وتار
له‌پێناو سه‌نتێزێکی سیاسی بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان :سه‌روه‌ریخوازی وه‌ک رێگاچاره‌ی نالێکی له دروشمی ستراتژیدا
بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ئاماژە
ئەم وتارە لە ژمارەی نوێی گۆڤاری تیشک(ژمارەی ۷۱) بڵاو بووەتەوە و، پێشوەختە لە سەر ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان_تیشک، بڵاو دەبێتەوە.
حەسەن زادە، ئاسۆ (٢٠٢٥): له‌پێناو سه‌نتێزێکی سیاسی بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان :سه‌روه‌ریخوازی وه‌ک رێگاچاره‌ی نالێکی له دروشمی ستراتژیدا
وشە کلیل: سەروەری خوازی، فدراڵیزم، مافی دیاریکردنی چاره‌نووس، سەربەخۆیی، نه‌ته‌وه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌له‌سه‌ر
پێشه‌كی
به‌درێژایی مێژووی کورد، یه‌کێک له خاڵه‌کانی لاوازی و هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی ئه‌و گه‌له نه‌بوونی ئامانجێكی ڕوون و هاوبه‌ش بووه. ئه‌و نالێکییه که هه‌م دووره‌دیمه‌نی کۆتایی چاره‌سه‌ری پرسی کورد و هه‌م قۆناغبه‌ندیی هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌و دووره‌دیمه‌نه ده‌گرێته‌وه، به‌شێوه‌ی سروشتی یه‌كگرتوو نه‌بوونی شێواز و که‌ره‌سته‌کانی خه‌باتیشی لێ که‌وتۆته‌وه.
© 2025 The Author(s), Published by TISHK Zentrum für Studien über Kurdistan. This article is licensed and distributed under CC BY-NC-ND 4.0. To view a copy of this license, visit http://creativecommons.org/licenses/by-nc-nd/4.0/ . To cite this article: Rasooli Keya, Dawod (2024) Seed Ball technique: a method for revitalising Zagros forests, https://tishk.org/ku/2024/09/22/seed-ball-technique-a-method-for-revitalising-zagros-forests/
ساده‌کردنه‌وه و خۆپه‌ڕاندنه‌وه له به‌رپرسایه‌تی ده‌بێ ئه‌گه‌ر بێت و دابه‌شبوونی کوردستان له دوو بڕگه‌ی مێژوویی‌دا به ته‌نیا هۆکاری ئه‌و نالێکییه بزانین، به‌ڵکوو سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه کۆمه‌ڵناسیی سیاسی کورد و مه‌نتالیته‌ی بژارده‌کانی ئه‌و گه‌له‌یه که وای کردووه گه‌شه‌كردنی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌فتاری سیاسیی کورد نه‌توانێ خۆی له‌و به‌ستێنه نه‌ریتی و کولتوورییه رزگار بکا که هه‌میشه کۆسپی سه‌ر رێگای به‌رجه‌سته‌بوونی فه‌ردانییه‌تی سیاسی و زاڵبوونی ئینتما‌ی گه‌وره به‌سه‌ر ئینتما بچووکه‌کاندا بووه. به‌م چه‌شنه نه‌ک هه‌ر ڕه‌وتی مێژوو و ڕوانینی زلهێزه‌کان بۆ کورد و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و ئاڵوگۆڕه گه‌وره‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی کوردستانی تێدا هه‌ڵکه‌وتووه هانابه‌خشی دروستبوونی دینامیزمێکی نێوخۆیی یه‌كده‌ست و یه‌كگرتوو له بزوتنه‌وه‌ی کورد‌دا نه‌بووه، به‌ڵكوو شۆڕش و ده‌سه‌ڵاته خۆجێیی و هێزه سیاسییه‌کانی کورد بۆخۆشیان هێشتوویانه فاکته‌ره دابه‌شکه‌ره نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان (له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بگره تا ململانه‌ی ئیدئۆلۆژی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان) له ڕوانگه و نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی هه‌ماهه‌نگ و یه‌كگرتووی خه‌بات دووریان بخه‌نه‌وه.
له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌درێ وێڕای ئاماژه به‌و فۆرمووله جیاوازانه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی کورد بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له قالبی دروشمی ستراتژیدا به‌رزیان کردۆته‌وه، به‌مه‌به‌ستی تۆکمه‌كردنه‌وه‌ی کرۆکی هاوبه‌شی پلاتفۆرمه جیاوازه‌کانی ئه‌و هێزانه (به‌تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان) و که‌مکردنه‌وه له نالێکیی نێوان دروشمه ستراتژییه‌كانیان، چه‌مکێکی که‌متر سه‌رنج‌پێدراو پێشنیار بکرێ که بریتییه له سه‌روه‌ریخوازی.
پێش ئه‌وه‌ی بچینه نێو ئه‌م باسه، دوو تێبینی به پێویست ده‌زانین:
یه‌که‌م، ئامانج له هێنانه‌گۆڕی چه‌مکی سه‌روه‌ریخوازی زیادکردنی دروشمێک به دروشمه‌کانی پێشوو یان دانانی دروشمێکی نوێ له‌جێی دروشمه‌کانی تا ئێستا نیه، به‌ڵکوو پێشنیاری جێخستن و به‌كاربردنی ئه‌و چه‌مکه وه‌ك چه‌مکێکی گوتارییه که سروشتێكی سیمان (چیمه‌نتۆ)یی له‌نێوان دروشمه جیاوازه‌کان‌دا هه‌بێ و یارمه‌تی به دروستبوونی ئینسجام له ناوه‌رۆک و کاکڵی ویست و ئامانجه سیاسییه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵاتدا بكا. ئیده‌ئال ئه‌وه‌یه لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵات له‌سه‌ر یه‌ك دروشمی ستراتژی ساغ ببنه‌وه و له ده‌وری پلاتفۆرمێكی هاوبه‌شی سیاسی کۆ ببنه‌وه. مادام ئه‌و ئیده‌ئاله نه له ڕابردوودا وه‌دی هاتووه و نه وێ ده‌چێ له ئاینده‌یه‌كی مه‌عقوولیشدا بێته دی، سه‌روه‌ریخوازی ده‌توانێ رۆڵی ئاشتکه‌ره‌وه و فێدێراتۆر (یه‌كخه‌ر) له‌نێوان دروشمه جیاوازه‌کانی هێزه سیاسییه‌کانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا بگێڕێ.
دووهه‌م، به‌هۆی سنوورداربوونی زه‌رفییه‌ت و ده‌رفه‌تی نووسینی ئه‌م وتاره و ده‌ستڕانه‌گه‌یشتن به زۆر سه‌رچاوه‌ی پێویست، مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره ته‌نیا کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ک و نیشاندانی ئادره‌سێکی تازه‌یه، ئه‌گینا ئه‌و پرسه ده‌خوازێ له ده‌ره‌تانی زیاتر و چوارچێوه‌ی فراوانتردا و له ڕه‌هه‌ندی جیاوازه‌وه ژێرخانسازیی تیئۆری و مه‌عریفیی بۆ بکرێ. هه‌رله‌وکاته‌دا نابێ پێمان وابێ ئه‌و پرسه سیرفه‌ن پرسێکی تیئۆرییه که ته‌نیا له به‌ستێنی هزری و ئه‌کادیمی‌دا کاری له‌سه‌ر بکرێ. به‌داخه‌وه هێندێک له سیاسییه‌كانی کورد به بیانووی ئه‌وه که ئه‌وان ئه‌کته‌ری سیاسه‌تی سه‌ر ئه‌رزی واقیعن، نه‌ک هه‌ر خۆ له ئاوڕدانه‌وه له‌و بابه‌ته بنه‌ڕه‌تییانه‌ی خه‌بات و بوونمانی سیاسیی کورد ده‌بوێرن، به‌ڵکوو توێژی رووناک‌بیر و ئه‌کادیمی که له هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی پێشکه‌وتووی دنیادا بۆ هه‌ر جۆره بابه‌تێکی ستراتژیک پرس و ڕاوێژیان پێ ده‌كرێ، نادیده ده‌گرن.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌وانه‌ی خۆیان له پرسی بنه‌ما هزرییه‌کانی گوتار و ستراتژی ده‌دزنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ وڵامێکیان بۆ ڕه‌خنه‌ی کارنه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه پێ نیه، به ئیشاره به‌وه که ئاشکرایه کورد چی ده‌وێ و بۆچی خه‌بات ده‌کا و به په‌نابردن بۆ چه‌مکی گشتی و پێناسه‌نه‌کراوی کوردایه‌تی باسه‌که داده‌خه‌ن. ئه‌وه له حاڵێکدایه که گه‌وره‌ترین رێبه‌ری سیاسیی سه‌رده‌می مۆدێرنی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، واته دوکتور قاسملوو، هه‌رله‌وکاته‌دا که مه‌یدانیترین و واقعبینترین رێبه‌ری ئه‌و به‌شه له کوردستانیش بوو و هه‌میشه‌ش تێده‌کۆشا به زمانی خه‌ڵک قسه بکا، مامۆستا‌یه‌کی زانکۆ بوو که زۆرترین کات و هه‌وڵی خۆی بۆ بنهماسازیی هزری و تیئۆریکی ئامانج و چه‌مکه‌کا‌نی خه‌باتی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کورستان ته‌رخان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته که له دژوارترین هه‌لومه‌رجدا رێبه‌رایه‌تیی بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌كدارانه‌ی ده‌كرد.
سه‌روه‌ری و سه‌روه‌ریخوازی وه‌کوو چه‌مک
سه‌روه‌ری نه له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا و نه له قانوونی نێونه‌ته‌وه‌ییدا پێناسه‌یه‌کی یه‌كده‌ستی نیه. ڕوانگه‌ی کلاسیک بۆ چه‌مکی سه‌روه‌ری به‌و جۆره که ژان بۆده‌ن له سه‌ده‌ی شازده‌دا بناخه تیتۆرییه‌که‌ی داناوه،[1] بریتییه له ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و دابه‌شنه‌كراوی ده‌وڵه‌ت، خیسڵه‌تێك که ته‌نیا ئه‌و قه‌واره سیاسییانه‌ی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا سه‌ربه‌خۆن ده‌توانن هه‌یانبێ. ئه‌و ڕوانگه‌یه که ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی سنووری نیه و له‌گه‌ڵ هیچ قه‌واره‌یه‌کی دیکه‌ش به‌شی ناکا نه له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و نه له قانوون‌دا جێگای په‌سندی گشتی نه‌بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به دیدی په‌یمانی وێستفالییش[2] بۆ بابه‌ته‌که بچین.
ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه که سه‌روه‌ری ڕه‌هه‌ندی فره‌چه‌شنی هه‌یه. هه‌روه‌ك چۆن مافی دیاریکردنی چاره‌نووس له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا دیوێكی نێوخۆیی و دیوێکی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، سه‌روه‌رییش وه‌ک ده‌ره‌نجامێکی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس که له هه‌مان کاتدا به‌هۆی ته‌مرینی خودی ئه‌و مافه‌وه ده‌چێته‌وه ژێر پرسیار، کانسێپتێكی چه‌ندتوێژییه[3] که ئه‌گه‌ر زۆرتر به مانای ئیراده‌ی ئازادی گه‌ل یان ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ هاتووه (جا ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ئاکامی تێگه‌یشتنی مه‌ده‌نی یان ئێتنیکی بۆ بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌دا دروست بووبێ)، زۆر جاریش خراوه‌ته خزمه‌تی ئیدئۆلۆژییه‌كی ئینقلابی (بۆ نموونه ئینقلابی کۆمۆنیستی) یان هه‌ستانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێهه‌م بۆ داکۆکی له کۆنترۆڵی سه‌رچاوه سروشتییه‌کانیان.
به‌پێی ڕوانگه‌ی مۆدێرن بۆ ئه‌و چه‌مکه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که سه‌روه‌ری به پله‌ی یه‌که‌م خیسڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام ڕه‌ها و دابه‌ش‌هه‌ڵنه‌گر (غیر قابل تقسیم) نیه و قه‌واره و پێکهاته‌ی جیاواز له ده‌وڵه‌تیش ده‌توانن ئیدیعای بکه‌ن. سه‌روه‌ری وه‌ک داکترینی سیاسی بێگومان پێش هه‌موو شتێک جه‌خت له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به هه‌ردوو دیوی نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌کا، هه‌ر له‌و کاته‌دا ده‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ش بخرێته پێش که سه‌ربه‌ستیی گه‌لێک له به‌رامبه‌ر ئاستێکی به‌رزتر و فراوانتری ده‌سه‌ڵات که ده‌وڵه‌تی مه‌وجوود بێ، وه‌دی بێ یان ئۆتۆنۆمیی ئه‌و گه‌له زیاد بکا.[4] به‌مجۆره هێندێك وڵامی مێژوویی به ویستی سه‌ربه‌ستیی گه‌لێک له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی فراوانتردا بۆ نموونه ئۆتۆنۆمیی مه‌جاره‌کان له چوارچێوه‌ی ئیمپراتۆریی ئوتریش-مه‌جارستاندا له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ریی ئێتنیکی پاساو دراون.[5]
قانوونی ده‌ستووریی مۆدێرن چه‌مکی سه‌روه‌ریی دابه‌شکراو[6] به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ، واته سه‌روه‌رییه‌ك که ته‌نیا موڵکی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی یا سه‌راسه‌ری نیه به‌ڵکوو له‌نێوان پێکهاته‌کانی نێو ده‌وڵه‌ته‌که‌دا دابه‌ش کراوه و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت ئاکامی به‌یه‌کگه‌یشتن و کۆبوونه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی گه‌ل و قه‌واره‌کانی پێکهێنه‌ری ده‌وڵه‌ته، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان جارێك بۆ هه‌میشه به قازانجی ده‌وڵه‌ت وازیان له پشکی خۆیان له سه‌روه‌ریدا هێنابێ. سه‌روه‌ریی دابه‌شکراو به‌تایبه‌تی له مۆدێله فیدرالیه‌کانی ناسراو به “دووال- فیدرالیزم” یان فیدرالیزمی دووانه‌یی‌دا باس ده‌کرێ که له‌ودا هه‌رێمه‌کان خاوه‌نی که‌سایه‌تیی قانوونیی به‌هێزن، سه‌ڵاحیه‌ته‌کانیان له‌و بوارانه‌دا که بواری نه‌ریتیی ده‌وڵه‌تن زۆرن و به‌ڕوونییش جیا کراونه‌وه.[7] بۆ نموونه یاسای بنه‌ڕه‌تیی سویس کانتۆنه‌كان به خاوه‌نی سه‌روه‌ری ناو ده‌با و راده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌وان “سه‌روه‌رن به‌و مانایه که سه‌روه‌رییان له‌لایه‌ن ده‌ستووری فێدراڵه‌وه سنووردار ناکرێ و ته‌مرینی هه‌موو ئه‌و مافانه ده‌كه‌ن که به وه‌کاله‌ت نه‌دراون به کۆنفێدراسیۆن“.[8] چه‌مکی سه‌روه‌ریی دابه‌شکراو هه‌روه‌ها له قانوونی ده‌ستووریی ئه‌مریکادا چه‌مکێکی مه‌تره‌ح و کارله‌سه‌رکراوه.[9]
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سه‌روه‌ریخوازی،[10] ئه‌مه‌ش شتێک نیه جگه له جوڵانه‌وه‌یه‌ک که بۆ گه‌یشتنی نه‌ته‌وه یان پێکهاته‌یه‌کی فێدڕال یان ئۆتۆنۆم به سه‌روه‌ری تێ‌ده‌کۆشێ، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که سه‌روه‌ریی داواکراو له چ پله‌یه‌كدایه و ته‌نیا به‌شێك یا هه‌موو توێژه‌کانی سه‌روه‌ری له خۆی ده‌گرێ. لێره‌شدا سه‌روه‌ریخوازی به پله‌ی یه‌که‌م هه‌وڵی گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستنیشان ده‌کا. بۆ نموونه له هه‌رێمی کێبێکی کانادا، سه‌روه‌ریخوازه‌کان خۆیان له به‌رامبه‌ر فیدراڵیخوازه‌کاندا ده‌ناسێنن. به‌ڵام ئه‌وه هه‌موو واقعیه‌تی بزوتنه‌وه سه‌روه‌ریخوازه‌کان ناگه‌یه‌نێ، چونکه هه‌ر له کێبێکی کانادا له هه‌شتاکان و نه‌وده‌کانی زایینی‌دا، له‌حاڵێکدا که پارتی لیبراڵ لایه‌نگری ئۆتۆنۆمیی کێبێک له‌نێو فێدراسیۆنی کانادادا بوو و پارتی کێبێکییش لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی کێبێک بوو، به‌ڵام هه‌رکام له‌وانه له بڕگه‌ی جیاوازدا لایه‌نگرییان له فۆڕموولی میانه‌ییش کردووه که له‌ودا وێڕای ئه‌وه که گوتراوه کێبێک ده‌بێ سه‌روه‌ر بێ، وا دانراوه که پێوه‌ندییه نیهادی و حقووقییه‌كانی له‌گه‌ڵ باقیی کاناداش له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی هاوبه‌شدا نه‌پچڕێنێ. به‌هه‌مان شێوه، هه‌رێمی کاتالۆن (و به‌گشتی ئه‌و سه‌رزه‌مینانه‌ی نێو ئیسپانیا که به “وڵاتانی کاتالان” ناسراون)، هه‌نگاونانی سه‌روه‌ریخوازانه‌ی سه‌ت ساڵه‌ی ته‌نیا له ساڵه‌کانی ٢٠١٠ دا چووه قالبی سه‌ربه‌خۆییخوازییه‌وه و پاش ناکام مانه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌که‌ی ساڵی ٢٠١٧، رێبه‌رانی ئه‌و هه‌رێمه هاتوونه‌وه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که پێویسته بیر له سه‌روه‌ریخوازییه‌كی خۆگونجێنه‌ر له‌گه‌ڵ واقعیه‌تی سیاسی و به کورتی مانه‌وه‌ی ناچاری له‌نێو ئیسپانیادا بکه‌نه‌وه. هه‌مان شت ده‌توانین له‌باره‌ی “وڵات باسک”ی ئیسپانیاش بڵێین.
چاوخشاندنێك به دروشمی ستراتژیکی پارته سیاسییه‌کانی کورد
میرنشینی و شۆڕشه کوردییه‌کانی پێش سه‌رده‌می مۆدێرن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که که‌متر فۆرموولێکی ڕوون و نووسراویان له‌مه‌ڕ خولیای نه‌ته‌وایه‌تی لێ به‌جێ ماوه و سه‌ره‌ڕای زاڵبوونی سروشتی خێڵه‌کی و ته‌عامولی که‌م و زۆریان له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌مڕه‌وه فراوانتره‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی کوردستانی لێ هه‌ڵکه‌وتووه، چ به‌شێوه‌ی دوفاکتۆ و چ له مه‌رامی ده‌ربڕدراویاندا زۆرتر هه‌ڵگری رۆئیایه‌کی سه‌ربه‌خۆییخوازانه به‌بێ گوێدان به سنووره‌کان بوون.[11]
خاڵی دابڕان و جێ‌مقه‌ستی نێوان قۆناغی سه‌ربه‌خۆییخوازیی نه‌ریتی و قۆناغی گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ری پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی مه‌وجووددا ده‌که‌وێته پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی.[12] دامه‌زرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆماری کوردستان له مه‌هاباد خاڵی وه‌رچه‌رخانی گوتاری نه‌ته‌وایه‌تیی کورد له سه‌رده‌می مۆدێرندایه. له به‌ره‌به‌یانی کۆتاییه‌كانی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، که‌شی زه‌ینیی سه‌ربه‌خۆییخوازانه هێشتا له‌نێو بژارده‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات و هێز و بژارده‌ی پارچه‌ی دیکه‌ی کوردستان که هاتبوونه مه‌هاباد زاڵ بووه و به‌هۆی هه‌لومه‌رجی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌وکاته و بۆشایی ده‌سه‌ڵات له به‌شێکی به‌رچاو له “کوردستانی ئێران”، خیسڵه‌ته نیهادییه‌کانی کۆماری کوردستان و مه‌رامی ڕێبه‌رانی کۆمار، ستاتووسی کۆماریان له چوارچێوه‌ی به‌رته‌سکی خودموختاری بردبووه ده‌ر. نه‌ک هه‌ر ئه‌و زێهنیه‌ت و ته‌شریفاته که کۆماری کوردستانی پێ دامه‌زرا زێهنیه‌ت و ته‌شریفاتێكی سه‌ربه‌خۆییخوازانه بوو، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی حقووقیی کۆمار و گوتار و هه‌ڵسوکه‌وتی رێبه‌رانی کۆمار به چه‌شنێک بوون که ئه‌و ئه‌زموونه تاقانه‌یه‌ی کورد وه‌ك ئه‌زموونی قه‌واره‌یه‌کی ته‌واو سه‌ربه‌ست و رزگاریبه‌خش له یاده‌وه‌ریی به‌کۆمه‌ڵی کورد‌دا ماوه‌ته‌وه.
دیاره حاشا له‌وه ناکرێ که حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وه‌ك یه‌كه‌مین حیزبی مۆدێرن و جه‌ماوه‌ریی کورد له یه‌که‌مین مه‌رامنامه‌ی خۆیدا داوای خودموختاریی ده‌کرد[13] و پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دیش -له‌گه‌ڵ ڕوونبوونه‌وه‌ی دووره‌دیمه‌نی هه‌لومه‌رجی نێونه‌ته‌وه‌یی پاش شه‌ڕ به زیانی سه‌ربه‌خۆیی کورد و هاتوچۆکانی بۆ تاران و ته‌ورێز- سروشتی حقووقیی کۆماری کوردستانی هه‌ر له چوارچێوه‌ی خودموختاری‌دا ناساندووه.[14] ئه‌و ئاکامگیرییه که کۆماری کوردستان به‌تایبه‌تی له قۆناغی دووه‌می ته‌مه‌نه ساواکه‌یدا (واته له به‌هاری ١٣٢٥ به‌ولاوه) ناچار بووه خۆی له‌گه‌ڵ واقیعی بێڕوحمی ده‌وروبه‌ری بگونجێنێ و له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا بمێنێته‌وه، له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا که دواتریش حیزبی دێموکڕات و دوکتور قاسملوو بۆ کۆماری کوردستانیان کردوه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.[15] به‌وحاڵه‌ش ئاکامگیریی موتڵه‌ق له‌و باره‌وه له‌گه‌ڵ ڕووحی کۆمار یه‌ك ناگرێته‌وه، به چه‌شنێک که ویلیا‌م ئیگلتن ژونیۆر که بۆخۆی چووبووه مه‌هاباد و كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی له‌سه‌ر كۆماری كوردستان ته‌نیا پازده ساڵ پاش ڕووخانی كۆماری کوردستان بڵاو بۆته‌وه، پاش خستنه‌ڕوو و لێكدانه‌وه‌ی ورد و موسته‌نه‌دی به‌شی هه‌ره زۆری ڕووداو و ڕه‌هه‌نده‌کانی كۆمار، هێشتا ئه‌و پرسیاره له خۆی ده‌كا كه داخوا كۆماره كورده‌كه‌ی ١٩٤٦ جودایی‌خواز بوو یان نا؟[16]
ئه‌وه‌نده‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان میراتێكی ڕه‌مزی و پڕ له هێمای سه‌روه‌ریخوازانه‌ی بۆ سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌دوای خۆی به‌جێ‌هێشت، ئه‌وه‌نده‌ش ڕووخانی کۆمار شوێنه‌واری نه‌خوازراوی له‌سه‌ر سایکۆلۆژیی سیاسیی کورد دانا. بۆچوونی باو هه‌میشه ئه‌وه بووه که شوو‌ڕه‌وی ته‌نیا له‌ڕووی سیاسییه‌وه نه‌بووه هۆی ناکامیی کۆماری کوردستان، به‌ڵكوو -سه‌ره‌ڕای لایه‌نگریی ڕوونی مارکسیسزم-لێنیزم له تیئۆریدا له مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان- له‌ڕووی زه‌ینیشه‌وه باوه‌ڕبه‌خۆیی و به‌رزه‌فڕیی نه‌ته‌وایه‌تیی بژارده‌کانی کوردی تێک شکاند. به چه‌شنێك که له‌و بڕه ته‌عاموله ڕاسته‌وخۆیه که له کاتی دامه‌زرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کۆمار‌دا کورده‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌تیان هه‌بوو، ته‌وسیه‌ی ڕوونی سۆڤیه‌ت به کورده‌کان ئه‌وه بوو “که له چوارچێوه‌ی سنووری ئێران‌دا و له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیکه‌ی دانیشتووی ئه‌و وڵاته و حیزبه چه‌پ و پێشكه‌وتنخوازه‌كانی بۆ دێموکراتیزه کردنی ئێران هه‌وڵ بده‌ن“.[17]
حاشای لێ ناکرێ سیاسه‌تی یه‌ك بان و دوو هه‌وای کۆمۆنیسته‌كان له‌مه‌ڕ مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان (چ له مۆسکۆ و چ له وڵاتانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا) و بارگرانیی چه‌پی ئۆرتۆدۆکس و پرۆ-سۆڤیه‌تی له‌سه‌ر بیری نه‌ته‌وایه‌تیی بژارده‌کانی کورد له‌دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، کاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر زوڵاڵیی ڕوانگه و گوتاری رزگاریخوازانه‌ی کورد له سه‌رده‌می مۆدێرندا هه‌بووه.[18] به‌ڵام ساده‌کردنه‌وه‌ی ڕوومای مه‌سه‌له‌که و بچووککردنه‌وه‌ی هۆکاره‌كانی ده‌بێ ئه‌گه‌ر هه‌موو تاوانه‌که بخرێته ئه‌ستۆی سۆڤیه‌ت. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه که هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا و به‌تایبه‌تی له ده‌هه‌ی شه‌ستی زایینییه‌وه زۆر گه‌لی دیکه‌ی دنیا که هێزه پێشڕه‌وه‌کانیان خۆیان له ئۆردووگای سۆسیالسیتیشدا پێناسه ده‌کرد خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی خۆیان به ئاکام گه‌یاند، ئه‌وه‌ی هێزه کوردییه‌کانی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هێنابووه سه‌ر فۆرمووله كردنی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی مه‌وجووددا زۆرتر چه‌سپانی پارامێتره حقووقییه‌كانی پارێزه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا، بێمه‌یلیی زلهێزه‌کان به‌ڕووی کورد‌دا، دۆخی ژیئۆپۆلیتیکی ناوچه و واقعیه‌ته مه‌یدانییه ناله‌باره‌کانی خه‌باتی کورد بووه.[19]
به‌مجۆره له پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه هه‌تا ئێستا – جیا له پارتی کرێکارانی کوردستان[ی پێش ساڵی ٢٠٠٣]- زۆربه‌ی هه‌ره زۆری پارته سیاسییه به‌ڕابردووه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی بزوتنه‌وه‌ی کورد دروشمی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی مه‌وجوودیان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام له جۆری فۆرموولکردنی ئه‌و رێگاچاره‌یه‌دا جیاوازییان له‌نێواندا هه‌بووه.
له‌سه‌ر ئاستی گشتیی کوردستاندا، ئه‌مڕۆ مشتومڕی پێوه‌ندیدار به بارگرانیی پرسی چینایه‌تی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی زۆر که‌مڕه‌نگ بۆته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دروشمی نه‌ته‌وایه‌تییش، ئه‌گه‌رچی له دوو ده‌هه‌ی ڕابردوودا کۆنسه‌نسووس (ئیجماع)ێکی رێژه‌یی (دیاره نه‌ک به هه‌ماهه‌نگی و رێککه‌وتن) له‌سه‌ر دروشمی فیدراڵی له‌لای: له رۆژهه‌ڵات، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران[20] و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران[21] و له باشوور، پارتی دێموکراتی کوردستان[22] و یه‌كێتیی نیشتمانی کوردستان[23] شکڵی گرتوه، له رۆژهه‌ڵات کۆمه‌ڵه – رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هێشتا باس له “حاکمیه‌تی شوڕایی” ده‌کا[24] و سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێرانیش رێگاچاره‌ی پرسی کورد له ئێران هه‌روا له خودموختاری‌دا ده‌بینێ.[25] ئه‌و رێکخراوانه‌ش که به‌ڕوونی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان خستۆته پلاتفۆرمی خۆیان، جیا له نموونه‌ی به‌سه‌رچووی پێ‌کاکا له باکوور، له ڕۆژهه‌ڵات بریتیین له کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان،[26] پارتی ئازادیی کوردستان[27] و پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.[28] دیاره پێ‌کاکا، به لق و پۆپه‌کانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواشیه‌وه (به‌تایبه‌تی پژاک و په‌یه‌ده) له ساڵی ٢٠٠٣ به‌ولاوه، له‌پێناو ده‌ستئاوه‌ڵایی بۆ مانۆڕدانی سیاسی، چه‌مکی لێڵی “کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک”ی له شوێن دروشمی ڕوونی سه‌ربه‌خۆیی داناوه.[29] ئه‌و چه‌مکه که وه‌ک فۆڕمی که‌لانی به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات له هیچ کوێی دنیا نابینرێ، زۆرتر چه‌مکێکی فه‌لسه‌فیی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی-ته‌وه‌ره و هه‌روه‌ک حاکمییه‌ته شوڕاییه‌که‌ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و “کتێبی سه‌وز”ی قه‌زافی، پرسی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له‌گه‌ڵ که‌یفییه‌تی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رییه تێکه‌ڵ ده‌کا و زۆرتر ره‌خنه‌یه‌که له کارکرد و ته‌نانه‌ت وجوودی ده‌زگای نه‌ریتیی ده‌وڵه‌ت له‌ڕێگای ته‌رجیحدانی دێموکڕاسیی راسته‌وخۆ به‌سه‌ر دێموکڕاسیی نوێنه‌رایه‌تیدا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه که هه‌ڵه‌یه تاوانی دۆخی ئه‌مڕۆی خه‌باتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌مووی بخه‌ینه سه‌ر ئه‌ستۆی دروشمی ستراتژی، حاشای لێ ناکرێ که جیاوازیی قوڵاوگه (خواستگاه)ی فیکری و ستراتژیی سیاسی هه‌میشه سه‌رچاوه یا بیانوویه‌ک بۆ ناته‌بایی و ته‌نانه‌ت گرژیی نێوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووه. بۆ نموونه له ئه‌زموونی مێژوویی هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد‌دا و له کاتی وتووێژه‌کانی پاش ئینقلاب، کۆماری ئیسلامی جیاوازییه سیاسی و ئیدئۆلۆژییه‌کانی نێو هه‌یئه‌تی کوردی ده‌كرده بیانووی ته‌گه‌ره خستنه سه‌ر وه‌ڕێکه‌وتنی وتووێژی راسته‌وخۆ.[30] ئه‌وه به‌ده‌ر له‌وه که دواتر ئه‌و جیاوازییانه لانیکه‌م له ریتۆریکدا بوونه هه‌وێن و که‌ره‌سته‌ی شه‌ڕی کۆمه‌ڵه و حیزبی دێموکڕات. جیاوازی له ئامانج و شێوه‌کانی خه‌بات له‌نێوان لایه‌نه کوردییه‌کاندا هه‌روه‌ها کۆسپێکی گه‌وره‌ی سه‌ر رێگای شکڵ‌گرتنی ئه‌و یه‌كگرتووییه بووه که بۆ سه‌رکه‌وتنی خه‌بات له‌نێوان هێزه سیاسیه‌کان و له‌نێوان ئه‌وان و کۆمه‌ڵگادا پێویسته، به‌چه‌شنێک که ته‌نانه‌ت له‌و حاڵه‌ته که‌مانه‌دا که چوارچێوه‌یه‌کی ده‌ڵه‌مه بۆ هاوکاری و هاوخه‌باتیی هێزه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات پێکهاتووه، نالێکی له دروشمی سیاسی و تاکتیکی تێکۆشان‌دا هۆیه‌کی بنه‌ڕه‌تیی گه‌شه‌نه‌کردنی ئه‌و چوارچێوانه له‌ڕووی چلۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تییه‌وه و ته‌نانه‌ت به‌جێ‌هێشتن و هه‌ڵپه‌ساردنیان بووه. بۆ نموونه چه‌ندین ساڵ پێش ئه‌وه‌ی به‌دوای شۆڕشی ژینادا مه‌سه‌له‌ی “جۆرج تاون” ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران په‌ک بخا، سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران مه‌سه‌له‌ی دروشمی وه‌ک یه‌كێک له هۆیه‌کانی کشانه‌وه‌ی خۆی له‌و ناوه‌نده ڕاگه‌یاند.[31]
حاشای لێ ناکرێ که ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاله‌نگاریی نالێکیی دروشم و ستراتژیی سیاسییش به‌بێ شرۆڤه‌ی قووڵ و گفتگۆی پشوودرێژ له‌سه‌ر بنه‌مای هزری و گونجاویی سیاسیی ئه‌و دروشم و ستراتژییانه مومکین نیه.
سه‌روه‌ریخوازی، غایبه گه‌وره‌كه‌ی گوتاری نه‌ته‌وایه‌تیی ڕۆژهه‌ڵات
به‌ده‌ر له‌وه که حیزبه‌کانی کوردستان له ڕابردوو و له سه‌رده‌مـی ئێستادا هه‌ڵگری چ دروشمێکی نه‌ته‌وایه‌تی بوون و هه‌ن، و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرا چاوه‌ڕوان بکرێ، ئه‌و چه‌مکه چه‌مکێكی زۆر که‌مڕه‌نگ، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین غایبی نێو خیتابی سیاسیی کورد به‌گشتی و کوردی رۆژهه‌ڵاتی به‌تایبه‌تییه. هۆیه‌که‌شی ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه که به‌هۆی هاوواتایی سه‌روه‌ری له‌گه‌ڵ “حاکمیت” و تێگه‌یشتنی نه‌ریتی له‌و چه‌مکه وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و به پێڕه‌وی له داکترینێکی سیاسیی ڕاهاتوو به بیرکردنه‌وه و جوڵه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌وجووددا، هێزه سیاسیه‌كانی کورد ئه‌وه‌نده‌ی ره‌عایه‌تکردنی حه‌ساسیه‌تی بژارده سیاسییه‌كانی گه‌لی حاکم و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تۆمه‌ت و گومانه‌كانیان له‌مه‌ڕ جوداییخوازی و ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بییان بۆ گرینگ بووه، ئه‌وه‌نده خۆیان به داڕشتنی گوتارێكی نه‌ته‌وایه‌تیی له‌ڕووی حقوقیه‌وه تۆکمه و زانستی‌یه‌وه خه‌ریک نه‌کردووه، گوتارێكی ڕووک و بنه‌ما پته‌و که وێڕای ئه‌وه‌ی قابلیه‌تی سازان له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌وجودیشیدا هه‌بێ، ناوه‌رۆکێكی زاته‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندی لێ بکه‌وێته‌وه.
دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نیه که به‌رنامه و په‌سندکراوه‌كانی هیچکام له پارته سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات باسی سه‌روه‌ری ناکه‌ن. یه‌که‌م جار بڕیارنامه‌یه‌کی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ده‌سته‌واژه‌ی ” گوتاری سه‌روه‌ریخوازانه”ی به‌کاربرد[32] و به‌رنامه‌ی هه‌مان حیزبیش له‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نیهادیی یه‌کیه‌تیی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی نه‌ته‌وه‌کان له ئێران‌دا ئاماژه‌ی به “سه‌روه‌ریی هاوبه‌شی قه‌واره‌کانی نێو فێدراسیۆن“ ده‌كرد.[33] هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ده‌ڵێ: “نه‌ته‌وه‌ی کورد خوازیاری ئه‌و مافانه‌یه که نه‌ته‌وه‌کانی خوازیاری سه‌روه‌ری (حاکمیه‌ت)ی سیاسی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆخۆیانی به ڕه‌وا ده‌زانن” و ئه‌و به‌رنامه‌یه بۆیه فیدرالیزم به گونجاوترین سیستم بۆ داهاتووی ئێران داده‌نێ “چونکه له وه‌ها سیستمێکدا نه‌ک ته‌نیا ده‌سه‌ڵات به‌ڵکوو سه‌روه‌رییش له‌نێوان حکومه‌تی فێدراڵ و حکومه‌ته هه‌رێمییه‌کاندا دابه‌ش ده‌کرێت.[34] بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد[یش] گرینگ ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر خاکی خۆی سه‌روه‌ر بێت“.[35]
کێشه‌كه ئه‌وه‌یه که ئه‌و ئاماژانه زۆرتر له دیباچه‌ی به‌رنامه‌كاندا هاتوون نه‌ک له به‌نده “ئۆپێره‌تیڤ” (کارا)کاندا. [36] له‌لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌گه‌ر له په‌سندکراوێكی حیزبییشدا باسی سه‌روه‌ری و سه‌روه‌ریخوازی کرابێ، ئه‌و ئاماژانه ته‌نیا له‌سه‌ر کاغه‌ز ماونه‌وه و سه‌روه‌ریخوازی له گوتاری سیاسیی رۆژانه‌ی سه‌رکردایه‌تیی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستاندا زۆر که‌مڕه‌نگه و ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی یه‌کجار لاوازی له ڕه‌فتار و گوتاری حیزبه‌کان به‌تایبه‌تی له کاتی گفتگۆ و دانوستان له به‌ستێنی ئێرانی‌دا هه‌یه.
پاڕادۆکسه‌که به‌ڵام له‌وه‌دایه که سه‌روه‌ری له‌حاڵێکدا غایبه گه‌وره‌که‌ی نێو وتاری نه‌ته‌وایه‌تیی پارته‌کانی رۆژهه‌ڵاته که زۆربه‌ی نزیک به ته‌واوی ئه‌و پارتانه له به‌رنامه‌ی خۆیاندا باسی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و حیزبانه‌ش که شێوه‌ی سنووردار یان ناڕوونی وه‌دیهێنانی مافه‌کانی کورد پێشنیار ده‌كه‌ن.[37] هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م پارادۆکسه‌دا پێویسته سه‌رنج بدرێته ئه‌و ڕاستییه‌ش که مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی کورد له وتاری سیاسیی حیزبه‌کاندا نه‌ك ته‌نیا ئه‌و کاته‌ی له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کاندان، به‌ڵكوو له به‌ستێنی کوردیی‌شدا که‌متر باس ده‌کرێ. به‌م چه‌شنه جۆری دروشم و نێوه‌رۆکی گوتار نه‌ک هه‌ر له ناسنامه‌ی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات ڕوو به ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ئاله‌نگارساز بووه، به‌ڵكوو به گواستنه‌وه‌ی مه‌نتالیته‌یه‌کی سیاسیی به‌پارێز له نه‌وه‌یه‌که‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌کی دیکه، له ڕه‌هه‌ندی په‌روه‌رده‌یی و زه‌ینیشدا ڕاڕایی و ته‌زاده ده‌روونییه‌کانی خۆی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه.
پارادۆکسی باس‌کراو له‌و هاودژییه لۆژیکه سه‌رچاوه ده‌گرێ له‌نێوان ئه‌وه‌دا که پارتێكی سیاسی داوای مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بکا و هاوکات یه‌كێک له فۆرمه‌کانی وه‌دیهێنانی مافی چاره‌نووسیش پێشنیار بکا. سروشتیه که هێزێكی سیاسی وه‌ك به‌شێك له کۆمه‌ڵگا که ده‌یه‌وێ کۆمه‌ڵگا بۆ ئامانجێكی سیاسی مۆبیلیزه بکا، وه‌ها پێشنیارێك بخاته ڕوو. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ باس له مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بکرێ، ئه‌وه ته‌نیا گه‌له که ده‌توانێ ته‌مرینی ئه‌و مافه بکا و ته‌نیا به ریفراندۆمیش ده‌کرێ وڵامی ئه‌و پرسیاره بدرێته‌وه که گه‌ل چی ده‌وێ. پارته سیاسییه‌كانیش ئه‌و کاته ده‌توانن ئه‌رجه‌حیه‌تی خۆیان بۆ یه‌كێك له فۆرمه‌کانی دیاریکردنی چاره‌نووس ده‌رببڕن.
کێشه‌ی ناجێگیری له دروشمی ستراتژیکدا
له‌ته‌نیشت ئه‌و نالێکی و جیاوازییانه‌ی له دروشمی نه‌ته‌وایه‌تیی پارته کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتدا ئاماژه‌ی پێ کرا، که‌مایه‌سییه‌کی دیکه بریتیه له ناپایه‌داری و نه‌وه‌سان له دانان و گۆڕینی دروشم‌دا. هۆی سه‌ره‌كیی ئه‌م ناجێگیرییه‌ش که بۆ یه‌كگرتوویی نێو ماڵی کورد و میسداقیه‌تی سیاسی و پلانمه‌ندکردنی خه‌باتی درێژخایه‌ن کێشه‌سازه، چه‌شنی ڕوانین بۆ جه‌وهه‌ری پرسی کورد و پاساوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی دروشمێک له‌جیاتی دروشمێکی دیکه‌یه.
ئه‌گه‌ر ته‌نیا چاو له دروشمی ستراتژیکی حیزبی دێموکڕات بکه‌ین، ده‌زانین که ئیستدلاله تیئۆرییه‌کانی پێوه‌ندیدار به هه‌ڵگرتنی دروشمی خودموختاری له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبه‌وه زۆر دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و له‌ڕاستیدا له سه‌رده‌می خۆسازدانه‌وه‌ی رێبه‌رانی ئه‌و حیزبه له هه‌نده‌ران شكڵ ده‌گرن. ئه‌و ئیستدلالانه پێوه‌ندییان به‌و واقعییاته‌وه هه‌یه که له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ولاوه مه‌سه‌له‌ی کوردیان کاراکتێریزه کردوه.[38] به‌دریژایی ده‌یان ساڵ خه‌باتی ئه‌و حیزبه بۆ دێموکڕاسی له ئێران و خودموختاری له کوردستان، ئه‌و دروشمه به هۆکاری عه‌ینی واته هه‌لومه‌رج، وه‌ك واقعیبینانه‌ترین دروشـمی مومکین پاساو دراوه. ئه‌و حیزبه هه‌ر له زووه‌وه رایگه‌یاندووه که فیدرالیزم بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران به له‌بارترین سیستمی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زانێ، به‌ڵام به لێکدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی خه‌باتی خۆی و ده‌ره‌تان و توانای ئه‌و خه‌باته و راده‌ی هاتنه مه‌یدانی گه‌لانی دیکه‌ی ئێران دروشمی خودموختاریی به دروشـمی گونجاو و مه‌عقولی وه‌خت زانیوه.[39]
کاتێک حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له کۆنگره‌ی سێزده‌هه‌می خۆیدا[40] دروشمی ستراتژیکی خۆی له خودموختارییه‌وه بۆ فێدرالیزم گۆڕی، ئه‌و حیزبه دیسان به په‌نابردن بۆ فاکته‌ره ده‌ره‌کییه‌کان (هه‌لومه‌رج و هه‌ڵوێستی ئه‌کته‌ره پێوه‌ندیداره‌کانی تر) ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی پاساو دا. کۆنگره وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه که حدکا ” نه قه‌ت خودموختاریی به تاکه شێوه و گونجاوجاترین رێگا بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی میللی له ئێران‌دا زانیوه و نه به‌رامبه‌ر به ناسین و له‌باربوونی فیدرالیزم بێ‌ئاگا بووه“، پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرته‌وه که “ئه‌وه‌ی تا ئێستا و له داهاتووشدا ده‌بێته هۆی هه‌ڵگرتنی دروشمێک یان گۆڕینی دروشمێکی هه‌ڵگیراو، زیاتر که‌ش و هه‌وای سیاسیی نێونه‌ته‌وه‌یی و چۆنیه‌تیی سه‌یرکردنی مافی گه‌لان له‌لایه‌ن خودی گه‌لانی ئێرانه‌وه و باوبوونی رێگاچاره‌ی ئه‌و جۆره مه‌سه‌لانه له بیروڕای گشتیی جیهانیدایه“.[41]
ئه‌وه که بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی به‌پێی ئاڵوگۆڕی هه‌لومه‌رجی دنیا و ناوچه یان گۆڕانی ویستی خه‌ڵکه‌که‌ی و راده‌ی ئاماده‌یی کۆمه‌ڵگای وڵاته‌كه‌ی دروشمێک له جێگای دروشمێکی دیکه دابنێ یان په‌نا بۆ تاکتیکی جۆراوجۆر ببا، شتێکی ڕه‌وا و پێویسته. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و بزوتنه‌وه‌یه‌ک پلوراڵ بێت و له چه‌ندین ئه‌کته‌ری به نفووز و قه‌باره بچووک و مامناوه‌ند و گه‌وره پێک‌هاتبێ که هه‌رکامه‌یان درێژکراوه‌ی ڕێژه‌یه‌کی جیاواز له کۆمه‌ڵگا بن، ئه‌و وه‌خته ئه‌و زه‌رووره‌ته دێته پێش که چه‌مکێکی بناخه‌یی و دائیمی بکرێته سه‌نگی به‌نای ستراتژییه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی له پێچ و قۆرته‌کانی ئه‌و خه‌باته‌دا که ده‌یبه‌نه پێش و له ده‌می دروستبوونی جیاوازیی روانین له ئاقاره‌کانیاندا هه‌میشه به‌هایه‌کی به‌هێز و دووره‌دیمه‌نێکی هاوبه‌ش له‌ده‌وری یه‌كتر کۆیان بکاته‌وه و پێکه‌وه‌یان رابگرێ. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، بزوتنه‌وه‌یه‌ک که ناچاره له هه‌لومه‌رج و قۆناغی جیاوازدا خه‌بات بکا و له ده‌ره‌وه‌ی خۆیشیدا له‌گه‌ڵ لایه‌ن و ئه‌کته‌ری فره‌چه‌شن ڕووبه‌ڕوویه که ڕوانگه‌ی زۆربه‌یان دڵخواز نیه، ده‌بێ له هه‌موو هه‌لومه‌رجێک و له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌دا بتوانێ به شه‌فافی باسی رۆئیای سیاسی و فه‌لسه‌فه‌ی وجوودیی خۆی بکا و وشه کلیل (کلید واژه)یه‌کی بۆ پلاتفۆرمی خۆی پێ بێ که وه‌ک کۆدێكی ئاسان لایه‌نه‌کانی دیکه و کۆمه‌ڵگای فراوان لێی تێ بگه‌ن و بزوتنه‌وه‌که‌ی پێ بناسنه‌وه. ئه‌و وشه‌کلیله‌ش ده‌بێ گوزارش له بیرۆکه‌یه‌کی سیاسی بکا که وێڕای ئه‌وه‌ی زه‌رفیه‌تی مانۆڕدان و سازانی تێدابێ، له‌ژێر هه‌ر ناو و فۆرمێکیشدا ناوه‌رۆکێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له مافه‌کان ده‌سته‌به‌ر ده‌کا. هه‌ربۆیه‌شه دروشمی ستراتژیی بزوتنه‌وه‌یه‌ک به هه‌لومه‌رج و تایبه‌تمه‌ندیی بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵات پێویسته بنه‌مایه‌کی پایه‌دار و قائیم به‌زاتی هه‌بێ و ته‌نیا پێڕه‌وی هه‌لومه‌رج نه‌بێ.
سووده‌کانی په‌سندکردنی سه‌روه‌ریخوازی
وه‌ک له پێشه‌کیی ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی پێ کرا، مه‌به‌ست له خستنه‌پێشی چه‌مکی سه‌روه‌ریخوازی پێشنیاری ئاڵوگۆڕ له دروشمی ستراتژیی هیچ حیزبێكی سیاسی‌دا نیه. له‌وه‌ش وردتر، مه‌به‌ست گۆڕینی دروشـمی فێدراڵی بۆ سه‌ربه‌خۆیی نیه. ئه‌و سه‌رنجه بۆیه پێویسته چونکه زۆر جار بۆ نادیده‌گرتنی ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی وتاری نه‌ته‌وایه‌تیی تا ئێستای پارته سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات، باسه‌که به لاڕێدا ده‌برێ و وا نیشان ده‌درێ که هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه به خۆشخه‌یاڵی و به‌دوور له ئه‌رزی واقیع، داوای کوردستانی گه‌وره ده‌كه‌ن! له‌حاڵێکدا قسه نه‌ک له ویستی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڵکوو له وتارێكی نه‌ته‌وه‌یی تۆکمه‌تر، زانستی‌تر و باوه‌ڕ‌به‌خۆتره که هه‌م وڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستییه‌کانی سه‌رده‌می ئێستا و چاوه‌ڕوانییه‌کانی نه‌وه‌ی نوێ بێ و پۆتانسیه‌له‌کانی کۆمه‌ڵگا له هه‌موو به‌ستێنه‌کانی خه‌باتدا وه‌گه‌ڕ بخا، هه‌م ده‌ره‌قه‌تی ته‌یاری و فێڵبازیی هزریی ناوه‌ندگه‌راکان و ئاڵۆزییه سیاسی و قانوونییه‌کانی دواڕۆژ بێ.
سه‌روه‌ریخوازی، به مه‌رجێك ته‌نیا وشه یان چه‌مکێکی فیکری نه‌بێ که به به‌رنامه‌ی حیزبه‌کان یان به پلاتفۆرمی هاوبه‌شیانه‌وه زیاد کرابێ، به‌ڵکوو وه‌ك چه‌مكێکی سیاسیی بنه‌ڕه‌تی له‌نێو گوتاری گه‌وره و زیندووی بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا کاری له‌سه‌ر بکرێ و له دینامیزمی نیوخۆیی بزوتنه‌وه و کۆمه‌ڵگادا هه‌روه‌ک له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان و ئه‌كته‌ره ده‌ره‌كییه‌کانی دیکه‌دا به‌رده‌وام به‌کار بێ، ده‌توانێ نه‌خشی سه‌نتێز له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا بگێڕێ، ئه‌مسه‌ر ئه‌وسه‌ره‌کانی پانۆڕامای سیاسیی رۆژهه‌ڵات پێک ببه‌ستێته‌وه، درزه کۆن و نوێیه‌کان پڕ بکاته‌وه و پانتایی نوێ بۆ داهێنان و ئاله‌نگاری دروست بکا. به‌شێك له سووده‌کانی داڕشتنه‌وه‌ی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ڕۆژهه‌ڵات به لۆژیکی سه‌روه‌ریخوازانه بریتیین له :
١/ سه‌روه‌ریخوازی خولاسه‌یه‌کی ئه‌مانه‌تدارانه‌ی ویستیی مێژوویی کورده. بزوتنه‌وه‌ی کورد له سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه تا ئێستا، چ نه‌ریتی بووبێ چ مۆدێرن، ته‌واو دابه‌ش بووبێ یان هێندێكیش یه‌كگرتوو، فه‌رمانڕه‌واکانی کوردستان هه‌ر که‌س بووبن و دروشم و داوای نوێنه‌رانی کورد هه‌رچییه‌ک بووبێ، هه‌میشه بزوتنه‌وه‌یه‌کی رزگاریخوازانه بووه. ته‌نانه‌ت تێگه‌یشتنی دروست که له دره‌وشاوه‌ترین ئه‌زموونی مێژوویی ئازادیی کورد له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می مۆدێرندا، واته کۆماری کوردستان، له یاده‌وه‌ریی به‌کۆمه‌ڵی کورد‌دا به‌جێ ماوه – ته‌نانه‌ت له خوێندنه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات و دوکتور قاسملوو بۆ ئه‌و کۆماره‌دا – ئه‌وه‌یه که ئه‌و کۆماره سه‌روه‌ریی کوردی وه‌دی هێنابوو.[42]
٢/ سه‌روه‌ریخوازی سه‌ره‌ڕای ماهیه‌تی رزگاریخوازانه و دووره‌دیمه‌نی ئه‌وپه‌ڕی ئازادیی کورد که له‌پێش رۆڵه‌کانی ئه‌و گه‌له‌ی ڕاده‌گرێ، چه‌مکێکی سیاسیی به‌زه‌رفیه‌ت و لاق له‌سه‌ر عه‌رزه. به واتایه‌كی تر، قابلیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه له هه‌وراز و نشێوی هه‌لومه‌رج و هه‌ڵکشان و داکشانی باڵانسی هێزدا هه‌م له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و هه‌م له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن مانۆڕی پێ ده‌درێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بژارده‌ی سیاسیی کوردی رۆژهه‌ڵات ناچار بێ له جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی مافه‌كانی کورد پاشه‌كشه بکا. سه‌روه‌ریخوازی به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌میشه به مانای سه‌ربه‌خۆیی گه‌لێک بێ، ده‌توانێ مافه‌کانی ئه‌و گه‌له له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌وجووددا له پێشکه‌وتووترین پله و ئاستی مومکیندا دابین بکا. ئه‌مه‌ش ده‌ره‌تانی ئه‌وه ناهێڵێ که هیچ لایه‌نێکی کورد به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات یان ئۆپۆزیسیۆن بچێته نێو دانوستانێكه‌وه که ئاکامه‌كه‌ی داکشاندنی ویستی کورد بێ.
٣/ سه‌روه‌ریخوازی ده‌توانێ ته‌واوی لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان (به مه‌رجێک هه‌ڵقوڵاوی ئه‌وێ بن و ئاجێندای پارچه‌یه‌کی دیکه له رۆژهه‌ڵات نه‌به‌نه پێش) له ده‌وری یه‌كتر کۆ بکاته‌وه، چ ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن، چ ئه‌وانه‌ی داوای خودموختاری و که‌متر له خودموختاری ده‌كه‌ن، و چ ئه‌وانه‌ی بۆ فیدرالیزم تێده‌کۆشن. به‌هۆی ئه‌و زه‌رفیه‌تانه‌ی سه‌روه‌ریخوازی له فۆرمولاسیۆنی ویست و ئامانجه‌کاندا پێکی دێنێ، گیروگرفته‌كانی پێوه‌ندیدار به جیاوازیی دروشم و بنه‌ما نالێک و هاودژه‌کان وه‌ك ئاسته‌نگی گه‌یشتن به پلاتفۆرمی هاوبه‌ش گرینگیی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات له ده‌وری پلاتفۆرمێک و له چوارچێوه‌یه‌کی جێگره‌وه یان گه‌شه‌کردووی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌كاندا ئه‌وله‌ویه‌تێکی ڕوونه، ده‌کرێ پلاتفۆرمی وه‌ها ناوه‌ندێك هێز و لایه‌نه کوردییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ریخوازی یه‌ک بخا به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌تمه‌ن ئاماژه به یه‌كێك له فۆرمووله به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كانی وڵات بکا یان سیاغی ئاماژه به فۆرمووله به‌ڕێوه‌به‌رییه مومکینه‌کان به جۆرێك بێ که هه‌موو لایه‌نه‌کان خۆیانی تێدا ببیننه‌وه.
٤/ به‌پێچه‌وانه‌ی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس که به‌هۆی ئاکامه هه‌ره پێشکه‌وتووه‌که‌ی (سه‌ربه‌خۆیی) پارته سیاسییه‌کانی کورد له به‌ستێنی ئێرانی‌دا که‌متر به‌لایدا ده‌چن، سه‌روه‌ریخوازی به‌بێ ئه‌وه‌ی مسۆگه‌ر هه‌میشه به مانای سه‌ربه‌خۆیی بێ، ده‌رفه‌تی مانۆڕله‌سه‌ردانی زۆره. به‌کاربردنی ئه‌و چه‌مکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ده‌توانێ بۆ ئێرانییه‌كان شۆکێکی زه‌ینیی دیکه له چه‌شنی گوتاری فیدرالی دروست بکا و باس و پرسیار له ئاستی سه‌راسه‌ریدا دروست بکا، جارێكی دیکه فۆکووسی کۆڕ و کۆمه‌ڵه به‌ناو سه‌راسه‌رییه‌کان دێنێته‌وه سه‌ر جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی ویستی سیاسیی کورد.
٥/ سه‌روه‌ریخوازی به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچار بێ سه‌ربه‌خۆیی بکاته سه‌رله‌وحی داوای گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵات (شتێك که ته‌واو ڕه‌وایه)، ده‌توانێ یارمه‌تی به شکڵ‌گرتنی وتارێکی نه‌ته‌وایه‌تیی به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند بکا که به‌ڕووی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا به‌رهه‌مهێنه‌ر بێ؛ هه‌م گوتاری ره‌خنه‌هه‌ڵگری حیزبه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ستیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌شه‌کردووی کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵات ئاشت بکاته‌وه، هه‌م به‌ڕووی ئێرانییه‌کاندا له عه‌ینی سیاسی بوون و به‌رپرسیار بوون، شه‌فاف و باوه‌ڕبه‌خۆتر بێ. ئه‌وده‌م حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات ده‌توانن چ ئه‌و کاته‌ی به کوردی ده‌دوێن و چ ئه‌و کاته‌ی به فارسی یان به زمانێكی بێگانه قسه ده‌كه‌ن، به هه‌مان لۆژیک و ئه‌ده‌بیات ته‌عبیر له ناوه‌رۆکی ویستی ئه‌مڕۆ و ئامانجی درێژخایه‌نی کورد بکه‌ن.
٦/ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌له‌سه‌ر به‌بێ خه‌ون و باوه‌ڕ هه‌رمانی خۆی پێ ده‌سته‌به‌ر ناکرێ. گه‌لێک که له‌باری مه‌یدانییه‌وه ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنرێ، نابێ له به‌ستێنی گوتارییشدا پاشه‌کشه بکا. سه‌روه‌ریخوازی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که بژارده‌ی سیاسیی کورد به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رج و ره‌فتار و روانینی ئه‌کته‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خه‌باتی خۆی نادیده بگرێ، بنه‌مایه‌کی زاتی و دائیمی به ویست و داوای ڕه‌وا و مێژوویی گه‌له‌که‌ی ببه‌خشێ. ئه‌وه‌ش له کاریگه‌ری خراپی زه‌ینی و سیاسیی سه‌ختی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی بارودۆخ و ئاڵوگۆڕ له دروشمه‌كان که‌م ده‌کاته‌وه.
٧/ سه‌روه‌ریخوازی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به وشه‌یه‌ک هه‌موو ماناکه ده‌گه‌یه‌نێ به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی به فۆرمێکی دیاریکراوی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ری ببه‌ستێته‌وه، دیله‌مای نێوان فۆرم و نێوه‌رۆک به قازانجی گرینگیدانی زیاتر به نێوه‌رۆک چاره‌سه‌ر بکا. هه‌ر ئه‌وه‌ش وا ده‌کا که نه‌ک هه‌ر حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌هۆی دروشمه‌وه لێک دوورنه‌که‌ونه‌وه و هاوخه‌باتی به‌کرده‌وه‌ی یه‌کتر بن، به‌ڵکوو خه‌ڵك و بژارده مه‌ده‌نییه‌کانیش ناچار نابن به‌و هۆیه‌وه دابه‌ش بن.
٨/ له سه‌رده‌مێکدا که فره‌چه‌شنییه ناسنامه‌ییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵات زیاتر له به‌ستێنی سیاسی‌دا سه‌ریان وه‌ده‌رناوه و چاوه‌ڕوانیی به‌ڕه‌سمی ناسین و به‌شدارکردنیان له بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها له کاتێكدا که پرسه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا وه‌ك یه‌کسانیی چینایه‌تی و ژێنده‌ری هه‌روا له رۆژه‌ڤی واقعیه‌ت و پێویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگادان، سه‌روه‌ریخوازی ده‌توانێ پانتاییه‌كی گوتاریی فراوان دروست بکا که هه‌موو ئه‌و چاوه‌ڕوانی و هه‌ستیارییانه خۆی تێدا ببیننه‌وه. سوودی گه‌وره‌ی سه‌روه‌ریخوازی لێره‌دا ئه‌وه‌یه که هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ده‌توانێ ئاوڕدانه‌وه له پرسه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگاش له خۆیدا جێ بکاته‌وه، له گۆشه‌نیگای ئیدئۆلۆژییه‌وه بۆ ئه‌و پرسانه ناڕوانێ و چیدیکه هێزه سیاسییه‌كانی کوردستان به‌هۆی باکگراوندی جیاوازی فیکری یا ئیدئۆلۆژی ده‌رگیری یه‌كتر نابن.
لێکه‌وته‌كانی گوتاری سه‌روه‌ریخوازانه
به هه‌موو ئه‌و تێبینیانه‌وه که له‌باره‌ی پێویستیی زه‌قکردنه‌وه‌ی چه‌مکی سه‌روه‌ریخوازی له گوتاری سیاسیی رۆژهه‌ڵاتدا باس کرا، هێشتا ڕه‌نگه ئه‌و پرسیاره بێته پێش که ئایا سه‌روه‌ریخوازی به شێوه‌ی کۆنکرێت چۆن فۆرمووله ده‌كرێ، له مه‌یدانی کرده‌وه‌دا به چ شێوه‌یه‌ک ته‌رجومه ده‌کرێته‌وه و ده‌توانێ چ شتێک له گوتار و کرداری بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات بگۆڕێ؟
له ساده‌ترین ڕوانیندا، ئه‌گه‌ر چه‌ند حیزب و رێکخراوی رۆژهه‌ڵاتیی به به‌رنامه و دروشمی جیاوازه‌وه بیانه‌وێ له چوارچێوه‌ی پلاتفۆرمێكدا کۆمه‌ڵێک بنه‌ما وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگای کاری هاوبه‌ش و درێژمه‌ودایان گه‌ڵاڵه و په‌سند بکه‌ن، یه‌که‌مین و گرینگ‌ترین بنه‌مای رێککه‌وتننامه‌ی بنچینه‌یی ئه‌وان ده‌توانێ له‌جیاتی دروشمه جیاوازه‌کان ئاماژه به‌وه بکا که ئامانجی ئه‌و لایه‌نانه وه‌دیهێنانی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. دیسان ره‌نگه بگوترێ ئه‌مه چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس هه‌یه؟ وه‌ك له سه‌ره‌وه باس کرا، مافی دیاریکردنی چاره‌نووس پێویسته له گوتاری سیاسیی کوردی رۆژهه‌ڵاتدا هه‌ر بمێنێ و زۆر زیاتریش له ئێستا ئاماژه‌ی پێ بکرێ. به‌ڵام مافی بڕیارله‌سه‌رخۆدانی گه‌لان، به‌ده‌ر له ته‌زاده فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌کانی، قابلیه‌تی به‌دروشم بوونی نیه، چونکه هیچ ناوه‌رۆکێک ده‌ستنیشان ناکا. ته‌نانه‌ت وه‌ک له ره‌وتی رزگاریی گه‌لان له ئیستعماردا له هێندێك حاڵه‌تدا ڕووی دا، گه‌لێک له‌کاتی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیدا ده‌توانێ بڵێ هیچم ناوێ و ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ر بمێنمه‌وه![43]
بۆ بزوتنه‌وه‌ی گه‌لێکی ژێرده‌سته که به ڕوونی و بێ دوودڵی سه‌ربه‌خۆیی له سه‌ره‌وه‌ی ئامانجه‌کانی یان ئامانجی کۆتایی خۆی دانه‌نێ، سه‌روه‌ریخوازی زیاتر له‌وه که به‌ته‌نیا و به خودیی خۆی ده‌ره‌نجامی ڕاسته‌وخۆی هه‌بێ یان بزوێنه‌ری پرۆسه‌یه‌کی سیاسیی هێڵی[44] بێ، زۆرتر فه‌لسه‌فه‌یه‌کی جیاوازی گوتاری و به‌ستێنێکی نوێی خۆناساندن و خۆده‌رخستنی به‌کۆمه‌ڵ پێشکه‌ش ده‌كا که به‌ده‌ر له خودی چه‌مکه‌که، ڕیزێك چه‌مک و پره‌نسیپی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به ئیمتیازه‌کانی گه‌لێكی سه‌ربه‌ست به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه که له خواره‌وه ئیشاره به هێندێکیان ده‌که‌ین (هه‌رکام له‌وانه هه‌ڵده‌گرێ توێژینه‌وه و وردکردنه‌وه‌ی به‌جیایان بۆ بکرێ) :
١/ پێش هه‌موو شتێك پێویسته وشه‌ی سه‌روه‌ری و چه‌مکی سه‌روه‌ریخوازی له گۆشه‌ی تۆزله‌سه‌رنیشتووی پێشه‌کیی به‌رنامه‌ی سیاسیی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات بێته‌ده‌ر و بچێته نێو به‌نده ئۆپه‌ره‌تیڤه‌کانی ئه‌و به‌رنامانه. ئه‌و چه‌مکه وه‌ک وشه‌کلیل و کۆدی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی کوردستان پێویسته به‌شێوه‌ی دائیمی و له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا به‌تایبه‌تی له به‌ستێنی ئێرانی‌دا (له دانیشتن و دانوستانه‌کان ڕا بگره تا وتار و وتووێژه مێدیاییه‌كان) بکه‌وێته سه‌ر زار و زمانی سه‌رکرده و بژارده سیاسیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات.
٢/ ئه‌و فه‌لسه‌فه و به‌ستێنه گوتاری و ناسنامه‌ییه‌ی له سه‌ره‌وه باس کرا له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی له بوونمانی گه‌ل ڕاده‌وه‌ستێ که ئه‌و گه‌له وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی ته‌واو جیاواز و تایبه‌تمه‌ند له‌چاو گه‌لانی ده‌وروبه‌ری خۆی نیشان ده‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌له وه‌ك هه‌موو گه‌لانی دنیا کۆمه‌ڵێک خاڵی هاوبه‌شی کولتوری و گرێدراویی مێژووییشی له‌گه‌ڵ گه‌لانی ده‌وروبه‌ری هه‌بێ. که‌مایه‌سییه‌کی دیاری گوتاری سیاسیی رۆژهه‌ڵات به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا به‌تایبه‌تی له به‌ستێنی ئێرانی‌دا لاوازیی ئاماژه به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز و له‌وه‌ش گرینگتر خۆبواردن له هه‌ر چه‌شنه ئاماژه‌یه‌کی مێژوویی به ئه‌زموونه کۆنه‌کانی سه‌ربه‌ست ژیانی پێکهاته‌کانی ئه‌و گه‌له و دابه‌شکردنی کوردستانه.
هه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وه مێژووییه خۆته‌وه‌ره به‌ستێنێکی له‌بار دروست ده‌کا هه‌تا ئه‌و باس و مشت و مڕه‌ی ڕووناکبیر و ئه‌کادیمییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی هێناویانه‌ته گۆڕ و گۆڤاری “تیشک” سه‌کۆیه‌کی ئه‌و باسه بووه به‌ڵام پارته سیاسییه‌کان تا ئێستا لێی بێگانه‌ن، به کاناڵی دروست و به‌ره‌و چۆڕاوگه (خروج)یه‌کی گونجاو بچێته پێش. به واتایه‌کی دیکه، سه‌روه‌ریخوازی (له عه‌ینی به‌زه‌رفیه‌ت بوونی له‌ڕووی سیاسییه‌وه و قابلیه‌ت بۆ مانۆڕدان) ده‌رفه‌تی ئه‌وه به کوردی رۆژهه‌ڵات و حیزبه‌کانیان ده‌دا که به‌بێ دوودڵی و به ڕاشکاوی سیاسه‌تی ڕه‌چاوکراو له‌گه‌ڵ کوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ئێرانه‌وه به سیاسه‌تێکی داگیرکارانه پێناسه بکه‌ن.
٣/ گه‌لێک که داوای سه‌روه‌ری له هه‌ر شکڵێکدا بۆخۆی بکا، خاڵی ده‌سپێک و گه‌یشتنی ڕیوایه‌ته سیاسییه‌که‌ی، دۆخ و چاره‌نووسی خۆی و سه‌رزه‌مینه‌که‌یه‌تی. حاشای لێ ناکرێ بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵات هه‌م توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌م به قازانجییه‌تی که له پڕۆسه سیاسییه سه‌راسه‌رییه‌کان به‌جێ نه‌مێنێ و چالاکانه له ناوه‌ندی مشت و مڕی سیاسیی ئێران‌دا به‌شدار بێ. به‌ڵام ئه‌و ئاوێنه فریوده‌ره که هێندێک له ڕوخساره‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له شۆڕشی ژینادا له‌پێش کوردیان ڕاده‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی بژارده‌کانی ئه‌و گه‌له بۆ هه‌موو ئێران ببنه پێشڕه‌و و ئه‌وان وه‌دوووی ئه‌مان بکه‌ون، له فێڵێكی شه‌رعی بۆ ئه‌وه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه ببێ به ئاردی نێو دڕووان و سه‌رکرده‌کانی ئه‌و گه‌له عه‌وداڵی جێگه و پێگه‌ی تاکه‌که‌سیی خۆیان له ئه‌لتێرناتیڤی رێژیم‌دا بن، زیاتر نیه. باسکردن و کارکردن بۆ مافی کورد و گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی دیکه‌ی نێو ئێران نابێ به مانای به ئێرانی کردنی مه‌سه‌له‌ی کوردستان یان به‌پێچه‌وانه‌وه به کوردستانی کردنی پرسی ئاینده‌ی ئێران بێ. به واتایه‌كی ساده‌تر، سه‌روه‌ریخوازیی کورد له ئێران ده‌بێته هۆی ئه‌وه که کوردی رۆژهه‌ڵات زۆرتر کار له‌سه‌ر بنه‌ماکانی به‌هێزی و یه‌كگرتوویی خۆی بکا و به‌شی زۆری سه‌رنج و وزه و توانای خۆی بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ئێرانی ئاینده دانه‌نێ، چونکه له‌و حاڵه‌ته‌دا کورد ناچار ده‌بێ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ڕووی ئێرانییه‌کاندا هه‌ڵگری سه‌نتێزی سیاسیی ده‌روونی خۆی بێ، داکۆکی له سه‌نتێزێک بکا که بۆ هه‌موو ئێران قابیلی قبووڵ بێ. به‌له‌به‌رچاوگرتنی نائاماده‌یی زۆرینه‌ی لایه‌ن و بژارده سه‌راسه‌رییه‌کانیش بۆ قبووڵکردنی ڕۆئیای سیاسیی کورد (به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه بێ که ئه‌و رۆئیایه بۆ هه‌موو ئێران بگشتێندرێ)، ئه‌و وه‌خته کورد ناچار ده‌بێ له‌پێناوی سازانی گشتی له‌ئاستی ئێران‌دا له به‌ڕه‌سمی ناسینی جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی پرسی خۆی پاشگه‌ز بێته‌وه و به لانیکه‌م ماف و ستاتووس بۆخۆی ڕازی بێ.
٤/ ئاشکرایه ڕووخانی کۆماری ئیسلامی له رۆژی ئه‌وه‌ڵی هاتنه‌سه‌رکاری ئه‌و رێژیمه‌وه ئامانجی کوردی رۆژهه‌ڵاته و گه‌لی کورد زیاتر له هه‌موو پێکهاته‌کانی نێو ئێران بۆ ئه‌و ئامانجه تێکۆشاوه و قوربانیی داوه. به‌ڵام چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران گرێدراوی ئه‌م رێژیم و ئه‌و رێژیم نیه و حکومه‌ته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئێران به‌بێ جیاوازی به توندترین شێوه به‌دژی داوا ڕه‌واکانی کورد وه‌ستاونه‌وه. سه‌روه‌ریخوازی ڕه‌فتاری سیاسیی کورد له ئێران‌دا له به‌رامبه‌ر ڕه‌فتار و ڕوانینی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی ئێران له به‌ستێنێکی مێژوویی‌دا پێناسه ده‌کا نه‌ک ئه‌وه که ته‌نیا بیخاته پێناو گۆڕینی ڕێژیم و جێگرتنه‌وه‌ی به رێژیمێک که دیار نه‌بێ له گۆشه‌نیگای سته‌می نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه له رێژیمی ئێستا باشتر ده‌بێ یان نا.
٥/ سه‌ره‌ڕای هه‌موو نادادپه‌روه‌ری و هه‌ڵاواردنێک که له پیاده‌کردنی مافی چاره‌نووسی گه‌لاندا هه‌بووه، به‌پێی رێبازێك له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ئێتنیکیی جیاواز که تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی تێدا بێ (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی کۆلۆنی یان نیشتمانی داگیراو له‌و یاسایه‌شدا نه‌یگرێته‌وه به‌ڵام قوربانیی سه‌رکوت و سیاسه‌تی داگیرکارانه بێ) هه‌قی هه‌یه داوای ته‌مرینی ئه‌و مافه له هه‌ر شکڵێکیدا بکا. له گوتاری سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتدا ڕوو به ئێرانییه‌کان که‌مترین ئاماژه به مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و ئه‌و پره‌نسیپ و بنه‌ما حقووقییه نێونه‌ته‌وه‌ییانه ده‌کرێ که له که‌یسی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتیش ده‌توانن چالاککردنی ئه‌و مافه له هه‌ر فۆرمێکدا پاساو بده‌ن. ئه‌گه‌ر باسکردنی یه‌كێتیی ئاره‌زوومه‌ندانه و هه‌قی جیابوونه‌وه بۆ کورد له ئێران وه‌ك مافێكی سروشتی و سه‌لمێنراو مه‌رج نیه خودبه‌خود به مانای هه‌ڵگرتنی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی بێ، له به‌رامبه‌ردا خۆبواردن و سڵه‌مینه‌وه له ئاماژه به‌و پره‌نسیپ و بنه‌مایه له‌لایه‌ن هێز و بژارده کوردییه‌كانه‌وه له به‌ستێنی ئێرانی‌دا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی یارمه‌تی به‌وه بکا که گه‌لی حاکم یان کۆئالیسیۆنی مه‌زهه‌بی-ئێتنیکیی حاکم له ئێران متمانه به کورد بکا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه که زیان به متمانه‌به‌خۆبوونی کورد بگا. سه‌روه‌ریخوازی ده‌بێته هۆی باسکردن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وام و بێ‌په‌رده‌ی ئه‌و مافه سه‌لمێنراوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد.
٦/ بابه‌تی نه‌ته‌وه و مافی گه‌لان بابه‌تێكی هه‌ستیار و ئاڵۆزی سیاسی و قانوونییه که له‌ودا تێرمینۆلۆژیی به‌كاربراو بۆ ده‌ستنیشانکردنی کۆمه‌ڵه مرۆییه‌کانی جێگای مه‌به‌ست یه‌کجار گرینگه و هه‌ر تێرمێک هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک ده‌ره‌نجامی سیاسی و حقووقیی دیاریکراوه. گوتاری سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات به‌و جۆره‌ی له زاری ڕه‌سمیی پارته سیاسییه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان به‌تایبه‌تی به زمانی فارسی دێته‌ده‌ر، که‌مته‌رخه‌می و بێ‌دیقه‌تیی زۆری پێوه دیاره و پێویستی به پێداچوونه‌وه و خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان دانانی ورد هه‌یه. سه‌روه‌ریخوازی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات ئه‌و وه‌خته که به فارسیش ده‌دوێن، گه‌لی کورد له ئێران به نه‌ته‌وه ناو ببه‌ن و ته‌نانه‌ت به‌بێ کۆمپلێکس (عوقده)، وشه‌ی “رۆژهه‌ڵات” له ئێران و له دنیادا بخه‌نه سه‌ر زار و زمانان. سه‌رنجڕاکێشه که بۆ نموونه له‌په‌نا ده‌وڵه‌تی ئیرله‌ند، هه‌رێمێکی هه‌ره دیار و به‌ڕه‌سمی ناسراوی “ئینگلستان” واته ئیرله‌ندی باکوور نه‌ک ته‌نیا له قانوونی ده‌ستووریی ئینگلیستاندا ناوه‌كه‌ی به‌مجۆره قبووڵ کراوه، به‌ڵکوو حیسابی زیاتر له هه‌رێمه‌کانی دیکه‌ی نێو ئینگلستانیشی بۆ کراوه، چونکه ناوی نێوده‌وڵه‌تیی وڵاته‌كه بریتییه له “شانشینیی بریتانیای گه‌وره و ئیرله‌ندی باکوور”). که‌چی ناوی “رۆژهه‌ڵات” یان “رۆژهه‌ڵاتی کوردستان” به ڕاده‌یه‌ک بووه به تاوان و تابووی قبووڵکراو که کوردی ئه‌و به‌شه له کوردستان بۆخۆی له به‌ستێنی ئێرانی‌دا خۆی سانسۆر ده‌كا و ئه‌و ناوه به‌کار نابا!
هه‌روه‌ک جۆری ناوهێنانی کورد له ئێران‌دا گرینگه، پێویسته سه‌رنج بدرێته جۆری ناوهێنانی کۆمه‌ڵگای سه‌راسه‌ری و گه‌لانی دیکه‌ش به‌تایبه‌تی گه‌لی حاکم. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ڕه‌هه‌ندێكی ماتێماتیکی دیمۆگرافیشی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه که له ئێران‌دا به‌بێ پشتبه‌ستن به هیچ ئامارێكی جێی متمانه یان به‌ڵگه‌گه‌لێكی زانستی و مێژوویی له‌خۆڕا بووه به عاده‌ت که گه‌لانی ژێرده‌سته به که‌مینه و فارسه‌کان به زۆرینه جێ بخرێن. کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و خۆبواردن له هه‌ر جۆره ئاماژه‌یه‌ک که به ناڕه‌وا باڵانسی دیمۆگرافی به‌زیانی گه‌لی کورد یا گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی ئێران نیشان بدا، ئاکامێكی دیکه‌ی سه‌روه‌ریخوازییه.
٧/ هه‌ر گه‌لێک که به فه‌لسه‌فه‌ی سه‌روه‌ریخوازییه‌وه بۆ مافه‌کانی خۆی ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌وجووددا خه‌بات بکا، نابێ پێشوه‌خته و له‌به‌ر خاتری به‌رده‌نگه‌کانی خۆی له ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا و ئۆپۆزیسیۆنی سه‌راسه‌ریدا خۆی سانسۆر بکا و به‌ڵکوو پێویسته به نه‌فه‌سی رزگاریخوازانه و به پێوه‌ری یه‌كێتیی ئاره‌زوومه‌ندانه بدوێ. هه‌روه‌ک لۆژیکی هه‌موو دانوستانێك وا ده‌خوازێ، ستراتژیی شه‌رمێون و که‌مخوازانه له ده‌سپێکه‌وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێن و یارمه‌تیده‌ری سازان بێ، دژه‌به‌رهه‌مه و لایه‌نی به‌رامبه‌ر له‌سه‌ر چاوچنۆکی و ده‌مارگرژی سوورتر ده‌کا. هۆیه‌كی وتاری شه‌رمێون و که‌مخوازانه ئه‌وه‌یه که به‌هۆی یه‌كگرتوو نه‌بوون و تاکڕه‌وی و ڕکابه‌ریی نێوانیان، ئه‌كته‌ره‌كانی کایه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵات زۆر جار له‌پێناوی جێکه‌وتنی زیاتریان له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسی و مێدیاییه ئێرانییه‌کاندا ناچارن ڕوانگه و مه‌رامه‌کانی کورد به پارێز و تێبینییه‌وه بخه‌نه ڕوو. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر بێت و گوتاری باوه‌ڕبه‌خۆ و له‌خۆڕادیوی پارته‌كان و بژارده‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیی رۆژهه‌ڵات به‌ڕووی ئێرانییه‌کان یه‌کده‌ست و یه‌كگرتوو بێ و ئه‌و یه‌كگرتووییه‌ش له کردار و که‌ره‌سته‌دا ڕه‌نگ بداته‌وه، به‌رهه‌می وه‌ها گوتارێك بۆ باوه‌ڕبه‌خۆبوونی ئه‌ندامانی گه‌ل و پاشه‌کشه‌ی دژبه‌رانی مافی کورد زۆر زیاتر ده‌بێ.
٨/ له سه‌روه‌ریخوازیدا گه‌لی ژێرده‌سته له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خۆی بکاته پێشقه‌راولی کۆمه‌ڵگای سه‌راسه‌ری و جه‌هانبینیی ده‌سکردی خۆی بۆ ئه‌و قه‌واره‌یه بخاته ڕوو، زۆرتر کار له‌سه‌ر جێخستنی پێگه و ناسنامه‌ی خۆی ده‌کا. لێره‌دا بۆ نموونه سه‌روه‌ریخوازی ده‌بێته هۆی ئه‌وه که پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات هێنده پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌که‌ن که زمانی فارسی زمانی هاوبه‌شی ئێرانی ئاینده ده‌بێ، به‌ڵکوو باسی ره‌سمیه‌تی زمانی کوردی له سه‌رزه‌مینی کوردستاندا ده‌كه‌ن، چه‌ندی بکرێ ته‌نانه‌ت له کاتی به‌شداری له کۆبوونه‌وه غه‌یره کوردییه‌کانیشدا زمانی کوردی به وه‌رگێڕه‌وه به‌کار ده‌به‌ن و بۆ پێوه‌ندییه سه‌راسه‌رییه‌کانیش ئاماژه به سیاسه‌تی چه‌ند زمانه‌یی یان به‌هه‌رحاڵ مێکانیزمێک ده‌كه‌ن که به ته‌وافوق بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ.
٩/ زمانی کوردی فاکته‌رێكی بنه‌ڕه‌تی و بڕیارده‌ری ناسنامه و هه‌رمانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و کۆڵه‌که‌یه‌کی هه‌ره گرینگی ناسیۆنالیزمی کورده. به‌ڵام هه‌روه‌ك هیچ ده‌وڵه‌تێکی بێ خاک له دنیادا نیه، سه‌روه‌ریخوازیی بێ خاکیش مانای نیه. خاک و جوغرافیای مێژوویی کوردستان ئه‌و بابه‌ته گرینگ و ستراتژیکه‌ی بوونمانی گه‌لی کورده که بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵات که‌مترین سه‌رنجی خستۆته سه‌ر و له گوتاری گه‌وره‌ی خۆیشیدا زۆر که‌م باسی ده‌كا. به‌ده‌ر له‌وه که له دوارۆژدا قازانجی کوردی رۆژهه‌ڵات له په‌سندکردنی چ جۆره ستاتووسێکی به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ سه‌رزه‌مینی کوردستانه، له‌و قۆناغه‌دا به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رزه‌مینه وه‌ك پارچه‌یه‌کی یه‌کانگیر و به‌سه‌ریه‌که‌وه لێکه‌وتێکی تری سه‌روه‌ریخوازییه.
لێره‌دا مه‌به‌ست له خاک ته‌نیا پانتاییه‌كی ڕووتی سه‌ر نه‌خشه‌ش نیه، به‌ڵكوو زه‌رفێکی سروشتی که جیا له دێمۆگرافییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی، کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌ی سروشتییش له خۆی ده‌گرێ که بۆ هه‌رمان و گه‌شه‌كردنی ئه‌و کۆمه‌ڵه مرۆڤه‌ی له‌سه‌ری ده‌ژین و قه‌واره‌که‌یان حه‌یاتییه. له‌و شوێنه‌دا که گه‌لانی سه‌روه‌ریخوازی دنیا (به‌تایبه‌ت گه‌لانی بوومی) هه‌مووگوتار و سازوکاری خۆیان له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه و کۆنتڕۆڵی سه‌رچاوه سروشتییه‌کانیان بنیات ناوه، بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵات ئه‌گه‌رچی هه‌ر له ده‌هه‌ی شه‌ستی هه‌تاوییه‌وه پارێزگاری له ژینگه‌شی وه‌ك به‌هایه‌ک هێناوه‌ته نێو به‌رنامه و گوتاری خۆیه‌وه، ژینگه‌ی جێگای مه‌به‌ست ژینگه به مانای که‌لان و ستراتژیک بۆ هه‌رمانی گه‌لی کورد نه‌بووه. ته‌نانه‌ت تا ئێستا نه‌بیستراوه که دزین و به‌لاڕێدابردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌کانی کوردستان وه‌ك موڵکی سروشتیی گه‌لی کورد له گوتار و ده‌ربڕینی هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی رۆژهه‌ڵات له به‌ستێنی ئێرانی‌دا به‌رجه‌سته بکرێته‌وه.[45]
١٠/ سه‌روه‌ریخوازی وه‌ك چۆن له‌باری سیاسییه‌وه بابه‌تێکی موجه‌ڕه‌د نیه، له ئاستی حقووقی و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رییشدا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک ده‌ره‌نجامی کۆنکرێته، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌لی سه‌روه‌ریخواز داوای جیابوونه‌وه له ده‌وڵه‌تی مه‌وجوودیش نه‌کا. ئه‌گه‌ر چاو له ئه‌زموونی ئه‌و گه‌لانه بکه‌ین که سه‌ربه‌خۆ نین به‌ڵام له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌وجووددا بوونه خاوه‌ن قه‌واره‌ی خۆیان، ده‌بینین هه‌موو رۆژێک له مه‌یدانی قانوونی و نیهادیدا شه‌ڕی سه‌روه‌ریی خۆیان ده‌كه‌ن. سه‌رنجدان به‌و مێکانیزمه حقووقییانه‌ی به‌تایبه‌تی له فێدرالیزمدا گه‌ره‌نتیی باڵانسی هێز و ماف له‌نێوان پێکهاته په‌راوێزکه‌وتووه‌کان و ناوه‌نده‌کاندا ده‌كه‌ن و تێگه‌یشتن له جۆری باسکردنیان و وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و بڕ و بیانووانه‌ی له‌ژێر ناوی یه‌کسانیی هاووڵاتی و پێشگیری له هه‌ڵچنینی دیواری ئێتنیکی له‌لایه‌ن ناوه‌ندگه‌راکانه‌وه به فێدرالیزم و ته‌نانه‌ت خودموختاری ده‌گیرێن، بابه‌تێكی یه‌کجار ستراتژیکه. پێویسته ده‌ربڕانی گوتاری سیاسیی رۆژهه‌ڵات به یارمه‌تیی که‌سانی شاره‌زا به‌و چه‌مک و ئیستدلالانه ئاشنا بن هه‌تا له وته و لێدوان و دانوستانه‌کاندا بتوانن ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ئاله‌نگاره قانوونییانه ببنه‌وه.
سه‌روه‌ریخوازی و “فێدراسی” له ئه‌گه‌ری فیدرالیزه نه‌کرانی ئێران‌دا
ئه‌وکاته‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له دروشمی خۆیدا فێدرالیزمی له شوێن خودموختاری دانا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که بۆ پاساودانی ئه‌و گۆڕانکارییه گوترابوو، ته‌نیا ئاڵ‌وگۆڕێک که ڕووی دابوو بارودۆخی نوێ و جێگه و پێگه‌ی ڕوو له گه‌شه‌ی باشووری کوردستان بوو. ده‌نا له مه‌ودای نێوان دوو کۆنگره‌دا، نه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و جیهانیدا شتێکی زۆر نوێ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافی گه‌لاندا هاتبووه کایه‌وه (دوایین شه‌پۆلی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لان هی سه‌ره‌تا و نێوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانی زایینی بوو و هێشتا دادگای لاهه‌ش بڕیاری خۆی له‌باره‌ی کۆسۆڤۆوه ده‌رنه‌کردبوو)، نه ئاستی وشیاری و هه‌ستانه‌سه‌ر پێی گه‌لانی دیکه‌ی ئێرانیش هیچ جۆره پێشکه‌وتنێکی نه‌وعیی به‌خۆیه‌وه دیبوو.
هێندێک که‌س ئێستاش هه‌ڵگرتنی دروشمی فیدرالیزم به هه‌ڵه ده‌زانن و له به‌رامبه‌ر داننه‌نانی ده‌سه‌ڵات و زۆرینه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به ویستی کورد پێیان وایه ده‌بێ کوردی رۆژهه‌ڵات جارێكی دیکه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر دروشمی خودموختاری. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که له بیست ساڵی رابردوودا بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵات له‌باری فیکری و لۆبیگه‌رییه‌وه وه‌ك پێویسته کاری له‌سه‌ر فیدرالیزم نه‌کردوه، هه‌ڵگرتنی ئه‌و دروشمه له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه سیاسییه دیارانه‌ی رۆژهه‌ڵاته‌وه که زۆرترین ته‌عامولیشیان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان هه‌یه، بێ‌ده‌سکه‌وت نه‌بووه. په‌سندکردنی دروشمێکی هه‌مه‌لاگیر و جیهان ئاشنای وه‌ك فیدرالیزم نه‌ک هه‌ر ده‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵه ئێرانییه‌کاندا هه‌بووه و یارمه‌تیی به شکانی تابووه‌كان له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران‌دا کردوه، به‌ڵکوو هێندێك لایه‌نی به‌ناو سه‌راسه‌ریشی هێناوه‌ته‌سه‌ر داننان به پێویستیی داماڵینی ده‌سه‌ڵات له ناوه‌ند و ته‌نانه‌ت قبووڵی چه‌مکی فێدرالیزم (با تێگه‌یشتنیشیان له‌و سیستمه له ڕوانگه‌ی کورد بۆ ئه‌و سیستمه ته‌واو جیاواز بێ). هاوکات، ئه‌و دروشمه به‌ستێنێكی بۆ هاوکاری و لێک نزیک بوونه‌وه‌ی هێز و بژارده‌ی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی تری ئێران دروست کردوه که سه‌ره‌ڕای ده‌ڵه‌مه‌یی ئه‌و هاوکارییه و چالاکنه‌بوونی وه‌ك پێویستی ئه‌و گه‌لانه، که‌مترین لۆژیک به ئێمه ده‌ڵێ که کوردی رۆژهه‌ڵات له‌پێناو قسه رۆیشتنی له ئاستی سه‌راسه‌ری و ناوه‌ندیدا، وێڕای هه‌وڵدان بۆ دروستکردن و پاراستنی دوفاکتۆی رۆژهه‌ڵات، پێویستی به وشیارکردنه‌وه و جوڵاندنی هێزی یه‌كگرتووی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی تری ئێرانیش هه‌یه (شتێک که قه‌ت پێشی له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی به‌ناو و ئیدیعا سه‌راسه‌ری نه‌گرتوه و ناگرێ).
ئه‌گه‌ر فیدرالیزم به مه‌رجێك رۆشنگه‌ریی زیاتری له‌باره‌وه بکرێ هێشتا دروشمه گونجاوه‌که‌ی سه‌رده‌می ئێستایه، سه‌روه‌ریخوازی به‌بێ ئه‌وه‌ی له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ فیدرالیزم‌دا قه‌رار بگرێ، ده‌توانێ ژێرخانێكی قایمتر و به‌ڕێژتر بۆ فیدرالیزم و هه‌ر فۆرموولێکی دیکه‌ی دابینکردنی مافه‌کانی کورد داڕێژێ. ناڕوونیی دووره‌دیمه‌نی فیدرالیزاسیۆنی هه‌موو ئێران نابێ به مانای قه‌ڵه‌مبازی سیاسیی پێچه‌وانه و گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات بۆ دواوه بێ. سه‌روه‌ریخوازی ئه‌و چه‌مکه‌یه که ده‌توانێ ده‌ستئاوه‌ڵایی پێویست بۆ کورد له ئێران‌دا بێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هات و ئه‌لترناتیڤی سه‌راسه‌ری و سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئاینده بۆ کۆی ئێران دڵخواز نه‌بوو، هه‌روا له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی پرسی خۆی و هه‌ر فۆرموولێک که له ناوه‌رۆکدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بێ پێ‌داگر بمێنێته‌وه.
پرسیارێك که تا ئێستا وڵامی بۆ ئاماده نه‌کراوه ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر هات و هه‌موو ئێران فیدرالیزه نه‌کرا، ئه‌و کاته کورد ده‌بێ چی بکا؟ بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ش رێگاچاره‌یه‌ك هه‌یه که تا ئێستا هه‌رگیز سه‌رنجی نه‌دراوه‌تێ و باس نه‌کراوه، ئه‌ویش بریتییه له “فێدراسی”.[46] فێدراسی واته پێوه‌ندیی فیدراڵی و به‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌گوترێ که ده‌وڵه‌تی فره‌پێکهاته (مرکب) نین و وه‌ک ده‌وڵه‌تی یه‌كانه (واحد) ده‌مێننه‌وه،[47] به‌ڵام یه‌كێک له هه‌رێمه‌کان (یان زیاتر له هه‌رێمێک) ستاتووسێكی تایبه‌تیی هه‌یه که ماف و سه‌ڵاحییه‌ته‌کانی له‌وه که له خودموختارییه‌کی ئاسایی‌دا ده‌درێ زیاترن. نموونه‌ی فێدراسی له دنیادا زۆره. بۆ نموونه له چوارچێوه‌ی رێژیۆنالیسم (هه‌رێمگه‌رایی) له ئیسپانیا، هێندێک له هه‌رێمه‌کان ستاتووسی تایبه‌تییان هه‌یه و ماف و سه‌ڵاحییه‌ته‌کانی هه‌رێمه ستاتووس تایبه‌ته‌کان له‌وانی دیکه زیاتره. سیستمی سپاردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان (تفویض اختیارات)[48] له بریتانیاش ده‌توانین له هه‌مان ڕوانگه‌وه سه‌یر بکه‌ین و ئه‌وه‌ی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی عیراقی به‌ناو فیدراڵیشدا ده‌یبینین که دیاره حاڵه‌تێکه له هه‌موو دنیادا تاقانه‌یه، زۆرتر ده‌چێته خانه‌ی فێدراسییه‌کی به‌شێوه‌ی دوفاکتۆ هه‌ره پێشکه‌وتوو. [49]
ئاشکرایه که له سه‌رده‌می ئێستادا درێژه‌دانی فیدراڵیخوازی بۆ کورد له ئێران‌دا به مه‌رجێک بچێته خانه‌ی سه‌روه‌ریخوازییه‌وه گونجاوترین ستراتیژییه، به‌ڵام کورد ده‌بێ له‌ڕووی لۆبیگه‌ریی سیاسی و بنهماسازیی قانوونییه‌وه له ئێستاوه کار له‌سه‌ر قابلییه‌ته‌کانی “فێدراسی”یش بکا بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی فێدرالیزم له ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی‌دا په‌سند نه‌کرا یان فیدرالیزمی په‌سندکراو فیدرالیزمێکی سیرفه‌ن ئیداری بوو و وڵامده‌ری خولیا و تایبه‌تمه‌ندی و ویستی کورد نه‌بوو. سه‌روه‌ریخوازی و فێدراسی ئه‌و ستراتژییه قانوونییه‌یه که یارمه‌تی به کورد له ئێران ده‌کا که باشتر ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئاله‌نگاره سیاسیی و قانوونییه‌کانی پێوه‌ندیدار به ویست و داواکانی بێته‌وه، له ئاڵا و سه‌ربه‌ستیی نیهادی و سنووری نێوخۆییه‌وه بگره تا سه‌ڵاحییه‌ت و مێکانیزمه ده‌ستوورییه‌کان و پێوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و گه‌ره‌نتیی نێوده‌وڵه‌تیی ستاتووسی کوردستان.[50]
ئه‌نجام
ئانالیزی گوتاری سیاسی ئه‌مڕۆ لقێکی به‌ڕه‌سمی ناسراوی زانستی سیاسه‌ته و ته‌نانه‌ت هێندێک له زانکۆکانی جیهان به‌شێكی سه‌ربه‌خۆیان بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ته‌رخان کردوه.[51] دیسکۆرسی سیاسیی گه‌لێکی ژێرده‌سته بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ر و سه‌رکه‌وتوو بێ، جیا له ژێرخانی هزری و ناواخنی ڕوون و مونسه‌جیم، پێویسته هه‌ماهه‌نگ و یه‌كگرتوو بێ. ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و یه‌كگرتووییه‌ش نایه‌ته دی ئه‌گه‌ر به‌رزتر له ئاستی حیزبه‌کان و له مه‌ودوای مێژوویی‌دا بۆ ویست و بوونمانی گه‌ل و نه‌ته‌وه نه‌ڕوانین و نوێ بوونه‌وه‌ی نه‌وه‌کان و گۆڕانی بارودۆخ و ئاستی وشیاری و چاوه‌ڕوانی و پێویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌به‌رچاو نه‌گرین.
حیزبه پێشه‌نگه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵات و بژارده سیاسیی و مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌و گه‌له ناتوانن له خه‌باتی مه‌یدانیدا سه‌رکه‌وتوو بن ئه‌گه‌ر گرینگیی زۆر زیاتر له ئێستا به کوالیته‌ی دیسکۆرسی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیان نه‌ده‌ن. ده‌بێ بزانین که نه‌وه‌ی نوێی کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئه‌وه که خولیا و ئارێشه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و به‌ڕووی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه‌ی خۆیشیدا تێکه‌ڵ و چاوکراوه‌یه، هه‌ڵگری وشیارییه‌کی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌ییه و به‌گشتی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی رۆژهه‌ڵات خاوه‌نی پۆتانسیه‌لێک بۆ به‌سیاسی بوونی شوناسخوازانه‌یه که له چه‌شنی خۆیدا له جیهانی ئه‌مڕۆدا وێنه‌ی زۆر نیه. جیا له‌وه‌ش ویستی سه‌ربه‌ستیی کورد نه‌ك هه‌ر له ناخی کۆمه‌ڵگادا به‌ڵكوو له‌لایه‌ن بژارده‌کان و هێندێک رێکخراوی نوێشه‌وه تا دێ زیاتر باس ده‌كرێ. ئه‌و بژارده و رێكخراوانه که‌م بن یان زۆر، به قه‌واره بچووک بن یان گه‌وره، شتێک ناکه‌ن جگه له گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونێک که خه‌ونی سه‌دان ساڵه‌ی هه‌موو کورده، به چه‌شنێك که ڕێبه‌ری پراگماتیستی وه‌ک دوکتور قاسملووش ده‌یگوت “درێژبوونه‌وه‌ی خه‌بات ده‌توانێ بمانهێنێته سه‌ر به‌ره‌وژووربردنی ویسته‌کانمان“.[52]
ئه‌و بۆشاییه که له‌نێوان گوتاری ئه‌مڕۆی حیزبه کلاسیکه‌کانی رۆژهه‌ڵات و چاوه‌ڕوانیی کۆمه‌ڵگادا دروست بووه، به‌هۆی ریشه‌ی مێژوویی و بنکه‌ی فراوانی ئه‌و حیزبانه له کۆمه‌ڵگادا، هه‌ر به خۆیان پڕ ده‌كرێته‌وه. سه‌روه‌ریخوازی ئه‌و چه‌مکه‌یه که ده‌توانێ وێژمانی سیاسیی لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵات یه‌ك بخا و وڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ش بێ که ته‌نیا چاوه‌ڕوانییه‌کی هه‌سته‌کی (ئیحساسی) نیه، به‌ڵکوو له‌ڕووی حقووقییه‌وه به‌بنه‌ما و له‌ڕووی سیاسییشه‌وه به‌قازانجه. پێویسته ئه‌و ماته‌وزه به‌نرخه‌ی هۆشیاری نه‌ته‌وایه‌تی له رۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی مێژوویی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانه‌وه وه‌به‌ر بهێندرێ و نابێ رێگه بدرێ په‌رش و بڵاو بێ یان لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات بۆخۆیان و بۆ مه‌به‌سته نادیاره‌كانی خۆیانی ببه‌ن.
* سوپاس بۆ تێبینییه سیاسییه‌کانی هێرش پاڵانی.
[1] Bodin, Jean, Les six livres de la République, LGF, 1993.
[2] په‌یمانی وێستفالی (١٦٤٨) که کۆتایی به شه‌ڕی سی ساڵه‌ی ئایینی له ئورووپا هێنا و نه‌خشه‌ی ئورووپای به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌سکاری کرد، به گرینگ‌ترین بڕگه‌ی چه‌کوش لێدان و په‌سندکردنی پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا و به‌گشتی به ده‌مه‌ساتی بنیاتنه‌ر له قانوونی نێونه‌ته‌وه‌ییدا له قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
[3] بڕوانه: ڕیارنامه به‌ناوبانگه‌کانی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی گه‌لان : بڕیارنامه‌ی ژماره (١٥١٤) ی ١٩٦٠ له‌سه‌ر به‌خشینی سه‌ربه‌خۆیی به گه‌لان و وڵاتانی کۆلۆنیکراو و بڕیارنامه‌ی ژماره (٢٦٢٥) ی ١٩٧٠ سه‌باره‌ت به پره‌نسیپه‌کانی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی پێوه‌ندیدار به پێوه‌ندیی دۆستانه و هاوکاریی نێوان ده‌وڵه‌تان به‌پێی مه‌نشووری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان.
[4] Thomas Guénolé, Le Souverainisme, PUF, Paris 2002, p. 3.
[5] هه‌مان شوێن.
[6] Shared Sovereignty.
[7] LEMAIRE, Félicien, « Propos sur la notion de ‘souveraineté partagée’ ou sur l’apparence de remise en cause du paradigme de la souveraineté », Revue française de Droit constitutionnel, 92, 2012, pp. 821-850.
[8] مادده‌ی ٣. دیاره ده‌زانین که وشه‌ی کۆنفێدراسیۆن له ناوی قانوونیی سویسدا زۆرتر بارێكی مێژوویی هه‌یه و سویس وڵاتێکی فێدراڵییه. هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه کۆنفێدرالیزم یه‌کێتییه‌كی نێوان-ده‌وڵه‌تییه واته ده‌وڵه‌ته‌کانی پێکهێنه‌ری وه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌مێننه‌وه و ته‌نیا هێندێك کاروباری هاوبه‌ش به‌تایبه‌تی له‌بواری پێوه‌ندیی نێونه‌ته‌وه‌یی و دیفاعدا حه‌واڵه‌ی نیهاده کۆنفێدراڵییه‌کان ده‌که‌ن.
[9] ه‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن دادگای باڵای ئه‌مریکا له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شرۆڤه‌ی موته‌مه‌می ده‌هه‌م.
[10] Sovereignism or Sovereigntism.
[11] له‌نێو ده‌یان سه‌رچاوه بۆ پشتیوانی له‌و ئاکامگیرییه ڕوون و سه‌لماوه، بۆ نموونه: م. س. لازاریف و دیگران، تاریخ کردستان، ترجمه‌ی منصور صدقی و کامران امین آوه، کلن، ٢٠٠٧، ص ١٧ و ١٨.
[12] بیست ساڵی نێوان دوو شه‌ڕی جیهانی له‌و باره‌وه بۆ کورد یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌نده. ده‌توانین “کۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی و ته‌ره‌قیی کوردستان” و تێکۆشانی ژه‌نڕال شه‌ریف پاشا و ئه‌مین عالی به‌درخان و شێخ عه‌بدولقادری نه‌هری و به‌شداری له کۆنفڕانسی ئاشتیی پاریس پاش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، دواتر بزوتنه‌وه‌ی “خۆیبوون” و شۆڕشه هه‌ماهه‌نگه‌کانی “ئارارات” و “ئاگری” و هه‌وڵه‌كانی ئیحسان نوری پاشا و “سمکۆ” و شێخ مه‌حمود، و سه‌ره‌نجام حیزبی هیوا (ره‌فیق حیلمی) و حیزبی ئازادیی کوردستان (عه‌زیزوڵڵا خانی زه‌ندی) و “ژێکاف” وه‌ك دوایین ده‌نگه دلێره‌کانی کورد بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ویستی سه‌ربه‌خۆیی له قۆناغی پێش‌مۆدێڕندا له قه‌ڵه‌م بده‌ین.
[13] بۆ ده‌قی مه‌رامنامه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، بڕوانه: عبدالرحمن قاسملوو، چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی، چاپی سێهه‌م، ٢٠٠٠، ل ٣٧.
[14] وتووێژی پێشه‌وا، رۆژنامه‌ی کوردستان بڵاوکه‌ره‌وه‌ی بیری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ژماره ١، ژانویه‌ی ١٩٤٦.
[15] “زۆر كه‌س له‌وانه‌ی كه له ساڵه‌كانی ١٣٢٥-١٣٢٤ له بزووتنه‌وه‌ی كوردستانی ئێران‌دا به‌شدار بوون، ئاواتیان پێكهێنانی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ بوو. به‌تایبه‌تی كه له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر كوردی پارچه‌كانی دیكه چالاكییان ده‌نواند و له هه‌ڵسووڕاندنی كاروباری كۆماری كوردستاندا به‌رپرس بوون. هه‌ربۆیه ئاره‌زووی نێو دڵی ئه‌وانه له خودموختاری دوورتر ده‌ڕۆی. به‌ڵام به‌رنامه و بناخه‌ی سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزبی دێموكرات و كۆماری كوردستان له‌سه‌ر پێكهێنانی خودموختاری له چوارچێوه‌ی ئێرانێكی دیموكراتی داڕێژابوو“، عبدالرحمن قاسملو، چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی، چاپی سێیه‌م ٢٠٠٠، ل ١٦٥.
[16] EAGLETON, William, Jr., La République Kurde, Editions Complexes, Bruxelles, 1991, p. 209.
[17] سمایل بازیار، کاریگه‌ریی بیری چه‌پ له‌سه‌ر بزاڤی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان : حیزبی دێـموکڕاتی کوردستان به نموونه (١٩٩١-١٩٤٥)، هه‌ولێر ٢٠٠٢، ل ١٠١.
[18] بڕوانه: جه‌ماڵ نه‌به‌ز، بیری نه‌ته‌وه‌یی کورد، له‌نده‌ن ٢٠٠٢، ل ١٤٢. ڕوونکردنه‌وه‌ی ئامانجی رێکخراوی دڵخوازی نووسه‌ر واته “کاژ‌یک” ڕه‌خنه‌شه له گوتار و به‌رنامه‌ی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی مه‌سه‌له‌ی دیاریکردنی چاره‌نووسی کورد ده‌که‌نه پێڕه‌وی مه‌سه‌له‌ی چینایه‌تی و خه‌می پرۆلێتاریا.
[19] Conesa, Pierre, « Les petites conflits oubliés : une géographie du monde inutile », Le Monde Diplomatique, Mars 2001.
نوسخه‌ی کوردیی ئه‌م وتاره‌ی پیه‌ر کۆنزا که ته‌نیا له‌باره‌ی کورده‌وه نیه، هه‌مان ساڵ له گۆڤاری “تیشک”دا له‌ژێر سه‌ردێڕی “کێشه بچووکه له‌بیرکراوه‌کان: جوغرافیای جیهانێکی بێکه‌ڵك” (وه‌رگێڕانی ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده) بڵاو بۆته‌وه.
[20] به‌ندی یه‌که‌می به‌رنامه‌ی هه‌ریه‌ك له حدکا (په‌سندکراوی کۆنگره‌ی شازده‌هه‌م) و حدک (په‌سندکراوی کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌هه‌م).
[21] بەرنامەی كۆمەڵە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی فێدڕاڵ و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتیی خەڵك لە كوردستان (پووشپه‌ڕ- گه‌لاوێژی ١٣٨٠).
[22] مادده‌ی ٤ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرام.
[23] مادده‌ی ٢ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرام.
[24] ستراتژیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، په‌سندکراوی کۆنگره‌ی یازده‌هه‌م، مارسی ٢٠١٣.
[25] به‌رنامه‌و ئه‌ساسنامه‌ی سازمانی خه‌بات، په‌سندکراوی کۆنگره‌ی شه‌شه‌م.
[26] به‌رنامه‌ی سیاسیی په‌سندکراوی کۆنگره‌ی چارده‌هه‌م (گوڵانی ١٤٠٣) باسی “مافی دیاریکردنی چاره‌نووس تا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان” ده‌کا.
[27] پڕۆگرامی په‌سندکراوی کۆنگره‌ی یه‌که‌م (ئۆکتۆبری ٢٠٠٦) که مادده‌به‌ندی نه‌کراوه، باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دابه‌شکردنی کوردستان و وه‌دیهێنانی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی جمهوریی کوردستان ده‌كا.
[28] په‌سندکراوی کۆنگره‌ی دووه‌م، فێوریه‌ی ٢٠١٣.
[29] هه‌ڵبه‌ت له رۆژئاوا په‌یه‌ده و به‌دوای ویشدا په‌یمانی باکوور و رۆژئاوای سوریه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سێ کانتۆنه‌که‌ی رۆژئاوا باسی فێدرالیزم و به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسه‌ری له چوارچێوه‌ی سوریه‌دا ده‌که‌ن.
[30] عبدالله حسن زاده، نیو سه‌ده تێکۆشان، له: کورته مێژووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، هه‌ولێر، ٢٠٠٢، ل ١٧٣.
[31] به‌یاننامه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی سازمانی خه‌بات، ١٧ی دێسامبری ٢٠١٨.
[32] بڕیارنامه‌ی کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌هه‌م (نوامبری ٢٠١٩)، به‌ندی ٩ که باسی سه‌روه‌ریخوازی “له عه‌ینی فیدڕالیخوازیدا” ده‌كا.
[33] مادده‌ی ٩.
[34] دیاره مه‌سه‌له جۆری فیدرالیزمه‌که‌یه و هه‌موو فیدرالییه‌ک نابێته هۆی دابه‌شکردنی سه‌روه‌ری.
[35] به‌رنامه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران (بنه‌ما فیکری و سیاسییه‌كان)، په‌سندکراوی کۆنگره‌ی شازده‌هه‌م (فێوریه‌ی ٢٠١٨). به‌رنامه‌ی هێندێک حیزبی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتیش، بۆ نموونه کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان، ئاماژه به سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن.
[36] جیاوازیی پێشه‌کی و به‌ندی ئۆپێره‌تیڤی ده‌قێکی قانوونی له‌وه‌دایه که نێوه‌رۆکی نۆرمه‌كان له به‌نده‌کاندا ڕاده‌گه‌یه‌نرێ و پێشه‌کی ته‌نیا بۆ ته‌ئویلی ئه‌و به‌ندانه پشتی پێ ده‌به‌سترێ.
[37] وه‌ک کۆمه‌ڵه- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سازمانی خه‌بات.
[38] عبدالرحمن قاسملو، کوردستان و کورد، به‌غدا ١٩٧٣، ل ٣٥٩-٣٨٦.
[39] عبدالله حسن زاده، “بۆچی خودموختاری؟”، رۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره ،١٦٩ ژانویه‌ی ١٩٩١. به‌گونجاو زانینی فێدرالیزم له‌لایه‌ن حیزبی دێموکڕاته‌وه پێشتریش له نامه‌ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٥٨ی دوکتور قاسملوو بۆ خومه‌ینی‌دا هاتووه و پێش ئینقلابیش له رۆژنامه‌ی کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان-ئێران‌دا وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ، بڕوانه: مه‌نسوور مروه‌تی، ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده، بیبلیۆگرافیای سیاسیی رۆژنامه‌ی کوردستان، چاپه‌مه‌نیی حدک، ئاوریلی ٢٠١٧.
[40] پووشپه‌ڕی ١٣٨٣ (ژووئیه‌ی ٢٠٠٤).
[41] ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ کۆنگره‌ی سێزده‌هه‌م.
[42] “بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی نوێی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا به دامه‌زرانی کۆماری کوردستان گه‌لی کورد به ئاواتی خۆی گه‌یشت و هه‌ستی به‌وه کرد که چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه و له نیشتمانی خۆیدا بێگانه نیه و حاکمێکی دیکه‌ش بێجگه له خۆی له‌و نیشتمانه‌دا نابینێ”، عبدالرحمن قاسملوو، چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی، له: کورته مێژووی حیزبی دێموکڕات (پێشتر ئاماژه پێکراو) ، ل ٦٧.
[43] بۆ نموونه ئه‌و سه‌رزه‌مینانه‌ی بڕیاریان دا له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و نیوزله‌ند و فه‌ڕانسه بمێننه‌وه.
[44] Linear.
[45] بڕوانه: ئاگری ئیسماعیل نژاد، مێزگردی “ژینگه، هه‌م پرس هه‌م قه‌یران” به به‌شداریی نووسه‌ری ئه‌م دێرانه، گۆڤاری تیشك، ژماره (٥٦).
[46] Federacy.
[47] Unitary State v. Compound State.
[48] Devolution.
[49] بۆ پانۆڕامایه‌کی گشتیی ستاتووسه جیاوازه‌کان بڕوانه:
Máiz, Ramon & Wiliam Safran, Identity and Territorial Autonomy in Plural Societies, Routledge, 2000.
[50] بۆ پانۆڕامایه‌کی ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی گه‌لێکی په‌ڕاوێزخراو له فیدرالیزم‌دا پێویسته سه‌رنجیان بداتێ، بڕوانه: ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده، فیدرالیزم بۆ کورد، فیدرالیزم به کوردی، هه‌ولێر ٢٠٠٥.
[51] بۆ نموونه ناوه‌ندی ئانالیزی گوتاری سیاسی سه‌ر به زانکۆی ژماره (١٣)ی پاریس.
[52] کریس کۆچێرا، خه‌باتخوازیی کورد، وه‌رگێڕانی ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده، پاریس ١٩٩٩، ل ٣٤.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
بانگەوازەکەی ئۆجەلان و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
مومارەسەی نەرگسییانەی دەسەڵات و نەخۆشی پسیکۆپات
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
خوێندنەوەی غەزەلێکی ڕابوون ڕۆژهەڵات
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
هۆکاری لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ یەکتر
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
جیاوازیی خەبات و شۆڕش: شۆڕشی ژینا وەک نموونە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
زمان، ناسنامە و دەسەڵات
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]