ژن، ژیان، ئازادی و ونبوونی ژن

شنە پاسبار

لە کاتی شەڕ و ئاڵوگۆڕی سیاسی لە جیهاندا، زانیاری دەبێتە جۆرێک لە هێز و وەک چەکێکی بەهێز، کاری پێ دەکرێت. شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بووەتە هۆی ئاڵۆزییەکی یەکجار زۆر، نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکوو لە کوردستان و زۆربەی شوێنەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. لەم کاتەدا توێژەران و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە لە تۆمارکردن و خوێندنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان و هەروەتر شیکردنەوەی چیرۆکەکانی شەڕ. لەم بابەتەدا کە دەڕوانینە کوردستان، ناهاوسەنگییەکی بەردەوامی یەکجار زۆر دێتە بەرچاو: ئامادەبوون، بەشداریی دیار و کاریگەریی ژنان لەم بوارەدا زۆر کەمترە لە پیاوان، بە جۆرێک کە زەق بووەتەوە. ئەو ناهاوسەنگییە بە تایبەتی لە کوردستاندا زۆر دیارە کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەک بنەمایەکی سەرەکیی سیاسی و کولتووری دێتە بەرچاو.

لێرەدا ئەوە پرسیارێکی قورس بەڵام پێویست دێنێتە گۆڕێ: ئەگەر لەم کۆمەڵگایەدا ژنان وەک ناوەندی بیری ئازاد سەیریان دەکرێت، ئەدی بۆچی لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزیدا تەنیا بوونیان ڕواڵەتێکە و بە قووڵی بەشداریی تەوەرەکان نابن؟

لە دیاردەیەکی سیمبولییەوە بۆ واقیعێکی ناڕوون

لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بزووتنەوەکانی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەبۆنەی خستنە پێشی ڕۆڵی ژنان لەم بزووتنەوانەدا، ناوبانگێکی باشیان وەدەست هێناوە. ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندانەکان وەستاون، ڕۆڵی بەرچاویان لە ڕێکخستنەکاندا بووە و تەنانەت بەشێک بوون لە خەباتی چەکدارییش. هەر ئەو ڕادەیە لە ئامادەبوونی ژنان، بوو بە سیمبولێک لە هێز و ناسنامە بۆ خەباتی کورد. لەگەڵ هەمووی ئەوانە، هەبوونی ڕۆڵی کاریگەر لە خەباتدا بە تەنیا نابێتە نیشانەی نوێنەرایەتیی فیکری و زانستی لە خەباتدا. لە کاتێکدا بە بەرفراوانی وێنەی ئەو ژنانە دەبینین کە لە بەرانبەر زوڵم و زۆرداریدا ڕاوەستاون، لە توێژینەوە، گفتوگۆی سیاسی و پلاتفۆرمەکانی شیکاریی تەوەرەکانی ڕۆژ، دەنگیان زۆر بە کەمی دەبیستین. لێرەدایە کە دژایەتی لەو هاوسەنگییە خۆی دەردەخات؛ ژنان زۆرتر وەک تەوەری سەرەکیی خەبات چاویان لێ دەکرێت، نەک بەشێک لە زانستی شەڕ و شۆڕشەکە.

کەمبوونی نوێنەرایەتیی ژنانی توێژەر لە پلاتفۆرمەکانی سیاسەتدا، لە کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، بە هەڵکەوت نییە، بەڵکوو ئەوە دەتوانێت ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک بەربەستی کۆمەڵایەتی بێت کە لە کاتی شەڕدا قووڵتر دەبێت:

چاوەڕوانیی کولتووری و کۆمەڵایەتی: ئەگەرچی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ باسی ژن و ئازادیی ژن هەمیشە وەک شوێنێکی پێشکەوتوو چاوی لێ کراوە، بەڵام هێشتا جیاوازیی ڕەگەزی (نێر و مێ) کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک هەر ماوە. ژنان زیاتر وەک سەرەکیترین بەشی پاراستن و ڕاگرتنی ماڵ سەیر دەکرێن کە لە کاتی ئاڵۆزی و شەڕدا ئەو ئەرکە زیاتر خۆی نیشان دەدات و هەر بۆیەش ڕەنگە دەرفەت و کاتێکی گونجاو بۆ بردنەسەری زانیاریی قووڵ نەهێڵێتەوە.

ناهاوسەنگی لە پەیوەندییەکان و وەدەستهێنانی زانیاری: لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تا ئێستاش بازنەی پەیوەندییەکانی ژنان لە کوردستان لەچاو پیاوان زۆر تەسکترە. ئەو دیاردەیە وەک نەریتێکی شاراوە، بەشێکی زۆری ئەو ڕاستییە تاڵە لە خۆ دەگرێت کە پیاوان زۆر بە ئازادی و بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر چەشنە بەربەستێک، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و زانیارییان لەگەڵ کەسانی زانا و ڕۆشنبیر هەبێت، بەڵام بۆ ژنان ئەوە بوونی نییە؛ لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا لە زۆربەی کەیسەکاندا دەتوانێت بەهۆی ئەو پەیوەندییانەوە قورسایی ژنان کەم کاتەوە. هەرچی بازنەی پەیوەندییەکان بچووکتر بێت، ئەوە دەستڕاگەیشتن بە بەرەیەکی ئاوەڵای زانیارییش بە هەمان شێوە بچووکتر دەبێتەوە.

خۆوەدەرخستن: تەنانەت ئەگەر ژنان بتوانن ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەرەوە ببنەوە و بیانهەوێت خۆ بخزێننە ناو بوارە سیاسییە زانستییەکانەوە، ئەوا دیسان بەربەستێکی تریان لە پێشە و ئەویش متمانەی کۆمەڵگایە بە توێژینەوە و لێکدانەوەی پیاوان؛ لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردی فرچکی بەوە گرتووە کە ژن هەستیارە و هەست و ئیحساسی لە پێش عەقڵ و مەنتیقییەتی. هەر بۆیەش زۆرێک لەو ژنانەی کە خۆ نیشان دەدەن، پاش ماوەیەک کە بێمەیلیی کۆمەڵگا دەبینن و هیچ جۆرە سەپۆرتێک وەرناگرن، هەوڵ دەدەن بکشێنە دواوە.

ژن و ویستی بەشداری لە سیاسەتدا

نەبوونی ژن لە توێژینەوە و شیکاریی سیاسیدا تەنیا کێشەی ڕەگەز و جێندەر نییە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوالێتی و قووڵایی و هاوسەنگیی لێکدانەوە و زانیارییەکان هەیە. ئەزموونی ژنان وەک ڕەگەزێکی جیاواز، لە هەموو بوارێکدا ڕوویەکی جیاواز نیشان دەدات و لە قۆناغە تایبەتەکاندا ئەزموونی جیاوازی هەیە؛ بۆ نموونە لە شەڕ و شۆڕشدا، ژنان جیاواز لە پیاوان بیر لە ڕوویەکی تری شەڕ دەکەنەوە؛ ژنان زیاتر ڕوو دەکەنە ئەو مەترسییانەی کە کۆمەڵگا ڕەنگە لەگەڵ شەڕ و پاش شەڕ ڕووبەڕووی بێتەوە، وەک بارگرانیی فشارەکانی دەسەڵات، هەژاری، ئاوارەیی و کێشەی ئابووری، کە هەموو ئەو بەشانە وەک بەشێکی لێکدانەبڕاو پێویستن بۆ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە. هەر بۆیەش هیچ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەک بەبێ بوونی ژن ناتوانێت ڕاستی و هەموو ڕووە مرۆییەکانی شەڕ نیشان بدات.

ئەم ناهاوسەنگییە تەنیا لە ئاستی تێگەیشتن و زانیاریدا نامێنێت، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێتە سەر سیاسەت و بڕیاردانیش. کاتێک سیاسەت لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی ناتەواو بنیات دەنرێت، ئەوە مەترسیی پشتگوێخستنی کێشە گەورەکان دێتە گۆڕێ. لێکدانەوەی ناتەواو و ناهاوسەنگ، بەرهەمی ئاکامی ناتەواوی لێ دەبێتەوە.

هەروەها گێڕانەوەی چیرۆکەکان، دیوێکی تری نەبوونی ژن زەق دەکەنەوە. کاتێک پیاوان لە توێژینەوە و شیکارییەکاندا زاڵ دەبن، چیرۆکی شەڕ سنووردار دەبێت و ئەمە دەتوانێت هێزە هەنووکەییەکان بەهێزتر بکات لەجیاتی ئەوەی بخرێنە بەر چاڵنج. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگایەک کە بەشداریی نیوەی خۆی سنووردار بکات، لە هەمان کاتدا بیر و هزری خۆشی سنووردار دەکات. ونبوونی چیرۆکەکانی ژنان لە شۆڕشدا، ڕێک وەک سڕینەوەی نیوەی شۆڕشەکەیە.

پارادۆکسی ژن، ژیان، ئازادی

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە سەرچاوە و ئیلهام بۆ بزووتنەوەکان لە دەرەوەی کوردستانیش. لە تیۆریدا ئەو دروشمە ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە ئازادیی ژنەوە گرێ دەدات، بەڵام ئەگەر بە قووڵی بچینە ناخی ڕاستییەکانەوە، دەبینین دژایەتییەک لە نێواندا هەیە. لە کاتێکدا ژنان بە شێوەیەکی سیمبولی پیرۆز نیشان دەدرێن، ناهاوسەنگیی بنەڕەتی و سیاسی هێشتا لە توێژینەوە، چالاکییە بنچینەییەکان و شڕۆڤە و بڕیارەکاندا هەیە. دەتوانین بڵێین کە ئەوە بەو مانایە نییە کە دروشمەکە بێناوەڕۆکە، بەڵکوو نیشان دەدات کە جێبەجێکردن و سەپاندنی بەهاکانی ئەو دروشمە هێشتا تەواو نەبووە. پابەندبوونی ڕاستەقینە بە ژن، ژیان، ئازادی، پێویستی بەوە هەیە لە بازنەی دیاردە سیمبولییەکان بێتە دەر و بچێتە نێو گۆڕانکاریی سیستماتیکەوە.

کۆتایی

ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێستا توانییان زۆرێک لە کەموکوڕییە بنەڕەتییەکانی نەک تەنیا لە سیستمە سیاسییەکاندا، بەڵکوو لە کۆمەڵگاشدا ئاشکرا بکەن. کەمبوونی ژنانی دیار و شڕۆڤەڤان لە قۆناغە هەستیارە سیاسییەکاندا، نیشاندەری ناهاوسەنگییەکی قووڵە لە نێوان دروشم و ڕاستیدا. چارەسەرکردنی جیاوازییەکان و پڕکردنەوەی مەوداکان لە نێوان ئایدیاڵ و ڕاستییەکان، پێویستی بە هەوڵێکی پڕاکتیکی، بەردەوام و سیستماتیک هەیە. ئەگەر کۆمەڵگای کوردی بڕوای بە بنەماکانی ژن، ژیان، ئازادی هەیە، ئەوە دەبێت ژن لە چوارچێوەی وتار ببینێت و ڕێگاخۆشکەر بێت بۆ نیشاندان و بەشداربوونی پڕاکتیکیی ژنان، نەک هەر لە وتار و قسەدا.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٧ی بانەمەڕی  ٢٧٢٦ی کوردی

پاسبار، شنە(٢٠٢٦): ژن، ژیان، ئازادی و ونبوونی ژن. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی هیوا جەمال شۆڕشی کەزی لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت [...]

  • سەردانێکی پڕ مانا

سەردانێکی پڕ مانا

سەردانێکی پڕ مانا هێلێنا باوەرنفایند سەردانێکی پڕ مانا بەپێی سەرچاوە هاودەنگەکان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، سەردانێکی نائاسایی بۆ شاری جەمکەران ئەنجامداوە. کات و چۆنیەتی سەردانەکە بە نادیاری ماونەتەوە، بەڵام ئەمە [...]

  • ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاڕوخ حەسەن‌زادە ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەتەلەی ڕەوشی سیاسیی نیزامی ناوچەکەدا، زۆرجار ڕەهەندی بازاڕ و ئابووریی جیهانی وەک [...]

  • شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ڕێبوار سیوەیلی شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ١. لە مێژووی شارستانییەتەکاندا، مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە هێما هەبووە بۆ ئەوەی مانا بە بوونی [...]

  • ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟ ئارام کەیخوسرەوی ڕزگاری یان ئازادی؟ پێشەکی مێژووی هاوچەرخی جوگرافیای سیاسی لە ئێران، مێژووی دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بووە. دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە هەمیشە لەناو بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە؛ بازنەیەک کە [...]

  • ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو دانا حەمید  ناسیۆنالیزمی پووکاو لە ساتەوەختی قەیرانە وجودییەکاندا، کاتێک کۆمەڵگا ڕووبەڕووی بنبەستبوونی پڕۆژە گشتییەکانی دەبێتەوە، ناسیۆنالیزم لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر مەترسیدارتر دەردەکەوێت. لەم دۆخەدا، ناسیۆنالیزم سیاسەت لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی، [...]