کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
پەرویز شێخی
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار دەخەنە سەر ئەوەی کە سەرکردایەتییەکان بێنە ناو قەرەباڵغی و وردەکاریی هەنگاوەکانیان ببیستن، داوایەک دەخەنە ڕوو کە لە ڕواڵەتدا مافە، بەڵام لە بنەڕەتدا کونکردنی دیواری پاراستنی نەتەوەی بێدەوڵەتی کوردە. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بەگشتی کاتێک سیاسەت بگاتە گوێی خەڵک، ئیتر نێوی سیاسەت نییە و دەبێتە گوتارێکی بازاڕی.
ئەم مەترسییە ڕێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگاتە لوتکە. حیزبی ڕۆژهەڵاتی کە لە نێوان ئاڵۆزیی ناوچەکە و چاوی بێڕەحمی نەیاراندایە، نابێت سیاسەت بکاتە چیرۆک، بەڵکوو دەبێت لە پشت پەردەی نەگوتراوەکانەوە بڕیار بدات. کاتێک کادری باڵای سیاسیی ئەم حیزبانە لە ژێر گوشاری کاتیی شەقامدا، پەنا دەبەنە بەر گێڕانەوەی وردەکارییەکان، لە ڕاستیدا خەریکی داماڵینی هێزی کوردن لەبەردەم چاوی بێبەزەیی دەزگا جەهەنەمییەکان و نەخشەداڕێژەرانی دژەکورددا.
ئەم هەوڵە بۆ ئاشکراکردنی ڕەها، وەک ئەوە وایە مرۆڤ ئەندامە ناوەکی و نهێنییەکانی جەستەی خۆی ئاشکرا بکات. چۆن جەستەی مرۆڤ بەبێ پاراستنی ئەندامە ناوەکییەکانی بەرگەی بچووکترین ڤایرۆسی دەرەکی ناگرێت، سیاسەتیش بەبێ بوونی دیوێکی پارێزراو و دوور لە چاوی بیانی، لەبەردەم تاقیگەی بێبەزەیی دوژمندا هەرەس دەهێنێت و دەبێتە نێچیرێکی ئاسان.
سیاسەت لە ڕەسەنایەتیی خۆیدا، لەناو تەریکیی ژوورە داخراوەکاندا مانا وەردەگرێت؛ ئەو شوێنەی بڕیار وەک کردەیەکی ڕەها و دوور لە چاوی تینووی جەماوەر چەکەرە دەکات. لەوێدا، سیاسەت هێشتا نەبووەتە دەق و نەکەوتووەتە ژێر باری شڕۆڤەی بازاڕ. بەڵام کاتێک ئەم ئیرادەیە ڕادەکێشرێتە بەردەم مایکەکان، سیاسی لە ئەندازیاری مێژووەوە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەری شانۆ. مایک، سیاسەت لە ستراتیژەوە دادەماڵێت و دەیکاتە چیرۆکێکی پۆپۆلیستی بۆ ڕازیکردنی کاتیی شەقام. ئەم گواستنەوەیە لە بێدەنگیی بڕیارەوە بۆ ژاوەژاوی گوتار، جۆرێکە لە خۆکوشتنی هێماین؛ چونکە هێز لەو چرکەساتەدا کۆتایی دێت کە دەبێتە بابەتێکی بینراو و هەراجکراو.
ئەگەر وەکوو دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو بڵێین سیاسەت هونەری مومکینە، دەبێت بپرسین: ئەم مومکینبوونە لە کوێدا چەکەرە دەکات؟ لای ئەو، مومکینبوون بەرهەمی عەقڵێکی ستراتیژییە کە دەزانێت کات و نهێنی دوو ڕەهەندی دانەبڕاوی هێزن. ئەم چەمکە لای تۆی سیاسی بەو مانایەیە کە بزانیت لە ناو ئەم هەموو بەربەست و قەیرانانەدا، چی بۆ وەپێشبردنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد مومکین دەبێت و چۆن ئەو دەرفەتە بچووکانە دەقۆزیتەوە بۆ گۆڕینی واقیع. ئەم تێگەیشتنەی دکتۆر قاسملوو بۆ سیاسەت وەک هونەر، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بکەری سیاسی نابێت تەسلیمی واقیع بێت، بەڵکو دەبێت لە ناو نامومکینەکاندا، ڕێگەیەک بۆ “مومکین”بوون بدۆزێتەوە. بەڵام کێشە کۆمەڵناسییەکە لێرەدا دەست پێ دەکات؛ کۆمەڵگەیەک کە لە ژێر گوشاری بێدەوڵەتیدا تووشی شێواوی بووە، “مومکین” تەنیا لەوەدا دەبینێت کە بیبیستێت و بیبینێت.
ڕێک لێرەدایە کە ڕووبەڕووی جۆرێک لە تیرۆری شەفافیەت دەبینەوە؛ چونکە لە دەربیجەی سیاسیی ئێمەدا، جەماوەر وا ڕاهێنراوە کە نادیاربوونی بڕیار وەک بێدەسەڵاتی یاخود ناپاکی ببینێت، لە کاتێکدا لە زانستی کۆمەڵناسیدا، هێزی هەر بزووتنەوەیەک لەو بۆشاییەدایە کە دوژمن نەتوانێت بیخوێنێتەوە. پاراستنی نەگوتراوەکان لێرەدا، تەنیا تاکتیکێکی ئەمنی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی شکۆیە بۆ سیاسەت وەک بکەرێکی مێژوویی. ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکی بکەرە، نەک تەنیا بگێڕێتەوە؛ چونکە مێژوو بەو چیرۆکانە ناگۆڕدرێت کە لە بازاڕدا دەگوترێنەوە، بەڵکوو بەو مومکینانە دەگۆڕدرێت کە لە بێدەنگییەکی پڕ لە مەعریفەدا دەبنە واقیع.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٠١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
شێخی، پەرویز(٢٠٢٦):کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ژن، ژیان، ئازادی و ونبوونی ژن
ژن، ژیان، ئازادی و ونبوونی ژن شنە پاسبار لە کاتی شەڕ و ئاڵوگۆڕی سیاسی لە جیهاندا، زانیاری دەبێتە جۆرێک لە هێز و وەک چەکێکی بەهێز، کاری پێ دەکرێت. شەڕی ئەمریکا و [...]
یارییە مەترسیدارەکەی تاران لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان
یارییە مەترسیدارەکەی تاران لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان هێلینا باوەرنفایند هێرشی ئێران بۆ سەر میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان وەرچەرخانێکی گرنگە – نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو بەتایبەتی لە ڕووی سیاسییەوە. تاران بە بۆردوومانکردنی [...]
مەرگ و هاودژییەکان
مەرگ و هاودژییەکان دانا حەمید مەرگی نووسەرێک، بە پێچەوانەی مرۆڤی ئاسایی، تەنها کۆتاییهاتنی ژیانێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو گۆڕانێکی مەعریفییە لە سروشتی پەیوەندییە فیکرییەکاندا؛ ساتەوەختێکە کە تێیدا هاوپەیمانییەکان دەبنەوە بە ناکۆکی، بێدەنگییەکان [...]
دوو سەرنج سەبارەت بە قۆرخکردنی مردن و ئایین و خوا
دوو سەرنج سەبارەت بە قۆرخکردنی مردن و ئایین و خوا ڕەنج نەوزاد ماوەی پێشوو دوو ڕووداو بوونە مایەی قسەوباسێکی زۆر، کوژرانی خەزاڵ مەولان لە لایەن ئێرانی تیرۆریست و داگیرکەر، کۆچی دوایی [...]
قووڵاییی ستراتیژیی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی
قووڵاییی ستراتیژیی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی عومەر ئیزەدخواە گرنگیی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستییەکی ستراتیژیی پەیوەست بە کۆمەڵێک هێزی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، کە نوێنەرایەتی و ڕێبەرایەتیی پرسێکی ڕامیاریی هەستیاری [...]
دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شنە پاسبار زۆرجار دێمۆکراسی وەک دەرەنجامی سروشتیی شۆڕش یان دەرەنجامی ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەبینرێت. کاتێک حکومەتی دیکتاتۆریی ناوەند دەڕووخێت، بە شێوەیەکی گشتی [...]







