لە ستایشی پێشمەرگە
ئارام کەیخوسرەوی
پێشەکی
گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵات و تێپەڕبوون لە فۆرمە نەریتییەکانی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوە مۆدێرنەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا. مۆدێرنیتەی سیاسی، وەک پڕۆسەیەکی گشتگیر، تەنیا گۆڕینی سیستەمی ئیداری نییە، بەڵکو گۆڕینی چەمکی “وەفاداری”یە لە کەس و خێڵەوە بۆ “دامەزراوە و نیشتمان”. لەم چوارچێوەیەدا، کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی کاتی نەبوو، بەڵکو خاڵی وەرچەرخانی نەتەوەی کورد بوو لە قۆناغی “خێڵ و ناوچەگەرایی”یەوە بەرەو قۆناغی “حوکمرانی مودێرن” و دامەزراندنی سوپایەکی نەتەوەیی. هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەنیا گروپێکی چەکداری نییە، بەڵکو دەزگایەکی نەتەوەیی و میراتێکی مێژووییە کە ڕەگەکەی بۆ یەکەم ئەزموونی حوکمڕانیی مۆدێرنی کوردی، واتە کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە. لەوێدا بوو کە بۆ یەکەمجار وەفاداری لە “خێڵ و هۆز”ەوە گۆڕدرا بۆ وەفاداری بۆ “نیشتمان” و پێشمەرگە وەک پارێزەری قەوارەیەکی سیاسیی فەرمی پێناسە کرا. ئەمڕۆ لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و ململانێی نێوان جەمسەرە نێودەوڵەتییەکان، جارێکی دیکە ئەم هێزە کەوتووەتەوە ناو چەقی هاوکێشەکان. لەم نێوەدا، مشتومڕێکی سیاسی و فیکری لە ئارادایە سەبارەت بە داهاتووی ئەم هێزە و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕووداوەکاندا. هەندێک لە ڕوانگەکان، بە نیگەرانییەوە دەڕواننە ئەگەری گۆڕانی پێشمەرگە بۆ “هێزێکی پڕۆکسی” (بەوەکالەت) و پێیان وایە بەشداریکردنی لە ململانێکاندا سەربەخۆیی ئەم دامەزراوەیە دەخاتە مەترسییەوە. ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو گومانانە لە ڕێگەی شیکردنەوەی فەلسەفەی پێشمەرگە وەک هێزێکی نەتەوەیی، و خستنەڕووی ئەو ڕاستییەی کە بەشداریی هوشیارانە لە هاوکێشەکاندا نەک هەر پاشکۆیەتی نییە، بەڵکو ڕێگرییە لە پەراوێزکەوتن و بنبڕبوونی سیاسیی کورد لە داهاتوودا.
مودێرنیتەی سیاسی
مۆدێرنیتەی سیاسی بریتییە لە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتی کە هاوکات لەگەڵ پرۆسەی گشتیی مۆدێرنیتەدا لە پانتایی سیاسەت و حوکمڕانیدا ڕوودەدەن. لەم پرۆسەیەدا، پێکهاتە نەریتییەکانی دەسەڵات جێگەیان دەدەن بە چەمک و دامەزراوەی نوێ، وەک مافی مرۆڤ، سکۆلاریزم، فراوانکردنی بەشداریی گەل لە کاروباری سیاسی، و دروستکردنی دامەزراوە سیاسییەکان. یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە، دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنە.
دەوڵەت، بە واتای دەزگایەکی فەرمانڕەوایی و دیوانساڵار، مێژوویەکی کۆنی هەیە. بەڵام دەوڵەتی مۆدێرن وەک دەرکەوتەی مۆدێرنیتەی سیاسی، خاوەنی تایبەتمەندییانێکە کە لە حکوومەتەکانی پێشوو جیای دەکاتەوە. دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر بنەمای یاسا، حاکمیەت، دامەزراوە بوروکراتییەکان،گواستنەوەی وەفاداریی لە حاکمەوە بۆ دامەزراوەی دەوڵەت بیچم دەگرێت. بنەڕەتیترین تایبەتمەندیی دەوڵەتی مۆدێرن، بەوتەی ماکس ڤێبەر، ” دەسەڵاتی ڕەوا لە دەستی خۆیەتی، دەوڵەت تاکە دامەزراوەیە کە مافی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوای هەیە.” لە دەوڵەتی مۆدێرندا، هەر گرووپ و پێکهاتەیەکی نەریتی کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنا، ئەو دەسەڵاتەی لێ دەستێندرێتەوە. دەوڵەت دەبێتە تاکە سەرچاوەی دەسەڵات لە سنووری دەوڵەت-نەتەوەدا. بەم شێوەیە دەوڵەتی مۆدێرن دەبێتە دامەزراوەیەکی نەهادینەکراو و ڕێکخراو، کە دەسەڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسایی و دەستوورییدا سنووردار دەکرێت، نەک لەسەر بنەمای هێز و حەزی کەسی. بەڵام مۆدێرنیتەی سیاسی لە ئەساسدا دوو ڕەهەندی هاوتەریب لەخۆ دەگرێت، واتە لەلایەک پەرە بە گوتاری ئازادیخوازی، مافخوازی، دیموکراسی و یاسا و کۆمەڵگەی مەدەنی و هتد دەدات. لەلایەکی ترەوە ڕەهەندێکی سەختیشی لەگەڵە و دامەزراوەگەلێکی وەک پۆلیس، زیندان و دامەزراوەی مۆدێرنی ئەرتەش دەرخەری ئەم ڕەهەندە سەختەن. ئەرتەشی مۆدێرن یەکێکە لە دامەزراوە سەرەکییەکانی دەوڵەتی مۆدێرنە. هێزی نیزامی پێش دەوڵەتی مۆدێرن زۆرجار گرێدراوی حاکم بوو و بەپێی بەرژەوەندی، حەز و ویستی ئەو دەجووڵایەوە. چوارچێوەیەکی یاسایی و بوروکراتییان نەبوو، و تۆڕی پەیوەندی لەم هێزەدا لەسەر بنەمای پەیوەندیی کەسی، ناوچەیی و بنەماڵەیی بوو. لە دەوڵەتی مۆدێرندا ئەم چوارچێوەیە بەتەواوی گۆڕدرا. بنەمای سەرەکیی ئەرتەش پاراستنی خاک و نیشتمانە، نەک پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ڕێبەر یان چینێکی دیاریکراو. ئەرتەش تەنها بە دەوڵەت و یاسای دەوڵەت وەفادارە، نەک بە تاکە کەسێک. لێرە وەفاداری لە کەسێکەوە یان لە تاقمێکی ئۆلیگارشییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەرپرسیارەتی لە بەرامبەر دەوڵەت کە نوێنەری بەرژەوەندییەکانی وڵات و نیشتمانە.
کۆماری کوردستان وەک سەرەتای گۆڕانکاری
کۆماری کوردستان وەک یەکەم ئەزموونی حوکمڕانیی مۆدێرنی کوردی، خاوەنی کۆمەڵێک بنەما، پرەنسیپ و دامەزراوە بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەردەوامیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان گێڕاوە. دەکرێت کۆماری کوردستان وەک ڕووداوێکی سیاسی بخوێندرێتەوە کە گوتار و ئیمکانی نوێ و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە بزووتنەوەی سیاسیی پێش خۆی پێکهێنا. گرنگترین دەسکەوتی کۆماری کوردستان سەرهەڵدان و دەرکەوتنی پرسی نەتەوە لە سەرەوەی ویستە ناوچەیی و خێڵایەتییەکان و بە دامەزراوەیی کردنی ئەم بیرۆکە نەتەوەییە بوو. فەرمیکردنی زمانی کوردی، چاپ و دەرچوونی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی کوردی، سیستەمی وەرگرتنی ماڵیات کە بەشێکی بەرچاو لە داهاتی حکوومەتی کوردستان بە پێی ئەم سیستەمە دابین دەبوو و هەروەها دانانی کۆمەڵێک دامەزراوە و وەزراتخانە.
یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکانی کۆماری کوردستان، وەزارەتی شەڕ و دامەزراندنی هێزێکی نەتەوەیی بە ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو. دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە لە کۆماری کوردستاندا یەکەم هەوڵی فەرمیکردن و ڕێکخستنی هێزی چەکدارە کە بنەماکەی لەسەر وەفاداری بە نیشتمان داڕێژراوە. پێش کۆماری کوردستان، هێزی چەکدار سەرەڕای بەرگریکردن لە کورد، وەفاداری و چوارچێوەی کردارەکانیان لە پانتایی هۆز، عەشیرەت و ناوچەدا قەتیس مابوونەوە. خاوەنی نەزم و دیسیپلینێکی دیاریکراو نەبوون و زیاتر بەپێی حەز و ویستی سەرۆکی هۆز دەجووڵانەوە. لەوێدا کە لە نێوان بەرژەوەندیی نیشتمان و هۆزدا بەرکەوتن ڕوویدەدا، بەلای بەرژەوەندیی خێڵدا دەشکایەوە. ئەوە لە کۆماری کوردستان بوو کە هێزی چەکداروەک دامەزراوەیەکی فەرمی کە وەڵامدەری حکومەتی فەرمی کوردستانە دادەمەزرێت. بوونی هێزی فەرمیی چەکدار بەو مانایە نەبوو کە هێزی عەشیرەتی بەتەواوی بنبڕ کرابێت. بەڵام گرنگیی هێزی پێشمەرگە لەوەدا بوو کە بۆ یەکەم جار هێزێک دامەزرا کە لە سەرەوەی هۆز و عەشیرەتدا لە چوارچێوەی نیشتماندا پێناسە کرا. بۆیە لەگەڵ هەرەسهێنانی کۆماردا بیرۆکەی نیشتمانی هێزی پێشمەرگە لە جێی خۆی مایەوە.
دکتۆر قاسملوو لە کتێبی “چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی”دا دامەزرانی هێزی پێشمەرگە وەک سوپای نەتەوەیی پێناسە دەکات و دەڵێت: «دامەزراندنی سوپای نەتەوەیی یەکێک لە ئامانجەکانی حیزبی دیموکرات بوو. لە سەرەتاوە لە بەرنامە و ئەساسنامەی خۆیدا ئاماژەی بەوە دابوو کە کاروباری کوردستان دەبێ لەلایەن نەتەوەی کوردەوە جێبەجێ بکرێت.» هێزی پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی کۆماری کوردستانی لە ئەستۆ بوو. پێناسەکردنی وەک سوپای میللی دەرخەری ئەوەیە کە ئەم هێزە لەسەر بنەمایەکی ئایدۆلۆژیک دانەمەزراوە، بەڵکوو وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی حکوومەت بۆ پاراستنی حاکمییەت و وڵات دامەزراوە. دالی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە “نیشتمان” بوو، لە سەرووی هۆز، خێڵ و ئایدۆلۆژیاوە.
لە هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان بەدواوە کورد گەڕایەوە بۆ دۆخی بێدەوڵەتی. لە بۆشایی دەوڵەتدا، دامەزراوەی حیزب وەک میراتگر و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، بووە جێگرەوەی دەوڵەتی نەبوو. جیاوازیی حیزب لە کوردستان لەگەڵ حیزب لە وڵاتانی دیکە لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ڕاستیدا ئەو ئەرکانەی کە ئەرکی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانن، لە نەبوونی دەوڵەتدا بە شێوەیەکی خۆرسکانە بە حیزب سپێردراون. دامەزراوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەک لە دامەزراوە فەرمییەکانی کۆماری کوردستان بوو کە پاش هەرەسهێنانی کۆمار، بە شێوەیەکی ئەمانەتی و کاتیی بە حیزب سپێردراوە. بەڵام ئیدەی نیشتمانی و گرێدراوی ئەم هێزە بە خاک و وڵات لە جێی خۆی ماوەتەوە. هێزی پێشمەرگە ڕەوایی خۆی لە ئیدە نیشتمانی و نەتەوەییەکەوە وەردەگرێت. هەر بۆیە مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکدا ئەم کاتی و ئەمانەتیبوونە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: “لە داهاتووی کوردستان هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت دامەزراوەیەکی فەرمی و سەربەخۆ بێت و نابێت لە پاوانی هیچ حیزبێکی سیاسی دا بمێنێتەوە.”
سروشتی پاکی خەباتی نیشتمانی
پارێزگاری لە نیشتمان و نەتەوە ڕەمزی خۆشەویستی، پیرۆزی و بەردەوامیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. تێکۆشان و گیانفیدایی لە ڕێگەی نیشتمان و پاراستنی نەتەوە لەلایەن بێندێکت ئاندەرسۆنەوە وەک پاکترین هەست پێناسە دەکرێت، کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ تێکۆشان و گیانفیدایی لە ڕێگەی ئایدۆلۆژییەکەوە بەراورد ناکرێت.بە بۆچوونی ئاندەرسۆن نەتەوە “کۆمەڵگەیەکی خەیاڵییە” کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە هیچ کات بەتەواوی یەکتر ناناسن بەڵام لە ڕێگەی زمان، چارەنووسی مێژوویی و ئەزموونی هاوبەشەوە بەیەکەوە گرێ دەدرێن. بۆیە نەتەوە بۆ تاک بابەتێکی بێبەرژەوەند و سروشتییە. هەر ئەم سروشتیبوونەش دەبێتە هۆی ئەوەی تێکۆشان لە ڕێبازی نەتەوە و نیشتماندا سیمایەکی پاک و ئەخلاقی بەخۆوە بگرێت. خۆشەویستی و پیرۆزیی پێشمەرگە و هەروەها پێناسەکردنی وەک “باسکی بەهێزی گەل” لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەر نەتەوەیەک لە درێژایی مێژووی خۆیدا خاوەنی قارەمانێک و ڕەنگە دژەقارەمانێکیش بێت. قارەمانی نەتەوەی کورد بێگومان هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. قارەمان زۆرجار لە ئەدەبی زارەکیدا، لە قسە و بەسەرهات و بیرەوەریدا، زۆرجار لە ڕێگەی هونەر و ئەدەب و سینەماوە دەگێڕدرێتەوە. گێڕانەوەی قارەمان، بەسەرهات و تێکۆشانی، لە یادگەی گشتیی یان یادگەی نەتەوەییدا دەچەسپێت و نەوە بەدوای نەوە دەگوازرێتەوە. بەشێکی بەرچاو لە هونەر و ئەدەبی ئێمە لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا بۆ لاواندنەوە و ستایشی پێشمەرگە تەرخان کراوە. لاواندنەوەی کوێستان، شاخ، لە ڕاستیدا لاواندنەوەی مرۆڤێکە کە ژیان و چارەنووسی خۆی گرێ داوە بە چارەنووس و بەرژەوەندیی کوردستانەوە. دیمەنی پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ شار و گوندەکانی کوردستان، بە ڕوونی نیشان دەدات پێشمەرگە چەکدارێکی ئاسایی نییە. پێشمەرگە نوێنەر و هەڵگری ئاوات و ئامانجێکی مێژوویی نەتەوەیی کوردە و هەروەها پارێزەری خاک و نیشتمانی کوردانە. نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵێکی بێوچانیان بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدا. لە ڕاستیدا ئەم هەوڵانە تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. هێزێک کە بە قووڵی ئاوێتەی ڕەنج و ئازار و شادی و سەرکەوتنەکانی نەتەوەکەی بووە، نوێنەری ویست و ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەیەتی، بەرگریکار و پارێزەری خاکی نیشتمانەکەیەتی، بە بڕیار و زەختی سیاسی ناتوێتەوە. پێشمەرگە هێزێکی میلیشیایی ئایدۆلۆژیک نییە تا بە بڕیار کۆتایی پێبێت.
هێزی نەتەوەیی یان هێزی پرۆکسی؟
لە ململانێکانی ئێستای نێوان بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، پرسی کورد لە بەردەم دەرفەتێکی مێژوویی و زێڕیندایە و جارێکی تر ناوی پێشمەرگە وەک هێزێکی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی کاریگەر کەوتووەتە ڕۆژەڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، تێڕوانینێکی پڕ لە گومان هەیە کە هۆشداری لە پەلکێشکردنی پێشمەرگە بۆ ناو جەنگەکە دەدات. بنەمای ئەم ڕوانینە ئەوەیە کە پێشمەرگە لەم شەڕەدا دەبێتە هێزێکی پرۆکسی. بەو پێیەی گۆڕینی پێشمەرگە بۆ ‘هێزێکی پڕۆکسی’ (بەوەکالەت)، نەک هەر سەربەخۆیی ئەم دامەزراوە نەتەوەییە، بەڵکو ئیرادەی سیاسیی هێزە کوردییەکانیش دەخاتە ژێر هەڕەشەیەکی جیدییەوە. لایەنێکی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە کە دەستەوەستان بوون و لە پەراوێز مانەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا، ڕەنگە ئەم دۆخە لە دەرفەتەوە بگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر مانی هێزی پێشمەرگە و ڕێکخراوە سیاسییەکان. لە ڕاستیدا، ئەو گومانەی کە پێی وایە پێشمەرگە دەبێتە هێزی پڕۆکسی، ئەگەر ببێتە هۆی دابڕان و پەراوێزکەوتنی کورد لە هاوکێشەکان، دەتوانێت لە داهاتوودا زەمینەی بنبڕکردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان خۆش بکات. چونکە لە نەبوونی دەستپێشخەری و بەشدارییەکی کاریگەردا، هێزە کوردییەکان دەرفەتی مانۆڕ و پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن. کەواتە پاراستنی سەربەخۆیی بە مانای بێدەنگبوون و بێلایەنی نییە، بەڵکو بە مانای جووڵەیەکی هوشیارانەیە کە ڕێگە نەدات کورد لە پەراوێزی مێژوودا بمێنێتەوە. سەرەڕای ئەوەی پێویستە ئەم دۆخە بە وریایی و تێڕامانێکی قووڵەوە وەربگیرێت، بەڵام پێم وایە هێزی پێشمەرگە و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەتوانن لەناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ئێستادا ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن، بێ ئەوەی سەربەخۆیی بڕیار و پێگەی خۆیان وەک ‘بکەرێکی سیاسی’ لەدەست بدەن. بنەمای فکریی دامەزراندنی ئەم هێزە و مێژووەکەی سەلماندوویانە کە وەک چۆن پێشمەرگە لە ڕابردوودا بە بڕیار و زەختی سیاسی نەتوایەوە، هەر ئاواش لە داهاتوودا بە دڵنیاییەوە سەربەخۆیی و ڕێچکەی مێژوویی خۆی لەدەست نادات؛ ئەم خۆڕاگرییەش ڕەگەکەی بۆ فەلسەفەی بوونی ئەم هێزە دەگەڕێتەوە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی نەتەوەیی و پاراستنی نیشتمان بونیاد نراوە، نەک پاشکۆیەتی بۆ ئەجێندای دەرەکی. هێزی پڕۆکسی زۆرجار لە دەرەوەی سنوورە سروشتییەکانی خۆی و بۆ ئەجێندایەک دەجەنگێت کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی گەلەکەیەوە نییە. بەڵام پێشمەرگە ئەگەر لەم شەڕەدا بجووڵێتەوە، لەسەر خاکی کوردستان دەجووڵێتەوە؛ بەرگری لە شار و گوندەکانی خۆی دەکات و بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەی تێدەکۆشێت. جووڵانەوە لەسەر خاکی خۆت و بۆ پاراستنی ماڵی خۆت، پێی ناگوترێت پڕۆکسی، بەڵکو گوزارشتە لە باڵاترین شێوەی بەرگریی. هێزی پڕۆکسی ئامانجەکەی لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە بۆ دیاری دەکرێت و وەفادارییەکەی بۆ “پارە یان ئایدۆلۆژیایەکی هاوردە”یە. لە بەرامبەردا، پێشمەرگە هێزێکی خاوەن ئیرادەیە کە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاری خۆی دەپارێزێت. پێشمەرگە خاوەنی ئامانجێکی مێژووییە و پێش هەموو هاوکێشە و هێزە دەرەکییەکانی ئەمڕۆ هەبووە. ئەگەر لەم ساتەوەختەدا بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ هێزێکی نێودەوڵەتیدا یەکبگرێتەوە، ئەوە بە مانای بوون بە پڕۆکسی نایەت، بەڵکو وەک “هاوپەیمانییەکی کاتی و ستراتیژی” دەبینرێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نەتەوەییانەی کە دەیان ساڵە قوربانییان بۆ دەدرێت، بێ ئەوەی ئیرادەی خۆی ڕادەستی هیچ لایەنێک بکات. پێشمەرگە ڕەوایی خۆی لە خەڵکی کوردستان و مێژوویەکی سە ساڵەی پڕ لە قوربانیدان وەردەگرێت، نەک لە بڕیاری سیاسیی وڵاتانی تر. کاتێک نەیارانی کورد دەستەواژەی “پڕۆکسی” بەکاردێنن، دەیانەوێت شوناسی نیشتمانیی ئەم هێزە بشێوێنن و وەک ئامرازێکی بێ ئیرادە نیشانی بدەن، لە کاتێکدا پێشمەرگە کاراکتەرێکی ڕەسەن، سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری ناو ماڵی خۆیەتی.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
کەیخوسرەوی، ئارام(٢٠٢٦): لە ستایشی پێشمەرگە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی ڕەحیم سورخی ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، زمانەکان لە پلەبەندییەکی ڕێژەییدا لەپاڵ یەکدا دەژین [...]
ئێسقانی زمان
ئێسقانی زمان دانا حەمید ئێسقانی زمان نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام [...]
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین ئەشکان باوەڕ زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین "زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو ئەو ئاوێنەیەیە کە مێژوو و [...]
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ پەرویز شێخی کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار [...]
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن ئارکان دادگەر رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن فرەتر لە سەد ساڵە ک نەتەوی کورد ها لە شوون دەسەڵات و نیشتمان کوردستان، "ئڕا نەڕەسیە؟" لە دو بەش جیەو گرێد: ١) بەش [...]
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک چۆمان زرێبار هێڵی سوور و چەند سەرنجێک لە مێژووی ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی کورددا، زۆر جار وشەی «هێڵی سوور» بەکار هاتووە؛ بەڵام ئەوەی کەمتر بینیومانە، پاراستنی ئەو [...]







