سنوورەکانی زمان
دانا حەمید
سنوورەکانی زمان
پرسیاری «بۆچی مرۆڤ دەست بە ناونانەوەی جیهان ناکات؟» لە ڕواڵەتە سادەکەیدا، یەکێک لە بنەڕەتیترین گرێکوێرە فیکرییەکانی بوونی مرۆڤ دەوروژێنێت. ئەم پرسیارە تەنها پەیوەست نییە بە زمانەوە، بەڵکو پەردە لەسەر پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان مرۆڤ، زمان، مێژوو و خودی جیهان لادەدات. وەڵامی سەرەتایی ڕوون دیارە: ئێمە لەناو ئۆقیانووسێکی زمانەوانیی ئامادەکراودا چاو هەڵدێنین و بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندی بکەین و لە یەکتر تێبگەین، ناچارین ملکەچی سیستەمی ئەو ناوانە بین کە پێشتر دانراون. بەڵام ئەم ملکەچییە تەنها ناچارییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە چییەتیی بوونی خۆمان و ئەو جیهانەی کە بە قەولی هایدیگەر «تێی فڕێ دراوین».
مرۆڤ لە یەکەم ساتی کردنەوەی چاوی بە ڕووی هەبووندا، خۆی لەبەردەم جیهانێکی ناونراو و ڕێکخراودا دەبینێتەوە. «ئاسمان»، «دار»، «بەرد» و «ئاو» و تا دوایی… تەنها کۆمەڵێک دەنگ نین، بەڵکو چراوە و چڕکراوەی ئەزموونی هەزاران ساڵەی مرۆڤایەتین کە لە چوارچێوەی هێمادا کۆکراونەتەوە. ئەم میراتە زمانەوانییە، ئەو پردە سەرەتاییەیە کە تاک بە مێژووی جۆرەکەیەوە دەبەستێتەوە و ڕێگەی پێدەدات لە خاڵی سفرەوە دەستپێنەکات. بۆ تێگەیشتنێکی وردتر لەم دیاردەیە، دەتوانین پەنا بۆ دیدگاکانی «باوکی زمانناسیی مۆدێرن»، فێردیناند دۆ سۆسۆر، ببەین. سۆسۆر جەخت لەسەر ئارەزوومەندانەبوونی پەیوەندیی نێوان وشە (دال) و چەمک (مەدلول) دەکاتەوە؛ هیچ هۆکارێکی سروشتی نییە کە وا بکات ئێمە بەو بوونەوەرە قەد و گەڵادارە بڵێین «دار». چونکە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتیی نەوتراو و مێژوویی دامەزراوە، تاک ناتوانێت بە تەنها بیگۆڕێت. جگە لەوەش، وشەکان مانای خۆیان لە جیاوازییان لەگەڵ وشەکانی تردا وەردەگرن. «گەرم» مانای هەیە چونکە «سارد» بوونی هەیە. کەواتە، ناونان تەنها لکاندنی پەتێک نییە بە شتێکەوە، بەڵکو دانانی ئەو شتەیە لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندی و جیاوازیدا.
بەڵام ئەم سیستەمە زمانەوانییە ئامادەیە، هەمیشە بێ کێشە نییە. مێژووی مرۆڤایەتی، یان تەنانەت ژیانی تاکێک، هەندێک جار تووشی دۆخێک دەبێت کە دەتوانین ناوی بنێین «تەتەڵەیی زمانی». ئەمە ئەو ساتەوەختە قەیراناوییەیە کە زمانە باوەکە، وشە و چەمکە کۆنەکان، چیتر توانای دەربڕینی ئەزموونە نوێیەکان، ئازارە قووڵەکان، یان حەقیقەتە تازە دەرکەوتووەکانیان نامێنێت. لەم دۆخەدا، مرۆڤ هەست دەکات زمان بووەتە قەفەسێک، نەک ماڵێک. ئەم تەتەڵەیە لە قۆناغە مێژووییە وەرچەرخێنەرەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت، وەک دوای جەنگە گەورەکان. لێرەدایە کە پێویستییەکی وجودی بۆ ناوتنەوە یان داهێنانی زمانێکی نوێ دێتە ئاراوە. ئەمە ئەو ساتەیە کە مرۆڤ لە بری ئەوەی تەنها بەکارهێنەرێکی زمان بێت، ناچار دەبێت هاوار بکات و لەناو ئەو هاوارەدا، بەدوای قیژە، وشەی ونبوو و مانای نوێدا بگەڕێت.
مارتن هایدیگەر، ڕێگایەکی قووڵترمان نیشان دەدات. ئەو زمان بە «ماڵی بوون» دادەنێت؛ ئەو فەزایەی کە بوون خۆی تێدا ئاشکرا دەکات. قەیرانی تەتەڵەی زمانی لە دیدی هایدیگەرەوە، نیشانەی لەبیرکردنی بوون و دوورکەوتنەوەیە لە پەیوەندییە ڕەسەنەکەمان لەگەڵ زماندا. چارەسەریش گەڕانەوە نییە بۆ بێدەنگی، بەڵکو هەوڵدانە بۆ بیرکردنەوەیەکی قووڵتر و گوێگرتنێکی ڕەسەنتر لە بانگەوازی بوون. لەم ڕوانگەیەوە، شاعیران و بیرمەندان و ئەوانی تر؛ دەبنە پاسەوانانی ماڵی بوون. ئەوان لە ساتەوەختی قەیراندا، هەوڵ دەدەن بە داهێنانی خوازەی نوێ و پێکهاتەی تازە، زمان لەو چەقبەستووییە ڕزگار بکەن و پەنجەرەی نوێ بە ڕووی دەرکەوتنی بووندا بکەنەوە.
دەستنەبردن بۆ ناونانەوەی جیهان، داننانێکی هەمەلایەنەیە بەو ڕاستییەی کە ئێمە بوونەوەرێکی مێژوومەند، کۆمەڵایەتی و زمانەوانین. ئێمە لەسەر شانی ئەو نەوە و ئەزموونانە وەستاوین کە لە ڕێگەی زمانەوە پێمان گەیشتوون. زمان ئەو «ماڵە هاوبەشە»یە کە ئێمەی تێدا نیشتەجێین و لە ڕێگەیەوە جیهان بۆمان دەبێتە جیهانێکی پڕ مانا. بەڵام ئەم ماڵە قەڵایەکی داخراو نییە، بەڵکو خاڵی دەستپێکی گەشتێکی بێکۆتاییە. ساتەکانی تەتەڵەی زمانی زەنگی ئاگادارکردنەوەن کە پێمان دەڵێن: ئەم ماڵە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن هەیە. لەم گەشتەدا، مرۆڤ لە بری ئەوەی تەنها نیشتەجێیەکی ناکارا بێت، دەتوانێت ببێتە ئەندازیارێک کە دیوارەکان دەجووڵێنێت و پەنجەرەی نوێ دەکاتەوە. ئەو لە ڕێگەی پرسیارکردن، هونەر و فیکرەوە، بەردەوام گوێ لە بانگەوازی بوون دەگرێت و هەوڵ دەدات بە زمانێکی نوێتر وەڵامی بداتەوە، بەمەش نەک هەر جیهان، بەڵکو خودی خۆیشی لەناو زماندا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٥):سنوورەکانی زمان . بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

