بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی
ئەحمەد، ڕێباز (٢٠٢٥): دەوڵەت بۆ ئەوان و ئاکار بۆ ئێوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
ئەمە جۆرێکە لە دادگاییکردنی پرسێک کە نییە. دۆخێک ئەزموونت نەکردووە، مێژووێک درووستت نەکردووە و پێیدا نەڕۆشتوویت، یەخەگرتنێکی خۆمانە بە ڕووداوێک لە ئەقڵ و کرداری ئێمە نەکەوتۆتەوە. مێژووی ئێمە مێژووی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەت نییە، مێژووی هەڵدرانە دەرەوەی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە. میژووی داگیرکردنی نیشتمان، ئازادیی، ژیان، مرۆڤبوونی ئەوانی دیکەی غەیرە کورد نییە، بەڵکو مێژووی داگیرکراویی نیشتمان، ئازادیی، ژیان، مرۆڤبوونمانە، کە خوێندنەوەی تەنیا ئازاریی بێ کۆتایی لێدەکەوێتەوە، دەمانشکێنێت ! نەک غروورێکی سەردەستەبوون بخاتە دەروونمانەوە.

دەوڵەت بۆ ئەوان و ئاکار بۆ ئێوە
ـ درووستکردنی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتی نوێ بۆ ئەوان و خوێندنەوەی مێژووی ئەم ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە نوێیانەی ئەوان بۆ ئێوە.
ـ ئەمە غەدر نییە ! هەندێک نەتەوە خۆیان خواستی درووستکردنی ئیمپراتۆریەت و هەندێکیشیان هیی خوێندنەوەی ئەم مێژووەی ئەوانیان هەیە.
ـ کورد دەکرا گفتوگۆیەکی هزریی ــ فەلسەفیی دەربارەی ئاکار لەگەڵ ئەقڵی سیاسیی و فەلسەفیی عەرەبدا بکات، بە پرسیاری پڕ دیقەت، ئەم ئەقڵە شۆک بکات، ڕووداوەکانی نێو خۆی نیشتمانی عەرەب بقۆزێتەوە تا هەرنەبێ لە ڕووی هزری ئەبستڕاکتەوە، بیخاتە ژێر بەرپرسیاریەتیی ئاکارییەوە.
بەرپرسیاریەتیی بەرامبەر ئازادیی، سەربەخۆیی نەتەوەیی، بەبیری ئەم ئەقڵە بێنێتەوە، کە پێناچێت دۆزی فەڵەستین، برینە قووڵەکەی جەستەی نەتەوەیی خۆیان، بتوانێت بیریانبێنێتەوە.
بەڵام لە جیاتی ئەم ئەرکە، ئەم بەتەنگەوەبوونە، شەقامی کوریی بە هەندێکی ڕووناکبیرەکانیشیەوە، یەخەی خۆی گرتووە، خەریکە دادگایی ئاکاری کورد وەک نەتەوە دەکات، لە بری هزری عەرەبیی، خەریکە خۆی شۆک دەکات!
ـ دەگوترێت: “نابێت ئێمە وەک نەتەوە سەردەستەکانی دراوسێمان بین، بە ئەقڵی ڕژێمەکانی ئەوان بیربکەینەوە”. قسەیەکی سەرنجڕاکێشە !
ئەمە جۆرێکە لە دادگاییکردنی پرسێک کە نییە. دۆخێک ئەزموونت نەکردووە، مێژووێک درووستت نەکردووە و پێیدا نەڕۆشتوویت، یەخەگرتنێکی خۆمانە بە ڕووداوێک لە ئەقڵ و کرداری ئێمە نەکەوتۆتەوە. مێژووی ئێمە مێژووی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەت نییە، مێژووی هەڵدرانە دەرەوەی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە. میژووی داگیرکردنی نیشتمان، ئازادیی، ژیان، مرۆڤبوونی ئەوانی دیکەی غەیرە کورد نییە، بەڵکو مێژووی داگیرکراویی نیشتمان، ئازادیی، ژیان، مرۆڤبوونمانە، کە خوێندنەوەی تەنیا ئازاریی بێ کۆتایی لێدەکەوێتەوە، دەمانشکێنێت ! نەک غروورێکی سەردەستەبوون بخاتە دەروونمانەوە.
ئێمە داڕێژەری ئایدیۆلۆجیا، سیستەم و ڕژێمە تۆتالیتاریست و هزر و ئاکار فاشیستە مەشهوورەکانی نێو مێژوو نین، قووربانییەکی نەبیستراو، نەبینراوی ژێر ژیانی سیاسیی ئەم مۆدێلە دەوڵەتانەین.
نا، ئەمە خۆ ڕەخنەکردن نییە وەک دەویسترێت بخرێتە نێو ئەم ناونانەوە، نێو ئەم چەمکەوە، بەڵکو ئەمە زەمینەخۆشکردنێکی بێ پێشینەیە بۆ خۆتاوانبارکردن، خۆ خستنە ژێر بەرپرسیاریەتیی دۆڕانێکی وا گەورەی ئاکارییەوە.
ئەمە جێی سەرسووڕمانە، ئەو نەتەوانەی ئەم ئایدیۆلۆجیا و ڕژێمانەیان بەرهەمهێناوە، جێنۆسایدی نەتەوەی دیکەیان کردووە، لە ژێر فشاری زۆریشدا هێشتا بەرگریی دەکەن و بە ئاسانی خۆیان نادەنە دەست دادگاییکردنەکان، ئەو لێکەوتە تراژیدییانە قبووڵ ناکەن، کە لە سیستەمە سیاسییە ترسناکەکانیان کەوتوونەتەوە. کەچی، کورد لە قووربانییەوە، هێندەی نەماوە خۆکردانە ببێتە نەتەوەیەکی فاشیستی نێو مێژوو و داهاتوو !
ئەوە ئەقڵێکی کوشندەیە، هاتووە بە بێ (ڕووداوی شایستە بەو ناوە)، گومانی فاشیستبوون لەسەر کورد وەک نەتەوە درووستدەکات. کورد دەکاتە بکەری تاوانێکی لە لێخۆشبوون نەهاتووی نەکراوەوە.
ــ کورد، بەتایبەتیش نەتەوەییەکان، بوغزێکی بەرامبەر عەرەب، تورک و فارس هەیە. لە پەیوەندییدا بە عەرەبەوە ئەم بوغزە بەرامبەر کۆی عەرەب، کۆی دەوڵەتە عەرەبییەکان نییە، بەڵکو بوغزێکە لە دەوڵەتی عێراق و سووریا، کە دوو بەشی کوردستانیان پێوە لکێنراوە و لە نێو سیستەمە سیاسییە جۆراوجۆرەکانیاندا، هەموو شێوازەکانی لەمرۆڤخستن و قڕکردنیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
ئەم بوغزە بوغزێکی ئاکارییە، ڕەوایە. بوغزی مرۆڤێکە گەر ئاگایی نەبێت، ئاکاریی نەبێت، ناتوانێت هەیبێت !
بۆچی ئەم بوغزە ئەم بایەخەی هەڵگرتووە؟ هەڵبەتە مرۆڤ ناتوانێت مرۆڤ بێت گەر ئازادیی لێ زەوت بکرێت. مرۆڤبوون لەڕووی ماهیەتییەوە مەرجێکی هەیە، ئەویش ئازادییە. ئەمە بۆ ئازادییش ڕاستە: ئازادییش لە ڕووی ماهیەتەوە مەرجێکی هەیە ئەویش مرۆڤە. ئازادیی بە تەواوی مانای خۆیەوە، چەمکێکی مرۆڤییە، بە بوونی مرۆڤەوە گرێدراوە. لە هەر کات و شوێنێکدا ئازادیی لە مرۆڤ دابماڵرێت یان مرۆڤ لە ئازادیی دابماڵرێت، ئیدی لەو کات و شوێنەدا مرۆڤ لە مرۆڤ و ئازادیی لە ئازادیی بەتاڵ دەبنەوە. بەرگریی لە ئازادیی ناکرێت تاکوو مرۆڤ نەبێت، هەر بەرگریی کردنێکیش لە مرۆڤ سەرەتاکەی بەرگرییکردن لە ئازادییە.
لێرەوە، بەرگریی کردن لە مرۆڤ بەرگریی کردنێکی ئاکارییە لە ئازادیی، بەرگریی کردنیش لە ئازادیی بەتەنگەوەبوونێکی قووڵی ئاکارییە بۆ مرۆڤ.
ئەو مرۆڤەی لە ئازادییەکەی دەدرێت، لە مرۆڤبوونی دەدرێت. بوغز لەسەر ئازادیی بوغزە لەسەر مرۆڤبوون، بوغزە لەسەر ئاکار و ئەوپەڕی بەغەمەوەبوونە بۆ گێڕانەوەی حورمەت بۆ ئەو مرۆڤەی، لە دەرەوەی ئازادییدا کات و شوێنێک بۆ بوونی ئەو نییە.
مرۆڤێک مرۆڤبوونی لێ زەوتکرابێت، لە مرۆڤبوونی بدرێت، واتە لە ئازادییەکەی بدرێت، کەچی هیچ بوغزێکی بۆ هێزە لە مرۆڤخەرەکە نەبێت، بۆ داگیرکەری ئازادییەکەی نەبێت، ئاگایی نییە، بۆیە مرۆڤێکە ئاکاریشی نییە.
ئەوانەی ئەم بوغزەی مرۆڤی نەتەوەیی کورد بە نائاکاریی ناودەنێن، پێناچێت لە پەیوەندیی ماهیەتبەندانەی نێوان مرۆڤبوون و ئازادیی تێگەیشتبن، ئەگینا داوایەکی ئاوا ناماقووڵیان لەو تاکانەی کورد نەدەکرد، خۆی لەم بوغزە بەتاڵ بکاتەوە. ئەمە بوغزێکە تا پەی بە مەرجی مرۆڤبوونی خۆت نەبەیت ناتوانیت دەستی بخەیت، نەک لە فاشیسیستبوونەوە هاتبێت.
گاڵتەجاڕییە ئەم بوغزە لەگەڵ بوغزێکی فاشیستانە تێکەڵ بکرێت و پۆخڵ بکرێت.
مێژووی کورد مێژووی مرۆڤێک نییە خۆی وەک نەتەوەی ئایدیاڵ، سەروو مرۆیی یان سەرداری مرۆڤایەتیی، سەرداری بوون ببنێت و نەتەوەکانی دیکە وەک خاشاک، خڵتەیەک، پۆخڵییەک بناسێنێت هاتوونەتە نێو ئەم نموونە بەرز و پیرۆزەوە، ئیدی بۆ پاککردنەوە دەبێت لەنێوببردرێن، ئەگەرنا ئیشیان ئەوەبێت خزمەتی ئەم مرۆڤە نیمچە خواییە بکەن.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]
خودکارەکەی قاسملوو
خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]







