دوو سەرنج سەبارەت بە قۆرخکردنی مردن و ئایین و خوا
ڕەنج نەوزاد
ماوەی پێشوو دوو ڕووداو بوونە مایەی قسەوباسێکی زۆر، کوژرانی خەزاڵ مەولان لە لایەن ئێرانی تیرۆریست و داگیرکەر، کۆچی دوایی فارووق ڕەفیق. یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم قسەوباسە بریتییە لە ئایین. ئیسلامییەکان وەک هەمیشە خوایان کردە ئەندامێکی حیزبە بچووکەکانی خۆیان، دەرگا و ڤیزای بەهەشتیان داخست و هی دۆزەخیان کردەوە، مەرگیان کردە سزا و تۆڵەکردنەوەیەکی خۆیان. یەکێک لە قسەکانیان ئەوە بوو گوایە ئەم دوو کەسە باوەڕیان بە ئیسلام نەبووە ئیتر بۆچی ببرێنە مزگەوت مەراسیمی شوشتن و کفن و ناشتنیان بۆ بکرێت!
١. لە دەوڵەت و حکوومەتی سەردەمی مۆدێرندا، مزگەوت وەک شوێنە گشتییەکانی تر، هی حکوومەتە یان لەژێر دەسەڵاتیدایە: حکوومەت مۆڵەتی دروستکردن و ڕووخان و کاتەکانی کردنەوە و داخستنی مزگەوت دیاری دەکات (هەبوونی وەزارەت و فەرمانگەی ئەوقاف لە وڵاتان، نموونەیەکی دیاری بەڕێوەبردنی ئایینە لە لایەن دەوڵەتەوە). حکوومەت دەتوانێت لە کاتی دیاریکراو و پێویستدا، مزگەوتەکان بکاتە کەمپی نیشتەجێبوون، یان بنکەی پۆلیس و بۆنەی سیاسییان تێدا ئەنجام بدات. بۆ نموونە لە کاتی کۆرۆنادا، بە یەک بڕیاری حکوومەتی سعوودیە مەککە داخرا بە ڕووی موسڵمانانی جیهاندا. لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا، حکوومەتی ئیسرائیل بە بڕیارێک ئەقسا و ڕۆژهەڵاتی قودسی بە ڕووی پەیڕەوکەرانی هەر سێ ئایینەکەدا داخست. ئێران ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی کردە سەربازگە و بنکەی بەسیج.
دەوڵەت و حکوومەتی مۆدێرن تەنانەت بڕیار دەدات چ تەفسیرێکی ئایین بەکار بێت و کامە پشتگوێ یان قەدەغە بکرێت، بڕیار دەدات کام یاسای ئایینی پەیڕەو بکرێت و کامە پشتگوێ بخرێت. تەنانەت مانا و مەرجەکانی جیهاد دەوڵەت دیارییان دەکات، ئەگەر لەگەڵ ئەو مەرجانە نەگونجێت، دەبێتە تیرۆر و سزا دەسەپێنێت. ئیتر حەقیقەتی ئایەت و فەرموودەکان سەبارەت بە جیهاد چییە، لای دەوڵەت گرنگ نییە. بۆ نموونە لای زۆربەی ئیسلامییەکان کەسانی وەک ئەبووبەکر بەغدادی و بن لادن و زەرقاوی و خامنەیی و سنوار و نەسروڵڵا موجاهید و شەهیدن، لای حکوومەتەکان تیرۆریستن، تەنانەت لای دەوڵەتەکان ئەوانە شەهیدن کە لە شەڕی دژ بە بن لادن و بەغدادی و خامنەیی کوژراون. لای زۆربەی ئیسلامییەکان هێرشەکانی ئێران و داعش و قاعیدە جیهاد بوو، لە تێڕوانینی حکوومەتەکاندا هێرشی تیرۆریستین. لای زۆربەی لایەنگر و ئەندامانی یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە، خامنەیی و لاریجانی و سەلامی شەهیدن، نەک ئەو شەش پێشمەرگەیەی کە ئێران کوشتنی، بەڵام لای حکوومەتی هەرێم ئەو شەش پێشمەرگەیە وەک شەهید وەسف کران.
واتە مانا و پەیڕەوکردنی ئایین، بەتایبەت لە بواری گشتیدا، وەک زۆربەی بوارەکانی تر کاری حکوومەتە، نەک ئەو گرووپەی کە سەر بەو ئایینەن. ئەم قۆرخکردنی دەسەڵات و هێز و مانا و چالاکییە گشتییانە لە لایەن دەوڵەتەوە، نەک هەر ئاساییە، بەڵکوو کارێکی پێویست و گرنگ و ئەخلاقییە، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی چەپ و ئەوانەی لەگەڵ فەوزا و تیرۆرن و دژی هەبوونی ئەو قۆرخکارییەی دەوڵەتن. ئەگەر ئەو قۆرخکارییەی هێز و مانا و تەفسیرەکان لە لایەن دەوڵەتەوە نەبێت، دۆخی فەوزا و شەڕی هەمووان دژ بە هەمووان دروست دەبێت. ئەوەی ئەو قۆرخکارییە باش یان خراپ دەکات، بریتییە لە دیموکراسی، هەبوونی ئەو قۆرخکارییە لەناو پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا، ژیان و ئازادی و کەرامەتی هەمووان تا ئەندازەیەکی زۆر دەپارێزێت. لە نەبوونی دیموکراسیدا، ئەو قۆرخکارییە دەبێتە بەکارهێنانی هێز و توانای دەوڵەت لە لایەن گرووپێکەوە دژ بە هەمووان، بەڵام لەم دۆخەشدا هەبوونی دەوڵەت و قۆرخکاریی هێز هەر باشترە لە هەبوونی فەوزا و نەبوونی دەسەڵاتێکی فەرمی. بیهێننە بەرچاوی خۆتان لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەر ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان نەبان، ئەو ئیسلامییانە چ دۆخێکیان دروست دەکرد! بینیمان لە مووسڵ و ڕەقە چییان کرد.
بە کورتی، بردنی تەرمی فارووق ڕەفیق و خەزاڵ و هەر کەسێکی تر بۆ مزگەوت و شوشتنی، بابەتێکی حکوومیی ئیداریی دەوڵەتییە، نەک ئیسلامی و دینی.
٢. زۆر مەراسیم و بۆنە و چالاکی و بەها و ڕێسای ئایینی هەیە، بووە بە کولتوور و بابەتێکی کۆمەڵایەتی. بە تێپەڕبوونی کات، بیروباوەڕی ئایینیی زۆرینە دەبێتە بەشێک لە کولتووری گشتی، لەو ژینگەیەدا پەیڕەوکردنی ئەو بۆنە و ڕێسا و بەهایانە مەرج نییە تەنیا پەیڕەوکردنی ئایین بێت، بەڵکوو پەیڕەوکردنی کولتووری گشتیی ئەو کۆمەڵگەیەیە. پاشان، کەسی مردوو ئەگەر بێباوەڕ بێت، کەسوکار و خزم و هاوڕێکانی بێباوەڕ نین، لەو کاتەدا ئەوان بڕیار دەدەن چۆن لەگەڵ تەرمی مردووەکە مامەڵە بکەن، نەک خودی مردووەکە. واتە لە کوردستاندا زۆر ئاساییە کەسێکی بێباوەڕ ببرێتە مزگەوت و نوێژی لەسەر بکرێت و کفن بکرێت، چونکە بووە بە کولتوور و لە ئایین فراوانترە.
لە لایەکی ترەوە، زۆر بەها و بۆنە هەیە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە و بووە بە ئایین، شوشتنی تەرمی مردوو و کفنکردنی، پێش ئیسلام هەبووە، لە نیمچەدوورگەی عەرەبدا، قوڕەیشییەکان مردووەکانی خۆیان دەشوشت و کفنیان دەکرد، لە کۆمەڵگە و شارستانییەکانی تریشدا هەبووە، هاوشێوەی مەراسیمی حەجکردن لە مەککە پێش ئیسلام هەبووە… خودی ئیسلام ئەوانەی بە هەندێک دەستکارییەوە لە کافرەکان وەرگرتووە. زۆر بابەتی تر، ئیسلام هەر لە کولتوور و ئایینەکانی پێش خۆی وەرگرتووە. ئایا دەکرێت لە سەردەمی سەرەتای ئیسلامدا کافرەکان بە موسڵمانانیان بوتایە بۆچی بۆنە و کولتووری ئێمە دەبەن؟
یاخود کولتوور و ئایین تێکەڵ دەبن لە هەندێک بابەتدا و بەپێی سەردەمەکان دەگۆڕێن. بۆ نموونە شێوەی پرسە و جەژن و زەواج و نوێژی تەراویح لە کۆمەڵگە موسڵمانەکانی ئەم سەردەمەدا، بە گشتی، هەمان ئەو شێوەیە نییە کە لە ئیسلامدا هەبووە. جەژنی ڕەمەزان ئەمڕۆ سێ ڕۆژە، لە سەرەتادا یەک ڕۆژ بووە. تۆمارکردنی زەواج لە دادگا و لای حکوومەت، شێوە و ماوەی پرسەکان، هەر هەمووی کولتوور و ئایین تێکەڵ بوونە، ئەگەر تەنیا بە پێی ئیسلام بەڕێوە بچن، جیاواز دەبن.
بە کورتی ئەو بابەتە ئایینییانە، تەنیا ئایینی نین و خودی ئیسلامیش زۆرێکی وەرگرتووە، بەشێکی سەرەکیی کولتوورییە یان بووە بە کولتوور، جگە لەوە، ئەوەی بڕیار لەسەر ئەو بابەتانە دەدات حکوومەت و یاساکانە، نەک ئیسلامییەکان. خودی ئیسلامییەکان بە پێی ڕێنمایی و یاساکانی حکوومەت دەبێت مزگەوتەکان بەکار بهێنن.
ئەو خوایەی کە ئیسلامییەکان دەڵێن خوای هەموو گەردوون و سەردەمەکانە، لە ڕاستیدا شیاو نییە بکرێتە خوای یەک گەڕەک بۆ ماوەی دوو سەعات، چونکە پڕ دەبێت لە جنێو و فەوزا و تەشهیر و تۆمەت و بوختان و شەڕ. ئەو خوایە نەک ناتوانێت ببێتە خوای مرۆڤایەتی، بەڵکوو ناتوانێت ببێتە خوای هەزار موسڵمانی کورد، چونکە لەناو ئەو هەزار کوردەدا چەندین گرووپی دژ بە یەک دروست دەکات و دەست دەکەن بە هێرشکردنە سەر یەکتر و تۆمەت و جنێودان. پارتی و یەکێتی، بەو هەموو پۆخڵەواتەوە، بەڕاستی زۆر جوانتر و باشتر حوکم دەکەن لەو خوایەی ئیسلامییەکان، زۆر زیاتر خزمەت بەو چەند ملیۆن موسڵمانەی کوردستان دەکەن و دەیانپارێزن.
ئینجا بە قودرەتی خوای ئیسلامی سیاسی، ئەو خوایە تەنیا لە کاتی تاوان و دەستدرێژییەکانی ئێرانی خامنەیی و تورکیای ئەردۆگاندا زۆر هێمن و حەکیمە! لە کاتی تردا، وەک شیر هەڵدەچێت لەسەر بچووکترین بابەت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
نەوزاد، ڕەنج(٢٠٢٦): دوو سەرنج سەبارەت بە قۆرخکردنی مردن و ئایین و خوا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قووتدانی جیهان بە شێوازی چینی !
حەسەن قارەمانی ماستەری باڵای ئابووری نەتەوەیی پێشەکی: "قووتدانی جیهان بە شێوازی چینی و ڕۆڵی چین لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی سەدەی بیست و یەکەمدا" دەستەواژەیەکە کە یەکێک لە دیاردە هەرە گرنگ و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی جیهانیی مۆدێرن دەکاتەوە. [...]
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل: پەردەلادان لەسەر ئەفسانە ٢٥٠٠ ساڵەکە
داود عوسمانزادە لێکۆڵەری کۆمەڵناسیی سیاسی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ لە جوگرافییای سیاسیی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە سەرەکیترین دروشمەکانی ئەو ڕژێمە لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل و "سڕینەوەی ئەم وڵاتە [...]
نەورۆز و خەباتی کوردایەتی
هەڵگورد جەوانمەردی پێشەکی: نەورۆز وەکوو یەکەمین ڕۆژی سەری ساڵی کوردی، جەژنێکی نەتەوەییی کورد بە هەژمار دێت. ئەم جەژنە یەکێک لە گرنگترین بۆنەکانی کوردە کە تا ئێستا نەتەوەی کورد پەیوەندیی خۆی لەگەڵ نەپچڕاندووە. گرنگیی نەورۆز تا [...]
نەورۆز کوردستانی/ نوروز ایرانی؛ معارضه روایت و عاملیت در کوردستان
بهروز شجاعی پژوهشگر و محقق دانشکده زبان و ادبیات دانشگاه کوبانی (رونوشت سخنرانی ٣١ مارس)* با سلام به دوستانی که مارا از طریق شبکه های مختلف همراهی میکنند. بله، اسرار من بر نامگذاری تیتر این [...]
بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: چارەی خۆ نووسین لە یاسای نێونەتەوەییدا
نووسەر: دوکتور مایکڵ ڕوبین وەرگێڕ: کەماڵ حەسەنپوور کوردەکان مەزنترین تاقمی ئەتنیکیی دنیان کە دەوڵەت نەتەوەی خۆیان نییە. گەلێک زانا و سیاسەتوان پاساوی ئەخلاقی و مێژوویی بۆ سەربەخۆیی کوردان دێننەوە. بەڵام، هیچکامیان وەکوو لوقمان ڕادپەی، کە [...]
زن در مقام آزادیِ, ضرورت زیبابی شناسی سیاسی یا اضطرار حاکمیتی؟
نویسنده :بهار حسینی، عضو تحریریه بلاگ ژیانەوە همهی فراخوان ها به نظم، که در نظم چیزها نهفتهاند و همه ی فرامین خاموش یا تهدیدهای بی سروصدای سرشته در جریان هنجارین جهان بر طبق میدان های [...]







