مرۆڤێک بە پێوە
م. ئەحمەدی
ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێڕەش»ی بێناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ ئامانجی کوردان ببووە ئامانجی منیش.
وابوو کە لە کوردستان مامەوە. زمانیان فێر بووم، خۆراکیانم دەخوارد، وەک ئەوان جلم لەبەر دەکرد، لە ماڵەکانیان دەژیام؛ منداڵەکانیان لەسەر دەستی من لەدایک دەبوون، ئاگام لە منداڵەکانیان دەبوو، بریندارەکانیانم تیمار دەکرد و مردووەکانیانم دەنێشت؛ هاوشانیان شەڕم دەکرد، تاکوو خۆمیش بوومە پێشمەرگەیەک – بێچەک – بۆ ئامانجی کورد. پێشمەرگە: ئەوەی پێش هەمووان ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. من ئامادە بووم، دکتۆر قاسملووی مامۆستا و هاوڕێم بوو کە بڕوانامەی لەدایکبوونم وەک کوردێک واژۆ کرد.
عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گرنگترین کەسایەتیی ژیانی شەخسی، پیشەیی و سیاسیم بوو. کاتێک لە ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩دا تیرۆریان کرد، من بە مەئمووریەت ڕۆیشتبوومە مەراکش. لە کورتەهەواڵەکانی «ئار. ئێف. ئێی»دا دووپاتیان کردەوە کە «سێ بەرپرسی باڵای کوردی ئێران لە کاتی گفتوگۆکانی ئاشتی لە ڤییەندا کوژراون.» دەستبەجێ زانیم کە مەبەست دکتۆر قاسملوو و هاوڕێکانیەتی. لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی دکتۆر قاسملوو لە پاریس، سەرەخۆشی و بەتایبەت پەیامی هاوخەمیی خۆمم لە ڕێگەی کوشنێرەوە بۆ هێلێن، هاوسەری دکتۆر، نارد.
وێران بووم. ڕێکخەرانی ئەم تیرۆرە، نێردراوە نهێنییەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بوون، کە لەنێویشیاندا ئەحمەدینژاد ناوێک بوو، کە دوایی بۆ خۆی بوو بە سەرۆک کۆماری ئێران. ئەم تیرۆرە دەوڵەتییە، هەڵبەت هەرگیز دانی پێدا نەنرا. تاوانبارەکان دەستنیشان کرابوون، بەڵام چونکە پاسپۆرتی دیپلۆماتیکیان پێ بوو، بێدەنگ ناردرانەوە بۆ تاران و لەوێش هەندێک لە ڕۆژنامەکان وەک قارەمان ناویان هێنان. دیسانەوە بە دەستی چارەنووس یان لە ڕووی پێویستییەکەوە، قاسملوو لە گۆڕستانی پێر لاشێز لە پاریس ئارامی گرت، واتە کەمتر لە پێنجسەد مەتر دوورتر لە ماڵەکەی من. کوڕی ژنێکی ئاسووری و پیاوێکی کوردی سوننەی فێئۆدال و پێشکەوتوو بوو؛ توێژەر و پسپۆڕێکی زۆر کارامە بوو و بە نۆ زمان قسەی دەکرد. دکتۆرای ئابووریزانیی هەبوو، بەڵام وازی لە پیشەی ئاکادێمیک، مامۆستایەتیی زانکۆ لە پراگ، بەغدا یان سۆربۆن هێنابوو تاکوو خەریکی سیاسەت بێ، بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد ئیش بکات، دێموکراسی بۆ ئێران و خودمختاری بۆ کوردستان دەستەبەر بکات. قاسملوو پیاوێکی مەزن و زۆر کاریگەر بوو. کەسایەتی، زانست، هەڵسوکەوت، گاڵتەوگەپ و هەڵبەتە جێگەوپێگەی وەک فەرماندەی باڵای شەڕ، هەموو شایەتی ئەم مەزنییە بوون. قاسملوو لەو جۆرە مرۆڤانە بوو کە هەمووان گوێی لێ دەگرن، تەنانەت ئەو وەختانەش کە هیچ ناڵێت. داخۆ چەند کاتژمێرمان پێکەوە قسەوباس کردبێ؟ شەوانی بێخەوییمان بە باسکردنی بابەتە سیاسییەکان دەبردە سەر. هەرچی پتری لێ فێر دەبووم، زیاترم دەویست. مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین، مێژووی ڕۆژهەڵاتی نزیک، مێژووی کوردە پرشوبڵاوەکانی نێوان تورکیە، ئێران، ئێراق و سووریە و مێژووی خودی قاسملوو. بیرێکی بێبن بوو لە زانست، زانیاری، زیرەکی و مرۆڤایەتی؛ ئینسایکلۆپێدیایەک بوو کە لە دڵیدا دڵێک لێی دەدا.
«پێڕەش» (Pied-noir)، بە فەڕەنسی بەو کەسانە دەگوترێت کە لە جەزائیری کۆلۆنیال لەدایک بوون.
(لە کتێبی «مرۆڤێک بە پێوە»ی دوکتور فرێدریک تیسۆ)
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
ئەحمەدی، م (٢٠٢٦): مرۆڤێک بە پێوە. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو کامران ئەمین ئاوە هاوینی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هاوینێکی گەرم و پڕ لە جووڵەی سیاسی بوو. لەگەڵ هاوڕێیەکم لەبەردەم نووسینگەی "یەکیەتی لاوان"ی بۆکان دانیشتبووین [...]
قاسملووم چۆن بینی؟
قاسملووم چۆن بینی؟ عەلی مازووجی بێگومان، مرۆڤناسی و تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤ کارێکی زۆر ئاسان نییە، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەشە جوان، بەهێز، زیرەک و هۆشیارەکانی خۆیان بە دەرەوە [...]
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]







