گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

نەکەرۆز ئاژوان، دەوڵەتی نێتوۆرکی کوردستان: پارادایمێکی نوێ بۆ سەروەریی دارایی و وەرگرتنەوەی داهاتوو لە سەردەمی دیجیتاڵیدا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

کورد کە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە کە وەکوو مۆدێلە کلاسیکیەکەی وێستفاڵیا، بەڕەوڕووی چەقبەستووییی ژیۆپۆلەتیک بووەتەوە. لە کاتێکدا تیۆرییە سیاسییە مۆدێرنەکان لە ڕۆژئاوا بەرەو “پۆست ناسیۆنالیزم” هەنگاویان ناوە، کوردستان هێشتا لە خەباتدایە بۆ چەسپاندنی مافی سەرەتاییی خۆی لەمەڕ “سەروەریی سیاسی”. ئەم توێژینەوەیە بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆریی “دەوڵەتی نێتوۆرک” و لۆکاڵیزەکردنی ڕەخنەگرانە، گریمانەی فەزای دیجیتاڵی وەکوو “مەڵبەندێکی کاتی” بە بنەما دەگرێت بۆ مومارەسەی حاکمیەت و گەیشتن بە سەروەریی دارایی. بە پێچەوانەی بیرۆکەی سەرەکیی ئەم تیۆرییە کە دەوڵەتی نێتوۆرک وەک “جێگرەوەیەک” بۆ دەوڵەت-نەتەوە دەناسێنێت، مۆدێلی پێشنیارکراو لەم وتارەدا، ئەم پێکهاتەیە وەکوو “بزوێنەر” و “پێشمەرجێکی ستراتیژیک” بۆ گەیشتن بە دەوڵەت-نەتەوە شی دەکاتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەوڵەتی نێتوۆرکی کوردستان وەک جێگرەوەی دەوڵەتی فیزیکی ڕەچاو ناکات و فەزای دیجیتاڵییش وەک پەناگەیەک بۆ دەربازبوون لە واقیع تێبینی ناکات، بەڵکوو دەبێ وەک “بیاڤێکی کاتی” لەبەرچاو بگیرێت بۆ پراکتیزەکردنی سەروەریی سیاسی، گەیشتن بە داراییەکی سەربەخۆ و هەروەها بنیاتنانی دیپلۆماسییەکی گشتی، تاوەکوو ببێت بە مۆدێلێک و لە کاتی گونجاودا “ڕاگوازرێتەوە” بۆ دەسەڵاتی عەینی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

ئاژوان نەکەرۆز: دەوڵەتی نێتوۆرکی کوردستان: پارادایمێکی نوێ بۆ سەروەریی دارایی و وەرگرتنەوەی داهاتوو لە سەردەمی دیجیتاڵیدا.

پوختە

کورد کە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە کە وەکوو مۆدێلە کلاسیکیەکەی وێستفاڵیا، بەڕەوڕووی چەقبەستووییی ژیۆپۆلەتیک بووەتەوە. لە کاتێکدا تیۆرییە سیاسییە مۆدێرنەکان لە ڕۆژئاوا بەرەو “پۆست ناسیۆنالیزم” هەنگاویان ناوە، کوردستان هێشتا لە خەباتدایە بۆ چەسپاندنی مافی سەرەتاییی خۆی لەمەڕ “سەروەریی سیاسی”. ئەم توێژینەوەیە بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆریی “دەوڵەتی نێتوۆرک” و لۆکاڵیزەکردنی ڕەخنەگرانە، گریمانەی فەزای دیجیتاڵی وەکوو “مەڵبەندێکی کاتی” بە بنەما دەگرێت بۆ مومارەسەی حاکمیەت و گەیشتن بە سەروەریی دارایی. بە پێچەوانەی بیرۆکەی سەرەکیی ئەم تیۆرییە کە دەوڵەتی نێتوۆرک وەک “جێگرەوەیەک” بۆ دەوڵەت-نەتەوە دەناسێنێت، مۆدێلی پێشنیارکراو لەم وتارەدا، ئەم پێکهاتەیە وەکوو “بزوێنەر” و “پێشمەرجێکی ستراتیژیک” بۆ گەیشتن بە دەوڵەت-نەتەوە شی دەکاتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەوڵەتی نێتوۆرکی کوردستان وەک جێگرەوەی دەوڵەتی فیزیکی ڕەچاو ناکات و فەزای دیجیتاڵییش وەک پەناگەیەک بۆ دەربازبوون لە واقیع تێبینی ناکات، بەڵکوو دەبێ وەک “بیاڤێکی کاتی” لەبەرچاو بگیرێت بۆ پراکتیزەکردنی سەروەریی سیاسی، گەیشتن بە داراییەکی سەربەخۆ و هەروەها بنیاتنانی دیپلۆماسییەکی گشتی، تاوەکوو ببێت بە مۆدێلێک و لە کاتی گونجاودا “ڕاگوازرێتەوە” بۆ دەسەڵاتی عەینی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

پێشەکی: جوگرافیای کۆلۆنیالیستی و پێویستیی سەروەریی سیاسی

لە سەرەتای سەدەی بیستەم، دوای واژۆکردنی پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) و دیاریکردنی سنوورە دەستکردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واقیعێکی دیمۆگرافی و مێژوویی پشتگوێ خرا: نەتەوەیەک کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی لەسەر خاکی خۆیان دەژیان، لە نێوان چوار پێکهاتەی سیاسی دابەش دەکرێ و بەم چەشنە لە دەوڵەت بێبەری کرا [١]. ئەم ڕووداوە دەستپێکی  سەردەمی “بێدەوڵەتی” (Statelessness) بوو کە کورد نەک وەک هاووڵاتی خاوەن ماف، بەڵکوو وەک کەمایەتییەکی ئەمنی پێناسە دەکرا. بۆ ماوەی سەدەیەک ستراتیژیی مانەوەی کورد بریتی بوو لە “پەنابردنە بەر شاخ” و بەرەنگاریی فیزیکی بۆ پاراستنی “خاک” [2].

نەبوونی دەوڵەت تەنیا بە مانای نەبوونی سنوورێکی دیاریکراو نییە؛ بەڵکوو بووەتە هۆی نەبوونی ئامرازە گرنگەکانی سەروەری، بە تایبەت “دراوی نیشتمانی” و “خۆسەریی دامەزراوەیی”. پرسیاری سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە ململانێ سیاسییە نەریتییەکان بوونەتە هۆی پشتگوێخستنی ڕەهەندی “ئابووریی سیاسی”. سەربەخۆیی سیاسی بەبێ سەربەخۆیی دارایی مومکین نابێت، بۆ نموونە ئابووریی کوردستان لە سەردەمی بێدەوڵەتیدا لەژێر باندۆری کۆلۆنیالیزمێکی دراویدایە وەها کە هەڵاوسان و ناسەقامگیریی ئابووری لە ناوەندی دەسەڵات، دەتوانێ دۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانیش ناجێگیر بکات [3].

لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا، «تەکنەلۆژیای دەفتەری ژمێریاریی دابەشکراو» (DLT) و بلۆکچەین ڕێگایان بۆ دامەزراندنی فۆرمێک لە “سەروەریی دارایی” و “سەروەریی دامەزراوەیی” لە فەزای دیجیتاڵیدا خۆش کردووە کە سەروەریی سیاسی وەک پێشمەرج لەبەرچاو ناگرێت و دەکرێت ئەم فۆرمە سەرەتایەک بێت بۆ وەدیهاتنی سەروەریی سیاسی کوردستان. ئەم بابەتە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە بداتەوە: چۆن دەتوانرێت “سەروەریی دیجیتاڵی” (Digital Sovereignty) وەکوو سەکۆیەک بۆ بەدیهێنانی “سەروەریی سیاسی” دەکار بکات؟ لەم بابەتەدا دەوڵەتی نێتوۆرک وەک گریمانەیەک بە بنەما دەگرم بۆ دۆزینەوەی بازنە ونبووەکەی نێوان دۆخی ئێستا و دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لە داهاتوودا.

بنەما تیۆریەکان: دەوڵەتی نێتوۆرک چییە؟

پێش ئەوەی ئەم مۆدێلە بۆ کوردستان لەبەرچاو بگرین، پێویستە ناوەرۆکی تیۆریی “دەوڵەتی نێتوۆرک” شی بکەینەوە. ئەم تیۆرییە وەڵامێکە بۆ ناکارامەبوونی دەوڵەتە نەتەوەییە مۆدێرنەکان لە سەردەمی ئینتەرنێتدا و ڕێگایەکی نوێ بۆ پێکهێنانی سەروەری پێشنیار دەکات. بالاجی سرینیڤاسان (Balaji Srinivasan) دەوڵەتی نێتوۆرک بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “دەوڵەتێکی ئۆنلاین، کە زۆر لێک گرێدراوە لەگەڵ هاووڵاتییە پرش و بڵاوەکانی، سەرمایەی کۆمەڵگە بۆ کڕینی خاک و بەدەستهێنانی داننانی دیپلۆماتیک لە لایەن دەوڵەتانەوە، هەڵدەچنێت” [4]. ئەم مۆدێلە لەسەر چەند کۆڵەکەی بنەڕەتی دامەزراوە کە خۆی لە مۆدێلە کلاسیکییەکان جیا دەکاتەوە (وەک جیابوونەوە لە ڕێگای خەباتی چەکدارییەوە).

2-1. سەرەتا هەور، پاشان خاک (Cloud First, Land Last):  بە پێچەوانەی حکومەتە نەریتییەکان کە سەرەتا بە خاکان دابین کردووە، دەوڵەتی نێتوۆرک “کۆمەڵگەی ستارتاپ” (Startup Society) لە فەزای دیجیتاڵیدا دادەمەزرێنێت. ئەندامانی ئەم پێکهاتەیە نەک بەپێی شوێنی لەدایکبوون، بەڵکوو بە “داهێنانی ئەخلاقی”(Moral Innovation)  یان ڕێککەوتن لەسەر بەها هاوبەشەکان کۆ دەبنەوە. کاتێک ئەم کۆمەڵگەیە لە فەزای هەوردا پێ دەگات و ژمارەی هاووڵاتیان و سامانەکانیان ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئەوجار هەوڵ بۆ کڕین یا بەکرێگرتنی خاک لە جیهانی ڕاستەقینە دەدەن [5].

2-2. کۆمەڵە دوڕگەی نێتوۆرکی (The Network Archipelago): چەمکی مەڵبەند لەم تیۆرییەدا گۆڕاوە. مەرج نییە دەوڵەتی نێتوۆرک پارچە زەوییەکی پێکبەستراوە بێت (وەک لە نەخشەکانی ئێستای جیهاندا)، بەڵکوو دەتوانێت کۆمەڵێک لە هەزاران خاڵ بێت کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە (شووقە، شارۆچکە، ناوچەی ئازاد) کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و بەپێی یەک یاسا بەڕێوە دەچن. سرینیڤاسان ئەم پێکهاتەیە بە “دوڕگەیەکی تۆڕکراو” ناو دەبات کە لە سنوورە فیزیکییەکاندا بوونیان نییە بەڵکوو لە فەزای دیجیتاڵیدان [6].

2-3. دانپێدانانی دیپلۆماتیک (Diplomatic Recognition): ئامانجی کۆتاییی ئەم پێڤاژۆیە بەدەستهێنانی شەرعیەتی نێودەوڵەتییە. دەوڵەتی نێتوۆرک بە نیشاندانی هاووڵاتییە ڕێکخراوەکانی و دەسەڵاتە ئابوورییەکەی خۆی، دەچێتە ناو ڕێککەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتانی مەوجوود (Legacy States) بۆ ئەوەی وەک قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ بناسرێت.

بەم پێیە جەوهەری تیۆریی بالاجی بەکارهێنانی ئامرازە تەکنەلۆژییەکانە بۆ “دەرچوونی ئاشتیانە” لە سیستەمی شکستخواردوو و بنیاتنانی بەدیلێکی نوێ.

ئابووری سیاسی: کۆتاییهێنان بە کۆلۆنیالیزمی دراو (Ending Monetary Colonialism)

سەربەخۆییی سیاسی بەبێ سەربەخۆییی ئابووری و دراوی، وەهمێکی یاسایییە. شیکارییەکانی ئابووریی سیاسیی کوردستان دەری دەخات کە کوردستان ملکەچی دیاردەیەکە بە ناوی “کۆلۆنیالیزمی دراو”. لەم میکانیزمەدا حکوومەتە ناوەندییەکان (تاران، ئەنقەرە، بەغدا، دیمەشق) ئامرازە دراوییەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەکاردەهێنن بۆ بەتاڵانبردنی سامانی ناوچە پەراوێزەکان. ئەم ڕەوتە لە ڕێگەی دوو کەناڵی سەرەکییەوە دەێتە دی:

یەکەم: کاریگەریی کانتیلۆن (Cantillon Effect):

کاتێک بانکە ناوەندییەکان پارە بۆ دابینکردنی داراییی شەڕ یان کورتهێنانی بودجە چاپ دەکەن، بەهای دراوی نیشتمانییان کەم دەبێتەوە. بەپێی تیۆری کانتیلۆن، پارەی چاپکراوی نوێ سەرەتا دەگاتە ئەو کەسانەی کە لە حکوومەت نزیکن (بەڵێندەر و دامەزراوە سەربازییەکان) کە هێشتا نرخی شمەک لایان بەرز نەبووەتەوە. بەڵام کاتێک ئەم پارەیە دەگاتە ناوچە پەراوێزییەکان (بۆنموونە کوردستان)، هەڵاوسان هاتووەتە ناوەوە و توانای کڕینی خەڵک کەم دەبێتەوە. ئەم هەڵاوسانە سەپێنراوە کاریگەریی لەسەر گواستنەوەی سامانەکان لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند دەبێت. [7]

دووەم: سەرکووتی دارایی: (Financial Repression)  

سیستەمی بانکیی ناوەند ئامرازێکی ئەمنییە بۆ کۆنترۆڵکردن؛ دەوڵەتەکان دەتوانن بە کرتەیەک هەژماری بانکیی چالاکانی کورد دابخەن یان بە هەر شێوەیەک دەمارەکانی جووڵەی ئابووریی کورد سڕ بکەن و لە ئەنجامدا هەژمارە بانکییەکانیان بلۆک بکەن و ئاستەنگ بۆ خزمەتگوزارییەکانی قەرز بنێنەوە. چارەسەری پارادایمی نوێ بریتییە لە “جیابوونەوەی دراو”. نەتەوەی کورد بە وەرگرتنی ستانداردی بیتکۆین و دراوی دیجیتاڵ و هەروەها سامانی دیجیتاڵ کە هەڕەشەی سانسۆری لەسەر نەبێت، دەتوانێت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، “گەنجینەی نیشتمانی”ی خۆی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتە داگیرکەرەکان دابمەزرێنێت. [8]

٣- مۆدێلی ئەزموونکراو لە وڵاتانی جیهاندا

بۆ تێپەڕین لە فەزای ئەبستراکت، مۆدێلی “دەوڵەتی نێتوۆرکی کوردستان” پشت بە سێ ئەزموونی سەرکەوتوو و کۆنکرێتی مێژووییی هاوچەرخ دەبەستێت کە هەریەکەیان ئیمکانی پراکتیکی ئەم تیۆرییە بەڵگەمەند دەکەن:

  • مۆدێلی حوکمڕانی هەور (ئەزموونی ئیستۆنیا): پڕۆژەی ئەلێکترۆنیی ئیستۆنیا دەری خست کە دەتوانرێت حاکمیەتی نیشتمانی لە سنوورەکانی جوگرافیا ڕزگار بکرێت. لە ڕێگای دەکارکردنی پڕۆژەی ئێکس ڕاود X-Road ، ئیستۆنیا سەرکەوتوو بوو لە بەدیجیتاڵکردنی ٩٩%ی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت و درێژکردنەوەی سنوورەکانی بۆ فەزای مەجازی لە ڕێگەی پڕۆژەی “هاووڵاتیبوونی ئەلێکترۆنی” (e-Residency). ئەم ئەزموونە دەیسەلمێنێت کە نەتەوەیەک دەتوانێت پەیکەری ئیداری و یاسایی خۆی بپارێزێت و بەڕێوەی ببات بەبێ ئەوەی پشت بە بوونی فیزیکیی هاووڵاتیان لە یەک شوێن ببەستێت.
  • مۆدێلی سەربەخۆییی دارایی (پرۆتۆکۆڵی بیتکۆین و ئەلسالڤادۆر): وەرگرتنی بیتکۆین وەکوو پارەی یاسایی لە ئەلسالڤادۆر و زیادبوونی بەکارهێنانی دراوە دیجیتالییەکان لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا، دیاردەیەکی لێ کەوتووەتەوە بە ناوی “داماڵینی نیشتمانیکردنی پارە”. ئەم مۆدێلە ئەوە نیشان دەدات کە نەتەوەیەکی بێدەوڵەت دەتوانێت سامانی نیشتمانیی خۆی لە پرۆتۆکۆڵە بیرکارییە بەرتەسکنەکراوەکاندا هەڵبگرێت و سەربەخۆ بێت لە سیستەمی بانکی ناوەندی کە ئامرازی سەرکووتکردنی ئابوورییە.
  • مۆدێلی حوکمڕانی ناناوەندی (DAOs): ڕێکخراوە سەربەخۆکانی وەک (MakerDAO) ئێستا ملیاردها دۆلار لە سەروەت و سامان بەڕێوە دەبەن بەبێ ئەوەی پێویستییان بە سەرکردایەتیی ناوەندی یان برۆکراسیی تەقلیدی هەبێت، تەنیا لە ڕێگەی “گرێبەستە زیرەکەکانەوە” بەڕێوە دەچن. ئەم مۆدێلە ئەگەری حوکمڕانیی دیموکراتیک، ڕوون و دژە گەندەڵی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بۆ نەتەوەی کورد وێنا دەکات و بەدیلێکی بەرجەستە بۆ پێکهاتە حزبییە هەرەمییەکان دەڕەخسێنێت.

 ٤- پارادۆکسی دەوڵەتی نێتوۆرک و ئابووریی سیاسی

ستراتیژی گەڕانەوە بۆ سەر خاک

تیۆریی ” دەوڵەتی نێتوۆرک” کە لەلایەن بالاجی سرینیڤاسانەوە داڕێژراوە، سەردەمێکی نوێی حوکمڕانی دەخاتە ڕوو کە تێیدا کۆمەڵگاکان سەرەتا لە فەزای هەوردا دروست دەبن و دواتر لە جیهانی فیزیکیدا (خاک) دەردەکەون [4]. بەڵام بەکارهێنانی ئەم تیۆرییە لە چوارچێوەی ژئۆپۆلەتیکی کوردستاندا پێویستی بە تێگەیشتن لە کەلێنێکی قووڵی بوونناسانە هەیە. لە خوێندنەوەی ڕۆژاوایی و لیبڕاڵیدا دەوڵەتی نێتووۆرک وەڵامێکە بۆ “ماندووبوون لە دەوڵەت (State fatigue). ئامانجی وەها پرۆژەیەک “دەرچوون”ە لە پێکهاتە کۆنەکانی دەوڵەتی نەتەوەییی وێستڤالیایی و هەنگاونان بەرەو پێکهاتەیەکی سەیال و پۆست-نەتەوەیییە. دروشمی نەنووسراوی ئەم بزووتنەوەیە “ماڵاوایی لە خاک و دەوڵەتی نەریتی”یە. بەڵام بۆ نەتەوەی کورد ئەم ڕێبازە “پارادۆکسێکی مێژووییە”. نەتەوەیەک کە هێشتا ئاسایشی بوونناسانە و سوودە یاساییەکانی هەبوونی دەوڵەتی نەتەوەییی سەربەخۆ لەسەر خاکی خۆی ئەزموون نەکردووە، ناتوانێت و ناکرێت لێی تێپەڕێت [9].

لە وەڵامی ئەم چەقبەستوویییە مێژوویییەدا، ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە و هەروەها بە قەرزگرتن و “لۆکاڵیزەکردنی”ی تیۆریی دەوڵەتی نێتوۆرک، مۆدێلێکی نوێ پێشنیار بکات. داهێنانە تیۆرییەکەی ئەم توێژینەوەیە، لە باری غایەت‌ناسانەەوە Teleological خۆی لە تیۆریی ڕەسەن جیا دەکاتەوە، واتە: بە پێچەوانەی تیۆریستەکان کە دەوڵەتی نێتوۆرک وەکوو مۆدێلێک بۆ “جێگرەوە” و تێپەڕاندنی دەوڵەت-نەتەوە دەبینن، مۆدێلی “دەوڵەتی نێتوۆرکی کوردستان” ئیستدلال دەکات کە، بۆ نەتەوەیەکی کۆلۆنیالیزەکراو، سەروەریی دیجیتاڵی ئامانجی کۆتایی نییە، بەڵکوو “گواستنەوەیەکی ستراتیژیکە” بۆ کەڵەکەکردنی دەسەڵات لە پێناو وەرگرتنەوەی سەروەریی سیاسی لەسەر خاکی خۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییی کورد. بۆیە لێرەدا ریزبەندییەکانی ئەم تیۆرییە پێچەوانە دەکەینەوە:

1- ئامانجی کۆتایی: بە پێچەوانەی گڵۆباڵیستەکان کە خاک وەک بەربەست دەبینن، پێشنیار دەکرێت ئامانجی ئێمە “وەرگرتنەوەی خاک” و مومارەسەی سەروەریی سیاسی لەسەر خاک بێت.

  1. ئەرکی نێتوۆرک: دەوڵەتی نێتوۆرکی دیجیتاڵیی کوردستان نەک وەکوو “مەبەستی کۆتایی” بەڵکوو وەکوو “دەوڵەتی چاوەڕوان” (State-in-Waiting) پێشنیار دەکرێ. ئەم پێکهاتە دیجیتاڵییە وەکوو تاقیگەیەکی سیاسی کار دەکات کە تێیدا دەتوانرێت حوکمڕانی و کەڵەکەکردنی سامان و بنیاتنانی دامەزراوەکان پراکتیزە بکات.
  2. دیالێکتیکی هەور و خاک: ستراتیژییەکە ئەوەیە کە لە “هەور”ەوە بڕۆین بۆ “خاک”. نەرمەهێز و سەرمایەی ئابووری لە فەزای دیجیتاڵیدا کەڵەکە بکەین (کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی داگیرکەرانە) بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لە ساتەوەختی مێژووییی گونجاودا لەسەر جوگرافیای ڕاستەقینەی کوردستان “داببەزێت”.

٥- ئەنجام و کۆتایی

ئەم توێژینەوەیە بە پشتبەستن بەو چوارچێوە تیۆرییەی کە باس کرا، نەخشەڕێگایەکی سێ قۆناغەی بۆ گواستنەوە لە “نەتەوەیەکی دیجیتاڵی” بۆ “دەوڵەتی سەروەر لەسەر خاک” پێشنیار دەکات. ئەم مۆدێلە پێڤاژۆی بنیاتنانی دەوڵەت پێچەوانە دەکاتەوە، واتە: لەبری ئەوەی لە سەرەتاەوە هەوڵی گرتنی خاک و پاشان بنیاتنانی دامەزراوەکان بدەین، سەرەتا دامەزراوە و ئابووری لە فەزایەکی دیجیتاڵی و پارێزراودا بنیات دەنێین و دواتر دەست بەسەر خاکدا دەگرین.

 قۆناغی یەکەم: داماڵینی خاکی تاکتیکی

لەم قۆناغەدا ئامانج ئەوەیە کە “نەبینراو” و “نەشکێن”، دامەزراوە گرنگەکانی کوردستان (ناسنامە، بەڵگەنامە، گەنجینە) دەگوازرێنەوە بۆ هەور، لەوێدا لە دەرەوەی دەسەڵاتی سوپای دەوڵەتی ناوچەیی و پۆلیسیدا دەپارێزرێت [10].

  • ناسنامەی خۆسەروەری: دەرکردنی ناسنامەی دیجیتاڵی (DID) کە ڕێگە دەدات هاووڵاتیانی کورد وەک ئەندامی یەک قەوارەی سیاسی بناسرێنەوە، بەبێ گوێدان بە سنوورەکانی سایکس پیکۆ.
  • ئابووریی سێبەر: پێکهێنانی بازاڕە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای دراوە کریپتۆکان کە لە دەرەوەی ڕاداری باج و ڕێکخستنی حکوومەتە ناوەندییەکان کار دەکەن.

قۆناغی دووەم: یەکگرتنی دامەزراوەیی

کاتێک ژمارەی هاووڵاتیانی دیجیتاڵی و ئەو سامانەی کە لە تۆڕەکەدا کۆ دەبێتەوە و دەگاتە “بارستەی گرینگ”، دەوڵەتی نێتوۆرک دەتوانێ پێکهاتەکانی حوکمڕانی خۆی بخاتە ڕوو.

  • سندووقی سامانی سەروەری: ئاراستەکردنی سەرمایەی بەرفراوانی دیاسپۆرا بەرەو سەروەت و سامانی ستراتیژی.
  • دیپلۆماسی دیجیتاڵی: دەوڵەتی نێتوۆرک وەکوو نوێنەری شەرعیی نەتەوەی کورد لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دانوستان دەکات. لەم سەردەمەدا، دەسەڵاتی کۆمپانیایەکی نێونەتەوەیی هەندێک جار زیاترە لە دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بچووک [11].

قۆناغی سێیەم: ستراتیژی خاک

ئەمە قۆناغی کۆتایی و ئامانجی کۆتایی مۆدێلی ڕەسەنی ئێمەیە: دابەزین بۆ سەر زەوی. لەم قۆناغەوە هێزە نەرم و داراییە کەڵەکەبووەکان دەگۆڕدرێت بۆ کارتی گوشاریی فیزیکی:

  • کڕینی زەوی (Crowdfunded Territory): بەکارهێنانی گەنجینەی نیشتمانی بۆ کڕینی زەوییە فراوان و ستراتیژییەکان، یان وەبەرهێنان لەسەر ژێرخانی ناوچە کوردستانییەکان بۆ دروستکردنی وابەستەیی ئابوورییەکی یەکگرتوو.
  • ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان (SEZs): دانوستاندن بۆ دروستکردنی ناوچەی بازرگانی ئازاد، کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەپێی یاساکانی دەوڵەتی نێتوۆرک بەڕێوە دەچن، وەکوو پێشەکییەک بۆ دانپێدانانی تەواو [12].

بەربەست و پێشنیارەکانی توێژینەوە

وەدیهێنانی ئەم پارادایمە نوێیە بەرەو ڕووی بەربەست و ڕەخنەی پێکهاتەیی جیددی دەبێتەوە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و تێبینیی زێدەترهەیە.

  1. دابەشبوونی دیجیتاڵی: بەربەستی یەکەم دابەشبوونی ناهاوسەنگی زانستی دیجیتاڵ و ژێرخانی ئینتەرنێتە لە جوگرافیای کوردستاندا. مەترسی دروستبوونی “حوکمڕانییەکی نوخبەگەرایانە” کە چینە نەریتی و گوندنشینەکان پشتگوێ بخات، دەتوانێت ببێتە هۆی پچڕانی کۆمەڵایەتی یان نەسەلماندنی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. بۆیە مۆدێلی دەوڵەتی نێتوۆرک دەبێت سەرەتا چینە ناوەندییەکانی کۆمەڵگا لەخۆ بگرێت.
  2. ئاسایشی ژێرخان و ئیمکانی بەرپەرچدانەوەی سەخت: ڕەنگە حکومەتە دامەزراوەکان لە ڕێگای ئامارگەلێکی وەک پچراندنی بەئەنقەستی ئینتێرنێت تا هێرشی سایبری، هەوڵی بەرپەرچدانەوەی حوکمڕانی هەور بدەن. بۆیە بەردەوامبوونی ئەم مۆدێلە پێویستی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکانی دژەسانسۆر وەکوو ئینتەرنێتی ستارلینک و تۆڕەکانی دژەسانسۆرهەیە.
  3. شەرعیەتی یاسایی و گواستنەوە بۆ خاک: گواستنەوە لە سەروەریی مەجازییەوە بۆ سەروەریی خاک (دابەزین لەسەر زەوی) قورسترین قۆناغە لە چوارچێوەی یاسای کلاسیکی نێودەوڵەتیدا، کە تا ئێستاش لەسەر بنەمای “دانپێدانانی دەوڵەتەکان” دامەزراوە. چارەسەری ئیجرایی بۆ ئەم ئالنگارییە هەر بە دانپێدانانی سیاسی ناکرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی “پێویستیی ئابووری” و دروستکردنی شارەکانی چارتەر (Charter Cities) جێبەجێ دەکرێت کە بەهۆی سەرنجڕاکێشی دارایی و تەکنەلۆژییانەوە شەرعیەتی دیفاکتۆ بەدەست دەهێنن.

 دەرەنجام: وەرگرتنەوەی داهاتوو

پارادایمی “دەوڵەتی نێتوۆرکی کوردستان” هەڵاتنی تەکنۆکراتانە لە ئەمری واقیع نییە؛ واقیعیترین ستراتیژییە بۆ نەتەوەیەک کە هەموو ڕێگا کلاسیکەکانی دیکەی تاقی کردووەتەوە و ڕووبەڕووی دەرگای ژیۆپۆلەتیکی داخراو بووەتەوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئاماژەمان بەوە دا کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا چەمکی “سەروەری” هاوتای “کۆنتڕۆڵکردنی خاک” نییە. هەتا نەتەوەی کورد لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ نەبێت و لە “کۆلۆنیالیزمی دراوی” ڕزگاری نەبێت، ناگاتە سەقامگری. تەکنەلۆژیای بلۆکچەین و مۆدێلی دەوڵەتی نێتوۆرک، دەتوانێت کوردستانی سەردەمی نوێ بێت. ئەگەر لە سەدەی ڕابردوودا شاخەکان پەناگەیەک بوون بۆ پاراستنی ژیان، ئەمڕۆ “هەور” پەناگەی پاراستنی “سامان” و “ناسنامە” و “پێکهاتە”یە. کەوایە ستراتیژی ئەم مۆدێلە ڕوونە: لە هەوردا بنیات بنێین و لەسەر زەوی بژیین. دەوڵەتێکی نێتوۆرک  بەو مەبەستە پێشنیار دەکرێت کە ئەگەر هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت، نەتەوەی کورد نەک وەکوو قوربانییەکی بێ پێکهاتە، بەڵکو وەکوو “دەوڵەتێکی ئامادە” بە گەنجینەیەکی تەواو و دامەزراوەی کارامە، حوکمڕانی خاکی باوباپیرانی بکات.

سەرچاوەکان

[1] David McDowall, A Modern History of the Kurds, 3rd ed. (London: I.B. Tauris, 2004), 137.

[2] Abbas Vali, Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (Costa Mesa, CA: Mazda Publishers, 2003), 78.

[3] Saifedean Ammous, The Bitcoin Standard: The Decentralized Alternative to Central Banking (Hoboken, NJ: Wiley, 2018), 65.

[4] Balaji Srinivasan, The Network State: How to Start a New Country (CreateSpace Independent Publishing Platform, 2022), 9.

[5] Balaji Srinivasan, The Network State, 15.

[6] Vitalik Buterin, “What do I think about network States. ” Vitalik.ca (blog), July 2022, https://vitalik.ca/general/2022/07/13/networkstates.html.

[7] Richard Cantillon, Essay on the Nature of Trade in General, trans. Henry Higgs (London: Macmillan, 1931 [1755]), 73.

[8] Alex Gladstein, Check Your Financial Privilege: Inside the Global Bitcoin Struggle for Human Rights (Bitcoin Magazine, 2022), 112.

[9] Hamit Bozarslan, The Kurdish File: Politics of a Stateless Nation (London: Verso Books, 2004), 45.

[10] Saskia Sassen, Territory, Authority, Rights: From Medieval to Global Assemblages (Princeton: Princeton University Press, 2006), 342.

[11] Parag Khanna, Connectography: Mapping the Future of Global Civilization (New York: Random House, 2016), 18.

[12] Balaji Srinivasan, The Network State, 234.

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!