وتووێژێکی مێژوویی دوکتور قاسملوو
نووسینی: یاوز بایدار
وەرگێڕان و پێداچوونەوە: محەمەدساڵح قادری
سەردێڕ: بۆ کوردەکان هەلی پێشەنگایەتییان لە بەردەستدایە؟
ستۆکهۆڵم – دوکتور قاسملوو: «بە وردی چاودێریی ڕۆژنامەگەریی تورکیا دەکەم. هەر ڕۆژە جمهوورییەتیشم بۆ دێننە سەر کێوەکان. لە وڵاتەکەتاندا ڕووداوی زۆر سەرنجڕاکێش ڕوو دەدەن.» ئەمە یەکەم کاردانەوەی عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و دوکتوری ئابووریناس بوو، کاتێک پێم گوت کە دەمانەوێت بۆ ڕۆژنامەی «جمهوورییەت» دیمانەیەکی لەگەڵ ئەنجام بدەین؛ قسەکانی بە تورکییەکی زۆر ڕەوان و بێگەرد دەربڕی.
دوکتور قاسملوو وەک سەرکردەی حیزبەکەی، بەشداریی لە ١٨یەمین کۆنگرەی «ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیست»دا کردبوو کە لە ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو. بەهۆی ئەوەی سۆسیالیستێکی دێموکراتی ناسراو بوو، پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و بەهێزی لەگەڵ سۆسیال دێموکراتەکانی سکاندیناویدا هەبوو، لە کاتی کۆنگرەکەدا چەندین دیداری لەگەڵیان ساز کرد. هەروەها دیدارێکی کورت و خێرای لەگەڵ شاندێکی (SHP) ئەنجام دا. لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەیشدا کە لەگەڵ ڕێکخراوەکەی جەلال تاڵەبانی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) سازیان کردبوو، تورکیای بە «دێموکراتترین وڵات کە کورد تێیدا دەژین و هیوایەکی زیاتری تێدا دەبینرێت» وەسف کردبوو.
لە درێژەی ئەو ٤٥ خولەکەی دیمانەکەماندا، دوکتور قاسملوو بەتایبەتی لەبارەی پێشهاتەکانی نێو ئێرانەوە بە گەشبینی و ئاسوودەییەکی زۆرەوە دەردەکەوت. هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە بوونی ڕژێمێکی فرەیی و دێموکراتیک لە ئێران، باشترین و دروستترین چارەسەرە بۆ کەمینەی کورد لەو وڵاتەدا. عەبدوڵڵا قادری، نوێنەری ڕێکخراوەکە لە نووسینگەی پاریسیش لەگەڵیدا بوو. ئەو مەترسییەی چاوەڕێیان بوو، لەو ساتەدا زۆر دوورەدەست دەهاتە بەر چاو. بەڵام چارەنووس لە ئێوارەی ١٣ی تەممووزدا لە ڤییەننا، لەو ساتەدا کە دەرگاکانی سازشکردن لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا خرابوونە سەر پشت؛ هەردووکیانی ڕفاند و بە لێدانی دوو فیشەک لە هەر یەکەیان، شەهید کران.
دوکتور قاسملوو تەمەنی پەنجا و نۆ ساڵ بوو. ئەو فاکتۆرێکی سیاسی بوو کە هێڵی ئایدیۆلۆژیی فرەچەشنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی درێژە پێ دەدا؛ ئەو حیزبەی پاش جەنگی جیهانیی دووەم، کۆماری مهابادی لە ئێران دامەزراند، بەڵام لەلایەن سوپای شاهەوە تووشی شکست بوو. دوکتور قاسملوو پاش شکستەکە، ڕووی کردە چیکۆسلۆڤاکیا و سەرەتا لەوێ و دواتریش لە پاریس، خوێندنی بواری ئابووریی تەواو کرد؛ لەو ماوەیەشدا، ناوبراو لەنێو سۆسیالیستە ئەورووپاییەکانی ڕۆژهەڵات و هەروەها سۆسیال دێموکراتەکانی ڕۆژئاوای ئەورووپاشدا، پێگەیەکی ڕێزلێگیراوی هەبوو. سەرەڕای ئەوەی شارەزایەکی وردی مارکسیزم بوو و لە ئیسلامیش دوور بوو، بەڵام لەنێو پارتەکەیدا خاوەن پێگەیەکی نەریتی بوو.
پاش ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، هیوای دوکتور قاسملوو بۆ داهاتووی کەمینەی کورد گەشەی کرد، بەڵام هەر زوو خۆی لە جەنگێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ ڕژێمی خومەینیدا بینییەوە. دواتریش شەڕی نێوان ئێران و عێراق هەڵگیرسا. لە شەڕەکەدا، شانبەشانی ڕێکخراوەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، لایەنی عێراقی هەڵبژارد. ئەو کاتەی بۆ کۆنگرەی “سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ” گەیشتبووە ستۆکهۆڵم، لە ڕێگەی سەرکردەی کورد، تاڵەبانییەوە، یەکەم هەنگاوی گرنگی بۆ دانوستان لەگەڵ ڕەفسەنجانی، سەرکردەی نوێی ئێران هەڵێنابوو.
دوکتور قاسملوو پاش مەرگی خومەینی چۆن لە دۆخی ئێرانی دەڕوانی؟
«مەرگی خومەینی دۆخەکەی بۆ ئێمە ئاسانتر کرد. ئەو بناغە و کۆڵەکەی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەم ڕژێمەی ئێستا، لەوەی پێشووتر کە بە شا بەستراوەتەوە، زیاتر بە خومەینییەوە گرێ درابوو. ئێستا کۆماری ئیسلامی لاوازتر بووە. سوپا وەک جاران لە کوردستان بە توندی شەڕ ناکات. خومەینی بە سەربازەکانی دەگوت: “هەر کەسێک کوردێک بکوژێت، دەچێتە بەهەشت”. ئێستا ئەو باوەڕە زۆر لاواز بووە. بارودۆخی ئێمە زۆر باشە. نەوەد لەسەدی کەمینەکان پشتیوانی لە دروشمی ئێمە کە “دێموکراسی بۆ ئێران، خۆبەڕێوەبەری بۆ کوردستان”ـە، دەکەن. بێ ئەوەی زیادەڕۆیی بکەم، دەتوانم بڵێم هەشتا لەسەدی جەماوەر پشتیوانی لە حیزبەکەمان دەکەن.
بەگشتی کە سەیری دەکەین، ڕژێم تووشی درز و شکست بووە. مەلاکان هەوڵ دەدەن بە دەرەوە نیشانی بدەن کە یەکگرتوون، بەڵام لە ڕاستیدا وانیین. ئەوان بە دەست کۆمەڵێک کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن کە پێیان چارەسەر ناکرێت. هیچ پلان و بەرنامەیەکیان نییە؛ هەر بۆیەش لەبارەی چارەسەرەکانەوە، هیچ جۆرە هاوکاری و هاودەنگییەکیش لە ئارادا نییە.
من ڕوانگەیەکی واقیعبینانەم هەیە: پێم وانییە، وەک ئەوەی «موجاهیدینی خەلق» یان پاشایەتیخوازەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، تەمەنی ئەم ڕژێمە بەرەو کۆتایی چووبێت و کەوتنی چرکەساتێک بێت. ڕژێم خاوەنی هەندێک دەرفەت و پشتێنەی خۆپارێزییە و توانای ئەوەی هەیە بۆ ماوەیەکی دیکەش خۆی ڕابگرێت.» بە بڕوای دوکتور قاسملوو، لەم دۆخەدا دوو بژاردە دێنە ئاراوە:
«یەکەمیان ئەوەیە تاران سیاسەتێکی واقیعبینانەتر بگرێتە بەر و لە چوارچێوەی باوەڕە ئیسلامییەکاندا، بەرەو هێڵێکی میانڕەو (لیبڕاڵ) هەنگاو بنێت. ئەگەر سەرکەوتوو بن و دەرگاکان بە ڕووی ڕۆژاوادا بکەنەوە، ئەگەری مانەوەیان زیاتر دەبێت. بەڵام لەو حاڵەتەدا، ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی دەگۆڕێت، تەنانەت ئەگەر ناوەکەشی هەر وەک خۆی بمێنێتەوە.
بژاردەی دووەم ئەوەیە کە گرووپێک لەناو دەسەڵاتدا بە زۆر خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت و ئەوانی تر پەراوێز بخات، ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی تەقینەوەیەکی گشتی و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتدا. ئێمە بۆ حاڵەتی شەڕی ناوخۆ خۆمان ڕێک خستووە. چونکە شەڕی ناوخۆ پێش هەموو شتێک کاریگەریی لەسەر تاران دەبێت، ئەمە بۆ ئێمە سوودبەخش دەبێت. بەڵام ئێمە خوازیاری بژاردەی یەکەمین، چونکە ئەو جەماوەرەی پشتیوانیمان دەکات، داوای دێموکراسی دەکات. ئێمە ئیتر ناتوانین پەنا بۆ توندوتیژی ببەین، ئێمە خوازیاری گەشەسەندنی ئاشتیخوازانەی ئێرانین».
بنەمای سەرەکیی ئێمە بۆ چارەسەر، ساڵانێکە هەر ئەوەیە: ئێمە لە ئێراندا داوای دێموکراسی و لە کوردستانی ئێراندا داوای ئۆتۆنۆمی «خۆبەڕێوەبەری» دەکەین. واتە نیزامێکی فرەیی. بۆ دێموکراسی؟ چونکە بێ دێموکراسی، خۆبەڕێوەبەری ناکرێت. دەبێت سەرەتا دێموکراسی ڕەگ داکوتێت، تا بتوانرێت ڕێگری لە دەستبەسەرداگرتنی زۆرەملێی دەسەڵات بگرێت. دێموکراسی گەرەنتییە.
— کەواتە، ئەو ڕێگە دووەمەی داخوازیی یەکگرتن دروستی دەکات، چییە؟
قاسملوو: یەکگرتنی کوردانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا بۆ ئەوەی مافی چارەنووسی خۆیان بەکار بهێنن. ئەمەش واتای ئەوەیە سنووری چوار وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕدرێت، کە ئەمە چارەسەرێکی واقیعی نییە. لە سیاسەتدا دەبێت واقیعبین بیت. بڕوانە، مافی چارەنووس گرنگە. من پێم وایە ئەمە لە چوارچێوەی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەردا دەکرێت. لەبەر ئەوەی ئامانجمان پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی و خاوەندارێتیی بڕیاردانە لە بوارەکانی زمان، کلتوور و پەروەردەدا؛ ئەی بۆچی ئەمە لەنێو دەوڵەتی ئێراندا جێبەجێ نەبێت؟ ئەگەر دێموکراسی لە ئێراندا جێگیر ببێت و خۆبەڕێوەبەری بۆ گەلی کورد دابین بکرێت، باوەڕم وایە هەلومەرجی ژیان بە خێرایی بەرەو باشتربوون دەچێت.
— پێت وایە ئەم شیکارییە بۆ ئەو وڵاتانەی تریش کە کورد تێیاندا دەژین، ڕاست و گونجاو بێت؟
قاسملوو: با تورکیا بە نموونە وەربگرین. دەزانن کە پڕۆسەی یەکگرتوویی ئابووری لە ڕۆژاوای ئەورووپادا چەند بەخێرایی بەڕێوە دەچێت. تورکیاش دەیەوێت لە ئەورووپای ساڵی ١٩٩٢دا پێگەی خۆی هەبێت. ئەگەر لە ڕوانگەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە سەیری بکەین، ئەمە دەرفەتێکی مەزنە بۆ وڵاتەکەتان. تورکیا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، دێموکراتترین وڵاتێکە کە کورد تێیدا دەژی. ئەگەر ڕای من وەربگریت، دەڵێم: یەکەم هەنگاو بۆ کوردانی تورکیا، دەبێ دانپێدانانی ناسنامەی نەتەوەییان بێت. دەبێ دوای ئەوە، دانپێدانان بە مافە کولتووری و نەتەوەییەکانیان بێت. بۆچی ئەمە پێکەوە لەگەڵ زۆرینەی تورک جێبەجێ نەکرێت و ئۆتۆنۆمییەکیان پێ نەبەخشرێت؟ کوردانی تورکیا لە چوارچێوەی دێموکراتیدا تا ڕادەیەک ئازادیی جووڵەی یاساییان هەبووە، دەبێ کەڵک لەمە وەربگرن. جێگەی داخە کە حکوومەتی تورکیا دان بە ناسنامەی نەتەوەییی کورددا نانێت. سەیری بکەن، بە ڕاشکاوی دەیڵێم: بێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی تر ئەستەمە. ئەگەر هەزار جاریش دووبارە بکرێتەوە کە لە تورکیادا تەنیا تورک هەن، ئەم کێشەیە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. دەزانم تورکیا دێموکراسیی دەوێت و دەیەوێت ببێتە ئەندامی کۆمەڵگەی ئەورووپا؛ کەواتە دەبێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. ئەمە بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانتان لەگەڵ وڵاتانی تریش، گرنگییەکی زۆری هەبووە. ئەگەر ئەمڕۆ دەست بە چارەسەرکردنی کێشەکە بکرێت، هەر درەنگە. بەڵام ئەگەر بەیانی دەستی پێ بکرێت، زۆر زۆر درەنگ دەبێت. تورکیا ئێستا ئەو دەرفەتەی لەبەر دەستدایە ببێتە یەکەم وڵاتی پێشەنگ کە چارەسەرێکی دێموکراتی بۆ کێشەکانی کورد دەهێنێتە کایەوە. ئەم چارەسەرە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گرووپە بچووک و توندڕەوانەش کە پشتیوانیی خەڵکی کورد بەدەست ناهێنن، پەراوێز بخرێن.
— دوکتور قاسملوو، تێڕوانینی ئێوە بۆ بزووتنەوە چەقبەستووەکان بەگشتی و بۆ پەکەکە بەتایبەتی چۆنە؟
قاسملوو: تەنیا یەک ڕێکخراوی کوردی هەیە کە ئێمە هیچ پێوەندییەکمان لەگەڵیان نییە: ئەویش پەکەکەیە. چونکە ئێمە ڕێکارەکانی ئەو پارتە بە دروست نازانین. ئەگەر بەرنامەی پەکەکە بە وردی بخوێنیتەوە، ڕەنگە شتێکی ئەوتۆ نەدۆزیتەوە کە جێگەی ڕەخنە بێت؛ وەک هەر پارتێکی سیاسیی دیکە، بەرنامەی خۆیان هەبووە. بەڵام من ڕێکارەکانیان پەسەند ناکەم، نە لە نێو تورکیا و نە لە دەرەوەی تورکیا. بنەمای ئێمە ئەوەیە کە خۆمان لە هەر کردارێک بەدوور بگرین کە زیان بە خەڵکی سڤیل دەگەیەنێت. لەوانەیە پەکەکە وا بیر بکاتەوە کە ڕێکاری توندوتیژانە لە ماوەیەکی کورتدا بەرهەمدار بێت، بەڵام ئەگەر پارتێکی سیاسی بیەوێت خۆی وەک پارتێکی بەرپرسیار و دێموکرات بناسێنێت، نابێت پەنا بۆ ئەو جۆرە ڕێکارانە ببات. با نموونەی فەلەستینییەکان بهێنینەوە؛ لەم دواییانەدا لەگەڵ عەرەفات کۆ بوومەوە. پێی دەگوتم: «ئێمە هێشتا باجی ئەو کارانە دەدەین کە دە ساڵ لەمەوبەر کردوومانە.» بڕوانە، من خۆم چەندین ساڵ لە شاخەکاندا شەڕم کردووە و بەرگریمان لە خۆمان کردووە بەرانبەر بە ئێران، بۆیە باش دەزانم و باوەڕ بکە، دەستپێکردنی شەڕ زۆر ئاسانە، بەڵام کۆتاییهێنان بە ئەو شەڕە هەرگیز ئاسان نییە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
بایدار، یاوز(٢٠٢٦): وتووێژێکی مێژوویی دوکتور قاسملوو. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شنە پاسبار زۆرجار دێمۆکراسی وەک دەرەنجامی سروشتیی شۆڕش یان دەرەنجامی ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەبینرێت. کاتێک حکومەتی دیکتاتۆریی ناوەند دەڕووخێت، بە شێوەیەکی گشتی [...]
دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا
دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا پێشەوا عەلیپوور وتاری ئەم دواییەی تام باڕاک لە کۆڕبەندی ئانتالیادا، وەک یەکێک لە کاراکتەرە نزیکەکانی بازنەی بڕیاردانی ئیدارەی تڕامپ، تەنیا ڕاپۆرتێکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکوو [...]
دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان
دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان شاهۆ حوسێنی کوردبوون، ئەگەر لەناو جەغزی تێگەیشتنێکی ئاساییدا وەک پێکهاتەیەکی ئۆبژەکتیڤ یان ڕەگەزێکی کولتووری دەربهێنرێت، دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی بنەڕەتی لەمەڕ بوونی مرۆڤ. لێرەدا، کوردبوون [...]
ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟
ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟ واشینگتۆن پۆست - حەمید بیگلەری وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور من ساڵی ١٩٧٦ ئێرانم بەجێهێشت. لەو پێنج دەیەی ڕابردوودا، دیتوومە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە [...]
لایەنگریی بێمەرج
لایەنگریی بێمەرج مەسعوود بابایی نەمویست ناونیشانی بابەتەکە بریندارکەر بێت؛ هەربۆیە ناونیشانی بابەتەکەم هێمن و هێور داڕشت. ئەگینا مەبەستم لایەنگریکردنی ڕۆحی کۆیلە یان لایەنگریی ڕۆحی نمەکگیرە! کاتێک کە لەبەر نانخواردن لەسەر نانی [...]
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…
ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە... ئارام کەیخوسرەوی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی سێ ڕووداوی سیاسیی گەورە بوونەتەوە: ڕاپەڕینی ژینا، شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، و پێکدادانە دوایییەکانی [...]







