وتار

لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران 

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ خەرمانانی ٢٧٢٤ی کوردی

DOI 10.69939/TISHK3853

حەسەنیان، ئالان (٢٠٢٤): لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران. وەرگێڕ: کەماڵ حەسەنپوور.  https://tishk.org/ku/2024/09/14/violent-collective-punishment-in-rojhelat-and-authoritarian-resilience-in-iran/ 

پوختە

ئەم وتارە لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەپەرژێتە سەر شێوازی هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندەران و بە گشتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. نووسەر تێدەکۆشێت لە چوارچێوەی چەمکی سزادانی توندوتیژانەی گشتگیردا، نیشان بدات کە چۆن دەوڵەتی ناوەندی بۆ پاراستنی مانی خۆی لە ڕێگەی سەرکۆت و بەمیلیتاریزەکردنی کوردستانەوە، بەتایبەت پاش کۆشتنی ژینا ئەمینی لە مانگی خەرمانانی ٢٧٢٢ و سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەوڕووی خۆپیشاندەرانی کورد بووەوە. لەم توێژینەوەیەدا نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە چەند نموونەیەک، لەوانە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی شاری جوانڕۆ، پێشان ئەدات کە دەوڵەت چۆن لەڕێگای توندوتیژی، سزایەکی گشتی بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت و ئەم شێوازە لە هەڵسوکەوتی دەوڵەت بۆ سیاسەتێکی گشتیی دەوڵەتی ئێران لەهەمبەر نەتەوە نافارسەکاندا دەگەڕێتەوە.

.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: PDF

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • لێرە کرتە بکە و بابەتەکە وەک PDF دابگرە

  • بلاگ: ژیانەوە

  • نووسەر: ئالان حەسەنیان

  • وەرگێڕ: کەماڵ حەسەنپوور

  • ڕێکەوت: ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2024 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

وشە گرینگەکان: ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرخۆدانی کورد، پاوانخوازی ئێران، توندوتیژی دەوڵەت، ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی

پێشەکی                                                                                                                                           

دوای کوشتنی، ژینا ئەمینی، کچێکی ٢٢ ساڵانەی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ و سەرهەڵدانی دوای ئەو ڕووداوە و مەحکوومکردنی توندی ئەو کردەوەیەی ڕێژیم لە لایەن گەلی کوردەوە لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی تاقیکاریی شێواز و تاکتیکەکانی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم. دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جۆرگەلی زۆری سزادانی بەکۆمەڵیان بەسەر گەلی کورددا سەپاندووە، لە ناویاندا دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و ئیعدامی بەکۆمەڵ. ئەمە لە کاتێدا ڕوو دەدات کە ڕادەی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام کەم بووەتەوە و دەسەڵات تا ئاستێکی بەرز لەکونتڕۆل و بەدەستەوەگرتنی شەقام و شوێنە گشتییەکانی دیکە سەرکەتوو بووە. ئەو وتارە پێداگرە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئامانجی جۆراجۆر،کەڵک لە توندوتیژیی دەوڵەتی و سزادانی بەکۆمەڵ وەردەگرێ.بۆ وێنە ئەو هەڵوێستە، دەوری ئامرازێک بۆ خۆڕاگریی دیکتاتۆرییەت (Authoritarian Resilience) دەگێڕێ. ڕێژیم بە شێوەیەکی دڕندانە داواکارییەکانی گەلی کورد بۆ ئاڵوگۆڕ سەرکوت دەکات. ئەم دۆخە دەرخەری توانایی و ویستی ئەو ڕێژیمەیە بۆ لەناوبردنی بەرهەڵستکارەکانی بە ئامرازی سەرکوتکەرانە و توندوتیژانەیە.

Funerals, grieve and collective resistance

‘بەخاکسپاردن، تازیە و خۆڕاگریی جەماوەری’

ڕاپۆرتی جۆراوجۆری پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، لە ناویاندا دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی چالاکانی کورد، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئەوانە ئاکاری باوی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەو دۆخە بووە بە هۆی دروستبوونی کەشوهەوایەکی پڕ لە ترس و سەرکوت. وڵامی دەوڵەتی ئێران بە سەرهەڵدانەکە، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات، کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەری توندوتیژی، لە ناویاندا بەکارهێنانی یەکە سەربازی و میلیشیاییەکان، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و کەڵکوەرگرتن لە هێزی کوشندە دژ بە خۆپیشاندەران بوو.

Map of Rojhelat

بەرپەرچدانەوەی توندوتیژانەی ڕێژیم بە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دەربڕینی بێبەزەییانەی ڕێژیمە بەرانبەر بە هەر جۆرە ئالنگارییەک دژی دەسەڵات، ئایدیۆلۆژی و پێناسەی “شوناس” لە ئێران. بەڵام، بەرژەوەندیی ژیۆپۆلێتیکی و چوارچێوەی بەرینتری سیاسەتی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، زۆر جار وڵامی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە دۆخی نالەباری کوردان لە ئێران کز دەکات. سەرکوتێکی وەها بەربەرین و سزای توندوتیژانەی بەکۆمەڵ درێژەی پێناسەی باوی پەیوەندیی کورد و دەوڵەت لە ئێرانە.

Jina Amini and her grave

لە ڕاستەوە: ژینا ئەمینی و گڵکۆیەکەی

لە خۆپیشاندانەکانەوە بۆ سەرکۆتی سەربازی: سیاسەتی لەناوبردنی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ساڵی ٢٠٢٢ و بەولاوە دەستپێکی سەردەمێکی نۆیە لە توندوتیژیی دەسەڵات لە کوردستان و ناوچەگەلێکی وەکوو بەلوچستان، کە خاوەنی پێکهاتەی ئەتنیکی و ئایینیی جیاواز لە ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە تارانن. لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خەڵکی ئەو ناوچانە بوونەتە ئامانجی ڕۆژانەی توند وتیژیی سپای پاسداران و میلیشیاکانی دیکەی ڕێژیم. بەڵام، لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بەولاوە، بەبارمتەگرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزی و کولتووری بە ئاستێکی بەرچاو پەرەی ئەستاندووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرخۆدانی بەکۆمەڵ و ناڕەزایەتیی جەماوەری، تەنیا ئامرازی بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر بە دۆخێکە کە ڕێژیم لەم ناوچانەدا بەسەرخەڵکیدا سەپاندووە. بۆ وێنە، لە دوو مانگی یەکەمی دوای کوشتنی “ژینا ئەمینی”دا، لە کوردستان شەش مانگرتنی گشتی بەڕیوە چوون کە بەسەر یەکەوە بیست و پێنج ڕۆژیان خایاند و لەو مانگرتنانەدا دووکان و بازاڕەکان، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی کەڵک وەرگرتنی ڕێژیم لە توندوتیژیی بێ سنوور و کوشتنی سەدان خۆپیشاندەری کورد، داخران. لە تۆڵەی دەوری پێشەنگانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات لە ماوەی ئەو سەرهەڵدانەی کە بە شۆڕش و سەهەڵدانی ژینا ناسراوە، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی وێرانکارانەی خۆی لە کوردستان چڕوپڕتر کردەوە، لە ناویاندا چڕ کردنەوەی سیاسەتی ئێکۆساید و گەمارۆدانی شار و شارۆچکە کوردییەکان. ئامانجی ئەو سیاسەتە زیاتر هەژار کردن و پەرەپێدانی چەوسانەوە لە کوردستانە.

پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژە میلیتاریزەکراوترین ناوچەکانن کە تیایاندا هەموو کون و کەلەبەرەکانی ژیان لە ژێر پشکنیندان و بە چاویلکەی ئەمنییەتی و سەربازییەوە لێیان دەڕوانرێت . ئەو دۆخە بووەتە هۆی خراپتر بوونی هەلو مەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات. ئاگر تێبەردانی بەرەدەوام و یەک لە دوای یەکی دارستانەکان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆتە هۆی لەناوچوونی دیمەن و دارستانەکانی کوردستان کە ئەوەش دەرخەری پێداگریی ڕێژیمە لەسەر وێرانکردنی کوردستان و سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تۆڵەی خەباتی دژبەرانەیان بەرانبەر بەو ڕێژیمە. بێجگە لەوە، بەکەڵکوەرگرتن لەو ڕێکارانە، ڕێژیم بەتەمایە کوردستان وەکوو مودێلێکی سزادان بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران کەڵک وەرگرێت. کەڵک وەرگرتنی ڕێژیم لە توندوتریژی بە مەبەستی سزادانی بە کۆمەڵ لە دوای سەرهەڵدانی سالێ ٢٠٢٢ لە ڕۆژهەڵات، پرسێکی کۆن و مێژوویییە کە پەیوەندیی بە سیاسەت و ستراتیژییەکانی دەوڵەت نەتەوە لە ئێران هەیە و لە هەڵسو کەتیدا بەرانبەر بە نەتەوە غەیرە فارس و بندەستەکانەوە خۆ دەنوێنێ.

Collective punishment vs. collective resistance in Kurdistan

سزای بەکۆمەڵ لەبەرانبەر خوڕاگریی بەکۆمەڵدا

تێگەیشتن لە توندوتیژیی ڕێژیم، پێویستی بە زانیاری لە مەڕ پەیوەندیی مێژووییی کورد و دەوڵەت لە ئێران هەیە هەر وەها ناڕەزایەتیی قووڵی گەلی کورد دژ بە سیاسەتی دەوڵەتی ئێران کە بووە بە هۆی کۆنتڕۆڵ و سەرکوتی هەر جۆرە بەرهەڵستکارییەک. پەیوەندییەکانی کورد و دەوڵەت لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیدا گەلێک نموونەی گەمارۆدانی پارێزگا و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی بە خۆیەوە بینیوە کە لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ وەکوو تاکتیکی سەرکوتکارانەی ڕێژیم بۆ سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کورد کەڵکیان لێ وەرگیراوە. لە کات و دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینادا، بەشی هەرەزۆری ڕۆژهەڵات بووە ئامانجی هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و قۆناغگەلی جۆراوجۆری گەمارۆدران.

On the left are two Kurdish female peshmerga fighters, and the image of the rights is a big Kurdish ‘No’ to the Referendum of the Islamic Republic on 30 March 1979.

لە لای چەپەوە، دوو ژنە پێشمەرگە و لە لای ڕاستەوە وێنەی ‘نا’یەکی گەورە لە لایان گەلی کوردەوە لە کاتی گشتپرسی کۆماری ئیسلامی لە ٣٠ مارسی ١٩٧٩دا.

کۆمەڵکووژیی جوانڕۆ، شارێکی بێ دیفاع و گەمارۆدراو

بە تایبەت دوای سەرهەڵدانەکانی سالێ ٢٠٢٣-٢٠٢٢، کەڵک وەرگرتنی ڕێژیم لە سزادانی بەکۆمەڵ لە ڕۆژهەڵات، ئەوەندە بەربڵاو بوو کە هەموو شارەکانی کوردستان دەتوانن ببنە بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوە. بەڵام، کوشتاری بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران لە نۆڤەمبەری سالێ ٢٠٢٢ دا لە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان و سزادانی بەکۆمەڵ و پێشێلکاریی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بە باشی تۆمار کراوە. بۆیە ئەم نووسراوە کورتە، ئەو ڕووداوە دڕندانەیەی ڕێژیمی وەک نموونەیەک هەڵبژاردووە. بۆ وێنە، ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران و ڕایەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێرشە دڕندانەکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر جوانرۆیان لە ڕاپۆرتێکی ١٠٠ لاپەڕییدا بە ناونیشانی “کۆمەڵکوژیی جوانڕۆ، توندو تیژیی دەوڵەت دژ بە خۆپیشاندەران لە کوردستانی ئێران” تۆمار کردووە. ئەو هێرشە هەشت کوژراو و لە نێوان ٨٠ بۆ ١٠٠ برینداری لێ کەوتەوە. ئەو دڕندەییە دوای خۆپیشاندانێکی هێمنانە لە جونڕۆ ڕووی دا کە لەوێدا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، لە ناویاندا سپای پاسداران و میلیشیای دیکە، بۆ ماوەی شەش مانگ خەڵکی ئەو شارەیان هەراسان کرد.

Massacre in Jiwanro, State Atrocities Against Protesters in Iran's Kurdish Region

کۆمەڵکوژیی جوانڕۆ، توندوتیژیی دەوڵەتی دژ بە خۆپیشاندەران لە کوردستانی ئێران

لە سەرەتاکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢وە، دۆخی جوانڕۆ بەرەو خراپتربوونێکی فراوان گۆڕدرا. شارەکە وردە وردە وەکوو گۆڕەپانی شەڕی لێ هات و لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤەمبەردا، سپای پاسداران بە چڕی لە هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی بەشدار بوو و دەستی بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی شارەکە کرد. هێرشی ڕێژیم بە دڕندەیییەکی لەڕادەبەدەر پەرەی سەند، وەکوو بڵێی ئەو هێزە خەریکی شەڕ دژی هێزێکی بیانی و دەرەکییە کە ئەمەش لەخۆیدا سەلمێنەری ڕەفتاری کۆلۆنیالیستیی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتە. هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەردەوام کەڵکیان لە چەکی قورس و نیوە قورس بۆ تەقە لە خۆپیشاندەران وەردەگرت. کەشوهەوای شار بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. لەگەڵ کەڵک وەرگرتنی هێزە پۆشتە سەربازییەکانی ڕێژیم لە چەکی قورس، وەکوو دۆشکە و چەکی ئوتوماتیکی دیکە و کەڵک وەرگرتن لە تاکتیکی جەنگی دژی خەڵکی سیڤیل و بێ چەک، کەشوهەوای شار بوو بە گۆڕەپانی شەڕێکی ڕاستەقینە. لە وڵامی ئاوا هێزێکدا، خەڵکی مەدەنی دژی هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردیان دەهاوێشت. کێشەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەموو ڕوانگەیەکەوە لاسەنگ بوو. لە لایەکی دیکەوە، شەڕ بۆ دەست بەسەرداگرتنی تەرمی کوژراوان لە لایەن ڕێژیمەوە هاتە ئاراوە ئەو هەلومەرجە، ئاماژە بە دۆخێکە کە لەوێدا ڕێژیم بەردەوام هەوڵی دەدا دەست بەسەر تەرمی قوربانییانی خۆپێشاندانەکاندا بگرێ تا پێش بە ناشتنیان لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە بگرێ، لەبەر ئەوەی ئەمە دەبووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بۆ مرۆڤکوژیی دەوڵەتی ئێران.

left is a life bullet used against the protester (Jiwanro, 21 November 2022).

لە لای چەپەوە وێنەی فیشەکێک کە لە دژی خۆپیشاندەران کەڵکی لێ وەرگیراوە (جوانڕۆ، ٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لای ڕاستەوە خاڵێکی پشکنینی سپای پاسداران لە جوانڕۆ.

بە مەبەستی بەرز کردنەوەی ئاستی دڕندەییی خۆی، ڕێژیم ئوتۆمبێلی سەربازی و چەکداریی لە شار و پارێزگانی دیکەوە ڕەوانەی جوانڕۆ دەکرد. لە کۆتاییەکانی نۆڤەمبەردا، سپای پاسداران و چەکدارانی دیکەی ڕێژیم کۆنتڕۆڵی هەموو شارەکەیان بە دەستەوە گرتبوو و خاڵی پشکنینیان لە دەوروبەر و شوێنی جیاجیای شارەکەدا دامەزراند، کە ئەم هەلومەرجە تا ٢ی مارسی ساڵی ٢٠٢٣ درێژەی کێشا. ئاوەها کەشوهەوایەکی تۆقێنەر کە باڵی بەسەر شارەکەدا کێشا بوو، بوونی بەرچاوی هێزەکانی سپای پاسداران و تەقە بەربڵاو و هەڕەمەکییەکانی ٣١ی دێسەمبەری ٢٠٢٢، دەرفەتی ژیانێکی ئاساییی لە خەڵکی جوانڕۆ زەوت کردبوو. لە وڵامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ج

وانڕۆ دژی ڕێژیم، سپای پاسداران وەک سزادانێکی بەکۆمەڵ و تۆڵە کردنەوە، گەمارۆیەکی چوار مانگەی بەسەر شارەکەدا سەپاند. وەکوو لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “تا سەرەتاکانی مانگی مارسی ٢٠٢٣، جوانڕۆ لە ژێر گەمارۆیەکی وێرانکەردا بوو  کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکاندا وەکوو سزادانێکی بە کۆمەڵ بە سەر شارەکەدا سەپێنرا. پشکنینی چڕوپڕ و چاوەدێریی جموجۆڵی ئوتۆمبێلەکان لە کاتی هاتوچۆیان بۆ ناو و دەرەوەی شار، کاریگەریی سەیری لەسەر بژێوی ڕۆژانەی هەرە زۆری دانیشتووانی جوانڕۆدا دانا. بەشێکی بەرچاوی ئابووریی شار پشت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سەر سنوور دەبەستێ کە لەوێدا خەڵک لە شار و پارێزگاکانی دیکەڕا بۆ کڕین و بازرگانی دەچن بۆ ئەم شارە، چونکە بازاڕی جوانڕۆ یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی سەر سنوورە”.

سپای پاسداران لە سەرجەم خاڵەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ناو شار جێگیر کرا تا پێش بە بردنە دەروەی هەرجۆرە شتومەکی کڕدراو لە ‘بازاڕی’ سەر سنووری جوانڕۆ بگرێ. هەموو شارەکە، کە لە پێشیشدا بە دەست قەیرانی بێکارییەکی بەربڵاوەوە دەیناڵاند، خرایە ژێر گەمارۆیەکی بەربەرینی ئابووری و سەربازی کە ئەمەش بە مەبەستی سزادانی سەرجەم دانیشتووانی شارەکە و وەک تۆڵە ئەستاندنەوە بە هۆی نیشاندنی ناڕەزایەتییەکان، ئەنجام درا. هێزە هەواڵگری و چەکدارەکانی ڕێژیم لە نێو و هەروەها دەرەوەی دامەزراوە پزیشکییەکاندا بۆ دەستنیشان کردنی خۆپیشاندەرە بریندارەکان، جێگیر کرابوون. ئەوەش کێشە و ئالنگارییەکی مەزن بوو بۆ ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکانی شاری جوانڕۆدا بەشدار و بریندار ببوون؛ چونکە لەبەر مەترسیی دەستبەسەر کران، نەیاندەتوانی لە نەخۆشخانەی شار داوای پێڕاگەیشتنی پزیشکی وەربگرن. لە ٢١ی نۆڤەمبەر، لانیکەم ٢٠٠ کەس چەکداری زیادە وەکوو پشتوانی بۆ چەکداراکانی سپای پاسداران هێنرانە ناو شار، کە ئەمەش بووە هۆی پەرە سەندنی بەرچاوی ترس و نیگەرانییەکان.

لە کاتێکدا کە دانیشتووانی جوانڕۆ هەوڵیان دەدا یارمەتیی پزیشکیی بگەیەننە بریندارەکان، هەوڵەکانیان لەبەر بوونی بەرچاوی چەکدارەکانی سپای پاسداران و تەقەی بەردەوام بێ ئاکام بوو. لەبەر ڕێژەی فرە بەرچاوی بریندار بووەکان، بەشێکی بەرچاو لەوان نەیاندەتوانی یارمەتیی سەرەتاییی پزیشکی وەرگرن لە کاتێکدا کە هێشتا لە سەر شەقام بوون. ئەو کەسانەی هەوڵیان دەدا لە سەر شەقام یارمەتیی پزیشکی بگەیەننە بریندارەکان دەبوونە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران و میلیشیاکان، هەروەها بەرەوڕووی مەترسیی دەستبەسەر کران دەبوونەوە. وەکوو لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەو دۆخە نامرۆڤانەیە وای کردبوو کە نەخۆشخانەی شارەکە وەکوو دوورترین شوێنی دنیای لێ هاتبوو. شەو درەنگانی ٢١ی نۆڤەمبەر، دوابەدوای بەدستەوە گرتنی کەنترۆڵی تەواوی جوانڕۆ لە لایەن سپای پاسدارانەوە، وەک سەرچاوەکان ئاماژە دەدەن، بە لانیکەمەوە ٦٠ بریندار کە لە ترسی دەستبەسەر کران لە ئەگەری داوای وەرگرتنی پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە بنکە پزیشکییەکانی شار، خۆیان لە ماڵی خەڵکدا حەشار دابوو. میلیشیاکانی سپای پاسداران هۆشدارییان بە کادری دەرمانیی خەستەخانەی شارەکە دابوو کە بەر لە پەیوەندیگرتن بە سوپای پاسدارانەوە خۆ لە پێڕاگەیشتن بە بریندارەکان ببوێرن.

بەردەوامیی توندو تیژی و سەرکوتی دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵات

بە گوێرەی یەکێکل لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، هەنگاو، پاش سەرهەڵدانەکانی ساڵی ٢٣-٢٠٢٢، هێزە چەکدار و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لانیکەم ٧٤٥ کوردی مەدەنی و چالاکوانیان لە پارێزگا جۆراجۆرەکانی کوردستان و کوردی نیشتەجیی تاران، خوزستان، خۆراسان و مازەندەران بە هۆی سیاسییەوە دەستبەسەر کردووە. هەنگاو لە ڕاپۆرتی مانگی مای ٢٠٢٤ دا پەرە ئەستاندنی کەشوهەوای دەسبەسەرکردنی بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی پشتڕاست کردەوە کە لەوێدا دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران، ١٤١ کەسیان دەستبەسەر کردووە. زیاتر لە ٪٧٠ی دەستبەسەرکراوان لە ئێران سەر بە نەتەوەکانی کورد و بەلووچن. بەڵام پێویستە جەخت بکرێتەوە کە ڕاوەدوونانی بەربڵاو تەنیا تایبەتی ماوەی شۆڕشی ژینا نییە؛ بەڵکوو ئەم جۆرە توندوتیژییانە ڕیشەی مێژوویی‌یان هەیە. بۆ وێنە، دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩ کە بەهۆی کاردانەوە بە بەرز بوونەوەی لەناکاوی نرخی سووتەمەنی ڕوویان دا، کاربەدەستانی ڕێژیم بە لانی کەمەوە ٢٠٠٠ کەسی مەدەنییان لە کوردستان دەستبەسەر کرد.

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات سەلمێنەری بوونی دیاردەیەکە کە بە توندوتیژیی دەوڵەتی و سزادانی بەکۆمەڵ

پێناسە دەکرێ کە پێشینەیەکی مێژووییی هەیە. ئەو دیاردەیە درێژەدەری هەڵسوکەوتی کۆنی ‘تێرۆری دەوڵەتی و توندوتیژییە’ کە لە دژی خەباتی ناسنامەییی کورد لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت. بەکارهێنانی وەها شێوازگەلی توندو تیژیی دەوڵەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کە بە تایبەت لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمە وە پەرەی سەند و دوای شۆڕشی ١٩٧٩ درێژەی بە ڕێچکەکەی خۆی دا. تێگەیشتن لە سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کورد لە ئێران، لێکۆڵینەوەی فرەڕەهەندی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری دەخوازێ. کوردی ڕۆژهەڵات، وەکوو کوردانی ئەو وڵاتانەی دیکەی کوردستانیان داگیر کردووە، خاوەن شوناسێکی کولتووری و نەتەوەییی خۆیانن کە لەگەڵ ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان جەختی لەسەر دەکەنەوە جیاوازە.

یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی مودێرنی دوای ڕۆشنگەری (post-Enlightenment)، ئاسیمیلاسیۆن، یەکدەستکردن و یەک شێوازی لە نێو پانتایەکی بەرتەسکی ئەتنیکی و سیاسی و هەروەها ئافراندنی ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی لەمەڕ ئەو جۆرە خەڵکەی هەن و ئەو جۆرەی دەبێ بوون و شوناسیان دیاری بکردرێت. لە ڕوانگەی مێژووییەوە، لێکۆڵینەوە لەو فاکتەرانەی هاندەری کەڵکوەرگرتنی دەوڵەت لە توندوتیژین، ئەوە دەسەلمـێنن کە خەباتی توندوتیژانە، وەکوو شەڕی ناوخۆ، شۆڕش و هەوڵی لەنێو بردنی ئەوانی دیکە، بونیاتنەری گەلێک لە دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەو سەردەمەن. ئەو کێشانە زۆر جار دەبنە هۆی پتەوکردنی شوناسی نەتەوەیی و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندگەرا. توندوتیژیی دەوڵەتەتی دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و لەدەرئەنجامدا سەرهەڵدان و سەرکوتی سەرهەڵدان و سەپاندنی شوناسێکی یەکگرتووی نەتەوەیی. لە پەیوەندی لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە، توندوتیژیی دەوڵەت شمشێرێکی دوو دەمە. لە کاتێکدا دەتوانێ یارمەتیدەری دامەزراندن و ناوەندگەرا کردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەپاندنی شوناسی نەتەوەییی زۆرەملی و بەدەستەوە گرتنی کۆنتڕۆڵی سامانەکان بێت، ئەوم جۆرە توندوتیژییانە هەڵگری مەترسیی ناسەقامگیریی درێژخایەن، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بێ ئیعتیبار کردنی دەوڵەتن. ئاکامی دیاریکراو بەستراوەتەوە بە فاکتەری جۆراوجۆر، لە ناویاندا چوارچێوەی مێژوویی، سروشتی دەوڵەت و ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا چالاکە.

لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی سەد ساڵەی کورد و دەوڵەت لە ئێران، وەکوو وڵاتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان، دەرخەری بوونی پەیوەندیی داگیرکەر-داگیرکراوە کە بە چەوساندنەوە و توندوتیژی پێناسە کراوە. وەها پەیوەندییەک هەروەها ئەوە ئاشکرا دەکات کە پەیوەندیی نێوان توندوتیژیی دەوڵەتی و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە ئاڵۆز و فرە لایەنە کە ڕەهەندەکانی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگرێتەوە. ئەگەرچی ئێران چوارچێوەیەکی جوغڕافیاییی چەند سەد ساڵەیە، ئافراندنی شوناسێکی نەتەوەییی یەکدەست کە سەرجەم تاقمە نەتەوەییەکانی نێو سنوورەکانی بگرێتەوە فەشەلی هێناوە و لە ڕاستیدا لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. هەوڵە توندوتیژانەکانی ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بۆ دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی یەکدەست و یەک نەتەوەیی شکستی هێناوە، بەڵام پێداگریی ئێلیتی دەسەڵاتدار لەسەر بەئەنجام گەیاندنی ئەو کارە، بووەتە هۆی پێشێلکاریی بەرینی مافەکانی کۆمەڵگا و نەتەوە غەیرە فارسە پەراوێز خراوەکان.

مرۆڤ ڕەنگبێ پاساو بێنێتەوەکە دەوڵەت-نەتەوەی ئێران سەد ساڵە بوونی هەیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە، کە لە ١٩٨٠ بەولاوە دامەزراوە، دەسەڵاتی تەواوی بەسەر کوردستانەوە هەیە. بەڵام، ڕاستییەکە ئەوەیە کە تەنانەت بێت و لە سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتدا و لە شکستی باڵی سەربازیی جووڵانەوەی کوردی سەرکەوتوو بێ، بەڵام لە زاڵبوون بەسەر دڵی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و مسۆگەر کردنی وەفادارییان شکستی هێناوە. دوای گواستنەوەی توندوتیژانەی دەسەڵات لە ڕێژمی سەرەڕۆی پاشایەتیی پەهلەوییەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی دڕندەی ئایینیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩ دا نەیتوانی بەڵێنییەکانی لەمەڕ ئازادی و یەکسانی بە جێ بگەیەنێت. لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، توندوتیژیی دەوڵەتی و تێرۆر و چەوساندنەوەی بەردەوامی کۆمەڵگا جۆراجۆرە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەردەوام بووە، بەڵام بەشێوەی سەرەکی گەلی کوردی بە ئامانج گرتووە.

کەڵکوەرگرتنی بەرفراون و بێ جیاوازیی توندوتیژی و دڕندەیی لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ کپکردنی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و لە بەشە جیاکانی ئێران لە ئاستی بێ وێنەدا ئەنجام دەدرێن. میلیتاریزەکردنی بەربڵاوی ڕۆژهەڵات، دامەزراندنی ژمارەیەکی بەرچاوی خاڵی پشکنین و سەپاندنی جۆرگەلی دەسەڵاتی سەربازی، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی ئێران نموونەی پەیوەندیی ‘داگیرکەر-داگیرکراوە’. لە پەیوەندی لەگەڵ باسی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیم دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا بۆ تەواو کردنی پرۆسەی دامەزراندنی دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران پەلەقاژەیەتی. هەروەها ئەم هەوڵە نامرۆییانە بەڵگەی شکستهێنانی پتەو کردنی دەسەڵاتی ڕێژیمە لە ئێران و شوینگەلی وەکوو ڕۆژهەڵات. ئێمە نابێ هەڵوێستی سزادانی بەکۆمەڵ و بێ جیاوازیی دەوڵەتی ئێران دژی کورد لە ڕۆژهەڵات وەکوو کردەوەیەکی نائەقڵانی و هەڕەمەکی سەیر بکەین، بەڵکوو ئەوە ئاکارێکی پلان بۆ داڕێژراوە لە چوارچێوەی لەقاڵبدانەوەی پێناسەی دیاریکراو لە لایەن دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیی ڕێژیمە پێناسەکراوە.

لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە، هەڵسوکەت لەگەڵ کێشەی کورد لە ئێران، سەرنجەکان بەرەو پرسی مافەکانی مرۆڤ ڕادەکێشێ. بەڵام، تێڕامانە ژێئۆپۆلێتیکییەکان، وەکوو گرینگیی ستراتێژیکی ئێران و ئاڵۆزیی کێشەی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس لە چەند وڵات، زۆر جار دەبێتە هۆی دەستێوەردانی سنوورداری نێونەتەوەیی یان هاوپشتی و هاوسۆزی تا ئاستی کەم لەگەڵ داواکارییەکانی کوردان بۆ دیاریکردنی چارەنووس. بەڵام، کاتێک دەگاتە پرسی کەڵكی خراپ وەرگرتنی ئێران لە کێشەی ئیسڕائیل-حەماس لە کاتێکدا کە ڕێژیم کوردەکان سەرکوت دەکات، بەرەو ڕووی هیچ لێپرسینەوەیەک نابێ. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت لە چوارچێوەی پەیوەندیی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەگەڵ ئێران، پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی لە کوردستان، هیچ گرنگییەکیان نییە.

چەند نموونە لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لە ناویاندا تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە لایەن ئێرانەوە لە ڤییەن لە ١٣ی جولای ١٩٨٩. کاتێک پۆلیسی ئوتریش قاتڵەکانی دەستبەسەر کرد، بە هۆی ئابوورییەوە، ئەوانی ڕادەست کردەوە، یان باشترە بڵێین ئەوانی ‘ئیسکۆرت’ کردەوە بۆ تاران. دەرخەری ئەوەیە کە ئەم کێشەیە و باتەتە پێوەندیدارەکانی، لای ئەوان هیچ گرنگییان نییە. ئێرانییەکان باش لە خەمساردیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەرانبەر بە دڕندەیییەکانیان و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاگادارن. لە ئاکامدا، ئەوان زۆر بیر لەو فاکتەرە ناکەنەوە. ئێستا، ڕۆژاوا بە پرسی دیکەوە سەرقاڵە، وەکوو بەرنامەکانی ناوکی و هاژەکی بالیستیکی و کاریگەرییەکەی لەسەر شەڕی ناڕاستەوخۆی ئێران و تێوەگلانی لە چالاکییە تێکدەرانەکانی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانیدا. بۆیە، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە پرسی پەیوەندیدار بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵات، شتێک نییە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زۆر بێزار بکات و خۆیانی پێوە سەرقاڵ کەن.

  • دوکتور ئالان حەسەنیان مامۆستای لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنستیتۆی توێژینەوەی عەرەبی و ئیسلامی (IAIS) لە زانکۆی ئێکزێتەرە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستێری لە کارگێڕیی گشتی و سیاسەتی نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە و دواتر دکتۆرای لە خوێندنی کوردی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێکزێتەر تەواو کردووە. تێزی دکتۆراکەی لەسەر بزووتنەوەی کوردستان (لە ئێران و عێراق) لە سەدەی بیستەمدایە. سپۆڕیی د. ئالان حەسەنییان قۆناغە مێژوویی‌یە گرینگەکان دەگرێتەوە، لەوانە دەوڵەت و کۆمەڵگا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مێژووی هاوچەرخی ئێران، سیاسەتی کوردستان و بنیاتنانی بنەماکانی دەوڵەتی نەتەوەیی لە عێراق لە سەردەمی عوسمانیدا. یەکێک لە لێکۆڵینەوە و بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی د. حەسەنییان، کتێبی “سیاسەتی کوردی لە ئێران – هەڵسوکەوت و چالاکییەکانی دەرەوەی سنوور لە ساڵی 1947ەوە” ــیە کە لە ساڵی 2021 لەلایەن چاپخانەی زانکۆی کامبریجەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. لەو لێکۆڵینەوەیەدا ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی کوردی و بەئەمنییەتی‌کرانی دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توێژینەوەی لەسەر کراوە و تیشک خراوەتە سەر ململانێی چەکدارانە و ڕاپەڕینی جەماوەری لە ناوچەکەدا.
  • ئەو وتارە لە وێبیناری هاوبەشی کۆڕبەندی لێکۆڵینەوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ توێژینەوەی دەوڵەتداری، گەشە و ئاشتی لە ئەی دی ئای، لە ژێر ناوی “سەرکوتکردنی کوردان لە تورکیە و ئێران لە پاشخانی شەڕی غەززە دا” (٥ی ئاگوست، ٢٠٢٤) پێشکەش کرا. ئەو سەمپۆزیۆمە گەنگەشەی چۆنیەتیی کەڵک وەرگرتنی دەوڵەتانی تورکیە و ئێران لە ڕاکێشرانی سەرنجی جیهانی بەرەو کێشەی ئیسڕائیل-حەماس بۆ چڕ کردنەوەی سەرکوتی کوردانن (بۆ وردەکاریی زۆرتر، بڕوانە MESF Webinar – Leveraging Global Distraction – MESF)

داگرتنی پی دی ئفی بابەتەکە

وێنەی داگرتنی پی دی ئفی تیشک

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە