بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو
کەماڵ حەسەنپوور
سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش خۆم، پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەگەرچی بەو هۆیەکە لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەردا گەورە ببووم، ڕقم لە ساواکی، ئەڕتەشی، ژاندارم و پاسەبانان بوو، بەڵام بە هۆی سیستەمی پەروەردەی ئێران و سیاسەتی ئاسیمیلە کردنی کورد و نەتەوەکانی نافارس، گۆرانیبێژی دڵخوازم حومەیڕا، هایدە، ئیرەج، گۆلپا و ئەکتەری وەک فەردین، ناسر مەلەک موتیعی، بێهروز وسووقی و وەرزشوانی وەک ناسر حیجازی و عەلی پەروین و ئەو جۆرە کەسانە بوو.
کاتێک یەکەم خۆپیشاندانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە شارەکەمان دەستی پێکرد، من تەمەنم ١٦ ساڵ بوو و لەگەڵ بەشداریی لەو خۆپیشاندانەدا، لە هەموو خۆپیشاندانەکانی دواتریشدا بەشدار بووم. کاتێک شۆڕش لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ سەر کەوت، ئەگەرچی لە شۆڕشدا بەشدار بووم و ئاواتم ئازادی و دێموکڕاسی بوو، بەڵام هێشتا ڕێبازێکی سیاسی تایبەتم هەڵنەبژاردبوو، بەڵام کەسایەتییە هونەری و وەرزیشییەکانی پێشوو کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا، جێگای خۆیان دا بە تاهیر تۆفیق، محەممەد جەزا، هۆمەر دزەیی، شوان پەروەر، مەلا ئاوارە، سمایل شەریفزادە تاد. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێم لەناو هاپۆلەکانمدا ئیواش هەبوون کە قارەمانەکانیان ئەنوەر خۆجەی ئاڵبانی، ویکتۆر خارای شیلیایی و چیگێڤارای ئارژانتینی بوو.
سەردەمێکی سەیر بوو. باسی نێوان لاوان و تەنانەت بەشیکی بەرچاو لە گەورەساڵان لە پرسی ئاساییەوە بۆ مشتومڕی سیاسی گۆڕدرا. هەر کەسەو لایەنگری ڕێبازێکی دیاریکراوی فکری و سیاسی بوو. مشتومڕەکان هێندە بێ تام و زێدەڕۆیانە بوون کە لە بیرمە لە قاوەخانەی برایمی وەحدەت کە لە نزیک خوێندنگەکەمان بوو، تابڵۆیەک هەڵواسرابوو کە لە سەری نووسرابوو، “بحث سیاسی ممنوع!”
لەگەڵ دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای حیزبی دێموکڕات، بوومە ئەندامی “سازمانی جەوانان” کە دواتر بوو بە یەکیەتی لاوان. بۆ من ساڵی ٥٨ خۆشترین ساڵی ژیانم بوو. کاتێک کە خەڵک ئازاد، دڵخۆش و پڕ لە هیوا بوون. زۆر چاکم لەبیرە، هاتووچۆی مەقەڕی حیزبم دەکرد کە لە نزیک شیخ مەولانا بوو. ڕادیۆ مەهاباد شانۆیەکی بڵاو دەکردەوە کە ناوەکەیم لەبیر نەماوە، بەڵام لەبارەی هەستی نیشتمانپەروەری و چالاکی سیاسی لە سەردەمی پاشایەتی دابوو. لەبیرمە هەموو جارێ کە بڵاو دەکراوە، لە پەنا ڕادیۆ لەگەڵ گوێڕاگرتن، شانۆیەکەم دەنووسییەوە. هۆیەکەی ئەوە بوو کە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی سازمانی جەوانان ساغ ببووینەوە شانۆیەکە لە سەردەشت پێشکەش بکەین. بەڵام بە هۆی شەڕی سەپێنراو لە لایەن دەوڵەتەوە قەت جێبەجێ نەکرا.
زۆری نەخایاند، ڕووداوەکانی خوزستان، تورکەمەن سەحرا و پاشان مەریوان و سنە، هیوا و دڵخۆشی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی لەناو برد. ئەگەرچی سەردەشت ساڵێک دواتر لە لایەن دەوڵەتەوە داگیر کرایەوە، بەڵام چڕتر بوونەوەی پێکدادانەکانی کوردان و هێزەکانی دەوڵەت لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان، هیوای خەڵکی بە چارەسەر کرانی پرسی ئازادی و دێموکڕاسی کەمتر کردبۆوە.
لەبیرمە ئێمەی لاو ڕەخنەمان لە کاربەدەستانی کۆمیتەی حیزب لە سەردەشت ئەوەبوو کە لەجیات گێڕانی دەوری دادگا و چارەسەر کردنی شەڕو کێشەی هاووڵاتیان لەسەر میرات، مڵک و ماڵ و ژن هەڵگرتن، دەورەی سیاسی بۆ ئێمەی لاو دانێن، بەڵام داواکانمان قەت جێبەجێ نەکران.
هاوینی ٥٨ بۆ یەکەم جار چاوم بە دوکتور قاسملوو کەوت. چاوپێکەوتنەکە بە هەڵکەوت بوو. من و حەسەنی هەڤاڵم لە نزیک سینەمای سەردەشت بووین کاتێک مینە بێتووشی بە بڵیندگۆ دەستییەکەی هاواری کرد: دوکتور قاسملوو قەرارە وتارێک لە پارکی شار پێشکەش بکات.
سینەما لە پارکی شار گەلێک نزیک بوو، بۆیە چووین بۆ پارک. وردە وردە خەڵک کۆ بوونەوە و زۆری پێ نەچوو دوکتور قاسملوو هات و قسەکانی پێشکەش کردن. وێدەچوو ئەو وتار پێشکەش کردنە بە بێ بەرنامە و لەناکاو ڕاگەیەندرابێ، چونکە پێشتر هیچ زانیارییەک بڵاو نەکرابۆوە و تەنانەت نەشمدەزانی دوکتور قاسملوو لە سەردەشتە. ئەو خەڵکەی هاتبوون گوێ لە دوکتور قاسملوو بگرن وێدەچوو هەر ئەو کەسانە بن کە لە دەورەبەری پارکەکە بووبن، چونکە ڕێژەی بەشداران نەدەگەیشتە ١٠٠ کەس.
دیارە ڕووداوەکە هێندە کۆنە کە من هەموو قسەکانی دوکتور قاسملووم لەبیر نەماوە، بەڵام کاکڵەی قسەکانی ئەوە بوو کە ئێمەی کورد هەموو هەوڵی خۆمان داوە خۆ لە شەڕ ببوێرین و بە هەموو جۆر داواکانمان بە گوێی کاربەدەستانی دەوڵەت و تەنانەت ئایەتوڵڵا خومەینی گەیاندووە، بەڵام وا دیارە دەوڵەت ساغ بووەتەوە کە وەڵامی داخوازییەکانی کوردان بە شەڕ و خوێنڕێژیی بداتەوە. ئێستا کورد هیچ رێگا چارەیەکی بێجگە لە بەرگریی لە خۆی بۆ نەماوە، بۆیە دوکتور قاسملوو داوای لە خەڵکەکە کرد یان ببنە پێشمەرگە یان ئەگەر نابنە پێشمەرگە، ئەو چەکانەی هەیانە بدەن بە حیزب تا پێشمەرگە بتوانێ کەڵکیان لێ وەرگرێ.
لە کۆتایی قسەکانی دوکتوور قاسملوودا، کاک قاسم … دەستی کرد بە دروشمدان. لە کاتێکدا کە باسکی ڕاستی بەرز کردبووەوە و پەنجەکانی کردبووە مستێکی قایم، هاواری دەکرد:
- کوردستان، کوردستان، هەستە جەنگەی خەباتە — خەبات و تێکۆشانت تەنیا ڕێگای نەجاتە
ئێمەی بەشدارانیش بە هەموو هێز و تاوانامانەوە دروشمەکەمان دووپات دەکردەوە.
چەند چرکە دواتر دوکتور قاسملوو شوێنەکەی بەجێهێشت.
شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی کوردان چڕتر بووەوە و کاتێک پێشمەرگە لەناو شاری سەردەشت بوون و دەیانهەویست پادگانی شار بگرن، ڕۆژێکیان لە بڵیندگۆی مزگەوتی عەجەمان، حاجی ئەحمەدی سۆفی کەریمی ( کە کاتێک ئێمە خۆپیشاندانمان دژی ڕێژیمی پاشایەتی دەکرد دژی ئێمە بوو و دەیگوت: “ئەوە دەوڵەتە، ڕاوەستن! قوڕقوشمی تواوەتان بە گەروودا دەکات. بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش بووە لایەنگری خومەینی!!!!) هاواری کرد: خەڵکی سەردەشت، دەوڵەت بڕیاری داوە شار بۆمباران بکات، بۆیە بۆ پاراستنی خۆتان وەرن بۆ مزگەوتی پادگان (هەمان مزگەوتی عەجەمان). ئێمە و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی شار، لەجیات چوون بۆ مزگەوتی عەجەمان، شارمان چۆل کرد.
زۆری پێنەچوو و دۆخەکە هێور بۆوە و لە شەوێکی خەزەڵوەری ئەوساڵی، خومەینی پەیامە بەناوبانگەکەی بڵاو کردەوە کە بووە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی سێ مانگە.
بە هەڵکەوت ڕێگام کەوتە مەهاباد و دروست ئەو ڕۆژەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی لەو شارە پێکهاتبوو، جارێکی دیکە دوکتور قاسملووم دیتەوە. ئەوجار دوورتر و لە بەرزاییەکەوە وتاری پێشکەش کرد. وتارە بەناوبانگەکەی کە لەویدا فەرمووی ئێمە بە بانگەوازی ئیمام خومەینی لەبەیک دەڵێین (واتە وتارەکەی سەر ڕادیۆ کە خومەینی لەبارەی کوردستان بڵاوی کردبووەوە و بووە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕی سێ مانگە).
ئەمجارەش بە وردی نازانم دوکتور قاسملوو چی گوت، بەڵام ئاپۆڕای بەشدارانی کۆبوونەوەکە هەموویان گەشبین و هیوادار بوون کە ئەوجار ئیتر ئێمە بە مافەکانمان دەگەین. شتێکی لەو کۆبوونەوەیە لەبیرم ماوە ئەوەیە کە لە ناوبڕی ڕێوڕەسمەکەدا پێشمەرگەیەکی دەنگخۆش سروودێکی شۆڕشگێڕانەی پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا پێشکەشکاری بەرنامەکە بانگی پێشمەرگەکەی کرد و داوای لێ کرد خۆی بناسێنێ. زۆر چاکم لەبیرە گوتی: فەتاحی حاجی کەریمی خۆراسانێ.
ئەوە تەنیا ئەو دوو جارە بوو کە من چاوم بە دوکتور قاسملوو بکەوێ. ئەوکاتی بۆ لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵ ئەو دوو ڕووداوە گەلێک خۆش بوون. ئێستا دوای تێپەڕ بوونی دەیان ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوانەدا دەتوانم بڵێم، لە چاوپێکەوتنی یەکەم دا رێبەرێک قسەی کرد کە دەیزانی دەوڵەت سوورە لەسەر شەڕفرۆشتن و داسەپاندنی شەڕێکی نەخوازراو. ئەو وەک ڕێبەرێکی بە بیر و باوەڕ هەوڵی دا ورە بداتە گوێگرانی و باسی گرینگی بەرگریی لە کوردستانی کرد. پەیامەکەی ئەوە بوو، دەوڵەت شەڕمان پێدەفرۆشێت، ئێمە بەرگریی لە خۆمان دەکەین، جا ئێوەش یان وەرن ببنە پێشمەرگە یان چەکەکانتان بدەن بە پێشمەرگە.
لە ڕووداوی دووهەمدا، لە کاتێکدا کە ئاپۆڕای خەڵک پڕ لە هیوا و چاوەڕوانی وەدیهاتنی ئاواتی لەمێژینەی کوردان بوون، پەیامی دوکتور قاسملوو سیاسی و پڕ لە ئامۆژگاریی بوون. بەشیک لە قسەکان ڕوو بە خەڵکی کوردستان بوو، و بەشەکەی دیکەش ڕوو بە دەسەڵاتداران لە تاران.
دوای تێپەڕ بوونی ٤٧ ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی ئەو کاتیەوە و بە پێداچوونەوە بە کارنامەی ساڵەکانی دواتری دوکتور قاسملوو، دەتوانم بڵێم کە بەڕێزیان هەموو هەوڵی خۆیان دا تا کوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بێت، بێ ئەوەی لە داوا ڕەواکانی گەلەکەمان بۆ مافەکانی پاشەکشە بکات. ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕێبەرێکی لێهاتوویە و ئەوە یەکێک لە ڕەمزەکانی خۆشەویست بوونی ئەو شەهیدە لە لایەن نەوە دوای نەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتە. یاد و ناوی هەر دەم لە دڵاندا زیندوویە و ڕێگای خەباتی تا وەدیهاتنی ئاواتەکانی بەردەوام دەبێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
حەسەنپوور، کەماڵ(٢٠٢٦): بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]






