نیگای شۆڕشگێڕ

دانا حەمید 

نیگای شۆڕشگێڕ

لە قووڵایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەرەنگاریی تەنیا کاردانەوەیەکی سیاسیی کاتی نییە بەرانبەر بە ستەمێکی دیاریکراو، بەڵکو کردەیەکی وجودیی بەردەوامە بۆ سەلماندنی «بوون» لە بەرانبەر ستراتیژییەتێکی سیستەماتیکی «نەبوون»ـدا. ئەو ڕاپەڕینەی بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی گڕی سەند، لە ڕواڵەتدا تەقینەوەی تووڕەیی بوو بەرانبەر بە کردەیەکی دڕندانە، بەڵام لە ناوەڕۆکە پرشنگدار و قووڵەکەیدا، نوێترین دەرکەوتەی ئەو ململانێ هزرییە دێرینەیە کە لەنێوان ئیرادەی ژیان و لۆژیکی سڕینەوەدا لە ئارادایە. دەسەڵاتی ناوەند، بە درێژایی مێژووی دێرین و هاوچەرخ، نەک هەر هەوڵی داگیرکردنی جوگرافیا و سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسییەکانی داوە، بەڵکو بە شێوازێکی وردتر و مەترسیدارتر، کاری لەسەر داگیرکردنی «مانا» و شێواندنی «ناسنامە» کردووە. ئەمە لە ڕێگەی میکانیزمێکی «دەسەڵات-مەعریفە»ـەوە ئەنجام دراوە، کە تێیدا مێژوویەکی بەدیل و جوگرافیایەکی شێوێندراو وەک «حەقیقەت» بەرهەم دەهێنرێن. هاوکات، لە ڕێگەی دەسەڵاتی دیسپلینی لە دامەزراوەکانی وەک قوتابخانە و میدیاوە، هەوڵی داوە «جەستەی کورد» بکاتە جەستەیەکی ملکەچ، بێ ڕۆح، بێ یادەوەریی و بێ مێژوو. لەم ڕوانگەیەوە، شەقامی ڕۆژهەڵات تەنیا گۆڕەپانی ناڕەزایەتی نییە، بەڵکو ئەو مەیدانە سیمبۆڵییەیە کە تێیدا نەوەی نوێ، وەک دوا قەڵای بەرگریی، هەوڵی سەندنەوەی شەرعییەتی بوون و مانای ژیانی خۆی دەدات لە چنگی ئەو سیستەمەی کە دەیەوێت لەقاڵبی بدات. نیگای شۆڕشگێڕ لە هەموو ئاستەکاندا چەکەرە دەکات و لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، پیر و گەنجدا بەرجەستە دەبێت. بەتایبەت وزەی شاراوەی کچان و کوڕان، لێرەدا، دەبێتە نیگای گەڕانەوە بۆ ئەو ڕەسەنایەتییەی کە لە زمان، چاند، ئەدەبیات و یادەوەریی هاوبەشی نەتەوەیەکدا خۆی حەشار داوە و ئێستا بە شێوەیەکی تەقینەوەئامێز، کاتی دەرکەوتنەوەیەتی.

دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لەم ڕاپەڕینەدا، سنووری داواکارییەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوی تێپەڕاندووە و بووەتە پڕۆژەیەکی فیکریی ڕزگاریخوازانە کە لە خودی هزری بەرەنگاریی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و تەواوی پایەکانی سیستەمی باڵادەست دەخاتە ژێر پرسیارەوە. «ژن» لێرەدا تەنیا وەک ڕەگەزێک سەیر ناکرێت، بەڵکو دەبێتە هێمای خاک و نیشتمان؛ ئەو بوونەی کە لە مێژووی داگیرکارییدا، هەمیشە یەکەم قوربانیی توندوتیژی و یەکەم ئامانجی سڕینەوەی کەلتوری بووە، چونکە ژن هەڵگری سەرەکیی زمان و چاندە بۆ نەوەکانی داهاتوو. «ژیان» وەک ئیرادەی مانەوە، ڕاستەوخۆ دژایەتیی ئەو بایۆپۆڵیتیکەی مەرگە (Biopolitics of Death) دەکات کە دەسەڵات پەیڕەوی دەکات؛ سیاسەتێک کە نەک تەنیا لە مەرگی فیزیکی وەک لەسێدارەدان و کوشتنی سەر شەقامدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵکو لە مەرگی مەعنەویی وەک قەدەغەکردنی زمانی دایکی، شێواندنی مێژوو و سەپاندنی هەژاریی سیستەماتیکیشدا بەرجەستە دەبێت. دەسەڵات لێرەدا لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی خودی ژیانەوە، بڕیار دەدات کام ژیان شایستەی گەشەکردنە و کام ژیان دەبێت بمرێت یان پەراوێز بخرێت. «ئازادی»یش لێرەدا تەنیا ئازادیی سیاسیی کلاسیک نییە، بەڵکو ئازادبوونی «بوون»ـە لە هەموو کۆتوبەندێکی سەپێنراو؛ ئازادییەک کە ڕێگە بە تاک و کۆمەڵی کورد دەدات خۆیان پێناسە بکەنەوە، چیرۆکی خۆیان بنووسنەوە و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. ئەم سێ چەمکە پێکەوە، وەک سێ پایەی سەرەکی، دونیابینییەکی نوێ بۆ شۆڕش دادەڕێژن کە تێیدا ڕزگاریی نەتەوەیی و ئازادیی کۆمەڵایەتی وەک دوو ڕووی یەک دراو، لێک جیاناکرێنەوە و دەبنە مەرجی یەکتری.

لەناو ئەم وێنە گشتییەدا، بەرخۆدانی ئیلام وەک ڕووداوێکی چارەنووسساز و خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی دەرکەوت، کە بووە مایەی سەرسوڕمانیی دۆست و دوژمن. بە دەربڕینە کارل شمیتییەکە، گرنگە کورد دوژمنە بنەڕەتی و هەمیشەییەکەی خۆی بناسێت. قارەمانێتیی گەنجانی ئیلام، بەتایبەت لە شارەکانی وەک ئاودانان و مەلەکشاهی و…، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شکاندنی کردەیی ئەو سنوورە دەروونی و جوگرافییە وەهمییانە بوو کە دەسەڵات دەیان ساڵ کاری لەسەر کردبوو بۆ دابڕینی باشووریترین بەشی ڕۆژهەڵات لە جەستەی نەتەوەیی کوردستان. سیستەم هەمیشە وای دەبینی کە لە ڕێگەی هەژاریی سەپێنراو و سیاسەتی تواندنەوەی کەلتورییەوە، دەتوانێت ئەم ناوچەیە بێدەنگ بکات. بەڵام کاتێک لاوانی ئیلام بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و بە خوێنی گەشیان، شەقامەکانیان کردە قەڵای بەرگریی، ئەوان تیۆرییەکەی فۆکۆیان سەلماند کە «لە هەر کوێیەک دەسەڵات هەبێت، لەوێش [تروسکایی و ماتەوزەی] بەرەنگاریی هەیە». ئەمە دەرکەوتەی میکرۆفیزیکی دەسەڵات (Microphysics of Power) بوو؛ لەو خاڵەی کە دەسەڵات پێی وابوو هەموو شتێکی کۆنترۆڵ کردووە، خاڵێکی بەرەنگاریی چاوەڕواننەکراو تەقییەوە و هاوکێشەکانی گۆڕی.

بەرخۆدانی ئیلام بووە ئەو پردەی کە جارێکی تر، بە شێوەیەکی کرداری و بە خوێن، ڕۆحی نەتەوەیی لە ئامەدەوە بۆ کۆبانی و لە کۆبانییەوە تا زاخۆ و ئیلامی پێکەوە گرێ دایەوە و ئەو پەیامە ڕوونەی نارد کە ناسنامەی کوردبوون، وەک چیاکانی زاگرۆس، ڕیشەیەکی قووڵی هەیە و بە سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوە لەناو ناچێت.

لە ڕاستیدا، دەبێت ئەوە بزانین کە ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو دەدات، تەنیا یاخیبوونێک نییە دژی دەسەڵاتێکی ستەمکار، بەڵکو پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و قووڵی «خۆداڕشتنەوە»ـی فیکری و مەعریفییە. ئەمە بە «بەکارهێنانی ماتەوزەی خود»ـە لە بەرانبەر «تەکنۆلۆژیاکانی دەسەڵات»ـدا. ئەم ڕاپەڕینە، بە خوێن و قوربانیدان، توانیی پرسیارگەلێکی بنەڕەتی لەبارەی «بوون»، «ناسنامە»، «ئازادی» و «چارەنووس»ـەوە بهێنێتە ئاراوە و بیانکاتە پرسیاری سەرەکیی نەوەی نوێ. نیگای شۆڕشگێڕ، نیگای ئەو مرۆڤە کوردەیە کە لەوپەڕی بێهیوایی و پەراوێزخستندا، هیوا لەناو خودی خۆی و لەناو ئیرادەی هاوبەشی کۆمەڵەکەیدا دەدۆزێتەوە و لە ترۆپکی سەرکوتدا، بە قەولی فۆکۆ، ئازادی وەک «پراکتیزەیەکی ڕۆژانە» لەناو ئیرادەی بەرەنگاریی خۆیدا بەرهەم دەهێنێت. ڕەنگە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکان دوور و درێژ و پڕ لە هەوراز و نشێو بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەم جووڵانەوەیە توانیی ئەو دیوارە دەروونییە ئەستوورە بڕوخێنێت کە ترس لەنێوان مرۆڤی کورد و ئاسۆکانی ئازادیدا دروستی کردبوو. ئێستا، ڕۆژهەڵات نەک تەنیا داوای مافە زەوتکراوەکانی ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکی بوێرانە، خەریکە «مانا» بۆ ژیان و ئازادی لەسەر ئاستی تەواوی ناوچەکە پێناسە دەکاتەوە و دەرگا لەسەر ئەگەری نوێ بۆ داهاتوویەکی جیاواز دەکاتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی

حەمید، دانا(٢٠٢٥):نیگای شۆڕشگێڕ . بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!