بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات

ئاگری ئیسماعیل نژاد

ڕۆژی ٣٠ی مارسی ٢٠٢٦ لە ئیسلام‌ئابادی پاکستان، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی چوار وڵاتی ئیسلامی کە بریتی بوون لە سعوودییە، پاکستان، میسر و تورکیا بەڕێوە چوو.

هەرچەند لە ڕاگەیاندنی ڕواڵەتیدا وا نیشان دەدرا، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەنێوان ئێران و ئەمریکادایە و پاشانیش ئیسلام‌ئاباد کرا دەمڕاستی ئەو چوار وڵاتە بە مەبەستی نێوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا و یەکەم دانیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکای لە مەودای دوو حەفتە ئاگربڕدا، لە ڕۆژی ١١ی ئاوریلی ٢٠٢٦ میوانداری کرد؛ بەڵام لێک نزیکبوونەوەی ئەو چوار وڵاتە، پڕۆسەیەکە کە دوو ساڵە بە شێوەیەکی هێور و لەسەرەخۆ لە گۆڕێیە. پرسیاری سەرەکیی ئەو وتارە ئەوەیە: چی وای کردووە ئەم چوار وڵاتە لێک نزیک ببنەوە و ئامانجی بنەڕەتییان دەبێت چ بێت؟

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە، پێویستە ئاوڕێکی کورت لە شوناسی ئیسلامی سیاسی بدەینەوە. بناغەی ئیسلامی سیاسی بەدەر لەوەی ڕوانگەی کام کەسایەتی پێناسەی بکات، ئەوەیە کە ئیسلام وەکوو شوناسێک دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە بێت و لێرەدا لە ئاستی شوناسدا دوو جۆر ئیسلامی سیاسی سەر هەڵدەدەن کە دەکرێت وەکوو ئیسلامی سیاسیی شیعی و ئیسلامی سیاسیی سوننی پێناسە بکرێن. لە ئاستی کردەوە و هەڵسوکەوتدا بە هەمان شێوەی شوناس، دوو فۆرم لە هەڵسوکەوت بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی ئیسلامی دێتە گۆڕێ و یەکیان فۆرمی ئیخوانە و ئەوەی تر سەلەفیی جەهادییە. هەڵبەت ئەم دوو فۆرمە لە قۆناغی دواییی دەسەڵاتدا هیچ جیاوازییەکیان نییە و هەر دوو لا ئامانجیان ئەوەیە کۆمەڵگەیەک لەسەر بناغەی خوێندنەوەی دەقی پیرۆزی ئیسلامی و مێژووی ئیسلام دابمەزرێنن.

لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١وە، فۆرمی سەلەفیی جیهادیی نێو ئیسلامی سیاسی وەکوو مەترسییەکی ئەمنییەتی بۆ جیهانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا پێناسە کرا. ئەوەی کە ڕواڵەتی پرسەکان بوو، ئەوە بوو کە بۆ ڕزگاری لە فۆرمی سەلەفیی جیهادی، بەرەی ئیخوان لەلایەن کۆمەڵگای ناموسڵمانی جیهان قبووڵ کرا، بێ ئەوەی ئامانجی ئەو بەرەیە لەبەرچاو بگیرێ.

ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش ١١ی سێپتەمبەر وای کرد شوناسی شیعی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی زۆر لەسەرەخۆ و بێ‌هەست گەشە بکات و بەرەیەکی تایبەتی خۆی پێک بهێنێت. ئەم ڕەوتە لەگەڵ ئەوەی لەبەرچاوی دنیادا گەشەی کرد، لەلایەن سازمانە ئەمنییەکانی دنیاوە وەکوو مەترسییەک بۆ سەر تەناهیی خۆیان پێناسە نەکرا؛ بەرەی شوناسی شیعی کە بە هیلالی شیعەش پێناسە دەکرێت، لە ڕووی ستراتیژییەوە ئامانجی ئەوە بوو جیهانی سوننە بەرێتە ژێر ڕکێفی خۆی و واتە یەکێ لە ئامانجەکانی بەرەی شیعە ئەوە بوو کە تۆڵەیەکی مێژوویی لە جیهانی سوننە بکاتەوە و جیهانی سوننەی وەکوو ئەوی تری خۆی پێناسە دەکرد و دەکات. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە جیهانی سوننە، شیعەکان وەکوو ئەوی تری خۆی پێناسە ناکات.

لەو نێوانەدا ئەوەی جیهانی شیعەی بۆ دنیای دەرەوەی ئیسلام کردبووە مەترسی، باوەڕی دینی یان تەنانەت هیلالی شیعەکەی نەبوو، بەڵکوو هەوڵ بۆ وەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆم بوو. جیهانی دەرەوەی ئیسلام جارێک بۆمبی ئەتۆمی ئیسلامیی لە پاکستان قبووڵ کردبوو، بەڵام لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە ئەو بۆمبە ئەتۆمە هی سوننەکان بوو نەک هی موسڵمانەکان، بۆیەش خوێندنەوەی ئەوە بوو کە جارێکی تر بۆمبی ئەتۆمی ئیسلامی-شیعە قبووڵ دەکات و لەپێناو ئەو خواستە و داسەپاندنی ئەو ویستە، هەوڵێکی ٢٠ ساڵەی دا.

سەرهەڵدانی داعش، خاڵی کۆتاییی دەسەڵاتی سەلەفیی جیهادی لە جیهانی ئیسلام بوو، بەڵام خاڵی دەستپێکی داسەپاندنی ئیسلامی شیعە بەسەر ناوچەکەدا بوو. ئەوان لە پاش داعش توانیان هەموو دەسەڵاتی ئێراق بە خڕی بەرنە ژێر چۆکی خۆیان و تەنیا بەربەستی پێش دەمیان هەرێمی کوردستان بوو کە بە شێوەیەکی زۆر پێکهاتەمەند لاواز کرابوو و هاوکات دوژمنی ناوچەییی هێندە زۆر بوو کە لە کردەوەدا لە هێزێکی هەرێمییەوە دابەزیبوو بۆ پاشکۆیەکی ناوچەیی و ئێراقی.

٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە ئاستی ناوچەیی و تەناهیی ناوچەکەدا خاڵی وەرچەرخان لە نێو جیهانی ئیسلامدا بوو، چون:

یەکەم: ئەو ڕوانگەیەی پێی وابوو ئیسلامی ئیخوانی دەرفەتە بۆ پێشگرتن لە ئیسلامی سەلەفی، بە هەڵەکەی خۆی زانی.

دووەم: ئیسرائیل کە ململانێی نێو جیهانی سوننی و شیعەی بە دەرەتانێک بۆ قەیران لە جیهانی عەرەبیدا دەزانی، تێگەیی کە خوێندنەوەکەی هەڵە بووە و ئیسلامی شیعی ئێستا سەرکردایەتیی پرسی فەلەستین دەکات و هەر ئەو ڕەوتەش تووشی قەیرانی گەورەی وەکوو ٧ی ئۆکتۆبەری کرد کە پاش هۆلۆکۆست گەورەترین قەیرانی مرۆیی جووەکان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بووە.

سیاسەتی تەناهی و ئامانجی بنەڕەتیی ئیسرائیل لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەر لەسەر سێ بناغەی سەرەکی بوون:

١. لەنێوبردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران؛ واتە جیهانی ڕۆژئاوا بەو ئاکامە گەیشت کە نابێ بۆمبی ئەتۆمی ئیسلامی-شیعە قبووڵ بکرێت و ئیسرائیل لەو بوارەدا خاوەنداریی سەرەکییە.

٢. لاوازکردنی پێکهاتەی سازمانیی تۆڕی جیهانیی ئیخوانولموسلمین؛ هەر بۆیەش ئەم ڕێکخراوەیە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە خرایە لیستی تیرۆرەوە.

٣. لەنێوبردنی شوناسی نێودەوڵەتیی ئیسلامی شیعی کە لە چوارچێوەی پڕۆکسیی ئێراندا دەستەبەندی دەکرێت.

لێرەدا ئەوەشمان دەبێت لەبەرچاو بێت کە ئێران بە یارمەتیدانی ڕووسیا وەکوو وڵاتێک کە مەترسیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئەورووپا هەیە، لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئەورووپادا پێناسە کرا.

توانایی هێزی نیزامی و تەناهیی ئیسرائیل لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەر و شەڕی ئێران و ئەمریکا کە بووە هۆکاری ئەوەی ئێران گورزی گورچکبڕی لێ بدرێ، بووەتە هۆکاری ئەوەی وڵاتانی سوننیی ناوچەکە ترسی ئەوەیان لێ بنیشێ کە ئیسرائیل پاش لاوازبوونی ئێران دەبێتە خاوەنی هەژمۆنێکی نیزامی-ئەمنییەتی لە ناوچەکەدا؛ هاوکات لەگەڵ ئەوە بۆ هەموو جیهان ڕوونە کە ململانێی نێوان چین و ئەمریکا دنیا بەرەو دامەزرانی جەمسەری نوێ و تەکووزیی نوێ دەبات.

بۆیە دەکرێت بڵێین دانوستانی ٣٠ی مارسی ٢٠٢٦ی ئیسلام‌ئاباد سەرەتای دامەزرانی بەرەیەکی سوننەیە لە ناوچەکەدا کە ئامانجەکانی ئەمانەن:

١. لە بەرانبەر هەژمۆنی ناوچەییی ئیسرائیلدا ڕاوەستن.

٢. بۆشاییی ئێران لە ناوچەکەدا پڕ بکەنەوە و هاوکات خۆ بۆ ئاڵۆزییەکانی نێو ئێران ئامادە بکەن، چون بێگومان قەیرانی ئێران بەم زووانە لە ناوچەکەدا چارەسەر نابێ.

٣. جەمسەرێکی ئیسلامی ساز بکەن، بۆ ئەو مەبەستەی بتوانن ببن بە ئەکتەری نێوان جەمسەری ئەمریکا و چین.

٤. سەرکردایەتیی پرسی فەلەستین بکەن.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە بەرەی نوێی سوننە ناتوانێ چیتر پەرە بە تۆڕی جیهانیی ئیخوان بدات، ئەوە مانای ئەوەیە کە ڕەوتی سێکۆلاری نوێ لە ناوچەکەدا سەر هەڵدەدا؛ ڕەوتێک کە دەکرێت بڵێن هاوشێوەی حیزبە دێمۆکرات مەسیحییەکانی ئەرووپایە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئیسلامییە و لە ڕووی دەسەڵاتداری و قانونەوە سێکۆلارە.

بەرەی نوێی سوننە بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی یەک دەرفەت و یەک مەترسیی تێدایە؛ دەرفەتەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل سیاسەتی دۆستایەتی لەگەڵ نەتەوەکان نەک لەگەڵ دەوڵەتەکان درێژە دەدات و ئەوەش دەتوانێ بە مانای ئەوە بێت کە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ئیسرائیل، بەتایبەت ئیمارات لە ناوچەکەدا بکات.

مەترسییەکە دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا؛ تورکیا بێگومان ئەو بەرەیە بۆ وەدیهێنانی خەونی جیهانی تورک بەکار دێنێ کە بۆ ڕۆژهەڵات مەترسییەکی گەورەیە و جیهانی تورک لانیکەمی ٤٠٪ لە خاکی ڕۆژهەڵات بە جوگرافیای خۆی دەزانێ.

بەرەی سوننە بە پێچەوانەی ناوەکەیان چیتر ناتوانن شوناسی ئیسلام وەکوو بناغەی دەسەڵاتداری و پێناسەی جوگرافیای نوێ ڕاگەیەنن، بەڵکوو بێگومان هەڵسوکەوتیان لە چوارچێوەی سنووری پاش سایکس-پیکۆدا دەبێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی

ئیسماعیل نژاد، ئاگری(٢٠٢٦): بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن

رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن

رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن ئارکان دادگەر رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن فرەتر لە سەد ساڵە ک نەتەوی کورد ها لە شوون دەسەڵات و نیشتمان کوردستان، "ئڕا نەڕەسیە؟" لە دو بەش جیەو گرێد: ١) بەش [...]

  • هێڵی سوور و چەند سەرنجێک

هێڵی سوور و چەند سەرنجێک

هێڵی سوور و چەند سەرنجێک چۆمان زرێبار هێڵی سوور و چەند سەرنجێک لە مێژووی ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی کورددا، زۆر جار وشەی «هێڵی سوور» بەکار هاتووە؛ بەڵام ئەوەی کەمتر بینیومانە، پاراستنی ئەو [...]

  • جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ئیسماعیل هەورامی جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران زۆربەی شیکەرەوە سیاسییەکان و ناوەندە میدیاییەکان وا [...]

  • لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا

لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا

لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا چۆمان زرێبار لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا مافی چارەی خۆنووسین و واقیعی سیاسی و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پوختە ئەم وتارە باس لەوە [...]

  • بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیی دا (مافی زمانی بە نموونە)

بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)

بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) ڕەحیم سورخی بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) بۆ بەڕێوە بردنی سیاسەتی زمانی لە ئێران دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی دامەزراون. هەموو ئەم [...]

  • کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا

کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا

کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا شەهلا دەباغی کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا ڕاپۆرتەکان، بەڵگە و فیلمی کوشتاری دەیان هەزار ئینسان لە گەنج و لاو، پیر و منداڵ، چەندین ئەندامی بنەماڵە پێکەوە، [...]