هێڵی سوور و چەند سەرنجێک
چۆمان زرێبار
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک
لە مێژووی ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی کورددا، زۆر جار وشەی «هێڵی سوور» بەکار هاتووە؛ بەڵام ئەوەی کەمتر بینیومانە، پاراستنی ئەو هێڵانە بووە. لە دوای داڕمانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەپاندنی سنوورەکان بەپێی پەیماننامەی لۆزان، کورد بەبێ ویستی خۆی دابەش کرا لەنێوان چوار وڵاتی دەستکرددا. ئەو هیوایەی کە لە پەیماننامەی سێڤەردا هەبوو، لە قەبارەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بەتەواوی سڕایەوە.
لەو کاتەوە تا ئێستا، کورد خەباتی کردووە، قوربانیی داوە، دەستکەوتی بەدەست هێناوە — بەڵام هەر لە هەمان کاتدا، زۆر جار مافەکانی لەناو “تەوافوقە سیاسییەکاندا” گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی دەستپێک.
پرسیارەکە ئەمەیە:
“هێڵی سوور” لە ئێستای ڕۆژهەڵات و ئێراندا، لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکی ناوچەیی و جیهانی، و ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی تاران بۆ دەسەڵاتی نوێ، کورد لە ڕۆژهەڵات چۆن دەبێت ئەو هێڵانە بەدیاریکراوی بچەسپێنێت؟ چ بۆ مژاری گفتوگۆ و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی تر لە ئێراندا، چ وەک داهاتووی سیاسیی کورد ڕوو بە ناوچە و جیهان؟
یەکەم هێڵی سوور: سووربوون لەسەر ناسنامە و نەتەوەبوونی کوردە. ئەم بابەتە نابێت ببێتە “ماددەیەکی جێی مشتومڕ”. کورد گەلێکە، نەک “قەوم و کۆمەڵێک دانیشتووی ئێران”. ئەوەی سەدەیەک سیاسەتی ئینکاری لەسەر دامەزراوە، ئەوەی زمان و کولتوور و مێژووی لەژێر فشاری ئاسیمیلاسیۆندا بووە، ناتوانرێت بە یەک ڕستەی ناڕوون لە دەستووردا چارەسەر بکرێت. ئەگەر ناسنامە بە شێوەیەکی ڕوون و بێ دوودڵی نەناسێنرێت، هەر دەستکەوتێک لە بنەڕەتدا لەسەر خاکێکی گوماناوی و جێی هەڕەشە و مەترسی دادەمەزرێت.
دووەم: مافی چارەی خۆنووسین پرەنسیپێکی یاسایی و نێودەوڵەتییە، نەک هەڵبژاردەیەکی سیاسی. ئەگەر ئەم مافە لە بنەڕەتدا قبووڵ نەکرێت، هەر گفتوگۆیەک دەبێتە گفتوگۆ لەسەر “چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ناوخۆی ئێران وەک لایەنی ئیداری و کۆمەڵێک مافی مەدەنی”، نەک لەسەر دۆخی سیاسیی گەلێک. ئەو نەتەوەیەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی نەبێت، هەرگیز هاوشێوەی شەریکێکی یەکسان لە سیستەمی سیاسییدا مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، تەنیا هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی ئێران و دەوڵەتی ناوەندیی داهاتوو نییە؛ بەڵکوو ناڕوونیی گوتاری یەکپارچەی هێزی کوردییە لە ڕۆژهەڵات. لە زۆر قۆناغدا، هێڵە سوورەکان بە شێوەی تاکلایەنە یان حزبی دیاری کراون و گۆڕاون. ئەگەر هێڵی سوور بە بڕیاری گشتی و دامەزراوەیی دیاری نەکرێت، واتە وەک بەرەیەکی یەکپارچە و یەکدەنگ نەیەتە سەر هێڵ، دەبێتە وشەیەکی بەکارهێنراو لە میدیاکاندا و لە مێزی دانوستانیشدا — چ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێوان جەریانە سیاسییەکانی ئێران، چ بۆ ئایندەی سیاسیی ئێران — دەبێتە ماددەیەک بۆ پشتگوێخستن (Ignore) یان دەچێتە ناو بەڵێنێکی زارەکی بۆ دوای گۆڕینی دەسەڵات.
ڕاستە هەموو شتێک هێڵی سوور نییە — بەڵام هەندێک بابەت هەیە کە بەتایبەت بەپێی ئەزموون و سووڕی (Cycle) مێژوویی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچە، هەرگیز نابێت ناڕوون بن یان دوابخرێن:
ناساندنی دەستووری نەتەوەیی (لەژێر هەر ناوێکدا: فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی، لامەرکەزی…).
بنەمای خۆبەڕێوەبردنی ڕاستەقینە.
تۆمارکردنی مافەکان لە دەستووردا بە شێوەی پارێزراو.
دڵنیابوونەوە و ڕێگری لە پاشەکشە.
ئەگەر ئەم سنوورە ڕوون نەبێت، هەر قەیرانێکی سیاسی دەتوانێت ببێتە بەهێزترین هۆی شکاندنی “هێڵی سوور”. مەترسییەکە ئەوەیە کە مافی نەتەوەیی ببێتە بەشێک لە بازاڕی هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان. کاتێک دەستکەوتی نەتەوەیی دەبێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی پۆست، هاوپەیمانیی تاکتیکی یان چارەسەری کاتیی قەیران، ئەوا خەباتی سەدەیەک بە بڕیارێکی کاتی دەخاتە مەترسییەوە. کورد ئەگەر هێڵی سووری خۆی نەپارێزێت، لە ڕاستیدا سنووری سیاسیی خۆی کەم دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا ئەگەر هێڵە سوورەکان:
بە کۆنگرەیەکی نیشتمانی یان بەرەیەکی یەکگرتوو یان هەر جۆرە میکانیزمێکی لەم شێوەیە دیاری نەکرێن،
لە دەستووردا بە شێوەیەکی پارێزراو تۆمار نەکرێن،
و لەلایەن دامەزراوەیەکی چاودێرەوە پشکنینیان بۆ نەکرێت،
ئەوا هەر قۆناغێکی نوێی گفتوگۆ دەتوانێت ببێتە دووبارەکردنەوەی مێژوو. کورد زیاتر لە سەدەیەکە بۆ ناسنامە و مافی خۆی خەبات دەکات. ئەوەی ئێستا پێویستە، تەنیا درێژەدان بە خەبات نییە؛ بەڵکوو دامەزراندنی بەرەیەکی یەکگرتوو و بەهێزە بە هێڵێکی سووری نیشتمانییەوە کە هەرگیز نەخرێتە سەر مێزی موزایەدەی سیاسی یان بەناوی تاکتیکی کورتخایەن پاشەکشەی لێ بکرێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
زرێبار، چۆمان(٢٠٢٦):هێڵی سوور و چەند سەرنجێک. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس
یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس چۆمان زرێبار یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەم بابەتە شرۆڤەیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی [...]
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی ڕەحیم سورخی ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، زمانەکان لە پلەبەندییەکی ڕێژەییدا لەپاڵ یەکدا دەژین [...]
ئێسقانی زمان
ئێسقانی زمان دانا حەمید ئێسقانی زمان نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام [...]
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین ئەشکان باوەڕ زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین "زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو ئەو ئاوێنەیەیە کە مێژوو و [...]
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ پەرویز شێخی کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار [...]
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن ئارکان دادگەر رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن فرەتر لە سەد ساڵە ک نەتەوی کورد ها لە شوون دەسەڵات و نیشتمان کوردستان، "ئڕا نەڕەسیە؟" لە دو بەش جیەو گرێد: ١) بەش [...]







