بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی

دەباغی، شەهلا (٢٠٢٥):خوێندنەوەی غەزەلێکی ڕابوون ڕۆژهەڵات. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

بەڕای لەکان بیرمەندی فەرانسەوی “داڵ لە مەدلوول گرینگترە” بەڵام ئەوەی دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی واتا داڵێکی دیکەیە؛ داڵی Master یاخود ئەوەی پێی دەڵێین داڵی گەورە. داڵی گەورە داڵێکە کە خۆی بێ‌مەدلوولە و دەبێتە هۆی یەکگرتنەوەی دالەکانی ناو سیستیمی واتایی لەگەڵ مەدلوولەکان. لێرەدا “وڵات/نیشتمان” ماستەردالە. وڵات/نیشتمان دالی گەورەیە کە واتا دەدات بە هەموو دالەکانی دیکەی ناو دەق و کۆدەق. “وڵات”ە کە مانا دەداتە جامانە، باران، کانی، لاڤاو، چۆم، بەهار، سەنگەر، گەڵا، چەک و …[…]رب/حق کە لە ئەزەلەوە تاک و سەربەخۆیە، جێگای خۆی دەداتە نیشتمانێک کە ئێستا ژێردەستە و دەبێ شاعیر لەپێناویدا بچیتە سەنگەر تا ئازادی و سەربەخۆییەکەی وەدەست بێنێتەوە و بۆ ئازادبوونی کە جەوهەری سەرەکیی حەقە هەوڵ بدا…

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: شەهلا دەباغی

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ١١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

خوێندنەوەی غەزەلێکی ڕابوون ڕۆژهەڵات

“وڵات” دالی مەزن
نووسین تەنیا شتێکە دەرەوەستی نایەم و ناتوانم لەبەرامبەریدا ڕاوەستم، ئەویش زۆربەی جاران کاتێک ئەسپی تاقە وشەیەک مێشکم دەکاتە پانتای ڕمبازێنی خۆی. وە ئەم وشەیە لە شێعری تازەی ڕابوون دا “یاوڵات”ە.
بەیانی کە ئاخرین شێعرەکەی “ڕابوون ڕۆژهەڵات”م دەخوێندەوە کە گەیشتمە
شەرتە جامانە، ببێتە وانەیەک، بیڵێمەوە
پڕ لە دەنگی؛ یاوڵات کەم! کووچە کووچە و دەشت و کۆم
بۆ چەند چرکەیەک ڕاوەستام و لەخۆم پرسی شاعیر کامیانی مەبەستە “یاوڵات” یا “یا وڵات”؟ بڵێی ئەمە هەڵەی تایپی بووبێ؟

هەواڵەکانی ڕۆژ بەسەردا هاتن و من هەر بیرم لای ئەم وشەیە مایەوە. ئینسانی ئاشق وایە، سێڵاو بێ و تۆفان بێ بیری لای مەعشووقی خۆیەتی. مرۆڤی تاراوگەنشینیش وشە دەکاتە نیشتمان. بەیانیان بە وشەیەک دەچێتە سەر لوتکەکان. هاوینان لە باغەکانی شنۆ گێلاس دەڕنێ. ئێواران لەگەڵ پەرسیلکەکانی زرێبار باڵ لە شەپۆلی ئاو دەدا. مرۆڤی “بابەردەڵەی گردەنشین” وشەکان دەکاتە “ماڵی بوون”.

ئێستا وای دادەنێین کە “یاوڵات” هەڵەی تایپییە. ئەم بابەتە لە چەند ڕوانگەوە دێنمە بەر باس:
پێوەندیی دال و مەدلوولەکان
بەڕای لەکان بیرمەندی فەرانسەوی “دال لە مەدلوول گرینگترە” بەڵام ئەوەی دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی واتا دالێکی دیکەیە؛ دالی Master یاخود ئەوەی پێی دەڵێین دالی گەورە. دالی گەورە دالێکە کە خۆی بێ‌مەدلوولە و دەبێتە هۆی یەکگرتنەوەی دالەکانی ناو سیستیمی واتایی لەگەڵ مەدلوولەکان.
لێرەدا “وڵات/نیشتمان” ماستەردالە. وڵات/نیشتمان دالی گەورەیە کە واتا دەدات بە هەموو دالەکانی دیکەی ناو دەق و کۆدەق. “وڵات”ە کە مانا دەداتە جامانە، باران، کانی، لاڤاو، چۆم، بەهار، سەنگەر، گەڵا، چەک و… تا دەگاتە ئەو شوێنە کە تاک ئامادیە لە پێناو نیشتماندا ببێتە دال’ێکیتر واتە مۆم. دالی گەورەیە کە واتا دەداتە ژینمان. هەر بۆیە شاعیری پێشتر فەرموبووی:
“دینمان ئایینمان هەر نیشتمان”
واتە نیشتمان ئەو دالەیە کە بە هەموو بوون و نەبوونی فیزیکی و ڕووحیی تاکی نەتەوەی بندەستی بێ‌وڵات مانا دەبەخشێ.

جێگۆڕکێی “یاوڵات” و “یارب”
دیسان پرسیارەکە دەکەمەوە کە ئایا لە تایپی شێعرەکەدا هەڵە ڕووی داوە؟ “یاوڵات” دروستە یا “یا وڵات”؟ خۆ ئەگەر هەڵە کرابێ ئەوە بەهەڵکەوت ڕێگا بۆ خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ شێعرەکە دەکاتەوە.
لەلای سووفییەکان باڵاترین مەرتەبە ئەو کاتەیە کە تاک لەناو “رب” و ئافەریدگاری خۆیدا فەنا دەبێ، هەرچۆن دڵۆپێک لەناو ئەقیانووسێکدا مەحو دەبێ. سۆفی لە “وادی” یەکەمدا کە “طلب” و داوایە، دەبێ لغاوی نەفس و ئازی خۆی بکا و بە شۆردنەوەی ڕووحی وردە وردە بگاتە وادەی حەوتەم و یەکگرتنەوە.
یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتن بەو فەنابوونە کە خودات لەبیر نەچێتەوە، “ذکر”ە. سۆفی بە زکری بەردەوام و ڕۆژانەی لەناو جیهانی حەق دا فەنا دەبێ. “حەق” خوڵقێنەر و “مبدأ”ی هەموو جیهانە. تاک دەبێتە بەشێک لە کۆیەکی گەورەتر و تێیدا حەل دەبێ. هەڵبەت ئەم سوفیزمە لە گڕێکی کەونارا ڕا هەتا دوای ئیسلام بە شێوەی جیاواز بووە بەڵام خاڵی هاوبەش هەر هەمان پەیوەندیی تاک و کۆ، “جزء” و “کل”ە لە ڕێگای “معنویات”.
لە شێعرەکەی ڕابوون ڕۆژهەڵات دا جێگۆڕکێ بە رب/حەق/ئیزەد و وڵات دەکرێ. واتە ئەوە “وڵات”ە کە شاعیر بەدوایدا عەوداڵە نەک پەروەردگار. ئەوە وڵاتە کە شاعیر لە بەحریدا نوقم دەبێ و تێیدا حەل دەبێ نەک ڕەب.
شاعیر دەیهەوێ بەهار بکاتە بەهانەی زیندووبوونەوەیەکی ڕووحی و ڕەنگی خاکیی وڵات لەبەر بکا و ببێتە هەموو ئەو توخمانەی کە نیشتمان/وڵات دەنەخشێنن و دەڕەنگێنن وەک وەک باران و لافاو و چۆم.
رب/حق/ ئیزەد کە لە ئەزەلەوە تاک و سەربەخۆیە، لێرەدا جێگای خۆی دەداتە نیشتمانێک کە ئێستا ژێردەستەیە و شاعیر دەبێ لەپێناویدا بچیتە سەنگەر تا ئازادی و سەربەخۆیی بۆ وەدەست بێنێ و بۆ ئازادبوونی کە جەوهەری سەرەکیی حەقە هەوڵ بدا. بۆ ئەم بەمەبەست گەیشتنە کوڕ دەست لە دەستی کیژدا دەبێ ببێتە دەریا. واتە دڵۆپ دەچێتەوە ناو دەریای دایک و کاتێک دڵۆپ بچوکی و تەنیایی خۆی جێدەهێڵێ دەگاتە ڕزگاری و ئازادی و کۆ.
لە تەواوی ئەم تەریقەت و ڕێگایەدا شاعیر دەبێ ئامانجێکی مەزن، دالی گەورە/ماستێری هەبێ کە “وڵات” /نیشتمانە. هیچ شتێک ناتوانێ جێی ئەم ماستێرە بگرێتەوە جگە لە خۆی واتە وڵات. ئەوە هەموو دال و دڵۆپەکانی دیکەن کە هەوڵ دەدەن بە دەریا بگەن و تێیدا مەحو بن. (‘حەق’ بۆ سۆفییەکان و ‘وڵات’ بۆ نیشتمانپەروەران)
بۆ گەیشتن بە وڵاتی سەربەخۆ شاعیر وانە/ذکری خۆی دەڵێتەوە و کووچە و دەشت پڕ لە “حی حی” خۆی یانی “یاوڵات” واتە ئافەریدگای خۆی (دایکی نیشتمان) دەکا.
کاتێک ئینسان لەخۆی ڕەها دەبێ و دەگاتە ئەو مەرتبەیە لە ڕزگای، ئەوە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ مبداء/سەرچاوەی خۆی. لە ڕاستیدا شاعیر سێ جار بە هاواری “ئەی نیشتمان، ئەی نیشتمان، ئەی نیشتمان” نە تەنیا لەبەر ئاهەنگ و ڕتیمی شیعرەکە، هاواری هەمان حەق/رەب و ئافەریدگاری خۆی واتە وڵات و خاک دەکا. بۆ شاعیر دالی گەورە و حەق تەنیا یەک شتە: وڵات. وڵاتێک کە دەبێ بۆی ببینە مۆم و دەبێ ڕزگار کرێ.
شەرتە جامانە، ببێتە وانەیەک، بیڵێمەوە
پڕ لە دەنگی؛ یاوڵات کەم! کووچە کووچە و دەشت و کۆم
مەشغەڵێک ساز کەم، لە دەنگی پەنجەرەی دوو گیانی شار
بچمە ریزی شاییەک، پڕ بێ لە رەنگی دەنگی خۆم
نیشتمان! ئەی نیشتمان! ئەی نیشتمان! جوابم دەوە
من کە بۆ شەوگاری تاریکت، خەریکە ببمە مۆم

ئینجا وای دادەنێین کە هەڵەیەکی تایپی بووە و “یا وڵات”ە:
شەرتە جامانە، ببێتە وانەیەک، بیڵێمەوە
پڕ لە دەنگی؛ یا وڵات کەم! کووچە کووچە و دەشت و کۆم
لەو حاڵەتەشدا “یا” کە لەپێش وشەی “وڵات” دا هاتووە هەم بۆ”ندا” و بانگ کردنی ئافەریدەگارەکەی خۆیەتی و هەم دەتوانێ یەکێک لە مانا شاراوەکان بێ بۆ وێنە “یا مەرگ یا وڵات”، “یا مەرگ یا ڕزگاریی وڵات”. چونکە شاعیر خەریکی خەباتێکی بەرحەقە و لە پێناو گەیشتن بە وڵاتی سەربەخۆدا خەریکە بۆی دەچڕێت و بۆی دەمرێت.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • لایەنگریی بێمەرج

لایەنگریی بێمەرج

لایەنگریی بێمەرج مەسعوود بابایی نەمویست ناونیشانی بابەتەکە بریندارکەر بێت؛ هەربۆیە ناونیشانی بابەتەکەم هێمن و هێور داڕشت. ئەگینا مەبەستم لایەنگریکردنی ڕۆحی کۆیلە یان لایەنگریی ڕۆحی نمەکگیرە! کاتێک کە لەبەر نانخواردن لەسەر نانی [...]

  • ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە...

ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…

ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە... ئارام کەیخوسرەوی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی سێ ڕووداوی سیاسیی گەورە بوونەتەوە: ڕاپەڕینی ژینا، شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، و پێکدادانە دوایییەکانی [...]

  • لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا

لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا

لە ئێنتێبییەوە بۆ تاران: لە نێوان یادەوەریی ئەمنی و عەقیدەی سیاسی سەربازی لە ژیانی سیاسیی بنیامین نتەنیاهودا کاوە عومەر خۆشناو لە ساڵی ١٩٧٦ ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی دەگمەنی لە ئێنتێبی پایتەختی ئۆگاندادا ئەنجام [...]

  • پەیامە هەستیارەکەی تاران

پەیامە هەستیارەکەی تاران

پەیامە هەستیارەکەی تاران هێلینا باوەرنفایند عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەم ڕۆژانەدا بە ڕاگەیەندراوێکی بە رواڵەت ئاسایی، ئاماژەیەکی نارد کە زۆر لە سنوورەکانی ناوچەکە تێدەپەڕێت: گەرووی هورمز، کە خاڵێکی دەمارگیری بازرگانیی [...]

  • مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە

مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە

مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە مەسعوود بابایی مانەوەی گەل، نەتەوە یان کۆمەڵگەیەک لە بارودۆخی چەتوون و دژواری وەک جەنگدا، دۆخێکی جیاوازی دەروونی و جڤاکی دەخوڵقێنێت. سەربازەکان لە دەمی [...]

  • بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ

بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ

بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و شەڕە چەکدارییەکاندا: لە پێشێلکارییەکی مرۆییەوە بۆ تاوانی شەڕ کاوە عومەر خۆشناو سەرەتا: بابەتی بێبەشکردنی برینداران لە خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو کێشە و [...]