گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
ڕەسووڵی حسێن، دێهقانی ڕەزا ، کەریمی عەلیڕەزا -وەرگێڕ: فەرهاد ئەکبەری: سیاسەتە زمانییەکانی پەهلەویی یەکەم لە کوردستان و دەرەنجامەکانیان(بە پێداگری لەسەر خوێندنگەکان). گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
سیاسەتە زمانییەکانی پەهلەویی یەکەم لە کوردستان و دەرەنجامەکانیان(بە پێداگری لەسەر خوێندنگەکان)
نووسەران: حسێن ڕەسووڵی، ڕەزا دێهقانی، عەلیڕەزا کەریمی
وەرگێڕ: فەرهاد ئەکبەری
سەرچاوە: “پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، پرتال جامع علوم انسانی”
پوختە
ڕۆناکبیرانی سەردەمی پەهلەوی، یەکێتیی نیشتمانییان بە بەستێنی یەکپارچەییی سیاسیی وڵات و ڕێبازێک بۆ لاوازکردنی ململانێیە ئەتنیکی و کێشە خۆجێییەکان دادەنا. پێشیان وابوو کە ئەمە لە ڕێگەی نەهێشتنی سەرجەم جیاوازیگەلی هەیی (موجود) لە مۆدێلی ژیان، پۆشەمەنی، زمان و… دێتە دی. لە درێژەی ئەم ڕەوتەشدا، ئۆگری و مەیلی ئەتنیکە جیاکان بۆ لای زمانی فارسی و ڕۆڵە دیرۆکییەکەی لە یەکێتیی نیشتمانیدا بوار بۆ پەرەسەندنی وەک بنەمای سیاسەتی یەکدەستکردن خۆش دەکا. بۆ ئەمەش، دەوڵەت هەوڵی دەدا لەڕێی پەرەپێدانی دامەزراوەگەلی پەروەردەیی، دامەزراندنی مامۆستایانی ناخۆجێیی و بەربەندکردنی خوێندن و نووسین بە زمانە خۆجێییەکان، ڕێ بۆ ڕمێنی تاکە زمانێک بۆ چێکردنی یەکێتیی نیشتمانی خۆش بکا. لێ پەنابردنە بەر ڕێبازگەلی داسەپێنەر، دەستوەردانی دامەزراوەگەلی وەک ئەرتەش، بەربەندکردنی خوێندن بە کوردی و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی، وای کرد کە کورد تەنانەت زمانی فارسیشی لەبەرچاو بکەوێ و لەپێناوی پاراستنی ناسنامەی ئەتنیکیی خۆیدا دەست بە خەبات بکا. تەوەری سەرەکیی ئەم تۆژینەوەیە، تاوتوێکردنی مەبەست، ڕەوت و دەرەنجامی سیاسەتگەلی زمانیی دەوڵەتی پەهلەویی یەکەم لە کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانە.
کلیلەوشەکان: ڕەزاشا، یەکدەستکردنی چاندی، کوردستان، زمانی فارسی، خوێندنگە نوێکان.
پێشەکی
باوکردنی زمانی فارسی، وەک یەکێک لە مەرجە بنەڕەتییەکانی ئایدیای چێکردنی دەوڵەتێکی یەکدەست، لەو سیاسەتانە بوو کە لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمدا لەسەر دەستی ڕۆناکبیر و سەرانی ڕژێمەکەوە گیرایە بەر و لە سەرپاکی ئەم سەردەمەدا شێلگیرانە لەسەری چوون. بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئایدیایەش، کۆمەڵێک سیاسەت و ڕێ و ڕێباز گیرانە بەر کە لە ئەنجامی ڕەچاونەکردنی زۆربەی ڕاستییە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابوورییەکان و… لە دەڤەرە جیاجیاکاندا، لەوانە لە کوردستاندا، زوڵم و زۆر و پێشێلکارییەکی زۆر کرا. دواجار، سەرباری دانی تێچوویەکی زەوەند، نەک هەر ئامانجەکانی خۆی نەپێکا، بەڵکوو جاروبار دەرەنجامی خراپەشی لێ کەوتەوە. بۆ تۆژینەوە لە وردەکاریی ئەم بابەتە، پرسیارە سەرەکییەکەی ئەم وتارە ئاوا کراوە: باوکردنی زمانی فارسی لە کوردستاندا، بۆ چ مەبەستێک و لە چ ڕێ و ڕێبازێکەوە ئەنجام درا؟ دەرەنجامەکانی چ بوون؟ هەروەها هەوڵمان داوە وەڵامی ئەم پرسیارە لاوەکییانەی خوارەوەش بدەینەوە: ئەو هەوڵانەی کە بۆ باوکردنی زمانی فارسی لە کوردستاندا دران، چەندە کاریگەریی ڕوانگەی ڕۆناکبیرانی سەردەمی پەهلەویی یەکەم (ڕەزاشا)یان پێوە دیار بوو؟ ئەو جیاوازی و لێکچوونانە چ بوون کە لە شێوەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ڕەزاشا لەگەڵ زمانە ئێرانییە نافارسییەکانی وەک کوردی و زمانە نائێرانییەکانی وەک تورکی و عەرەبیدا بەدی دەکران؟ گریمانەی سەرەکیی تۆژینەوەکەش ئەوەیە کە پەنابردنەبەر میتۆدگەلی داسەپێنراو و زۆرەملێ بۆ باوکردنی زمانی فارسی و هەوڵدان بۆ بەرتەنگکردنی زمانی کوردی، نەک هەر یەکێتیی نیشتمانیی بەهێز نەکرد، بەڵکوو لەبری پێکسازان، لێکترازانی لێ کەوتەوە.
هەرچەندە زۆربەی خەڵکی ستانەکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژاوا (ورمێ) کوردن، لەم تۆژینەوەیەدا بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی بەرتەسککردنەوەی سنووری جوگرافیایی، وشەی کوردستان تەنێ بۆ شارە کوردییەکانی باشووری ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە لە دەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشادا سەر بە شارۆکەکانی شاری سابڵاخ (مهاباد) و شارەکانی ئێستای ستانی کوردستان وێڕای هێندێک شاری سەر بە ستانی کرماشان، وەک پاوە، جوانڕۆ و ڕوانسەر کە لە دابەشکاریی جوگرافیاییی ئەو دەمدا بەشێک بوون لە شارۆکەکانی سەر بە شاری سنە، دەکار کراوە.
لەمەڕ تەمەنی تۆژینەوە لەم بوارەدا دەبێ بێژین، سەرباری ئەوە کە لەم ساڵانەدا لە زۆر تۆژینەوەی بەنرخدا مەبەست و دەرەنجامەکانی سیاسەتی فەرهەنگی و ئەتنیکیی ڕەزاشا تاوتوێ کراون، لێ تاکوو ئێستا لە تۆژینەوەیەکی سەربەخۆدا سیاسەتە زمانییەکانی ناوبراو لێک نەدراونەتەوە. کتێبگەلی وەک “لە سیاسەتەوە تا فەرهەنگ” (از سیاست تا فرهنگ)، نووسینی “حسام الدین آشنا”(١)، “تبارشناسی هویت جدید ایرانی”(٢) و “دولت فرهنگ در ایران”، نووسینی “محمد علی اکبری” (٣) و “دولت مدرن و یکپارچگی ملی در ایران”، نووسینی “داریوش قنبری”(٤) زۆر بە کورتی ئاماژەیان بە ڕۆڵ و گرنگایەتیی زمانی فارسی لە پڕۆژەی چێکردنی ناسنامە لە سەردەمی ڕەزاشادا کردووە. “نفیسە واعظ” لە کتێبی “سیاست عشایری دولت پهلوی اول” (٥) سیاسەتی زمانیی پەهلەوی و بەرتەکی ئەتنیکە جیاوازەکانیان پشتگوێ خستووە. هەروەها کتێبی “مدیریت منازعات قومی در ایران”، نووسینی “رضا صالحی امیری”، (٦) “تحولات قومی در ایران” نووسینی “مجتبی مقصودی”(٧) و “قومیت و قوم گرایی در ایران”، نووسینی “حمید احمدی” (٨)، سەرەڕای ئەوە هەوڵیان داوە هۆکارەکانی دەرکەوتنی پرسە ئەتنیکییەکان لێک بدەنەوە، لێ بەکەمی پەرژاونەتە سەر ڕۆڵی سیاسەتگەلی فەرهەنگی و بەتایبەت سیاسەتە زمانییەکانی ڕەزاشا لە سەرهەڵدانی پرسی کوردستان پاش ڕووخانی دەسەڵاتی ڕەزاشا.
بە کورتی دەبێ بێژین زۆربەی ئەو سەرچاوانەی ئاماژەمان پێ کردن، بەگشتی سیاسەتە فەرهەنگییەکانی سەردەمی ڕەزاشایان تاوتوێ کردوون و تا ئێستاش تۆژینەوەیەکی سەربەخۆی تایبەت لەسەر سیاسەتگەلی زمانی، مەبەست و دەرەنجامەکانیان لە کوردستان و دەڤەرەکانی تری سەر بە ئەتنیکە جیاوازەکان نەکراوە. بە لەبەرچاوگرتنی کەلێنی زانستیی پشتبەستوو بە بەڵگەنامەکان لە بواری دیرۆکی شوێن گەلێک وەکی کوردستان، بەتایبەت لەو دەم و دەورانەی کە ئێمە باسی دەکەین، هیوادارین ئەم تۆژینەوەیە بتوانێ بەشێک لەم کەلێنە پڕ بکاتەوە و بوار بۆ تۆژینەوەی تری لەم چەشنە خۆش بکا و دەستباری یاسادانەران و بەڕێوەبەرانی سیاسەتە چاندییەکان لەمەڕ ناوچەگەلی وەک کوردستان بدا. لەم تۆژینەوەیەدا پشت بە میتۆدی گێڕانەوەیی-شیکاری و بەڵگەنامەیی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی کتێبخانەیی و ئەرشیفخانەیی بەستراوە. سەرچاوەی سەرەکیی بابەتەکەش پاشماوەی بەڵگەنامەکانی ئەو دەم لە ناوەندی بەڵگەنامە نیشتمانییەکانی تارانە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕوونکردنەوەی دیرۆکی خۆجێیی و ناوچەییدا هەیە.
- ناسیۆنالیزم، زمانی فارسی و یەکدەستکردنی فەرهەنگی لە سەردەمی ڕەزاشادا
وەچەی یەکەمی ڕۆناکبیرانی ئێرانی بە پێکگرتن (بەراوردکردن)ی ڕەوشی ئێران و ئەورووپا، سەرچاوکەی سەرپاکی چارەڕەشی و دواکەوتنەکانیان بۆ سەرەڕۆییی داوودەزگەی دەسەڵاتدار و بێ یاسایی دەگێڕایەوە و هەر بۆیە داوای دامەزراندنی سیستێمی مەشرووتەیان دەکرد. بەڵام کە شۆڕشی مەشرووتە لە ئێراندا کرا، نەک هەر ئامانجەکانی ڕۆناکبیران نەهاتنە دی، بەڵکوو ناکۆکیی ناوەکیی نێوان مەشرووتەخوازان، لاوازبوونی دەسەڵاتی شا، دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان و هەروەها دەسپێکردنی شەڕی یەکەمی جیهانی و داگیرکردنی ئێران لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە شەڕ و ئاژاوەیەکی وای نایەوە کە لەوێنەی نەبوو.
ڕۆناکبیران ئاگەداری ئەوە بوون کە زۆربەی ڕاپەڕین و بزاڤەکانی دوا ساڵانی دەسەڵاتی قاجار، لە ناوچە ئەتنیکییەکانی وەک ئازەربایجان، کوردستان و خووزستاندا قەوماون. جیاوازییە ئەتنیکی، زمانی و مەزهەبییەکان لە ئێراندا بە مەترسی و هەڕەشە لەبەردەم دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناسیۆنالستیدا دادەنران. کەوابوو، ئەم ڕۆناکبیرانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەرەڕۆ کەوتنە خۆ تاکوو سەرەتا لەڕێی ئەرتەشێکی بەهێزەوە ئەو ڕاپەڕینانە سەرکوت بکا و پاشان بە برەودان بە ناسیۆنالیزم بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی نیشتمانی تێ بکۆشێ. یەکدەستکردنی جلوبەرگ و کڵاو، برەودان بە زمانی فارسی وەک زمانی نیشتمانی، کردنەوەی خوێندنگەی دەوڵەتی و بەرتەسکردنەوەی بەکارهێنانی زمانگەلی نەتەوەیی و نافارسی هێندێک لەو ڕێ و ڕێبازانەی یەکدەستکردنن کە دەوڵەتی ڕەزاشا بۆ نەهێشتنی جیاوازی و ناکۆکییە نەتەوەیی و زمانییەکان گرتنیە بەر.
بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی زمان لە پاراستنی یەکڕیزیی نێوان جڤاتەکاندا، دەکرێ وەک خولگەی بنەڕەتی و گرنگترین هەوێنی پێکهێنەری میللەتان و دیاریکەری ناسنامەی مرۆڤ دای بنێین. بۆیە زمان دەورێکی سەرەکیی لە سەرهەڵدانی بزاڤە ناسیۆنالیستییەکاندا هەبووە و هۆکاری سەرەکیش بووە لە دەرکەوتنی وشیاریی ناسیۆنالیستی لەنێو میللەتانی نوێی ئەورووپای مۆدێڕندا (١). لە ناسیۆنالیزمی دڵخوازی ڕۆناکبیرانی سەردەمی قاجاردا، زمانی فارسی گرنگایەتی و جێگەیەکی بەرزی پێ درابوو. “آخوندزادە” چاککردن، گۆڕین و لابردنی وشە عەرەبییەکانی لە زمانی فارسیدا وەک ئارمانجی خۆی ڕاگەیاند (٢). دوای وی “میرزا آقاخان کرمانی” و “جلال الدین میرزای قاجار”یش لەم پێناوەدا هەوڵیان دا. ڕۆناکبیران و کاربەدەستانی دەورەی ڕەزاشاش هەستیان بە گرنگیی زمانی فارسی لە پتەوکردنی یەکێتییە نیشتمانییە دڵخوازەکەیان کردبوو، بۆیە برەودان بە زمانی فارسییان کردە تەوەری سەرەکیی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنە فەرهەنگییەکەیان. لە ڕوانگەی ڕۆناکبیرانی سەر بە ”بازنەی بێرلین“ (٣) کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر سیاسەتە فەرهەنگییەکانی دەورەی ڕەزاشادا هەبوو، زمانی فارسی زۆر پڕبایەخ بوو. زۆربەیان وای بۆ دەچوون کە یەکێتیی نیشتمانی تەنێ لە چوارچێوەی دوو فاکتۆری سەرەکیی فەرهەنگ و زماندا دابین دەبێ و بەدەر لە دوو بواری ئایین و زمان، دەبێ لە سەرجەم بوارگەلی تردا لاسایی ڕۆژاوا بکەینەوە (٤). گۆڤاری ”کاوە“ یەکێک لە ڕێگەکانی ڕزگاریی نیشتمانیی بە پاراستنی زمانی فارسی دەزانی (٥) و لە سەرپاکی ماوەی دەرچوونیدا قەت لە خەبات بۆ چەسپاندنی زمان و ئەدەبی فارسی کەمتەرخەمیی نەکرد (٦). “محمود افشار” پەرەپێدان و بەگشتی کردنی زمانی فارسیی بە ئامرازی ڕسکانی یەکێتیی نیشتمانی لە ئێران و هەروەها نەهێشتنی ناکۆکیگەلی ناوچەیی لە بواری جلوبەرگ و زمانەوە دەزانی و پێی وابوو کە “کورد، لوڕ، قەشقایی و… نابێ لێک جیاواز بن و هەر کامیان جلکێک لەبەر بکا و بە زمانێک بدوێ” (١)، کەوابوو دەبێ هەموومان یەکدڵ و یەکدەنگ خوازیار بین و لەپێناوی بڵاوکردنەوەی زمانی فارسی لە سەرلەبەری ئێراندا خەبات بکەین تاکوو بەکاوەخۆ جێی زمانە بیانییەکان [مەبەستی زمانی نەتەوەکانی ترە] بگرێتەوە (٢). کەسرەوی بۆ سەرگرتنی یەکپارچەیی سیاسی، جوگرافیایی و ئاسیمیلاسیۆنی کۆمەڵایەتی، چەسپاندنی یەک زمان و ئایینی هاوبەشی بە پێویست دەزانی. هێندەش پێیان لێ هەڵبڕی کە گۆڤاری “پیمان” دروشمی خۆی کرد بە: یەک ئاڵا، یەک ئایین، یەک زمان. مەبەستی کەسرەوی ئەوە بوو کە زمانە جۆرەجۆرەکان لە “تورکی، عەرەبی، ئەرمەنی، ئاسووری و نیمچە زمانەکانی ستانەکان وەک گیلەکی، کوردی، لوڕی، شووشتەری و هاوشێوەکانیان” بسڕدرێنەوە و سەرجەم خەڵکی ئێران تەنێ بە زمانێک بدوێن کە زمانی فارسی بێ (٣). “عیسی صدیق”، یەکێک لە کەسایەتیگەلی کاریگەر لەسەر سیاسەتە فەرهەنگییەکانی ئەو دەم، پێی وابوو کە چ فاکتۆرێکی دیکە هێندەی زمان ناتوانێ یەکێتی لەناو نەژادگەلی جیاوازدا پێکبێنێ و ئەو، یەکێتیی زمانی بە هەوێنی یەکێتیی هزر و یەکێتیی هەست دەزانی (٤). “سعید نفیسی”یش میللەتی وەک کۆمەڵە خەڵکێک پێناسە دەکرد کە زمان، ئەخلاق، دابونەریت، بیروباوەڕ، پۆشەمەنی، ژیانی کۆمەڵایەتی، هیوا و ئاوات و…یان یەکدەست بێت (٥).
- کردنەوەی خوێندنگەی نوێ لە کوردستان و پەرەسەندنی زمانی فارسی
کردنەوە و پەرەسەندنی خوێندنگەی نوێ یەکێک لە گرنگترین ئامرازگەلی دەوڵەتی ڕەزاشا لەپێناوی چێکردنی میللەتدا بوو و سیاسەتی گشتیی پەروەردەی نوێش بەفارسیکردنی نەتەوە نافارسەکان بوو (٦). بۆیە، هەر لە دەسپێکەوە بودجەیەکی زیاتر لەلایەن سیاسەتداڕێژانی فەرهەنگییەوە بۆ کردنەوەی خوێندنگە لەناو نەتەوە نافارسەکاندا تەرخان کرا؛ بۆ میناک، هەر ئەوەی کە بەرپرسی کاتیی وەزارەتی پەروەردە، بۆ برەودان بە کاروباری پەروەردە لە ” ئەیالەت و ویلایەتەکان بەتایبەت لە ناوچە سەرسنوورییەکانی وەک ئازەربایجان، خووزستان و کوردستان ” دا، داوای زیادکردنی بوودجەی ساڵی خوێندنی ١٣٠٤ کۆچی هەتاوی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەکرد. وەزارەتی ناوخۆ لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی ١٣٠٧دا، ئاماژەی بە پێویستیی کردنەوەی خوێندنگە لە کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی هەوراماندا کردووە (٢). نووسینگەی تایبەتی پاشایەتی هەر ئەو ساڵە لە نامەیەکدا، فەرمانی بە وەزارەتی پەروەردە و ئەوقاف کردووە کە دوو خوێندنگە لە سابڵاخ (مهاباد) بکەنەوە و دەبێ “دەسبەجێ ئەم فەرمانە بە بەرپرسی پەروەردەی ئازەربایجان ڕابگەیەندرێ” (٣). فەرماندەی “تیپی سەربەخۆی خووزستان”یش لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەی پاشایەتی، داوای پەرەپێدانی پەروەردەی لە خووزستاندا کردووە تاکوو “زمانی فارسی بەخێرایی لەو ناوچەیەدا بڵاو ببێتەوە و ئیدی زمان و جلوبەرگ و دابونەریتیان بەجارێک یەکدەست ببێ و لەو دۆخی چەقینە ڕزگار ببین و بە دامەزراندنی خوێندنگەی پێویست دەبێ لە بنەڕەتەوە منداڵان و لاوانی ناوچەکە فێری فارسی بکرێن” (٤). لەسۆنگەی بایەخی ئەم بابەتە و پێویستیی کارکردنی خێرا لەم پێناوەدا، نووسینگەی تایبەتی پاشایەتییش لە نامەیەکی نهێنیدا لە ڕێکەوتی ٢١/ ١٢/ ١٣١٣دا فەرمانی ڕەزاشا بە هەر دوو وەزارەتی مەزنی پەروەردە و ئەوقاف ڕادەگەیەنێ:
“بە پێی فەرمانی شایەنی گوێڕایەڵیی پیرۆز، ڕادەگەیەندڕێ کە زیادکردنی ژمارەی خوێندنگەکان لە خووزستان و کوردستان واتە سەرپاکی کوردستان لە ئەرکە پێویست و لەزگینەکانە… و ئەمەش نەک هەر لە ڕوانگەی پەرەدان بە پەروەردەوە پێویستە، بەڵکوو لەباری بەرژەوەندیی وڵاتیشەوە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێ. بەتایبەت بڕیاریان دا ڕابگەیەندڕێ لانیکەم هەر ئەو ڕێ و ڕێبازەی لە دەشتی گورگان جێبەجێ کراوە، لە خووزستان و کوردستانیش دەبێ جێبەجێ بکرێ.” (٥)
وەزارەتی پەروەردەش لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی ١٣١٣ و ١٣١٤دا بۆ پەرەدان بە پەروەردە و کردنەوەی خوێندنگە لە خووزستان و کوردستان سەروو ٣٢٠ هەزار تمەن بودجەی زیاتر تەرخان کراوە (١). هەر وەک لەو بەڵگەنامانەی سەرەوەدا دەردەکەوێ، دەستوەردان، هەوڵدان و پێداگریی نووسینگەی تایبەتی پاشایەتی و ڕەزاشا بۆ خۆی، وەزارەتی ناوخۆ، ئەرتەش و پلەداران لەسەر کردنەوەی خوێندنگە لە کوردستاندا نەک هەر تەنیا سەلمێنەری گرنگایەتیی ئەم بابەتەیە، بەڵکوو سەلمێنەری دەستوەردانی سازی و دامەزراوە سەربازییەکانیشە لە دەرکردنی بڕیارە فەرهەنگییەکانی ئەودەمدا و ئەو بۆچوونەمان لا بەهێز دەکا کە ئەرکی وەزارەتی پەروەردە پتر ڕاپەڕاندنی بڕیاری دامەزراوەگەلی تر بووە.
بە سەرنجدان بەوەی کە یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی پەرەدان بە پەروەردە لە شوێنگەلێک وەک کوردستان، پتر بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەدان بە زمانی فارسی بووە، لەم قۆناغەدا زۆرتر بایەخ بە کردنەوە و زیادکردنی خوێندنگە سەرەتایییەکان دەدرا تاکوو خوێندنگەی ناوەندی. لە سەرپاکی دەمی دەسەڵاتی ڕەزاشادا تەنێ ژمارەیەکی کەم خوێندنگەی ناوەندی لە کوردستاندا کراونەتەوە، کەچی لە دەمی ڕووخانی دەسەڵاتەکەیدا، لە سەرجەم شارەگوند و زۆربەی گوندەکاندا خوێندنگەی سەرەتایی کرابوونەوە (٢). پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە دەمی ڕووخانی دەسەڵاتی ڕەزاشادا، سەرباری پەروەردەی سەرەتایی، بایەخێکی تایبەتیش بە فێرکردنی بەتەمەنەکان و خوێندن و نووسین و پەرەدان بە پەروەردەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکیش درابوو (٣).
ڕێ و ڕێبازێکی تر کە دەوڵەتی ڕەزاشا بۆ برەودان بە ناسیۆنالیزم و زمانی فارسی گرتبوویە بەر، ناردنی بەلاشی گۆڤار و ڕۆژنامەکان بۆ خوێندنەوەخانە (قرائت خانە)کانی ناوچەگەلی وەکی کوردستان بوو. بەپێی بەڵگەنامەکان، دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدا بوو تاکوو گۆڤار و ڕۆژنامە فارسییەکان بە بەلاش بنێرێ بۆ خوێندنەوەخانەکانی کوردستان. لە نامەیەکی بەرپرسی خوێندنەوەخانەی مهاباددا بۆ وەزارەتی فەرهەنگ سکاڵای ئەوە کراوە کە “لە سەرەتای خاکەلێوەی ساڵی ١٣١٨ەوە ڕۆژنامەی “اطلاعات” و گۆڤارەکانی تر نەگەیشتووەتە خوێندنەوەخانەکەیان” و داوای ئەوە کراوە کە “وەک جاران فەرمانگەی گشتیی تۆمار (نگارش)، بە ناردنی چاپەمەنیی بەکەڵک، خوێندنەوەخانەی پەهلەوی لە مهاباد بڕازێنێتەوە و دەوڵەمەندتری بکەن”. وەزارەتی فەرهەنگیش، بە ناردنی چەند نامە بۆ ڕۆژنامەکانی “ایران” و “اطلاعات” هەموو چەشنە یارمەتییەکی خوێندنەوەخانەی پەهلەوی لە مهابادی بە پێویست زانیوە و نووسیویەتی:
“بەتایبەت ڕەوشەکەی وا دەخوازێ کە هەموو کەسێک و بەتایبەت بەرپرسانی چاپەمەنیی وڵات کە خوازیاری برەودان بە زمانی فارسی و پتەوکردنی بنەماکانی ناسیۆنالیزمن یارمەتیی ئەم خوێندنەوەخانەیە بدەن. کەوابوو وەزارەتی فەرهەنگ چاوەڕێی فەرمانی ئێوەیە تاکوو وەک جاران ڕۆژنامە بنێردرێ بۆ ئەو بنکەیە.” (١)
ئەم بەڵگەنامەیە بەڕوونی دەری دەخا کە سەرەکیترین مەبەست لە شاندنی گۆڤار و ڕۆژنامە بۆ کوردستان برەودان بە زمانی فارسی و بەهێز و سەقامگیرکردنی بەها فەرهەنگییە دڵخوازەکانی دەسەڵاتەکەی ڕەزاشا بووە و بوار نەدراوە کە چ کردارێک ببێتە کۆسپ لەبەردەم پێشڤەچوونی ئەم سیاسەتەدا.
- بەربەندکردنی پەروەردە بە زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی کوردستاندا
دەوڵەتی ڕەزاشا بۆ برەودان بە زمانی فارسی لە کوردستاندا، تەنیا بە کردنەوە و پەرەدان بە خوێندنگەی نوێوە نەوەستا، بەڵکوو کۆمەڵێک کۆسپی بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لەم خوێندنگەیانەدا نایەوە و هەوڵی دا هێندەی دەکرێ مامۆستای ناشارەزا لە زمانی کوردی لە دەرەوەی کوردستانەوە بێنی. سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی [ستانی] کوردستان، لە ١٥/ ٦/ ١٣٠٧دا فەرماننامەیەکی بۆ خوێندنگەکان ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: “ئەرکی سەرشانی سەرجەم کارمەندانی خوێندنگەکانە ئاگەدار و وریای ئەوە بن کە تێکڕای مامۆستا و خوێندکاران هەر تەنیا دەبێ بە زمانی فارسی قسە بکەن” (٢). هەروەها کاربەدەستانی کوردستان لە نامەیەکیاندا بۆ وەزارەتی مەزنی ناوخۆ لە ١٢/ ٧/ ١٣١٠دا وێڕای ئاماژە بەوەی لە کوردستاندا تەنێ لە خوێندنگە و بەڕێوەبەرایەتییە دەوڵەتییەکاندا بە فارسی قسە دەکرێ، دەنووسێ: “بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سەرپاکی خەڵک ناچار بن بە فارسی قسە بکەن، کردنەوەی خوێندنگەی جۆرەجۆر لە گوند، شارەگوند و شارەکاندا و هەروەها ناردنی مامۆستای تەواو ناشارەزا لە زمانی کوردی پێویستە تاکوو وا پەروەردە بکرێن کە ئیدی بەجارێک لەگەڵ زمانەکەی خۆیاندا نامۆ بن” (١). ئەم بەڵگەنامەیە بەجوانی دەیسەلمێنێ کە مەبەستی سەرەکیی دەوڵەتی پەهلەوی لە کردنەوەی خوێندنگەی جیاجیا لە کوردستاندا نەک هەر برەودان بە زمانی فارسی، بەڵکوو لەناوبردنی زمانی کوردییش بووە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و ئەوقافی کوردستان لە ٢٥/ ١٠/ ١٣١٢دا لە نامەیەکی ڕاستەوخۆ و نهێنیدا بۆ وەزارەتی پەروەردە، وێڕای ئاماژە بەوەی خەڵکی کوردستان زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە و کەم کەس بەتایبەت لە “گوند و شارەگوندەکان”دا بەباشی لە فارسی تێ دەگەن، داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکا “بە هیچ کلۆجێک مامۆستا و فەڕاشی کورد لە خوێندنگەکاندا دانەمەزرێن و ئەوانەش کە دامەزراون بۆ شوێنەکانی تری دەرەوەی کوردستان وەگوێزرێن”. هەروەها داوای زیادکردنی مووچەی مامۆستایانی ناکوردی لە کوردستان کردووە “تاکوو بلوێ مامۆستاگەلی تا ئەندازەیەک شیاوی بەتەمەن لە یەزد، ئیسفەهان، فارس و تارانەوە بگوازرێنەوە بۆ کوردستان. لە کۆتاییدا هیوا دەخوازێ ئەگەر ئەم داواکارییانەی سەرەوە لەبەرچاو بگیرێن، لەوە دڵنیا دەبین کە پەروەردە لە ماوەی دە ساڵدا بتوانێ هەستی ئێرانپەرستی لەناو خەڵکی کوردستاندا بەهێز بکا و هەروەها زمانی سەرلەبەری خەڵکیش بکرێ بە فارسی” (٢).
یەکێک لە کاربەدەستانی دەوڵەت کە لە ساڵی ١٣١٣ی هەتاویدا بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی سیاسی و فەرهەنگی سەردانی سابڵاخی کردبوو، لە نامەیەکی نهێنیدا بۆ سەرۆکی نووسینگەی پاشایەتی، وێڕای ئاماژە بە گرنگایەتیی سیاسی-جوگرافیاییی شارەکە دەنووسێ: “بەجێیە کە کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ لەم ناوچەیەدا بنێین وا بکرێ کە خەڵکەکەی بە هەر نرخێک بووە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا بتوێنرێنەوە تاکوو لە داهاتوویەکی شیمانەکراودا مەترسییەکی سیاسی و ئابووری لەسەر وڵاتەکەمان چێ نەبێ.“ بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکا کە ژمارەی خوێندنگە سەرەتایییەکان زیاد بکا ”بە مەرجێک مامۆستاکان هەر لە دەسپێکەوە، فارسیزمان بن. من فەرمانم دەرکرد تاکوو مامۆستا کوردەکان لابەرن و ئەم فەرمانەش بۆ یەکدەستکردنی خوێندنگە سەرەتایییەکان زیاد بکرێ”. هەروەها پێشنیاری ئەوەش دەکا کە وەزارەتخانەکانی تریش هەم لەم ناوچەیەدا و هەم لە ناوچەکانی تری ئازەربایجانیشدا، کارمەندی کوردزمان و تورکزمان دانەمەزرێنن، چونکە ئەم کارمەندانە بە سروشتی هەر بە زمانەکەی خۆیان لەگەڵ خەڵکدا قسە دەکەن و ئیدی ئەمەش وا دەکا زمانی فارسی وەک پێویستییەکی گشتی لەنیو خەڵکدا پەرە نەسێنێ (١). هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و ئەوقافی کوردستان لە ساڵی ١٣١٧ی هەتاویدا وێڕای ڕاپۆرتەکانی جێژنی هەزارساڵەی فێردۆسی لە سنە، ئاماژە بەوە دەکا کە “لە لایەن نوێنەری پەروەردەوە، دوو ئەندامی [بەڕێوەبەرایەتی]ی پەروەردە، زنجیرە کۆنفرانسێکیان لەم بوارانەی خوارەوە ساز کرد: یەکێتی و سەربەخۆییی زمان و پێویستیی سڕینەوەی زمانە لاوەکییەکانی ئێران لەوانە کوردی، لوڕی، تورکی و…” (٢). ئەم بەڵگەنامەیە و زۆر بەڵگەی تریش بەڕوونی ئەوە دەسەلمێنن کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کوردستان خەبات بۆ یەکدەستکردنی زمان بووە. کردنەوەی خوێندنگەی جۆرەجۆر لە شوێنە جیاکانی کوردستان، دانەمەزراندنی مامۆستایانی کوردزمان، ناردنی مامۆستایانی کورد بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان، زیادکردنی مووچەی مامۆستایانی ناکورد بۆ هاندان و دڵخۆشکردنیان بە مانەوە و وانەوتنەوە لە کوردستان و گرتنی جێژنی جۆرەجۆر و وتاردانی بەمەبەست بەشێک لە ڕێ و ڕێبازەکانی دەسەڵاتی ڕەزاشا بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە بوو.
دەسەڵاتی ڕەزاشا بۆ سەلماندنی ئێرانیبوونی کورد چی لە دەست هاتبا دەیکرد. تەنانەت لە ساڵی ١٣١٦دا “لەو سۆنگەیەوە کە لەمەڕ نەژاد و ناشناڵیتیی کورد کە ئێرانیی ڕەسەنن، هەندێک قسە و قسەڵۆک کرابوون”، لە ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار درا “بۆ ڕێگرتن لە ئاڵۆزکردنی بیروڕای خەڵک و ڕەگاژۆکردنی ئێرانپەرستی لە ناخیاندا” سەرباری دامەزراوەگەلی نوێی فەرهەنگی، کتێب و نامیلکە و تێزیش لەم پێوەندییەدا کە “کورد لە توخمە ڕەسەنەکەی ئێرانی کۆنە و بەشێکی دانەبڕاوی ئەم وڵاتەیە”، بنووسرێن و بڵاو بکرێنەوە. لەم بوارەدا بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕی ٥٠ هەزار قەران لە بودجەی دەوڵەت بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی سێ بەرگ کتێب لەسەر مێژوو، نەژاد و ناشناڵیتیی کورد لەلایەن بەڕێزان مەردوخی کوردستانی، ڕەشید یاسەمی و پرۆفیسۆر مینۆرسکییەوە تەرخان کرا (٣). بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بە کردار و وەک ئەوەی کە لەم بەڵگەنامانەوە دەردەکەوێ، جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان مامەڵەی دەسەڵاتدارانی پەهلەوی لەگەڵ زمانی کوردیدا وەک یەکێک لە زمانگەلی ئێرانی و هەروەها زمانگەلی نائێرانیی وەک تورکی و عەرەبیدا بەدی نەدەکرا. دەوڵەت لە ڕوانگەیەکی داشکێنەرانەوە ئەوەی پێی کرا بۆ لاوازکردنی ئەم زمانانە کردی. هەروەها لە کاتێکدا کە لەبەر ڕۆشناییی ئەم بەڵگەنامانە کورد “وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئێرانی کۆن و بەشێکی دانەبڕاوی ئەم وڵاتە” سەیر کراون، لە بەڵگەنامەیەکی تردا کە پێشان ئاماژەمان پێ کرد، نەک هەر کورد بە بەشێک لە “توخمی ڕەسەنی ئێرانی” دانەنراون، بەڵکوو وەک باسمان کرد یەکێک لە کاربەدەستان لە نامەکەیدا داوای هەڵگرتنی هەنگاوی جیدیی وەزارەتی پەروەردە “بە هەر نرخێک” بۆ تواندنەوەی خەڵکی کوردستان لە بۆتەی ئێرانپەرستیدا دەکا. لەمەش سەیرتر ئەوەیە کە “علی اصغر شمیم”، لە کتێبێکدا کە لە ساڵی ١٣١٢دا لەسەر دیرۆک و جوگرافیا نووسیویەتی، وێڕای پێداگری لەسەر ئێرانیبوونی نەژادی کورد، ڕەخنەی لە سیاسەتی ڕژێمی تورکیا “بۆ گۆڕینی دابونەریت، ئەخلاق و زمانی کوردی” و “تواندنەوە و سڕینەوە”ی کورد لەناو نەتەوەی تورکدا گرتووە و هۆکاری ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران و ڕاپەڕینەکانی کورد لە باکووری کوردستان (لە دەقەکەدا هاتووە باشوور کە ڕەنگە هەڵە بێت یان مەبەستی جوگرافیایەکی تر بێ) دژی تورکیا بە دەرەنجامی ئەو دەستوەردانە دەزانێ ”کە ئەو وڵاتە بۆ گۆڕینی خوو و خدە و دابونەریت و زمانی کوردی دەیکرد، بەتایبەت کە تورکیا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە کورد ناچار بکا مل بۆ دابونەریت، خوو و زمانی تورکی ڕابکێشێ کە بە هیچ کلۆجێک لەگەڵ تایبەتمەندییە نەتەوەیییەکانیدا یەکی نەدەگرتەوە” (١). ئەم میناکانەی سەرەوە جۆرە پێکدژییەک لە سیاسەتە دیار و نادیارەکانی دەوڵەتی ڕەزاشا لەهەمبەر کورددا دەسەلمێنن. لە کاتێکدا کە لە زۆربەی بەڵگەنامە و کتێبەکانی ئەودەمدا پێ لەسەر نەژادی ئێرانیی کورد داگیرابوو و ڕەخنە لە هەوڵی بە نائاریایی ناساندنی کورد و هەروەها سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گۆڕینی زمان و تواندنەوەی کورد گیرابوو، بەڵام دەوڵەتی ڕەزاشا بەکردەیی هەروەک زۆربەی وڵاتانی تر بەگوێرەی شەرتومەرجی سەردەم و لەپێناوی بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیدا سڵی لە چ هەوڵێک بۆ برەودان و سەقامگیرکردنی یەک زمان و سڕینەوەی زمان و زارەکانی دیکەی ئێرانی و نائێرانی نەدەکردەوە.
هەرچەند هەوڵی ڕۆناکبیران و دەوڵەتی پەهلەوی لەپێناوی خورتکردن و برەودان بە زمانی فارسی لەناو نەتەوەکانی ئێراندا کە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پووچەڵکردنەوەی هەوڵی پانتورک و پانعەرەبەکان کە ئەوانیش بە هەڵکەوت پێ لەسەر زمان دادەگرن و چاویان بڕیبووە بەشێک لە خاکی ئێران لە ئازەربایجان و خووزستاندا، بە کارێکی شیاو و قبووڵکراو دەزانرا، لێ پێداگری لەسەر ڕێ و ڕێبازە داسەپێنراو، زۆرەملێ و سزادەرانە لەبری گرتنەبەری ڕێ و ڕێبازی هاندەرانە لەپێناوی برەودان بە زمانی فارسی کە لەمێژ بوو لە ئێران و تەنانەت دەرەوەی ئێرانیشدا وەک زمانی نووسین کاری پێ دەکرا. لە لایەکەوە هەوڵە ڕێکخراوەکانی دەوڵەت بۆ تواندنەوەی زمان و زاری نەتەوە نافارسەکان، وایان کرد کە ئەم چەشنە هەوڵانە نەک هەر دەرەنجامێکی باشیان لێ نەکەوێتەوە، بەڵکوو ئەنجامی خراپیشیان لێ بکەوێتەوە. لەڕاستیدا، دەوڵەتی مۆدێڕن بۆ چێکردنی کەڵەناسنامەیەکی سیاسی-فەرهەنگی کۆمەڵێک سیاسەتی توندئاژۆیانە و توندوتیژی گرتە بەر و هەروەها بە پێداگریی توند لەسەر هێندێک فاکتەر، دواجار کەڵێنی نێوان نەتەوەکانی ئێرانی بەرینتر کردەوە (١).
سەرباری ئەوەی دەوڵەتگەلی پێش دەسەڵاتی پەهلەوی پلانێکی ئەوتۆیان بۆ برەودان بە زمانی فارسی لەناو نەتەوەکانی تری ئێراندا نەبوو، کەچی لەمێژە نەک هەر ئەم نەتەوانە، بەڵکوو، بەشێکی بەرچاو لە خوێندەوارانی نیمچەکیشوەری هیند و ئاسیای بچووکیش بە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی پەروەردە دەکران (٢). لەناو ئەمانەشدا، هێندێک لە زانایان، ئەدیبان، شاعیرانی کوردیش هەر لە سەرەتاوە بەشێک لە بەرهەمەکانی خۆیان بە فارسی نووسی و پاش دابەشبوونی کوردستان بەسەر سەفەوی و ئیمپراتۆریای عوسمانیدا و پاشان وڵاتانی عەرەبیشدا، پێوەندییەکی مێژوویی، ئەدەبی، عیرفانی و تەنانەت کۆمەڵایەتیی پتەو لە نێوان کورد و تورک و عەرەبدا چێ نەبوو (٣) و شاعیران و هونەرمەندانی کورد لە میزۆپۆتامیادا بایەخیان بە نووسین بە فارسی دەدا (٤). تەرخانکردنی بەشێک لە دیوانی شاعیرانێکی هەرەبەرزی وەک “نالی”، “مەحوی”، “حاجی قادری کۆیی” و زۆر شاعیری دیکە بە شیعری فارسی، بۆ خۆی سەلمێنەری هۆگری و بایەخدانی بژاردەکانی کورد بە زمانی فارسی لە کوردستانی بندەستی عوسمانییە (١). هەروەها زۆربەی دیرۆکنووسانی کوردیش بەرهەمەکانی خۆیان لەمەڕ کوردستان، میرنشینەکان و ئێڵ و عەشیرەکانی کوردستان بە فارسی نووسیوە، بۆ میناک دەکرێ ئاماژە بە “شەرەفنامە”ی شەرەفخانی بەدلیسی لە سەردەمی سەفەوی، “زبدەالتواریخ”، “تاریخ امرای اردلان”، “لب التواریخ”، “حدیقە ناصری” و “تحفە ناصری” لە سەردەمی قاجاردا بکەین. هەر لە سەردەمی قاجاردا مەستوورەی ئەردەڵان، شاعیر و دیرۆکنووسی کورد، بە نووسینی کتێبی “تاریخ اردلان” لە ساڵی ١٢٠٢ی کۆچیدا بوو بە یەکەم دیرۆکنووسی ژن لەو سەردەمەدا. هەروەها بەشێک لەو کتێبانەی کە لە حوجرەکانی کوردستاندا دەخوێندران فارسی بوون و سەرپاکی دەرچووانی ئەم حوجرانە بەتەواوی زاڵ بوون بەسەر زمانی فارسیدا.
- دەرەنجامەکانی سیاسەتە زمانییەکانی ڕەزاشا لە کوردستاندا
تۆژینەوە لە ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان پاش ڕووخانی دەسەڵاتی ڕەزاشا زۆر جوان دەردەخا کە سیاسەتە زمانییەکانی وی نەک هەر نەببوونە مایەی گەشەکردنی پتری زمانی فارسی و چەکەرەکردنی تۆوی ئێرانپەرستی لە ناخی کورددا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ئەو بڕە سۆز و هۆگرییە کۆنەش کە بۆ زمانی فارسییان هەبوو، لە کزیی دا و وای کرد کە پێداگرییەکی پتر لەسەر نووسین بە زمانی خۆیان بکەن. لە ماوەی تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان لە شارەکانی مهاباد، بۆکان و شنۆدا خوێندن بە زمانی کوردی بوو بە ڕەسمی و ئیدی بە زمانی فارسی نەدەخوێندرا و تەنانەت بە بڕیاری قازی محەمەدیش لەبری وشە فارسی و عەرەبییە باوەکان لە زمانی کوردیدا، هاوتای کوردی دانرا، بەتایبەت دەستەواژە سەربازییەکان کران بە کوردی (٢). سەیرەکەش لەوەدا بوو کە ئەم ئەرکە بەدەستی ئەو لاوانە ڕاپەڕێنرا کە زۆربەیان دەرچووی خوێندنگە دەوڵەتییەکان بوون. ئەمە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە لە جڤاکە فرەزمانییەکاندا هەرکات دەوڵەت بە پەنابردنە بەر ڕێ و ڕێبازە جۆرەجۆرە و زەبروزەنگ، زمانی نەتەوەکەی خۆی زاڵ بکا، نەتەوە هەڕەشەلەسەرەکانیش زمانەکانیان دەکەن بە ئامرازی بەرەنگاری لەهەمبەر زمانی سەردەست و داکۆکی لە ناسنامەی خۆیان.
قەدەخەکردنی زمانی کوردی و سووربوون و پێداگری لەسەر خوێندن بە زمانی فارسی، تەنانەت لە دەسپێکی قۆناغی سەرەتایییەوە، ڕق و بێزاریی خوێندکارانی لە خوێندن و خۆدزینەوەیان لە خوێندنگە فەرمییەکانی لێ کەوتەوە. “هێمن”، یەکێک لە شاعیران و ڕۆناکبیرانی کورد کە دەور و نۆرێکی گرنگی لە گۆڕانکارییەکانی پاش ڕووخانی ڕەزاشادا هەبوو، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا لەم بارەیەوە دەنووسێ:
“من لە ژیانمدا ڕۆژی ڕەش و تاڵم زۆر دیون، بەڵام ڕۆژی ڕەشتر و تاڵترم لەو ڕۆژە نەدیوە کە چوومە مەدرەسە. مامۆستاکەم کە خۆی کورد بوو و دوایەش تێگەیشتم فارسی باش نازانێ، بە فارسی تێی ڕاخوڕیم هیچی تێ نەگەیشتم. هاودەرسەکانم کە هەموویان لە من باوخۆشتر بوون پێم پێکەنین، زۆر بە خۆمدا شکامەوە. ماوەیەک بە شەو لەبن لێفەدا لە ترسی مەدرەسە دەگریام و بەیانی بە قرخەمەڕەسی دەچوومەوە.” (١)
هەروەها هێندێک لە مامۆستایانی بەئەزموونیش لەبەر ناچارکردنیان بە ئاخافتن بە فارسی وازیان لە مامۆستایەتی هێنا. یەکێک لەوانە مەلا حوسێن شەکیبا بوو کە پاش ئەوەی ناچار کرا لەگەڵ براکەی خۆیدا کە تازە ببووە سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کوردستان بە فارسی بدوێ، وازی لە مامۆستایەتی هێنا (٢).
کاریگەرییەکی تری سیاسەتە زمانییەکانی دەوڵەتی ڕەزاشا، لایەنگریی هێندێک ڕۆناکبیر و خوێندەواری کورد لە یەکێتیی سۆڤێت بوو. هەڵدانە خواری چەند پەڕە ئاگەدارینامە بە زمانی کوردی، لەلایەن فڕۆکەکانی یەکێتیی سۆڤێتەوە لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاویدا، بووە مایەی کەیف و خۆشیی خەڵک و سۆزی ئەوانی بەلای ئەو وڵاتەدا ڕاکێشا. مامۆستا هێمن بەم چەشنە ئاماژەی بەمە کردووە: “بۆ من هەروا کەم نەبوو. بۆ من کە شێت و شەیدای زمانی کوردی بووم، ئەو پەڕە کاغەزە بەس بوو کە لە خۆشییان شاگەشکەم بکا”.
هەروەها خانمی سەیادیان، بەڕێوەبەری خوێندنگەی کچانەی مهاباد، لە وتارەکەیدا بەبۆنەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، ئاماژە بەوە دەکا کە “مودەیەکی زۆر گرفتاری چنگاڵی ڕەشوبرش و پیسی ئیستیبداد و ۆرین بووین. زمان و ئاداب و عاداتی میللیی ئێمە قەدەغە کرابوو”، هەروەها پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێ کە: “تا لەم شەڕە گەورەدا بە فەرمانی یەکەپیاوی مەیدانی عەداڵەت و بەشەردۆستی ژێنراڵیسمۆس ستاڵین ئێمەش لە زیندانی دیلی هاتینە دەرێ و ئیستیعدادی میللی و لیاقەتی حەقی ژیانی خۆمان بە موستەقیلی و سەربەخۆیی بە دنیا نیشان دا” (٢).
ئێستا ئەگەر بێین و ڕق و قین و ترسی خەڵکی کوردستان لە ڕووسان لەبەر ئەو زوڵم و جینایەتانەی کە لە دەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا کردیان، لەگەڵ ئەو ئۆگری و لایەنگرییەی کە لەهەمبەر یەکێتیی سۆڤێتدا پیشانیان دا، پێک بگرین، ڕێک دەرەنجامی نەرێنیی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی زمانی لە دەمی ڕەزاشامان بۆ دەردەکەوێ و هەست بەوە دەکەین کە وڵاتێکی وەک یەکێتیی سۆڤێت کە لە کۆمارەکانی خۆیدا، بەتایبەت لە ئاسیای ناویندا هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ برەودان بە زمانی ڕووسی و بەربەندکردنی زمانەکانی تری وەک فارسی خستبووە گەڕ، لەپێناوی دابینکردنی بەرژەوەندیی خۆیدا، لەڕێی هێندێک ئیشی وەک هەڵدانەخوارەوەی ئاگەدارینامە بە زمانی کوردی، ڕق و قینی خەڵکی کوردستانی لە سۆنگەی بەربەندکردنی زمانەکەیانەوە بە قازانجی خۆی قۆستووەتەوە.
سەرەنجام دەبێ دان بەوە بنێین کە پێداگری لەسەر ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی ئێرانپەرستانە کە ڕێک لەسەر بنەمای حاشا و دژایەتیکردن لە فرەفەرهەنگی و فرەنەتەوەیی بوو، بەهێزبوونی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و دوورکەوتنەوەی کوردی لە دەسەڵاتی ناوەندی و خەبات بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی لێ کەوتەوە. ئەم ڕووداوە کە پاش داگیرکردنی ئێران و دوورخستنەوەی ڕەزاشا قەوما، دەرەنجامەکەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد بوو. ئەگەر سەیری بابەت، وتار و ناوەڕۆکی ڕۆژنامەی “کوردستان” ئۆرگانی فەرمیی حیزبی دیموکرات بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە زۆربەی نووسەرەکانیان، هۆکاری خەبات بۆ ئۆتۆنۆمی و دامەزراندنی کۆماری [کوردستان]یان بۆ زوڵموزۆر و سیاسەتگەلی فەرهەنگیی هەڵەی ڕەزاشا، بەتایبەت بۆ بەربەندکردنی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی و پۆشەمەنیی کوردی گێڕاوەتەوە (٣).
- کۆبەند
بە پێداگری لەسەر ڕۆڵی زۆری زمانی یەکگرتوو لە چێکردنی یەکێتیی نیشتمانیدا، دەوڵەتی ڕەزاشا هەوڵی ئەوەی دەدا تاکوو بە کردنەوەی خوێندنگەی نوێ، دامەزراندنی مامۆستای فارسیزمان، ناردنی گۆڤار و بڵاڤۆکی بەلاش و سازکردنی کۆڕوکۆبوونەوەی وتاردان، زمانی فارسی لە شوێنگەلێک وەک کوردستان پەرە پێ بدا و وێڕای ئەمەش شێلگیرانە و بە تۆبزی، تەواوی توانای خۆی بۆ لاوازکردن و ئاسیمیلاسیۆنی زمانە ئێرانی و نائێرانییەکانی تر وەگەڕ خست. ئەم سیاسەتە سەرباری بڵاوکردنەوەی ڕق و قینی کورد لە دەسەڵاتی پەهلەوی، هەروەها وشیاریی نەتەوایەتیشی لە ناویاندا بەهێزتر کرد و ئەم وشیارییەش پاش ڕووخانی ڕەزاشا لە شێوەی خەباتی ئۆتۆنۆمیخوازیدا دەرکەوت. گرتنەبەری وەها سیاسەتێکیش سەلماندی وێڕای ئەوە کە زمان سەرەکیترین ڕۆڵی لە چێکردنی ناسنامەی هاوبەشی جڤاک و پاراستنی بیردانگە (حافظە)ی دیرۆکییەکەیدا هەیە، هەرچەشنە هەوڵێکیش بۆ لاوازکردن، حاشالێکردن و تواندنەوەی زمان و زاراوە باوەکان لە ئێراندا، نەک هەر ژیرانە نییە، بەڵکوو بێگومان ڕەوتی یەکێتیی نیشتمانی تووشی کۆسپ و مەترسیی گەورە دەکا. بە سەرنجدان بە شکستی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەزاشادا، بەو ئەنجامە دەگەین کە پشتبەستن بە مۆدێلی سیاسەتی فرەفەرهەنگی، بەگوێرەی بەستێنە دیرۆکی و خۆجێییەکەی لە جڤاکێکی فرەنەتەوەی وەک ئێراندا، دەکرێ وەک ڕێگەچارەیەکی سەرکەوتوو و هەروەها میتۆدێکی بەکەڵکیش بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و یەکڕیزیی نیشتمانی بگیرێتە بەر. دیارە بەپێی دەور و نۆر و ئەرکی دیرۆکیی زمانی فارسی لە چێکردنی یەکێتی و هاوسۆزی لەنێو نەتەوەکانی تری ئێراندا، پێویستە چیدی پەنا نەبرێتە بەر هیچ چەشنە سیاسەتێکی توندئاژۆیانە و داسەپێنەرانە بۆ لاوازکردنی زمان و زاراوەکانی ئەو نەتەوەیانەی تر و ئەوەی دەکرێ لەپێناوی برەودان بەم زمانانە نەک هەر لە ناوخۆی ئێراندا بەڵکوو لە سەرپاکی جیهاندا بکرێ.
پەراوێزەکان:
پەراوێزی ١:
١. حیسام الدین آشنا، “از سیاست تا فرهنگ، سیاست های فرهنگی دولت در ایران (١٣٠٤-١٣٢٠)”، تهران: سروش.
٢. محمد علی اکبری، (١٣٩٣)، “تبارشناسی هویت جدید ایرانی (عصر قاجاریه و پهلوی اول)”، تهران: علمی فرهنگی.
٣. محمد علی اکبری، (١٣٨٤)، “دولت و فرهنگ در ایران”، تهران: موسسه ایران.
٤. داریوش قنبری، (١٣٨٥)، “دولت مدرن و یکپارچگی ملی در ایران”، تهران: تمدن ایرانی.
٥. نفیسه واعظ، (١٣٨٨)، “سیاست عشایری دولت پهلوی اول”، تهران: تاریخ ایران.
٦. مجتبی مقصودی، (١٣٨٠)، “تحولات قومی در ایران”، تهران: موسسه مطالعات ملی.
٧. حمید احمدی، (١٣٧٨)، “قومیت و قوم گرایی در ایران از افسانه تا واقعیت”، تهران: نی.
٨. مطالعات تاریخ فرهنگی، شماره ٣٠.
پەراوێزی ٢:
١. آنتونی دی. سمیت، (١٣٩١)، “ناسیۆنالیزم و مدرنیسم، بررسی انتقادی نظریه های متاخر ملت و ملی گرایی”، ترجمه کاظم فیروزمند، تهران: ثالث، ص ٢٣٢-٢٣٣.
٢. فریدون آدمیت، (١٣٧٨)، “اندیشه های میرزا فتحعلی آخوندزاده”، تهران: خوارزمی، ص ٧٤.
٣. یەکێک لە کاریگەرترین ڕەوتە ڕۆناکبیرییەکان… (بگەڕێنەوە سەر): جمشید بهنام، (١٣٧٩)، “برلنی ها، اندیشمندان ایرانی در برلن ١٩١٥-١٩٣٠”، تهران: فرزان روز.
٤. کاوه، (١٢٩٠)، س ٢، ش ١، ص ٢.
٥. همان، ص ٢.
٦. سید محمد علی جمال زاده، (١٣٧٨)، “خاطرات سید محمد علی جمال زاده”، به کوشش ایرج افشار و علی دهباشی، تهران: شهاب ثاقب، سخن، ص ١١٨.
پەراوێزی ٣:
١. محمود افشار، (١٣٠٤)، “مطلوب ما وحدت ملی ایران”، آینده، س ١، ش ١، ص ٤.
٢. همان.
٣. احمد کسروی، (١٣٥٦)، “زبان پاک”، چاپ چهارم، تهران: تکثیر، ص ٥٧-٦٣.
٤. عیسی صدیق، (١٣٥٢)، “چهل گفتار”، تهران: دهخدا، ص ١٥٠.
٥. سعید نفیسی، (١٣٤٥)، “تاریخ معاصر ایران”، تهران: فروغی، ص ١١.
٦. یرواند آبراهامیان، (١٣٩١)، “تاریخ ایران مدرن”، ترجمه محمد ابراهیم فتاحی، تهران: نی، ص ١٥٨.
پەراوێزی ٤:
٢. سازمان اسناد ملی، شناسه سند ٢٩٧/١١٦٤٤، محل در آرشیو ٢٠١ خ ٢ آپ ١.
٣. سازمان اسناد ملی، شناسه سند ٢٩٧/٣٧٨٧٤، محل در آرشیو ٨٢٣ هـ آپ ١.
٤. سازمان اسناد ملی، شناسه سند ٢٩٧/٣٣٩٧٧، محل در آرشیو ١٢٦ گ ٥ آپ ١.
٥. همان.
پەراوێزی ٥:
١. همان.
٢. بۆ زانیاریی زیاتر… سەیری: مرکز اسناد همدان، سندهای شماره ٩١/٢٩٧/٨٢٧ و…
٣. بۆ زانیاریی زیاتر… سەیری: سازمان اسناد ملی، اسناد شماره ٢٩٧/٢٤٩١٤ و ٢٩٧/٣٢٩٥٤.
پەراوێزی ٦:
١. سازمان اسناد ملی، شناسه سند ٢٩٧/٢١٠٨٨، محل در آرشیو ١١٨ ض ٣ آپ ١.
٢. سازمان اسناد ملی، شناسه سند ٢٩٧/٣٠٤٨٢، محل در آرشیو ١٢٠ ق ٥ آپ ١.
پەراوێزی ٧:
١. سازمان اسناد ملی ایران، شناسه سند ٢٩٠/٧٧٦٣، شماره بازیابی ١٢/١/٧٧٦٣، محل در آرشیو ٨٢٣ هـ آپ.
٢. سازمان اسناد ملی ایران، شناسه سند ٢٩٧/٣٣٣٨٨، محل در آرشیو ٤٠٨ گ ٣ آپ ١.
پەراوێزی ٨:
١. سازمان اسناد ملی، شناسه سند ٢٩٧/٢٤٤٦٨، محل در آرشیو ١٣٢ ع ١ آپ ١.
٢. سازمان اسناد ملی، شناسه سند ٢٩٧/٢٨٧٥٣، محل در آرشیو ٦١٤ ف ٤ آپ ١.
٣. سازمان اسناد ملی، شماره سند ٢٩٧/٣٩٨٢٥، محل در آرشیو ٤٢٤ و ١ آپ ١.
پەراوێزی ٩:
١. علی اصغر شمیم، (١٣١٢)، “کردستان”، تبریز: مطبعه امید، ص ٤٢.
پەراوێزی ١٠:
١. مجتبی مقصودی، “قومیت ها هویت فرهنگی ایران”، نامه پژوهش فرهنگی، ١٣٨٠، ش ٢٢-٢٣، ص ٢٢٣.
٢. حمید احمدی، (١٣٩٠)، “بنیادهای هویت ملی ایرانی”، تهران: پژوهشکده مطالعات فرهنگی و اجتماعی، ص ٣٩٢.
٣. محمدعلی سلطانی، (١٣٩٤)، “کردها پرچمداران ادب فارسی در ایران و میانرودان”، تهران: اطلاعات، ص ٩.
٤. همان، ص ٤٦.
پەراوێزی ١١:
١. محمدعلی سلطانی، (١٣٨٥)، “نقش کردها در پاسداشت از فرهنگ و تمدن ایرانی”، تهران: مرکز اسناد و تاریخ دیپلماسی، ص ١١١.
٢. برای آگاهی از برخی از این واژه گزینی ها رک: روزنامه کردستان، س ١، ش ١٧، ص ٣.
پەراوێزی ١٢:
١. هێمن (محمد امین شیخ الاسلامی)، “تاریک و ڕوون”، مهاباد: سیدیان، ص ٦.
٢. عبدالحمید حیرت سجادی، (١٣٩١)، “علما و دانشمندان کردستان در ٢٠٠ سال اخیر”، سنندج: آراس، ص ٦٦.
پەراوێزی ١٣:
١. هێمن، “تاریک و ڕوون”، ص ٤٧.
٢. کوردستان، س ١، ش ٣٧، ص ٢.
٣. بۆ زانیاریی زیاتر… سەیری: ڕۆژنامەی “کوردستان”، س ١، ش ٣، ص ١؛ ش ١١، ص ١؛ ش ٢٨، ص ٢؛ ش ٣٩، ص ١.
سەرچاوە و بەڵگەنامەکان:
الف: اسناد سازمان اسناد ملی
– ” آمار آموزگاران، محصلین مدارس اکابر سنندج“، شناسە سند ٢٩٧/ ٣٢٩٥٤، محل در آرشیو ٣١٢ گ ٢ آپ١.
– ” افتتاح قرائت خانە عمومی مهاباد و تقاضای ارسال روزنامە جهت آن “، شناسە سند ٢٩٧/ ٢١٠٨٨، محل در آرشیو ١١٨ ض ٣ آپ ١.
– تصویب نامە هیئت وزرا در خصوص تالیف و انتشار کتابت تاریخ و نژاد و طبیعت کردها توسط رشید یاسمی، مینورسکی و مردوخ کردستانی، گزارش توسعە امور معارفی در کرستان ”، شناسە سند ٢٩٧/٣٩٨٢٥، محل در آرشیو ٤٢٤ و ١آپ ١.
– تقاضای تاسیس مدرسە در ساوجبلاغ آذربایجان و پاسخ دفتر شاهنشاهی مبنی بر دستور ساخت و تاسیس دو باب مدرسە“، شناسە شند ٢٩٧/٣٧٨٧٤ محل در آرشیو ٨٣٢ ە آپ ١.
– ” گزارش فرماندە تیپ خوزستان مبنی بر لزوم تاسیس مدارس در مناطق کردستان و خوزستان “، شناسە سند ٢٩٧/٣٣٩٧٧، محل در آرشیو ١٢٦گ ٥ آپ ١.
– ” گزارش رئیس معارف کردستان “، شناسە سند ٢٩٧/٣٠٤٨٢، محل در آرشیو ١٢٠ ق ٥ آپ١.
– ” گزارش مدارس سرحدی کردستان “، شناسە سند٢٩٧/٣٣٣٨٨، محل در آرشیو ٤٠٨گ٣آپ١.
– ” گزراشات مربوط بە برگزاری جشن هزارە میلاد فردوسی “، شناسە سند ٢٩٧/ ٢٨٧٥٣، محل در آرشیو ٦١٤ ف ٤ آپ ١.
– ” گزراشی از اوضاع ساوجبلاغ مکری و تقاضای تاسیس مدرسە و ترویج زمان فارسی در منطقە مزبور و سایر نقاط آذربایجان “. شناسە سند٢٩٧/٢٤٤٦٨، محل در آرشیو ١٣٢ع١ آپ ١.
– ” مکاتبە وزارت داخلە با وزارت معارف در خصوص لزوم تاسیس مدرسە در اورامان “، شناسە سند ٢٩٧/١١٦٤٤، محل در آرشیو ٢٠١ خ ٢ آپ١.
ب: کتاب ها
– اتابکی، تورج، (١٣٨٥)، تجدد آمرانە، جامعە و دولت در عصر رضاخان، ترجمە مهدی حقیقت خواە، تهران: ققنوس.
– احمدی، حمید، (١٣٧٨)، قومیت و قوم گرایی در ایران از افسانە تا واقعیت: نی.
– احمدی، حمید، ( ١٣٩٠)، بنیادهای هویت ایرانی، تهران: پژوهشکدە مطالعات فرهنگی و اجتماعی
-اسمیت، آنتونی دی، ( ١٣٩١)، ناسیۆنالیسم و مدرنیسم، بررسی انتقادی نظریەهای متاخر ملت و ملی گرایی، ترجمە کاظم فیروزمند، تهران: ثالث.
– افشار، محمود، ( ١٣٠٤)، ” مطلوب ما وحدت ملی ایران “، آیندە، س ١،ش١، صص ٤-٥
اکبری، محمدعلی، (١٣٨٤ )، دولت و فرهنگ در ایران، تهران: موسسە ایران.
– اکبری محمد علی، ( ١٣٩٣)، تبارشناسی هویت جدید ایرانی (عصر قاجاریە و پهلوی اول)، تهران: علمی فرهنگی.
– آبراهامیان، یرواند، (١٣٩١)، تاریخ ایران مدرن، ترجمە محمد ابراهیم فتاحی، تهران: نی.
– آدمیت، فریدون، (١٣٧٨)، اندیشەهای میرزا فتحعلی آخوندزادە، تهران: خوارزمی.
– آزاد ارمکی، تقی، (١٣٨٠)، مدرنیت ایرانی، روشنفکران و پارادایم فکری عقب ماندگی در ایران، تهران: اجتماع.
– آشنا، حسام الدین، (١٣٨٨)، از سیاست تا فرهنگ، سیاست های فرهنگی دولت در ایران (١٣٠٤-١٣٢٠)، تهران: سروش.
– بهنام، جمشید، (١٣٧٩)، برلنی ها، اندیشمندان ایرانی در برلن ١٩١٥-١٩٣٠)، تهران: فروزان روز. تعلیم و تربیت، س ١، ش ١، سال ١٣٠٤.
– جمال زادە، سید محمدعلی،(١٣٧٨)، خاطرات سید محمدعلی جمال زادە، بە کوشش ایرج افشار و علی دهباشی، تهران: شهاب ثاقب، سخن.
– حسین زادە، اسماعیل، (١٣٨١)، ” گفتمان هویت ملی در تاریخ نگاری کسروی ”، فصلنامە مطالعات ملی، س ٤، ش ١٤،صص٥٩-٩٨.
١١- حیرت سجادی، عبدالحمید، (١٣٨٠)، پیشینە آموزش و پرورش کردستان، تهران: عابد.
– حیرت سجادی، عبدالحمید، (١٣٩١)، علما و دانشمندان کردستان در ٢٠٠ سال اخیر، سنندج: آراس.
– رشید یاسمی، غلامرضا، (١٣٦٩)، کرد و پیوستگی نژدادی و تاریخی او، تهران: موقوفات دکتر محمود افشار یزدی.
– سلطالنی، محمدعلی، (١٣٨٥)، نقش کردها در پاسداشت از فرهنگ و تمدن ایرانی، تهران: مرکز اسناد و تاریخ دیپلماسی.
– سلطانی، محمدعلی، (١٣٩٤)، کردها پرچمداران ادب فارسی در ایران و میانرودان، تهران: اطلاعات.
– شمیم، علی اصغر، (١٣١٢)، کردستان، تبریز: مطبعە امید.
– صالحی امیری، رضا، ( ١٣٨٨)، مدیریت منازعات قومی در ایران، تهرنا: مرکز تحقیقات استراتژیک.
– صدیق، عیسی، (١٣٥٢)، جهل گفتار، تهران: دهخدا.
– قنبری، داریوش، (١٣٨٥)، دولت مدرن و یکپارچگی ملی در ایران، تهران: تمدن ایرانی.
وتارەکانی تر
Nothing Found



