کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو
شاهۆ حوسێنی
لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە تێیدا چەک وەک ئامرازی سەرەکیی گۆڕانکاری، و ئایدۆلۆژیا وەک نەخشەڕێگەیەکی دۆگماتیک و پیرۆز سەیر کراون. لەم هاوکێشە کلاسیکەدا، هێزی چەکدار ( پاڕتیزان، گەریلا و پێشمەرگە) لەبری ئەوەی وەک سوژەیەکی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە دەربکەوێت، دابەزێندراوەتە ئاستی ئۆبژەیەکی گوێڕایەڵ،ملکەچ و بێدەنگ لە خزمەت جێبەجێکردنی ویستە داهێنراوەکان، داڕێژڕاوەکانو پێشوەختەکانی حزب یان دۆگماتیسمی ئایدۆلۆژیەکاندا. ئەو شێوازە لە تێڕوانین کە مرۆڤ دەکاتە قوربانیی دوگماتیسمی ئایدۆلۆژیە هێژمۆنەکان، زۆرجار بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی بەرەو داخران، فاشیزمی ناوخۆیی و زۆرجار شەڕی ناوخۆییش بردوە، چونکە چەک کاتێک لە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و فیلتەری وشیاری دادەماڵرێت، دەبێتە کەرەسەیەکی مەترسیدار بۆ توندوتیژیی ڕووت. بەڵام لە ناو جەرگەی ئەم دۆخە دۆگماتیکەدا، ئەندێشەی سیاسی و فەلسەفیی دکتۆر عەبدولڕحمان قاسملوو وەرچەرخانێکی بنەمایی و فینۆمینۆلۆژیک لە چەمکی شۆڕش و ناسنامەی پێشمەرگەدا دروست دەکات.
قاسملوو بە تێڕوانین و خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ واقیعی کوردستان و بە پشتبەستن بە ڕوانگەی سۆسیالیسمی دیموکراتیک( واتە هەم باوەڕ بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و هەم سوژەڤانی مرۆڤ)، تەحەدای ئەو تێڕوانینە باوە دەکات کە پێی وایە چەک بە تەنیا دەتوانێت ڕزگاری وەدیبهێنێت. ئەو بە هێنانەناوەوەی چەمکی “ئاگایی” بۆ ناو کایەی خەباتی چەکداری، “کۆدیکسێکی ئەخلاقی” بۆ چەک دادەڕێژێت. لای قاسملوو، چەک شەرعیەتی خۆی لە دۆگمای ئایدۆلۆژیو حزبییەوە وەرناگرێت، بەڵکو لەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقیی، نیشتمانی و مرۆییەوە وەردەگرێت کە لە وشیارییو ئاگایی پێشمەرگەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک ئەو ڕادەگەیەنێت کە پێشمەرگەی چەکداری بێ زانست مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگە، دەقیقەن ئاماژە بەوە دەکات کە چەکی بێ ئاگایی، دیسپۆتیزم (ستەمکاری) بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم گۆشەنیگایە دەشێ بگوترێ کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی “دێلوژنی ئایدۆلۆژیا”دەبێتەوە. دێلوژنی ئایدۆلۆژیا ئەو وەهمە فیکرێیە کە پێی وایە ڕزگاریی مرۆڤ لە ڕێگەی فۆرمۆلی ئایدۆلۆژیکەکان و فۆڕماسیونە حزبییە چەقبەستووەکانەوە وەدی دێت، نەک لە ڕێگەی گەشەی وشیاریی و ئاگایی تاک بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە. قاسملوو ئەم تەڵە ئایدۆلۆژییە تێکدەشێنێت و فۆرمی شۆڕش لە “دەسەڵاتخوازییو هێژمۆنیخوازیی سەربازییەوە” دەگۆڕێت بۆ “پرۆژەیەکی ڕووناکبیری و مرۆیی”. لەم ڕوانگەیەوە، “تراسێندێنسی ئاگایی”دێتە ئاراوە؛ ئاگایی لای ئەو تەنیا ئامرازێکی سەرکەوتن نییە، بەڵکو چەمکێکی باڵا و تێپەڕبووە کە بەسەر چەک و ئایدۆلۆژیادا سەردەکەوێت. کتێب، قەڵەم و زانست دەبنە جەوهەری ڕزگاریی ڕاستەقینە، چونکە چەک ڕەنگە بتوانێت خاک بپارێزێت، بەڵام قەڵەم دەتوانێت مرۆڤی ئازاد و نەتەوەی خاوەن سەروەریی فیکری بونیاد بنێت.
ئەم وتارە لە ژێر تیشکی ئەم تایتڵەدا، هەوڵ دەدات بە شێوازێکی فینۆمینۆلۆژیک دەور و نەقشی ئاگایی لە ئەندێشەی دکتۆر قاسملوودا شی بکاتەوە. لێرەدا دەپڕژێینە سەر ئەو پرسیارە گەوهەرییەی کە چلۆن قاسملوو پێشمەرگەی لە ئۆبژەیەکی ملکەچ، کەرەسە و گوێڕایەڵی ناو مەکینەی شەڕ، دەگۆڕێت بۆ سوژەیەکی وشیار، ئەخلاقی و مێژوویی؟. هەروەها دەکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن ئەم جیاوازییە فیکرییە، ئەندێشەی ئەو لە فۆرم گەلی دوگم و تۆتالیتاریستانەی شۆڕش جیا دەکاتەوە و دەیگەیەنێتە ئاستی مانیفێستۆیەکی مۆدێرن بۆ ڕەسەنایەتیی ناسنامەی کوردی کە تێیدا خەباتی نەتەوەیی، بەها نەتەویی و مرۆییەکانی خۆی دەردەخات؟.
پێش ئەوەی بچینە ناو خوێندنەوەی فکریی دکتۆر قاسملوو، پێویستە دوو چەمکی سەرەکیی ئەم وتارە شیبکرێنەوە
واتای دێلوژنی ئایدۆلۆژیا
یەکەمیان “دێلوژنی ئایدۆلۆژیا”یە. ئەم چەمکە لەم وتارەدا وەک چەمکێکی فەلسەفی و ئێپیستمۆلۆژیک بەکاردێت. ئەم چەمکە بۆ وەسفکردنی ئەو دۆخە بەکار دێت کە تێیدا ئایدیا لەگوێن ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە واقیع، دەگۆڕدرێت بۆ ڕاستییەکی ڕەها و بێهەڵە، واتە فام و ئاگاییەکی پێشداڕێژراوی ڕەها و پیرۆز. لەم دۆخەدا، مرۆڤ چیتر حەقیقەت بە هۆی ئەزموون، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی یان دیالۆگ نادۆزێتەوە، بەڵکو بەردەوام ئەو لە ناو چوارچێوەیەکی دۆگماتیکی ئامادەکراودا دەخوێنێتەوە. دێلوژنی ئایدۆلۆژیا لە بنەڕەتدا واتای ئەو وەهمەیە کە تێیدا حزب، ئایدۆلۆژیا یان ڕێبەر لە شوێن حەقیقەت دادەنیشێت، دادەنرێت و پێناسەدەکرێت. لەبەرامبەریشدا مرۆڤ توانای ڕەخنە، گومان و هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی لەدەست دەدات. لەو ساتەڕا، مرۆڤ لە سوژەڤانی نامۆ دەبێت، بەرپرسیارێتی کەسی لەناودەچێت و تاک دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ویستی سیستەمێکی ئایدۆلۆژیکی داخراو. بۆیە دێلوژنی ئایدۆلۆژیا تەنیا کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو قەیرانێکی مەعریفی و ئەخلاقییە کە تیایدا ئایدۆلۆژیا جێگەی ئاگایی و عەقڵی ڕەخنەگر دەگرێتەوە. لە ڕوانگەی ئەم وتارەوە، گرنگترین بەش لە فیکری دکتۆر قاسملوودا بریتییە لە شکاندنی ئەم دێلوژنە و گەڕاندنەوەی بەرپرسیاریی ئەخلاقی بۆ خودی مرۆڤ.
واتای تراسێندێنسی ئاگایی
دووەم چەمکی بنەڕەتیی ئەم خوێندنەوەیە “تراسێندێنسی ئاگایی”یە. ئەم دەستەواژەیە هەروەها چەمکێک بەمەبەستی شیکاری و شرۆڤەیە و مەبەست لەو بە هیچ شێوەیەک دیاردەگەلی میتافیزیکی یان ئایینی نییە. تراسێندێنس لێرەدا بە مانای گەیشتن بە وشیاریو ئاگایی لەڕێی تێپەڕاندنی سنووری کاردانەوەی ڕووت، دۆگمایتیسمی ئایدۆلۆژیک و میلیتاریزمی کوێرانەیە. واتە مرۆڤ بتوانێت پێش هەر کردە و کردەوەیەک، کردارەکەی بە پێوەری عەقڵ، ئەخلاق و کەرامەتی مرۆڤ هەڵبسەنگێنێت. لە ڕوانگەی ئەم وتارەوە، تراسێندێنسی ئاگایی واتای دەرچوون لە جیهانی ماددی بەمەبەستی گەیشتن بە جیهانێکی ڕووحی نییە، بەڵکو واتای باڵادەستیی ئاگاییو وشیاری سەربەخۆیانە بەسەر چەک، دەسەڵات و ئایدۆلۆژیادایە. کاتێک ئاگایی بەم پێگەیە بگات، چەک لە ئامانج دەگۆڕدرێت بۆ ئامراز، حزب لە پیرۆزی دەگۆڕدرێت بۆ دامەزراوە، و سەرکەوتن تەنیا بە مانای بردنەوەی شەڕ فام ناکرێت، بەڵکو بە مانای پاراستنی ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤیش دەبێت. لەم سوێنگەیەوە، تراسێندێنسی ئاگایی ئەو ئاستە لە گەشەی سوژەڤانیە، کە تێیدا تاک لە ژێر دەسەڵاتی دۆگماتیسمی ئایدۆلۆژیک و کاردانەوەی ساتی دەردەچێت و دەبێتە خاوەن ئیرادە، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پرۆژەیەکی مێژوویی بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگەکەی.
فینۆمینۆلۆژیی پێشمەرگە؛ لە ئۆبژەی دۆگماتیسمی ئایدۆلۆژیەوە بۆ سوژەی مێژوویی
بۆ تێگەیشتن لەو شۆڕشە فیکرییەی دکتۆر قاسملوو لە چەمکی خەباتی چەکداریدا بەرپایدەکات، پێویستە سەرەتا جیاوازیی نێوان “ئۆبژە” و “سوژە” لە چوارچێوەی فەلسەفەی سییاسیدا دەستنیشان بکەین. لە زۆربەی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی سەدەی بیستەمدا، مرۆڤی چەکدار (پێشمەرگە، گەریلا یان پارتیزان) وەک کەرەسەیەکی تەکنیکی دەبینرا. ئەرکی ئەم کەرەسەیە تەنیا جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە بوو کە لە سەرەوەڕا، لە لایەن “کۆمیتەی ناوەندی” یان “ڕێبەری کارێزماتیکەوە” دەردەچوون. لەم مۆدێلەدا, چەکدارەکە دەبێتە ئۆبژە؛ واتە شتێک کە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەکاردێت، و لە پێناو ئایدۆلۆژیەکدا کە خۆی تێیدا بێبەشە لە تفەسیرکردنی، دەکوژرێت یان دەکوژێت. ئایدۆلۆژیا لێرەدا دەبێتە بەستێن و ئامرازێکی “نامۆبوون”؛ بەهۆی ئەوەکە سەربەخۆیی لەمرۆڤ دەستێنێت، مرۆڤەکە لە مرۆڤایەتیی خۆی دادەماڵێت و دەیکاتە مەکینەیەکی توندوتیژی.
قاسملوو بە گوتنی “پێشمەرگەیەک کە چەکی پێیە بەڵام ئاگایی و وشیاریی نییە، مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگە”، ڕێک ئەم هاوکێشە باوە تێکدەشێنێت. ئەو پێشمەرگە لە ئۆبژەبوون ڕزگار دەکات و کەرامەتی سوژەبوونیپێدەبەخشێتەوە. سوژە لێرەدا بەواتای مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە، خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، و لە هەمووشیان گرنگتر، خاوەن بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی کەسی. کاتێک پێشمەرگە دەبێتە سوژە، ئیتر ناتوانێت لە پشت فەرمانی حزبەوە خۆی بشارێتەوە بۆ پاساودانی توندوتیژی؛ ئەو خۆی بەرپرسە لەو چەکەی کە بەدەستییەوەیەتی.
ئەم گۆڕانکارییە فینۆمینۆلۆژییە چەند ڕەهەندێکی هەیە:
دیالێکتیکی چەک و ئەخلاق: چەک بە سروشتی خۆی هێزێکی ڕووخێنەرە. ئەگەر ئەم هێزە لە لایەن سیستمێکی ناوەکیی ئەخلاقییەوە (کە تەنیا لە ڕێگەی ئاگاییەوە دروست دەبێت) لغاو نەکرێت، دەبێتە هۆی ستەمکاری. قاسملوو دەیزانی کە دیکتاتۆرە گەورەکانی مێژوو خۆشیان ڕۆژێک چەکداری شۆڕشگێڕ بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئاگایی ئەخلاقی و فیکرییەوە، دوای سەرکەوتن بوونە جەلادی گەلەکەی خۆیان.
ڕەتکردنەوەی کوێرانەیی حزبی: لای قاسملوو، پێشمەرگە پێش ئەوەی ئەندامی حزب بێت، مرۆڤێکی پارێزەری بەها مرۆیی و نیشتمانییەکانە. ئاگایی وای لێدەکات کە جیاوازی بکات لە نێوان “بەرگری لە نیشتمان” و “بەرگری لە بەرژەوەندیی حزب”.
دیموکراتیزەکردنی ناوەوەی شۆڕش: کاتێک هێزی چەکدار خاوەن زانست و هۆشیاری بوو، پێوەرەکانی ناو حزبی شۆڕشگێڕیش دەگۆڕدرێن. پێوەرەکان چیتر تەنیا “گوێڕایەڵی” نییە، بەڵکو “دیالۆگ و تێگەیشتن دەبێت”.
ئێپیستۆمۆلۆژیی قەڵەم؛ شۆڕش وەک پرۆژەیەکی مەعریفی
لە گوتاری سیاسیی کلاسیکدا، چەک نیشانەی هێز و قەڵەم نیشانەی لاوازی یان بێدەرەتانی دیارەکان بوو. زۆرجار ڕووناکبیران وەک تاقمێکی قسەکەر و بێکردار سەیر دەکران کە دەبێت لە دوای چەکدارەکانەوە بڕۆن. بەڵام تێزی دووەمی قاسملوو هاوسەنگییەکە پێچەوانە دەکاتەوە: “کورد پێویستی بە تفەنگ هەیە بۆ بەرگری لە خۆی، بەڵام زیاتر لە تفەنگ، پێویستی بە قەڵەم و کتێب و زانست هەیە.” ئەمە تەنیا دروشمێکی جوان نییە، بەڵکو تێزێکی ئێپیستۆمۆلۆژیکی (مەعریفەناسی) قووڵە لەمەر چەمکی سەروەری، قاسملوو لێرەدا سنوورەکانی ڕزگاری دیاری دەکات. ڕزگاریی ڕاستەقینە لای ئەو تەنیا ڕزگارکردنی جوگرافیای خاک نییە لە دەستی داگیرکەر، بەڵکو ڕزگارکردنی ناخ و عەقڵی مرۆڤی کوردییە لە داگیرکاریی فیکری و پاشکۆیەتی.
لەم تێڕوانینەدا، چەک هەمیشە وەک “ناچارییەکی مێژوویی” دەبینرێت، نەک وەک شوناسێکی پیرۆز. ئەگەرچی چەک وەک پاساوێکی کاتی و پارێزەری سنوورەکان، وەڵامی هەڕەشەی فیزیکی دەداتەوە، بەڵام توانای بونیادنانی هەمیشەیی شارستانییەتی نییە. کورد پێویستی بە چەک هەیە چونکە مێژوو ڕێگەی تری بۆ نەهێشتووەتەوە بۆ بەرگری لە بوونی فیزیکیی خۆی، بەڵام چەک بە تەنیا ناتوانێت داهاتوو بونیاد بنێت. چەک ناتوانێت عەداڵەت، بەرابەری، ئازادی، پەرەئەستاندوویی، زانکۆ، سیستمێکی دادی یەکسان، و ئابوورییەکی سەربەخۆ بەرهەم بهێنێت. ئەوەی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ئازاد بەڕێوە دەبات، “لوگۆس” (عەقڵ و زانست)ە نەک “پۆلیمۆس” (جەنگ و توندوتیژی). بۆیە، کێشانی هێڵی باڵادەستیی قەڵەم بەسەر چەکدا، ڕێگری دەکات لەوەی کۆمەڵگەی کوردی ببێتە کۆمەڵگەیەکی چەکدار و میلیتاریزەکراو کە تێیدا توندوتیژی لەگوێن زمانی ڕۆژانەی هێژمۆن دەردەکەوێت.
دێلوژنی ئایدۆلۆژیا؛ ڕەخنە لە مەکینەی تۆتالتاریزم
یەکێک لە گەورەترین قەیرانە فکری و سیاسییەکانی ناو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە ئۆرتۆدۆکسەکانی سەدەی بیستەم، ئەو دۆخە بوو کە دەتوانرێت بە “دێلوژنی ئایدۆلۆژیا” ناوببرێت. مەبەست لەم چەمکە تەنها پابەندبوون بە ئایدیا نییە، بەڵکو ئەو دۆخەیە کە ئایدۆلۆژیا خۆی لە هەموو ڕاستییەک بەرزتر دەبینێت و حەولی مۆنۆپۆڵکردنی واتا، ڕاستی و شەرعیەت دەدات. لەم دۆخەدا، ئایدۆلۆژیا لە ئاستی ئامرازێکی فکری دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی سیستەمێکی داخراوی مەعریفی کە هەموو دیاردەیەک تەنها لە ناو چوارچێوەی خۆیدا لێکدەداتەوە و هیچ جۆرە ڕەخنە، گومان یان بیرکردنەوەی جیاواز قبوڵ ناکات. بەم شێوەیە، بیرکردنەوە لە جیات ئەوەکە بەردەوام بێت لە داهێنان و پرسیارکردن، دەبێتە دووبارەکردنەوەی دۆگماتیسم و پاراستنی دەقی پیرۆزکراوی ئایدۆلۆژی. لە ژێر کاریگەریی ئەم دێلوژنەدا، مرۆڤ و نەتەوە چیتر لەگوێن ئامانجی سیاسەت سەیر ناکرێن، بەڵکو دەبنە ئامراز بۆ سەلماندنی ڕاستیی ئایدۆلۆژیا. لێرەدا ژیانی تاک، کەرامەتی مرۆڤ و پێویستییە واقعییەکانی کۆمەڵگە، هەموویان دەخرێنە پلەی دووهەم و گرینگی دەدرێت بە پاراستنی پاکیی ئایدۆلۆژیا. بۆ وێنە، لای زۆرێک لە ڕێبەرانی چەپ لە سەدەی ڕابردوو، ئەوە گرنگ نەبوو کۆمەڵگە چەندە زیانی پێدەگات یان چەند تاکێکی شۆڕشگێر دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هێزە ئایدۆلۆژیک و باڵادەستەکان؛ ئەوەی سەرەکی بوو ئەوە بوو کە دروشمە دۆگماتیکەکان و یاسا ناوخۆییەکانی ئایدۆلۆژیا بپارێزرێن. لەو دۆخەدا، ئایدۆلۆژیا بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی بەرامبەر مرۆڤ لەدەست دەدات و دەبێتە مەکینەیەک بۆ بەرهەمهێنانی دڵسۆزیی کوێرانە.
قاسملوو لە گوتەی سێهەمیدا دەڵێت: “هیچ شتێک لەوە جوانتر نییە کە مرۆڤ لە پێناو بیروباوەڕی خۆیدا بژی و خەبات بکات، بەو مەرجەی بیروباوەڕەکەی خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات.” ئەم ڕستەیە تەنها بانگەوازێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو بناغەیەکی فەلسەفی بۆ سنووردارکردنی هەر جۆرە ئایدۆلۆژیەکە. لە ڕوانگەی قاسملوودا، هیچ ئایدۆلۆژیەک، هیچ حیزبێک و هیچ ئامانجێکی سیاسی ناتوانێت لە کەرامەتی مرۆڤ بەرزتر بێت. بۆیە بیروباوەڕ کاتێک شەرعیەتی هەیە کە بەرەو ئازادی، دادپەروەری و گەشەپێدانی مرۆڤایەتی بڕوات، نەک ئەوەی مرۆڤ بکاتە قوربانیی پاراستنی خۆی. ئەم “بەو مەرجەی…”ە، خاڵی جیابوونەوەی ڕادیکاڵی قاسملووە لەگەڵ هەموو شێوازەکانی فاشیزم،لێنینیزم، ستالینیزم، مائۆئیسم و بەگشتی تۆتالتاریزمی ئایدۆلۆژیک. لە هەموو ئەو سیستەمانەدا، ڕاستی لە پێش مرۆڤ دانراوە؛ مرۆڤ بە مەرجێک هەبوو کە خزمەتی بیرۆکەی سەرەکی بکات. بەڵام لای قاسملوو، ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی هەڵدەگەڕێتەوە؛ ئایدۆلۆژیا دەبێت خزمەتگوزاری مرۆڤ بێت، نەک مرۆڤ ببێتە خزمەتگوزاری ئایدۆلۆژیا. تەنانەت ناسیۆنالیزمی کوردیش، ئەگەر لە کەرامەتی مرۆڤ، ئازادی و بەها هاوبەشە مرۆییەکان دوور بکەوێتەوە، لە ڕوانگەی ئەوەوە شەرعیەتی ئەخلاقیی خۆی لەدەست دەدات. بەم مانایە، قاسملوو ناسیۆنالیزمیش دەخاتە ژێر ڕەخنەی ئەخلاقی، نەک ئەوەی وەک ڕاستییەکی ڕەها مامەڵەی لەگەڵ بکات.
تێکشکاندنی دێلوژنی ئایدۆلۆژیا لای قاسملوو، لە ڕاستیدا پرۆژەیەکی گەورەتری ڕزگارکردنی ئاگاییە. ئەو هەوڵ دەدات سوژەی کوردی لە ژێر دەسەڵاتی دۆگما، هاوکێشە جیهانییەکان و ململانێ ئایدۆلۆژیکەکان دەربهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە هۆی عەقڵ و بەرپرسیاریی ئەخلاقی خۆی بڕیار بدات. لەم ڕوانگەیەدا، تێکشکاندنی دێلوژنی ئایدۆلۆژیا تەنها ڕەتکردنەوەی چەپ یان ڕاست نییە، بەڵکو پاراستنی سەربەخۆیی ئاگایییە لە هەر هێزێک کە هەوڵ دەدات بیرکردنەوەی مرۆڤ بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. ئەم پرۆژەیە لە کردەوەدا بە دوو شێوەی بنەڕەتی بەرجەستە دەبێت:
یەکەم، مرۆڤدۆستی بەر لە حزبایەتی: لای قاسملوو، مرۆڤ تەوەرەی بنەڕەتیی هەموو بیرکردنەوەیەکی سیاسییە. شەرعیەتیی هەر شۆڕش و بزووتنەوەیەک بەوە دەپێورێت کە تا چەند دەتوانێت ژیانی مرۆڤەکان ئازادتر، دادپەروەرانەتر و باشتر بکات. ئەگەر شۆڕشێک تەنها بەرهەمهێنەری قوربانی بێت و مرۆڤ بکاتە ئامرازێک بۆ هێژمۆنکردن و باڵادەستکردنی حیزب یان ئایدۆلۆژیا، ئەوا لە ڕووی ئەخلاقییەوە شەرعیەتیی خۆی لەدەست دەدات، هەرچەندە خاوەنی جوانترین دروشم و بانگەشەش بێت.
دووهەم، ڕەتکردنەوەی شەڕی بریکاری : کاتێک ئاگایی بەسەر ئایدۆلۆژیادا زاڵ دەبێت، نەتەوەکە خۆی ناکاتە ئامرازێکی ئەندێشە و ئایدە دەرەکییەکان. ئەو دەزانێت کە شەڕی بریکاری زۆرجار نەتەوە بچووکەکان لە سوژەی مێژوو دەگۆڕێت بۆ ئۆبژەی ململانێی هێزە گەورەکان. لەبەر ئەوە، سەربەخۆیی بڕیار، پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ڕەتکردنەوەی پاشکۆبوونی ئایدۆلۆژیک، دەبنە بەشێکی گرنگ لە ئەخلاقی سیاسەت. لێرەدا قاسملوو وەک “پزیشکێکی فکری” دەردەکەوێت؛ پزیشکێک کە نەخۆشییەکانی ئاگایی دەستنیشان دەکات و هەوڵ دەدات جەستەی بزووتنەوەی کوردی لە ژەهری نامۆبوونی ئایدۆلۆژی، پاشکۆیەتیی سیاسی و دۆگماتیسمی فکری بپارێزێت. بەم شێوەیە، ڕزگاریی نەتەوە تەنها بە ڕزگاریی خاک ناپێودرێت، بەڵکو بە ڕزگاریی ئاگایی لە هەر جۆرە بوتپەرستییەکی ئایدۆلۆژیکیش دەپێودرێت.
تراسێندێنسی ئاگایی؛ ڕەسەنایەتیی سۆبژەکتیڤیتێی کوردی
کاتێک باس لە “تراسێندێنسی ئاگایی” دەکەین، مەبەستمان ئەو دۆخە بانچووەیە کە تێیدا ئاگایی لە ئاستی کاردانەوەی ساتی و وەڵامدانەوەی غەریزیدا ناوەستێت، بەڵکو دەبێتە هێزی ڕێکخەر و ئاراستەکەری کردار لەڕیی ئاگای،فام و وشیاری سەربەخۆیانە، بەرپرسانە و ئەخلاقی. لەم ئاستەدا، بیرکردنەوە و وشیاری هاوتەریب لەگەڵ کردار دەبن و مرۆڤ بەرلەوەی دەست بە چالاکی بکات، ، کردە و هەڵسووکەوتەکانی لە ترازووی عەقڵ و کەرامەتی مرۆڤدا هەڵدەسەنگێنێت. بەم پێیە، تراسێندێنسی ئاگایی واتای هەڵهاتن لە واقیع نییە، بەڵکو واتای تێپەڕبوونە لە کۆیلایەتیی کاردانەوە بەرەو گەیشتن بە ئاستێک، کە ئاگایی بتوانێت خۆی سەرچاوەی بڕیار و ئامانج بێت. ئەم جۆرە ئاگاییە، مێژوو لەگوێن بەرهەمی زەبر و زۆر نابینێت، بەڵکو لەگوێن بەرهەمی بڕیاردان، هەڵبژاردن و بەرپرسیارێتی سوژەڤانی مرۆڤ پێناسەدەکات. زۆرجار شۆڕشەکان لە ئەنجامی “دژکردەوەی توندوتیژیانە بە توندوتیژی” سەرهەڵدەدەن. داگیرکەر دەچەوسێنێتەوە و ژێردەستیش بۆ پاراستنی بوونی خۆی چەک هەڵدەگرێت. ئەم خەباتە، ئەگەرچی لە ڕووی مافی بەرگریی خۆوە ڕەوایە، بەڵام هێشتا لە ڕووی فیکرییەوە لە ژێر کاریگەریی داگیرکەردایە، چونکە شێوازی کاردانەوەی شۆڕشگێڕ لەلایەن ئەو هێزەوە دیاری دەکرێت کە دژی دەوەستێت. بە واتایەکی تر، داگیرکەر تەنیا سنووری جوگرافی و سیاسی دیاری ناکات، بەڵکو زۆرجار سنووری وشیاری و شێوازی وەڵامدانەوەش دیاری دەکات. لەم دۆخەدا، شۆڕش هێشتا لە ناو دیالێکتیکی زۆر و توندوتیژیدا قەتیسماوەتەوە و نەیتوانیوە لە ڕووی مەعریفییەوە لە بەندەکانی دەربچێت. بەڵام کاتێک شۆڕش پشت بە ئاگایی سەربەخۆیانە دەبەستێت، لە دۆخی کاردانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دۆخی کردار. لێرەدا خەبات تەنیا وەڵامێکی فیزیکی نییە بۆ ستەم، بەڵکو پرۆژەیەکی مەعریفی و شارستانیانەیە بۆ دروستکردنی داهاتوو. ئاگایی دەبێتە ئەو بنەمایەی کە ئامانجی خەبات، سنووری بەکارهێنانی هێز و پێوەری ئەخلاقیی کردار دیاری دەکات. لەم مانایەدا، شۆڕش چیتر بەرهەمی هەلومەرجەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی سوژەیەکی وشیارە، کە دەتوانێت لەنێوان ڕق و دادپەروەریدا، لەنێوان تۆڵە و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیدا، و لەنێوان سەرکەوتن لەشەڕدا و بونیادنانی ئاشتیدا پردێک لێ بدات.
لە خوێندنەوەی فکریی قاسملوودا، تراسێندێنسی ئاگایی واتای ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لە پێناسەی خۆی وەک قوربانیی مێژوو تێپەڕبێت و ببێتە سوژەی مێژوو. ئەو دەیەوێت کە کورد بە تەنیا وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراو نەناسرێت، کە ناچارە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵکو وەک کۆمەڵگەیەک کە خاوەنی ویژدانی ئەخلاقی، پرۆژەی فیکری و بینینی مۆدێرنە بۆ داهاتووی خۆی و کوردستان پێناسەبکرێت. بەم شێوەیە، ناسنامەی کوردی لە سنووری ناسنامەی بەرگریکار دەردەچێت و دەگاتە ئاستی ناسنامەی داهێنەر؛ ناسنامەیەک کە خۆی ئامانجەکانی خۆی دیاری دەکات، نەک ئەوەی تەنیا وەڵامی هەڕەشەکانی دەرەوە بداتەوە. ئەم ئاستە لە ئاگایی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەخلاقی خەباتیش دادەنێت. پێشمەرگەی وشیار لە ناو گەرمەی شەڕیشدا خۆی بە یاسایەکی ئەخلاقی پابەند دەزانێت. ئەو دەزانێت کە ئامانجی ڕزگاری ناتوانێت هەر ئامرازێک ڕەوا بکات، بۆیە دیل ناکوژێت، تۆڵە لە جیاتی دادپەروەری دانانێت، و کەرامەتی مرۆڤ تەنانەت لە بەرامبەر دوژمنیشدا لەبیر ناکات. ئەم هەڵوێستە نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو نیشانەی باڵادەستیی ئاگایی بەسەر غەریزە و میلیتاریزمدایە. لێرەدا چەک لە ئامانج دەگۆڕدرێت بۆ ئامراز و هێز لە ژێر چاودێریی ئەخلاق و عەقڵدا دەوەستێت. بۆیە تراسێندێنسی ئاگایی لای قاسملوو نە تەنیا چەمکێکی فەلسەفی، بەڵکو پرۆگرامێکی مێژووییە بۆ گۆڕینی شێوازی بوونی کورد. ئەم پرۆگرامە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە نەتەوە بە چەک پارێزراو دەبێت، بەڵام تەنیا بە ئاگایی، زانست و قەڵەم دەتوانێت خۆی وەک سوژەیەکی سەربەخۆ و خاوەن شارستانیی لە جیهانی هاوچەرخدا بسەلمێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، مۆدێرنیتە و ڕەسەنایەتی، ئەخلاق و سیاسەت، قەڵەم و چەک، نەک دوو هێزی دژ بە یەکتر، بەڵکو ژانووسێکن، ژانووسی پرۆژەی ڕزگاریین؛ پرۆژەیەک کە لە ئاکامدا دەیەوێت مرۆڤی کورد لە ژێر دەسەڵاتی دۆگما، توندوتیژی و پاشکۆیەتیی فیکری دەربهێنێت و بیگەیەنێتە ئاستی سوژەیەکی ئازاد، بەرپرسیار و خاوەن ئاگایی.
ئاکام:
لە کۆتاییدا، لە ڕێگەی گەشتێکی فینۆمینۆلۆژیک بە ناو ئەندێشەی سیاسیی دکتۆر قاسملوودا، دەگەینە دەرئەنجامێکی قووڵ و ڕادیکاڵ لەسەر چەمکی شۆڕش و ڕزگاری. داکۆکیکردنی قاسملوو لەسەر ئاگایی پێشمەرگە، بونیادنانی کۆدیکسێکی ئەخلاقی بۆ چەک، و هێنانەپێشەوەی پێگەی قەڵەم بەسەر تفەنگدا، تەنیا چاکسازییەکی سیاسی نەبوو لە ناو حیزبێکی شۆڕشگێڕدا، بەڵکو ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ و تێپەڕبوو بوو بەسەر تەواوی مێژووی میلیتاریزمی ئایدۆلۆژیدا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
قاسملوو پێمان دەڵێت کە سەروەریی ڕاستەقینە، پێش ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەت یان قەوارەیەکی یاسایی بێت لەسەر خاکێک، پێویستە “سەروەریی فیکری و ئەخلاقی” بێت لە ناو ناخی تاکەکاندا. ئەگەر نەتەوەیەک خاکەکەی ڕزگار بکات بەڵام عەقڵی هێشتا کۆیلەی دۆگماتیسم، دێلووژنی ئایدۆلۆژی، و پاشکۆیەتیی مەعریفی بێت، ئەوا تەنیا فۆرمی ستەمکارییەکەی گۆڕیوە لە داگیرکەرێکی دەرەکییەوە بۆ دیکتاتۆرێکی ناوخۆیی.
پەیامی فەلسەفیی قاسملوو بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان لێرەدا کورت دەبێتەوە: “چەک دەتوانێت کۆتایی بە مێژووی کۆیلایەتی بهێنێت، بەڵام تەنیا قەڵەم و ئاگایی دەتوانن مێژووی ئازادی دەستپێبکەن” لای ئەو، پێشمەرگە تەنیا چەکدارێک نییە کە لە شاخەکاندا شەڕی مردن دەکات، بەڵکو “سوژەیەکی مێژوویی” ئاگایە کە بە چەکەکەی سنووری فیزیکی دەپارێزێت و بە عەقڵ و ئەندێشەکەشی ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی کورد بۆ ناو جیهانی ڕەسەنایەتیی فیکری و مرۆڤدۆستیی گەردوونی. ئەم تێڕوانینە، مانیفێستۆیەکی هەمیشە زیندووە بۆ هەر نەتەوەیەک کە دەیەوێت لە داوی شۆڕشە فۆڕماڵیتەکان دەرباز بێت و بەرەو ئاسۆی ڕزگاریی ڕاستەقینە هەنگاو بنێت.
– Arendt, Hannah : Elemente und Ursprünge totaler Herrschaft. München: PiperTaschenbuch .1991
– Jaspers, : Philosophie II: Existenzerhellung. 4. Auflage. Berlin: Springer.1973
– Mannheim, Karl : Ideologie und Utopie. Frankfurt am Main: Vittorio Klostermann.2001
– Edmund Husserl, Die Krisis der europäischen Wissenschaften und die transzendentale Phänomenologie, Hamburg: Felix Meiner Verlag, 2012.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
حوسێنی، شاهۆ(٢٠٢٦): کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]




