سیاسەت وەک هونەری مومکین یان هونەری ئیرادە

کەیهان یووسفی

سیاسەت وەک هونەری مومکین یان هونەری ئیرادە

یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی خەباتی ئێمەی کورد دژ بە هێزی داگیرکاریی کوردستان، ئەولەوییەتدان بە برایەتی و یەکسانی لەگەڵ ئەوانی دی (نەتەوەی داگیرکەر) لەبری ڕزگاریی نەتەوەیی و دروستکردنی کیانێکی کوردی بووە. ئەم ئامانجە لە تێڕوانینی مرۆیی و ئەخلاقییەوە شایانی ڕێزە، بەڵام ئەگەر خەبات و شۆڕش بە واتای دەستکەوت و گەیشتن بە ئامانج و خواستەکان پێناسە بکەین، دەکرێت تێبینییەکی (ئیرادێکی) سەرەکی یان هۆکارێکی بنەڕەتیی شکست یان بەئاکام نەگەیشتنی هەموو لەخۆبردەیی خەباتی ئێمە بێت.

بەردەوام ڕەنگە ئەم وتەیەمان لە ڕێبەر و سیاسییەکانی کورد و تەنانەت بیانیش بیستبێت کە سیاسەت “هونەری مومکینە”. پەیڕەوکردنی ئەم ئەسڵە، کایەکردن یان خەباتە لەسەر بنەمای مومکیناتی مەوجود لە بەستێن و چوارچێوەی واقیعی سیاسییدا، کە بەرەنجامەکەی دەبێتە چاوپۆشی یان پشتگوێخستنی خەون و ئامانجەکان، یان بە وتەیەکی دیکە، هەقیقەتی ئەو خەباتەی خوێنی بۆ دراوە (دەربازبوون لە داگیرکاریی).

هەقیقەتی خەباتی ئێمە، واتە وەدیهێنانی ئەو شتەی ناوی “نامومکین”ی لێنراوە؛ واتە ڕزگاربوونی زەینی و خاکی کورد لە داگیرکاریی. ئایدیای داگیرکاریی لە کوردستان، خۆی وەک ئەمری بەرهەست و هەتایی کە ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایەت پێناسە دەکات. نەتەوەیەکی داگیرکراو هیچ ڕۆڵێکی ئافرێنەری لە خولقاندنی واقیعە سیاسییە داسەپاوەکاندا نەبووە، بێجگە لە ڕۆڵی قوربانی و سووتەمەنی، هەر بۆیەش هەر چەشنە کایە و مامەڵەیەک لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر بتوانێت هەندێک لە ئازاری کوردستان و کورد کەم بکاتەوە، ناتوانێت زامەکە بە تەواوی دەرمان بکات.

تاکی خەباتکار و سیاسیی کورد، لە نێوان مەیل بۆ دەسەڵات و ئازادی، کەمتر لایەنی دەسەڵاتی وەک خواستێکی سەرەکی لەبەرچاو گرتووە. داهاتووی نەخشەڕێگای سیاسیی کورد بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیمی زاڵ، دابەشکردنی دەسەڵات بووە لەگەڵ ئەوانی دی (نەتەوەی داگیرکەر) بە مەبەستی دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ خۆی؛ ستراتیژییەک کە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە و لە داهاتووشدا نابێت، چونکە ئەم گوتار و تێڕوانینە لە دەرەوەی یاسای ئەو گۆڕەپانەیە کە کایەی تێدا دەکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا یەک لۆژیک بوونی هەیە، ئەویش هێزە.

هێنری کیسینجەر لە پەرتووکی “ڕێبەری” (Leadership) باسی ستایلی ڕێبەریی چارڵز دێگۆلی سەرۆککۆماری پێشووتری فەڕەنسا دەکات. کاتێک دێگۆل ساڵی ١٩٤٠ وەک ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەو کاتی فەڕەنسا، دژ بە قبووڵکردنی ئاگربەست لەلایەن دەوڵەتی فەڕەنساوە لەگەڵ هێتلەردا ڕوو لە بەریتانیا دەکات، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە ئەفسەرە فەڕەنسییەکان دەکات پەیوەست بن بەو بۆ بەردەوامبوونی بزووتنەوەی بەرخۆدان دژی نازیسم کە دواییش سەرکەوتوو دەبێت.

ئەو کاتە کەس بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە نایەت، بەڵام چێرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئەم ئیرادەیەی ژەنراڵ بە هەند وەردەگرێت و دەڵێت: “پشتگیریت دەکەین بە مەرجێک لەژێر چوارچێوە و ئیرادەی بەریتانیا و هاوپەیماناندا بیت”. دێگۆل کە لەو کاتەدا بە تەنیا خۆی بوو، چوارچێوەی هاوپەیمانان قبووڵ دەکات بە مەرجێک خاوەنی مافی سەربەخۆیی بڕیاردانی کردەیی (عەمەلیاتی) بێت.

کیسینجەر دەڵێت: “ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە وڵاتانی دیکەی وەک هۆڵەندا و بەلجیکا داوای ئەو مافەشیان نەکردبوو و گوێڕایەڵی بەریتانیا بوون”. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دێگۆل سیاسەتی بە “هونەری ئیرادە” دەزانی نەک “هونەری مومکین”. هەر بۆیە نەیدەویست لەسەر ئیرادەی خۆی بۆ واقیعێکی داسەپێنراو سازش بکات و پێی وابوو تەنیا بە مەرجێک فەڕەنسا دەتوانێت ڕۆحی مەعنەویی خۆی بنیات بنێتەوە کە لەگەڵ براوەکانی شەڕدا بێت.

ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانی داگیرکراو دەبینرێت، پێناسەی سیاسەتە وەک “هونەری ئیرادە” (پەیڕەوکردنی ئیرادەی سەرکوت – لایەنی ڕەشی ئیرادە) لەلایەن داگیرکەرانەوە بە مەبەستی ملکەچکردنی کورد بۆ خواستەکانیان. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم بابەتە لە باکووری کوردستان دەبینرێت کە تورک باسی پرۆسەی بنبڕکردنی تیرۆر دەکات لەپێناو تورکیایەکی بەهێز، بەڵام لەم لاوە کورد وەک کەوێک سەری لەژێر بەفر نابێت و جیا لە خەیاڵی خۆی هیچی تر نەبینێت، بە پرۆسەی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناوی دەبات.

لە ڕۆژاوای کوردستان، تراژیدیای دیسکۆرسی شۆڕشی “برایەتیی گەلان” باس لە نەبوونی سەربەخۆیی بڕیاردانێک دەکات کە دێگۆل بە “هونەری ئیرادە” ناوی دەبرد. کاتێک هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا لە ڕۆژاوا بەرەنجامەکەی بوو بە ملکەچی بۆ خواستەکانی ئەمریکا، چونکە لە سەرەتای ئەم دۆسیەیەدا، کورد و بەتایبەت هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، لەبری پێکهێنانی هێز و کیانێکی کوردی و لەبری هاوبەشکردنی هەموو کوردەکان لە پرۆسەی سیاسی و سەربازیی ڕۆژاوادا، بەدوای دیموکراتیزەکردنی زەینی داگیرکەر و دروستکردنی جیهانێکی وەهمی لەژێر ناوی “کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بۆ گەلان” بوون نەک کوردستان، بەرەنجامەکەشی دوای یازدە ساڵ بووە ئەوەی کە بینیمان.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیاردەی کۆڕی شا و پاشایەتیخوازەکان باس لەم چەشنە تێروانینە بۆ سیاسەت دەکات. ئەوان سیاسەت وەک هونەری ئیرادە، یان ڕوونتر “سەپاندنی ئیرادەی خۆیان” پێناسە دەکەن؛ نەخشەڕێگەیەک بۆ پاراستنی هەژموونی فارس و بێبەشکردنی مافی نەتەوەکانی دیکە و لەوانە کورد، کە لە ناوەڕۆکی بابەتەکەدا زۆرینەی زۆری فارس لەسەری هاوڕان.

لەلایەکی دیکەوە کورد باسی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک بۆ ئێران دەکات. ئەم ئێرانەی کە لەلایەن فارسەوە داتاشراوە، خۆی واقیعێکی داسەپاو و بەرەنجامی مەیلی بەدەسەڵاتبوونی ئیرادەی فارسە. دیموکراتیزەکردن یان نامەرکەزییەت (دێسانترالیزە)کردنی دەسەڵات، ناتوانێت زامی داگیرکاریی کوردستان دەرمان بکات، چونکە مەحاڵە فارس ئەمە قبووڵ بکات، واتە مل بۆ دیموکراسی و یەکسانیی مافی نەتەوەکان بدات. سیاسەت لای ئێمە دەبێت مافی “نامومکینەکان” بێت، دەبێت هونەری ئیرادە بێت بۆ تێکڕووخانی واقیعی دروستکراوی ئەوان. ئەمەش وەدیهاتنی ئەو هەقیقەتەیە کە کورد یەکەم جار بۆی ڕاپەڕی؛ واتە بنیاتنانی دەسەڵات و کیانێکی کوردستانی.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

یووسفی، کەیهان(٢٠٢٦):سیاسەت وەک هونەری مومکین یان هونەری ئیرادە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • پیسبوونی ئاو قەیرانێکی شاراوە، مەترسییەکی ئاشکرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نووسینی داود ڕەسووڵی

پیسبوونی ئاو؛ قەیرانێکی شاراوە، مەترسییەکی ئاشکرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ی کوردی ڕەسووڵی، داود (٢٠٢٥): پیسبوونی ئاو؛ قەیرانێکی شاراوە، مەترسییەکی ئاشکرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]

دەمجی ‘نادیموکراتیک’ی هێزی هەسەدە لە سوریای ‘دەوڵەتی قانوون و هاووڵاتیبوون’دا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥): دەمجی 'نادیموکراتیک'ی هێزی هەسەدە لە سوریای 'دەوڵەتی قانوون و هاووڵاتیبوون'دا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی [...]

لوبنان و یەمەن و ئێران پاش غەزە

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی ئەلڕاشد، عەبدولڕەحمان (٢٠٢٤): لوبنان و یەمەن و ئێران پاش غەزە. و: هێرش پاڵانی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی [...]

جیهانێک لە وێرانە، بەڵام ئەدەب بەرگەی دەگرێت

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی قارەمانی،حەسەن (٢٠٢٥):جیهانێک لە وێرانە، بەڵام ئەدەب بەرگەی دەگرێت. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]

زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی کوردی  سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥): زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا  بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]

ایرانیت به مثابه پروژه هویت‌زدایی: نقدی بر سازوکارهای فرهنگی و سیاسی استیلاطلبی

نظرات به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - تیشک در بلاگ ژیانەوە منتشر شده است: ١٠/٠٨/٢٠٢٥ اسماعیل پور، سلام (٢٠٢٥): ایرانیت به مثابه پروژه هویت‌زدایی: نقدی بر سازوکارهای فرهنگی و سیاسی استیلاطلبی. بلاگ [...]