مرۆڤێک بە پێوە

م. ئەحمەدی

ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێ‌ڕەش»ی بێ‌ناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ ئامانجی کوردان ببووە ئامانجی منیش.
وابوو کە لە کوردستان مامەوە. زمانیان فێر بووم، خۆراکیانم دەخوارد، وەک ئەوان جلم لەبەر دەکرد، لە ماڵەکانیان دەژیام؛ منداڵەکانیان لەسەر دەستی من لەدایک دەبوون، ئاگام لە منداڵەکانیان دەبوو، بریندارەکانیانم تیمار دەکرد و مردووەکانیانم دەنێشت؛ هاوشانیان شەڕم دەکرد، تاکوو خۆمیش بوومە پێشمەرگەیەک – بێچەک – بۆ ئامانجی کورد. پێشمەرگە: ئەوەی پێش هەمووان ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. من ئامادە بووم، دکتۆر قاسملووی مامۆستا و هاوڕێم بوو کە بڕوانامەی لەدایکبوونم وەک کوردێک واژۆ کرد.
عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گرنگترین کەسایەتیی ژیانی شەخسی، پیشەیی و سیاسیم بوو. کاتێک لە ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩دا تیرۆریان کرد، من بە مەئمووریەت ڕۆیشتبوومە مەراکش. لە کورتەهەواڵەکانی «ئار. ئێف. ئێی»دا دووپاتیان کردەوە کە «سێ بەرپرسی باڵای کوردی ئێران لە کاتی گفتوگۆکانی ئاشتی لە ڤییەندا کوژراون.» دەستبەجێ زانیم کە مەبەست دکتۆر قاسملوو و هاوڕێکانیەتی. لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی دکتۆر قاسملوو لە پاریس، سەرەخۆشی و بەتایبەت پەیامی هاوخەمیی خۆمم لە ڕێگەی کوشنێرەوە بۆ هێلێن، هاوسەری دکتۆر، نارد.
وێران بووم. ڕێکخەرانی ئەم تیرۆرە، نێردراوە نهێنییەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بوون، کە لەنێویشیاندا ئەحمەدینژاد ناوێک بوو، کە دوایی بۆ خۆی بوو بە سەرۆک کۆماری ئێران. ئەم تیرۆرە دەوڵەتییە، هەڵبەت هەرگیز دانی پێدا نەنرا. تاوانبارەکان دەستنیشان کرابوون، بەڵام چونکە پاسپۆرتی دیپلۆماتیکیان پێ بوو، بێدەنگ ناردرانەوە بۆ تاران و لەوێش هەندێک لە ڕۆژنامەکان وەک قارەمان ناویان هێنان. دیسانەوە بە دەستی چارەنووس یان لە ڕووی پێویستییەکەوە، قاسملوو لە گۆڕستانی پێر لاشێز لە پاریس ئارامی گرت، واتە کەمتر لە پێنجسەد مەتر دوورتر لە ماڵەکەی من. کوڕی ژنێکی ئاسووری و پیاوێکی کوردی سوننەی فێئۆدال و پێشکەوتوو بوو؛ توێژەر و پسپۆڕێکی زۆر کارامە بوو و بە نۆ زمان قسەی دەکرد. دکتۆرای ئابووریزانیی هەبوو، بەڵام وازی لە پیشەی ئاکادێمیک، مامۆستایەتیی زانکۆ لە پراگ، بەغدا یان سۆربۆن هێنابوو تاکوو خەریکی سیاسەت بێ، بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد ئیش بکات، دێموکراسی بۆ ئێران و خودمختاری بۆ کوردستان دەستەبەر بکات. قاسملوو پیاوێکی مەزن و زۆر کاریگەر بوو. کەسایەتی، زانست، هەڵسوکەوت، گاڵتەوگەپ و هەڵبەتە جێگەوپێگەی وەک فەرماندەی باڵای شەڕ، هەموو شایەتی ئەم مەزنییە بوون. قاسملوو لەو جۆرە مرۆڤانە بوو کە هەمووان گوێی لێ دەگرن، تەنانەت ئەو وەختانەش کە هیچ ناڵێت. داخۆ چەند کاتژمێرمان پێکەوە قسەوباس کردبێ؟ شەوانی بێخەوییمان بە باسکردنی بابەتە سیاسییەکان دەبردە سەر. هەرچی پتری لێ فێر دەبووم، زیاترم دەویست. مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین، مێژووی ڕۆژهەڵاتی نزیک، مێژووی کوردە پرشوبڵاوەکانی نێوان تورکیە، ئێران، ئێراق و سووریە و مێژووی خودی قاسملوو. بیرێکی بێبن بوو لە زانست، زانیاری، زیرەکی و مرۆڤایەتی؛ ئینسایکلۆپێدیایەک بوو کە لە دڵیدا دڵێک لێی دەدا.
«پێ‌ڕەش» (Pied-noir)، بە فەڕەنسی بەو کەسانە دەگوترێت کە لە جەزائیری کۆلۆنیال لەدایک بوون.
(لە کتێبی «مرۆڤێک بە پێوە»ی دوکتور فرێدریک تیسۆ)

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی

ئەحمەدی، م (٢٠٢٦): مرۆڤێک بە پێوە. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد

  • مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێ‌ڕەش»ی بێ‌ناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]

  • دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]

  • بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]

  • کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]

  • ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە

ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]

  • ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت

ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە      ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]