وتار
فاشیزم و کۆنترۆڵی گێڕانەوە
بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: 06.07.2026
بابایی، مەسعوود (٢٠٢٦): فاشیزم و کۆنترۆڵی گێڕانەوە. وتاری بەردەست. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
وشە سەرەکییەکان: فاشیزم، نەتەوەی دەوڵەتی، فاکتۆلۆژیی فاشیزم، دەوڵەتی فاشیستی ، کۆنترۆڵی گێڕانەوە
بەرایی
بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم، پێویست بەوە ناکات کە ئێمەش فاشیست بین. فاشیزم بەرەنجامی هەژارییەکی کولتوورییە کە کۆمەڵگەکانی گیرۆدەی ستەمکاری و دیکتاتۆری تووشی دەبن. فاشیزم نەخۆشییەکی ئایدیۆلۆژیکە کە لەبەر چێژێکی ساختەی خۆبەزلزانی بنەما سەرەکییە ڕەوشتییەکان، بەتایبەتی مرۆڤدۆستی پێشێل دەکات. فیدریکۆ فیلینی، دەرهێنەری بەناوبانگی ئیتالیایی، دەڵێت کە: “فاشیزم، ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو تەکنیکە. بەزۆری زۆرداری پێمان دەڵێت من لەسەر هەقم”. تەکنیکە، ڕێوشوێنی کوشتنی گفتوگۆ و پرسیارە. ڕێوشوێنی کوشتنی ئەوی دیکە و دوژمنسازی. بەدوژمنکردن و ئاسانکردنەوەی کوشتنی ڕۆحی و جەستەییی ئەوی دیکە.
ئەدگار
لە سەردەمە کۆنەکاندا کە جەنگەکان بە شمشێر و تیروکەوان دەکران، نەزانی و دڕندەیی هۆکاری سەرەکیی کوشتن بوون؛ “کوشتن لە نزیکەوە” تایبەتمەندیی ئەم جەنگەیە. دڕندانە و گەمژانە و قێزەون دێتە بەرچاو. کاتێک لە سینەمادا دەیبینن سامناکە و ڕەنگە هەندێ کەس بەرگەی سەیرکردنی نەگرن.
بە پێشکەوتنی جەنگەکان، “کوشتن لە دوورەوە” دیمەنەکانیشی دوور خستەوە. دڕندەیی و گەمژەییی داپۆشی. تەکنەلۆژیای جەنگ، گیان و جەستەکانی کرد بە ژمارە، کردی بە یاری و چاوی ئێمەی ئەوەندە دوور خستەوە کە چی دیکە هەستی بەزەییمان نەدەورووژا. جیاوازیی “دەست و مەچەک” و جیاوازیی “پەلاپیتکە” لە دووری و نزیکیی “کوشتن”دایە. سڕینەوەی ئەوی دیکە وەک جەستە و گیان لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە وەک “کۆسپ و لەمپەر” سەیری بکەین گەلێ جیاوازە. تەکنەلۆژیای جەنگ “دوژمن” لە جەستە دادەماڵێت و دەیکات بە “کۆسپ و لەمپەر”. هەر کەسێک کە وەک کۆسپ و لەمپەر لێی بڕوانیت دەبێت بە “شت”، لە “کەسبوون” و لە “ناسنامە” داماڵخاس دەکرێت و بەهای مرۆڤبوونی لێ دەستێنرێتەوە. فاشیزم، لە بیروهۆشیدا “ئەوی دیکە” وەک کۆسپ و لەمپەر دەبینێت. ئەرکی فاشیزم ئەوەیە کە ئەوی دیکە دوور بخاتەوە، پێوەندی کەم بکاتەوە و بیپچڕێنێت. ئامانجەکە ئەوەیە “لەنزیکەوە بینین”، “دیدار” و “گفتوگۆ” پەک بخات. هەروەک گوتمان لە سەردەمی کۆندا، نەزانی و دڵڕەقی و برسێتی و پادشاپەرستی و تاڵانی و دەسکەوت پاڵنەری سەرەکیی کوشتار و داگیرکاری بوون. سیاسەتی ئیمپراتۆرییەکان فراوانخوازی بوو، پاش جەنگەکان، ئیمپراتۆری داگیرکراوەکانی وەک خەڵکی خۆی دەگرتە خۆ، هەرچەند ستەمکاری بەردەوام بوو، بەڵام ئامانجەکە سڕینەوەی گیان و جەستەی ئەوی دیکە نەبوو. ئیمپراتۆری جەنگی تاک ناسنامەییی نەدەکرد، وەفاداری و ملکەچیی دەویست. فاشیزم، تەنیا داگیرکاری و فراوانخوازی نییە، فاشیزم یەکدەست و یەکسانکردنە. هەموو شتێک دەبێ یەکسان بێت، ئەوی دیکە هەمیشە دوژمنە، باشترە بڵێین “ئەوی دیکە” کۆسپ و لەمپەری ئایدیای باڵای فاشیزمە. ئەوی دیکە دەکرێ بە “شت” لەپێناو کوشتنی گفتوگۆ و لە ئەنجامدا سڕینەوەی کولتوور و زمان و نیشتمانێکی دیکە. فراوانخوازیی فاشیستەکان، لەنێوبردنی هەموو جۆرە فرەڕەنگییەکە.
“لەنزیکەوە کوشتن”، دەبێتە ئاوێنەیەک بەرانبەر خۆمان، نواندنەوەی تاوانێک بۆ تاوانبارەکە دەرکەوتێکی ویژدانی – ڕەوشتیی هەیە کە ڕاکردن لێی ئەوەندە ئاسان نییە. فاشیزم دەبێ نیگاکان دوور بخاتەوە، دەبێ وێنەیەک لە بوونەوەرێکی دووری مەترسیدار نیشان بدات، دەبێ نەهێڵێت نزیک بکەوێتەوە. بەڵام جەنگی شمشێر و تیروکەوان ئەوی دیکەی نزیک دەکردەوە و لانیکەم سەربازەکان تێدەگەیشتن کە لەگەڵ مرۆڤێکی وەک خۆیان دەجەنگن کە ناوی دوژمنە.
فاشیزم پێویستیی بە مرۆڤێک نییە کە بەرەنگاری ببێتەوە، مرۆڤ خاوەنی زمانە، خاوەنی نیگا و بیرکردنەوەیە و شارەزای نواندن و هاوتاکردنەوەیە. ئەم مرۆڤە ئەگەر دوژمنیش بێت، بەو مەرجەی خوڵکی سەر مێزێکمان بکات، چایەکمان لەگەڵدا بخواتەوە، گفتوگۆ و دانوستان بکات، لە مرۆڤبوون ناکەوێت. هەموو مێز و خوانێک دەتوانێت هەوێنی چارەکردنی کێشەکان بێت. مەگەر مێز و خوانی ژەهراوی کە ئێمەی کورد لە مێژووی خۆماندا بە هۆی ساویلکەیی سیاسی پێی کوژراوین!
فاشیزم: تەکنیک و ئایدیۆلۆژیا
فاشیزم، ئایدیۆلۆژیایەکی مودێڕنە. هەرچەند ڕەگی مێژووییی هەیە، بەڵام لە زەینی نەخۆشی خۆیەوە شەقڵی ئەم ڕەگانە دەستنیشان دەکات. دیالکتیکی بیروهۆش لە هیچ ئایدیۆلۆژیایەکدا چەق نابەستێت و هیچکات لە وێستگەیەکدا ڕاناوەستێت. ئایدیۆلۆژیا بە دەستنیشانکردنی ئامانجێک لە دوورەوە و نیشاندانی دوایین ئاکام (تێلۆس) هەقیقەتێکی تاقانە دادەتاشێت و بەم چەشنە وڵامی ئامادەکراو بۆ پرسیاری ئامادەکراو دادەڕێژێت. ئامانج لەم کارە ئەوەیە کە زەینی ئاسوودەی بەختەوەری گەمژەڵ دروست بکات کە لە پێگەی هەقیقەتی ڕەهاوە ئەوی دیکە هەڵسەنگێنێت و داوەری بکات. لەم قۆناخەدا ئایدیۆلۆگ ڕادەسپێردرێت تا جیهانسازی بکات، جیهانێک کە خۆدوێنە (مۆنۆلۆگیک) و لەگەڵ ئەوی دیکە ناکەوێتە گفتوگۆ. لە ئایدیۆلۆژیی فاشیزمدا ئەم دۆخی خۆدواندنە دەگاتە ئەوپەڕی خۆی و لەگەڵ خۆلاواندنەوەدا تێکەڵ دەبێت. “مێژووی من”، “زمانی خواییی من”، “ناسنامەی دانسقەی من”، “خوێنی پاکی من”، “نەژادی ئاریایی من” و چەندین “من”ی دیکە. لەنێو ئەم هەموو “من”ەدا تەنیا مۆنۆلۆگ لەدایک دەبێت و جیهان ئەوەندە بچووک دەبێتەوە کە جێی کەسی دیکەی تێدا نابێتەوە!
پێتان سەیر نەبێت کە “شیعریبوونەوە”ی کەتوار(واقع) یان “بەشیعریکردنی کەتوار” یەکێک لە پێداویستییەکانی فاشیزمە. ئەم “بەشیعرکردنە” بە جێگۆڕکێی “سیمبۆل” و “کەتوار” دێتە ئاراوە. شیعر نییە، “بەشیعرکراو”ە. سیمبۆلێکی وەک “خاچی شکاوە”، “هەڵۆی ڕۆمانی”، “هێمایەکی سیکهیستی” (سیغ)، “ئەستێرەی داوود”، “هیلال”، “خاچ”، “گورگ” هەموویان لە نەخشی سەر بەردێکەوە هەڵدەکەنرێن و دەلکێن بە ئاڵایەکەوە و لە سیاسەتی پڕوپاگەندای دەوڵەتدا وەک بوونەوەری زیندوو لە جەستەی سەرۆکدا گیانیان بەبەردا دەکرێت.
فاشیزم، پێکهێنەری دەوڵەت – نەتەوە نییە، ئامانجی فاشیزم نەتەوەی دەوڵەتە. نەتەوە لە خزمەت دەوڵەتدایە، دەوڵەت واتە سەرۆک. سەرۆک هەڵگری ڕۆحی نەتەوەیە نەک تەنیا لە ئێستادا، بەڵکو لە ڕابردوو و لە داهاتووشدا. لێرەدا سەرۆک بەخشندەی فەڕێکی یەزدانییە، لە پێگەیەکی مرۆڤخوداییدایە کە بەم شێوەیە هەبوویەکی “بان- مێژوو”ە. نیشتمانپەروەری دەبێت بە نیشتمانپەرستی، نەتەوەپەروەری دەبێت بە نەتەوەپەرستی، هەموو ئەمانەش بە بێ “سەرۆکپەرستی” مانایان نییە. هەروەک گوتمان فاشیزم لەگەڵ ئەوەی ئایدیۆلۆژیایەکی مودێڕنە، ڕەگێکی مێژووییی هەیە کە ئەویش بۆ سرووتی پەرستنی سەرۆک خێڵ و ملکەچیی پەتی دەگەڕێتەوە. جادوو و ئەفسانە لە سیاسەتی پڕوپاگەندای فاشیستی دەبن بە وێنەی سیمبۆلیستی و بەشێوەیەکی مودێڕن نۆژەن دەکرێنەوە.
من لەو بڕوایەدام “تەکنەلۆژیای جەنگ” لەباری بەرهەستەکییەوە(عینی، ئۆبژەکتیڤ)، دەرخەری ئەدگاری سەرەکیی فاشیزمە. فاشیزم لە مێژوودا وەک شێوازی بیرکردنەوەی میتافیزیکیی دابەشکردنی مرۆڤان بەسەر فۆرمی ئاژەڵیدا هەیە، بەربەر، نەگریس، جنۆکە کە هەر هەموویان لەپێناو کردەی زەینیی “لەمرۆڤخستن”ن. ئێمە ناتوانین کۆمەڵگەیەکی فاشیستی دروست بکەین ئەگەر تووشی دابڕان لەوانی دیکەی نەکەین. دروستکردنی شوورەیەک بە دەوری خۆتدا بە قۆرخکاریی هەقیقەتێک لەنێو ئەم شوورەیە و چاندنی ترس و ڕق لەبەرانبەر خەڵکی ئەودیوی شوورە، وردە وردە دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی فاشیستی پێکەوە بنێت. لێرەوە پەی بە گرنگیی قسەکەی فیلینی دەبەین کە “فاشیزم تەکنیکە”. تەکنیکی دابڕاندن و پەکخستنی گفتوگۆ لە ڕێگەی “لەمرۆڤخستنی”ئەوی دیکەوە!
تەنانەت پێناسەی “دوژمن”یش بۆ فاشیزم کێشەسازە. “دوژمن” پێگەی هەیە. داننان بە “دوژمن” داننان بە ناسنامەیە، داننان بە هێز و هەبوونی ئەوی دیکەیە. فاشیزم زیاتر حەزی لە جیاکردنەوەی بەرەیە. نەک بەرەی دۆست و دوژمن، بەڵکو بەرەی “چاکە و خراپە”، “پاک و پیس”، “دیندار و کافر”. “دوژمن” بارێکی دیپلۆماسیی هەیە، لە دیپلۆماسیی سیاسیدا پۆلێن دەکرێت و لەم زمانە دیپلۆماسییەدا جاروبار گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت و دان بە پێگەکەیشی دەنرێت. لە زمانی مودێڕنی ئێستادا ئەگەر بمانهەوێت پێگە لەبەرانبەر بسڕینەوە و بەتەواوەتی مافی لێ بستێنینەوە و بەشێوەیەکی یاسایی هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکەین. میتافیزیکای ناولێنانی کۆن، واتە بەرەی “چاکە و خراپە”، “پاک و پیس” و … هتد دەگۆڕین. لەم زمانەدا “تیرۆریست” باشترین و گونجاوترین زاراوەیە. ئێمە شیرازەیەکی سیاسیمان پێکەوە ناوە کە دەرەوەی شیرازە و تەکووزیی(نظم) دەوڵەت دەبێتە “تیرۆریست”. لێرەدا فاشیزم چەمکەکان نۆژەن دەکاتەوە و میتافیزیکێک بە میتافیزێکێکی دیکە دادەپۆشێت. “تیرۆریست” دێو و خێو و جنۆکەیەکە کە لە لەتاریکیدا دەست دەوەشێنێت. کاری تیرۆریست ترساندنە لەبەرانبەر ترساندن!
ئەگەر فاشیزم “تەکنیک” بێت، وەک تەکنیک لە مێژوودا هەمیشە پەیڕەو کراوە. بەڵام دەرکەوتنی فاشیزم وەک ئایدیۆلۆژیا لە دەوڵەتی مودێڕندا پێوەندیی بە دۆخێکی بەرهەستەکییەوە هەیە کە لەگەڵ دۆخی دەرهەستەکی (سۆبژەکتیڤ) لێک دادەپۆشن. “مێژوو” دایەنی هەموو ئایدیۆلۆژیایەکە؛ هیچ ڕەواییەک لە کاتی ئێستادا وەرناگیردرێت ئەگەر پێشینەیەکی مێژووییی بۆ دانەتاشرێت. ئەم پێشینەیە شێوەی کارکردنی مرۆڤ و کولتوورە لە مێژوودا. ڕەفتارناسیی ئەم مرۆڤە و میتافیزیکێک کە هاوتای جیهانی فیزیکی “قاچ و سەر” ئاراستە دەکات و نەخشەیەکی سیاسی کە لە جوگرافیادا دەستنیشان دەکات و هەروەها کەرستە ماددی و تەکنەلۆژیکەکان، شیوەی خەمڵینی ئایدیۆلۆژیایەک لە داوێنی جیهانبینییەکدا نیشان دەدەن. فاشیزم وەک هەر ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە هیچ خاکێکی دیاریکراوی نییە بەڵام هەمیشە زەینێکی دیاریکراوی مێژوویی – کولتووریی هەیە کە لەپێناو زاڵبوونی خۆیدا بەکاری دەهێنێت. ئەم خاکە نەخشەیەکە کە بە سەرهەڵدانی مودێڕنیتەی سیاسی دەوڵەت – نەتەوەی پێدەگوترێت. بەشێکی ئەم خاکە لە ئەنجامی نەتەوەسازیی داگیرکەرانەدا فاشیزمی تێدا هەڵدەکەوێت. نەتەوەسازیی داگیرکەرانە بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو گەلانەدا سەری هەڵدا کە خاوەنی مێژوویەکی درێژ نین و لە ڕێگەی مێژووسازییەوە فاشیزمێکی سەروساخت دا، واتە وەک ناسیونالیزمی ئەورووپایی لە جەستە ئیمپراتۆرییەکی لاتینی- مەسیحی جیا نەبوونەوە، بەڵکو لە خاکێکی بێگانەوە هێرشیان کرد و لە خاکێکی نوێدا گیرسانەوە. ماڵخۆیی و خۆبەخاوەنکردن دوو واتای بەتەواوەتی جیاوازیان هەیە. ناسیونالیزمی ئەورووپی خاوەنی خاک و کولتووری مێژوویی خۆیەتی، هەڵبەت وێڕای ئەو ململانێیەی کە لەسەر هەندێ بەشی خاکەکەیان هەیانبوو. ئەم ناسیونالیزمە، ناسیونالیزمی گەلانی شارستانییە کە زۆر لەو ناسیونالیزمەی گەلانی کۆچەری جیاوازە کە دواتر لەجێی ئەوەی دەوڵەتی نیشتمانی و هاووڵاتیی لێبکەوێتەوە لە ناسیونالیزمی خێڵەکییەوە – ڕەنگە زاراوەکەش چەندان گونجاو نەبێت – بەرەو فاشیزمی نەتەوەی دەوڵەتی هەنگاویان نا.
دەوڵەت – نەتەوە، دەوڵەت بۆ نەتەوەیە. نەتەوە کاتێک بە دەوڵەت دەگات دەخڵەمێت. جوگرافیای سیاسییەکەی لە خاکی خۆیدا بنیات دەنێت کە خاکی مێژووییی نەتەوەیە. هەڵبەت لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەشێکی زۆری ئەم دەوڵەتانە دیمۆکراتیک نین و وردە وردە لە ئەنجامی سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و مەدەنییەوە بەرەو بەشداریی سیاسی و دیمۆکراسی هەنگاو دەنێن. هەڵبەت مەرج نییە ئەمە ڕەوتێکی دەستەبەرکراو بێت، بەڵام لانیکەم لە مێژووی سەدەی هەژدە و نۆزدە بەم لاوە ئەم ڕەوتە بەزەقی دەبینین.
بەڵام من واتای “نەتەوەی دەوڵەتی” لە دەوڵەتی نەتەوەیی یان دەوڵەت – نەتەوە جیا دەکەمەوە. دەکرێ دەوڵەتی نەتەوەیی یان دەوڵەت – نەتەوە، دیکتاتۆری و تەنانەت فاشیستییش بن کە ئێمە لێرەدا لەگەڵ دوو ڕوخساری جیای فاشیزمدا بەرەوڕووین: فاشیزمی ئەورووپایی (ئیتالیا و ئاڵمان) و هەروەها فاشیزمی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کە تەنانەت ڕەنگە لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی فاشیزمی ئاسیاییشدا (وەک ژاپۆنی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی و ڕێژیمە دیکتاتۆریی و نیمچە فاشیستیی وەک کامبۆج و بۆرما) جیاوازییان هەبێت کە لێرەدا ئێمە دەرفەتی شیکردنەوەی وردەکارییەکانمان نییە. هەڵبەت ڕەنگە کەسانێکیش هەبن کە ستالینیزم و ماویزم و کۆریای باکوور کە ڕێژیمی کۆمۆنیستین بە تێکەڵەیەک لە کۆمۆنیزم – فاشیزم بزانن. لەم بارەوە من لەسەر ئەم پۆلێنکردنە پێداگر نیم کە هەرچەند بەپێی ئەدگاری هاوبەش ڕێژەیەک لە فاشیزم لەم نموونانەدا هەیە.
نەتەوەی دەوڵەتی، بریتییە لەو نەتەوەیەی کە لە دروستکردنیدا دەوڵەت ڕاستەوخۆ بە پشتبەستن بە داگیرکاری بونیادی دەنێت. لەم دەوڵەتەدا نەتەوە لەئارادا نییە؛ کۆمەڵە خەڵکێکی کۆچەری بە داگیرکردنی خاكێک دەبنە خاوەنی و گەلانی نێو ئەو خاکە قەڵاچۆ یان دەتوێننەوە. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا و ئاسیای بچووک (عەرەب و تورک) لە ئەتازۆنی (ئەمریکای ئێستا) بە لەنێوبردنی هیندییە سوورەکان، لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، سپانیۆلی زمان… ئەم دۆخە دەبینرێت. ئەم نەتەوەیە، دەوڵەتییە. دەوڵەت لێرەدا نەتەوەیەکی دروست کردووە کە ڕیشەکانی لە شوێنێکی دیکەوە هاتوون، مێژوو ساخی ناکاتەوە و تاپۆی مێژووییی خاکی نییە. ئەم نەتەوەیە دەوڵەتییە، بەرەنجامی داگیرکارییە. لەبەر ئەوەی نیشتمانە مێژووییەکەی ساخ نابێتەوە دەیهەوێت پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە بسڕێتەوە. هەربۆیە هەردووک سیاسەتی سڕینەوەی جەستەیی و کولتووری هاوکات پەیڕەو دەکرێن. پەلاماری زمانی گەلانی بندەست دەدرێت و لێیان قەدەخە دەکرێت. خاک و زمان پێوەندییەکی قووڵیان بەیەکترەوە هەیە. خۆشخەیاڵییە ئەگەر وا بیر بکەینەوە گەلانی بندەست دەتوانن بەشێک لە ناسنامەی وەها دەوڵەتێک بن.
فاشیزم هەمیشە دوو ئەدگاری هەن؛ بە دەمامک و بێ دەمامک. فاشیزم دەتوانێت بە ناوی هەمەچەشنەوە خۆی بنوێنێت؛ بە دەمامکی سوسیالیستی و بە دەمامکی ئایینی و بە دەمامکی مێژووی هاوبەشی ژیاری. فاشیزمی بێ دەمامک هەمیشە خۆی نیشان نادات، ئەو دەمەی دەمامکەکان لا دەبرێن فاشیزم بە زەقترین شێوە دەردەکەوێت. لەبەرانبەر ئێمەی کورد ئەم ناووناتۆرانە نیشانەی فاشیزمی بێ دەمامکن، فاشیزمی ڕووهەڵماڵدراو: “تورکی کێوی”، “کێونیشین”، “سەربڕ”، “خێڵەکی”، لەم دواییانەشدا – بە بێ هیچ شەرمێک لە ژیریی دەستکرد!- دەستەواژەی کۆچەرییە هیندییەکان دەدرێتە پاڵ کورد.
لە باری زانستییەوە، هەڵسوکەوتی فاشیزم دووفاقییە. لە فاکتۆلۆژیی فاشیزمدا، هەڵبژاردنی فاکتە زانستییەکان دڵخوازانەیە. لە زیندەناسییەوە نموونەی بۆماوەیی بەگوێرەی ڕێڕەوی دڵخوازانەی خۆی بەکار دەهێنێت، ئەفسانەی زانستی دەهۆنێتەوە. زانست لە دەزگای پڕوپاگەندەی فاشیستیدا زمانێکی زانستی هەڵنابژێرێت، زمانێکی شیعری و خەیاڵی و فەنتازیای دووری سەدەکانی بەختەوەریی گەل و پێشینانی پێشەوا و سەرۆکان دەهۆنێتەوە. گەلی پیرۆز و بنەماڵەی پیرۆز و بەفەڕی یەزدانی. زاراوەکانی باوکی گەل، دایەنی شێرپەروەر و کوڕانی خۆر و نەوەکانی دێڵەگورگ بە مەنجەڵی زیندەناسی(بایۆلۆژیا)، کۆمەڵناسی و دەروونناسی دەکوڵێنێت.
دەتوانین بڵێین فاشیزم لە پزدانی مێژووییگەرییەوە بەر دەبێتەوە. نیمچەلەبارچوویەک کە بە هێزی خەیاڵ و ئەفسانە و جادوو لە سایەی دەوڵەتەوە بە بەردەوامی تەمەنی درێژ دەکرێتەوە. دەزگای ڕاگەیاندنی فاشیستی هەناسەی بەبەردا دەکات و ناهێڵێت بمرێت. “دەوڵەتی فاشیستی” ڕاگری سەرەکیی فاشیزمە. بە بێ دەوڵەت، فاشیزم لە شێوازەکانی شۆڤێنیزم و دەمارگیریی خێڵەکی و کولتووریدا وەک دەڵەمەیەک لەئارادایە. ئەم دەڵەمەیە لە ئەدەبیات و هونەر و موزیکدا بەر گوێ و چاو دەکەوێت. لە شێوەی سەبەفەڕییەکی شاعیرانەدا دەنوێنرێت و ئەو دەمەی دەوڵەت دەیپەروەرێنێ و لە تاقیگەی خۆیدا کاری لەسەر دەکات دەبێت بە فاشیزم، وەک پەیڕەو و بەرنامەی دەوڵەت.
تەکنیک و ئایدیۆلۆژیا وەک “هونەر- باوەڕ” لە تاقیگەی مێژوودا دەفراژێن. هەروەک گوتمان “مێژوو” دایەنی فاشیزمە، بەڵام چ مێژوویەک. فاشیزم بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕەوایی خۆی لە مێژوو وەردەگرێت، مێژووی شارستانییەتە گەورەکان. بەڵام فاکتۆلۆژیی فاشیزم دەستچنکردنە. فاکتەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆژژمێر و کڕۆنۆلۆژیای مێژوویی بەکار دەهێنێت. مەوداکانی کات و ڕووداو لەبەرچاو ناگرێت و مێژوو بەشێوەیەکی “بەدەرکات” یان مۆنتاژی کاتی مێژوویی بەکار دەهێنێت و بەم شێوەیەش نۆستالۆژیایەکی چەواشەکراو دەخوڵقێنێت کە نەوەکان بەباشی نایناسنەوە بەڵام پڕوپاگەندا بەباشی بەکاری دەهێنێت و دەرخواردی کۆمەڵگەی نەتەوەییی دەوڵەتی دەداتەوە. کە وابوو فاشیزم بانمێژوو و جادوو و ئەفسانە و بەگشتی میتافیزیک لە مەنجەڵی خۆیدا دەکوڵێنێت. بەم شێوەیە سیستمی تەکنیک – ئایدیۆلۆژیا “هونەر-باوەڕ”ی فاشیزم ئاسۆی داهاتووی خۆی بە گێڕانەوەی ساختەی مێژوو وێنا دەکات. هەر بۆیە هەمیشە داهاتووی ڕاستەقینە بە چاوی خۆی نابینێت، بەڵکو لە داهاتوویەکدا دەژیت کە هیچکات نابێت بە داهاتوو. بەشێوەیەک لە شێوەکان داهاتووی فاشیزم “کۆتایی مێژوو”ە. فاشیزم، خاوەنی هیچ جیهانبینییەکی زانستی نییە، بەپێچەوانەی مارکسیزم کە بڕوای بە ماتریالیزمێکی دیالکتیک و ڕوانگەی ئۆبژەکتیڤ بۆ مێژوو هەیە و تا ڕادەیەک بەگوێرەی ئابووری و ئابووریی سیاسی و لۆژیکی پەرە و گەشە و ململانێی چینایەتی بەگوێرەی ڕاڤەی کۆمەڵناسانەی کار و سەرمایە مێژووی جیهانیی مرۆڤ ڕاڤە دەکات.
پێوەندیی تەکنەلۆژیا و فاشیزم
تەکنەلۆژیا، یان زانستی تەکنەلۆژیک بەکارهێنانی ئامانجداری زانین و زانستە بۆ چارەی ئاریشەکان و ڕاپەڕاندنی ئاسانتری کارەکان و وڵامدانەوە بە پێداویستییە مرۆییەکان. ئەم چەمکە توێژێکی بەرین لە ئامرازە هەستپێکراوەکان دەگرێتەوە (وەک ئامێر و کۆمپیۆتەرەکان) هەروەها ئامرازە هەستپێنەکراوەکان وەک نەرمئەوزار و مێتۆدەکانی ڕێکخستن) دەگرێتەوە.
لە دیدی مێژووییەوە، پێوەندیی مێژوویی و مودێڕنی فاشیزم و تەکنەلۆژیا زۆر قووڵە. تەکنەلۆژیا بۆ ئایدیۆلۆژیا سەرلەبەرخواز و تۆتالیتەرەکان هەمیشە ئامرازێکە بۆ چاودێری و کۆنترۆڵی کۆمەڵانی خەڵک و لە سەردەمی دیجیتاڵدا ڕەهەندەکانی مەترسیدارتر و ئاڵۆزترن. هەروەک لە سەرەوە باسم کرد، فاشیزم: تەکنیک – ئایدیۆلۆژیا و دواجار تەکنەلۆژیا دەخاتە خزمەتی سیستمێکی باوەڕەوە کە دەتوانین بە “زەینی نەخۆش” ناودێری بکەین.
تایبەتمەندییەکانی فاشیزم کە لە دەوڵەتدا بەرجەستە دەبنەوە ئەمانەی خوارەوەن:
- ئامرازی کۆن و مودێڕنی کۆنترۆڵ
- چاودێری و چاودێریی ئەلکترۆنیک و دیجیتاڵ
- سانسۆر و سنووردارکردنەوەی پێوەندی و ڕاگەیاندن و لەم دواییەشدا ئینتەرنێت
- ئەندازیاریکردنی بیروڕای گشتی؛ واتە سوودوەرگرتن لە ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دووجەمسەریکردنی کۆمەڵگە، هەڵڕشتنی زانیاریی ساختە و ڕووشاندنی کەسایەتیی ڕەخنەگران.
تەکنەلۆژیای سەربازی، لە سەردەمی مودێڕندا بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر لە گەشە و پەرەی خۆیدایە. جیهانی جەنگی سایبێری، جەنگی درۆنەکان، جەنگی لەیزەری و میکرۆبی و جەنگی ئەلگۆریتمەکان بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد، دەبنە مایەی مەترسیدارتربوونی فاشیزمی سەدەی بیست و یەک کە میراتگری فاشیزمی سەدەی بیستەمە. هەروەک پێشتر گوتم، “لەنزیکەوە کوشتن” وێڕای هەموو کاریگەرییە سامناکەکانی، بەقەد “لەدوورەوە کوشتن” کاریگەر نییە.
هیواداربوون بە گۆڕانی سروشتی مرۆیی لە سایەی دەوڵەت و دامودەزگاکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاڵیزم و ڕاگەیاندنە گشتییەکان و سەروەریی یاسا و مافی تاک و بەگشتی دیمۆکراسی لە جیهانی خۆرئاوا وردە وردە ترسی گەڕانەوەی جۆرێکی دیکەی سامناکی چەوساندنەوەی مرۆڤ بەدەست مرۆڤی لێ دەنیشێت کە تێیدا لەو دیوی شاشەکانەوە بەشێوەیەکی پاتەوپات ئاسایی دەکرێتەوە.
یادەوەریی مێژووییی ئێمە “هۆڤیگەری” ڕادەستی سەدە دوورەکان دەکات. خوێندنەوەی جەنگی مەغۆل و تورک و عەرەب و کوشتاری هیندییە سوورەکان و قەڵاچۆی گەلانی ئەفریقایی و ئەرمەن و جووەکان و مەسیحییەکانی نێو موسوڵمانان و موسوڵمانانی نێو مەسیحی و هیندۆسی و…هتد کە دەدرێنە پاڵ مرۆڤی ناشارستانیی پێش مودێڕن لەبەر دیمەنی سامناکی “لەنزیکەوە کوشتن”ە. بەڵام هەمان “هۆڤیگەری” بە کاریگەریی “لەدوورە کوشتن” وەبەرچاو ناکەوێت. بۆ نموونە هەرکە نیگات بە ئاوێنەوە دەنووسێنیت هیچ شتێک نابینیت، کاتێک مەودای لێ دەگریت بەشێوەیەکی ئاسایی دەیبینیت و هەرکە لێی دوور دەکەویەوە بەئاسانی بەلایدا تێدەپەڕی. لە پێوەندیی ئاوێنەییی سەدەی بیست و یەکەمدا ناتوانی هیچ شتێک بشاریەوە بەڵام دەتوانی نەهێڵیت ببینرێت! پێشتر هێزی دەوڵەت لە “شاردنەوە”دا دەردەکەوت، بەڵام ئێستا هێزی دەوڵەت لە “نەبینران”دا. کارکردی دەزگای پڕوپاگەندا ئەوەیە کە جیهانی نزیک ئەوەندە نزیک بکاتەوە تا نەبینرێت، واتە نیگا بنووسێت بە ئاوێنەوە. یان ئەوەندە دووری بخاتەوە تا کەس حەز و کاتی بینینی نەمێنێت. لە جیهانی ئاوێنەییی ئەم سەردەمەدا ئەم دیاردەیە بەڕوونی دەبینین. گرنگترین دیمەن و ڕووداوە وێنەییەکان لە تیکتۆکدا ون دەبن، لەکاتێکدا لاوەکیترین ڕووداوەکان ئەگەر “چەقی سەرنج”(فۆکەس)یان بخرێتە سەر دەبنە سەرەکی!
واتە مانایەکی ئەوتۆ بۆ “لاوەکی” و “سەرەکی” نەماوەتەوە، چونکە لە جیهانی ئاوێنەییدا تەنیا “چەقی سەرنج” دەتوانێت “لاوەکی” و “سەرەکی” بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەستنیشان بکات و بەدبەختییەکە ئەوەیە کە فاشیزم سەروکاریی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی قورمیشکراوە و بەم شێوەیە دەزگای پڕوپاگەندای دەوڵەتی فاشیستی لە دەستەبژێرانی ڕووناکبیر دەباتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕەنگە لەم جیهانە فرەڕەنگ و فرەدەنگەدا کە ئازادیی ڕادەبڕینیش هەیە، ئەم ئازادییە خۆی ببێتەوە بە پێشێلکەری دیمۆکراسی بەدەستی پۆپۆلیزم. بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باو لە ئێستادا تەنیا بە ئازادیی دەڕبڕین و نووسین و گوتن ناتوانین فاشیزم کۆنترۆڵ بکەین، چونکە خودی فاشیزمیش لەم جیهانە فرەدەنگ و فرەڕەنگەدا دەتوانێت گێڕانەوەی خۆی دروست بکات. فاشیزمی خاوەن میدیا بە دەمامکی ئایین و سوسیالیزم و دیمۆکراسی و لیبراڵیزم و ئانارشیزم و چەندان شێوەی دیکە تەڵقینەکانی لە ڕێگەی وشەکاری و وشەڕازێنیی هونەری- ئەدەبی و دواندەرانە(ڕیتۆریکاڵ) دەرخواردی جڤاک دەدات. لێرە بەدواوە دەبێ پێناسەی “کۆنترۆڵی ئازادیی ڕادەربڕین” بگۆڕین بۆ “کۆنترۆڵی گێڕانەوەکان”. کارکردی سەرەکیی فاشیزم لەم سەردەمەی ئێمەدا کۆنترۆڵی گێڕانەوەکانە، نەک کپکردنی ڕاستەوخۆی دەنگ و ڕەنگ. ئامانجەکە ئەوەیە لەڕێگەی “نووسانی نیگا بە ئاوێنەوە” گێڕانەوە بکات بە دیواری چیرۆکی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون، بەم چەشنە بە بێ ئەوەی ئازادیی ڕادەربڕین قەدەخە بکات، گێڕانەوە کۆنترۆڵ دەکات. ئامانجەکە نەهێشتنی مەودایە (نووسانی نیگا بە ئاوێنەوە) یان دروستکردنی دوورمەوداییەک کە ئیدی “چەقی سەرنج” نەمێنێت.
لەم جیهانە ئازادەی دەربڕیندا دەتوانین وا بکەین کە بە ڕێژەیەکی زۆرەوە وتارێک نەخوێنرێتەوە، فیلمێک نەبینرێت، کتێبێک چاپ نەکرێت و… هتد، تەنیا لە ڕێگە کۆنترۆڵی گێڕانەوەوە. کە وابوو، “بەرهەمهێنانی هۆشیاریی درۆزنانە” نابێت وەک گوتەزایەکی ئایدیۆلۆژیکی مارکسیستی، بەڵکو دەبێ وەک وزەیەکی ڕەخنەیی بخرێتەوە بەرباس تا بتوانین ئەو شتەی کە نەبینراوە یان کەم بینراوە جارێکی دیکە ببینرێت. لە جیهانی ئازادی ئەمڕۆی خۆرئاوادا “فاشیزمی زەق” توانای دەرکەوتنی نەماوە بەڵام هێشتا “فاشیزمی متبوو یان دەمامکدار” لە چوارچێوەی دیمۆکراسیدا درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. لەبەرانبەردا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و لە جیهانی ئاڵۆز و تراژیکی ئێمەی کورددا فاشیزمی زەق، بەزەقی کاری خۆی دەکات.
“کوشتن لەدوورەوە” لە جیهانی ئاوێنەییی ئێستادا خەریکە ئاسایی دەبێتەوە. ڕەنگە ئەم دەربڕینە ناکوکوێژی بێت، بەڵام لەڕاستیدا بە هێنانەوەی نموونەکان بابەتەکە ڕوونتر دەبێتەوە. جەنگی درۆن، هاژەک(مووشەک، ساروخ)، لەیزەر و میکرۆب لە ناوچەیەکی بەرتەسکی جیهاندا بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان و پاکتاوی نەژادی بەبەرچاوی جیهانەوە بێ ئەوەی بشاردرێتەوە بەڵام نەبینرێت چ واتایەک دەگەیەنێت. لە ساڵانی پێشوودا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی تامیل سڕدرایەوە. جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین، جەنگێکی جیهانی لە ڕووبەرێکی کەمدا بە کوژرانی هەزاران کەس بەئاسانی بە کۆنترۆڵی گێڕانەوە نەک هەر کۆنترۆڵ دەکرێت بەڵکو ئاسایی دەکرێتەوە. یەکێک لە ڕێگەکانی ئەم کۆنترۆڵی گێڕانەوەیە، کۆنترۆڵی ئامارە و هەروەها دروستکردنی گومانە تا بێبڕوایی جێی بڕوا بگرێتەوە و بەم شێوەیە گومانسازی ڕای گشتیی جیهانی کۆنترۆڵ دەکات و هیچ کەس بڕوا بەوە ناکات جەنگێکی جیهانی لە ڕووبەرێکی بچووکدا خەریکە ڕوودەدات. نموونەی ئامارەکان:
کوژراوانی خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین: 4000 تا 20000 کەس: ئاماری ئۆکراین. (24ی فێبرایەر تا 8 ی مارسی 2022).
کوژراوانی خەڵکی مەدەنیی ئۆکراین: 579 کەس: ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان.
(24ی فیبرایەری تا 12ی مارسی 2022).
کوژراوانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین: 20000 تا 40000: ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان.
کوژراوانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین: 35436 کەس: ئاماری ئۆکراین. (وەرگیراو لە ویکی پیدیا).
“فرەگێڕانەوەیی” بە یاریدەی دوورمەودایی و بێ مەودایی، بێ متمانەیی دەنێتەوە و بەم چەشنە گفتوگۆ لەسەر ئاماری کوژراوان و دالەنگاندنی مەرگ بۆ ژمارە لە میدیا دوورخستنەوەی تراژیدیایەکی مرۆییە و سڕبوون یان ئاساییبوون لەبەرانبەر ئەم ڕووداوانە بێ ئەوەی بشاردرێنەوە، “کۆنترۆڵی گێڕانەوە”یە، کە تا ئاشکرابوونی ڕەهەندەکانی ڕووداوی تراژیک لە کاتێکی مێژووییدا دەوڵەت پڕۆژەکەی خۆی تەواو دەکات. تەکنیکی کۆنترۆڵی گێڕانەوە لە نیشانداندایە، نەک لە شاردنەوەدا. گێڕانەوەیەک بە بێ هێشتنەوەی مەودا، واتە دیمەنی زۆر نزیک تا ئاستی نەبینران لە ڕێگەی گەمەی زمانییەوە. بەپێچەوانەوە، سامناکیی جەنگی جیهانیی دووەم لە دیوە شاراوەکانی پاش جەنگ دەرکەوت و لە یادگەی درێژخایەنی جیهاندا مایەوە. پرسیارێکی گرنگ ئەمەیە ئایا لەم جیهانە ئاوێنەییەی کە نیگامان بە ڕووداوەوە دەنووسێت، دەتوانین بە بارتەقای بینین تێبگەین؟! لەڕاستیدا چاوبەست هەمان نووسانی نیگایە بە ئاوێنەوە، تەڕدەستییەک کە میدیا بەڕێوەی دەبات و فاشیزمێکی دەمبەخەندە کە دەتوانێت خاوەنی پەرلەمان و میدیای گوایە ئازادیش بێت!
تەکنەلۆژیای کوشتار، سەرباز لە جەستەی کۆمەڵگە جیا دەکاتەوە. شمشێرێک یان هەر چەکێکی دیکە کە لە مەودایەکی نزیکەوە ئەوی دیکە دەکوژێت، وێنای کوژراو و بکوژ زەقتر نیشان دەدات. دەست+ شمشێر+ جەستەی ئەوی دیکە، بکەرێتییەکی ڕاستەوخۆیە. وێنە و ئەدگاری مەرگ ڕاستەوخۆ وێنا دەکرێت و بکوژ ئەوەندە نزیک دەکرێتەوە کە دەتوانێت سامناکیی مەرگ بەرجەستە بکاتەوە. دوورکەوتنەوەی سەرباز و ئامێر لە تەرمی کوژراو، ئامێر نزیکتر و سەرباز دوور دەخاتەوە. هەڵبەت ئێمە دەزانین کە بکەر مرۆییە، بەڵام وێنەی دووری و نزیکیی ڕووداو پێوەندییە هۆیەکییەکە چەواشە دەکات. جێی سەرسوڕمانە کە وێڕای پەیبردن بە بکەرێتیی مرۆڤ لەم ڕووداوەدا دیسان کارتێکەرییەکەی کەمترە. ئەمە ڕەنگە وامان لێبکات بیر لەوە بکەینەوە هەبوونی “مەودای وێنەییی گونجاو” لە بینینی مەرگەسات لە ژانری تراژیدیادا دەبێتە هۆی بیرکردنەوە و ئنجا “کاتارسیس”(پاکبوونەوە) بە گوتەی ئەرستۆ، ڕوودەدات. جەختی من لە پێوەندیی “مەودا” لە “کۆنترۆڵی گێڕانەوە”دا لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. بەدوایەکداهاتنی وێنەیی لە “تیکتۆک” هیچ یادگەیەک دروست ناکات، لەکاتێکدا ئێمە وا گۆش کراوین کە وێنە دروستکەری یادگەیە. بەڵام وێنەی بێ بیرۆکە خوڵقێنەری هیچ یادگەیەک نییە و لە ڕێبازی جوانیناسانەی کەسانێکدا کە بڕوایان بە بیرۆکە نییە، ئەم بابەتە چۆن شی دەکرێتەوە. “تیکتۆک” نموونەی هەرەزەقی “کۆنترۆڵی گێڕانەوە” یان تەنانەت “نەهێشتنی گێڕانەوە”یە. بۆ نموونە وێنەگەلی بەدوایەکداهاتووی تەقینەوە، پاشان فڕۆکەیەک، پاشان ڕیکلامی دایبی، گرتەی فیلمێک، وێنەیەکی ئیرۆتیک، گەپوگاڵتە و ئیدی بەم چەشنە تا کۆتایی چیمان بۆ دەڕەخسێنیت. مەبەستم لە “کۆنترۆڵی گێڕانەوە” سڕینەوەی بیرۆکەیە کە بەم چەشنەش جوانیناسیی هونەری گێڕانەوەش تەنیا بە فەزای وێنەییی مۆنتاژکراو یان سانسۆرکراو لەبار دەبات. فاشیزم لەم جیهانە ئازادەی کە گوایە هەموو شتێک دەخاتە بەرچاو و پرشنگ لە هەموو کون و قوژبنێک دەپرژێنێت، بەم چەشنە کار دەکات. فاشیزم بەم چەشنە وەک “نێواندەقی” یان هەمان دەقئاوێزان کە دەخزێتە نێو گۆڕەپانی وێژمان (دیسکۆرس)ەوە. بەم چەشنە وەک “تەکنیک” پێماندەڵێت “هەر بەزۆر من لەسەر هەقم”.
“شانتاژ”، “دژەزانیاری”، “گەواهیی ساختە”، هونەری مۆنتاژ و سانسۆر، جەماوەریچیەتی(پۆپۆلیزم)، خەڵکتەفرەدان (دیماگۆژی)، تیرۆری کەسایەتیی ڕەخنەگر، بە یاریدەی دوورمەودایی و بێ مەودایی لەژێر ناونیشانی گەورەی “کۆنترۆڵی گێڕانەوە” سیمای سەرەکیی فاشیزم پێک دەهێنێت. هەڵبەت من بڕوام بەوە نییە کە هەموو جۆرەکانی “کۆنترۆڵی گێڕانەوە” دەچنەوە سەر ئاوڕێژگەی فاشیزم. بەڵام ئەگەر “کۆنترۆڵی گێڕانەوە” بەو تایبەتمەندی و پێڤاژۆیەی خرایە ڕوو جێبەجێ بکرێت ئەمە دەرکەوتی سیاسەتی فاشیستییە. کۆنترۆڵی گێڕانەوە لەپێناو دەرکەوتنی ڕاستییەکان بە ڕەواندنەوەی چەواشەکارییەکان ئەو کارەیە کە بەرەی ئازادیخوازی دیمۆکرات دەبێ بیگرێتە ئەستۆ. وێڕای هەموو ئەو تاریکییەی لە وێنای جیهانی ئەمڕۆدا خستمە ڕوو، دیمۆکراسی بە هەموو کەموکووڕییەکانیەوە تا ئێستاش گەورەترین و بەهێزترین دوژمنی فاشیزمە. لەگەڵ ئەوەی فەزایەکی ئازاد کە فاشیزم بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت هەمان فەزای دیمۆکراسییە، لەگەڵ ئەوەشدا دیمۆکراسی بە هێشتنەوەی مەودای گونجاو دەتوانێت “چەقی سەرنج” بهێڵێتەوە و ئەمەش ئەو وزە ڕەخنەییەیە کە ناهێڵێت فاشیزم “گێڕانەوەی ساختە”ی خۆی بەرهەم بهێنێت و گێڕانەوە بە قازانجی خۆی کۆنترۆڵ بکات.
وەک دوایین تەوەر، بەکورتی ئێمەی کورد کە بە فاشیزم گەمارۆ دراوین، قوربانیی جەستەیی و ڕۆحی و هزریی فاشیزمێکی درێژخایەنین کە بەشێوەی هەمەچەشنە لە کۆنترۆڵکردنی شێوازی دەرکەوتن و گێڕانەوەی ئێمە لەمەڕ مێژوو و زمان و فەرهەنگ وێنەیەکی جیا لە خۆمان بۆ جیهان دەنێرێت. هەموو ئەو ناتۆرانەی لە سیاسەتی نەرمدا لەبەرانبەر ئێمە بەڕێوە دەچێت کاریگەرییەکی نالەباری لەسەر شێوەی بوونی سیاسی و فەرهەنگیی ئێمە داناوە و هەندێ جار دەخزێتە نێو میدیا و بە دژەزانیاری خۆی پاتەوپات دەکاتەوە. هیچ فاشیزمێک پاشەکشێ بە فاشیزمێکی دیکە ناکات بەڵکو ڕقئەستوورتری دەکات و خۆراکی پێویستی بۆ دابین دەکات. بەڵام پەلکێشبوونی نەزانکارانە بۆ نێو “گێڕانەوەسازیی” فاشیستی بەو تایبەتمەندییانەی لەسەرەوە خرانە ڕوو، گەمەکردنە لە گۆڕەپانی وێژمانی فاشیزمی زاڵی ناوچەیەک کە هەمیشە کوردی وەک “دۆخی ئاوارتە” پێناسە کردووە و وڵامدانەوەی فاشیستی بە فاشیزم دۆخی ئاوارتە درێژتر دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرەنگاریی کولتووریی کورد بە فەرهەنگێکی دیمۆکراتیک لەگەڵ دۆخی ئاوارتە بە هێشتنەوەی مەودای گونجاو دەبێتە هەوێنی ڕەخسانی “چەقی سەرنج” کە گۆڕەپانی وێژمانی خۆمانی تێدا دەستنیشان دەکەین. خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی مێژوو هەر بەم چەشنە بە هێشتنەوەی مەودای گونجار دەکرێت. لە بواری مێژوونووسیدا، شوێنەوارناسی دوژمنی سەرسەختی فاشیزمە کە پاشەکشێ بەو مێژووسازیی و گێڕانەوەسازییە ساختەیە دەکات کە دراوسێکانمان بەهۆیەوە کوردیان خستووەتە پەراوێزی ئەم مێژووەوە.
وتارەکانی تر
فاشیزم و کۆنترۆڵی گێڕانەوە
وتار فاشیزم و کۆنترۆڵی گێڕانەوە بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: 06.07.2026 بابایی، مەسعوود (٢٠٢٦): فاشیزم و کۆنترۆڵی گێڕانەوە. وتاری بەردەست. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران
وتار دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: 23.06.2026 ڕەسووڵی، داوود (٢٠٢٦): دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و [...]
ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر
وتار ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر* بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: 15.10.2025 سولەیمانی، کەماڵ (٢٠٢٥): ئێکۆناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ژینگەیی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەریف باجوەر. وەرگێڕانی [...]
تحلیل پایداری کشاورزی در کوردستان – ایران: چالشهای زیستمحیطی و راهبردهای توسعه پایدار در استانهای سنندج، ارومیه، کرمانشاه و ایلام
مقاله منتشر شده به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - تیشک: ٠٣/٠٥/٢٠٢٥ سهرابی، منصور (٢٠٢٥): تحلیل پایداری کشاورزی در کوردستان - ایران: چالشهای زیستمحیطی و راهبردهای توسعه پایدار در استانهای سنندج، ارومیه، کرمانشاه [...]
نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی
وتار نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ محەممەدی، ئاسۆ(٢٠٢٥):نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای [...]
دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی
وتار دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ حاتەمی، حەسەن(٢٠٢٥):دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی. پوختە [...]








