ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
فاتح سەعیدی
دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە پێنجوێن و سلێمانی دەژیان. لە کۆڕەوەکەشدا، ماڵی باوەگەورەم لە بانە بەشێک لەو خزمانەی لەخۆ گرتبوو کە بەناچاری ڕوویان لەم دیو کردبوو. شوانە هاوتەمەنی من بوو و لەبیرمە لە کۆڵان ئەو بە کایەی دەوت یاری و لە جیاتی هێڵەرماسی سوورەوکراو حەزی لە پەتاتە دەکرد. ئەو کاتە نەمدەزانی ئەم جیاوازییە بچووکانەی زمان و تام، سەرەتای ناسینی جوگرافیایەکی دابەشکراون کە دواتر لە لاپەڕەی کتێبەکاندا مانا قووڵەکەییم دۆزییەوە. دوای ڕاپەڕین کاسبکارەکانی ئەو دیو بۆ مەعاملە و تجارەت دەهاتن بۆ ئەم دیو و جارێکیان، ساڵی بەفرە زۆرەکە، چەند کەسیان کە نەیاندەتوانی بپەڕێنەوە، لە دیوەخانەکەی ماڵی باوەگەورەم بۆ چەند هەفتە مابوونەوە. ئەرێ! دەبێ هەر ئەو سەردەمانە بێ کە مام وێنس منی دەنارد لە ماڵی شەپۆل سیغاری سومێری بۆ بکڕم و منیش لە کاتی دۆمینەکردنیاندا بە پاکەتەکەی کایەم دەکرد.
هەر لەو هاتووچووانەدا خزم و دۆستانی ئەو دیو هەندێک کتێبیان بۆ باوکم و مامەکانم بە دیاری دەهێنا. چەند ساڵ دواتر بەو گەنجینەیەم زانیبوو و وردەوردە دەمویست بیانخوێنمەوە. کتێبی تاریک و ڕوونی مامۆستا هێمن سەرنجی زیاتری ڕاکێشابووم، نەک لەبەر ئەوەی هێمنم دەناسی یا حەزم لە شێعرەکانی بوو، نا! نا! پێش لەوە هیچ شێعرێکی کوردیم نەخوێندبووەوە! ئەگەرچی پوورم شێعر و چیرۆکی کوردیی گۆڤاری سروەی بۆ دەخوێندمەوە، بەڵام خۆم هەڕم لە بڕم نەدەکردەوە! لەڕاستیدا بەرگی کتێبە ببووە مەتەڵ لە لام. لە ئەستوونێکی ڕەشدا بە ڕەنگی سپی نووسرابوو تاریک و لە ئەستوونێکی کاڵ و مەیلەوسەوزدا بە رەنگی ڕەش نووسرابوو ڕوون. ئیستاشی لەگەڵ بێ، هەر پێموایە دەبێ کتێب هەر لە پیتی یەکەمەوە بیخوێنیتەوە و تا یای کۆتایی وازی لێ نەهێنی! لەسەر هەمان شێواز دەستم بە خوێندنەوەی پێشەکی کتێبەکە کرد کە لە سەرەوە نووسرابوو شاعیری گەل؛ ئەگەرچی وەک چاوەڕانم دەکرد لە خوێندنەوەدا خێرا نەبووم، هەندێک لە پیتەکانم نەدەناسی و نەشمدەزانی گەل مانای چییە!
نازانم ڕێک چۆن ئەو کێشانەم چارەسەر دەکردن، بەڵام دارەدارەی کوردی خوێندنەوەم بەم کتێبەوە بوو و ڕەنگە لە سەدا هەشتای ناوەڕۆکی کتێبەکەش تێنەگەیشتبێتم. ئەو کاتە و تا چەند ساڵ دواتریش هەر وشە لای من کەلیمە بوو و ئەگەر بیانوتایە پیت یانی حەرف گاڵتەم پێدەهات! زمانەکە لای من وەک تەمومژێکی چڕ وابوو؛ هەندێک جار مانای ڕستەیەکم لە دەربڕینی نەنکم یان مامەکانمەوە دەردەکێشا و زۆربەی جاریش ناچار بووم تەنیا بەسەر وشە غەریبەکاندا باز بدەم. دێڕەکان وەک کێوێکی سەخت وابوون کە تەنیا بە چەند پیتێکی کەم لێیان سەردەکەوتم. بەڵام ئەوەی لەو کاتەدا مێشکی منی مێرمنداڵی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو ئەم شتانە نەبوو. مەتەڵی گەورە لای من کۆتایی ئەو پێشەکییە بوو کە لە لای خوارەوەی گۆشەی چەپی لاپەڕەکە نووسرابوو: دوکتور [████████████]. ڕێک هەر بەم شێوەیە بە سەر ناوی کەسێکدا بە ماژیکێکی ڕەش هێڵێک کێشرابووەوە.
خۆم بە زیرەک دادەنا و زوو لاپەڕەم هەڵدایەوە و کتێبەکەم کەمێک لار و لەوێر کرد، بەشکم بتوانم لە پشت لاپەڕەکەوە وشە شاردراوەکان بخوێنمەوە. نا! بەداخەوە سوودێکی نەبوو! مەرەکەبی ماژیکە ڕەشەکە هێندە تۆخ بوو، تەنانەت تیشکی توندی گڵۆپەکەش نەیدەتوانی لێیەوە دەرباز ببێ؛ وەک بڵێی سانسۆرچییەکە بە ئەنقەست مۆری تاریکیی بەسەر ئەو ناوەدا کووتابێ تا بۆ هەمیشە بە نهێنی بمێنێتەوە. ئۆقرەم لێ بڕابوو: دەبێ ئەم دوکتورە کێ بێ کە ئەگەرچی نووسەری کتێبەکەش نییە، بەڵام هێندە شارەزایە موقەددەمەی بۆ نووسیوە؟! ئەی باشە بۆ ناوەکەی کووژاوەتەوە؟! ئەو دەمانە نازانم وشەی سانسۆرم بیستبوو یان نا، بەڵام دەمزانی سانسۆر چییە. چونکە لە تەمەنی دە ساڵان بەدواوە ئیتر وەک کرمی خوێندنەوە هەندێک کتێبم لە ژێرزەمینییە تاریکە دوور و درێژەکەی ماڵی باوەگەورەم دۆزیبووەوە کە شاردرابوونەوە. ئەوەی لەبیرم دێ هەندێک کتێبی چیرۆکی فارسی بوون و دەمزانی ئیستا ئەم جۆرە کتێبانە قاچاغن و نابێ لەبەر دەستی خەڵک بن.
سەرەتا پرسیارەکە لای من ئەوە بوو ئایا باوکم و مامەکانم ئەم هێڵە ڕەشەیان کێشاوەتەوە یا خزمانی ئەو دیو؟ یا بڵێی هەر لە سەرەتاوە ئەو هێڵە ڕەشە بە سەر ناوەکەیەوە بووبێ؟ گاڵتەشم بەم بیرۆکەی دواییم دەهات! خۆ ناکرێ نووسەر ناوی خۆی ڕەش بکاتەوە! ئەی ئەگەر کاری باوکم و ئەوان بێ، بڵێی وڵامی پرسیارەکەم بدەنەوە؟ یا ڕەنگە هەر هەڵەیەک ڕوویدابێ یا کەسێک ڕقی لە نووسەر هەڵگرتبێ و نەیویستبێ بەناوبانگ بێ و خەڵکی ئەم دیو بیناسن؟ ڕەنگە پرسیاری دیکەشم هەبوو بێ و لەبیرم نەمابێ، بەڵام لەبیرمە نیگەران بووم ئەم پرسیارانە بکەم یا نا. هەرچۆنێک بێ دەبوایە ئەم گرێپووچکەیە بکەمەوە، بەڵام لە هەر کەسم دەپرسی تەنیا وڵامێک کە دەمبیست ئەمە بوو: کاتێک گەورە بی خۆت دەیزانی! ئەو کاتە تێنەدەگەیشتم کە ئەم وڵامە نەرمە، جۆرێک بوو لە پاراستنی من لە ڕاستییەکی مەترسیدار، یان ڕەنگە خۆدزینەوەیەک بووبێ لە مێژوویەکی پڕ لە ئازار کە گەورەکان نەیاندەویست مێشکی منداڵانەی منی پێوە سەرقاڵ بکەن.
دەبوایە گەورەتر بوومایە و کوردی خوێندنەوەکەم باشتر ببووایە. بەڵام هێندەی پێنەچوو پرسیارە کۆنەکە دیسان سەری هەڵدایەوە. یەکێکی تر لە کتێبەکان ڕۆمانی حەمەدۆک بوو کە ئەمیان هەر لەسەر ڕووبەرگەکەی ناوی وەرگێڕ بە هەمان شێوازی تاریک و ڕوون ڕەش کرابوویەوە. ئیتر دڵنیابووم کەسێک بەئەنقەست ئەم کارانەی کردووە و هەر لەخۆڕا نەبووە! بەڵام وەرگێڕانە کوردییەکە بەپێچەوانەی فارسییەکەی سانسۆر نەکرابوو. ساڵ و دووان تێپەڕین تا یەکێکی تر لە کتێبە کوردییەکانی ئەو دیو بە دەستەوە بگرم و ئەمجارە دۆستێکی لە خۆم گەورەتر هەبوو تا شێعرەکانی کتێبە بچووکەکەی پەشێوم (شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم) بۆ شی بکاتەوە. خوێندنەوەی ئەم کتێبانە دەبوونە هۆی ئەوەی، هێمن گووتەنی، هەستی کوردایەتیم ببزوێ، بێئەوەی بزانم چ خەباتێکی سیاسی لە پشتیەوەیە. هێمن لە پێشەکی تاریک و ڕووندا باسی سەردەمی کۆماری کوردستان دەکا کە زۆربەی خەڵک دەچوون و سەیری شانۆی نیشتمانیان دەکرد و لەگەڵیدا دەگریان و هەستی کوردایەتییان دەبزوا. منیش بە دیار دێڕە سانسۆرکراوەکانەوە، وەک ئەو بینەرانەی شانۆکەی کۆمارم لێهاتبوو: نەمدەزانی خەباتی سیاسی چییە و پێشمەرگایەتی چۆنە، بەڵام دەمزانی شتێک لەو لاپەڕانەدا هەیە کە مەزنترە لە تەمەنی من.
بۆ من چەند ساڵی دیکەی خایاند تا بچمە زانکۆ و بەرەبەرە لەگەڵ مێژووی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردستاندا ئاشنا ببم. زۆریشی پێچوو تا بزانم کە ئەو کەسەی پێشەکی شاعیری گەلی نووسیبوو و ناوەکەی ڕەش کرابوویەوە دوکتۆر عەبدوڵڕەحمان قاسملووە. ئەو ساتەوەختەی کە ئەم ڕاستییەم دۆزییەوە وەک وابوو کەشفێکی زۆر گرنگم کردبێ و هێندە دڵخۆش بووم مەپرسە! چونکە پرسیارێکی سەردەمی مێرمنداڵیم وڵام درابوویەوە و ئەگەرچی قاسملووم هێشتا نەدەناسی، بەڵام هێندەم بەلاوە سەیر بوو چۆن کەسایەتییەکی گرنگی سیاسەتی کورد پێشەکی بۆ دیوانی شێعری هێمن نووسیوە. بۆ منێک کە لەو سەردەمەدا خەبات و پێشمەرگایەتیم تەنیا لە چەک و سەنگەردا وێنا دەکرد، ناسینی قاسملوو وەک دۆزینەوەی ڕەهەندێکی تری خەبات بوو؛ خەباتێک کە تێیدا تفەنگ و کتێب، سەنگەر و زانکۆ هاوتەریب دەڕۆشتن. کاک دوکتۆر لەو ڕۆژەوە بووە هێمای ئەو خەباتکارە بێهاوتایەی کە دەیتوانی جەرگەی شۆڕشدا، لە قووڵایی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەکەشی بکۆڵێتەوە.
بەرەبەرە تێگەیشتم کە ئەو هێڵە ماژیکە ڕەشە، تەنیا ناوی دوکتور قاسملووی نەسڕیبۆوە، بەڵکوو هێمای قۆناغێک بوو لە مێژووی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ترس، کە تێیدا تەنانەت وشەکانیش دەبوایە پاسپۆرتی پەڕینەوەیان هەبێت. ئێستا کە ئاوڕ لەو ساڵانە دەدەمەوە، دەبینم ئەو مەتەڵە گەورەیەی منداڵیم، یەکەمین وانەی دەرەوەی قوتابخانەم بوو لەسەر سیاسەت و ناسنامە. لە زانکۆ زانیم کە من بە تەنیا نەبووم. فرەیەک لە هاونەسڵەکانی من، هەر یەکە و بە شێوەیەک دەیانویست خەباتی کوردایەتی درێژە پێبدەن. ئێمە وەک نەوەی دوای قاسملوو، دەمانویست خەبات لە شاخەوە بگوازینەوە بۆ ناو هۆڵەکانی زانکۆ؛ تفەنگەکانمان ببوون بە قەڵەم و لاپەڕەی گۆڤار و کتێبەکانمان کردبووە سەنگەر. هاونەسڵەکانی من نەیاندەویست تەنیا خوێنەری ئەو مێژووە بن کە سانسۆر کراوە، بەڵکوو دەمانویست بە نووسینەوەی فیکر، ناسنامە و مێژووی خۆمان، جێگەی ئەو ناوانە پڕ بکەینەوە کە داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو هەوڵ و توانایان دەیانویست ڕێبازەکەیان ڕەش بکەنەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
سەعیدی، فاتح(٢٠٢٦): ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە.پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]



