لەپێناو مانەوە

 پێشەوا عەلیپوور

ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و داڕمانی ئیدۆلۆژیی کۆمۆنیزم، لە نیشانەکانی دەرکەوتنی نەزمی نوێی جیهانی و ڕاگواستن بەرەو سەدەی ٢١ بوون، کە تێیدا ئەمریکا وەک تاکەسواری مەیدان هاتە گۆڕێ.

هاتنەئارای شەڕی تیرۆر و هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق، بەشێک بوون لە پڕۆسەی جێخستنی نەزمی نوێی جیهانی. ئەگەرچی پاش تێپەڕینی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک (٢٥ ساڵ) لەو شەڕانە، ئەفغانستان و عێراق سەقامگیرییان بەخۆیانەوە نەدی، بەڵام لانیکەم لە عێراق دەرفەتێک هاتە ئارا کە قەوارەی کوردی لە شێوەی هەرێمێکی فیدراڵ و دانپێدانراودا بچەسپێت.

دەرکەوتنی هێزێکی توندڕەوی وەک «داعش» لەسەروبەندی سەدساڵەی پەیمانی سایکس-پیکۆدا، وێڕای ئەوەی لەمپەر بوو لەبەردەم سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی، بەڵام دەرفەتی ئەوەی هێنایە گۆڕێ کە کۆماری ئیسلامی دەستئاوەڵەتر لە جاران هیلالی شیعە پەرە پێ بدات و بە بەرچاوی هاوپەیمانانەوە، لە عێراق و سووریا و لوبنان خەریکی بەهێزکردنی پرۆکسییەکانی خۆی بێت. لەو نێوەدا بەرەی هاوپەیمانیی دژی داعش هەوڵی سەرەکی ئەوە بوو کە ئەم هێزە تیرۆریستییە «داعش» لە ناو ببات و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگێڕێتەوە. لەتەنیشت ئەوانیش کۆماری ئیسلامی بە دەرفەتی زانی و لەڕێگەی سپای پاسدارانەوە هەوڵی دەدا کە هاوسەنگیی ئایینی لە ناوچەکە، بەلای شیعەدا بشکێنێتەوە.

ئەمڕۆژانە و پاش تێپەڕینی ٢٦ ساڵ لە سەدەی بیست و یەکەم، هەوڵی زلهێزەکان ئەوەیە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، ڕێوشوێنە نوێیەکانی نەزمی جیهانی بخەنە بواری جێبەجێکردن، بەتایبەت سەبارەت بە ئیدارەی ئابووریی جیهان، تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد و هەروەها وزە و ڕێڕەوە بازرگانییەکان، کە ئەو ڕێوشوێنانە لە دۆخی سەقامگیردا جێبەجێ دەبن. هەر بۆیە تا گەیشتن بەو سەقامگیرییە، ئاڵوگۆڕەکان خێراتر و بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانیش لاوازتر دەبن.

سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی ئیدارەی نەزمی جیهانی، کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشەی بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکانیش پێیە، بۆ نموونە دنیای دیجیتاڵ ڕۆڵی کارای هەبووە لەوەیکە چەقی هێز لە حکومەتە پاوانخوازەکان ڕا بگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگاکان و ئەمەش دەرفەتی هەڵسووڕانی بە نەتەوە بێدەوڵەتەکان داوە کە لە شەڕی ڕیوایەت و بەربەرەکانی لەگەڵ ئایدۆلۆژیا داڕماوەکانی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان، جارێکی تر چەمکەکانی گرێدراو بە شوناس پێناسە بکەنەوە و فریای مان و مەوجوودیەتی خۆیان بکەون. لەوەها دۆخێکدا تێکەڵاوی نەوەی نوێی کورد لەگەڵ دنیای دیجیتاڵ و گەڕانەوە بۆ بنچینەکانی شوناس و پتەوکردنی ژێرخانی نەتەوەیی، بە خاوەندارێتیی ئەو نەوەیە لە وێژمانی نەتەوەیی و سنووربەندیی ئاگایانە لەگەڵ «ئەویتر» و، پاشان لەڕێگەی بەدامەزراوەیی کردن و جومگەبەندیی وێژمانی نەتەوەیی، دەبێتە قەڵای لەگیراننەهاتووی نەتەوەکەمان لەو ئاڵۆزییانەدا.

هاوکات کێبەرکێ ئابوورییەکانی زلهێزەکانیش دەرفەت و مەترسیی خۆیان دروست کردوون، بەتایبەت کە لە گەرمەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی جیهاندا، وڵاتی چین بەبێدەنگی وەک زلهێزێکی ئابووری هاتەوە مەیدان. بەمەش جارێکی دیکە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەوە بە چەقی ململانێی زلهێزەکان، کە ئێران و تورکیا و سووریا و عێراقیش، بێبەش نین لەو ململانێیانە.

زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم دۆخی ئێستای جیهان لە ڕووی کۆلۆنیالیستییەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ کۆتاییەکانی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی و دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و دەستگرتنی زلهێزەکان بەسەر سەروەت و سامانەکانی وڵاتانی شەڕلێدراو و دابەشکراودا.

هەنووکە ئاماژەکان وا دەردەکەون کە زێدەخوازیی ڕووسیا و تێوەگلانی لە شەڕی درێژخایەنی ئۆکرانیا، هەروەها قەڵاچۆکردنی حیزبوڵڵا و حەماس وەک پرۆکسیی چالاکی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا و هاتنەسەرکاری ئەحمەد شەرعی «کڕاواتی»، هەروەها هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و، هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە تورکیەی میراتگری عوسمانی، ئاماژەکانی لەدایکبوونی کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشەی جدییان دەرخستووە. هەر بۆیە ئەگەر کورد وەریا نەبێت، لەم سەدەیەشدا دیسان دەبێتەوە قوربانی و ئەم دەرفەتەشی لەکیس دەچێت.

بەستێنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، لاوازترین ئاڵقەکانی ناوچەن و بەدوورن لە سەقامگیری و گەشەی ئابووری، تەنانەت ئابووریی بەشێکیان وەها داڕماوە کە تا بیست ساڵی دیکەش خۆیان ناگرنەوە و ئەمەش دەرەتانی تووڕەبوونی ناوخۆیی بۆ دروست کردوون. هەروەها بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی ئیدۆلۆژیک بەسەر ئەم دەوڵەتانەدا، بەغەیری سووریەی نوێ کە وێڕای ئیدۆلۆژیک بوونی بەڵام خەریکی خۆگونجاندنە لەگەڵ نەزمی نوێ، ماباقی وڵاتەکان وەها لەگەڵ سیستمی نوێی جیهان و ناوچە نامۆ و تەریکن، کە ئەمەش زێڕینترین هەلی مێژووییان بۆ کورد ڕەخساندووە.

لەو نێوەدا خوێندنەوەی هەڵەی ئەمریکا لە هێرشی ئامانجدار و کورتخایەن بۆ سەر ئێران، بەبێ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیار، تا ئێستا و لەو قۆناغەدا دۆخەکەی لە واشنتۆن و سەرۆکی ئەمریکا دژوار کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لەپێشوازیی زنجیرەیەک ڕووداوی جیهانی و ناوخۆییە. لەلایەک لەم هاوینەدا خانەخوێی فیفا ٢٠٢٦ـە کە پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیرییە، لەلایەکیش هەڵبژاردنەکانی نێوانخولی کۆنگرە لەپێشە کە تێیدا هاوسەنگیی هێز لەنێوان دیموکراتەکان و کۆماریخوازان یەکلا دەبێتەوە. ئەم دۆخە بەبێ یەکلابوونەوەی ئاکام و دەسکەوتەکانی شەڕ، دۆخێکی بەرزەخیی هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ ئێران و هەم بۆ ئازادیخوازان دروست کردووە.

لەگەڵ ئەوەی هاتنەوەئارای شەڕ لەگەڵ ئێران دەرفەت بوو بۆ ئازادیخوازانی ئێران و نەتەوەی کورد، بەڵام لێکدانەوەکان بە ئاقارێکدا ڕۆیشتن کە زۆرجار دەمانبیست: «ئەم شەڕە شەڕی کورد نییە»! بێگومان ئەم شەڕە بە باری ئەرێنی و نەرێنیدا کاریگەریی لەسەر کورد هەیە. لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕیش، پرسی کورد و مافەکانی بە هەڵپەسێردراوی و چارەسەرنەکراوی هەر دەمێنن و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شۆڕشگێڕانی کورد زیاتر دەبێت و کەم نابێت. کەواتا ئەو خەباتە دەبێ هەر بەردەوام بێت. بەڵام چۆن؟

بەدوور لەوەی کە کێ تاوانبارە و دەبوایە چی بکەین و بۆ نەمانکرد؟! بەڵام باشتر وایە بڵێین: چی بکەین؟

بەڕای من لەو قۆناغەدا کە هێشتا هاوسەنگییەکان جێگیر نەبوون و لەرزۆکن، بۆ ئێمە دەرفەت ماوە و هەلی بوون بە دیفاکتۆ بۆ کوردی ڕۆژهەڵات هەر هەیە، بەتایبەت کە ڕێژیمی ئێران قورسترین زەبرەکانی مێژووی خۆی پێ کەوتووە؛ لەلایەک سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش گەیشتووەتە بنبەست و زۆربەی پرۆکسییەکانی زەبری گورچووبڕیان بەرکەوتووە، لەلایەکیش ڕێبەرانی پلەیەک و دوو و سێی ڕێژیم لەناو چوون و تەنانەت لە ئەگەری درێژەکێشان و بەردەوامیی ئاگربەستیش، دەسەڵاتدارانی نوێ نەک هەر پشوویان نایەتەوە سەرخۆ، بەڵکوو لەگەڵ ساردبوونەوەی برینەکانیان، ئینجا ململانێی باڵەکانی ڕێژیم لەسەر داروپەردووی ئێرانی وێران چڕتر دەبێتەوە.

هەروەها دەرکەوتەکانی پاش شەڕ و فاکتەری جەماوەری ناڕازی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران و، هەناسەبڕکێی خەڵک لە هەورازی داڕمانی ئابووری و هەڵئاوسان، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم بەردەوامیی ژیانی ئەو ڕێژیمە دەبێت.

لەو دۆخەدا ئامانجی نەتەوەیی و گەورەی ئێمە، نابێ بکەوێتە ژێر کاریگەریی لێدوان و ڕیوایەت و پیلانەکانی وڵاتان، پێویستە چاومان بەڕووی جیهانی نوێدا بکەینەوە و بە چاویلکەی سەدەی بیستم سەیری ڕووداوەکان و خەباتی خۆمان نەکەین. هەر بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێک خەبات و چەمکە گرێدراوەکانی خەباتی خۆمان سەرلەنوێ پێناسە بکەینەوە، هەروەها پێویستە چەمکی «مان» و «مەوجوودییەت» لە واتای ژیان و زیندووییەوە بگوازینەوە بۆ پێناسەیەکی سیاسی و فەلسەفی، کە واتای بەردەوامیی ئیرادە و جێبەجێکردن و ڕاگواستنی ئەرک و ڕەسالەتی نەسلیمان بە دروستی وێنا بکات.

ئەو ڕوانینە پێمان دەڵێت کە لە کات و ساتە هەستیارەکاندا، مان و مەوجوودییەتی بزووتنەوە و ڕێبازێک، خۆی لە شەهیدبوونی سەرکردەکاندا دەبینێتەوە نەک زیندوومانەوەیان! مەرگی سوقڕاتئاسای پێشەوا قازی و خۆڕادەستکردنی بە ڕێژیمی پاشایەتی، تەسلیمبوون و دەستەوەستانی نەبوو، بەڵکوو ئەکتێکی ژیرانە بوو کە لە خوێندنەوەیەکی قووڵی ئەخلاقی و هزری و سیاسی سەرچاوەی گرتبوو. پێشەوا قازی لەلایەک بە ڕادەستکردنی خۆی، گیانی فیدای میللەتەکەی کرد و میللەتەکەی پاراست بۆ ئەوەیکە تووشی چارەنووسی میللەتی ئازەربایجان نەیەن و کۆمەڵکوژ نەکرێن.

لەلایەکی دیکەش پێشەوا قازی بە مانەوەی و بە بەشداری لە دادگای ڕێژیمی پەهلەویدا، لە سیمای مافخوازێکی پێداگر و داکۆکیکار لە مافەکانی نەتەوەکەی و خاکی کوردستان دەرکەوت نەک وەک تاوانبار. پێشەوا بە تێگەیشتن و باوەڕی قووڵی خۆی سەرجەم تۆمەتەکانی دادگای لە چوارچێوەی مافدا بۆ نەتەوەکەی پێناسە کردەوە و دادگا و سەرانی ڕێژیمی پێ مەحکووم کرد. دامەزراندنی حکومەتی کوردی و سەربەخۆییخوازی، هێنانەگۆڕی ئاڵا وەک سیمبولی نەتەوەیی، یەکێتیی نەتەوەیی و پەنا‌دانی کوردانی پارچەکانی دیکە، ئەو مافانە بوون کە دەسەڵاتی ئەوکات و ئێستای ئێرانیش بە تاوان پێناسەیان دەکات.

پێشەوا قازی هەروەها بەو تنۆکە خوێنەی خۆی لە کاتی لەسێدارەدان، ڕێبازێکی هزری و نەتەوەیی بۆ نەوەکانی دوای خۆی ئاودێر کرد، ئەو ڕێبازە فکرییە هەتا ئێستاش وێژمانی نەتەوەییمانە و پاش تێپەڕینی هەشتا ساڵ، بەبێ بەشداریی فیزیکیی پێشەوا قازیش، پێنج نەسلە کە ڕێگای خۆی گرتووەتە بەر و بەرەوپێش دەچێت.

لێبڕاویی نەوەی دوای پێشەوا قازی و دامەزراندنەوەی پایەکانی حیزبی دیموکرات لەلایەن ئەو نەوەیەوە، بەردەوامیی ئیرادە و پێبەندیی سیاسی و ئەخلاقی و فکریی ئەو نەوەیە بە ڕێبازێک بوو کە گوازراوەتەوە بۆ جیلێکی نوێ. پاش نسکۆی کۆمار و تێپەڕینی زیاتر لە بیست ساڵ و ئاوارەبوونی کادرەکانی حیزب بۆ گەرمێن و کەوتنەبەر بنبەستی سیاسییەوە، مەلا ئاوارە و سلێمان موعینی و سمایل شەریفزادە و سدیقی ئەنجیری ئازەر و هاوڕێکانیان، ڕێبەرایەتیی بزاڤێکی مافخواز بەدەستەوە دەگرن و ئاگایانە خەبات لەناو خەڵک هەڵدەبژێرن و لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ دەچنەوە ناو خەڵکی خۆیان. ئەوان جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەیان پشتڕاست کردەوە کە مەرگی فیزیکیی ڕێبەر، نەک هەر نابێتە هۆکاری لەناوچوونی نەتەوە و بزووتنەوەکەی، بەڵکوو هەڵبژاردنی ئەو شێوە لە خەبات و مەرگی ئاگایانە، زیندووهێشتنەوەی ڕێباز و خەباتێکی نەتەوەییە کە لە قۆناغێکی هەستیاردا وەک ئەرک بۆ خۆیان دیاری کرد و ڕەسالەتی خەباتیان بۆ نەوەی دوای خۆیان ڕاگواست و بەردەوامیی ئیرادەیان تۆمار کرد.

وەک لە ئەدەبی بەرگریشدا هاتووە، مامۆستا هێمن ئەو خەبات و ڕاگواستنە نەسلییەی کردووەتە شیعر و تا بە ئێستاش دایکان و باوکان ڕۆڵەکانیان بەو باوەڕە پەروەردە دەکەن و مێرمنداڵان بە سروود دەیڵێنەوە: «پێم گرتەوە دەرچووم لە دارەدارە، ڕێم گرتەوە ڕێگای قازی و ئاوارە».

دوا وتە

ئێرنێست ڕێنان، فەیلەسووفی فەڕانسەوی، ساڵی ١٨٨٢ لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس وتارێکی پێشکەش کردووە. جیاواز لە کۆی تێڕوانینی ڕێنان، بەڵام جوانترین پێناسە بۆ نەتەوە، دەتوانێ ئەو بەشە لە وتارەکەی بێت کە گوتی: «نەتەوە هاوپێوەندییەکی گەورەیە، کە لە هەستپێکردن بە فیداکارییەکانی ڕابردوو و ئەو فیداکارییانەش کە دەبێ لە داهاتوودا بکرێن، دروست دەبێت. بۆیە مانی هەر نەتەوەیەک، ڕاپرسییەکی ڕۆژانەیە». ئەمەش واتە خۆ ئەرکدارکردن بۆ خەبات و فیداکاری.

جا لەو سۆنگەیەوە و لەو ساتە هەستیارەی مێژوودا پێم وایە مانی نەتەوەکەمان بەسراوەتەوە بە سەرخستنی ئەو ڕاپرسییەی ڕۆژانە. ئێمە دەبێ ڕۆژانە ئەرک و بەرپرسیارێتی بۆ خۆمان دیاری بکەین، ئەمەیە کە دەبێتە هەوێنی بەردەوامیی گرێدراویمان بە نەتەوەکەمان. ئینجا لەوەها بارودۆخێکدایە کە ئێمە بۆ خەبات دەستئاوەڵەتر دەبین و لەبری ئەوەی فاکتەرێکی هەڵپەسێردراوی ساتوسەودای جیهانی و ناوچەیی بین، دەتوانین ببین بە ئەکتەرێکی شوێندانەر بۆ دروستکردنی واقیعی نوێ و ڕێسای نوێ بهێنینە گۆڕێ و ببین بە لایەنێکی بەهێزی هاوکێشەکان.

پێویستە سەرلەنوێ لاپەڕەکانی ئەمڕۆی نەتەوەکەمان بە تێکۆشان و فیداکاری بۆ نەوەی نوێ بنووسینەوە و، دوکتور قاسملوو وتەنی: نرخی ئازادی بدەین و ئەرکی خۆمان بە دروستی بەجێ بگەیەنین بۆ ئەوەیکە شەرمەزاری نەسلی دوای خۆمان نەبین!

دەرفەتێکی کەممان لەبەردەمدا ماوە و لەو دەرفەتە کەمەی کە ماوە، تەنیا ئەکتەر بوون و سەربەخۆ بڕیاردان دەتوانێ دەلاقە و دەرفەتی سەدەی بیست و یەکەممان بەڕوودا بکاتەوە. لەغەیری ئەوە، وەکوو سەردەمی کۆتایی شەڕی جیهانیی یەکەم دەبین بە بەشخوراو و دۆڕاوی مەیدانەکە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی

عەلیپوور، پێشەوا(٢٠٢٦): لەپێناو مانەوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

کارەساتی دوورخستنەوەی گەڵواخییەکان: برینێکی تاڵ لە مێژووی کورد و ستەمی ڕژێمی پەهلەوی

کارەساتی دوورخستنەوەی گەڵواخییەکان: برینێکی تاڵ لە مێژووی کورد و ستەمی ڕژێمی پەهلەوی ئەشکان باوەڕ عەشیرەتی گەڵواخی (یان گەڵباخی) یەکێک بوون لە هۆزە ڕەسەن، ئازا و گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە درێژایی مێژوو، [...]

توندبوونی پەیامەکانی واشنتۆن – و کاردانەوەیەکی پڕ لە گرژیی تاران

توندبوونی پەیامەکانی واشنتۆن – و کاردانەوەیەکی پڕ لە گرژیی تاران هێلینا باوەرنفایند وتارەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە "دۆخی وڵات"، نەک هەر بەهۆی درێژییەکەیەوە سەرنجی ڕاکێشا، بەڵکو زیاتر [...]

شیکردنەوەیەک بۆ ئاخاوتنەکەی ترامپ لەسەر دۆسییەی ئێران

شیکردنەوەیەک بۆ ئاخاوتنەکەی ترامپ لەسەر دۆسییەی ئێران ڕەحیم سورخی زۆر جار پێکھاتەی ئاخاوتن/دەقەکە واتاکەی ساخ دەکاتەوە چییە، و شیمانەکردنی مەبەستی گوتارە سیاسییەکان تاڕادەیەک ڕوون دەکاتەوە، نەک واتای وشەکان یان تاکە ڕستەکان. [...]

لە نێوان هەڕەشە و دیپلۆماسی: واشنتۆن و تاران لەبەردەم خولێکی نوێی گفتوگۆکاندا

لە نێوان هەڕەشە و دیپلۆماسی: واشنتۆن و تاران لەبەردەم خولێکی نوێی گفتوگۆکاندا هێلینا باوەرنفایند ئەمە شێوازێکی ناسراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران: لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە کەناڵە نوێیەکانی گفتوگۆ [...]

بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟

بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟ بێوار ڕەسوول لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان بڵاو بووەوە، کە نووسەرێکی پڕکار و چالاکی باکووری کوردستان بوو، بەهۆی چالاکییە [...]

یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس

 یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس چۆمان زرێبار یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەم بابەتە شرۆڤەیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی [...]