دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
زاهیر محەمەدی
هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر بە بای وادا دەتوێنەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە مرۆڤ، بیرەوەری و نیشتمانە.
تیرۆری دکتۆر قاسملوو لە ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، یەکێکە لەو ڕووداوانە. ئەو گوللانەی لە ڤیەن تەقێنران، تەنیا گیانی سەرکردەیەکی سیاسییان نەسەند، بەڵکو گەلێک دڵیان هەژاند؛ تەنانەت دڵی ئەوانەش کە ساڵانێک بوو زیز بوون. ئەوەی دەیخوێننەوە گێڕانەوەی چیرۆکی تیرۆری دکتۆر قاسملووە لە زمانی پیاوێکەوە کە لەمێژبوو سەنگەری گواستبۆوە، بەڵام لە نیوەشەوی ١٣ی تەممووز کاتێک هەواڵەکەی بیست، تا بەیانی لەگەڵ هاوڕێکانی بۆی گریا.
سیراجی؛ لە هۆڵەکانی زانکۆی تارانەوە بەرەو سەنگەرەکانی شۆڕش
حەمەدەمینی سیراجی (١٩٣٤–٢٠١٠) لەو نەوەیە بوو کە بە خوێندن و بیرکردنەوە هاتنە ناو خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان. لە سەرەتای دەیەی ١٩٦٠دا لە یەکەم دەستەی ئەو خوێندکارە کوردانە بوون کە ڕوویان کردە زانکۆی تاران و هەر زوو یەکیەتیی خوێندکارانی کوردستانیان دامەزراند؛ ڕێکخراوێک کە دواتر کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پانتایی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا. کاتێک یەکیەتییەکە بەسەر دوو باڵی چەپ و ڕاستدا دابەش بوو، سیراجی باڵە چەپەکەی هەڵبژارد و تا دواڕۆژی ژیانی لەسەر هەمان بیروڕای چەپی خۆی مایەوە.
لە نەورۆزی ١٩٦٣دا دوای هێرشێکی دیکەی ساواک بۆ سەر شانەکانی حیزبی دیموکرات، سیراجی زانکۆی بەجێ هێشت و ڕووی کردە باشووری کوردستان و لە بنکەی «سونێ»ی حیزبدا دەستی بە خەباتی پێشمەرگایەتی کرد. سێ ساڵ دواتر، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی «کۆمیتەی ئینقلابی» کە لاپەڕەیەکی زێڕینە لە خەباتی هەشتا ساڵەی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا. دوای هەڵوەشانەوەی کۆمیتەی ئینقلابی و شەهیدبوونی پێشەنگەکانی، سیراجی تاکەکەسی دیاری کۆمیتەکە بوو کە لەو کارەساتە قورسە ڕزگاری بوو. سیراجی لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠ لەگەڵ دکتۆر قاسملوو لە هەستانەوەی حیزبدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا و بوو بە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب.
جیاکردنەوەی ڕێگاکان
بەڵام مێژووی خەبات هەمیشە مێژووی هاوڕێیەتی و هاوبیری نییە؛ پڕە لە ململانێ و دابڕانیش. پاش کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دیموکرات (١٩٨١)، ناکۆکییەکانی ناوخۆی حیزبی دیموکرات تەقینەوە؛ سیراجی و ژمارەیەک لە هاوبیرانی لە حیزب جیابوونەوە و بە ناوی «پێڕەوانی کۆنگرەی چوار» ڕێگایەکی جیاوازیان هەڵبژارد.
لەو ساتەوە، دوو هاوڕێی کۆن کەوتنە دوو بەرەی تەواو دژبەیەک. جگە لەوەی پێنووسەکان دژی یەکتریان نووسی، چەکەکانیش بەرامبەر یەکتر ڕاوەستان و کەلێنێکی گەورەی سیاسی کەوتە نێوان هاوڕێکان. بەڵام ڕۆژگار هەمیشە پرسیاری قورستر لە مرۆڤ دەکات.
شەوێک کە «بۆن» گریا: داڕمانی کەڵەکی جیاوازییەکان لە هۆتێلی غەریبیدا
نیوەشەوی ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩ لە هۆتێلێک لە شاری بۆن، سیراجی میوانی ژمارەیەک لە هاوڕێ کۆنەکانی بوو و لە ژوورێکی دیکەی هۆتێلەکەدا پاڵی دابووەوە کە هەواڵی تیرۆری دکتۆر قاسملووی بیست. بە بیستنی هەواڵەکە خێرا خۆی گەیاندە ژووری هاوڕێکانی و هەواڵەکەی بۆ گێڕانەوە: «دەڵێن دکتۆر شەهید کراوە». ئەو پیاوەی ساڵانێک بوو لە قاسملوو و ڕێبازە سیاسییەکەی زیز بوو، بە کوڵ بۆی گریا.
ئەو پۆلە هاوڕێیە بە گریان و بە گێڕانەوە شەویان ڕۆژ کردەوە. ئەو شەوە، «بۆن» تەنیا شاری بۆن نەبوو؛ بوو بە شوێنی ئاشتەواییی هاوڕێکان لەگەڵ ڕابردووشدا.
هاواری پێنووس لەسەر لاپەڕەی «هاوار»
چوار مانگ پاش ئەو ڕووداوە، سیراجی کە نەیدەتوانی لە هەمبەر ئەو کۆستە گەورەدا بێدەنگ بێت، دەستی دایە پێنووس و وتارێکی لە گۆڤاری «هاوار»ی کوردەواریدا نووسی کە خۆی و چەند هاوڕێیەک دەریان دەکرد. ئامانجی وتارەکە ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی ئێران بوو لە ڕووداوەکەدا کە وای پیشان دەدا «ئەوە نوێنەرەکانی ئێران بوون لەسەر مێزی دانوستان تەقەیان لێ کراوە و هێرشیان کراوەتە سەر».
سیراجی لە وتارەکەدا ئاماژە بەوە دەکا کە تیرۆرەکە هاوکاتە لەگەڵ چلەی مەرگی خومەینی و ڕێک یەک ڕۆژ پێش یادی دووسەدساڵەی ڕووخانی بەندیخانەی باستیل و سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسا ڕووی داوە کە هەڵگری گەلێک پەیامە. سیراجی بەو پێشەکییە پڕمانایە ئەوەی ڕاگەیاند کە چۆن لەو ڕۆژەدا کە جیهان بەرەو پیری دووسەد ساڵەی ئازادی و سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا دەچێ، لە ڤیەنی نەمسا، دیواری هیوای کوردیان بە گوللە دادڕی.
ویژدانی نوستووی جیهان
سیراجی لە درێژەی وتارەکەدا دەچێتە ناو قووڵایی لایەنە ڕەوشتی و مرۆییەکانی ئەم کارەساتە و بە ڕووداوێکی دڵتەزێن و ناجوامێرانەی دادەنێ کە تەنانەت لەگەڵ دابونەریتی خێڵەکیشدا نایەتەوە. لە کولتووری خێڵ و هۆزەکاندا، کاتێک کەسێک بۆ وتووێژ بانگهێشت دەکرێ، خوێنی حەرامە و گیانی پارێزراوە. بەڵام لە ڤیەن، ئێران دەستی بە خوێنی ئەوانە سوور بوو کە بە پێی خۆیان و بە ئاڵای سپیی ئاشتییەوە هاتبوون.
سیراجی پاشان قامچی ڕەخنەی خۆی لە جەستەی بێگیانی ڕای گشتیی جیهان و دەوڵەتان دەدا کە مافی مرۆڤ لای ئەوان تەنیا بانگەشەیەکە و هیچی تر. بە زمانێکی توند و زبر دەنووسێ جیهان چۆن لە بەرامبەر ئەم جینایەتە ئاشکرایەدا کە بە ڕۆژی ڕووناک و لەسەر مێزی وتووێژ کراوە، بێدەنگە؟ و ئاماژە بە پێوەرە دووفاقییە دەکات کە چۆن ڕفاندنی مەلایەکی شیعە لە باشووری لوبنان دەبێتە بنێشتەخۆشکەی میدیاکانی جیهان، بەڵام تیرۆری ناجوامێرانەی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، کە بە ڕای ناوبراو هێشتا یەکەم حیزبی کوردستانە، لە ناو گێژاو و گێژەڵووکەی بەرژەوەندیی دەوڵەتان و هێزە گەورەکانی جیهاندا بزر دەبێت. لە ڕوانگەی سیراجییەوە، مەحکوومکردنی ئەو تاوانە گەورەیە ئەرکی گشت ئەو دەوڵەت، حیزب و لایەنە سیاسییانەیە کە باسی مافی مرۆڤ و نەتەوە ژێردەستەکان دەکەن.
قاسملوو لە ئاوێنەی حەقیقەتدا: کاروانێک کە ناوەستێت
لە بەشەکانی کۆتایی وتارەکەدا، سیراجی پێناسەی کەسایەتیی هاوڕێی دێرینی دەکات. سیراجی قاسملوو بە تێکۆشەرێکی لەمێژینە، سیاسەتمەدارێکی شارەزا و مامۆستای پێشووی زانکۆکانی بەغدا، پراگ و سۆربۆن دەناسێنێت. پیاوێک کە لە ١٨ ساڵی قورسیی خەباتی حیزبی دیموکراتدا، پێشەنگ و سکرتێری حیزب بووە. بەڵام پێنووسی سیراجی وتارەکە لە ڕەشبینیدا جێ ناهێڵێت؛ ئەو لە لووتکەی شینگیڕییەکەدا، بە هیوای داهاتوو دەنووسێ:
«کوشتنی قاسملوو و تێکۆشەرانی دیکە، ڕەوڕەوەی خەباتی کورد ناوەستێنێ. کاروانی ماندوویینەناسی ئەم خەباتە، وێڕای گشت ئاستەنگەکان و شەوەزەنگی تاریکی دیکتاتۆری، بەرەو بەیانی ئازادی دەڕوا.»
ئەو وشانە تەنیا شینگیڕی نەبوون؛ بەڵگەیەک بوون بۆ ئەوەی کە تێکۆشەری ڕاستەقینە، لە کاتی کارەساتدا، لەسەر بنەمای ویژدان قسە دەکات، نەک لەسەر بنەمای ڕکابەری. شەوی «بۆن» نیشانی دا کە ئەسرینی بەکوڵ بەڵگەن لەسەر ڕاستیی مێژوو. ئەسرینەکانی سیراجی تەنها بۆ هاوڕێیەکی شەهید نەبوو؛ بۆ نەوەیەک بوو کە پێکەوە خەباتیان کرد، جیابوونەوە و لە کۆتاییدا لەبەردەم کارەساتێکی گەورەدا، هەموو جیاوازییەکان لەبەردەم نیشتماندا کاڵ بوونەوە.
ئەم وتارە لەسەر بنەمای گێڕانەوە و بیرەوەریی کاک حوسێنی بەخشی لە ئەڵمان دارێژراوە. بەڕێزیان گەورەیی کرد و ژمارەکانی گۆڤاری «هاوار»ی کوردەواری بۆ ناردم کە کاتی خۆی لەگەڵ کاک حەمەدەمین و هاوڕێکانی لە تاراوگە دەریان کردووە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
محەمەدی، زاهیر(٢٠٢٦): دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]






