گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

جەوانمەردی هەڵگورد : شیکاری جەریانی پاشایەتی و پێویستیی سەروەریی سیاسی بۆ کوردستان. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

بۆ شیکاری جەریانی پاشایەتی  پێویستە ئاوڕدانەوەیەک بە نیسبەتی سیستەمی دەسەڵاتداری ئێرانی،  لە مێژووی سیاسیی سەدساڵەی دەوڵەت- نەتەوەی ئێراندا بکەین. چەمکی ناوەندگەرایی و پێکهاتەی یەکگرتووی دەسەڵات، بەبێ  بەرچاوگرتنی نەتەوەکانی تری ناو بازنەی ئێران، هەمیشە وەک هێڵێکی بەردەوام و هەمیشەیی و نەگۆڕ بووە. ڕەوتی ئێستای پاشایەتیخوازان، تەنیا خوازیاری گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی پرشەنگداری ڕابردوو و ستایشکردنی هێماکانی ڕابردوو نییە، بەڵکوو مانیفێستێکە بۆ درێژەدان و بوژانەوەی پڕۆژەیەکی بنەڕەتی دەوڵەتسازی ئێرانە کە ئەساسی بوونی خۆی لەسەر دوو بنەما دامەزراندووە: دەستبەسەرداگرتن  و چڕبوونەوەی دەسەڵاتی  ڕەهای سیاسی و ئیداری لە یەک ناوەنددا و نەهێشتن  و پەراوێزخستنی سیستماتیکی شوناسە نەتەوەیییە نافارسەکان لە جوغرافیای ئێران. ئەم پڕۆژەیە کە ڕەگوڕیشەی لە ناسیۆنالیسم و عەقڵیەتی سیاسیی هاوچەرخی ئێرانییەکاندایە، بۆ بە ئامانج گەیاندنی  دروستکردنی “دەوڵەت-نەتەوە”یەکی یەکگرتوو و یەکسان، بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو فرەچەشنییە ناسنامەیی و زمانەوانی و سیاسییەی کە لە جوغرافیای ئێران لە ژێر سەروەریی خۆیدا هەبووە، سەرکوت کرد.

هەڵگورد جەوانمەردی: شیکاری جەریانی پاشایەتی و پێویستیی سەروەریی سیاسی بۆ  کوردستان.

بۆ شیکاری جەریانی پاشایەتی  پێویستە ئاوڕدانەوەیەک بە نیسبەتی سیستەمی دەسەڵاتداری ئێرانی،  لە مێژووی سیاسیی سەدساڵەی دەوڵەت- نەتەوەی ئێراندا بکەین. چەمکی ناوەندگەرایی و پێکهاتەی یەکگرتووی دەسەڵات، بەبێ  بەرچاوگرتنی نەتەوەکانی تری ناو بازنەی ئێران، هەمیشە وەک هێڵێکی بەردەوام و هەمیشەیی و نەگۆڕ بووە. ڕەوتی ئێستای پاشایەتیخوازان، تەنیا خوازیاری گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی پرشەنگداری ڕابردوو و ستایشکردنی هێماکانی ڕابردوو نییە، بەڵکوو مانیفێستێکە بۆ درێژەدان و بوژانەوەی پڕۆژەیەکی بنەڕەتی دەوڵەتسازی ئێرانە کە ئەساسی بوونی خۆی لەسەر دوو بنەما دامەزراندووە: دەستبەسەرداگرتن  و چڕبوونەوەی دەسەڵاتی  ڕەهای سیاسی و ئیداری لە یەک ناوەنددا و نەهێشتن  و پەراوێزخستنی سیستماتیکی شوناسە نەتەوەیییە نافارسەکان لە جوغرافیای ئێران. ئەم پڕۆژەیە کە ڕەگوڕیشەی لە ناسیۆنالیسم و عەقڵیەتی سیاسیی هاوچەرخی ئێرانییەکاندایە، بۆ بە ئامانج گەیاندنی  دروستکردنی “دەوڵەت-نەتەوە”یەکی یەکگرتوو و یەکسان، بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو فرەچەشنییە ناسنامەیی و زمانەوانی و سیاسییەی کە لە جوغرافیای ئێران لە ژێر سەروەریی خۆیدا هەبووە، سەرکوت کرد.

   هەروەها کۆماری ئیسلامیش هەر لە سەرەتای دەسەڵاتدارییەوە،  سەرەڕای گوتاری شۆڕشگێڕانە و ئیسلامی و بەڵێنی سەرەتایی دادپەروەری و یەکسانی، ئامادە نەبوو لەو پێکهاتە ناوەندگەرایی و پەراوێزخستنەوە گۆڕان بە دوای خۆیدا بێنێت و مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی نەتەوەکانی ناو بازنەی ئێران بە فەرمی بناسێت، بەڵکوو سەرەڕای ئەوەی ئەم پەراوێزخستنەوەی کە لە لایەن  کۆماری ئیسلامییەوە وەک یەک لە پایەکانی گوتاری ڕێژیم،  ئەم  سیستەمە نەک هەر مۆدێلی پێشووی دەسەڵاتداری ناوەندگەرای پێشووی پاراست، بەڵکوو بە ئەدەبیات و میکانیزمە ئاینییەکانی  خۆی، بەهێزتری کرد.

   لەم چوارچێوەیەدا شیکردنەوەی  دیاردە و گوتاری پاشایەتیی هاوچەرخ تەنیا کاتێک مانادار دەبێت کە ئێمە نەک وەک خواستێکی تەنیا سیاسی، بەڵکوو وەک هێما و هەڵگری بەردەوامیی ئەو لۆژیکە هەژموونێکی ناوەندگەرایی لێی تێ بگەین. هەر بۆ ئەم مەبەستە لەم نووسراوەمدا دەمەوێت، شیکاریێک بە نیسبەتی ئەو لێکەوتە ماڵوێرانکەرانە بۆ سەر نەتەوەی کورد  لە پەراوێزی ئەم پڕۆژە ناوەندگەرایانە بکەم. ئەزموونە تراژیکە مێژوویییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نموونەیەکی ڕوون و بەرچاو لە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سیاسەتانەی ئێرانە، هەر لە سەرکوتی بزووتنەوەکانی کوردستانەوە بگرە  تا ئینکاری ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری ئێمە بەشێکی گەورە لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بووە.

   سەرەڕای  هەموو ئەم شتانە، کوردستان، وەک قوربانییەکی  ئەم پێکهاتەیە، گۆڕەپانێکە کە تێیدا دەتوانین هەموو ڕەهەندە تاڵانکەر و داگیرکارییەکانی  “کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی”  تێدا ببینین و بەخوێندنەوەیەکی زانستیانە و واقعبینانە شیکاری بۆ بکەین. هەر بۆیە شیکاریی ئەم بابەتە نەک وەک بابەتێکی ئێحساسی، بەڵکوو شیکاریێکی قوڵە و لەسەر بنەمایەکی زانستی داڕێژراوە کە دەیەوێت لایەنە جیاوازەکانی پێکهاتەی دەسەڵات و سوڵتە لە ئێراندا بورووژێنێت.

بەردەوامیی کۆلۆنیالیسم  لە گوتارەکانی دەسەڵات

   لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەی  دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، دەکرێ بە مێژووی هەوڵدان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەییی ناوەندگەرایی و یەکسان هەژمار بکرێت، دیاردەی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا لە سەردەمی  پەهلەویدا بوو بە ئایدۆلۆژیایەکی فەرمی و لە کۆماری ئیسلامیدا، لەژێر فۆڕم و بەرگێگی جیاوازەوە بەردەوام ئەو ناوەندگەرایییەی  بەرهەم هێنایەوە. لەم قۆناغانەدا، سروشت و بناخەی سەرەکیی  ئەم پڕۆژەیە، ڕەتکردنەوەی مافی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەییی غەیرە فارسەکان، بەتایبەتی نەتەوەکانی کورد، ئازەری، بەلووچ، گیلەکی وعەرەب بووە. بەردەوامیی ئەم پڕۆژەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کێشەکە، لە دەرەوەی سروشتی ڕێژیمەکانی پەهەلەوی و ئیسلامی، لە لۆژیکی ناوخۆییی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندایە؛ پێکهاتەیەک کە ناوەندگەرایی بە مەرجێک بۆ مانەوە و بەقای خۆی گرێ دەدات.

   لە سەردەمی قاجارییەکاندا،  هەرچەندە بە مانا مۆدێرنەکەی پێکهاتەیەکی حکومەتی ناوەندی نەبوو، بەڵام میتۆدێکی حوکمڕانی ناڕاستەوخۆ لەسەر بنەمای هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهاتە خێڵەکی و ناوخۆیییەکان زاڵ بوو، بەڵام هەر لەو کاتەوە تۆوی  ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرایی چێنرا. تێگەیشتنی پاشاکانی قاجار بۆ حکومەت، هەرچەندە فیۆداڵی و پارچەپارچە بوو، بەڵام هەمیشە لەسەر باڵادەستیی ناوەند و لاوازبوونی  دەسەڵاتێکی سەربەخۆ لهناو نەتەوە جیاوازەکان لە ئێراندا بوو. نموونەی بەرچاوی ئەم باڵادەستییە دەتوانین لە سەرکوتە  خوێناوییەکانی کورد، وەک ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا شەمزینی ببینینەوە، لەو بەستێنەدا سەرکوت نە تەنیا بۆ  بەرەنگاربوونەوەی نافەرمانی ناوخۆیی بوو، بەڵکوو سەرکوت بە مەبەستی ترس لە  دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ڕەها  و سەربەخۆ لە نەتەوەکانی دیکە بوو. لەو سەردەمەدا بە ئەویترکردنی  کورد زیاتر لە شێوەی خێڵە یاخییەکانی سەر سنوور و سونییە موتەعسسیبەکان  لە گوتاری حکومەتی قاجاڕدا خۆی دەرخست.

بەڵام ئەم ناوەندگەرایییە لە سەردەمی پەهلەویدا بوو کە پڕۆژەی نەتەوەسازی بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئایدۆلۆژی دەوڵەت-نەتەوەییی ناوەندگەرا کرا بە ئەجێندا و فەلسەفەی بوونی دەسەڵات.  ڕەزا شا و پاشان محەمەد ڕەزا شا، بە ئولگۆگرتن لە مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ڕۆمانتیکی ڕۆژئاوایی (بەتایبەت مۆدێلی فەرەنسی و تورکی) ناسێۆنالیسمی ئێرانیان  وەک ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی پێناسە کرد کە تیایدا پێناسەی شوناسی ئێرانی هاوتا کرابوو لەگەڵ شوناسی فارسی-ئاریایی و پێش ئیسلامی ( لە سەربنەمای ئیمپراتۆریەتی  هەخامەنشی و ساسانی). ئەم ناسیۆنالیزمە سروشتێکی  فارسی تەوەر و شۆڤێنیستی بوو کە لەگەڵ هەر چەشنە فرەڕەنگییەک کێشەی هەبوو و بە مەترسی لە سەر بوونی خۆی دەیزانی  زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی و پێوەری “ئێرانیبوون” سەپێنرا. مێژوونووسی فەرمی مێژووی نەتەوە غەیرە فارسەکانی لەناوبرد یان لە بەشێکی پەراوێزی مێژووی نەتەوەییی ئێراندا کورتی کرد. ناوە ناوچە نەتەوەییە جیاوازەکان  بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکارییان بەسەردا هێنا و لە پرۆسەکەدا کوردستان بوو بە گۆڕەپانی جێبەجێکردنی تەواوی  پڕۆژەکانی نەهێشتنەوەی ئیتنیکی لە سەردەمی پەهەلەوی.

 جیا لەمانە سەرکوتکردنی سیستماتیکی بزووتنەوە نەتەوەیی، کولتووری وسیاسییەکانی کورد و هەروەها قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایک، کۆچ و نیشتەجێکردنی زۆرەملێی هۆزە کوردەکان بە بیانووی عەشیرە بوونیان و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی نیشانەکانی ناسنامەی کوردستانی، هەموو ئەمانە بەشێک بوون لە هەوڵێکی گەورەی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی بۆ ئاسمیلە کردن و بێ ناسنامەیی کورد لە <<ملت یکپارچە ایران<<.

کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی 1946 کە هێمای و خواستی نەتەوەی کورد  بوو بۆ سەروەریی سیاسی و ئیرادەی خۆی، بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت کرا و ڕێگەی لەهەر جۆرە هەوڵێک بۆ تەعبیر کردنی کورد لە بوونی خۆی گرت. هەر لەم قۆناغەشدا گوتاری پاشایەتیی ئێستا، میراتگری ڕاستەوخۆی ئەم ناسیۆنالیزمە فارس-سەنتەرە و پێکهاتەی پێشووی خۆیەتی. ئێستاش ڕەوتی پاشایەتی، بە زیندووکردنەوی نۆستالژیاکانی   ئەو سەردەمە و هێنانە ئاڕای گوتاری پاشایەتی وسەڵتەنەت  لە ڕاستیدا هەوڵدەدات هەمان لۆژیکی سڕینەوە و پەراوێزخستن پەرە پێبدات.

کۆماری ئیسلامی بە دروشمی “سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی” (استقلال، آزادی، جمهوری اسلامی) و پشتبەستن بە گوتاری ئوممەتی ئیسلامی و برایەتی ئایینی، سەرەتا دەیویست بە فێڵ هیوا لە نێو نەتەوە چەوساوەکاندا بورووژێنێت، تەنانەت لە سەروبەندی شۆڕشدا ڕێبەرانی شۆڕش لەوانە ئایەتوڵڵا خومەینی بەڵێنی ڕێزگرتن لە مافی نەتەوەکان و ئۆتۆنۆمی  لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامیدا. بەڵام کاتێک دەسەڵات سەقامگیر کرا، ئەم بەڵێنانە هەر بە خێرایی لەبیرکران. پێکهاتەی نوێ نەک هەر مۆدێلی  ناوەندگەرایی پێشووی پاراست، بەڵکوو لە شێوەی ئایین و شەریعەتی ئیسلام  (ولایت مطلقه فقیه)، شرعیەتی بە ناوەندگەرایی فارس و ئایینی شێعە دا و لەم گوتارە “یەکیەتی ئیسلامی”  بوو بە ئامرازێک بۆ دامرکاندنەوەی هەر چەشنە داواکاریێکی  ناسنامەیی. لەم چشەنەدا هەر داواکارییەکی بۆ مافە نەتەوەیییەکان دەستبەجێ بە جوداییخوازی (تجزیە طلبی) و  پشیوانیکردنی بیانییەکان  بۆ  لاواز کردنی یەکێتیی نیشتمانی ناوزەد دەکرا ودەستبەجێ فەتوای لەسەر دەدرا.

لە پێوەندی لەگەڵ کوردستانیشدا ئەم سەرکوتکردنە هەر لە سەرەتاوە توندوتیژییەکی بێ وێنەی لەگەڵدا بوو. لە سێدارەدانی چالاکان و شۆڕشگێرانی کورد و تیرۆرکردنی بە ئامانجی  ڕۆشنبیران و ڕێبەرانی کوردەوە بگرە تا بە کافر نیشان دانی کوردەکان و بە شەیتانی کردنی ئەحزابی سیاسی کورد، نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە هەر کارێک بکات بۆ پاراستنی یەکپارچەییی خاکی خۆی لەسەر بنەمای ناوەندگەرایی ئێرانی شیعیزیمی خۆی.

بەم شێوەیە دەتوانرێت هێڵێکی بەردەوام لە سەرەتای دەوڵەت نەتەوەی ئێراندا ببینین کە ڕێژیمەکانی ئێران  تا ئێستا بە دوایدا چوون،  پاراستنی ئێران وەک یەکەیەکی سیاسیی ناوەندی، پێویستی بە نەهێشتنی هەر ناوەندێکی دەسەڵات لە لایەن کوردەکان و هەر شوناسێکی بەکۆمەڵی تر وەک شوناسێکی سەربەخۆ. ڕەوتی ئێستای  پاشاخوازان  ئەم پێکهاتەی  وەک میراتێکی شەرعیەتدان بۆ هاتنە سەر کاری خۆی دەبینێت و دەیەوێت بگەڕێتەوە لووتکەی زێڕینی دەسەڵاتداری خۆی واتا سەردەمی پەهلەوی. هەروەها کۆماری ئیسلامیش  سەرەڕای گۆڕانی گوتار لە ناسیۆنالیزمی باستانگەراوە  بۆ ئیسلامی سیاسی،  ئامادە نەبوو لەو پێکهاتەی ئێرانی یەکگرتووە تێپەڕێت.

کە واتە لە هەردوو گوتاردا، کوردستان وەک کێشەیەکی ئەمنییەتی و بریکارانی بێگانە وێنا کرا، نەک وەکوو نەتەوەیەک کە خاوەنی مافی سیاسی بێت. ئەم بەردەوامییە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی کۆلۆنیالیزمی نێوی خۆیی لە  پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا نیشان دەدات.

کۆلۆنیالیسمی نێوخۆیی و پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە دەسەڵاتی ئێرانی و قووڵاییی کارەساتی مێژووییی نەتەوەی کورد لە ئێراندا، دەبێ لە شیکاری کەمینەی نەتەوەیی تێپەرین و لە چوارچێوەی چەمکی بەهێزی “کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی”  کەڵک وەربگرین . ئەم تێورییە یەکەمجار لەلایەنی ئاکادمیسیەنی کورد سارۆ ئەردەڵان (فاتێح سەعیدی) لە گۆڤاری تیشکەوە لە ژێر ناوی کۆلۆنیالیسمی وەخۆگر بەکار هێنرا، تا بتوانرێت پێوەندییەکان و میکانیسمەکانی بەرهەمهێنەرەوەی نابەرابەری ناوەند و پەراوێز لە ناو جوغرافیای ئێران لێکبداتەوە و سروشتی ڕاستەقینەی داگیرکاری ئێران بۆ سەر کوردستان نیشان بدات. لەم پەیوەندییەدا زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆلۆنیالیزمی کلاسیک بەرهەم هاتوەتەوە، تەنیا بەو  جیاوازییە بنەڕەتییەی کە کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیالیزەکراو لە یەک خاکدا و لە ژێر دەسەڵاتێکی سیاسی یاساییدا دەژین، نەک ئەوەی لە شوێنێکی ترەوە هاتبێتن کوردستانیان کۆلۆنیالیزە بکەن،  بەڵکوو هەر لە نێو ئەو سیستمە دەسەڵاتدارییە کە تێیدا دەژین ئەم چەوساندنەوە و داگیرکارییە ڕووی داوە. ئەگەربمانەوێت بەکەڵکوەرگرتن لە کۆلۆنیالیسمی نێوخۆیی دۆخی کوڵۆنیالیستی ئێران بە سەر کوردستان شی کەینەوە. کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی سێ پایەی سەرەکی هەیە: ئیستسماری ئابووری، هەژموونی سیاسی و  نکۆڵیکردنی کولتووری. ئەگەر بمانەوێت ئەم سێ شێوازی داگیرکارییە بۆ بنەمای تیۆریکی بابەتەکەمان بێنینە ئاڕاوە، دەبێت خوێندنەەیێکی وردی بۆبکەین.

لە ڕووی ئابوورییەوە، کوردستان وەک “پەراوێز”، بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆڵی دابینکردنی سەرچاوەی خاو ( سەرچاوە سروشتییەکان، بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری)ی گێڕاوە بۆ ناوەند، بەبێ ئەوەی شایەتحاڵی گەشەسەندنی پیشەسازی و ژێرخانی هاوتا بێت لە خودی کوردستان. وەبەرهێنانەکانی حکومەت لە ناوەندا خولاسە کراوەتۆ و کوردستانی  لە دۆخێکی وابەستەیی و گەشەنەکراوی دا هێشتوەتۆ. ئەم دۆخە لۆژیکی  پەیوەندی کۆلۆنی و ناوەندمان وەبیر دەهێنێتەوە: دەرهێنانی سامان و ژێرخانە سروشتییەکان  لە پەراوێزەوە بۆ گەشەی ناوەند، کە کۆلۆنیالیستە کلاسیکەکان  ئەم شێوازەیان بەکار دەهێنا.

لە ڕووی سیاسییەوە حوکمڕانی لە کوردستان هەمیشە لە سەرەوە و لە لایەن نوێنەرانی ناوەند (پارێزگاکان و پارێزگارەکان و فەرماندەی سەربازی و ئەمنی)ەوە پیادە کراوە، نەک ئەوەی سەرچاوە لە بڕیاردانی سەربەخۆی کوردستان بێت. تەنانەت کارگێڕانی ناوخۆییش ڕاستەوخۆ لەنێو ئەوانەی کە ملکەچی ناوەندن هەڵدەبژێردرێن یان لە دەرەوەی کوردستان  دەنێردرێت و تا ئێستا هیچ ئۆرگانێکی هەڵبژێردراو و خۆبڕیاردەری ڕاستەقینە نەبووە کە نوێنەرایەتی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان بکات. ئەم هەژموونە سیاسییە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بوونی هەمیشەییی  هێزی  سەربازی و ئەمنییەتی  دامەزراوەی ناونددا بوە، و دۆخێکی ڕەخساندووە کە  تەواوەن خاکێکی داگیرکراو بێت.

 ڕەنگە وێرانکەرترین لایەن ئینکاری کولتووری بێت بە مەبەستی سڕینەوەی کورد لە سەر گۆی زەوی. زمانی کوردی کە ملوێنان قسەکەری هەیە، بەڵام لە هیچ گۆڕەپانێکی فەرمیدا جێگەی نییە و لەهیچ دامەزراوەیەکی ئیداری و سیاسی ڕێگەی پێنەدراوە و تەنانەت وەکوو زمانێکی لۆکاڵی و خێڵەکی ناوزەد دەکرێت. پەروەردەی زۆرەملێ بە زمانیی فارسی نەک هەر منداڵی کورد لە خوێندنی زمانی دایکی بێبەش کردووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ فێری ئەوەی دەکات کە زمان و کولتوورەکەیان نزم، نافەرمی و بێ نرخە. میدیاکانی ئێرانی  یان مێژوو و کولتوری کورد پشتگوێ دەخەن یان لە باشترین حاڵەتدا وەک بوونەوەرێکی “فۆلکلۆر”ی نێۆخۆ وێنایان دەکات کە خاڵی لە هیچ ڕەهەندێکی سیاسی و مێژوویی بێت. ئەم پرۆسەی نەرمە ژینۆسایدێکی کولتوورییە کە لەگەڵ هەر جۆڕێک ناونانی دووکان و شوێنە گشتییەکان تا وەکوو ناوی منداڵان و گەڕەک و ناوچەکانی کوردستان بە مەبەستی تواندنەوە وسڕینەوی ئێلێمنت و نیشانە کوردییەکانە،  و لەگەڵ ئەویشدا بڵاکراوە،  گۆڤار و مۆسیقای  کوردی لە کوردستان سنووردار کردووە. لێرەدا گرینگی بیرۆکەکانی فرانتس فانۆن دەردەکەوێت.  فانۆن لە کتێبی “پێستی ڕەش و دەمامکی سپی” و “دۆزەخییەکانی زەوی”دا، کاریگەرییەکان و لایەکانی کۆلۆنیالسم شی دەکاتەوە: لەژێر فشاری کولتووری باڵادەستدا، تاکی کۆلۆنیالیزەکراو وردە وردە هەست بە کەمتەرخەمی دەکات، ناسنامەی خۆی بە ناشیرین و ناسەرنجڕاکێش دەبینێت و ڕەنگە دواجار خۆی لە کولتوورە ڕەسەنەکەی خۆی دوور بخاتەوە تا ئەوەی کە لە لایەنی باڵادەستەوە وەربگیردرێت. ئەم نامۆبوونە (alienation) لە کوردستانیشدا دیارە؛ منداڵێک  کە لە ماڵ و ناو خێزاندا فێری زمانی دایکی دەبێت بەڵام بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و خوێندنەوە پێش بکەوێت، ناچارە بیشارێتەوە و زاڵ بێت بەسەر زمانی باڵادەستدا. ئەو توندوتیژییە پێکهاتەیییە کە  فانۆن باسی دەکات، تەنیا لە زیندان و ئەشکەنجەکردن دا نایبینین،  بەڵکوو لە هەموو پۆلێکدا هەیە کە منداڵی کورد ناچار دەکات نکۆڵی لە ناسنامەکەی بکات. بۆ ڕەوایەتیدان بەم هەژموونە، گوتاری ناوەندی ناسنامەی کورد وەک “ئەویتر”ێکی مەترسیدار و ناتەبا بەرهەم دەهێنێتەوە.

 بە کەڵکوەرگرتن لە ڕوانگەی ئێدوارد سەعید لە ڕۆژهەڵاتناسیدا دەتوانین بڵێین گوتاری باڵادەستیی ئێران “کوردۆلۆژی”یەکی (Kurdology) ساختەی دروست کردوە، لەم گوتارەدا کورد وەک “خێڵە سەرەتایی و سەربڕەکان” پێناسە کردووە کە لەلایەن ئێرانییەکانەوە پێویستیان بە شارستانیەت و کولتوورەوە هەیە، یان وەک “جودایخواز”  کە لە ژێر کاریگەریی زلهێزە بیانییەکان وەکوو هەڕەشەیەک بۆ  یەکیەتی نەتەوەییی  ئێرانیان هەیە، نیشان دەدرێت. ئەم وێناکردنە هەر خەباتێکی کورد بۆ مافەکانی نەک وەک داخوازییەکی سیاسی ڕەوا، بەڵکوو وەک نەخۆشییەکی ئەمنی یان لادانێکی نەتەوەیی نیشان دەدات. لە ئاکامدا  سەرکوت نەک هەر ڕەوایی پێ دەدرێت، بەڵکوو وەک ئەرکێک بۆ پاراستنی یەکپارچەییی خاک و یەکیەتی نەتەوەیی سەیر دەکرێت. ئەمە ڕێک هەمان ئەو لۆژیکەیە کە  لە سەردەمی پەهلەویدا لەگەڵ ئەدەبیاتێکی ڕادیکاڵی ناسیۆنالیسمی و لە کۆماری ئیسلامیدا بە ئەدەبیاتی ئەمنیەتی- ئایینی دووبارە بووەوە. کوردستان، لەم لۆژیکەدا، هەرگیز وەک نەتەوەیێک کە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی هەیە، ناناسرێتەوە، بەڵکوو وەک ناوچەیەکی  جوگرافیای کێشەدار کە دەبێت کۆنترۆڵ بکرێت و چاودێری بکرێت و دواجاریش، ناسنامەکەی لە چوارچێوی ئێراندا بخوێندرێتەوە، هەڵسوکەوتی لەگەڵدەکرێت. هە بەم هۆکارانە تیۆری کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بە جەختکردنەوە لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئیستیسماری ئابووری، هەژموونیی سیاسی و نکۆڵیکردنی کولتووری، ئامرازێکی شیکاری گونجاوە بۆ  تێگەیشتن لە قووڵایی بێبەشی ئابووری و دامەزارەوەیی کولتووریی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییی ئێراندا.

هەژموونی کولتووری و ڕەخنەی ئاڕێنت

سوڵتە و باڵادەستیی ناوەند بەسەر پەراوێزدا تەنیا بە سەرکوتی ڕاستەوخۆ و توندوتیژی جەستەیی و هێزی ڕەق بەردەوام نابێت،  لە ڕاستیدا بەکارهێنانی بەردەوامیی هێز تێچووی زۆری دەوێت و لە ئاکامیشدا ناپایەدار دەبێت. ئەوەی سەقامگیری و هەمیشەیی بەم باڵادەستییە دەبەخشێت، توانای ناوەندە بۆ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی و با ئاسایی کردنی پێوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات. لێرەدایە کە چەمکی “هەژموون”ی ئانتینێۆ گرامشی ڕێڕەوی شیکارییەکەمان ڕووناک دەکاتەوە و بەرچاوڕوونیمان پێ دەدات. لە ڕوانگەی گرامشییەوە، هەژموون بە واتای سوڵتەی  کولتووری و ئایدیۆلۆژیی چین یان گرووپێکی دەسەڵاتدارە، بە جۆرێک کە بیەوێت بەها و باوەڕ و جیهانبینییەکەی وەک شتێکی  گشتگیر و سروشتی و ئاسایی لە کۆمەڵگادا قبوڵ بکرێت. دەوڵەت بە پشتبەستن بە هێزی  نەرم و لە دڵی کۆمەڵگای مەدەنی (پەروەردە، دامەزراوە ئایینیەکان، میدیا، خێزان) ئەم هەژموونە  دروست دەکات و بەرهەمی دەهێنێتەوە. سەبارەت بە پەیوەندی ناوەند و پەراوێز لە ئێراندا، دەوڵەتی ناوەندی تا ڕادەیێک سەرکەوتوو بووە لە دروست کردنی هەژموونێکی کولتووری فارس تەوەر کە هەژموونی خۆی نەک وەکوو سوڵتە، بەڵکوو وەک یەکیەتیی خاکی ئێران  دەیخاتە ڕوو و دەیناسێنێت. میکانیزمەکانی ئەم هەژموونە زۆرن و لێرە چەند نموونەیان ناو دەبەم،  پێش هەموو شتێک سیستەمی پەروەردەیە، لە پۆلەکانی  خوێندن لە قوتابخانەی سەرەتایییەوە تا زانکۆ، گێڕانەوەیەکی یەکپارچە و یەکلایەنەی مێژووی ئێران دەخەنە ڕوو کە تێیدا ڕۆڵ و شارستانیەتی نەتەوە غەیرە فارسەکان یان لەناو دەچن یان پەراوێز دەخرێن. مێژووی کورد جگە لە کۆمەڵێک ڕاپەڕینی یاخیگەرانە  کە سەرکوت کراون، و هیچ جێگایەکی لەم گێڕانەوەیەدا نییە. زمانی فارسی وەک تاکە زمانی ئەدەبی زانستی و نەتەوەیی دەناسێنرێت و زمانەکانی دیکەش، لە باشترین حاڵەتدا، وەک زاراوەی  نێوخۆیی  دادەنرێت و توانای پێشخستنی زانست و ئەدەبیان نییە. منداڵی کورد، بەلووچ، یان ئازەری لە یەکەم ڕۆژەکانی خوێندن فێردەبێت کە بۆ سەرکەوتن دەبێت زمان و ناسنامەیەکی  نەتەوەیی (فارسی) بگرێتەبەر و شوناسی ناوخۆییی خۆی لە شوێنە  نافەرمییەکاندا قەتیس بکات. ئەم پرۆسەیە جۆرێکە لە توندوتیژی هێمایین  کە بە شێوەیەکی نادیار بەڵام بە قووڵی کاردەکات.

 دووەم: میدیای نەتەوەیی (صدا و سیما)  لە خزمەتی بەهێزکردنی  گوتاری باڵادەستدایە،  لەم میدیایانەدا تاران و شارەکانی سەر بە نەتەوەی ناوەند وەک ناوەندی شارستانییەت و پێشکەوتن و مۆدێرنیتە وێنا دەکرێن، لە کاتێکدا ناوچە پەراوێزییەکان زۆرجار لە شێوەی دیمەنە سروشتییە پاک و خاوێنەکان، هەژاری، یان لە هەواڵی ئەمنییەتیەوە بگرە تا  تێکهەڵچوونی  سنووری و   دەستگیرکردنی جوداییخوازان نیشان دەدرێن.  کەسایەتییە مێژوویی و ئەدەبییەکانی  نەتەوەی  غەیرە فارس بە دەگەمەن ڕێزیان لێدەگیرێت، مەگەر خزمەت بە گێڕانەوەی نەتەوەییی ئێران (وەک شاعیرانی ئازەری و کورد کە لە خزمەتی کولتوور و ئەدەبی نەتەوەییی ئێراندا بوون) بکەن.

سێیەم: بەرهەمە ڕۆشنبیرییە فەرمییەکان (ئەدەب، سینەما، شانۆ) بە گشتی لە ڕوانگە و ئەزموونی ناوەندەوە قسە دەکەن. تەنانەت کاتێک باس لە پەراوێزیش دەکەن، زۆرجار ڕوانینێکی  نامۆ یان ئۆریەنتالیستیان هەیە کە هیچ ڕەهەندێکی سیاسی بۆ دانیشتوانی ئەو خاکەی تێدا نابیننەوە و دەرئەنجامی ئەم هەژموونە کولتوورییە، دروستکردنی ڕەزامەندییەکی ساختە دەبێت. ڕەنگە زۆرێک لە هاووڵاتیانی نەتەوەی غەیرە فارس، لە ژێر کاریگەریی ئەم سیستمە ئایدیۆلۆژییەدا، هەژموونی کولتووری- زمانەوانیی ناوەند قبوڵ بکەن، شەرم لە ناسنامەی خۆیان بکەن، یان تەنانەت بەشداری لە سەرکوتکردنی هاووڵاتیان و  هاونیشتمانیان خۆیان بکەن کە لە پێناو ناسنامەکەیاندا خەبات دەکەن. ئەمەش ڕێک سەرکەوتنی هەژموونە کە کاتێک زاڵ دەبێت، زاڵبوون نەک وەک پەیوەندییەکی دەسەڵات، بەڵکوو وەک چارەنووسی بێ ئەملا و ئەولای خۆی قبوڵ دەکات.

بەڵام شیکارییەکەی هانا ئارێنت لە ڕوانگەیەکی دیکەوە قووڵاییی کارەساتەکە دەردەخات. ئارێنت باس لە مافی بەشداربوون لە ماف دەکات، بۆ ئەوەی  بنەڕەتیترین مافی مرۆڤ مافی ئەندامێتی لە کۆمەڵگەیەکی سیاسیدایە؛ کۆمەڵگەیەک کە تاک  نەک وەک مرۆڤێکی ئەبستراکت و ئینتزاعی ببینێت کە هیچ داخوازیێکی نییە و لە دۆخی سروشتیدا دەمێنێتەوە، بەڵکوو بە ناسنامەیەکی تایبەت و ئەو مافانەی کە لەگەڵیدا دێن، دەناسێت. کاتێک کەسێک لەم  ئەندامێتییە بێبەش دەکرێت وەک  حاڵەتی پەنابەران، کەسانی بێ‌وڵات، یان ئەو گرووپانەی کە ناسنامەی بەکۆمەڵیان ڕەت کراوەتەوە لێ دێت و لە ڕاستیدا لە مافی هەبوونی ماف بێبەش دەکرێت و دەخرێتە دەروەی مێژووەوە،  کەسێکی لەم جۆرە، لە کاتێکدا ڕەنگە  لە هەندێک مافی مەدەنی بەهرەمەند بێت، بەڵام ئەو پێگە سیاسییەی نییە کە ئەو مافانە گەرەنتی بکات و بیانپارێزێت، هەر بۆیە لە بۆشایییەکی سیاسیدا ماوەتەوە کە هەر مافێک بە ئاسانی لێی بسەنرێتەوە. ئەم چەمکە کلیلی تێگەیشتن لە دۆخی نەتەوەی کورد لە ئێراندایە. کێشەی  کورد تەنیا ئەوە نییە کە لە هەندێک مافی کولتووری یان ئابووری بێبەش دەکرێت، یان تەنانەت  بەشداری  سەندووقی دەنگدانەکانە، بەڵام نوێنەرە ڕاستەقینەکانی لە پارلەمان نابینین. کێشەی بنەڕەتیتر ئەوەیە کە ناسنامەی ئەوان وەک نەتەوەیەک کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان هەیە، لە بنەڕەتدا دانی پێدا نانرێت. لە گوتاری باڵادەستدا، کورد کەمینەیەکی ئیتنیکییە، نەک نەتەوە. ئەم جیاوازییە تەنیا لە لایەنێکی وشەیەوە قەتیس نامێنێت، بەڵکوو لایەنێکی ئۆنتۆلۆژیکی هەیە. ڕەنگە لە چوارچێوەی نەتەوەی باڵادەستدا مافی کولتووری سنوورداری هەبێت، بەڵام ئەوە نەتەوەیە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دەوڵەتداریی خۆی هەیە. تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ناوەندی بوونی ببێت کورد لە ناسنامەی نەتەوەییی خۆی بێبەش دەبێت و  لە بنەڕەتدا مافی  هەبوونی مافی  لێ زەوت دەکرێت. تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک مافێکی  بەرفراوانتر (وەک پەروەردەی زمانی دایکی لە قوتابخانەکاندا) بە کوردەکان بدرێت، تا ئەو کاتەی کە پێکهاتە سیاسییەکە ناوەندگەریانەیە و نکۆڵی  لە ناسنامەی نەتەوەیی دەکرێت، ئەو مافانە پایەدارنین و لەرزۆک  و بەخشراون و لە ململانێی سەندنەوە دەمێنننەوە. بەم پێیە لە ڕوانگەی هانا ئاڕێنتەوە، خەباتی کورد بە پلەی یەکەم خەباتێکە بۆ دانپێدانان؛ خەباتێک بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی سیاسی کە کوردەکان بتوانن مافیان هەبێت. ئەمەش لە داواکارییەک بۆ چاکسازیی ئیداری یان کولتووری تێ دەپەڕێت؛ شەڕێکی ئۆنتۆلۆژییە بۆ ڕزگاربوون لەو بێ مافی ڕەهایەیە کە لە نکۆڵی کردی  ناسنامەی نەتەوەیی تێ دەپەڕێت.

پێویستی دامەزارەوی سیاسی ودەوڵەت.

بە تێگەیشتن لە قووڵایی کێشەکە و دەرباز بوون لە دۆخی کۆلۆنیالیستی و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە  ڕوانگەی تیۆرییە هەژموونییەکان و فەلسەفەی سیاسیی ئارێنتەوە، دەتوانین بە شوێن چارەسەرەێک بۆ دۆزینەوەی ڕزگاری بگەڕێین. لە نێو هەندێک ڕەوتی فکری و سیاسی لە کوردستاندا،  پلانگەلێکی وەک ڕێفۆرم لە ئێران یان ناسیۆنالیسمی مەدەنی و کۆنفدرالیسمی دیموکڕاتیک  بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەییی کورد پێشنیار کراوە، ئەم پێشنیارانە، هەرچەندە بە ڕواڵەت لە دۆخی ئێستا پێشکەوتووترن، بەڵام ناتوانێت ئۆتۆنۆمیی سیاسی لە خۆ بگرێت و ناتەواو و تەنانەت چەواشەکاری دۆخی کۆلۆنیالیستی و سوڵتە لە ئێراندان. لە ڕاستیدا ئەم مۆدێلانە دەتوانن بەسادەیی فۆرمێکی ئاڵۆزتر بن لە بەردەوامبوونی پێکهاتەی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی. چونکوو نە هێز و نە توانای ئەوەیان هەیە لە بەرانبەری هەژموونی باڵادەست خۆڕاگر بن و نە دەتوانن تەعبیر لە مرۆڤێک بکەن کە خاوەن ئیرادەی خۆیەتی، بەبێ بوونی دامەزراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بوونی مرۆڤی کورد دەچێت دۆخێکی سروشتیەوە.

  لەم سۆنگەوە هەر چەشنە گوتارێک کە نەتوانێت خۆی لەگەڵ کوردستانەوە پێناسە بکات و نیسبەتی  خۆی بەڕوونی لەگەڵیدا دیاری بکات، دەچێتە ناو خوێندنەوەیەکی ئیسڵاحچیەتییەوە. بە پشتبەستن بە ئارگومێنتی هانا ئارێنت سەبارەت بە مافی  هەبوونی ماف، تاکە ڕێگەی دەربازبوون لەم ئابڵۆقە بوونە،  پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بۆ کوردستان. سەربەخۆ لێرەدا دەتوانێت مەرج نییە ئۆتۆنۆمیی سیاسی تەواو لێرەدا بە مانای سەربەخۆیی تەواو و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت (هەرچەندە دەوڵەت باشترین مۆدێلە و  وەک مافێکی سروشتی  بێ ئەملا و ئەولای کورد دەبێت قەبووڵ بکەین)، بەڵکوو بە مانای هەبوونی قەوارەیەکی سیاسی خۆبەڕێوەبەر کە سەروەری ڕاستەقینەی هەبێت بەسەر خاکی خۆیدا. ئەم  دامەزراوەیە پێویستە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت لە بواری یاسادانان و جێبە جێکردنی کاری دادەوەری  و کۆنترۆڵی سامانە سروشتیی و ئابوورییەکانی ناوچەکانی ژێردەسڵات خۆی بێت و هێزە ئەمنییەکانی خۆی بەڕێوەی ببات و لە کاروباری دەرەوەی پەیوەندیدار بە هەرێم خۆی بڕیاردەر بێت. پێکهاتەیێکی فراوانی  لەم چەشنە دەلاقەیێکە بۆ گەیشتن بەو فەزایێک  کە ئاڕێنت بە  فەزای گشتی (عمومی) ناوەزەدی دەکات. فەزای گشتی شوێنێکە کە مرۆڤەکان کۆدەبنەوە، نەک وەک سوژە یان ئۆبژەیێکی  پاسیڤ، بەڵکوو وەک هاووڵاتییەکی چالاک کە دەسەڵاتی کردار و قسەکردنیان هەیە، بۆ بڕیاردان لەسەر کاروباری هاوبەشیان.

لە پێکهاتە ناوەندییەکەی ئێستادا فەزای وا بۆ کورد نییە، و چاوەڕوانی دابینکردنی فەزایێکی گشتی بۆ کورد نزیکە لە مەحاڵ. ئۆتۆنۆمیی سیاسی مەرجێکی پێویستە بۆ دروستکردنی ئەم فەزا گشتییە. دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ  ڕێگە بە نەتەوەی  کورد دەدات کە مافی هەبوونی مافی خۆی بەدی بهێنێت. بۆ یەکەمجار ناسنامەی نەتەوەییی کورد نەک وەک هەڕەشەیەک، بەڵکوو وەک بنەمایەک بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی شەرعی دەناسرێت. هەر لەو پێگە سیاسییە بەهێزەوەیە کە دەتوانرێت مافە کولتووری و زمانەوانی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان دەستەبەر بکرێت و فراوانتر بکرێت، نەک وەک ئیمتیازێک کە ناوەند پێی بەخشیوە، بەڵکوو وەک مافێکی سروشتی کە لە ئەندامێتی لەم کۆمەڵگە سیاسییە سەربەخۆیەدا  سەرهەڵدەدات.

ئاکام

   ئەم نووسینە لە هەوڵی  ئەوەدا بوو کە  لە ڕێگەی شیکاری مێژوویی و تیۆریکەوە،  سروشتی  دەسەڵاتی سیاسی لە قۆناغە جیاوازەکان لە ئێران  نیشان بدات و لێکەوتە کارەساتبارەکانی لەسەر نەتەوەی کورد، وەک قوربانیی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە شی بکاتەوە. هەرەها تا کاتێک ئۆپۆزیسیۆنی  ناوەند  هەڵگری چەمکی یەکیەتیی ئێران بێت ناتوانرێت پڕۆسەی دیپلۆماسی شکڵ بگیردرێت، چونکوو ناواخنی گوتارەکەیان دووبارەکردنەوە و بەرهەمهێنانی هەمان گوتاری زاڵە کە پێشترەکانیان بە کردەوە بە ئەنجامیان گەیاندبوو. هەر لەم سۆنگەیەوە کە ئەو چەشەنە گوتارانە لە ئێراندا بوونیان هەیە نە ناسیۆنالیسمی مەدەنی لە ئێراندا شکڵ دەگرێت و نە کۆنفدراڵیسمی دیموکڕاتێک دەتوانێت وەکوو کوردێک تەعبیر لە کوردبوونت بکاتەوە و پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری کورد بکات.

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!