مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە

مەسعوود بابایی

مانەوەی گەل، نەتەوە یان کۆمەڵگەیەک لە بارودۆخی چەتوون و دژواری وەک جەنگدا، دۆخێکی جیاوازی دەروونی و جڤاکی دەخوڵقێنێت. سەربازەکان لە دەمی فەرماندە دەڕوانن و کۆمەڵگەکان چاو لە سیاسییەکانیان دەبڕن. لە جەنگدا کۆمەڵگە دەبێت بە سەرباز، ئەگەر نەبێتە سەرباز نیشانەی ئەوەیە دەوڵەت- نەتەوە بەکردەوە هەرەسی هێناوە.  ئەو کەسەی کە لە دۆخی ئاشتیدا ڕەخنە لە دەسەڵاتی سیاسی یان بەرپرسی سیاسی دەگرێت، لە بارودۆخی جەنگدا بەچاری ناچاری پەنای بۆ دەبات. مانەوە و پاراستن ئەرکێکە لە ئەستۆی دەسەڵاتداران؛ ئەوانن کە دەبێ تواناکانیان هەڵسەنگێنن و بەرپرسانە هەنگاو بنێن. ئامۆژگاریکردن و ڕێنیشاندان لەم دۆخەدا جێی ڕەخنە دەگرێتەوە. دۆخی جەنگ، هەمان دۆخی ئاوارتەیە؛ سنووردارکردن و خۆداڵدەدان لە سێبەری کەسێکدا کە تا دوێنێ بە تەوس و پلار و ڕەخنە بەرەنگاری دەبووینەوە لە یەک ساتدا وەردەچەرخێت و هەمان کەس دەبێتە ئاسۆی چاوەڕوانیمان. چی دیکە ئەرکی ئێمە لەم ساتەدا بیرکردنەوە لە دادگایی نەوەکانی داهاتوو- کە ڕەنگە نەوەی سەردەمی ئاشتی بن – نییە؛ دیالکتیکی مێژوو لە ئاسۆی پێشداوەریی نەوەکانی داهاتوو ئەم دادگاییە بەڕێوە دەبات و ناتوانین بەرەنجامەکانی پێشبینی بکەین. بەڵام لەم ساتەدا پاراستنی کۆمەڵگەیەک بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ داهاتوو وەچە بخاتەوە لە هەموو شتێک گرنگترە. چاری ناچاری لە هەلومەرجی نەخوازراوی جەنگدا، پەنابردنی ناچارییە بۆ کەسێک کە ڕەنگە خوازراویشمان نەبێت و ئەمە ئەو بەرپرسایەتییەیە کە ڕێبەران و سەرکردە سیاسییەکان دەکەوێتە ئەستۆیان. لەم بارودۆخەدا هیچکاممان لایەنگری یەکدی نین، بەڵام لەبەر ئەوەی هەردووک لا ئەندامانی نەتەوە و کۆمەڵگەیەکین ناچارین دان بە پێگەی یەکدی بنێین و ئەگەر ئاوا نەکەین دەبێ گومان لە ئاوەزمان بکەین!

وای بۆ دەچم ڕزگاری پێویستیی بە ئایدیۆلۆژیا نییە؛ تەنانەت ناتوانین لە دەراوی فەلسەفەیەکەوە تیۆریزەی بکەین. ئایدیۆلۆژیای ژێردەستەکان هاوشانی ئایدیۆلۆژیای سەردەستەکان نییە. نەتەوەی بندەست ئەگەر بکەوێتە جەغزی بەرەنگاری و دابەشبوونە ئایدیۆلۆژییەکان وەک دەگوترێت هەندێ جار لە دەرەوەی کۆمەڵگەکەی بۆ هاوڕێیەکانی دەگەڕێت. ژێردەستە لە ڕێگەی هەڵگرتنەوەی ئایدیۆلۆژیایەک وای لێک دەداتەوە کە خۆی لە بازنەیەکی فراواندا دۆزیوەتەوە، پێی وایە کرێکارانی جیهان برای ئەون، موسوڵمانانی جیهان برای ئەون. برابەشیی خەیاڵیی ئایدیۆلۆژیاکان بەدرێژایی مێژوو ژێردەستەکانی خەڵەتاندووە. کۆمۆنیستە پۆڵەندییەکانی نێو سوپای سووری سۆڤیەت، یان کوردانی ئەندامی سوارەی حەمیدی ئایدیۆلۆژیا لەبیری بردبوونەوە کە پۆستاڵی داگیرکەر مارکەی ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکو ویستی زاڵبوونە!

ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی کە وێڕای جوگرافیای سیاسیی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانیدا بە دوای لایەنگردا دەگەڕێت، بەدڵنیاییەوە لەنێو گەلانی بێدەوڵەتدا زۆرترین لایەنگر بۆ خۆی دابین بکات. گەلانی بندەستی بێدەوڵەت خاوەنی پێناسەی “ئاسایشی نەتەوەیی” نین، خاوەنی جوگرافیایەکی سیاسی نین تا بیانهەوێت بیپارێزن. سیاسیبوونی لای ئەم گەلانە کە تەنانەت ڕەنگە ڕێکخراوی سیاسییشیان نەبێت ئەوپەڕەکەی پەراوێزی پەرلەمانێکە بۆ ترش و خوێی دیمۆکراسییەکی ساختە. جێی سەرسوڕمان نییە کە ئەگەر لەنێویاندا نزاگۆی داگیرکەر پەیدا ببن و بچنە نێو سیستمی ئایدیۆلۆژیای داگیرکەرەوە. ژێردەستە، لەبەر گرێی ژێردەستەیی، هەوڵ دەدات وەک بکەرێکی سیاسی لە سووچێکەوە خۆی نیشان بدات. ئەو هیچ چوارچێوەیەکی پێناسەکراوی “ئاسایشی نەتەوەیی” ناناسێت. جیهانی زەینیی ئایدیۆلۆژیا ڕایدەکێشێت و هاوشێوەکانی خۆی نەک بە هاونەتەوەکان، بەڵکو بەو کەسانە دەزانێت کە هەڵگری ئایدیۆلۆژیای ئەون. لەم ڕۆحە هەڵوەدا نەخۆشەدا کە لەژێر ئاسمانی شینی خودادا بستە خاکێکی نییە، ئایدیۆلۆژیا دەبێت بە نیشتمانی! مرۆڤی کەرتکراوی کورد لەنێوان سەفەوی- عوسمانیدا تا ئەم ساتەش پاتەوپات دەبێتەوە. ئەمە ململانێی کوردە لەپێناو مانەوەدا: مانەوە لە بێ ستراتیژیدا!

خواستی مانەوە، خواستی وارسکە(‌غریزە)یە، لەم خواستەدا ستراتیژییەک ئەگەر هەبێت، سروشت لە ڕێگەی وارسکەوە بۆ مرۆڤ ڕێکی دەخات. ستراتیژییەک کە ئاوەزی مرۆیی دایدەڕێژێت تەنیا بۆ خۆپاراستن لەپێناو مانەوە نییە بەڵکو ستراتیژە لەپێناو وەدەستهێنانی سەروەریدا. ئەگەر ئەم سەروەرییەش بە بەرەنجامی “ویستی هێز” دابنێین، ئەم ویستە لەپێناو سەروەرییە بەسەر “خۆ” وەک تاک و خۆ وەک “جڤاک. لەم ڕوانگەوە “خۆییبوون” لە ئاستی تاکەکی(فردی) و جڤاکیدا دەبێ لە خواستی مانەوە تێپەڕێت بۆ “سەروەری”. چەمکێک کە وەک ڕەخنە لەم ساڵانەی دواییدا بۆ خواستی مانەوە گیراوە، هەمان “گوتاری مانەوە”یە. “گوتاری مانەوە” ناچێتەوە سەر چەمکی “خۆییبوون” بەڵکو دەچێتەوە سەر “مانەوە” وەک چەمکێکی زیندەناسانە یان جەستەناسانە یان کولتووری نەک سیاسی”. ئامانجی “خۆییبوون”، سەروەرییە و ئەمە خۆی ئامانجێکی سیاسییە. لەم دەراوەوە دەتوانین لە “ستراتیژی” بدوێین. دروستکردنی قەوارەیەک تەنیا بۆ پاراستنی جەستە و کولتووری نەتەوە دوایین ئامانج نییە. تا ئەم کات و ساتەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، “خۆییبوون” و “سەروەری” نەبوونەتە دروشم. هێشتا چەمکی سەربەخۆیی و دەوڵەت لە پەروەردەی سیاسیدا پەیڕەو ناکرێت. مەبەستمان ئەوە نییە لە هەلومەرجی نالەباری سیاسیدا ئێمە ئاڵای سەربەخۆییخوازی یان دەوڵەتسازی بەرز بکەینەوە. بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی چەمکسازییەوە کاری لەسەر بکەین. واتا سیاسییەکانی “خۆییبوون” و “سەروەری” جێگرەوەی واتا زەقوزۆپەکانی دەوڵەت و سەربەخۆیین، بەڵام هاوکات لەبەر ئەوەی زەقوزۆپ نین دەتوانن نیشانەیەکی ڕاڤەیی بن. نیشانەیەک کە لە بیروهۆشی ئەندامی ڕێکخراوی سیاسیدا ڕەنگدانەوە یان نیشاندەری ستراتیژییەکی درێژخایەنی سیاسی بن کە پێ بەپێی گەشەی ویستی هێز بەگوێرەی ئاسۆکانی داهاتووی سیاسەت لای نەوەکانی داهاتوو ببێت بە ئامانجی سیاسی. هەبوونی ستراتیژییەک لە سیاسەتدا تێپەڕاندنی گوتاری مانەوەیە بۆ نەتەوەیەکی بندەست، تەنانەت ئەگەر لە دۆخێکی ڕیتۆریکدا بێت.

تێپەڕاندنی دۆخی مانەوە بۆ دۆخی ویستی هێز و خۆییبوون، تێپەڕاندنی گوتاری مانەوەیە. “خۆییبوون”، ویژدانی خودئاگایە کە نەک تەنیا مرۆڤ بەڵکو ژینگە وەک نیشتمان بە بەشێک لە خۆی دەبینێت و ئەمە هەمان سەروەرییە. لە “مانەوە”دا داواکاریی سەرەکیمان پاراستن و مانەوەی جۆرێک لە مرۆڤی کولتوورییە لە ئاستی تاک و جڤاکدا. ئەم پاراستنە، هێشتنەوەی دۆخێکی مێژووییە. بەفەرمیناسینی ئەم بوونە کولتوورییە لە یاساکاندا مافی ئیتنیکییە. ئەم مافە ئیتنیکییە، مرۆڤی فەرهەنگی بە فەرمی دەناسێنێت بەڵام لەبەر ئەوەی دان بە جوگرافیاکەی وەک یەکەیەکی جیاواز یان سەربەخۆ دانانێت، مافێکی کولتوورییە نەک سیاسی. جەختی گوتاری مانەوە لە باری ڕاڤەییەوە وا لە داگیرکەر یان نەیاری سیاسی – یان ئەو لایەنەی کە ئێمە داوای مافی لێدەکەین – دەکات کە هەوڵ بدات بە قازانجی مافی فەرهەنگی لە مافی سیاسی دابلەنگێنێت. سەروەری بەسەر جوگرافیادا، لە هەنگاوی یەکەمە وەدەستهێنانی بوونێکی نەتەوەییە، بە بڕوای من “نەتەوە” چەمکێکی سیاسییە و لەوە کەمتر بوونێکی دەڵەمەییە و دەکرێ بە “گەل” یان “ئیتنیک” بەکار بێت. ستراتیژییەک کە دەبێ لە دروشمدا بشاردرێتەوە بەڵام لە بیروهۆشدا بچێنرێت.

بەکارهێنانی دەستەواژەی “گەلی کورد” لە ئەدەبیاتی چەپدا، بەپێچەوانەی بەکارهێنانی “نەتەوەی کورد” لە ئەدەبیاتی ناسیونالیستیدا، دەراوی بەکارهێنانەکەی لێڵ و ناڕوونە. زیاتر جەخت لەسەر بوونی فەرهەنگیی کورد و کەمتر جەخت لەسەر بوونی سیاسیی کورد دەکات. ئەم زۆروکەمە بەهەڵە ئەم دوو چەمکە بەشێوەیەکی یەکسان پێک دەگرێت کە ناڕێکیی بەکارهێنان یان تێکبوونەوەی دوو بەکارهێنانی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. لێڵی و ناڕوونیی وێژمان(دیسکۆرس) چاندنی ستراتیژیی شاراوە لە بیروهۆشدا، نیشانەناسیی سیاسی تووشی کێشە دەکات.

بۆ دەستنیشانکردنی ئەم دوو هێڵە ئاشکرا و شاراوەیە دەبێ لەگەڵ کێ گفتوگۆ بکەین؟

گفتوگۆی ڕووناکبیر لەگەڵ کۆمەڵگە و گفتوگۆی نێوان ڕووناکبیران لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ بیرمەندانی سیاسی دەتوانێت داڕێژەری گەڵاڵەیەکی زەینی بێت. ئەم گەڵاڵەیە چاندنی ئامانجێکە لە بیروهۆشی نەوەکاندا؛ چاندنێک کە دیوی شاراوەی سیاسەت هەمیشە وەک ستراتیژیی شاراوە نەوە دوای نەوە تا گەیشتن پێی درێژەی پێبدرێت. وەک سیاسەتی “گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان” کە هەر لە پێتری گەورە، ئیمپراتۆری تێزاری(قەیسەریی) ڕووسیا تا سیاسەتی ئێستای ڕووسیا وەک دوکترینی سیاسیی ڕووسیا پەیڕەویی لێدەکرێت.

لایەنێکی دیکە، گفتوگۆی دەستەبژێران و بیرمەندانی سیاسییە لەگەڵ هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا. هێز و ڕێکخراوی سیاسی چۆن دەبینێ و چۆن دەبیستێ؟ ڕێگەکانی پێوەندیگرتن چین؟ شێوازەکانی شرۆڤە و شیکردنەوە و زمانی تێگەیشتن پرسیارەکانی دیکەن کە لە داڕشتنی ستراتیژی لە چوارچێوەی وێژماندا گرنگن.

چارەنووسی کورد لە جوگرافیای سیاسی و ژیۆپۆلەتیکی ناوچەی هەستیار و چەتوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسیارێکی سیاسییە؛ چونکە باس لە جوگرافیای سیاسی و ژیۆپۆلەتیک دەکەین. ئەمە گەڕانە بەدوای داڕشتنی سیاسەتێکی ستراتیژیک و ئەم چارەنووسەش سیاسییە. بەڵام پرسیار لە “مانەوەی کورد”، پرسیارێکی سیاسی نییە، بەڵکو پرسیارێکی زیندەناسانە – کولتوورییە. کە وابوو پرسیاری “چیمان لێدێت؟” گەلێ لە پرسیاری “دەبین بە چی؟” جیاوازترە.

“چیمان لێدێت؟” پڕۆژە نییە، بەڵکو دەستەوەستانی و دۆشدامانە، بێکردەییە تا ئەو کاتەی کارێک ڕوو بدات و کاردانەوەی ئێمەش بەدوایدا بێت. ئەم پرسیارە بە هیچ شێوەیەک سیاسی نییە؛ “نە خانی خانان و نە خۆڵی بانان”ە! ئێمە نامانهەوێت هێزی سیاسی و ڕێکخراوی سیاسی وەک کۆمەڵگەی بەڵالێدراو تووشی چاوەڕوانیی بەرەنجامەکانی ململانێی هێزەکان ببێت تا پێگەی پێبدەن.

بەڵام پرسیاری “دەبین بە چی؟” داوای پڕۆژە دەکات. ئەم پرسیارە وەک بکەرێکی سیاسی دەمانخاتە جەغزی کردەی سیاسییەوە. “بەرچاوڕوونی” جێی “چاوەڕوانی” دەگرێتەوە. لەباری ئیپیستیمۆلۆژیکەوە پێویستیی بە چەمکسازییە لەپێناو پراکتیسی سیاسیدا. بە زمانێکی سیاسی، ڕێبەری سیاسی داوای ئەم پڕۆژەیە دەکات. بیرمەندی سیاسی لە داڕشتن و گەڵاڵەی ئەم پڕۆژەیەدا جیهانی خوازراوی کۆمەڵگەی داهاتوو دەکێشێتەوە و وێنایەکی ڕوونی لێ دەنەخشێنێت. ئەمە دەبێتە ئامانجی دواڕۆژی سیاسی کە هەروەک گوتمان “خۆییبوون” و “سەروەری”یە. لایەنێکی دیکەی بابەتەکە داڕشتنی تەکنیکی سیاسییە. ئەمە ڕێگەیەکە کە پراگماتیزمی سیاسی بە لەبەرچاوگرتنی دیفاکتۆکان پەیڕەویی لێدەکات بێ ئەوەی ستراتیژیی سیاسیی بیر بچێتەوە. لەڕاستیدا ئەوەی کە مانا بە تەکتیکی سیاسی دەدات هەمان ستراتیژیی سیاسییە.

مەبەستی سەرەکیی من لەم گوتەزایەدا ئەوەیە کە ستراتیژیی نەتەوەیی – سیاسی، سیاسەتێکی هەستپێکراوە کە دەبێ لە پەروەردە، ڕاگەیاندن، هونەر و ئەدەبیاتدا ڕەنگ بداتەوە. پێکهاتەی ڕێکخراوی سیاسی لە کردەی سیاسیدا باسێکی جیاوازە. ئەم خاڵە بۆ ئەندامانی سیاسی زۆر گرنگە بەڵام بۆ بیرمەندی سیاسی کەمتر گرنگە. ئەندامی سیاسیی ڕێکخراوی سیاسی، وێڕای لەبەرچاوگرتنی ستراتیژی و تەکتیکی سیاسی دەبێ ئاگاداری ململانێیەکانی ڕێکخراوی سیاسییش بێت. بیرمەندی سیاسی ئەوەندە ئەم خاڵەی بۆ گرنگ نییە، بەڵام ئەگەر بیهەوێت لەگەڵ ئەندامی سیاسیی ڕێکخراوی سیاسیدا گفتوگۆ بکات ناچارە لەبەرچاو بگرێت. چونکە دەبێ لانیکەم هەم بەرژەوەندیی ئەندامی ڕێکخراوی سیاسی و هەم ستراتیژیی نەتەوەیی – سیاسی یان نیشتمانی لە ڕوانگەی لایەنی بەرانبەردا بچێنێت. بۆ ئەم مەبەستە دۆزینەوەی زمانێک بۆ تێگەیشتن ئێجگار گرنگە. ڕێکخراوی سیاسی بێ گوێگرتن لە بیرمەندی سیاسی، جەستەی بێ سەرە یان باشتر بڵێم وەک کسینجەر گوتەنی: “شووشەی چاویلکە!”

ئەم گوتەیە بە مانای دەستوەردانی بیرمەندی سیاسی لە ڕۆژەڤی سیاسیدا نییە؛ بە مانای داهێشتنی بیری سیاسی یان وێنایەک لە ستراتیژیی سیاسییە بۆ “گۆڕەپانی گشتی”(ئاگۆرا) تا کۆمەڵگە بتوانێت لە ڕەفتاری ڕێکخراوی سیاسی تێبگات؛ جا چ لە ڕەوتی ڕەخنە یان هاریکاریی سیاسیدا.

بەکورتی ناونیشانی “مانەوە لە بێ ستراتیژیدا” دەرخەری قەیرانی سیاسییە لەنێو هێزە سیاسییەکاندا. ئایدیۆلۆژیای سیاسی بە بڕوای من ستراتیژییەکی ئایدیۆلۆژیکە کە پێوەندییەکی ئەوتۆی بە دۆخی سەرزەمینیی کۆمەڵگەی سیاسییەوە نییە. ئایدیۆلۆژیای سیاسی تا ئەو کاتەی کە دەنگی کۆمەڵگە بەدەست نەهێنێت نە ڕەوایی سیاسیی هەیە و نە ستراتیژییەکەی ستراتیژییەکەی پەسندکراوی کۆمەڵگەی سیاسییە. چارەنووسی کۆمەڵگە بە چارەنووسی ئایدیۆلۆژیای سیاسی گرێ نادرێت. بەتایبەتی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد نابێ تووشی پەتای گراویی ئایدیۆلۆژیا ببێت، هەر بەو چەشنەی ساڵانێک گیرۆدەی مارکسیزم – لنینیزم یان ستالینیزم بوو و ئێستاش بەشێکی کەوتووەتەوە داوی “ئیخوان موسلمین” و … هتد کە هیچکامیان لە تێپەڕاندنی گوتاری مانەوەدا کاریگەرییان نەبووە.

گفتوگۆی نێوان بیرمەندانی سیاسی و ڕێکخراوە سیاسییەکان وەک گوترا بەرچاوڕوونییە لە چوارچێوەی پرسیاری “دەبین بە چی؟”، ڕەنگە بتوانین بێژین کە ئەگەر نەرمی و بیرکردنەوەی فراوان لەم ڕێکخراوە سیاسییانەی کورددا جێبەند ببێت، بیرمەندی سیاسی دەتوانێت لە داڕشتنەوەی پێوەندیی نێوانیاندا نیشاندەری ڕێگەی سێیەم بێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی

بابایی، مەسعوود(٢٠٢٦): مانەوە لە بێ ستراتیژیدا و تێپەڕاندنی گوتاری مانەوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە شاهۆ حەسەنپوور پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە لە پلانی فێربوون و خوێندنی[1] وەڵاتی سوئێد دا بابەتی [...]

  • ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دانا حەمید ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی [...]

  • ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم تەها ڕەحیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم نزیکەی زۆربەی هەرە زۆری ئەم ڕووداوە سیاسییانەی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن یان بەرەو ڕوودانن، [...]

  • سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" سولەیمان چوکەڵی سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بە کوێ دەبێ بگوترێ "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و سنوورەکانیشی تا کوێ دەبێ درێژ ببنەوە؟ هەستیاریی هەلومەرجەکە هانی دام تا بابەتی جوگرافیا و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی [...]

  • شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی هیوا جەمال شۆڕشی کەزی لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت [...]