەسم و یەک ڕاگەیاندن زۆر زیاتر دەبێت. لەو کاتەدا دەتوانرێت وەک هەنگاوێک لە گواستنەوەی پێشمەرگە لە میراثی شۆڕش بۆ دامەزراوەی نیشتمانی بخوێندرێتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی

ڕۆژهەڵاتی، ڕۆژیار(٢٠٢٦): یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • یاد و لەبیرچوونەوە

یاد و لەبیرچوونەوە

یاد و لەبیرچوونەوە دانا حەمید «ئەوانەی ناتوانن ڕابردوو بەبیر بهێننەوە، مەحکومن بە دووبارەکردنەوەی». (جۆرج سانتایانا)… [واتە، مێژوو تەنها کۆمەڵێک چیرۆکی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە بۆ بینینی داهاتوو. فەرامۆشکردنی هەڵەکان، گەورەترین هەڵەیە [...]

  • هەندێ سەرنج دەربارەی ئەنفال و یادەوەریی

هەندێ سەرنج دەربارەی ئەنفال و یادەوەریی

هەندێ سەرنج دەربارەی ئەنفال و یادەوەریی دانا حەمید ١- یادەوەریی ئەنفال، لە جەوهەرە قووڵەکەیدا، فینۆمینۆلۆژیای غیابە؛ ئەزموونێکی بەردەوامی هەستکردنە بەو بۆشاییە گەورەیەی کە لە بوونی نەتەوەیەکدا دروست بووە. ئەمە تەنها گێڕانەوەی [...]

  • بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات

بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات

بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاگری ئیسماعیل نژاد ڕۆژی ٣٠ی مارسی ٢٠٢٦ لە ئیسلام‌ئابادی پاکستان، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی چوار وڵاتی ئیسلامی کە بریتی بوون لە سعوودییە، پاکستان، میسر و تورکیا [...]

  • ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست

ئاراستەدانی “گوتاری سیاسی” بە “گوتاری کولتووری”، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست

ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، پەیوەندیی نێوان "کولتوور" و "سیاسەت" یەکێکە لە ئاڵۆزترین کایەکان، بەتایبەت کاتێک [...]

  • ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا

ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا

ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا فاتح سەعیدی پێشەکی زۆربەمان ئەم شیعرەی مامۆستا هێمنمان بیستووە کە لە کاتی تەنگانە و نائۆمێدیی سیاسیدا دووپاتە دەبێتەوە [...]

  • کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی پەرویز شێخی ​سیاسەت و ئەدەبیات، ئەگەرچی لە دوو جەستەدا دەژین، بەڵام لە ڕاستیدا یەک گیانن؛ یەکێکیان کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا، ئەوی تر دەچێتە ناو [...]