سۆسیالیستی فەرنجیپۆش
عەلی لەیلاخ
لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، سوقرات، یولیۆس سزار، ئیبن سینا و سەلاحەدینی ئەیووبی و… تەرخان کردووە. لە ڕوانگەی دانتێوە، ئەم ناودارانە ئەگەرچی مەسیحی نەبوون، بەڵام مرۆڤی شەریف و ژیر بوون کە شایانی ئەو پلە و پایەیەن. دەتوانین بڵێین چینی “لیمبۆ”ی دانتێ ئەو دەستەبژێرانەن کە میراتی مرۆڤایەتین و چوونەتە ناخی مێژووەوە.
ئەگەر چاوێک بە ژیانی سیاسی و خەباتگێڕیی یەکێک لە ڕێبەرانی کورد و هاوڕەچەڵەکی سەلاحەدینی ئەیووبی لە سەدەی بیستەم، واتە دکتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوودا بخشێنین، دەکرێت بڵێین ئەگەر «کۆمیدیای خودایی» دانتێ درێژەی هەبووایە، بێگومان لە ڕیزی ڕۆشنبیرانی جیهاندا جێگەی بۆ قاسملووی خەباتگێڕ و دێموکراتیش تەرخان دەکرد؛ چونکە ئەم بیرمەندە دڵسۆزە، بۆ گەلانی چەوساوە، جیهانێکی پڕ لە ئازادی، یەکسانی و برایەتیی وێنا دەکرد.
ڕێڕەوی ژیانی سیاسیی عەبدوڕەحمان قاسملوو لە لاویدا بە ڕووداوەکانی مەهاباد و دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەستی پێ کرد. دوای هەوراز و نشێوی زۆر، سەرەنجام ئێوارەی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە ململانێیەکی ئەفسانەییدا لە نێوان چاکە و خراپە، قاسملوو لە لای دروستی مێژوودا وەستا کە نەوەکانی داهاتوو بە چاکە یادی دەکەن؛ چونکە بە خوێنی خۆی، خوێنبەهای ئازادی و دواڕۆژی گەشی، نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکوو بۆ سەرجەم گەلانی ژێردەستەی دیکتاتۆرەکان پێشکەش کرد.
قاسملوو لە کتێبی «چل ساڵ خەبات لە ڕێگەی ئازادیدا» یادەوەرییەکی سەردەمی لاوێتی و پشێوییە سیاسییەکانی ئەو کاتە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: «کاتێک ١١ ساڵان بووم، باوکم لەگەڵ ژمارەیەک لە خان و گەورەپیاوانی عەشیرەتەکان چوون بۆ باکۆی سۆڤیەت. لەناو برا و ئامۆزاکانمدا وا بڵاو ببووەوە کە گوایە بۆ وەرگرتنی مافی کوردەکان چوون بۆ سۆڤیەت. کە گەڕایەوە، باوکم لەگەڵ خۆی قەندی هێنابوو -کە ئەو کاتە بەدەگمەن دەست دەکەوت- لەگەڵ تفەنگێکی نێچیر و بڕێک قوماشی نایاب. هەموویان بەو دیارییانە دڵخۆش بوون، بەڵام من بە گومانەوە پرسیم: “دەی مافی کوردەکان چی لێ هات؟”» پرسیارێکی سادە بەڵام قووڵ و بنەڕەتی، کە دواتر بوو بە بناغەی هێڵی سیاسی و تەنانەت گەشەی فیکریی خۆی. لە دوای وەڵامی هەمان پرسیار، کاتێک تەمەنی ١٦ ساڵ بوو، نامەیەکی بۆ یەکەم ڕەئیسجمهووری کورد، پێشەوا قازی محەمەد نووسی. ڕەنگە قاسملوو نەیزانیبایە کە دوای چەند دەیە خۆیشی لە هەمان ڕێگەی مافخوازییدا، سینگی دەبێتە ئامانجی گوللەی ئەوانەی چاویان بە دیموکراسی و ئاشتی هەڵنایەت.
ئەم سۆسیالیستە خوێندەوارە، بوێرانە لەپێناوی «کوردستان و کورد»دا لە بەرەی چەپی توندڕەو دوور کەوتەوە و بەهۆی ڕەخنەکانی لە سیاسەتەکانی حیزبی توودە، بووە هۆی ئەوەی لە کاتی بەهاری پراگدا لە چیکۆسلۆڤاکیا دەر بکرێت. دەرکردن و سنووردارکردنەکانی قاسملوو، بەشێکی گەورەی ژیانی سیاسیی ئەم خەباتگێڕ و دیپلۆماتە کوردەی پێک هێناوە.
دەرکردن لە ئێران، عێراق، پراگ و بەهۆی گوشارە سیاسییەکانەوە، جێهێشتنی بەناچاری فەرەنسە و تەنانەت دوورخستنەوەی لە حیزبەکەی خۆی (کۆنگرەی دوو، ١٣٤٣ / پاییز) هەموویان نیشانەی ڕۆحی یاخی و کەسایەتییەکن کە بەردەوام بەدووای چاکسازی و داهێنانی سیاسیدا بووە. گەڕانەوە بۆ بنەما نەتەوەییەکان و دیدگای نوێی بۆ «دیموکراسی و سۆسیالیزم» و وتارە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی «کورتەباسێک دەربارەی سۆسیالیزم»، نموونەی دیاری ئەو بیرمەندەیە کە بە قسەی جۆناتان ڕێندڵ، دیپلۆماتێکی بەهێز و گەورەتر لە سنووری کوردستان بوو. ئەو، چ وەک پێشمەرگە و چ وەک ڕێبەری یەکێک لە دیارترین بزووتنەوەکان، تەنانەت لە دۆخی سەختی شەڕیشدا لە بەرانبەر دوژمنانی خوێنڕێژ، دەستی لە باوەڕە مرۆییەکانی (ئۆمانیستی) هەڵنەگرت. بە خۆشییەوە هەم بەڵگەی نووسراو هەیە و هەم فەرماندەر و پێشمەرگەی سەردەمی خەباتی چەکداری لە ژیاندا ماون کە شاهیدی بدەن، پاش کۆتاییی هەر عەمەڵیات و دەرگیرییەک یەکەم پرسیاری ئەمە بوو “خۆ دیلتان نەکوشتووە؟” ئەم بەپەرۆشبوونە جیا لە هەستێکی ئینسانتەوەر کە پڕ بە پێستی “رەحمان”ی کورد بوو، لە واقعدا ڕەچاوکردنی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ بووە کە لە باری یاساییەوە ڕەچاوکردنی ئەرکی دەوڵەتەکانە، بەڵام قاسملوو بە کراواتی “کراوەیی” و “لێزانینەوە” دەیهەویست خەباتەکەی کە درێژەی “دەوڵەتی کوردستان”ـە لە ئاژاوەی سەربازی و پێشمەرگەکانی لە “مێلیشیای سەرەڕۆ و جامانەلەملانی ژیاندۆستی لەگەڵ جینایەتکارانی بەکرێگیراو جیا بکاتەوە.
ئەو دەیهەویست هەمان وتەی فریدریش نیچە جێی بخات کە گوتوویەتی: لە شەڕ لەگەڵ دێوەزمە، هەوڵ بدە خۆت نەبیتە دێوەزمە.”
قاسملوو وەک کەسایەتییەکی جیهانی، هەرگیز لە دیدێکی باڵادەستی تیورییەوە سەیری کۆمەڵگەکەی خۆی نەکرد. پێچەوانەی بەشێک لە ڕۆشنبیرانی ئێرانیی ئورووپادیتوو کە لە فەرهەنگی ڕۆژئاوادا تواونەوە، قاسملوو هەرگیز خۆی نەتواندەوە و خۆی لە کۆمەڵگەکەی بە گەورەتر نەزانی. بەڵکوو بە پابەندبوونی ئەخلاقیی خۆیەوە، دەستی گەلەکەی گرت بۆ تێپەڕاندنی تێنەگەیشتنە سیاسییەکان و داڵانە تاریکەکانی دواکەوتووییی مێژوویی و گەیشتن بە دواوێستگەی مافی دیاریکردنی چارەنووس. بە زمانێکی سادەتر: «جیهانی بیری دەکردەوە و لۆکاڵی کاری دەکرد». ئەم “مەزنمەردە” ڕۆژهەڵاتییە، کە خەونی کوردستانێکی سەربەرزی لە سەردا بوو بۆ ئەوەی لە کێبڕکێی جیهانیدا لە ئاست پێوەرەکانی دیموکراسی و ئازادیدا کەم نەهێنێت.
بە شوێنکەوتنی کۆماری کوردستان و «گوڵی ناو بیابان» قازی محەمەد، کە وەک شێری بیابانی لیبیا، عومەر موختار، گیانی خۆی فیدای سەربەرزیی گەلەکەی کرد، لە یەکەم وێنەی ژیانییەوە تا دوایین ساتی لە دیوی ڕاستی مێژوودا وەستا، ئەگەرچی پشکی ئەو لە ژیان، تەنیا ئاوارەیی، هەڕەشە، دوورخستنەوە و لە کۆتاییدا تیرۆرکردنی بوو.
قاسملوو هاواری تەنیای سەردەمی خۆی بوو. لە شەوەزەنگی سەرکوتکەری و سانسۆر و هەڕەشە وەک دەڵێن: «هەق بە دەنگی ئەو بوو و دەبووایە بەرز بووایە.»
لە کۆتاییدا، ئەگەر شێکسپیر پەردەی کۆتاییی ئەم شانۆ تراژیدییەی «خوێنی گفتوگۆ» لە ئێوارەی ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ لە شاری “ڤییەن”، پایتەختی مۆسیقای کلاسیکی جیهان بە ڕۆڵگێڕانی قاسملوو و بکوژانی بنووسێتەوە و بپرسێ: «شەڕ یان ئاشتی، کێشەکە ئەمەیە!» بێگومان قاسملوو لە لای ڕاستی مێژوودا و لەپشت مێزی دیالۆگەوە وەڵامەکەی هەمیشە ئاشتییە، نامەکەی شکۆی مرۆییە و دیارییەکەیشی “حەیرانی” ئازادییە.
بەڵێ قاسملوو بەم شێوەیە ژیا…
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
لەیلاخ،عەلی (٢٠٢٦): سۆسیالیستی فەرنجیپۆش. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]
مرۆڤێک بە پێوە
مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێڕەش»ی بێناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]







