لایەنگریی بێمەرج

مەسعوود بابایی

نەمویست ناونیشانی بابەتەکە بریندارکەر بێت؛ هەربۆیە ناونیشانی بابەتەکەم هێمن و هێور داڕشت. ئەگینا مەبەستم لایەنگریکردنی ڕۆحی کۆیلە یان لایەنگریی ڕۆحی نمەکگیرە!

کاتێک کە لەبەر نانخواردن لەسەر نانی کوێخایەک، لە تیروتوانجەکەی چاوپۆشی دەکەی، تووشی نمەکگیری بووی. ئەگەر نمەکگیرییەک شەرەفمەندی و کەرامەتت بڕووشێنێت، باشترین چارە بێ نمەکییە!

ئەم ڕەوشە بۆ سیاسەتیش دێتە پێشەوە. کەسانێک لەبەر چاکەیەک لە ڕابردوودا ئامادەن لایەنگریی کۆیلانە بکەن، یان ئاووخاکی خۆیان بخەنە بەرپێی داگیرکەر گوایە دەیانهەوێت چاکەیەک بدەنەوە؛ تەنانەت ئەگەر ئەو چاکەیەش هەندە گەورە بێت کە نەتوانین لەژێر منەتی ڕزگار ببین، مادام زیانی منەتەکە نەک خۆمان بەڵکو کۆمەڵگەیەکیش گیرۆدە بکات، بێ نمەکی و بێ ئەمەکی لەبەرانبەریدا دەتوانێت ڕزگارمان بکات. چونکە چاکەیەک کە ئامانجەکەی باجوەرگرتن بێت، خراپەیە نەک چاکە!

ئەم پەتایە لای هەندێ سیاسیی باشووری کوردستان هەندە تۆخ بووەتەوە کە کابرای خستووەتە کۆشی دوژمنەوە!

ڕەوشتی سیاسی، ڕەوشتی تاکەکی(فردی) نییە؛ ڕەوشتی سیاسی ڕەوشتی پێگەیە، پێگەی سیاسی پێگەیەکی پێدراوی زنجیرەپلەییە کە پێمان سپێردراوە و سەرچاوەیەکی ڕەوایی کە لەوانی دیکەوە وەرمانگرتووە و کەس یان کەسان یان کۆمەڵگەیەک کە ئەو پێگەیەیان پێبەخشیوین، هەر ئەوانن کە دەتوانن لێمانی وەربگرنەوە. لەم دۆخەدا “نمەکگیری” هیچ مانایەکی نییە و ئەگەر لێی قوتار نەبین بە خیانەتی سیاسی  تۆمەتبار دەکرێین.

من لەو کەسانە نادوێم کە داردەستن یان دۆسیەیان لای داگیرکەرە و ناوێرن “نەخێر”ی پێ بڵێن!

مەبەستم ئەو کەسانەیە کە چاکەیەک لایان بووەتە گرێیەکی دەروونی و ڕەوشتی ئاغەواتییان وای لێکردوون ئەمەکناسی بێدەروەست بن! بۆ نموونە چاکەیەک کە “تورکیا” و “ئێران” بەڕێکەوت یان لەبەر بەرژەوەندی لەگەڵ ئێمەیان کردووە، دەبێ وەک “بەرژەوەندی” لێی بڕوانین، بەڵام بەداخەوە کەسانێک لە پێگەی سیاسی، ڕۆژنامەنووس، بلاگێر، یوتۆبەر و هتد کە بەشێکی زۆریان ئەو چاکەیەیان لەبەرانبەردا نەکراوە، ئەمەکناسی گێڕانەوەیەکن کە زێدەڕۆییەکی زۆری تێدایە. کرانەوەی سنوورەکان لە کاتی مەرگەساتی هەڵەبجە و کۆڕەو، چاکەیە؛ بەڵام ناتوانین لە پێگەیەکی سیاسیدا وەک چاکەیەکی بێدەروەست لێی بڕوانین، هەرچەند دەبێ لە دیپلۆماسیدا ڕەچاوی بکەین و بۆ گەرموگوڕیی پێوەندییەکان بەکاری بهێنین کە ئەمە کارێکی سیاسییە. بەڵام ئەگەر ئەم چاکەیە ئۆپۆزیسیۆن یان لایەنێکی دیاریکراو دڕدۆنگ و تووڕە بکات و وا بکەوێتەوە کەسی بەرانبەرمان کە هەڵگری گوتاری نەیار یان دوژمنمانە، وەک لایەنگری یان کۆیلەتی یان جاشایەتی لێک دەدرێتەوە و بمانهەوێ یان نا زیان بە پێوەندییە سیاسییەکان دەگەیەنێت. تەنانەت ئەگەر ئەم لایەنگرییەش لە ئاستی قسە و گوتە و پڕوپاگەندا بێت نەک کردەی سیاسی، زیانەکەی بەئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە.

 

  • شەڕی نەرمی ڕاگەیاندن

نواندنی هێز و جوانیی بەها کولتوورییەکان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەمەبەستی کاریگەریدانان لەسەر گەلان و کولتوورەکانی دیکە، ڕەخسێنەری هێزی نەرمە بۆ زاڵێتیی قەوارەیەکی سیاسی کە دەیهەوێت بە کەمترین تێچوو کاریگەرییە کولتووری و سیاسییەکانی تێهەڵکێش بکات. شێوازەکانی کاریگەردانانی کولتووریی دەوڵەتێک لەسەر دەرودراسێیەکانی تەنیا لەپێناو ئاڵوگۆڕی کولتووری نییە، هەرچەند بەڕواڵەت وەها بانگەشەی بۆ دەکرێت. هێشتنەوەی خەڵک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەبەردەم تەلەڤیزیۆنێک کە بەردەوام بە درامای دۆبلاژکراو پەلاماری ماڵەکانمان دەدات، تەنیاوتەنیا نواندن و نواندنەوەی ڕووداوەکانی ژیانی کەس یان چەند کەسێک لە درامایەکدا نییە، بەڵکو گوێزەرەوەی شێوەیەکی ئایدیاڵی ژیانە کە بۆ نێو کۆمەڵگەکانی دیکە دەگوازێتەوە. ئایدیاڵی شێوەی ژیان لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دیکە جیاوازە و ئامانج لە بەئایدیاڵکردنی شێوەی ژیانێک لە کولتوورێکی دیاریکراو، ئاخنینی ئەم ئایدیاڵە یان داپۆشین یان شاردنەوە یان کاڵکردنەوەی ئایدیاڵی ژیانی کولتووری بەرانبەرە. باسکردن لە ئاڵوگۆڕی کولتووری وەک بابەتێکی پەتی و بەدوور لە نیاز و مەبەستە سیاسییەکان ساویلکەییە. وەبەرهێنانی زۆروزەوەند لە بواری زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی و دراما و فیلمی سینەمایی و ڕیکلام بێجگە لەوەی خۆناساندنە بەڵکو لەپاڵ سوود و قازانجی ئابووری، برەودانی بە کولتوورێکە لە خاکی کولتوورێکی دیکەدا. ئەکتەر و پاڵەوانانی دراما و زنجیرە و فیلمەکان خۆشەویست دەبن و دەبن بە قارەمانانی خوازەییی کۆمەڵانی خەڵک، لە ڕیکلامدا دەردەکەون و هەم لە ئابووری و هەم لە ژیانی کولتووریدا کاریگەری لەسەر نەستی مرۆیی دادەنێن و دواجار لایەنگرییەکی ناخوئاگایانە دروست دەکەن.

لە بارودۆخێکدا کە ئێمەی کورد لە بەرهەمهێنانی ئابووری و هونەری و زانستیدا جێ پەنجەیەکی ئەوتۆمان نییە، ڕەوتی باندۆردانان و باندۆروەرگرتنمان هاوتا و هاوسەنگ نییە، لە بارودۆخی نەمانی هاوتایی و هاوسەنگیدا بانگەشە بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری بەکردەوە بێمانایە. ئاڵوگۆڕی کولتووری جۆرێکە لە گفتوگۆ و ڕاوێژ و دەمودوو و سەروساختدان. بەڵام ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕە هاوتا و هاوسەنگ نەبێت، پاشکۆیەتی بەرهەم دەهێنێت.

لە جیهانی وێنەییی دنیای خوازەییدا ئایدیۆلۆژیاکان بە نواندنەوەی بەها ڕەوشتییەکانیان لە بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکاندا، ڕەوایی کردەی سیاسییان لە مێشکی خەڵکدا دەئاخنن. ئامرازی کۆنترۆڵی کۆمەڵانی خەڵک بە هونەری نواندن و نواندنەوە هەوڵ دەدات “ئەوی دیکە” وەک دوژمن بنوێنێت. تێکڕای داگیرکەرانی کوردستان، لە ڕێگەی ورووژاندنی هەستی هاوبەشی موسوڵمانان و بەمۆتەکەکردنی جوولەکە دەیانهەوێت کێشەی کورد لە زەینی تاکی کورددا بسڕنەوە. دروستکردنی ئەم جێگۆڕکێیەی “دوژمن” لە بیروهۆشی مرۆڤی کورددا کارێکی نوێ نییە، بەدرێژایی سەدەکان بە دوژمنی ساختە، دوژمنی سەرەکییان لەبیر بردوینەتەوە. کاریگەریی میدیا گەورە عەرەبی و تورکی و ئێرانییەکان لەم ساڵانەی دواییدا و لاوازیی میدیای کوردی بەزەقی شێوەی ڕوانینی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی چەواشە کردووە؛ بە جۆرێک کە هەندێ جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بێ ئەوەی بزانن دەکەونە دژایەتیی چالاکان و شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان. لاوازیی ڕۆشنگەریی میدیای باشووری کوردستان و کەڵکئاوەژوو لە ئازادیی ڕادەربڕین ئەگەر لە سیاسەتێکی ڕاگەیاندندا ڕێک نەخرێت، ڕەنگە ببێتە مایەی هەڵسەنگاندنێکی هەڵە لە دەستنیشانکردنی پێگەی کورد وەک هاوپەیمانێکی خۆرئاوا و زیان بە پێگەی هەرێم بگەیەنێت. زەقبوونەوەی دژایەتیی ژیاری خۆرئاوا و جوولەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەگەر بکەوێتە چەقی سەرنجی ناوەندەکانی توێژینەوەی ڕای گشتی، دەتوانێت ببێتە مەترسییەکی گەورەی سیاسی بەتایبەتی لەم دۆخەی کە شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکەی تەنیوە و بەدڵنیاییەوە دەستنیشانکردنی هەڵکەوت و پێگەی هەڵوێست دژوار دەکات؛ بەو مانایە کە نمەکگیریی ڕابردوو لە ئێستادا زیان بە داهاتوومان دەگەیەنێت. ئەمە بێجگە لەوەی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە لە ڕەوشێکی ئاوارتەدان دڕدۆنگ دەکات، بە جۆرێک کە وێنای داهاتوو و چارەنووسی هاوبەش کاڵ دەکاتەوە. هاوسەنگکردنەوەی سیاسەتی ڕاگەیاندن بە هەردووک باری نێوخۆیی و هەرێمی و جیهانی کارێکی هەرەگرنگە و دۆخی ئاوارتە پێویستیی بە داڕشتنی سیاسەتی دۆخی ئاوارتە هەیە.

ڕەنگە کەسانێک وا بیربکەنەوە کە “سیاسەتی دۆخی ئاوارتە” دەتوانێت بۆ سنووردارکردنەوەی ئازادییەکان بەکار بێت، بەڵام بە مەرجدارکردن و کاراکردنی دەسەڵاتی دادوەری مەترسییەکانی کەڵکئاوەژووکردن لەم سیاسەتە دەڕەوێنەوە. ئێمە لە ناوچەیەکی ناسەقامگیرداین، ناسەقامگیریی دیفاکتۆیەکی سیاسیی وەک هەرێمی کوردستان لە وڵاتێکدا کە سەروەریی یاسا تەنیا دروشمە و لاسەنگبوونی هێزەکان دەیخاتە مەترسییەوە هەمیشە پێویستیی بە خوێندنەوەی وردی شێوەی گۆڕانی پارسەنگ و هاوسەنگیی هێزەکانە و ئێمە دەبێ لەم بارەوە وێڕای پاراستنی هاوسەنگییە هەرێمییەکان، چاومان لەسەر شێوەی گۆڕانی هاوکێشە جیهانییەکان بێت و بابەتە ئایدیۆلۆژی و ئایینییەکان کە لە پڕوپاگەندای داگیرکەرە مێژووییەکانمادا ڕەنگ دەداتەوە نەمانخەڵەتێنێت و نەمانخزێنێتە نێو چوارچێوەی بەرژەوەندیی ئەوانەوە و لە خۆرئاوا دوورمان بخاتەوە. لەم بارودۆخەدا “ڕیاڵ پۆلەتیک” و “پراگماتیزمی سیاسی” پتر لە سیاسەتەکانی دیکە دەتوانێت توانای خۆگونجاندنمان هەڵبکشێنێت نەک کەوتنە نێو گەمەی سیاسەتی پڕوپاگەندا کە لە گەرمەی جەنگدا ڕەوشێکی قەرەبوونەکراوە دەخوڵقێنێت؛ بەتایبەتی لەهەمبەر دڵ و دەروونی کوردی پارچەکانی دیکە کە ڕایەڵی سەرەکیی ئاسایشی نەتەوەیی و قووڵایی هێزی کوردن.

پڕوپاگەندای دزەپێکراوی داگیرکەران لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی باشووری کوردستان و لایەنگریی بێمەرجی گەمژانە یان جاشانەی هەندێ کەس، کەلێنی گەورەی دەروونی و ناخەکی و سۆزەکی دروست دەکات و ئەمە ئاو دەکاتە ئاشی دوژمنەوە. ناکرێت لە لایەکەوە پەیڕەوی لە سیاسەتی بێلایەنی بکرێت بەڵام میدیا لایەنگرانە هەڵسوکەوت بکات. نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەی وڵاتان بێجگە لە پاراستنی بەرژەوەندی و پێوەندییەکانیان، دەزگای کۆکردنەوەی زانیاری و هەڵسەنگاندنن لە بوارە هەمەچەشنە سیاسی، ئابووری و جڤاکی و کولتوورییەکاندا و ئەم زانیارییانە لە داڕشتنی سیاسەتی وڵاتەکانیاندا کاریگەریی هەیە. لایەنگریی میدیا لە دۆخێکدا بێلایەنیمان هەڵبژاردووە کارێکی نالۆژیکییە و بەڵگەی نووسراو و بینراو باجی گەورەی سیاسیی بەدواوە دێت.

  • قوربانییەکانی میدیا

لایەنگریی بێمەرجی میدیایەک کە کەوتووەتە ژێر باری قورسی پڕوپاگەندا و نمەکگیریی مێژوویەکی دیاریکراو و گێڕانەوەی زێدەڕۆیانە و شیکاریی خۆفریودەرانە، لەم ڕۆژانەدا شێوازێکی زەقی مەرایی بەخۆوە گرتووە کە بینەرانی هۆشیار دووردەخاتەوە و بینەرانی کەمئەزموون ڕەنگە بکات بە لایەنگرێکی بێمەرج کە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕای گشتیی کۆمەڵگەش چەواشە بکات. قوربانییەکان ئەوانەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرەنگاری یەکدی دەبنەوە، جنێو دەدەن و دوژمنایەتی و ڕق و قین کەڵەکە دەکەن کە لە گۆڕەپانی  جڤاکیدا توندوتیژی دروست دەکات. توندوتیژیی زمانی لە میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی، هەرچی زووتر و زیاتر لە سەردەمانی پێشوو کەڵەکە دەبێت و ڕەنگدانەوە و کاردانەوەکەی بەخێرایی دەگوازرێتەوە و لە ڕوودانی هەر بشێوییەکی جڤاکیدا وەک کردار دەتەقێتەوە و سیستمی سیاسی بە تێچوویەکی زۆرەوە ئەگەر کۆنترۆڵی بکات، لە درێژخایەندا پێوەندیی دەسەڵات و کۆمەڵگەش درزی تێدەکەوێت. لایەنگریی بێمەرجی میدیا و کەوتنەنێو سیاسەتی پڕوپاگەندا، یادگەی نەوەکانی داهاتووش دەشێوێنێت و تەنانەت دەکرێ بەشێک لە بیروهۆشی جڤاکی بکات بە دەستوپێوەندی داگیرکەران.

وەک بەرەنجامێک لێرەدا چاودێریکردن و ڕۆشنگەریی میدیای بەرپرسیار و هەروەها ڕوونکردنەوەی بەردەوامی هەڵوێستی دەسەڵاتی سیاسی بە بێ سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و وەگەڕخستنی یاسای سزادان کە لە لایەن سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە چاودێری بکرێت، یەکێک لەو ڕێگەچارانەیە کە لانیکەم دەتوانێت لەنێوان زانیاری و دژەزانیاریدا هاوسەنگییەک بێنێتە ئاراوە.

 

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی بانەمەڕی  ٢٧٢٦ی کوردی

بابایی، مەسعوود(٢٠٢٦): لایەنگریی بێمەرج. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

شیکردنەوەیەک بۆ ئاخاوتنەکەی ترامپ لەسەر دۆسییەی ئێران

شیکردنەوەیەک بۆ ئاخاوتنەکەی ترامپ لەسەر دۆسییەی ئێران ڕەحیم سورخی زۆر جار پێکھاتەی ئاخاوتن/دەقەکە واتاکەی ساخ دەکاتەوە چییە، و شیمانەکردنی مەبەستی گوتارە سیاسییەکان تاڕادەیەک ڕوون دەکاتەوە، نەک واتای وشەکان یان تاکە ڕستەکان. [...]

لە نێوان هەڕەشە و دیپلۆماسی: واشنتۆن و تاران لەبەردەم خولێکی نوێی گفتوگۆکاندا

لە نێوان هەڕەشە و دیپلۆماسی: واشنتۆن و تاران لەبەردەم خولێکی نوێی گفتوگۆکاندا هێلینا باوەرنفایند ئەمە شێوازێکی ناسراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران: لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە کەناڵە نوێیەکانی گفتوگۆ [...]

بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟

بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟ بێوار ڕەسوول لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان بڵاو بووەوە، کە نووسەرێکی پڕکار و چالاکی باکووری کوردستان بوو، بەهۆی چالاکییە [...]

یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس

 یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس چۆمان زرێبار یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەم بابەتە شرۆڤەیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی [...]

  • ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی

ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی

ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی ڕەحیم سورخی ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، زمانەکان لە پلەبەندییەکی ڕێژەییدا لەپاڵ یەکدا دەژین [...]

  • ئێسقانی زمان

ئێسقانی زمان

ئێسقانی زمان دانا حەمید ئێسقانی زمان نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام [...]