ڕووخساری بەئۆبێکتکراو

دانا حەمید

ڕۆژانە کە پەنجەکانمان بەسەر شاشەی مۆبایلەکانماندا دەخشێنین و دەیبەین، بەناو لێشاوێک لە وێنە و ڤیدیۆدا تێدەپەڕین. سەدان ڕووخسار لە هەردوو ڕەگەز، پیر و گەنج دەبینین؛ ڕووخساری پڕ لە ئازار، خۆشڕوو و پڕ لە ئومێد، گەنجێکی بێهیوا، یان دایکێکی ماندوو. بەڵام با ڕاستگۆ بین، چەند جار ئەو ڕووخسارانە دەمانوەستێنن؟ چەند جار لە بینینی چاوی مرۆڤێکی تردا ئەو هەستەمان بۆ دروست دەبێت کە ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەری؟ وەڵامەکە تاڵە: زۆر کەم. ئێمە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووین؛ نەخۆشیی گۆڕینی مرۆڤ بۆ «شت»، یان ئەوەی پێی دەوترێت بەئۆبێکتکردنی ڕووخساری ئەویتر لە سەردەمی ئەمڕۆدا. لە بنەڕەتدا، ڕووخسار تەنیا گۆشت، پێست و ئێسک نییە، بەڵکوو دەروازەی مرۆڤبوونە. بە دەربڕینە لیڤیناسیەکە، کاتێک سەیری ڕووخساری کەسێک دەکەیت، ئەو نیگایە وەک بانگەوازێکی بێدەنگە کە پێت دەڵێت: «من هەم، ئازارم مەدە، ڕێزم بگرە و بەشی خۆمم لە ماف و شتەکان پێبدە». بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە، لە دەرەوە و هەم لە ناوخۆدا، پڕۆسەیەکی ترسناکی داماڵینی ئەم بەهایەیە لە ڕووخسار. کاتێک مرۆڤ دەبێتە شت، ئیتر ئازارەکانی نابینرێن، خوێنەکەی دەبێتە ئاو، و سڕینەوەی دەبێتە کارێکی زۆر ئاسایی.

با سەرەتا لە دەرەوە سەیری خۆمان بکەین. سیستەمی جیهانی و وڵاتانی دەوروبەر، هەرگیز ڕووخساری ئێمەیان وەک مرۆڤێکی خاوەن شکۆ و کەرامەت نەبینیوە. لە نیگای ئەواندا، ئێمە تەنیا شتێکین؛ یان کێشەیەکی ئەمنین کە دەبێت سەرکوت بکرێین، یان کارتێکی فشارین بۆ یارییە سیاسییەکان، یانیش ژمارەیەکی بێزارکەرین لەسەر سنوورەکان. کاتێک فڕۆکەیەک گوندێک بۆمباران دەکات، یان پەنابەرێک لەناو دارستانەکاندا جێ دەهێڵرێت تا ڕەق ببێتەوە، ئەوەی لەوێدا کار دەکات نیگایەکی خێچ و کوێرە؛ نیگایەک کە ڕووخساری قوربانییەکەی کردووە بە ئۆبێکت و ئیتر هیچ بەهایەکی مرۆڤانەی لێوە ناخوێنێتەوە. ئەگەر ئەوان مرۆڤبوونی ئێمەیان ببینیایە، هەرگیز نەیاندەتوانی ئەو کارەساتانەمان بەسەردا بهێنن. بەڵام ئازارە گەورەکە ئەوەیە کە خۆیشمان فێری هەمان یارییە نەفرەتییەکەی جەلادەکانمان بووین. لە ناوخۆی کۆمەڵگەی خۆماندا، ئێمە بەردەوام خەریکی شکاندن و بەئۆبێکتکردنی ڕووخساری یەکترین. سەیری کۆمێنتەکانی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن؛ کەسێک کە جیاواز بیر دەکاتەوە، ئیتر لای ئێمە مرۆڤ نییە. ئێمە ڕووخساریمان کردووەتە ئامانجێک بۆ بەتاڵکردنەوەی ڕقەکانمان، بۆ جنێودان و تیرۆری مەعنەوی. کاتێک لەسەر شاشەکان پەلاماری یەکتر دەدەین، ئێمە چاوی یەکتر نابینین، بەڵکوو تەنیا وێنەیەکی بێگیان دەبینین کە دەمارگیری و ڕق ماسکێکی بەسەردا کێشاوە.

لەلایەکی تریشەوە، لە بازاڕ و سیاسەتی ناوخۆییدا، مرۆڤی ئێمە بووەتە کاڵایەکی هەرزان. گەنجی بێکار، کرێکاری ماندوو، یان فەرمانبەری بێمووچە، لە چاوی دەسەڵات و سەرمایەداردا ڕووخسارێکی مرۆڤانە نین کە داوای ماف بکەن، بەڵکوو تەنیا ئامرازن، ژمارەن، یان لە باشترین حاڵەتدا، دەنگدەرێکن کە تەنیا لە کاتی هەڵبژاردندا وەک شتێکی کاتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و دواتر فڕێ دەدرێن. ئێمە لەبەردەم داڕمانێکی گەورەی مرۆڤایەتیداین. تا ئەو کاتەی نەگەڕێینەوە بۆ ناو چاوی یەکتر، تا ئەو کاتەی فێر نەبینەوە ڕووخساری بەرامبەرەکەمان وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف ببینین نەک وەک شتێک بۆ بەکارهێنان یان سڕینەوە، نە دەتوانین بەرەنگاری ستەمی دەرەوە ببینەوە، نە دەتوانین نیشتمانێکی ئارام بۆ خۆمان بونیاد بنێین. ڕزگاریی ئێمە تەنیا لە دروشمی سیاسییدا نییە، هەندێک جار لە پنت و شتی زۆر چکۆلەدایە کە جارێکی تر، مرۆڤبوونی خۆمان و ئەوانی تر بە ڕەسمی بناسێنینەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی

حەمید، دانا(٢٠٢٦): ڕووخساری بەئۆبێکتکراو. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست

ئاراستەدانی “گوتاری سیاسی” بە “گوتاری کولتووری”، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست

ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، پەیوەندیی نێوان "کولتوور" و "سیاسەت" یەکێکە لە ئاڵۆزترین کایەکان، بەتایبەت کاتێک [...]

  • ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا

ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا

ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا فاتح سەعیدی پێشەکی زۆربەمان ئەم شیعرەی مامۆستا هێمنمان بیستووە کە لە کاتی تەنگانە و نائۆمێدیی سیاسیدا دووپاتە دەبێتەوە [...]

  • کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی پەرویز شێخی ​سیاسەت و ئەدەبیات، ئەگەرچی لە دوو جەستەدا دەژین، بەڵام لە ڕاستیدا یەک گیانن؛ یەکێکیان کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا، ئەوی تر دەچێتە ناو [...]

  • جەنگ و نیگەرانییەکانی

جەنگ و نیگەرانییەکانی

جەنگ و نیگەرانییەکانی دانا حەمید لە پێکهاتەی ئاستی دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا، هێزگەلێکی سەرەتایی و دژبەیەک بوونیان هەیە کە شارستانییەت و یاسا بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان دەدەن. دەرونشیکاری، بەتایبەت لە [...]

  • سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران عومەر ئیزەدخواە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بە هێرشێکی گەورە و کاریگەری سەربازییان بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٦دا [...]

  • بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟ هێلینا باوەرنفایند زۆربەی خەڵک پێشتر لێرە و لەوێ لە هەواڵەکان، سۆشیاڵ میدیا یان ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکان بیستوویانە: فڕۆکە جەنگییەکانی A-10 Thunderbolt IIی ئەمریکی [...]