گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
سدقی مەنسوور، دید و بۆچوونی پیتر لێرخ سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و زمان و مێژووی کورد لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
مەنسوور سدقی: دید و بۆچوونی پیتر لێرخ سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و زمان و مێژووی کورد لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا.
پوختە
لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، لە ئەکادیمیای زانستی ئیمپراتۆریای ڕووسیا، کۆڵینەوە لە مێژوو، ئیتنۆگرافیا، زمان و وێژەی گەلی کورد گرنگی تایبەتی پێ دراوە. لە سایەی کۆڵینەوەکانی کوردناسان و ئێرانیناسانی وەک "ف. شاڕموو"، "ئا، ڤیلیامینۆڤ-زیڕنۆڤ"، "ئا. ژابا"، "ف. یووستی"، "ئا، ساتسین" و "پیۆتێر لێرخ"، کوردناسیی وەک بەشێک لە مەیدانی ئێرانیناسیی سەدەی ١٩، جێگەی بۆ کراوەتەوە و پەرەسەندنی سەربەخۆیانەی دەست پێ کردووە.
"پیۆتێر" یان "پیتر ئیڤانۆڤیچ لێرخ" وەک ئەندامێکی ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریای ڕووسیا لە نێوەڕاستی سەدەی ١٩دا، سەرنج دەخاتە سەر زمانی کورد و مێژووەکەی و سێ ساڵ کاتی ئازادی خۆی بۆ کۆکردنەوەی بابەتی هەمەلایەنە و پەیوەست بەم بوارە تەرخان دەکات. بەشێکی ئەم توێژینەوەیە بە بڕیاری ئەکادیمیا وەک بەرگی یەکەم بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان" لە ساڵی ١٨٥٦دا بڵاو بووەتەوە. هەر لەم ساڵەدا بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەکادیمیا، "پیۆتێر لێرخ" سەردانی شاری "ڕۆسڵاڤڵ" دەکات تاکوو لە نزیکەوە بە هاموشۆ دەگەڵ ژمارەیەک کورد کە لەوێندەرێ ڕاگیرابوون و لە شەڕی ڕووسیا و عوسمانیدا لە ناوچەی کافکاز بەدیلی گیرابوون، توێژینەوە لەسەر زمانی کوردی بکات. لە ئاکامدا، "لێرخ" کۆمەڵێک بابەت سەبارەت بە زمانی کوردی کۆ دەکاتەوە و دوو بەرگی دواتری توێژینەوەکانی تەنیا بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکات و ئەکادیمیا لە ساڵی ١٨٥٧و ١٨٥٨، هەر بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان" چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. "لێرخ" هاوکات هەر سێ بەرگەکە (٤٥٠ لاپەڕە) لە دوو بەرگدا (٣٨٠ لاپەڕە) کۆ دەکاتەوە و بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردەکان و کلدانییە ئێرانییەکان" بە زمانی ئەڵمانی وەردەگێڕێت و ئەکادیمیای ڕووسیا لە ساڵی ١٨٥٨ هەر دووکیانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. بەڵام دیاریی نەکردووە بۆ چی وازی لە "ئێرانیبوونی کوردەکان و هاوڕەچەڵەکییان دەگەڵ کلدانییەکان" هێنابێت.
پێشەکی
نووسەری ئەم وتارەی بەر دەستتان، سێ بەرگە ڕووسییەکەی لێرخی بە بەراورد و هەڵسەنگاندنی دەگەڵ دوو بەرگە ئەڵمانییەکە، کردووە بە کوردیی نێوەندی و هەندێک زیادکراوی دەقە ئەڵمانییەکەشی وەک پاشکۆ لەم وەرگێڕانەدا گونجاندووە، بەڵام هێشتا چاپ نەکراوە؛ بۆیە مەبەستی ئەم وتارە ناساندنی نێوەرۆکی ئەم بەرهەمانەی پیۆتێر لێرخە کە هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو کتێبەکە بەسەریەکەوە چاپ و بڵاو بێتەوە.
لەم وەتارەدا هەوڵم داوە تیشک بخەمە سەر کتێبەکە و نووسەرەکەی و دید و بۆچوونە گرنگەکانی سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و زمان و مێژووی کورد لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانم بێت، تاکوو ئێستا ئەم کۆبەرهەمەی "پیۆتێر لێرخ"، چ لە زمانی ڕووسییەوە و چ لە زمانی ئەڵمانییەوە بەتەواوی وەرنەگێڕراوەتە سەر هیچ زمانێکی دیکە بێجگە لە بەرگی یەکەم کە گوایە کراوە بە عەرەبی. سەبارەت بە کارەکانی لێرخ هەندێک کاری زانستییانە تەنیا بۆ بەشی زاراوەی زازاکی کتێبەکانی لێرخ کراون کە بریتین لە:
ماستەرنامەی "مەهمەت ئەسلان ئۆغلوولاری" لە ساڵی ٢٠١٤ لە "ئێنستیتووتی زمانە زیندووەکان"ی سەر بە زانکۆی "بینگۆل" لە تورکیا بە زمانی تورکی بەناوی "وەرگێڕانی کۆکراوەکانی زازاکیی لێرخ و شیکاری وشەکان بەپێی جۆرەکانیان"[1] لە ١٦٤ لاپەڕەدا؛ وتارێکی "ئایدن وەیسی" بە زاراوەی کورمانجی بەناوی "کوردیزانی و پیۆتێر لێرخ- ١"، ٦ لاپەڕە؛ وتارێکی "سەیدخان کووڕێژ" بە زاراوەی کورمانجی بەناوی "بەرهەمی پیتر لێرخ لە بواری کوردۆلۆژیدا"[2] کە لە ژمارەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ی گۆڤاری "نووبەهار ئاکادیمی NÛBIHAR AKADEMI" لە لاپەڕەکانی ٩٣-١٠٨ بڵاو بووەتەوە (بە تورکی و زاراوەی زازاکییش بڵاو بووەتەوە). ئامانجی ماستەرنامەکە و هەر دوو وتارەکان تیشکخستن و شیکاری تەنیا پەیڤ و دەقە زازاکییەکانی کتێبەکانی لێرخ بووە و تا ڕادەیەک ئەو دەق و پەیڤانەیان بە ئەلفبێی لاتینیی هەنووکەیی ساغ کردووەتەوە.
سەبارەت بە پیۆتێر ئیڤانۆڤیچ لێرخ (١٨٢٨-١٨٨٤)
"پیۆتێر ئیڤانۆڤیچ لێرخ" لە ساڵی ١٨٢٨ لە شارۆچکەیەکی نزیک لە شاری هامبوورگی ئەڵمانیا، لەدایک بووە. خوێندنی باڵای لە ساڵی ١٨٥١ لە زانکۆی پیتربورگ تەواو کردووە و پلەی بەربژێریی بۆ دکتۆرا لە وێژەی ڕۆژهەڵاتی وەرگرتووە. لە سەرەتای پەنجاکاندا، خەریکی بەدواداچوون بۆ پرسی کورد دەبێت کە لە ژێر کاریگەریی شەڕی ڕووسیا و تورک لە ساڵانی ١٨٥٠-١٨٥٦دا لە ڕووسیا گرنگی پێ درابوو…. لە ساڵانی ١٨٥٨-١٨٦٠ لێرخ تێکەڵ بە چالاکی مەیدانی ئەکادیمیا بووە و لە گەشتێکی زانستیدا بە سەرپەرشتی "ن.پ. ئیگناتێیەڤ" کە بە مەبەستی کۆڵینەوە لە مێژوو، جوگرافیا و زمانی دانیشتوان ناوچەکانی "بووخارا"، "خیوە"، "ئۆڕێنبوورگ" و کۆکردنەوەی کەلوپەلی شوێنەواری و دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکان ڕێک خرابوو، بەشدار بووە. لێرخ دیسان لە ساڵانی ١٨٦٧- ١٩٦٨دا بۆ لێکۆڵینەوەی شوێنەوارەکانی شارێکی وێران کە لە کۆتاییی ڕێژراوی ڕووباری "سیر دەریا" بۆ نێو گۆلی "خوارەزم" هەڵکەوتبوو، ڕەوانەی ناوچەی ئاسیای نێوەڕاست دەکرێت. لێرخ لە ساڵانی ١٨٦٩ و ١٨٧٤ لە کۆنگرەی نێونەتەوەییی شوێنەوارناسان لە سویسرا و دانیمارک بەشدار بووە… بە بۆنەی بەڕێوەبردنی ئەرکە میرییەکان سەر شانی، هەروەها بەشداری دڵسۆزانە و لێهاتوویی لە دەستەبەرکردنی ئاکامە گرنگەکانی لە بواری کوردناسی و کۆڵینەوە لە مێژوو، شوێنەوارناسی، جوگرافیا، ئیتنۆگرافیا و زمانی گەلانی ئاسیای نێوەڕاست، (لە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاراندا) ئەندامی "فەخری" و دواتر پلەی ڕاوێژکاریی میریی پێ دراوە… لێرخ بەهۆی کاری کتێبداری لە کتێبخانەی کتێبە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئەکادیمیا، تەواوی سەرچاوەکانی خوێندبووەوە، بۆیە وەک "شارەزاترین کەس لە زمانە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی" و "کاتالۆگی زیندووی بیبلیۆگرافیای ڕۆژهەڵات" بەناوبانگ بووە…. لێرخ لە ساڵی ١٨٧٦، بەهۆی نەخۆشی خانەنشین و بۆ نۆشداری ڕەوانەی ئەڵمانیا کراوە و هەر لەوێندەرێ لە ساڵی ١٨٨٤ و لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دواییی کردووە". (قەناتێ کوردۆ، ١٩٥٩: ٣٩-٥١).
کارەکانی لێرخ سەبارەت بە کورد
بێجگە لە سێ بەرگە ڕووسییەکەی بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان" و دوو بەرگە ئەڵمانییەکە بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردان و کلدانییە ئێرانییەکان"[3]، "پیۆتێر لێرخ" ئەم بەرهەمانەشی نووسیون:
"بە خامەی لێرخ لە دوو وتاردا باس لە چەند دەقی وێژەی کوردی کراوە کە بریتین لە: پێداچوونەوە بە بۆچوونی "ئا. ژابا" سەبارەت بە وێژەی کورد و هۆزەکانی کورد"؛ پێداچوونەوە بە پوختەی "ئا. ژابا" سەبارەت بە هەڵبەستە کوردییەکەی ئەحمەدی خانی"؛ پێداچوونەوەی بە فەرهەنگەکانی کوردی-فرانسایی و فرانسایی- کوردی (کە لەنێو دۆسیەی دەستنووسە کوردییەکانی "ژابا"دا، پارێزراون)؛ دوایین بەرهەمی لێرخ سەبارەت بە زمانی کوردی (دەستنووسێکی ٤٢ لاپەڕەییی مەزنە و چاپ نەکراوە)، ئاستێکی بەرزی زانستیی هەیە. مەبەست کۆڵینەوەیەکی ناتەواوی "لێرخ"ـە سەبارەت بە ڕێزمانی کوردی کە ڕەشنووسەکەی (بە زمانی ئەڵمانی) لە کتێبخانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادیمیای زانستی و کتێبخانەی ڕۆژهەڵاتیی زانکۆی لێنینگراد پارێزراوە. لێرخ مەبەستی بووە ئەو بەرهەمەی بۆ توێژینەوەیەکی مەزن سەبارەت بە ڕێزمان و "فۆنۆتیک"ی زمانی کوردەکان تەرخان بکات" " (قەناتێ کوردۆ، ١٩٥٩: ٤٦).
پیۆتێر لێرخ کتێبێکی دیکەیشی هەبووە بە ناوی "گەشتێکی شوێنەوارناسی بۆ ناوچەی تورکستان لە ساڵی ١٨٦٧". س. پیتربورگ. ١٨٧٠".
سەبارەت بە کتێبی:
"کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان"
بەرگی یەکەم
لێرخ لە لاپەڕەکانی ١-٦ی ئەم بەرگەدا بەگوێرەی نووسراوەکانی گەشتیارانی ڕۆژاوایی هەوڵی داوە "پێداچوونەوەیەک بە سەرچاوەکانی مێژووی کورد و کۆڵینەوەیەک لە یاساکانی هۆزایەتیی کورد و مێژووی کلدانییە باکوورییەکان" بکات. بەڵام وەک لە بابەتەکانی ئەو کتێبەوە دەردەکەوێت، لێرخ لەم سێ پرسە، تەنیا توێژینەوەی بۆ دوو پرس کردووە و سەبارەت بە مێژووی کلدانییە باکوورییەکان کە پێی وا بووە ڕەچەڵەکی کوردانی هەنووکەیین، بەدواداچوونی نەکردووە.
بەرگی یەکەم ١٣٦ لاپەڕەیە و بریتییە لەم بەشانە:
پێشەکی، سەرەتا، خشتەی کتێب و وتار سەبارەت بە ژیان و ژینی کورد، شێوازی ژیانی هۆزەکانی کورد، زمانی کوردی لە دونیای زانستیدا، ئاسەوارە نووسراوەکانی زمانی کوردی، دۆخی ئایینیی هۆزە کوردە ئێزدییەکان، وردبوونەوە لە ژمارەی هۆزەکانی کورد (کوردانی تورکیا[4]، کوردانی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا، کوردانی ژێر دەسەڵاتی پارس).
لە پێشەکیدا لێرخ دەڵێت: "کاتێک ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریا ئەرکی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرگی یەکەمی لە ئەستۆ گرت، ئیتر ئەوەندەی دیکە دڵگەرم بووم تا بڕیاری خۆم بۆ کۆڵینەوە لە زمان، ژیان و مێژووی کورد جێبەجێ بکەم (لێرخ، ١٨٥٦: V)". دواتر بە ئاماژە بە گرنگی کۆڵینەوە لە هۆزەکانی کورد دەڵێت ئەگەرچی دەستم بە زنجیرە چاپەمەنییە بەردەوامەکانی Missionary Herald و [5]Bibliotheca Sacraی ئەمریکا نەکەوتووە، بەڵام لەم بوارەدا شەرەفنامە باشترین سەرچاوەیە (هەمان سەرچاوە).
لە بەشی سەرەتادا لێرخ بەم بۆچوونەی "ئێرنست ئێدوارد کوونیک Ernst Eduard Kunik"، مێژوونووسی ئەڵمانی-ڕووسی دەست پێ دەکات: "بابەتی هۆزە کوردە ئێرانییەکان بۆ لێکۆڵینەوە گەلێک سەرنجڕاکێشە و تەنانەت تا ڕادەیەکیش دەتوانێت ڕۆشنایی بخاتە سەر مێژووی ئاشوور و بابل و ئاسیای بچووکیش"؛ و لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێت: "پەیدابوونی باسێکی زانستی کە ئەو بۆچوونەی سەرەوەی لێ کەوتووەتەوە، هانی دام خۆم خەریکی کۆڵینەوە لە مێژووی کورد بکەم".
لێرخ لێرەدا دوای ئاماژە بە "دەوری باڵای کلدانییە باکوورییەکانی هاوڕەچەڵەکی کورد لە فەرمانڕەواییەکانی ئاشووریا و بابلدا"، جەخت لەوە دەکاتەوە کە: "لەم سەردەمەشدا کاتێک دۆخەکە بریتییە لە ڕاسان و بەرخۆدانی هۆزە ڕۆژهەڵاتییەکان لە پێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی نوێ و ئاستبەرزتردا، پێویستە ئەم دەورە دیسان سەر هەڵبداتەوە" (لێرخ، ١٨٥٦: ٢).
لە بەشی خشتەی کتێب و وتار سەبارەت بە ژیان کوردەواری، لێرخ دەڵێت پێویستە تیشک بخرێتە سەر مێژوو و ئیتنۆگرافیای کوردەکان و بۆ ئەم مەبەستەش لە ١٥ لاپەڕەدا، ناونیشانی پتر لە ١٢٠ کتێب و وتارە بڵاوکراوەکانی ڕیز کردووە کە لە ماوەی پتر لە ٢٥٠ ساڵدا، واتە لە ١٥٨٢ تاکوو ١٨٥٥دا، بە زمانەکانی لاتینی، ئەڵمانی، فرانسایی، ئینگلیزی، ئیتاڵیایی و ڕووسی بە شێوەیەک لە شێوەکان جەختیان لە ژیان و ئایینی هۆزەکانی کورد کردووەتەوە و زانیارییان سەبارەت بە مێژووی توێژینەوەکان لەسەر زمانی کوردی تۆمار کردووە.
لەم بەشەدا لێرخ بەتایبەت باسی گرنگیی شەرەفنامە دەکات و پێی وایە دەبێت وتاری تایبەتی لەسەر بنوسرێت و لەسەر بنەمای کۆڵینەوە لەو سەرچاوانەی ئاماژەی پێ کردوون، بەو ئاکامە گەیشتووە کە توێژینەوەکانی پێشوو سەبارەت بە کورد، وێنەیەکی تەواویان لە کوردەکان پێشکەش نەکردووە و دەڵێت: "هیچکام لەو گەڕیدانەی کە سەردانی کوردەکانیان کردووە، کۆڵینەوەیان لە دابونەریتی هەنووکەییی کوردەکان نەکردووە؛ بۆیە سەرەڕای کۆمەڵێک نووسراوە سەبارەت بەو گەلە، هێشتا بەرهەمێک نابینین کە توێژینەوەیەکی تۆکمە سەبارەت بە ژیان و ژینی ئەم گەلەی پێشکەش کردبێت""(لێرخ، ١٨٥٦: ٥-٢٠).
لە بەشی شێوازی ژیانی هۆزەکانی کورددا، لێرخ لە لاپەڕەکانی ٢١ و دواتردا جەختی لەوە کردووەتەوە کە زۆر کەم سەبارەت بە کورد نووسراوە و زانیارییەکانی ئەو کتێبانەی تا ئەو کاتی بە زمانی ڕووسی نووسراون، گەلێک سەرەتایی و ڕواڵەتین. بۆیە پێی وابووە کە: "لە دەستپێکی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، پێویستە باسی تایبەتمەندییە گشتییەکانی شێوازی ژیانی هەنووکەییی کورد بکەم" ".
پاشان دەڵێت: "کورد هەر لە سەردەمانی کۆنەوە دانیشتووی خۆجێییی کوێستانەکان بووە" (هەمان سەرچاوە). ئینجا ئاماژە بە کتێبی "ئاناباسیس" دەکات و دەڵێت: "کەزنەفۆن"ی یۆنانی نووسەری ئەم کتێبە "لە کوێستانەکانی نێوان ئەرمەنستان و میزۆپۆتامیا تووشی کورد بووە". دیارە لێرخ لە پەراوێزدا ڕوونی کردووەتەوە کە "کسەنەفۆن" بۆ کورد، واتای "کاردۆخ"ی بەکار هێناوە و دەڵێت: "دواتر نووسەرانی یۆنانی بە "گۆرد" و ڕۆمەکان بە "Cordueni" یان بە "Gordyaei" و وڵاتەکەیانیان بە "Carduchi Montes، Godaei montes" یان "Godiaei montes" ناو بردووە". لێرخ لێرەدا لە پەراوێز، ئاماژە بە کتێبی "فڕانسیس چێسنی"[6] گەشتیاری ئینگلیزی دەکات کە گوتوویەتی:
"وڵاتی ژیانی "کاردۆخەکان" بریتی بووە لە ناوچە هەنووکەیییەکانی کرماشان و ئەردەڵان لە پارس و ناوچەکانی مووش، بتلیس، "تییاری"، هەکاری و "بەراوی" لە تورکیا… کوردەکان لە ماوەی سەدان ساڵدا وردەوردە بەسەر ڕووبەری زۆربەی ئاسیای بچووکدا بڵاو بوونەتەوە".
هاوکات لێرخ جەختی لەوە کردووەتەوە کە کورد لە باکوور، لە ڕێژاڤی سەرووی ڕووباری فورات (واتە لە ڕووباری موراد)ەوە بگرە تاکوو ڕووباری ئاراس، و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیاش، لە میرنشینی "یەریڤان" و "قەرەباخ"؛ لە ڕۆژاوا تاکوو "ئەنگوور"[7] (هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی گۆلی سوێری مەزن)دا دەژین. تەنانەت دەڵێت: "چەند ساڵ پێش، هێزە چەکدارەکانیان گەیشتوونەتە نزیک کۆنستانتینۆپۆل و لە ڕۆژهەڵاتیش، کوردەکان لە گۆلی ورمێیەوە بگرە تا کەنداوی پارس بڵاون، هەروەها لە خۆراسانیش دەژین"
لێرخ لە درێژی باسەکەیدا بەگوێرەی لێکگرێدانی زانیارییەکانی سەرچاوە ئاماژەپێکراوەکان، باسێکی هەمەلایەنە و فرە سەرنجڕاکێشی تۆمار کردووە سەبارەت دەوری سیاسی، شێوازی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەربازی و سەرهەڵدان و بەرخودانی کورد بەرانبەر بە نەیارانی، سەبارەت بە وێژە و هونەر و فۆلکلۆر و زمانی سەربەخۆی کوردی، داب و نەریت و جلوبەرگ و سیما و ڕوخساری کورد، دەوری ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا، تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی کوردی؛ هاوکات بەرپەرچی بۆچوونە "چەوتەکانی" ڵێکۆڵەرانی ڕۆژاوایی سەبارەت بە کورد و زمانی کوردی داوەتەوە. بەڵام بە نەرێنی باسی پاکوخاوێنیی کورد دەکات و دەڵێت: "… تەنانەت لە شاری سلێمانییش بێجگە لە کۆشکی پاشا، تووشی وەرزێرانی چڵکن و پیس دەبیتەوە". سەبارەت بە خانووی کوردەکان دەڵێت خانووەکانیان بۆ بەرگری، پەرژینێک بە دەوری بانەکانیاندا کێشراوە و هەندێکیان بورجیشی هەیە و گوایە "کسەنەفۆن"یش ئاماژەی پێ کردووە. بەڵام بەپێچەوانەی شارەکان، لە گوندەکان چاوت بە منارە و مزگەوت ناکەوێت.
سەبارەت بە ئابووریی کورد لێرخ لە لاپەڕەی ٢٤دا، دەڵێت:
"کوردەکان وەک کلدانییە کەوناراکان، لە ڕاکێشانی ئاو بۆ باخ و بێستانەکانیان گەلێک کارامەن… بەرهەمی ڕۆن و پەنیری مەڕدارانی کوردستان زۆرترین پێداویستییەکانی کۆنستانتینۆپۆل، دیمەشق، ئالیپۆ و بەیرووت پڕ دەکاتەوە. تەنیا لە کۆنستانتینۆپۆل پێداویستی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس دابین دەکات. لە کاتی شەڕەکانی سووریا، گشت سوپای ئیبراهیم پاشا لەسەر بەرهەمی گاڕانە مەڕەکانی کوردستان ژیاون".
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی کورد لە لاپەڕەکانی ٢٤-٢٥دا، تێبینیی لێرخ سەرنجڕاکێشە و پەنجەی لەسەر پرسێک داناوە کە ئێستاش بەرۆکی کوردی بە شێوازێکی دیکە تەنیوەتەوە:
"ئەگەرچی زۆربەی کوردەکان بە دەسەڵاتی زلهێزەکانی پارس، تورک و ڕووس بەستراونەتەوە، بەڵام پڕانیی هۆزەکانی کورد کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورک و پارسدا دەژین، بەکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەو دەسەڵاتانەوە نییە…. بەپێچەوانەی گەلە کۆچەرەکانی ئاسیا، وەک عەرەبەکان و مۆنگۆلەکان کە یەکگرتووانە دەوری خۆیان گێڕاوە، کوردەکان بەدرێژاییی مێژوو هەرگیز گەلێکی یەکگرتوو نەبوون و یەکگرتنەوە ئامانجی سەرەکییان نەبووە. وڵاتی خۆجێییی کوردان بەهۆی دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوە بەسەر دەیان هێزی جیاوازی چەکداری سەربەخۆی خۆتەوەر دابەش بووە و بەستێنێکی فرە لەباری بۆ لێکدابڕانی گشت گەلەکەی، تەنانەت لە ئاستی تاکەکانیشدا پێک هێناوە".
هەر لێرەدا باسی "ناوبانگی بوێری و جەنگاوەری" کورد لە کۆنەوە دەکات و ئاماژە بە نووسراوەکەی "گەزنەفۆن" لە لاپەڕەی ٢-٥ی کتێبی ئاناباسیس دەکات کە گوتوویەتی: "ماوەیەکی کورت پێش هاتنی ١٠ هەزار سوپای یۆنانی بۆ ناوچەکە، کاردۆخییەکان شکستیان بە سوپایەکی ١٠٠ هەزار کەسی پادشای پارس لە کوێستانەکانی کاردۆخیا هێناوە". هەر لەم بارەدا ناوی "کەسایەتیی بەناوبانگ، سەڵاحەدین"ی هێناوە کە "بە ڕەچەڵەک کورد بووە و ئێستاش نەوەکانی باسی سەرکەوتنە مێژووییەکەی لە بەرانبەر هێرشەکانی خاچپەرستەکان دەکەن" و لە زمانی "ڕەشیدەدین"ەوە کە "مارک کاترمیر"[8] کتێبەکەی وەرگێڕاوە، باسی "بەرخۆدانی خوێناویی کوردەکان لە بەرانبەر هێرشی هێزەکانی هۆلاکوو خان کە چەندان شکستیان پێ هێناوە" دەکات و وەک "وێنای ئازایی و قارەمانی کورد" هەڵی دەسەنگێنێت. سەبارەت بە تەیمووریش دەڵێت: "ئەگەرچی زۆربەی خاکی کوردستانی داگیر کرد، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ کوردەکاندا گەلێک جار تووشی شکست هاتووە، بەتایبەت لە ناوچەی ئامێدی". هەروەها سەبارەت بە هێرشی "سوڵتان سلێمانی مەزن" لە سەرەتای سەدەی ١٦دا بۆ ڕۆژاوای کوردستان دەڵێت: "… سەربزێوەکان ماوەی ٣٠٠ ساڵ بوو هێز و توانایان لە دەروازەی باڵا بڕیبوو". سەبارەت بە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش دەڵێت: "دەسەڵاتی حکومەتی پارس بەسەر هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلێک لاواز بووە، ئەگەرچی هۆزەکانیان لە بارەگای دەسەڵاتدا گەلێک جار دەوری بەرچاویان هەبووە".
سەبارەت بە زمانی کوردی لە دونیای زانستیدا لە لاپەڕەکانی ٣٤ و دواتردا، دیسان لەسەر بنەمای سەرچاوە ئاماژەپێکراوەکان، لێرخ دەڵێت: "ئەو گەڕیدانەی دەگەڵ کورد ژیاون، زۆر بە دەگمەن سەرنجیان داوەتە زمانی کوردی و زۆربەیان هیچ هەوڵیان نەداوە کۆڵینەوە لەو زمانە بکەن. ئەوانەش کە زمانی کوردی فێر بوون، تەنێ باسی یەک یان دوو زاراوەیان کردووە، چونکە زانیارییان لەسەر پێداویستییەکانی زانستی زمانەوانی نەبووە".
لێرەدا لێرخ دەڵێت لە ساڵی ١٧٦٢دا بۆ یەکەم جار "جان میشایلز"[9] ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی سەردەمی ڕۆشنگەری، داوای لەو گەڕیدە دانیماڕکییانە کردبوو کە بە فەرمانی پاشای ئەم وڵاتە سەردانی ڕۆژهەڵات دەکەن، بابەت سەبارەت بە زمانی کوردی کۆ بکەنەوە. ئینجا تەنیا لە ساڵی ١٧٦٤دا، "ئاوگوست ڤۆن شلۆتسر"[10] خوێندکاری لێهاتووی "جان میشایلز" بە فەرمانی "یەکاترینی دووەم" ئیمپراتۆری ڕووسیا سەردانی ڕۆژهەڵاتی کرد و کاری لەسەر کورد و زمانی کوردی دەست پێ کرد. لێرخ هەروەها ناوی قەشە "گارزۆنی" ئیتاڵیاییی هێناوە کە لە ساڵی ١٧٦٨ەوە ١٨ ساڵ لە شاری ئامێدی ژیاوە و یەکەم کەس بووە زانایانی جیهانی بە زمانی کوردی ئاشنا کردووە. لێرخ لێرەدا بەوردی باسی نێوەرۆکی کتێبەکەی "گارزۆنی" کردووە و دەڵێت: "بێگومان لەبەر نەبوونی بابەتێکی هاوچەشن چ ئەو کاتی و چی پێشتریش، ئێستا دەتوانین بڵێین کە بەرهەمەکەی "گارزۆنی" گەلێک بەنرخە. هەڵبەت "گارزۆنی" بابەتە کۆکراوەکانی بەباشی نەگواستووەتەوە، بۆیە نابێت چاوەڕوانێکی ئەوتۆمان لەم بەرهەمە هەبێت". هاوکات دەگەڵ هەڵسەنگاندنێکی چڕوپڕ سەبارەت بە نێوەرۆکیان، لێرخ ئاماژەی بە ژمارەیەک کتێب و بۆچوونی گەڕیدە و نووسەرانی کردووە کە هەر کامیان ڕێژەیەک واتا و وشەی کوردییان تۆمار کردووە.
لێرخ بەگوێرەی توێژینەوە زمانەوانییەکان، هەروەها لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی خۆی سەبارەت بە زمانی کوردی، زاراوەکانی کورمانجی، لۆری، کەلهوڕی، گۆرانی و زازای بۆ زمانی کوردی هەژمار کردوون. سەبارەت بە زمانی کوردی و فارسی لێرخ هاوڕا بووە دەگەڵ "ڕۆدیگێر"[11] و "پۆت"[12] و پێی وا بووە:
"زمانی کوردی لە زمانی پارسیی نوێ زۆر نزیکە، بەڵام لە زۆر لایەنیشەوە لە یەکتر دابڕاون و گۆڕانییان بەسەردا هاتووە، بەتایبەت بەهۆی کورتبوونەوە و پتر سووانەوەی پیتە دەنگدارەکان و بزربوونی پاشگرە لێکدراوەکان و لەنێوچوونی کارە سادەکان و جێگرتنەوەی بە کاری یاریدەدەر. هەڵبەت زمانی کوردییش وەک زمانی پارسیی نوێ کاتێک بووەتە زمانی وێژەیی، لە توانەوە ڕزگاری بووە…. هەر دوو زمان یەک ڕیشەیان هەیە و لە زمانی زەندی زۆر نزیکن. لە یەک ڕووەوە زمانی کوردی و زمانی پارسیی نوێ تووشی یەک چارەنووس بوون و بە بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە ناوچەکانی پارسەکان و کوردەکاندا، گەلێک وشەی عەرەبی کەوتووەتە نێو هەر دوو زمانەکە؛ … بێجگە لەوە، لەم دوایانەدا لە ناوچەکانی ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بەکارهێنانی وشەی تورکی بووەتە باو. بەڵام نە زمانی تورکی و نە زمانی عەرەبی کاریگەریی بەرچاویان لەسەر پێکهاتەی نێوخۆییی ڕێزمان کوردی دانەناوە و تەنیا وەک پینەیەک بەم زمانەوە دیارە و دەکرێت زۆر بەئاسانی لە وشە ڕەسەنەکانی کوردی جیا بکرێنەوە".
سەبارەت بە وێژە و نووسراوەی کوردی لە لاپەڕەکانی ٤٣ و دواتردا، لێرخ دەڵێت: "کورد شێعری هەیە کە بەشێکیان کوردیی ڕەسەنن و بەشێکیان لە زمانی فارسییەوە وەرگیراون. بەداخەوە نزیک بە هەموویان نەناسراو ماونەتەوە. ڕێنووسەکەیان عەرەبی- فارسییە. بێجگە لە سترانە فۆلکلۆرییەکان، وەرگێڕراوی هەڵبەستە ئەفسانەییەکانی فیردەوسی و نیزامیشیان هەیە".
هەر لەم بارەدا لێرخ دەڵێت کەسێک بە ناوی "مەلا نەجەف" چامەیەکی بە ناوی "خودا"[13] بۆ "ڤ. دیتل"[14] خوێندووەتەوە و ناوبراو گوتوویەتی بەختیارییەکانیش وێژەی خۆیان هەیە.
سەبارەت بە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی لە لاپەڕەی ٤٤دا، ئاماژەی بە بۆچوونەکەی "جێمز ڕیچ" کردووە کە گوتوویەتی:
" کورد حەزی لە مۆسیقایە و هەواکانیان مۆرکێکی خەم و پەژارەی پێوە دیارە. لە جەژنی ڕەمەزاندا گوێبیستی نەوایەکی یەکدەنگ ی ئارام و دڵڕفێنی بلوێری جووتیارێکی کورد دەگەڵ سترانێکی ئارامی خەمبار بووم. گۆرانییەکانی سەپانە کوردەکان سەبارەت بە داستانی شیرین و فەرهاد، وەک ئاوازی لۆتکەوانە ڤێنیزیییەکانە".
هەوروەها ئاماژەی بە بۆچوونی "خەچەتوور ئابۆڤیان"[15] کردووە کە جەختی لەوە کردووەتەوە:
"گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی کوردی بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر پێشکەوتوون و گەیشتوونەتە لووتکە…. ژن و پیاوی کورد بە ناخی شاعیرانە لە دایک دەبن… زۆر ئاسایی و بێگرێوگۆڵ و بە گشت هەست و ویستیان، سۆز و خۆشەویستیی خۆیان بۆ دۆڵ و دەراوەکان، چیاکان، ئاوهەڵدێرەکان، ڕووبارەکان، گوڵەکان، چەکەکانیان، ئەسپەکانیان، بۆ جەنگاوەرە دلێرەکانیان بە گۆرانی دەچڕن… بەداخەوە بەشێکی زۆر کەم لەو بەرهەمانە بۆ ئێمە ناسراون".
سەبارەت بە دۆخی ئایینی هۆزەکانی کورد و ئێزدییەکان لە لاپەڕەکانی ٤٥ و دواتردا، لێرخ دەڵێت:
"زۆربەی کورد پەیڕەوی لە ئایینی محەممەدی و ئایینزای شافیعی دەکەن، بەڵام هەندێک لە هۆزەکانیان شیعەن. بەگشتی هەموویان موسڵمانی باش نین، باوەڕیان بە هات و نەهات نییە و لە بەرانبەر نەخۆشیی تاعووندا خۆیان ناپارێزن، خواردنەوەی مەی، بە گوناهـ نازانن و تورک و پارسەکان پێیان وایە کوردەکان دەگەڵ ژنەکانیان زۆر نەرم و نیانن. تورکەکان دەڵێن، کوردەکان لە زۆر بارەوە وەک ئەورووپاییەکانن".
هەروەها لە زمانی ڕۆژهەڵاتناسی فرانسایی، "مارک کاترمیر" و ئەویش لە زمان "مەسعوودی"یەوە دەڵێت:
"کریستیانە یەعقووبییەکانی دەوروبەری مووسڵ و چیای جوودی کوردن". یان بەگوێرەی گەشتنامەکەی کەشیشی ئەمریکایی، "ھۆراشیۆ ساوتگەیت"[16] دەڵێت: "لەنێو یەعقووبییەکانی دەوروبەری مێردیندا، هەندێک ئاگرپەرست هەن کە بە زمانێکی نهێنی دەئاخڤن کە پێی دەڵێن زمانی "شەمسییە" و لە دیاربەکر ١٥ ماڵباتی لەم چەشنە هەیە".
لێرخ دەڵێت: "لە ئاخاوتنی کوردزمانانی پەیڕەوی ئایینی ئێزدیدا، "عەلیئۆڵاهی" و "چراخ-سۆندەران"دا[17]، پەیڤگەلێکی سەرنجڕاکێش دەبینرێت کە پاشماوەی زمانێکی کەونارای میزۆپۆتامیا و وڵاتانی دەوروبەریەتی". لێرخ لەم بەشەدا باسی چەند ئوستوورەی کەوناری ئایینی دەکات و پاش ئاماژە بە پیرۆزبوونی مەلیک تاوس لای ئێزدییەکان، ئاماژە بە بۆچوونی چەند زانایەک سەبارەت بە خوداوەندی ئەکەدی، سۆمەری و بابیلۆنی بە ناوی "نێرگاڵ" دەکات کە گوتوویانە هاوشێوەی مەلیک تاوس بووە، لێرەدا لێرخ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕیشەی "نێرگاڵ" هەمان "ئەر، ئۆر یان ئوور"، واتە هەمان "ئاگر"ـە و هاوڕیشەیە دەگەڵ خوداوەندی "ئاستارتا"[18] کە خوداژنی هۆزە سامییەکانی ٣ هەزار ساڵ پێش زایین بووە. تەنانەت دەڵێت، سەرچاوەی خوداوەندی "ئاستارتا" دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی "پۆنت" و لە ڕێگەی دانیشتوانی ناوچەی "تاورید" گوازراوەتەوە بۆ نێو گەلانی سڵاڤیانی. بۆیە لێرخ پێی وا بووە سەرهەڵدانی ئایینی ئێزدی بۆ سەردەمانی فرە کەونارا دەگەڕێتەوە.
هەروەها بەگوێرەی نووسراوەکانی "هێنری لەیارد"ەوە دەڵێت:
"لە کوێستانەکانی "دیجووک"ی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەرزەڕۆم دەژین، داربەڕوو، درەختە مەزنەکان، زنارە بەرزەکان و دیاردە مەزنەکانی سروشت دەپەرستن. "ڕەشید پاشا" کە ئەو زانیارییانەی بۆ "لەیارد" باس کردووە، گوتوویەتی ئەو هۆزانە دابونەریتی خراپ و شاراوەیان هەیە؛ ڕێبەرە ئایینی و سیاسییەکانیان بە کوردی دەئاخڤن، بەڵام ناوەکانیان عەرەبییە".
لێرخ لە باسی ئێزدییەکاندا، دەڵێت:
سەبارەت بە ناسنامەی شێخ ئادی کە ئێزدییەکان بە پەیامهێنەری خۆیان دەزانن گەلێک بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام ئەو کەسانەی ئەم باسەیان ورووژاندووە، هیچکامیان ئاگایان لە دێڕێکی [19]Bar-Hebraeus نەبووە کە لە لاپەڕەی ٥٧٩ی وەرگێڕراوی لاتینی دەستنووسە سریانییەکەیدا، باسی سەردەمی ژیانی شێخ ئادی کردووە: (نزیک ساڵی ١٢٧٥ی زایینی) "لە نێوان هەر دوو کوڕەکەی شێخ ئادیدا، ناکۆکی ساز بووە. ئەو شێخەی کە ئێزدییەکان بە پەیامهێنەری ئایینی ئێزدی دەزانن". ئەگەر ئەم دێڕەی سەرەوە دەگەڵ بۆچوونەکەی شەرەفخان لێک گرێ بدەین کە دەڵێت، بەگوێرەی هەندێک لە زانایانی هۆزەکانی دەوروبەری مووسڵ و شام، شێخ ئادی سەر بە زنجیرەی مەروانییەکان بووە (از تابعان خلفاء مروانیە بودە)، ئینجا دژوارە ئەو کەسایەتییەی کە ناوی هاتووە، بە پێکهێنەری "سێکتی" ئێزدی هەژمار بکەین. چونکە ئایینی ئێزدی زۆر کۆنترە لە سەدەی ١٣ی زایینی".
لێرخ لە درێژەی ئەم بەشەدا، پتر لە ٥ لاپەڕەی بۆ بۆچوونی گەشتیاران و نووسەرانی دیکە سەبارەت بە ئایینی ئێزدی و "عەلیئۆڵاهی" و ئایینی کوردانی "شەبەک" تەرخان کردووە. سەبارەت بە ئایینی "عەلیئۆڵاهی" دەڵێت: "گەلێک گرنگە سەرەتای دەستپێکی ئەم باوەڕمەندییە بزانین، بەڵام دەبێت بە ئاشکرا بڵێین کە هیچ لەبارەیانەوە نازانین". بەڵام بەگوێرەی گێڕانەوەکانی ئەو گەڕیدانەی سەردانیان کردوون، دەلێت باوەڕیان بەوە هەیە کە پاش مردنیان، ڕۆحیان بۆ جەستەی زیندەوەرێک یان بۆ جەستەی مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە. واتە ڕۆح لە جەستەیەک بۆ جەستەیەکی دیکە جێگۆڕکێ دەکات و سەدان ساڵ دەژیت. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەرستنی عەلی بەجێی خودا، ناکەوێتە نێو دەقی ئایینی "عەلیئۆڵاهی"ییەکان، بەڵکوو تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ شاردنەوەی "بتپەرست"بوونیان بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆز و خۆشەویستیی پارسەکان کە شیعەن. دواتر دەڵێت: "بەگوێرەی Bar-Hebraeus ناوی ڕاستەقینەی ئەم "سێکت"ـە کە شیعەن، "النصيرية"[20]"یە. "کلێمنت دێ بۆدێ"[21] بە "نووسەیر"ییەکان و "ساوتگەیت بە "نەسووری" ئاماژەیان پێ کردووە".
هەروەها ئاماژەی بە بۆچوونی "جۆرج پێرسی باجەر"یش[22] کردووە کە گوتوویەتی:
"سەبارەت بە کوردە کۆچەرەکانی نزیک جزیرە دەنگۆیەک هەیە کە گوایە گوێلک دەپەرستن و شەوانە کۆبوونەوەی شاراوەیان هەیە. دەستەیەکیان بە ناوی "شەبەک" هەیە کە لە دووسێ گوندی نزیک مووسڵ دەژین و ئەگەر کەسێکیان بە دەستووری ئیسلام هەڵسوکەوت بکات، لە کۆمەڵگای خۆیان دەری دەکەن؛ ئەوانەش ساڵانە جەژنی خۆیان هەیە و وەک ئێزدییەکان بە گەڕ دەست دەگرن و هەڵ دەپەڕن".
وردبوونەوە لە ژمارەی هۆزەکانی کورد
لە لاپەڕەکانی ٥٩-١٢١ی ئەم بەشەدا، لێرخ دەڵێت، هۆزەکانی کورد لەژێر دەسەڵاتی سێ زلهێزی ڕووسیا، تورکیا و پارسدا دەژین و لە ٦٢ لاپەڕەدا و بەگوێرەی سەرچاوە ئاماژەپێکراوەکان بەوردی هەژماری ئاپۆرە و هەندێک تایبەتمەندی و ناوی لق و پۆ و خێڵەکانی زۆربەی هۆزەکانی کورد کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم سێ وڵاتەدا دەژین، تۆمار کردووە.
سەبارەت بە دۆخی ژیانی کوردەکان لە پارس و تورکیادا[23]، لێرخ دەڵێت:
"بارودۆخی ئیمپراتۆرییەکانی تورک و پارس ئەوەندە لەبار نییە بۆ دابینکردنی ژیانێکی باش، ئینجا دۆخەکە بۆ کوردەکانیش گەلێک نالەبارترە. بۆیە گۆڕەپانەکە بۆ دژکردەوەی توندوتیژانە و هەمەلایەنەی کوردەکان ئامادەیە". ئاماژە بە بۆچوونی "جۆرج پێرسی باجەر"یش دەکات کە گومانی لەوە نەبووە ئەگەر کوردەکانی تورکیا لەژێر دەسەڵاتێکی دادپەروەردا ژیابان، گەلێک فەرمانبەرتر و بەسوودتر دەبوون. کوردەکان لە وەڵامی پرسیاری ئەم ڕۆژهەڵاتناسە ئینگلیزەدا کە بۆ چی ئێوە بەردەوام لە شۆرشدان، گوتوویانە:
"باشە دەبێت چ بکەین؟ ئێمە کە لە دەشتاییدا دەژیین، خەریکی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانین. بە باخ و ڕەزەکانمان ڕادەگەین، خەریکی کشتوکاڵین و زەویی دێم پڕبەرهەم دەکەین، بەلام لە بەرانبەردا، باجی زەبەلاح بەسەرماندا دەسەپێنن و هیچ سوودێک لە کار و زەحمەتمان پێ ناهێڵنەوە و دەکەوینە باری هەژاری، سەرباری ئەوەش ڕووبەڕووی ئەوپەڕی توندوتیژی و سەرکوت بووینەتەوە. کاتێک ناتوانین داخوازییە چاوەڕوانکراوەکانی سەرکوتکارانمان جێبەجێ بکەین، ئینجا تۆمەتی خراپکاریشمان دەخەنە پاڵ. تورکەکان گوندەکانمان تاڵان دەکەن، کەرەستە کشتوکاڵییەکانمان دەدزن، یان دەمانکوژن یان بەدیل دەمانگرن. ئیتر چ ڕێگەیەکمان بۆ دەمێنێتەوە؟ ناچار دەبین خانوخێزانمان جێ بهێڵین و ڕوو بکەینە هەواڵانمان لە چیاکان کە لە هەرچی سەرکوتکاری و ستەمە، ئازادن. بەڵێ، ئەوەیە چارەنووسی ئێمە. بەڵام خوا بەخشندەیە".
لێرخ پێی وا بووە بارودۆخی کوردەکانی پارس لەچاو کوردەکانی تورکیا، باشتر بووە. و دەڵێت ئەو ناوچەیەی لە کەوناراوە بە زنجیرەچیاکانی زاگرۆس ناسراوە و ئێستا بەناوی لوڕستان بەناوبانگە، هەر لە کۆنەوە پەیوەندیی بە دەوڵەتی پارسەوە زۆر لاواز بووە و هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئازایی و جەنگاوەریی ئەو هۆزانەی لەم کوێستانانەدا دەژین. و دەڵێت: "لوڕەکان لە ناوچەکانی خووزستان و "بێهبەهان"یش دەژین… ئاغاوەتە خۆجێیییەکان هەر لە سەردەمانی کۆنەوە کاروباری هۆزیان بەڕێوە بردووە و شا بەهەڵکەوت توانیوێتی کاربەدەستانی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت".
خشتەی ناوچەکانی ژیانی هۆزەکانی کورد لەم سێ وڵاتەدا، گەلێک سەرنجڕاکێشە و لێرخ بەم شێوەیە ئاماژەی پێ کردوون:
لە تورکیا،
لێرخ لە پەراوێزدا بەگوێرەی سێ سەرچاوە دەڵێت کوردەکان لە ٤٠ ئەیالەتی ئەم وڵاتەدا دەژین. بەڵام لەم بەشەی کتێبەکەیدا ئاماژە بە شوێنی ژیانی هۆزەکانی کورد لە ١٠ ئەیالەت و لیواکانی کردووە و بەگوێرەی سەرچاوە ئاماژەپێکراوەکان زۆر بەوردی زانیاری سەبارەت بە هۆزەکانی کوردی تۆمار کردووە کە بریتین لە: ئەیالەتی هەکاری، پێکهاتوو لە لیواکانی: هەکاری، وان، مێردین و جزیرە و زانیاری سەبارەت بە پتر لە ٦٣ هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ ئەیالەتی کوردستان بە لیواکانی دێرسم، مووش و دیاربەکر و زانیاری سەبارەت بە پتر لە ٢٣ هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ ئەیالەتی مووسڵ بە لیواکانی مووسڵ[24] و ڕواندز و زانیاری سەبارەت بە پتر لە ٦٧ هۆز و خێڵی ئەم ناوچەیە؛ ئەیالەتی بەغدا بە لیواکانی بەغدا، سلێمانی و بەسرە و زانیاری سەبارەت بە پتر لە ٣٠ی هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ ئەیالەتی حەلەب بە لیواکانی حەلەب، ئورفا، ڕووم قەلەسی، بیرجیک، عەینتاب و کلیس و زانیاری سەبارەت بە پتر لە ٢٣ هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ ئەیالەتی خەربڕووت بە لیواکانی خەربرووت، بەگیسنە، مەلاتی، میادێن و عەرەبگیر و زانیاری سەبارەت بە ٤ هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ ئەیالەتی ئەدەنە بە لیواکانی ئەدەنە، ئیچیل، تارسووس، بیلان، قەرە ئیسالیو و مەرعەش و زانیاری سەبارەت بە ٢ هۆزی ناوچەکە؛ ئەیالەتی بۆزووک یان بۆزووق[25] بە لیواکانی بۆزووک، ئەنگۆرا، کیانگیری، قەیسەری، کۆزان داغ و ناوچەکانی هۆزی "جیهان بەگلی" و زانیاری سەبارەت بە ٢ هۆزی ناوچەکە؛ ئەیالەتی ئەرزەڕۆم بە لیواکانی ئەرزەڕۆم، "چەڵدر"، قەرس و بایەزید و زانیاری سەبارەت بە ١٢ هۆز و خێڵی ناوچەکە.
لە ڕووسیا،
بەگوێرەی لێرخ کوردەکان لە ناوچەی قەرەباخ و پارێزگای یەریڤان و پارێزگای ئیمێرێتی[26] ژیاون؛ لە ٤ گوندی محاڵی دارئالاگێز و زانیاری سەبارەت بە ١٢ هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ لە محاڵی نەخجەوان ٣٣٦ کۆچەری کورد؛ لە محاڵی سەردار ئاباد و زانیاری سەبارەت بە ١٠ هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ لە محاڵی سوورمالین و زانیاری سەبارەت بە ١٠ هۆز و خێڵی ناوچەکە؛ لە محاڵی شەروور پتر لە ٢٦٠٠ کۆچەری کورد دەژین؛
لە پارس،
هۆزەکانی کورد لەم ناوچانەدا دەژین: لە ئازەربایجان (پتر لە ٥٤ هۆز و خێڵ)؛ لە قەزای تارۆم لە "سەر سنووری ئازەربایجان و ئێران"؛ لە دەوروبەری شاری ڕەی[27]؛ لە ئەردەڵان (٧ هۆزی ناوچەکە)؛ لە دەوروبەری کرماشان (٧ هۆز و خێڵی ناوچەکە)؛ لە لوڕستان و خووزستان (پتر لە ٨٩ هۆز و خێڵی ناوچەکە)؛ لە ناوچەی بەختیاری (پتر لە ١٦٠ هۆز و خێڵی ناوچەکە)؛ لە ناوچەی کووەگێلوویە (پتر لە ٢٨ هۆز و خێڵی ناوچەکە)؛ لە ناوچەی خۆراسان (٦ هۆزی ناوچەکە)؛ لە مازندەران (٢ هۆزی ناوچەکە)؛ لە چیاکانی دەیلەم ("زۆربەی دانیشتوانی ٢٥ گوند بە درێژایی ڕووباری "قزڵ ئۆزن" تاکوو پشتکووهی لوڕستان کوردن"). هەڵبەت لێرخ دان بەوەدا دەهێنێت کە زانیارییە چڕوپڕەکەی سەبارەت بە هۆزەکانی کورد تەواو نییە و وەڵامدەری کۆتایی بۆ ئەو پرسە نابێت.
بەرگی دووەم
بەرگی دووەم ١٤٥ لاپەڕەیە و بریتییە لە پێشەکی، ڕاپۆرتی ئەکادیمیست "دۆڕن"، ڕاپۆرتێک بۆ ئەکادیمیا سەبارەت بە سەردانەکەی لە "ڕۆسڵاڤڵ"، کۆمەڵێک دەقی کوردی بە زاراوەکانی کورمانجی و زازا، هەروەها پاشکۆیەک کە دەقە کوردییەکانی ئەرزەڕۆم و تەورێزی لەخۆ گرتووە.
پێشەکیی بەرگی دووەم
لە لاپەڕەکانی III-VIدا، لێرخ ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ١٨٥٦، بە بڕیاری ئەکادیمیای زانستیی ڕووسیا بە مەبەستی توێژینەوە لە زمانی کوردی، ڕەوانەی شاری "ڕۆسڵاڤڵ" لە پارێزگای "سمۆلێنسک" کراوە، ئەو شارەی کە هەندێک دیلی کورد لەوێندەرێ ڕاگیرابوون . لێرخ سێ مانگ هاموشۆی هەبووە دەگەڵ ٥٠ کوردی ناوچەکانی: مێردین، جزیر، دێرسم، مووش، دیاربەکر، ئورفا، بێرەجیک، خارپووت، Бегесне بەگیسنە"، مەلاتیە، مادەن، عەرەبگیر و ئەرزەڕۆم ("زاراوەی زۆربەیان کورمانجی و هی هەندێکیشیان زازا بووە").
لێرخ لە سەرەتا تا ڕادەیەکی باش ئاخێوەری زمانی کوردی بووە. دواتر توانیوێتی نموونەگەلێک لە دەقی کوردی بە زاراوە ئاماژەپێکراوەکان بنووسێتەوە و گەلێک زانیاریی ئیتنۆگرافیایی سەبارەت بە کورد کۆ بکاتەوە؛ بۆیە تەوەرەی سەرەکیی بەرگی دووەم (١٨٥٧) و سێیەمی (١٨٥٨) بەرهەمەکەی بریتییە لە کۆمەڵێک کۆکراوەی زمانەوانی و ئیتنۆگرافیایی کە لە دیلە کوردەکانی وەدەست هێنابوو، دەگەڵ ئەو زانیاریگەلەی لە نووسراوەکانی گەشتیارە ڕووس و بیانییەکان دەستی پێ ڕاگەیشتبوو.
ڕاپۆرتی ئەکادیمیست "دۆڕن"[28]
پرۆفیسۆر "ئاڵبرێخت دۆڕن" سەرۆکی لقی مێژوو و زمانەوانیی ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریای ڕووسیا لە کۆبوونەوەی ٢٠ی جوونی ساڵی ١٨٥٧دا سەبارەت بە ئاکامی گەشتەکەی لێرخ ڕای گەیاندووە کە: "بەخۆشییەوە "پ. لێرخ" بەربژێری لە زانکۆی سان پیتربورگ ئێستا لە گەشتەکەی گەڕاوەتەوە و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی پێشکەش بە لقی ئەکادیمیا کردووە. ئەم ڕاپۆرتە هێشتا سەرەتایییە، بەڵام بەتەواوی پێشانمان دەدات کە ناوبراو لە ئەرکی خۆی دەگەڵ کوردەکان سەرکەوتوو بووە" (لاپەرەکانی ١-٤).
ڕاپۆرتی لێرخ بۆ ئەکادیمیا
لێرخ لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ ئەکادیمیا لە لاپەڕەکانی ٥ تاکوو ٣٧دا، بەگوێرەی توێژینەوە زمانەوانییەکانی سەرچاوەکان، هەروەها لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی خۆی سەبارەت بە زمانی کوردی، زاراوەکانی کورمانجی، لۆری، کەلهوڕی، گۆرانی و زازای بۆ زمانی کوردی هەژمار کردوون. لێرخ لە هاموشۆ دەگەڵ دیلە کوردەکاندا، هەلی فێربوونی تەنیا زاراوەکانی کورمانجی و زازای بۆ ڕەخسابوو، بەڵام پتر خەریکی کورمانجی بووە. چونکە وەک لێرخ بۆخۆی دەڵێت: "کوردەکان لە سەرتاسەری ڕۆژاوای کوردستان، واتە لە مووسڵەوە بگرە هەتاکوو ئاسیای بچووک و سلێمانی ڕاوێژیان زاراوەی کورمانجییە". هاوکات ڕوونی کردووەتەوە کە لە ئاخافتنی هۆزەکانی باکوور و باشووری ڕووباری دیجلە بەگوێرەی وشە، گۆکردن و بیچمی ڕێزمانی زاراوەکانیان، جیاوازی بەدی دەکرێت، "بەڵام ئەو جیاوازییە ئەوەندە مەزن نییە کە ئەندامانی هۆزەکان لە یەکتر تێ نەگەن".
لێرخ دەگەڵ "ئاڤگۆست فریدریش پۆت"، زمانەوانی ئەڵمانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی زمانەوانی مۆدێرنی هیندوئەورووپایی و زمانەوانیی گشتی، هاوڕا بووە کە لەنێو زمانە ئێرانییەکاندا زمانی کوردی، زمانێکی سەربەخۆیە؛ لەم بارەوە دەڵێت:
"بەپێی زانیارییە کۆکراوەکانم بێت، هیچ بنەمایەکم بەدی نەکردووە تا هاوڕا نەبم دەگەڵ داکۆکییە سەلمێنراو و پەیتاپەیتاکانی پرۆفیسۆر "پۆت" کاتێک لەنێو کۆمەڵە زمانە ئێرانییەکاندا زمانی کوردیی وەک زمانێکی سەربەخۆ پۆلین کردووە… زمانی کوردی (کورمانجی) سەربەخۆییی خۆی لە جەرگەی کوردستاندا پاراستووە و پەرەی سەندووە؛ بیچمەکەی جیایە لە زمانی پارسی بەڵام خزمایەتی نزیکییان دەگەڵ یەکتر هەیە… وشەگەلی بێگانە کە دزەیان کردووەتە نێو زمانی کوردی، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پێکهاتەی نێوخۆییی ئەو زمانە دانەناوە و دای نانێت…. هۆکاری جیاوازیی زمانی کوردی و پارسی بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە هۆزەکانی کورد لە هۆزە ئێرانییەکان جیا بوونەتەوە".
لێرخ پێداگرانە لەسەر ئەو باوەڕە بووە، داوەریکردن سەبارەت بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان زمانە ئێرانییەکان دەگەڵ یەکتر تەنیا کاتێک ئاکامی دەبێت، ئەگەر ئاستی زانست بگاتە وەها ڕادەیەک کە بۆ هەر کام لەم زمانانە توێژینەوەی زانستییانەی باش لە ڕێزمان، فەرهەنگی پەیڤ، وشە و گۆکردنییان بکرێت.
لێرخ لەم ڕاپۆڕتەیدا پتر لە ٢٨ لاپەڕەی بە تێروتەسەلی تەرخان کردووە بۆ تایبەتمەندییەکانی دیلە کوردەکانی ڕاگێراو لە شاری "ڕۆسڵاڤڵ". بۆ نموونە:
"… لەو ماوەیەدا بینیم کە کوردەکان زۆرخۆر نین، دڵپاکن، سوپاسگوزارن بۆ ئەو چاکەیەی بۆیان دەکرێت، خاکەڕان، ڕاستگۆ و ڕووڕاستن؛ بێجگە لەمانە باش لە پێداویستی ژیانی بەکۆمەڵ تێ دەگەن، قسەخۆش و شادن، و جۆرێک تێڕوانینی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ هەموو شتەکانی دەوروبەریان… لەو ژوورانەی بۆیان تەرخان کرابوو و ٨ تا ١٢ دیلی (کورد و تورک)ی لە خۆ دەگرت، شادی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە باڵادەست بوو… کاتێک چەند کەسێکیان کۆ دەبوونەوە و گۆرانیبێژێکیان لەنێودا با، ئیتر کۆبوونەوەکەیان بە گۆرانیی نیشتمانی پڕ دەکرد لە شادی و خۆشی؛ وشەکانیش هەمیشە لێوانلێو بوون لە سۆزی ئاگرینی شانازی بە خاک و زێدیان. سەرەڕای باوەڕیان بە "محەممەدیزم"، هەستی نەتەوەییی خۆیان لەدەست نەدابوو. تەنانەت هەمیشە بە خۆشەویستی و بەجۆشوخرۆشەوە باسی بەگەکانییان دەکرد. کەمیان نەدەهێنا لە گێڕانەوەی چیرۆک سەبارەت بە چارەنووسی دڵتەزێنی زۆرێک لە سەرکردەکانیان. دیارە بە لەبەرچاوگرتنی دڕندەییی پاشاکانی تورکیا لە ئاسیا، گەلێک بیرەوەریی دڵتەزێن و دەگمەنیان دەگێڕاوە. زۆربەی وشەکانی ئەو گۆرانییە فۆلکلۆرییانەی کە لە کوردەکان بیستوومن و تۆمارم کردوون، ئیرۆتیکی و باسی پاڵەوانێتین… لە گۆرانیی کوردیدا، گاڵتە و گوڵمەز کەم نین و زۆربەی گۆرانییەکان لە پێناو سەربەخۆیی لە شەڕە خوێناوییەکانیان دەگەڵ سوڵتانەکانی تورک باسی پاڵەوانێتیی کورد و بەرخۆدانیان دەکات. وەک دەزانین (بەپێی مۆلتکە) تەنانەت ژنانیش لەو شەڕانەدا بەشدار بوون. لەنێو گۆرانییە تۆمارکراوەکانمدا، یەکێکیان ئاماژەیە بە ڕاپەڕینی کورد لە "خەرسان داغ". نیوەی دەقە کوردییەکان (بە پەخشان و بەیتەوە) بە یارمەتیی حەسەنی زازا، خەڵکی پاڵوو کە زۆر جار لە ژوورەکەم لە "ڕۆسڵاڤڵ" لێم بیستووە، تۆمارم کردوون. جێگەی سەرنجە زۆر جار لە کاتی چڕینی گۆرانییەکاندا، حەسەن دەوەستا و دەکەوتە بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە یادەوەری ئازایەتیی هاوهۆزەکانی. ئەوەش هێزی لێ دەبڕی و نەیدەتوانی بەسەر ئەو هەستەیدا زاڵ بێت. جارێک لێم پرسی بۆ بەردەوام نابیت، وەڵامی دامەوە، "دلێ مە دەشەوتێ" (واتە دڵم ئاگری گرتووە). کاتێک حەسەن بەسەرهاتی شەڕ و پێکدادانی نێوان هۆزەکەی و هۆزەکانی تری دەگێڕاوە و خۆشی بەشدار بووبوو، هەمان هەست دووبارە بەسەریدا زاڵ دەبووەوە. زۆر بەگەرمی و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە باسی "عەبدوڵڵا بەگ"، میری شاری پاڵووی دەکرد کە چاوێکی خۆی لەدەست دابوو و لە دیلیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو. ئەو حەسەنە، لەنێو ئاشناکانمدا، یەکێک لە کوڕە هەرە دڵپاک و لەسەردڵەکان بوو… کورد نە تەنیا حەزی لە مۆسیقا هەیە، بەڵکوو سەماش دەکات. لە کۆتایییەکانی ماوەی مانەوەم لە "ڕۆسڵاڤڵ" کاتێک ژمارەی تورکەکان پتر لە کوردەکان بووبوو، هیچ تورکێکم نەدیت سەما بکات. بەگشتی تورکەکان ئەو هەست و نەستە چالاک و زیندووەی کوردەکانیان نەبوو. زۆر جار کوردەکان لە ڕیزێکی دوورودرێژدا پشتێنەکانی یەکتریان دەگرت و ئینجا هەڵپەڕینێکی یەکدەستی ڕۆژهەڵاتییانەم دەدیت… لە گفتوگۆکاندا تایبەتمەندیی کەسایەتیی کورد پتر دەردەکەوت، زۆرێک لە دیلەکان کەسانی بەئاوەز بوون و سۆزدارییان بۆ بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی هەبوو. دەگەڵ کوردەکان بە زاراوەی کوردیی کورمانجی دەئاخاوتم و لە گفتوگۆکاندا تەنیا لە زێد و بژێویی گەلەکەیانم نەدەپرسی، باسی چەمکە ئاکارەکانیشمان دەکرد. لە ڕاوێژی زاریاندا لەم بارەیەوە، تاقە پەیڤێکی نالەبار و یان بە دەنگی بەرزم لێیان نەدەبیست. بەم نموونەی ژێرەوە بۆم سەلما کە ئەوە هەستێکی زگماکی و ڕاستەقینەیانە. دوو عەرەب لە دیلەکانی "ڕۆسڵاڤڵ" چەند جار دزییەکی بچووکیان کردبوو. هەر لە ڕۆژی گەیشتنمدا، تووشی هەر کوردێک دەبووم، ئاگاداریان دەکردمەوە کە چاوم بەو عەرەبانە نەکەوێت. پاش ماوەیەک لە سەردانێک بۆ لای ئەو کوردانەی دەمناسین، هەستم بە شڵەژان و ئاڵۆزیی دۆخی کۆمەڵگەکەیان کرد. دواتر دەرکەوت کە کوردەکان عەرەبێکیان لە کاتی دزینی چەند دار و پەردوویەکی نەخۆشخانەی شار گرتبوو و بە تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و سامانی ئەو دامەزراوە خێرخوازییە، هەموو ڕق و تووڕەیییان بەسەر شان و شەپیلک و ڕدێنی عەرەبەکەدا بەتاڵ کردبوو… کورد پتر لە تورک بایەخ بە ڕواڵەتی خۆی دەدات. حوسێن هەمیشە لە ڕۆژە گەرمەکاندا بە جلی سپی دەسووڕایەوە و بەردەوامیش لە ڕووباردا خۆی دەشووشت؛ لە ژێر جاکەتێکی سپیی تا ڕادەیەک تەنگدا، کەوایەکی ڕەشی جوانی دەبەر دەکرد و پشتێنێکی چنراو لە داوی زێو و ئاوریشمی دەبست و لە ڕۆژانی سارددا بە پاڵتۆ ناقۆڵا سەربازییەکەی، خۆی دادەپۆشی. تەنانەت پاڵتۆکەشی بە شێوازێکی ڕێکوپێک و تایبەت لەبەر دەکرد. عەلی هاوڕێی محەممەد و سەر بە هۆزی "دێمی" لە شاری "هێنی" لە باشووری پاڵوو، جلوبەرگێکی پاک و ڕازاوەی دەبەر دەکرد. محەممەد هەروەها بە کڵاوە سوورەکەی کە وەک ئەورووپایییەکان لەسەری دەنا، جیاواز بوو".
لێرخ لەم بەشەدا کۆمەڵێک وشەی زاراوەکانی کورمانجی و زازاکی تۆمار کردووە کە لە دیلە کوردەکانی پرسیوە وەک واتاگەلێک: بۆ پەیوەندییە خێزانییەکان، ناوی مانگەکانی ساڵ، ناوی ئەستێرەکان، هەروەها هەندێک میتۆلۆژیی کوردییشی لە دیلەکان بیستووە، و لەم بارەدا دەڵێت:
"کوردەکان نە تەنیا ناوی ئەستێرەکان، بەڵکوو دونیای مەزنی گیاندار و ئاژەڵەکانیش بە ژیانی ئاساییی مرۆڤ دەبەستنەوە. وا دیارە لەنێو کورددا تەواو باو بێت و باوەڕ بەوە هەبێت کە "کوندەبوو" سەردەمانێک مرۆڤ بووە. ڕۆژێک دەگەڵ حوسێن پیاسەمان دەکرد، گوێمان لە خوێندنی "کۆترەپەپوو" بوو، حوسێن گوتی: ئەو باڵندەیە مرۆڤێک بووە کە براکەی خۆی کوشتووە و خودا سزای داوە و بووەتە ئەم باڵندەیە، بزانە چۆن هاواری براکەی دەکات و دەڵێت "کەکۆ! کەکۆ!"، کوردێکی دیکەی کوێستانەکانی بۆتان لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە گوایە ئەو باڵندەیە دەڵێت: "کێ کوشت؟ کێ کوشت؟، پاشان بە هاوارێکی بەرز دەیگوت، کۆڕە! باڵندەکە دەڵێت: مە کوشت، مە کوشت. سەبارەت بە باڵندەی "گوێین"(بە زاراوەی زازا، باڵندەیەکە لە ڕەچەڵەکی کۆتر) حوسێن دەیگوت کوڕێک بە دەستی زڕدایکی دەکوژرێت، خوشکەکەی لە خودا دەپاڕێتەوە و خوداش زڕدایکەکەی کردووە بەو باڵندەیە… جارێکیان داوام لە یەکێک لە کوردەکانی "ڕۆسڵاڤڵ" کرد پێم بڵێت بەپێی بیروباوەڕیان، هەموو شتێک کە لەسەر زەوی دیارە لەسەر چی وەستاوە (ئەوان هیچ بیرۆکەیەکیان نەبوو سەبارەت بە گۆی زەوی)، بەڵام ئەو کوردە وەڵامی دامەوە کە زەوی لەسەر "گاماسی" وەستاوە. لە گەڕان بە دوای مانای ئەم وشەیەدا، تێ گەیشتم کوردەکانی دیکە درێژە بەو باسە نادەن و هەوڵیان دەدا پێش بەو گفتوگۆیە بگرن. من تەنیا ئەوەم لێیان دەستکەوت کە گوایە لە کتێبی [29]"Ilmihal"(؟)دا باسی گاماسی کراوە. یەکێکیان دڵنیا بوو کە باوکی ئەو کتێبەی خوێندووەتەوە… سەبارەت بە ئایینی هاونیشتمانە ئێزدییە "فرەخوداییە"کان، زۆر کەم زانیاریم لە دیلە کوردەکان دەست کەوت. گێڕانەوەکانیان لە ئاستی بابەتە کۆکراوەکانی گەشتیاران سەبارەت بەو جڤاکە ئایینییەوە تێ نەدەپەڕین. بەڵام هەندێک زانیارییان درکاندووە کە ڕەنگە بێکەڵک نەبن. ئەوەش باسی جڤاکێکی ئایینییە کە بە "چراخ-سۆندەران" ناسراون و لە باکووری ڕۆژاوای مەلاتیە (لە گوندەکانی "حەسەن بەدریک"، "حەکیم خان"، "ئاڵا جاخان" و "دلووکداش" دەژین). کەسێکی "فرەخودا" دەیگوت خوداکەیان "ئەڵڵا"یە. موسڵمانەکان پێیان دەڵێن "قزڵباش". بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەو کوردانەی کە هاموشۆیان دەگەڵ ئەم تاقمە هەبووە، ژن و پیاوە "قزڵباشەکان" بەبێ جیاوازی، سەرپێچی خوری بە ڕەنگی خورمایییان لەسەرە و گوڵینگەکانی بەسەر دەموچاویاندا شۆڕ دەبێتەوە. جلەکانیان سەوزە، پێڵاوەکانیان بە کورک داپۆشراوە. پیاوەکانیان قژی سەریان دەتاشن، بەڵام ڕیشیان دەهێڵنەوە. ژنەکانیان پرچیان بە نۆ تا دە ڕایەڵە دەهۆننەوە و بە شیلان و مەرجان دەیڕازێننەوە. جێگەی سەرنجە بەپێی نووسراوە کۆکراوە نهێنییەکانی ئەو جڤاکە -وەک بۆ ئێزدییەکان، کەڵەشێر پێگەیەکی گرنگی هەیە. ڕێبەری ئایینیی ئەو جڤاکە لە بەرانبەری مۆمێکی هەڵکراودا نزا دەکات و کەڵەشێرێکیش بە مۆمدانەکە بەستراوەتەوە. پاش تەواوبوونی نزاکەی، بە گۆچانێک لە کەڵەشێرەکە دەدەن. دیارە کەڵەشێریش دەست دەکات بە خۆڕزگارکردن و مۆمدانەکە دەکەوێت و مۆمەکەش دەکوژێتەوە. بۆیە ئەم جڤاکە ئایینییە "فرەخودا"یە، بە "چراخ-سۆندەران" ناسراون، هەڵبەت هەموو ئەوانە دەبێت وەک "Relata refero " لە منی وەرگرن. نەمتوانی دیاری بکەم کام هۆزە و خێڵ پەیڕەوی لە ئایینی "چراخ-سۆندەران" دەکەن ".
دەقە کوردییەکان
لە سەرەتای ئەم بەشەدا، لێرخ کۆمەڵێک پەیڤی کورتی بە هەر دوو زاراوەی کورمانجی و زازا لەسەر بنەمای "ڕستە پێوەرەکانی بەکمایستر"[30] وەرگێڕراوە. و هاوکات هەموو دەقەکانی کردووەتە ڕووسی (لە دوو بەرگە ئەڵمانییەکەش کردوویەتە ئەڵمانی). لێرخ بۆ نووسینی ئەم دەقانە لە نیگارەکانی ئەلفبێی لاتینی "لێپسیۆس" کەلکی وەرگرتووە کە ئەو کاتی بە ئەلفبێی ستانداردی "لێپسیۆس" ناسرابوو، و بۆ هەر دەنگێک کە بیستوویەتی، نیشانەیەکی بۆ داناوە کە لە زاراوەی کورمانجیدا بریتییە لە ٣٧ دەنگ: ٩ بزوێن (٥ بزوێنی درێژ و ٤ بزوێنی کورت)، دەگەڵ ٢٨ نەبزوێن. زاراوەی زازا بە دوو بزوێنی پتر، ٣٩ دەنگی بۆ داناوە: ٩ بزوێن و ٣٠ نەبزوێن. لێرخ باسی هۆکاری ئەم هەڵبژاردنەش دەکات و دەڵێت: "ئەلفبێی عەرەبی-فارسی کە بۆ زمانی کوردی بەکار دێت، بۆ دەربڕینی بێخەوشی هەموو ئەو دەنگانەی من لە بێژەکردنی کوردەکان دەمبیستن، لە جێی خۆیاندا نەبوون". لێرەدا لێرخ گۆکردنی هەر کام لەم نیگارانەی بە هەڵسەنگاندن دەگەڵ گۆکردنی نیگارە هاوشێوەکانیان لە زمانە ئەورووپایییەکان شی کردووەتەوە.
دەقەکان
لە لاپەڕەکانی ٤٥-٨٦دا، لێرخ بە نیگارەکانی ئەلفبێی لاتینی "لێپسیۆس" ئەم دەقانەی بە زاراوەی کورمانجی نووسیوەتەوە:
١- وەرگێڕراوی حەوت چیرۆک کە لێرخ لە کتێبی فریدریش دیتریچ ١٨٢١-١٩٠٣، ڕۆژهەڵاتناس و مێژوونووسی ئەڵمانی بە ناوی "گوڵبژێرێکی وێژەیی عوسمانی" وەری گرتوون. ٢- وەرگێڕراوی ١٨ نەزیرە (ئەفسانە)ی تورکی لە کتێبی "ویکتۆر لێتریە"ی فرانسایی بە ناوی "گوڵبژرێک لە ئەفسانە تورکییەکان". ٣- دوو چیرۆک. ٤- چیرۆکی چارەنووسی تێروتەسەلی "عەبدوڵڵا بەگ"، میری شاری "پاڵوو. ٥- بەسەرهاتی ئەوینداریی خەمباری کچی سەرۆکهۆزی "ڕۆمی". ٦- وەرگێڕاوی دەقەکانی "زیتر کویست"[31].
لە لاپەڕەکانی ٨٧- ١٢٣شدا بە زاراوەی "زازا" ئەم دەقانەی نووسیوەتەوە:
١- سێ چیرۆک سەبارەت بە پێکدادانی هۆزەکانی کورد. ٢- دوو چیرۆک. ٣- نەزیرەیەک سەبارەت بە باڵندەی "گۆیین".
بەیتەکان:
٢٥ گۆرانیی فۆلکلۆریی کە هەر کامیان لە ٢٠ تا ٤٠ ڕستە پێک هاتوون. نێوەرۆکی بەشێکیان "ئیرۆتیکی"یە و ئەوانی دیکە باسی ئازایەتی و پاڵەوانێتییە.
پاشکۆی بەرگی دووەم
بریتییە لە دەقەکانی ئەرزەڕووم و تەورێز .
دەقەکانی ئەرزەڕووم: لە کۆتاییی ساڵی ١٨٥٦دا، "ئا. د.ژابا" هەندێک پەندی پێشینیانی تورکی و چەند بەشێک لە هەڵبەستەکانی "ئەسکەندەرنامە"ی نیزامی بۆ ئەکادیمیای ئیمپراتۆریای ڕووسیای ناردووە کە مەلا مەحموود بایەزیدی و چەند کەسێکی دیکە وەریان گێڕابووە سەر کورمانجی و بە ئەلفبێی عەرەبی نووسیویانە. لە لاپەڕەکانی ١٢٦-١٣٣دا، لێرخ بەشگەلێکی لەم دوو دەقەی تۆمار کردووە کە بریتین لە:
دەقی یەکەم: وەرگێڕاوی چەند کۆپلەیەکی "ئەسکەندەرنامە"ی نیزامی گەنجەوییە بە سەر دێڕی "خبر زانینا اسکندر ژ آژوتنا اوروس وخراب کرنا بردعی و برنا نوشابه به یسیری".
دەقی دووەم: لەژێر سەردێڕی "ترجما ضرب مثلانه بزمانی کورمانجی" بریتییە لە وەرگێڕراوی ٢٧ پەندی پێشینیانی زمانی تورکی کە بە ئەلفبێی عەرەبی-فارسی نووسراە.
دەقی نێردراو لە تەورێزەوە: دەقێکی زۆر سەرنجڕاکێشە لە لاپەڕەکانی ١٣٤-١٣٩ کە بریتییە لە وەرگێڕراوی "دیباچە" (پێشەکی)ی کتێبی "گوڵستان"ی سەعدی شیرازی لە زمانی فارسی بۆ زمانی کوردی. ئەوەش بە ئەلفبێی عەرەبی-فارسی نووسراوە و زۆر بەوردی :ژێرۆ"، "سەرۆ"، "بۆرۆ" و "سکون"ی بۆ دانراوە. لێرخ سەبارەت بەم دەق دەڵێت:
"ن.ڤ. خانیکۆڤ[32]" ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ، زانای کارای ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریا و سەرکۆنسوول لە تەورێز، لە مانگی دیسەمبەری پارساڵ ، هەندێک دەستنووسی بۆ ئەکادیمیا ناردووە کە لەنێو هەندێک هەڵبەستی پارسی[33] و تورکیدا، چەند هەڵبەستی کوردییشی تێدا بوو. بێجگە لەمانە ناوبراو هەروەها لە "ساوج-بووڵاخ"، شوێنی سەرەکی هۆزی موکری، هاندەر بووە بۆ وەرگێڕانی کتێبی "گوڵستان" بە زمانی کوردی. "میرزا زەمان"ی کورد، دەقی ئەو وەگێڕراوەی (١٥ لاپەڕەی قەبارە ٨°) داوەتە بەڕێز "خانیکۆڤ" و ئەویش (لە مانگی جوولی ئەم ساڵ ) بە ئەکادیمیای پێشکەش کردووە".
لێرخ سەبارەت بە وەرگێڕی ئەم دەقە دەڵێت:
"میرزا زەمان، لە سنەی ئەردەڵان لەدایک بووە؛ گوایە چیتر لە "سابڵاغ" نەماوەتەوە و کاروباری بۆ خۆراسان گواستووەتەوە. وا دیارە نابێت چاوەڕوانی ئەوە ببین بەم زووانە وەرگێڕانی گوڵستان تەواو بێت". لێرخ لە بەرگی دووەمی ئەم بەرهەمەی بە زمانی ئەڵمانیدا دەڵێت: "میرزا زەمان بە بڕیاری حاکمی خۆراسان گەڕاوەتەوە بۆ خۆراسان" (لێرخ ٢، ١٨٥٩: ٥٢).
سەبارەت بە نێوەرۆکی دەقەکە دەڵێت: "میرزا زەمان هەوڵی داوە تا ئەو ڕادەیەی ئەلفبێی عەرەبی – فارسی ڕێگەی پێ دەدات، بێژەکردنی وشەکان بەباشی وێنا بکات". لێرخ زۆر بەوردی سەرنجی خستووەتە سەر زاراوەی ئەم دەقە و لە ڕووی زمانەوانییەوە دەگەڵ زاراوەی کورمانجی هەڵی سەنگاندووە، تێبینییەکانی خۆی نووسیوە و بە "زاراوەی سنەیی" ناودێری کردووە.
پێم وایە ئەم دەقە یەکەم دەقی وەرگێڕراو بێت کە بە زاراوەی کوردیی نێوەندی لە مێژووی وێژەی ئەم زاراوەیەدا تۆمار کرابێت و یەکەم جارە لە کتێبێکدا بە زمانی کوردی بڵاو بکرێتەوە.[34] بۆیە هیوادارم پسپۆڕانی زمانی کوردی سەرنجی تایبەتی پێ بدەن.
بەرگی سێیەم (لێرخ، ١٨٥٨)
بەرگی سێیەم ١٦٧ لاپەڕەیە بریتییە لە: تێبینی و پێشەکیی نووسەر، فەرهەنگی زاراوەی کوردیی کورمانجی، فەرهەنگی زاراوەی کوردیی زازاکی، دوو فەرهەنگۆکیش بۆ وشەکانی پێشەکیی گوڵستان و زاراوەی "خەردووسی" دەگەڵ دوو پاشکۆ.
پێشەکی
لێرخ لە پێشەکیدا کە ٣٧ لاپەڕەیە (I تا XXXVII)، سەرچاوەی وشە کوردییەکانی نێو ئەو فەرهەنگانەی ڕیز کردووە کە بریتین لە:
کتێبە چاپکراوەکان، کە ناونیشانی ١٣ کتێب و نووسەرەکانێتی و زۆر بە وردی باسی نێوەرۆکی هەر کام لەو سەرچاوانەی کردووە و ڕەخنە و تێبینییە زمانەوانییەکانی خۆی نووسیوە.
کتێبە چاپنەکراوەکان و دەستنووسەکان، کە بریتین لە:
١- دەستنووسێکی پرۆفیسۆر "ڤ دیتل" سەبارەت بە هۆزەکان و مێژووی زمانی کوردی کە پاش مەرگی جێی هێشتبوو و سەرنجی سەرەکی خستووەتە سەر زاراوە کوردییەکانی کوردی، لەکی و لۆری. لەم کۆمەڵە دەستنووسەدا چامەیەکی ١٢٨ دووبەیتی بۆ پەسنی "خودا" و کورتە هەڵبەستێکی ١٨ دێڕی "مەلا نەجەف"ـی تێدایە، دەگەڵ دەستنووسێکی بچووکی ٧٦ ڕووپەلی کە بریتییە لە هەڵبەستێکی ٢٩٨ دێڕی بە سەردێڕی "پادشاهی بی باک"، هەڵبەستێکی ٩١ دێڕی بە سەردێڕی "نادر خاوتنی"، کورتە هەڵبەستێکی ٧ دێڕیی بە سەردێڕی: "منقبە شفیع"، هەڵبەستێکی ٤١٠ دێڕی بە سەردێڕی: "یا حق سبحانی اینامە ونام بینامی سبحانی"، کورتە دەستنووسێکی ٥٤ ڕووپەلی کە بریتییە لە شیعری هەڵبەستوانانی جیاواز. لێرخ سەبارەت بەم دەستنووسانە دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی کاتی پێویست، ناتوانم لێرەدا باسی زمانی ئەو دەستنووسانە بکەم". بەڵام لە بەرگی دووەمی دەقە ئەڵمانییەکە و لە ٥ لاپەڕەدا لێرخ باسی نێوەرۆکی ئەم دەستنووسانەی کردووە[35].
٢- دەقە کوردییەکانی ئەرزەڕۆم کە بریتییە لە دەستنووسێکی ١١٨ ڕووپەلی کە لە زمانەکانی فارسی و تورکییەوە وەرگێڕراون. ڕووپەلی لای چەپی دەستنووسەکە بە فارسی و تورکی و کوردین و "بە خامەی "مەحموود ئەفەندی"[36]، کوردێکی خەڵکی بایەزید نووسراوە". لە ڕووپەلی لای ڕاستدا، "ژابا" بێژەنووسی دەقەکەی جێبەجێ کردووە. لێرخ لێرەشدا تێبینی و ڕەخنەکانی بە دوورودرێژی نووسیوە.
٣- وەرگێڕراوی دەستپێکی گوڵستانە بە کوردی. لێرخ بەم شێوەیە دیسان باسی ئەم دەقە دەکات:
"وەک دەزانین بە هەوڵی "ن. ڤ. خانیکۆڤ" ئەو دەقە بەدەستمان گەیشتووە کە لە ناوچەی ئەردەڵان کەسێکی خەڵکی شاری سنە وەری گێڕاوە. ئەم کارە بەناتەواوی ماوەتەوە چونکە حاکمی خۆراسان داوای لە وەرگێڕی دەقەکە، "میرزا زەمان" کردووە بگەڕێتەوە خۆراسان. زاراوەی ئەو دەقە بەتایبەت لە گەردانکردنی کاردا جیاوازە لەو زاراوە کوردییانەی کە من دەیانناسم. لە بەرگی دووەم بە زمانی ئاڵمانی لە لاپەڕەکانی ٥٢-٥٦دا وشەکانی ئەو دەقەم شی کردووەتەوە . لە داهاتوو و لە نووسراوەیەکی جیاوازدا کە تەرخانی دەکەم بۆ ڕێزمانی زاراوە کوردییەکان، باسی تایبەتمەندییەکانی ئەم زاراوەیە دەکەم".
٤- دەستنووسێکی دیکە کە "خانیکۆڤ" کۆی کردووەتەوە:
"دەستنووسێکی مامنێوەندییە لە ٦٦ ڕووپەلی قەبارە °١٦ کە بریتییە لە شیعری فارسی و تورکی، بەڵام هەڵبەستی کوردییشی تێدایە. ئەم دەستنووسەش، "ن.ڤ. خانیکۆڤ" پێشکەشی بە مۆزەخانەی ئاسیای ئەکادیمیا کردووە و کەسێک بەناوی "احمد کور" ئەحمەد کۆر، زۆربەی هەڵبەستە کوردییەکانی هۆندووەتەوە. "عبداللە" و "حاکم" نووسەرانی هەڵبەستەکانی دیکەن. لە زمانی ئەو هەڵبەستانەدا گەلێک وشەی زەقی عەرەبی و فارسی دەبینرێت، تەنیا کردارەکان سەرچاوەی کوردییان هەیە و فۆرمی زۆربەیان هاوشێوەی فۆرمی ئەو زاراوە کورمانجییەن کە لە "ڕۆسڵاڤڵ" دەگەڵیان ئاشنا بووم. لە بەرگی دووەمی کتێبەکەمدا بە زمانی ئاڵمانی (لە لاپەڕەی ٥٦ و دواتردا) دەقی هەڵبەستی عەبدوڵڵا بەناوی (کلام عبداللە) گونجێنراوە[37]".
لێرخ بۆ فەرهەنگەکان بێجگە لەم سەرچاوانە، کەلکی لە کۆمەڵێک سەرچاوەی دیکەش لەبۆ هەڵسەنگاندنی وشە کوردییەکان دەگەڵ زمانەکانی دیکە وەرگرتووە کە بریتین لە ناونیشانی: ١٠ کتێب و وتار سەبارەت بە "زمانی پارسیی کۆن"، ٨ کتێب سەبارەت بە زمانی "ئاڤێستا"، ٢ کتێب سەبارەت بە زمانی "پەهلەوی"، بۆ زمانی "پارسی" و "پارسیی نوێ" ٣ کتێب و وتار، ٩ کتێب بۆ زمانی "ئەفگانی"، بۆ "زاراوەکانی تالشی، مازەنی و گیلەکی" ٦ کتێب و وتار.
لێرخ هەروەها سەبارەت بە سەرچاوەی وشە کوردییەکان دەڵێت: "فەرهەنگەکانی ئەم کتێبە زۆرتر لەسەر بنەمای ئەو دەقانە پێکهاتوون کە لە بەرگی دووەمدا هاتوون. بێجگە لە وانە، ئەو وشانەش کە توانیومە لە "ڕۆسڵاڤڵ" کۆی بکەمەوە، دەگەڵ هەندێک پەیڤی گۆرانیی فۆلکلۆری کە لێم زیاد کردووە".
قەبارەی فەرهەنگەکان:
لێرخ لە کۆتاییی ئەم بەرگەدا کە بە زمان ڕووسی نووسیوێتی، تەنیا ئەم فەرهەنگانەی گونجاندووە: فەرهەنگی زاراوەی کورمانجی ٨٤ لاپەڕە، فەرهەنگی زاراوەی زازاکی ٣٣ لاپەڕە.
بەڵام لە بەرگی دووەم بە زمانی ئەڵمانی بێجگە لەم دوو فەرهەنگە، دوو فەرهەنگۆکێکی دیکەی گونجاندووە بۆ وشەکانی دەقە وەرگێڕراوەکەی دیباچەی گوڵستانی سەعدی کە ٢٣ لاپەڕەیە و بۆ زاراوەی "خەردووسی" دوو لاپەڕەیە (لێرخ ٢، ١٨٥٩: ١٦٦- ١٨٨ و ١٨٩-١٩٠).
"لێرخ" لە کتێبەکانی بە زمانی ڕووسی هیچ ئاماژەیەکی بە زاراوەی "خەردووسی" نەکردووە. بەڵام بە زمانی ئەڵمانی لە لاپەڕەی ٧١ و ٧٢دا، دەقێکی بەم زاراوەیە گونجاندووە و دەڵێت: "زاراوەی ئاخافتنی دانیشتوانی ناوچەکانی نێوان دوو گوندی "تەمیشگەزەک" و "گومیش مەدێن"ـە. ئەم دەقەم لە ڕاسڵاڤل بەگوێرەی ڕاوێژی یەکێک لە دانیشتوانی کوردی ئەو گوندانە بەناوی "مستەفا " تۆمار کردووە".
**************
پاشکۆ
لەو بابەتانەی کە سەبارەت بە سێ کتێبەکەی لێرخ نووسراون، ئاماژە بە دوو وتار دەکەم:
وتاری یەکەم
وتارێکی ١٤ لاپەڕەییی پرۆفیسۆر قەناتێ کوردۆیە بە ناوی "کارەکانی پ.ئی. لێرخ لە بواری کوردناسیدا" کە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستی یەکێتیی سۆڤیەت لە گۆڤاری "کۆوتار سەبارەت بە مێژووی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی، بەرگی چوارەم، مۆسکۆ ١٩٥٩، ل.ل. ٣٩-٥١، بڵاوی کردووەتەوە[38].
قەناتێ کوردۆ پاش کورتەیەک لە ژیاننامەی پیۆتێر لێرخ[39]، بە کورتی باسی نێوەرۆکی هەموو بەشەکانی هەر سێ بەرگەکەی کردووە و سەبارەت بە داڕشتنی دەنگە بزوێن و نەبزوێنەکان لەسەر بنەمای زمانە ڕۆژاواییەکان، ڕەخنەی لە لێرخ گرتووە و دەڵێت:
"بێگومان ئەم داڕشتنە لە کردەوەدا دەگەڵ سیستەمی پێکهاتەییی دەنگەکانی زمانی کوردی ناگونجێت، ئیتر باسی ئەوەش ناکەین که پێوەرە پەیڕەوکراوەکەی بۆ پۆلێنکردنی دەنگەکان، زانستی نییە. چونکە لە زمانی کوردیدا، پێش هەر شتێک بزوێنە درێژ و کورتەکان، دیاردەیەکی فۆنێمیکی نین، بەڵکوو دیاردەیەکی مۆسیقایین" (قەناتێ کوردۆ، ١٩٥٩: ٤٥).
قەناتی کۆردۆ بێجگە لەمە، لە ئاماژە بە دوو بەرگە ئەڵمانییەکەی لێرخ، دەڵێت:
"سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لێرخ ناوی دەقی ئاڵمانی کتێبەکانی خۆی گۆڕیوە و بە جێگەی "کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان"، تەنیا "کلدانییە هاوڕەچەڵەکەکانیان"ی داناوە. ڕەنگە لە کاتی نووسینی دەقە ئاڵمانییەکەدا بەتەواوی وازی لە هاوڕچەڵەکبوونی "کلدانییە باکوورییەکان" دەگەڵ کورد هێنابێت، هەر بۆیەش بەرگی یەکەمی دەقە ڕووسییەکەی بە ئاڵمانی وەرنەگێڕاوە، چونکە لە بەرگی یەکەمی ڕووسییەکەدا باسی هاوڕەچەڵەکبوونی کورد و کلدانییە "باکوورییەکانی" ورووژاندووە" (قەناتێ کوردۆ، ١٩٥٩: ٤٦، ژێرنووسی ٣٨).
قەناتێ کوردۆ ئاماژەی بە کارە زانستییەکانی دیکەی "پیۆتێر لێرخ"یش کردووە کە لەم وتارەی بەردەستتاندا لە بەشی "سەبارەت بە پیۆتێر ئیڤانۆڤیچ لێرخ"، سوودم لێ وەرگرتووە.
وتاری دووەم
بریتییە لە وتارێکە خانمی ڕۆژنامەوان "سڤێتڵانا کوورتساپۆڤا"یە بە ناوی "کورد لە ڕۆسڵاڤڵ"[40].
"س. کوورتساپۆڤا" لە وتارەکەیدا ئاماژە بە نووسەرێک دەکات بە ناوی "س.س. ڕاکۆچێڤسکی" کە لە کتێبی "ئەزموونی کۆکردنەوەی بابەتە مێژووییەکانی شاری ڕۆسڵاڤڵ"، بابەتێکی بە ناوی "دیلە تورکەکانی کوردستان" لە زمان ناسیاوێکی دانیشتووی ئەم شارە نووسیوە و باسی لەخۆبوردووییی ئەو دیلە کوردانەی کردووە کە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنە کارەساتبارەکەی ڕۆسڵاڤڵ لە ١٨ی جوولای ساڵی ١٨٥٥دا، چالاکییان نواندووە. ڕۆژنامەنووسی ناوبراو کورتەیەک لەم وتارەی نووسیوەتەوە کە باسی کولتوور و هەڵسوکەوتی جوامێرانەی دیلە کوردەکانی کراوە.
بۆ نموونە لە زمانی ناسیاوەکەی دەڵێت:
"… زۆر جار دیلەکان بە کەلکوەرگرتن لە ئازادییەکی تەواو کە هەیانبوو، دەچوونە نێو کێڵگەکەی دەرەوە و بەنێو چۆڵەوانییەکاندا تا درەنگانی ئێوارە دەسووڕانەوە… هەر جارێکیش بە چەپکە گوڵەوە لەم پیاسانە دەگەڕانەوە. سەرنجڕاکێش ئەوە بووە کە هەرگیز هیچ کام لەم چەپکە گوڵانە فرە ڕەنگ نەبوون، هەر کام لە کوردەکان تەنیا یەک جۆر گوڵیان کۆ کردووەتەوە و لە سەر دارێکیان دەبەست و زۆر بەپارێزەوە هێناویانەتەوە ماڵ. ئەم هەڵسوکەوتەی کە کوردەکان دەگەڵ گوڵ هەیانە، لەنێو گەلانی باکووریدا زۆر دەگمەن دەبینرێت".
یان سەبارەت بە کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری "ڕسڵاڤل"، ناسیاوەکە گێڕاوێتییەوە کە:
"… گەرمای نائاساییی پێش ئاگرکەوتنەکە و زریانە کتوپڕەکەی کاتی ئاگرکەوتنەکە، ئەوەندە خێرا بووە کە هیچ هێزێکی مرۆیی توانای پێشگرتنی نەبووە و لە ماوەیە چەند خولەکێکدا هەرچی لە ڕێڕەوی ئاگرەدا هەبووە، بووەتە خۆڵەمێش و نابوود بووە. لەم سات و وەختە ترسناکەدا، کوردەکان چاونەترسانە، لێزانانە و خۆنەویستانە کارستانیان پیشان داوە و بەوپەڕی خێرایەوە وە سەر بانی خانووەکان کەوتوون و بە پەتووی تەڕ و هەرچی لەبەر دەستیان بووە، ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە و بەم شێوەیە لە ڕزگارکردنی گەلێک لە خانووبەرەکانی شاردا بەشدار بوون. کاتێک ئاگر گەیشتە قووبەکانی کڵێسای شار، کوردەکان بۆ ڕێزگرتن لە پیرۆزییەکانی کڵێسا، پێڵاو و جامانەکانیان فڕی داوە و زۆر بەڕێزەوە چوونەتە نێو کڵێسا و ئایکۆن و وێنەکانی نێو کڵێسایان بۆ شوێنی سەلامەت گواستووەتەوە. پەرۆشی و نەترسی کوردەکان، کاریگەریی قووڵی لەسەر گشت هاووڵاتییان دانابوو و هەموویان دڵسۆزانەترین پێزانین و ڕێزیان بۆ ڕەوشت بەرزیی ئەو مرۆڤانە و بۆ خزمەتی خۆنەویستانەیان دەربڕیبوو، تەنانەت ئەگەر دوژمنیش بووبن.
ڕۆژنامەنووس "س. کووتساپۆڤا" دەڵێت: "پاش بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە، ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا یەکێک لە باشترین ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیا، واتە "پیۆتێر لێرخ"ی بۆ کۆڵینەوە لە زمانی کوردی و مێژووی هۆزەکانی کورد ڕەوانەی شاری "ڕۆسڵاڤڵ" کردووە".
سەرچاوەکان
بە زمانی ئەڵمانی
(لێرخ ١، ١٨٥٧)Lerch Peter. (I, 1857) Forschungen über die Kurden und die Iranischen Nordchaldäer (St. Petersburg).
(لێرخ ٢، ١٨٥٨)Lerch Peter. (II, 1858) Forschungen über die Kurden und die Iranischen Nordchaldäer (St. Petersburg).
بە زمانی ڕووسی
(قەناتێ کوردۆ، ١٩٥٩)Курдоев К.К. (1959) Труды П.И. Лерха по курдоведению (к вопросу изучения истории курдов в России). Очерки по истории русского востоковедения. сборник IV, Москва.
(لێرخ ١، ١٨٥٦)Лерх П. (I, 1856) Исследования об иранских курдах и их предках северных халдеях, (СПб.).
(لێرخ ٢، ١٨٥٧)Лерх П. (II, 1857) Исследования об иранских курдах и их предках северных халдеях, (СПб. ).
(لێرخ ٣، ١٨٥٨)Лерх П. (III, 1858) Исследования об иранских курдах и их предках северных халдеях, (СПб).
بە زمانی کوردی
کوردستان و کورد (٢٠٢١). وتاری: ئا.د. ژابا و کوردناسی، ژ.س. مووسائیلییان. و: مەنسوور سدقی. چاپی یەکەم هەولێر، ئەکادیمیای کوردی.
گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد (١٩٧٤). بەرگی دووەم، بەشی یەکەم. بەغدا.
عەبدوڵڵا سەمەدی هاوینی ١٣٩٧ (٢٠١٨). وەرگێڕاوی بەشێک لە دێباچەی گوڵستانی سەعدی لە ئەرشیڤ و لێکۆڵینەوەکانی پیتر لێرخدا"، گۆڤاری "کەشکۆڵ" ٢ (١٠) مەهاباد.
**********
سەرچاوەی پەراوێزەکان
(٥) ماڵپەڕی کتێبخانەکە: https://www.dts.edu/media-publications/bibliotheca-sacra/
(٨) https://www.deutsche-biographie.de/sfz137850.html
(٩) www.deutsche-biographie.de/sfz63077.html
(١٠) https://www.deutsche-biographie.de/sfz78545.html
(١١) www.deutsche-biographie.de/sfz76762.html
(١٢) www.deutsche-biographie.de/sfz97030.html#ndbcontent
(١٦) https://www.episcopalchurch.org/glossary/southgate-horatio
(١٩) https://www.britannica.com/biography/Bar-Hebraeus
(٢١) https://iranologists.org/baron-clement-a/
(٢٢) https://www.goodreads.com/author/show/469069.George_Percy_Badger
(٣٢) لێرخ ٢، ١٨٥٨: ٥٦، ژێرنووسی ٢٦.
(٣٣) عەبدوڵڵا سەمەدی ١٣٩٧ (٢٠١٨): ٥٢-٧٤.
(٣٤) کوردستان و کورد، ٢٠٢١: ٤٠٣.
(٣٦) (گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، ١٩٧٤: ٦٢٤).
(٣٧) https://ropravda.ru/2021/04/7199/
Abstract
In the mid-19th century, the Academy of Sciences of the Russian Empire paid special attention to the study of the history, ethnography, language and literature of the Kurdish people. Thanks to the researches of such specialists in Kurdish and Iranian studies as V. Sharmo, A. Velyaminov-Zernov, A. Zhaba, V. Yusti, A. Satsin and Pyotr Lerch, Kurdish studies became part of Iranian studies during the 19th century and began to develop independently later. As a member of the Russian Imperial Academy of Sciences, Lerch focused in the mid-19th century on the study of the Kurdish language and its history and devoted three years of his time to collecting comprehensive materials related to this field. The Academy published part of this study in 1856 in the first volume entitled "Studies of the Iranian Kurds and Their Northern Chaldeans of Co-Origin". In the same year, on the recommendation of the head of the academy, Pyotr Lerch visited Roslavl to study the Kurdish language closely with a number of Kurdish prisoners who were held there and who were captured during the Crimean War between Russia and the Ottoman Empire. As a result, Lerch collected a number of words and phrases with studies on the Kurdish language and devoted the following two volumes of his research exclusively to the Kurdish language. Lerch combined the three volumes (450 pages) into two volumes (380 pages) and translated them into German, which were published by the Russian Academy in the same year.
The author of this introductory study translated the three Russian volumes into Middle Kurdish by comparing them with the two German volumes and included the additions to the German text as an appendix to the translated book. It has not yet been published; therefore, the aim of this article is to introduce the content of this pioneering work by Pyotr Lerch, which I hope will see the light in the near future.
In this research, I have tried to highlight the book, its author and Lerch's important views on the social situation, language and history of Kurds.
[1] LERCH'İN ZAZAKİ DERLEMELERİNİN ÇEVRİMYAZIMI VE TÜRLERİNE GÖRE SÖZCÜKLERİN TAHLİLİ.
[2] Xebatê Peter J. A. Lerch Derheqî Kurdolojî de.
[3] لێرخ دیاریی نەکردووە بۆ چی وازی لە ئێرانیبوونی کوردەکان و هەوڕەچەڵەکییان دەگەڵ کلدانییەکان هێنابێت.
[4] لە نووسراوەکانی ڕووسیادا، دەوڵەتی عوسمانی بە تورکیا ئاماژەی پێکراوە.
[5] کۆنترین کتێبخانە و بنکەی چاپەمەنی ئایینی پڕۆتستانەکانی ئەمریکایە کە لە ساڵی ١٨٤٣ دامەزراوە و تاکوو ئێستاش بەردەوامە.
[6] Francis Rawdon Chesney (1789-1872) ژێنراڵی بەریتانیایی لە میسر و ئاسیای بچووک، بۆ سوپای بەریتانیادا خزمەتی کردووە و سێ گەشتنامەی هەیە.
[7] ڕەنگە "ئەنگووران" ڕاست بێت کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و ئێستا گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ڕۆژهەڵاتی شاری "تیکاب" (بە کوردی تیکاو) هەڵکەوتووە، بەڵام خراوەتە سەر پارێزگای "زەنجان".
[8] Étienne Marc Quatremère (1782-1857) ڕۆژهەڵاتناسی فرانسایی زانایەکی بەناوبانگی ئەم سەردەمەیە لە زمانە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاواییەکان؛ گەلێک وەرگێڕان و توێژینەوەی لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵات هەیە. لەوانە وەرگێڕانی "جامع التواریخ".
[9] Johann David Michaelis (1717- 1791) ئایینناس و ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی لە سەردەمی ڕۆشنگەری ئەورووپادا، یەکێک لە پێشەنگەکانی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی بووە.
[10] August Ludwig von Schlözer (1735-1809) مێژوونووس، مافناس، نووسەر، زمانناسی ئەڵمانی ئەندامی زۆربەی ئەکادیمیاکانی ئەورووپا.
[11] Emil Rödiger (1801-1874) ڕۆژهەڵاتناس ئەڵمانی، زمانناسی زمانە سامییەکان. وەرگێڕی پەیڤەکانی "لوقمانی حەکیم" بە زمانی لاتینی.
[12] August Friedrich Pott (1802-1887) زمانەوان و زمانناسی ئەڵمانی، لە زانکۆی "گوێتینگێن" مامۆستای زمان، فەلسەفە و مێژوو بووە.
[13] لێرخ لە بەرگی دووەمدا شیکاری زمانەوانی بۆ ئەم چامەیەی کردووە.
[14] Вильям Францович Диттель (1816 – 1848) "ڤ.ف. دیتل" ڕۆژهەڵاتناس و مامۆستای زانکۆی سان پیتربورگ بووە دەگەڵ "ئیلیا بێرێزین" سێ ساڵ گەشتی زانستییان بۆ ناوچەکانی ئاسیای نێوەندی و ئێران و کوردستان کردووە.
[15] خەچەتوور ئابۆڤیان (١٨٠٩- ١٨٤٨ بێ سەر و شوێن بووە) نووسەر، مامۆستا، زمانەوان و داهێنەری وێژەی نوێی ئەرمەنی، خاوەن کتێبی "کوردەکان، ئێزدییەکان، ١٨٤٦.
[16] Horatio Southgate (1812-1895)بانگخواز و گەشتیاری ئەمریکایی سەر بە کڵێسای "ئەپیسکۆپاڵ. لە دوو بەرگدا یادەوەرییەکانی گەشتەکەی بەناوی "گێڕانەوەی گەشتێک بەناو ئەرمینیا، کوردستان، پارس و میزۆپۆتامیا" نووسیوە.
[17] لێرخ لە بەرگی دووەمدا، سەبارەت بە ئایینی "چراخ-سۆندەران" زانیاری زۆرتری تۆمار کردووە کە لە بەشی بەرگی دووەمدا ئاماژەی پێ دەکرێت.
[18] "عەشتەرۆت" یان "ئەشتارۆت" خودا ژنی جوانی و ئافراندن لەلای فینیکییەکان و "ئیشتار"ی بابلییەکانە.
[19] "گریگۆریۆس ئەبولفەرەج مەلەتی"، ناسراو بە "ئیبنی عیبری"، بە لاتینی "Bar-Hebraeus" بە سریانی "بار عبريو"، ڕێبەری ئایینی مەسیحییە یەعقووبییەکان، لەدایکبووی ساڵی ١٢٢٦ لە نزیک مەلاتییە (مەلەتی)، کۆچکردووە لە ساڵی ١٢٨٦ لە مەراغە. دوایین کەسێک بووە کە بە زمانی سریانی نووسراوەی لێ بەجێ ماوە. کتێبی مێژوو لە ئادەم تاکوو سەردەمی خۆی نووسیوە.
[20] تەریقەتی عەلەوی لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا دەرکەوت، ئەم مەزهەبە بە یەکێک لە توندڕەوەکانی شیعە دادەنرێت، کە لە عەلی بن ئەبی تالیبیان پێ خودایە. ناوی یەکەمیان "نوسەیرییە" بووە، دواتر بۆ خۆدزینەوە لە خەڵک و داپۆشینی حەقیقەتی عەقیدەکەیان پێیان گوتراوە "عەلەوییەکان". دامەزرێنەری ئەم تەریقەتە محمد بن نوسەیر بەسری النومەیری بووە (کۆچیدوایی لە ساڵی ٢٧٠ی کۆچی) کە بانگەوازی پێغەمبەریەتی و پەیامەکەی دەکرد.
[21] Clement Augustus de Bode (1806-1887) خاوەن کتێبی "گەشتنامەی لوڕستان و خووزستان". لە زانکۆی لەندەن مێژووی خوێندووە و وەک دیپلۆمات لە باڵوێزخانەی ئیمپراتۆریای ڕووسیا لە تاران خزمەتی کردووە. نووسراوەی بەردەنووسێکی سەردەمی سەلجووقییەکان کە بە ئەلفبێی کووفی بووە، نووسیوەتەوە. ئەم بەڵگە مێژوویییە گرنگە، چونکە دواتر بە ڕێنووسی فارسی شێوێنراوە.
[22] George Percy Badger (1815-1888) بانگخواز و ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانیایی، بە توێژەری باوەڕ و ئایینی کڵێسای ڕۆژهەڵاتی ناسراوە.
[23] باسی بارودۆخی ژیانی کوردەکانی لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای ڕووسیای نەکردووە.
[24] بەسرە لە سەردەمی عوسمانیدا هەمیشە ولایەتێکی سەربەخۆ بووە و لە ڕووی کارگێڕییەوە قەت سەر بە بەغدا نەبووە.
[25] "ئێستا بووەتە بۆزگات.
[26] ئێستا کەوتووەتە کۆماری گورجستان.
[27] لە نزیک شاری تاران.
[28] Albrecht Bernhard Dorn (1805-1881) مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی، ڕووس، پسپۆڕی زمانە سامییەکان. چەند چیرۆکی گوڵستانی سەعدی کردووە بە ئەڵمانی.
[29] وا دیارە لێرخ ئاگای لەم کتێبە نەبووە بۆیە نیشانەی پرسیاری بۆ داناوە. مەبەست کتێبی "علم الحال"ـە کە لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا لەسەر بیروباوەڕی سۆفیگەری نووسراوە، بەڵام نووسەرەکەی دیار نییە.
[30] Hartwig Ludwig Christian Bacmeister (1730-1806) مێژوونووس، جوگرافیازان و زمانەوانی ئەڵمانی- ڕووس. بۆ یەکەم جار هەندێک ڕستەی پێوەری بۆ کۆڵینەوە لە زمانەکان داڕشت، بەپێچەوانەی شێوازی پێشتر کە بە کۆکردنەوەی تەنیا وشەکانی زمان، هەوڵیان دەدات زمانەکە شی بکەنەوە. "بەکمایستر" ١٠٠ ڕستەی پێوەری بۆ توێژینەوەی هەموو زمانەکانی جیهان، بەتایبەت بۆ زمانەکانی ئاسیایی ڕێک خستبوو؛ زۆربەیان هێشتا بڵاو نەکراونەوە.
[31] بەداخەوە گەڕان بەدوای ئەم ناوە و دەقەکانی بێسوود بوون.
[32] نیکۆڵای ڤلادیمیرۆڤیچ خانیکۆڤ (١٨٢٢-١٨٧٨) دیپلۆمات، ڕۆژهەڵاتناس، جوگرافیازانی ڕووس. ساڵی ١٨٥٣ سەرکۆنسوولی ڕووسیا لە تەورێز بووە. کتێبێکی هەیە بەناوی "گەشتێک بۆ کوردستانی پارس" نەخشەیەکی ئازەربایجانی کێشاوەتەوە کە گەلێک سەرنجڕاکێشە.
[33] لێرخ لە دەقە ئەڵمانیایەکەیدا دەڵێت: "دەستنووسە فارسییەکان بریتین لە هەڵبەستەکانی "حافز"، "سەعدی" و "جامی".
[34] لە کاتی تەواوکردنی ئەم وتارەدا، نووسەر ئاگادر بووەوە کە بەڕێز عەبدوڵڵا سەمەدی، نووسەر و توێژەری دەستنووس و بەڵگەنامە، ویڕای بڵاوکردنەوەی دەقە ڕەسەنەکە و نووسینەوەی بە ئەلفبێی هەنۆکەیی زاراوەی کوردی نێوەندی، شیکارێکی وردی بۆ کردووە.
[35] نووسەری ئەم وتارە هەموو بابەتە زیادکراوەکانی لێرخی لە دوو بەرگە ئەڵمانییەکەدا وەک پاشکۆ لە دەقی وەرگێڕراوی هەر سێ بەرگە ڕووسییەکە بە زاراوەی کوردی نێوەندی، گونجاندووە.
[36] "مەلا مەحموود بایەزیدی هەندێک هەڵبەستی خۆی، یان کۆپییەکانی و وەرگێڕانەکانی، نە بەناوی خۆی، بەڵکوو بە نازناوی "فەقیر مەحموود ئەفەندی"، یان "حاجی مەحموود ئەفەندی"یەوە نووسیوەتەوە. بەگوێرەی "م.ب. ڕۆدینکۆ"، مەلا مەحموود بایەزیدی ئەو کارەی لەبەر ئەوە کردووە کە "نەکەوێتە بەر تانە و تەوسی پیاوانی ئایینیی موسڵمان کە بێگومان بەوە تاوانبار دەکرا کە موسڵمانێک بەفەرمانی ناموسڵمانێک، هەڵبەست و نووسراوەی بۆ وەرگێڕاوە و یان بۆی نووسیوە".
[37] لێرخ لەم لاپەڕانەدا هەڵبەستێکی ٥٠ دێڕی "کلام عبدللا"ـی گونجاندووە و شی کردووەتەوە و دەڵێت ئەم هەڵبەستە: "زۆرترین توخمی زمانی کوردی تێدا بەدی دەکرێت، بۆیە لێرەدا باسی دەکەم، چونکە وێدەچێت وشەکانی زۆر ڕەسەن بن. ئەم عەبدوڵڵایە وەک لە دێڕی ٢٣ی هەڵبەستەکەی دەردەکەوێت، کوردێکی خەڵکی ئەرزەڕۆم و یان دەوروبەری ئەم شارە بووە".
[38] قەناتی کوردۆ وەک "ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد" پاش فیربوونی زاراوەی کوردی نێوەندی (سۆرانی)، هەمان وتاری بە ئەلفبێی لاتینی کردووە بە کوردی و "ئەندامی یاریدەدەری کۆڕ، مامۆستا شکور مستەفا شێوەی نوسینی ئەم وتارەی لە لاتینییەوە گۆڕیوە" و لە لاپەڕەکانی ٦٢٤-٦٦٣ گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورددا بڵاو بووەتەوە.
[39] لە بەشی "سەبارەت بە پیۆتر ئیڤانۆڤیچ لێرخ"ی ئەم وتارەدا، کەلک لەم ژیاننامەیە وەرگیراوە.
[40] ڕۆژنامەی "ڕاسڵەڤسکایا پڕاڤدا" کە لە شاری "ڕۆسڵاڤڵ" دەردەچێت بە ڕێکەوتی ٢٣/٠٤/٢٠٢١ بڵاوی کردووەتەوە.
وتارەکانی تر
Nothing Found



