گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

وتووێژ لەگەڵ رەزا کەعبی. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئێران، زۆر گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێ کەوتەوە. لە ئاستی کۆمەڵگەکانی کوردستان و ئێران بۆ یەکەم جار بوو لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەشداریی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر شەقام کرد. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕادیکاڵترین و بەرینترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت. بزووتنەوەی ژینا توانیی نەزمی سیاسیی ئێرانی تووشی ئاڵنگاری بکات و ئێستا ڕژێم توانای گەڕاندنەوەی نەزمی پێشووی نییە. جیا لە کاریگەرییە سیاسییەکان، بزووتنەوەی ژینا کاریگەریی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتیشی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەیە. حیزبەکەی ئێوە چۆن هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بگونجێنێت؟ ئەو گۆڕانکارییانە چین کە ڕێکخراوەکەی ئێوە دوای بزووتنەوەی ژینا لە خۆیدا پێکی هێناوە؟

وتووێژ لەگەڵ رەزا کەعبی

تەوەری یەکەم: دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و ئێران

١سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئێران، زۆر گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێ کەوتەوە. لە ئاستی کۆمەڵگەکانی کوردستان و ئێران بۆ یەکەم جار بوو لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەشداریی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر شەقام کرد. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕادیکاڵترین و بەرینترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت. بزووتنەوەی ژینا توانیی نەزمی سیاسیی ئێرانی تووشی ئاڵنگاری بکات و ئێستا ڕژێم توانای گەڕاندنەوەی نەزمی پێشووی نییە. جیا لە کاریگەرییە سیاسییەکان، بزووتنەوەی ژینا کاریگەریی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتیشی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەیە. حیزبەکەی ئێوە چۆن هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بگونجێنێت؟ ئەو گۆڕانکارییانە چین کە ڕێکخراوەکەی ئێوە دوای بزووتنەوەی ژینا لە خۆیدا پێکی هێناوە؟

  • سەرەکیترین بابەت لە پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینا و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵە، ئەوە بوو کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەنگدانەوەی زیاتر لە چوار دەیە خەباتی کۆمەڵەی لە شەقامی کوردستان و لە گوتاری شۆڕشی ژینا بیست و ئەو پەیامەی وەرگرت و بۆ پێداچوونەوە و نوێگەری لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا سوودی لێ وەرگرت. شۆڕشی ژینا دەنگی کوردستان بۆ ڕزگاری، دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی بوو؛ کۆنگرەی ئێمە هەوڵی دا لە ڕوانگەی خۆیەوە ئەو خواستە سەرەکییانە بە وردی و لە ئاستێکی بەرزتردا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سیاسیدا کە پەسەندی کرد، بگونجێنێت. لە ڕاستیدا شۆڕشی ژینا تاقیگەیەک بوو بۆ تیۆرییەکانی کۆمەڵە، کە هاوکات لەگەڵ سەلماندنی ڕەوایی خەباتی چەند دەیەی کۆمەڵە، پێویستیی پێداچوونەوە و نوێگەریی لە تیۆری و کردەوەدا دەرخست.

هاوکات پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، حیزبایەتی لە کوردستان، قەوارەی حیزبایەتی، دەور و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە و چاوەڕوانیی کۆمەڵگە لە حیزب و حیزبایەتی، گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە و شۆڕشی ژینا ئەم چاوەڕوانییانەی بردووەتە ئاستێکی بەرزتر. شۆڕشی ژینا هەم ڕۆڵی گرنگی حیزبەکانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەرخست و هەم لایەنە لاوازەکانی حیزبەکانی لە ڕێبەریکردنی بزووتنەوەکە؛ لە پەیوەندیی حیزب و کۆمەڵگە، لە گوتاری سیاسیی حیزبەکان، لە دیموکراسیی ناوخۆیی حیزبەکان و ڕادەی بەشداریی ئەندامانی حیزب لە بڕیارەکان و ڕێبازی سیاسیی حیزبدا و لە چۆنیەتیی بینینی مەیلە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگە و بە ڕەسمی ناسینیان و هەست بە بەرپرسیاریەتی کردن بەرامبەریان نیشان دا.

شۆڕشی ژینا زیاتر لە جاران ئەوەی کردە باسی ڕۆژ و گرنگیی سیاسی لە کوردستان کە چۆن حیزبەکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکان، چوونەسەرەوەی ئاستی خوێندەواری و وشیاریی کۆمەڵگە، لەگەڵ خەباتی مەدەنی و سیاسی (کە شۆڕشی ژینا باڵاترین ئاستی ئەم خەباتەی نواند) دەگونجێنن؟ شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە ئاستی بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسیی حیزبەکان، بەتایبەت لە ئاستی بڕیار و بەڕێوەبەرایەتیدا، بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە مەزنانەی کە بەسەر پێگە و کاریگەریی ژنان لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاتووە، یەک ناگرێتەوە. حیزبەکان پێویستە لە بابەتی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاری حیزبیدا، بە شێوەی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو گۆڕانی جیدییان تێدا بکرێت.

کۆمەڵە گوتاری شۆڕشی ژینای بە گوتاری خۆی زانیوە و هەر لە ساڵی ١٣٥٧ـەوە بەم گوتارە هاتە ناو خەباتی سیاسی و جەماوەری؛ بە شۆڕشی ژینا بۆی دەرکەوت کە کاتی ئەوەیە بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆتر لەگەڵ کۆمەڵگە، بەشداریی بەرینتری ژنان لە ژیانی سیاسیی حیزب و گۆڕینی نۆرم و کولتووری حیزب و کاریگەریی ڕاستەوخۆتری حیزب لە کۆمەڵگەی کوردستان، دەبێت ئاڵوگۆڕی جیدی لە خۆیدا پێک بێنێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پاش شۆڕشی ژینا، کۆنگرەی ١٤ـەیەمینی خۆی بەست. ئەم کۆنگرەیە ناوی نرا «کۆنگرەی ژن، ژیان، ئازادی» و ئەمەش نیشانەی خوێندنەوە، تێگەیشتن و وەرگرتنی پەیامی ئەو گۆڕانکارییە کولتووری و سیاسییە قووڵەیە کە شۆڕشی ژینا بەدوای خۆیدا هێناویەتی. ئەم شۆڕشە، پەیامەکانی و کاریگەرییەکانی لە کوردستان، ئێران و جیهان، باڵی بەسەر کۆنگرەکەدا کێشابوو و دەتوانم بڵێم زۆرترین باسی تێدا کرا سەبارەت بە شۆڕشی ژینا و ئەوەی ئێمە چۆن دەتوانین لە گوتار، پەیامەکان و لە چاوەڕوانییەکانی شۆڕشی ژینا بۆ پتەوتر کردنی جێگە و پێگەی کۆمەڵە لە کۆمەڵگەدا سوود وەرگرین؟ چۆن دەور و ڕۆڵی ژنان لە کۆنگرە، لە ڕێبەری، لە پێکهاتەی حیزبی و لە بڕیارەکاندا جێ بکەوێت و بەهێزتر بکرێت و ببێتە نۆرمی حیزبی؟ لێرەدا من پێم وایە ئێمە پێویستمان بە کاری زۆرتر و ئاڵوگۆڕی جیدیتر هەیە. ناتوانین چاوەڕوانیی ئەوە بکەین کە لە یەک کۆنگرە و بە چەند بڕیارێکی حیزبی ئەو کەموکۆڕییانە چارەسەر بکرێن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو پێوەرانەی شۆڕشی ژینا بۆ هەڵسەنگاندنی حیزبەکان لەسەر چاوەڕوانییەکانی لە حیزب و حیزبایەتی دایناوە، لەسەر سەری حیزب و داهاتووەکەی ڕاوەستاوە؛ ئەو حیزبە بە زیندوویی و بە کاریگەریی جەماوەری دەمێنێتەوە کە لە باڵاترین ئاستی خۆیدا لە هەموو بوارەکاندا ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە لە خۆیدا پێک بێنێت.

٢لە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو وڵاتە، بەپێچەوانەی پێشوو، هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی-ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی و «گەڕاندنەوەی گەورەیی و دەسەڵات بۆ وڵاتەکەی خۆی» دەدات، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانیی پێکهێنانی گۆڕانکاریی سیاسی و کولتووری لەو وڵاتانەدا بکات. واتە مەرجەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردنی وڵاتان چیی دیکە تەنانەت وەک ڕیتۆریکیش بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی-ئابووری لەگەڵ ئەمریکادا پێویست نین. ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا چ واتایەکی بۆ ناوچەکە و بزووتنەوەی کوردستان هەیە؟ ئەگەری هەیە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ئەو نەزمە نوێیەدا بگونجێنێت؟ لە وەها ئەگەرێکدا چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ چییان لێ بەسەردێت؟

  • من ئەوە بە گۆڕانکارییەکی زۆر بنەڕەتی لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نازانم. ڕاستە لە گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەییەکاندا زۆرجار باس لە مافی مرۆڤ کراوە، بەتایبەت لە سەردەمی شەڕی سارددا کە بەرەیەکی جیهانی ئیدعای خەڵکیبوون، ئازادی و سۆسیالیزمی دەکرد؛ بەدەستەوەگرتنی دروشمی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە وەکوو ئامرازێک بەکار دەهات بۆ ئەوەی جووڵەی سەربازی یان هێرش بۆ سەر دەوڵەتان (کە لە هەر حاڵێکدا دامەزراوەیەکی سیاسیی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و هێرشکردنە سەری پێویستی بە تەوجیهـ، بەڵگە و هۆکاری پاساوهەڵگر هەبوو) و گۆڕینی ئەو ڕژێمانەی لە بەرەی خۆیاندا نەبوون، ڕەوا و یاسایی بنوێنن. «بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی نوێی ئەمریکا» تەنیا ڕوونتر و واقعیتر مەبەست و ستراتیژیی نەتەوەیی خۆیانی خستە ڕوو و بێپەردە نیشانیان دا.

ئەگەری ئەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ئەم نەزمە بەناو نوێیەدا بگونجێنێت، بە هۆکاری ڕوون زۆر دوور دەبینم یان هەر نایبینم. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دروشمی شۆڕشی ئیسلامی و هەناردەکردنی ئەو شۆڕشە، هەڵخڕاندنی جەماوەری شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ باجگرتن لە وڵاتان، دژایەتی و بە قسەی خۆیان لەناوبردنی ئیسرائیل، خۆی پێناسە کردووە. ئەم حکوومەتە لەسەر هەناردەکردنی تیرۆریزم بۆ هەموو جیهان، کاری تیرۆریستی و تەقینەوە لە وڵاتانێک کە هەزاران کیلۆمەتر دوورە لێیان، خەسارکردنی هەزاران ملیار دۆلار بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی هاژەکیی دوورهاوێژ دامەزراوە. هەموو شانازیی حکوومەتی دیکتاتۆریی ئیسلامیی ئێران بوونی هێزی قودسی سوپای پاسداران و دەستوپێوەندییەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە زۆرجار خامنەیی بە چاوی دونیایدا دەدایەوە کە لە پێنج پایتەختی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حوکم دەکات.

حکوومەتی تاران سەودای گەیشتن بە دەریای ناوەڕاستیان لەسەردا بووە. ٤٧ ساڵ خەسارکردنی هەزاران ملیار دۆلار بۆ هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و تیرۆریزم و بەرنامەی شەڕەنگێزانەی ئەتۆمی و هاژەکی، لە ئاکامدا وێرانیی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و هەژاری و بێکاری، کۆماری ئیسلامیی خستووەتە دۆخێکەوە کە ڕێگەی پاشەکشەی بۆ نەماوەتەوە. بۆ پاراستنی خۆی لە هەموو ئەم ساڵانەدا، خەریکی سەرکوتی نەتەوە مافخوراوەکان، کرێکاران، ژنان و هەموو ئازادییەکان بووە. لە ڕاستیدا ئەو دروشمانە و بەرنامە ئەتۆمی و تیرۆریستی و هاژەکییەکەیان تەنیا هیوایان بووە بۆ مانەوە، کە ئەگەر دەستی لێ هەڵگرن بە کردەوە فەوتاون و ئەگەر لێی بەردەوام بن دیسان ئەگەری تێداچوونیان لە ئارادایە. من پێم وایە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەی شەڕ و تیرۆریزم و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی هاژەکی و ئەتۆمی و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و سەرکوتی هەر ڕۆژە و زیندانیش، ناتوانێت بمێنێتەوە و تەمەنی لە کۆتاییدایە.

چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیارە. کوردستان هەر لە سەرەتاوە نەک هەر ڕووی خۆشی بە حکوومەتی ئیسلامی نیشان نەدا، بەڵکوو بوو بە پێگەیەکی زۆر گرنگ لە دژی ئەو تەوژمە ئیسلامییە ئێرانی و ناوچەییە و کوردستان ڕێک بە پێچەوانەی «شۆڕشی ئیسلامی» هەڵوێستی گرت. ئەگەر بە ڕابردوودا دەچینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کوردستان لە دژوارترین ساڵەکاندا و بە کەمترین ئامادەیی و ئیمکانات و بەبێ بوونی دۆست و پشتیوانیی ڕۆژئاوا و ئەمریکا ڕاوەستاوە و بە ڕاستی مێژوویەکی پڕ شانازی و بەنرخی بۆ خۆی تۆمار کردووە. ڕژێم هەر زۆر زوو پاش بەدەسەڵات گەیشتنی، هێرشی هێنا بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد و بۆ کپکردنی دەنگی ڕەوای دژی دزینی شۆڕشی جەماوەری و کردنی بە شۆڕشی ئیسلامی؛ لەشکر لەشکر هێزی ڕەوانەی کوردستان کرد، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕێک بەپێچەوانەی خواست و لەشکرکێشیی ڕژێمە. پانتایی چالاکیی بزووتنەوەی کوردستان زۆر بەرینترە؛ بزووتنەوە مەدەنییەکان لە ئاستێکی بەرز و پڕ ئەزمووندان؛ بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد، ناسنامەخوازیی نەتەوەی کورد، ئاستی چاوەڕوانییەکانی و داخوازییەکانی لە مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنەیە.

هەر بۆیە بزووتنەوەی کوردستان چاوەڕوانیی دەرەکیی نەبووە؛ هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ناو بزووتنەوەی کوردستان ئەو هێزە بزوێنەرەن کە شۆڕشی کوردستان بەرەوپێش دەبەن. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە بزووتنەوەی کوردستان و حیزبەکانی و ناوەندە سیاسییە ڕێکخراوەکانی کورد، کەمتەرخەمن لە ئاست گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. یەکێک لەو خاڵە لاوازانەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵات ئەوەیە کە لەم ٤٧ ساڵەدا، بەپێی قورسایی بزووتنەوەکە، گەورەیی خەباتەکە و ڕادەی خۆڕاگری و تێکۆشانی بزووتنەوەکە، کەمتر لە دەرەوەی وڵات لە ناوەندە جیهانییەکان و لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکاندا ناسراوە و جێگەی خۆی کردووەتەوە.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ڕووداوە ناوچەیی و لۆکاڵییەکان نەیانتوانیوە و ناتوانن خۆیان لە ژێر کاریگەریی ڕووداو و ئاڵوگۆڕە جیهانییەکاندا دەرباز بکەن. شۆڕشە گەورەکان کاتێک سەرکەوتوون یان ڕوویان داوە کە هەلومەرجی جیهانییان بۆ ڕەخسابێت. کۆماری کوردستان کاتێک سەری هەڵدا کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە ئاکامی شەڕی دووەمی جیهانی، ئەو هەلەی بۆ ڕەخساند (دیارە بە پشتبەستن بە هێزی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی خۆی)؛ شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور کاتێک پەرەی سەند کە گۆڕانکارییەکانی عێراق دەرفەتیان بۆ ڕەخساند؛ ڕۆژئاوای کوردستان دوا نموونەیەتی؛ بەبێ بەهاری عەرەبی و لاوازبوونی دەسەڵاتی دیمەشق و دواتر ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر، زەحمەت بوو ڕۆژئاوا بتوانێت خۆی ڕابگرێت. مافی ڕوونی بزووتنەوەی کوردستان، مافی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردە کە بۆ بەهێزکردنی لە هەموو بوارەکاندا هەوڵ بدات بۆ ناسینی ژیرانەی گۆڕانکارییەکان و شرۆڤەی ڕۆژانەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان. بەستنی هاوپەیمانی و ڕاکێشانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد، ئەرکێکە کە حیزبەکان بەتایبەت دەبێت بیکەنە بەشێکی سەرەکی لە کاری خۆیان. لە ئەمڕۆی جیهاندا بەتایبەت بزووتنەوەی کوردستان، پێویستیی حاشاهەڵنەگری بە پەیوەندیی زۆر زۆر بەرین و گەورە هەیە لەگەڵ دونیای دەرەوە. هاوکات زۆر گرنگە بزانین بزووتنەوەیەکی ڕزگاریبەخش هەرگیز نابێت ئەوەندە قورساییی خۆی بخاتە سەر یارمەتی و پشتیوانیی دەرەکی، کە کاتێک ئەوان لە پشتیوانی کشانەوە، بزووتنەوەکە بکەوێتە سەر چۆک.

٣شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل گورزێکی گەورەی سەربازی، سیاسی و ئابووریی لە ڕژێمی ئێران دا. تێکشکاندنی هێزە نیابەتییەکانی ئێران، چڕتربوونەوەی گوشارەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە ژمارەیەک وڵاتی وەک ئوسترالیا، قووڵتربوونەوەی قەیرانە ئابووری-سیاسییەکانی ئێران، قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژێم و تۆخبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناو باڵەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران؛ هەموو نیشانەکانی قۆناغێکی سیاسیی نوێ لە ناوچەکە و ئێرانن. ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە سیاسییە دەکەن؟ پرسیارێک هەیە ئاخۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ سیاسەتێکی نوێتان بۆ ئەم قۆناغە تازەیە هەیە، یان هێشتا چاوەڕوانی گۆڕانکاریی زیاترن بۆ ئەوەی سیاسەتێکی نوێ بگرنە بەر؟

  • لەم باسەدا، ئەوەی بۆ حیزبێکی کوردستانی گرنگە، خوێندنەوەی دەرفەت لەناو جەرگەی قەیراندایە. ئەو زەبرە سەربازی و سیاسییەی لە حکوومەت کەوتووە، دەتوانێت لە درێژەی خۆیدا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرکوت. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر کوردستان، لە داهاتوودا ئەگەری هەوڵی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵی ناوەند، دەتوانێت تا ڕادەیەک بۆشایی هێزی سەرکوت لە کوردستانی بەدواوە بێت. لە دۆخی ئەمڕۆدا کە مەودای نێوان «دەسەڵات» و «کۆمەڵگە» گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، سیاسەتی ئەمڕۆ نابێت چاوەڕوانی بێت و وەکوو بینەرێک تەنها سەیری ڕووداوەکان بکەین، بەڵکوو دەبێت تۆکمەتر و زیاتر لە جاران و بەوپەڕی تواناوە، ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان و گۆڕینی فاکتەری قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژێم بۆ بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی جەماوەریی بەرین بکەین.

لەم ڕێگەیەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشان جیا لە هەوڵەکانی ناوخۆی وەکوو حیزب، بانگەوازی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکانی کردووە و هەوڵی داوە ئەو لێک نزیکبوونەوەیە بگاتە ئاکام، بۆ ئەوەی ئاڵتەرناتیڤێکی بەهێز بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو بین. هاوکات ئامادەین هاوکاریی ئەو هێزانەی دەرەوەی کوردستان بکەین کە دیموکراسیخواز و ئازادیخوازن و نەتەوەی کورد و مافەکانی بە ڕەسمی دەناسن. ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا و ئوسترالیا سوپای تیرۆریستیی پاسدارانیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، دەتوانێت دەرگایەکی نوێ بەڕووی بزووتنەوەی کوردستان و خەڵکی کوردستان و حیزبەکانیدا بکاتەوە، کە بە درێژایی تەمەنی ئەو هێزە دژی ڕاوەستاون.

پرسیاری سەرەکی بەڵام هێشتا ئەوەیە: ئایا حیزبەکانی کوردستان چاوەڕوان دەبن یان دەستپێشخەر؟ مێژوو دەری خستووە کە «چاوەڕوانیی پەتی» کوشندەیە. ئێمە نابێت تەنها چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی تاران بین، بەڵکوو پێویستە بە یەکگرتووییی خۆمان و لە ڕێگەی بەهێزکردنی ناوەندە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی کرێکاران، ژنان و لاوان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی وڵات، خۆمان وەکوو ڕاستییەکی سیاسی و ئاڵتەرناتیڤێکی پێشکەوتوو و ئازادیخواز بسەلمێنین، کە دەتوانێت پشتگیریی جیهانیش بۆ لای خۆی ڕاکێشێت. ئەم قۆناغە، قۆناغی تێپەڕینە لە «دۆخی چاوەڕوانی» بۆ «دۆخی ئامادەکاریی تەواو». ڕژێمێک کە لە دەرەوە زەبری گەورەی لێ دەدرێت و لە ناوەوە مەشرووعییەتی نەماوە، دەکرێت لە ڕێگەی هێزی یەکگرتووی جەماوەرەوە ڕاماڵدرێت.

٤بزووتنەوەی ژینا بووە هۆی ئەوەی ڕیزبەندییە سیاسییەکان لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نەک تۆختر لە جاران، بەڵکوو گرژتریش ببێتەوە. حیزبەکەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕیزبەندییانەدا دەکات و خۆی لە کام بەرەدا دەبینێتەوە؟ ئەو بەرەیە تا چەند لەگەڵ پرسی کورد لە ئێران و دروشم و داخوازییە سیاسییەکانی ئێوە یەک دەگرێتەوە؟

  • ڕاستە، شۆڕشی ژینا جۆرێکی نوێ لە ڕیزبەندی و سنووربەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هێنایە گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستان و ئێران. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە ڕیزبەندیی سیاسی لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، سیاسەتی ڕوون و ڕاگەیەندراوی هەیە. پرەنسیپی ئێمە ئەمەیە: «ئێمە ناچینە هیچ ئیئتلافێک مادام مافی نەتەوایەتیی کورد بە ڕەسمی نەناسرابێت و دان بە چارەسەری ستەمی نەتەوایەتیی سەر کوردستان بە ڕوونی و بەپێی ویستی خەڵکی کوردستاندا نەنرێت.» بزووتنەوەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی دەبێت بە ڕوونی هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان ڕابگەیەنن و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێنن. بزووتنەوەی کوردستان و حیزبەکانی نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن کە لە «ئێرانەوە»، لە «ناوەندەوە» بڕیاریان بۆ دەرچێت و «بەشیان» بدرێت.

کوردستان دەتوانێت لە ڕیزبەندیی سیاسی و چۆنیەتیی ئاڵوگۆڕەکان لە ئێراندا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە، قایم و کاریگەر و بەرچاو ببینێت، کە بە هاوپەیمانی دەکرێت و قورسایی کورد بە هاوپەیمانی دەپارێزرێت؛ ئەگینا هەر حیزبێک شوێن هاوپەیمانیی «سەراسەریی» خۆی دەکەوێت و بەم جۆرە نیشانی دەدەین کە هیچ دەرسێک لە مێژوو وەرناگرین. هاوپەیمانییەکی بەهێز و یەکگرتوو دەتوانێت پشتیوانیی نەتەوەکانی دیکە و کۆمەڵگەی مەدەنی، کرێکاران و ژنان بەدەست بێنێت و ببێتە گەورەترین و بەهێزترین ڕیزبەندی و ئیئتلافی سیاسی، کە لە ناوەندەوە ڕێگە نەدات کارەساتەکانی ڕابردوو (لە قۆناغەکانی دامەزراندنی ڕژێمی پاشایەتی و پاشان هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی) دووپات بکرێتەوە.

حیزبی ئێمە هەڵوێست و ستراتیژیی زۆر ڕوونی سەبارەت بە هەر جۆرە هاوکاری و هاوپەیمانییەک هەیە. ئێمە زۆر ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە تەنها لە بەرەیەکدا دەبین کە ناوەندگەرا نەبێت و بێئەملاوئەولا مافی نەتەوەکان و بەدیاریکراوی نەتەوەی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆی، بە ڕەسمی بناسێت. لایەنگران و خوازیارانی سیستەمی تاکەکەسی و نادیمۆکراتیک، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن هاوکار و هاوپەیمانی ئێمە بن. پابەندبوون بە سێکیولاریزم و دیموکراسی دوو مەرجی دیکەن کە دیاری دەکەن ئێمە لە کام بەرە و لەگەڵ کام ڕەوتی سیاسی دەتوانین هاوپەیمان بین.

دوای شۆڕشی ژینا، ئۆپۆزیسیۆن بوو بە دوو جەمسەری سەرەکی: بەرەی نەتەوەیی-ناوەندگەرای توندڕەو؛ کە زۆرینەیان لە دەوری دروشمی «یەکپارچەیی سەرزەمینی» کۆبوونەتەوە، بە زەبری پارە و بە پشتبەستن بە چەند کەناڵی ڕاگەیاندن زەق کراونەتەوە و زیاتر لە هێزی ڕاستەقینەیان خۆیان دەردەخەن و مافی نەتەوەکان بە مەترسی بۆ سەر «ئێرانی مەزن» دەبینن. دووەم، بەرەی دیموکراسیخواز و پێشکەوتوو؛ کە پێیان وایە دیموکراسی لە ئێران بەبێ چارەسەری پرسی کورد و نەتەوەکانی تر نایەتە دی. دیارە بەداخەوە ئەم بەرەیە نایەکگرتوو و لاوازە.

بە کورتی سیاسەتی ڕوونی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوەیە کە: «مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کوردستان هێڵی سوورە». ئێمە ئامادەی گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ هەر هێزێکین، بەو مەرجەی دان بە «کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و یەکەیەکی نەتەوەیی» و «مافە نەتەوەییەکان»یدا بنێت.

ئەوەی ئەمڕۆ تا ڕادەیەک جێگەی مەترسییە بۆ کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان، سەرهەڵدانەوەی گوتارێکی شۆڤێنیستییە لەناو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات، کە دەیانەوێت شۆڕشی ژینا لە مانا ڕاستەقینەکەی (کە «ژن، ژیان، ئازادی» بوو و لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد) خاڵی بکەنەوە. کۆمەڵە لێرەدا بەرگریکاری ناسنامە و ناوەڕۆکی شۆڕشەکەیە و کار بۆ ئەوە دەکات کە مافی کورد لە ژێر ناوی «دروشمە گشتییەکان»دا ون نەبێت. ئەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەم قۆناغەدا بەتەمایە و کاری بۆ دەکات، دەرخستنی کوردستان و بەرەیەک لە نێو حیزبە سیاسییەکانی، وەکوو جەمسەرێکی هاوپەیمانیی نوێیە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆکردنەوەی هەموو لایەنە دیموکرات و ئازادیخوازەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی کوردستاندا ببینێت.

٥گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیکە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و پڕۆسە سیاسییە نوێیەکانی نێوان ئەم ڕێکخراوەیە و دەوڵەتی تورکیا بووە. لەبەر ئەوەی پرسی کوردستان پرسێکی لێک گرێدراوە و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەر پارچەیەک لە کوردستان کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکە دادەنێن، پێتانوایە کە ئەم قۆناغە نوێیە سیاسییەی باکووری کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت؟

  • لە ڕوانگەی ئێمەوە وەکوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پرسی کورد لە هەموو کوردستان، سەرەڕای تایبەتمەندییەکانی هەر بەشێک، لە ڕاستیدا یەک مەسەلەیە؛ بۆیە چارەنووسی خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی گرنگە و کاریگەریی دۆخی پرسی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لەسەر بەشەکانی دیکە دەبینین و هەوڵ دەدەین یارمەتیدەر و هاوکاری خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بین بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. هاوکات خەڵکی دانیشتووی هەر بەشێک بە خاوەن ماف و سەروەریی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان دەزانین و ڕێز لە ئیرادەیان دەگرین.

کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی هەر بەشێکی کوردستان لەسەر بەشەکانی دیکە حاشاهەڵنەگرە. باکووری وڵات وەکوو گەورەترین بەشی وڵات، خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتە و پارتی کرێکارانی کوردستان ئەکتەری سەرەکیی ئەو مەیدانە بووە؛ بۆیە هەر ئاڵوگۆڕێک کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکان دەبێت. ئەوەی لێرە گرنگە سەرنجی بدرێتێ، ئەوەیە کە ئەم پڕۆسەیە سەرەتایەکە و هێشتا ئاکامەکەی دەرنەکەوتووە. هەنگاوەکانی داهاتووی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا چارەنووسی ئەم پڕۆسەیە دیاری دەکەن. ئەو کات کاریگەرییەکانی ئەو پڕۆسەیە لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانیش زیاتر دەردەکەوێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەوترێت و ئەو لێکدانەوەیەی ئێستا دەکرێت، بەپێی ئەو سەرەتایەیە و بەپێی دۆخی ئەمڕۆ و داهاتوویەکی ناڕوونە کە ئەو پڕۆسەیە هەیەتی. دەزانین کە دەوڵەتی تورکیا پێشتریش هەوڵی لەم جۆرەی لەبار بردووە و ئامادە نەبووە دان بە مافی کورد وەکوو نەتەوەیەکدا بنێت.

بەو سەرەتایەوە، ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەند ئاستێکدا دەتوانین باس لە کاریگەرییەکان بکەین. یەکەمیان: کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر پژاکە، کە وەکوو حیزبێک کە سەرچاوە هزرییەکەی بیری بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکەـیە، بە دڵنیاییەوە ئەو بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەریان دەبێت و لەو ڕێگەیەوە کاریگەرییەکە دەگوازرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵات و خەباتەکەشی. دووەم: کاریگەری لەسەر حکوومەتی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی وەکوو یەکێک لە داگیرکارانی کوردستان، هەر ئاڵوگۆڕێک لە کوردستان بەلایەوە گرنگە و ئەگەر بێت و ڕەوتی ئەو پڕۆسەیە بەرەو چارەسەری مەسەلەی کورد لە باکووری وڵات بڕوات، ئەمە دەبێتە گوشارێکی زیاتر لەسەر حکوومەتی ئێران و ورەی خەباتکارانە و هیوای ڕزگاری لە ڕۆژهەڵاتی وڵات بەهێزتر دەبێت. هاوکات بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی پیلانگێڕی دەکات بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بۆی دەکرێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و ئەمەش ئاسەواری خۆی لەسەر خەباتی ڕۆژهەڵات دەبێت.

تەوەری دووەم: پلان و بەرنامەکانی ئێستا

٦ساڵانێکی زۆرە کۆمەڵگەی کوردستان چاوەڕوانیی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی هاوبەشی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ناوەڕاستی بزووتنەوەی ژینادا ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردەوە لە کار کەوت. پێتان وایە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایدیۆلۆژیک و سیاسییەکان، ئیمکانی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری سیاسیی هاوبەش لە نێوان ئەم هێزە سیاسییە جیاوازانەی کوردستاندا هەیە؟ چەند مانگێکە باس لە ناوەندی دیالۆگ دەکرێت. وێدەچێت تا ئێستا ئەم ناوەندە هێشتا هەر لە سەروبەندی ساخبوونەوەدابێت و بە ئەنجامی دڵخواز نەگەیشتبێت. گەورەترین بەربەستەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چین؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش لە نێوان ئەم هێزانەدا، چ میکانیزمگەلێک دەتوانن پێش بە لاوازییەکانی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش بگرن؟

  • لە ڕوانگەی ئێمەوە هەندێک ڕێگر هەن کە ئاماژە بە سەرەکیترینەکانیان دەکەم: دروستبوونی جۆرێک لە جەمسەربەندی و پۆلاریزاسیۆن لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرسی یەکگرتوویی هەبووە. جەمسەرەکان و لە ئاستێکی خوارووتردا لایەنەکان، نەک هەر لەبەر جیاوازیی ڕوانین، بەڵکوو لە ئیدعایان بۆ باڵادەستی لە هەژموونیی شەقامی ڕۆژهەڵاتدا تووشی جۆرێک لە ململانێ و ئاستێک لە بیرکردنەوە لە ڕادەی پێویستبوونی هاوکاری دەکەنەوە، کە لە قازانجی یەکگرتوویی و هاوکاری نابێت. لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خەباتەکە پێویستی بە هەموو هێزی خۆی و هەموو چالاکان و خەباتکارانی هەیە؛ تەنانەت لە حاڵەتێکدا کە لایەن یان جەمسەرێک بزانێت لە کوردستان باڵادەستە، نابێت خۆی لە هاوکاری و یەکگرتوویی کە ویستی نەتەوەی کورد و پێویستیی خەباتی کوردستانە، بپارێزێت. هاوکات هەندێک پەیوەندیی هەرێمی هەن کە کاریگەریی نەباشیان لەسەر هاوکاری و یەکگرتوویی هەبووە، کە ئەمیش دیسان دەچێتە خانەی جەمسەربەندییەکانەوە.

لە بەشی دەرفەتەکاندا و ئایا هێشتا دەکرێت یەکگرتووییەک ساز بکرێت، پێم وایە هاوکات لەگەڵ ئەوەی پێویستییەکە لەبەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئاستێکی بەرزتردا هەیە، دەرفەتەکەش لە دەست نەچووە و هەیە. لە لایەک بزووتنەوەی کوردستان و خەڵک و شەقامی کوردستان ئەوە دەخوازێت و لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە کە شەقام چۆن لە کاتی هاوکاری و هاودەنگیی حیزبەکاندا یەکگرتوو بە پیری بانگەوازەکانیانەوە چووە؛ مانگرتنە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵات کە دوا نموونەی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ بوو کە نزیکەی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە ئاستێک لە داخوازیی گشتی هەیە کە حیزبەکان دەبێت لەسەر ئەو داخوازییانە هاوکاری و یەکگرتوویی خۆیان دابمەزرێنن: نەمانی کۆماری ئیسلامی، سەروەریی نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد، ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، چارەسەری ستەمی ڕەگەزی و هتد، لەو خاڵانەن کە نزیکەی هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەسەریان ساغن. ئەمانە دەتوانن ببنە هەوێنی ئەو یەکگرتووییە. ململانێ حیزبییەکان دواتر و لە سندوقەکانی دەنگداندا دەتوانن وەڵامی خۆیان وەرگرنەوە.

بۆ بەرگرتن بە دووپاتبوونەوەی بەشە ناسەرکەوتووەکانی ئەزموونەکانی ڕابردوو، دەکرێت چەند ڕێکارێک بگرینە بەر. وەکوو پێشتر ئاماژەم پێ کرد، کارکردن لەسەر ئەوەی پێی دەوترێت Minimum Consensus Model، واتە کۆدەنگی لەسەر لانیکەمێک کە خواستی گشتیی خەڵکی کوردستانە. بە دامەزراوەییکردنی بڕیار و ڕێککەوتن، بابەتێکی گرنگی دیکەیە کە دەتوانێت گەرەنتیی پابەندبوونی هەمووان بە بڕیارە گشتییەکانی ناوەند یان بەرەیەکی کوردستانی بێت؛ تا کاتێک کە پەیوەندییەکان لە ئاستی تاکەکەسی و بابەتی کەسیدا بمێنێتەوە، ڕیسکی سەرنەکەوتن زیاترە. هاوکات لەبەر ئەوەی چارەنووسی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بابەتێکی گشتییە، ئاگاداربوونی ڕای گشتی لە ڕێککەوتنەکان و باسەکان زۆر گرنگە؛ ئەگەر هەموو باسەکان بە ڕوونی ڕوو بە کۆمەڵگەی کوردستان بکرێن و هەڵوێستی هەموو حیزبەکان لەسەر بابەتەکان بە ئاگاداریی ڕای گشتی بگات، تاکڕەوی و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی حیزبی، کۆنتڕۆڵکراو دەبێت و لایەن و حیزبەکان لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا بەرپرسانەتر هەڵسوکەوت دەکەن و دەبێت بەرپرسیارێتیی هەڵوێستەکانیان بگرنە ئەستۆ.

٧بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەنی جیاواز پێک دێت، بۆ نموونە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووناکبیر و ئەکادیمیسیانە بێلایەنەکان و هتد. ئاخۆ پەیوەندییەکی دوولایەنە و بنیادنەر لە نێوان ئەم پێکهاتە جیاوازانەی بزووتنەوەی کوردستاندا هەیە؟ یان هەر لایەنێک وەک دوڕگەیەکی لێک دابڕاو خەریکی کاری خۆیەتی؟

  • پەیوەندیی حیزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، پەیوەندییەکی ئاڵۆزە. ساڵانێکی زۆرە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی تێدا بەدی دەکرێت و ئەمە زیندووبوون و پێشکەوتووبوونی ڕۆژهەڵاتی وڵات دەردەخات؛ ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە کۆمەڵگەی کوردستانییان ڕێکخراوتر، مۆدێرنتر، سیاسیتر و لێکئاڵاوتر کردووە.

ئەوەی پێویستە حیزبەکانی کوردستان لەبەرچاوی بگرن، ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە نابێت بکرێنە تریبۆنی پڕوپاگەندەی حیزبی و سەربەخۆییان لێ بستێندرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو بزووتنەوانە بەحیزبی بکرێن، لە ئەرکی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە و کاریگەریی خۆیان لە دەست دەدەن و دەبنە بەشێک لە حیزب؛ لە حاڵێکدا ئۆرگانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەیی لەو بابەتە، بە سەربەخۆبوونیانە کە دەتوانن ببنە ئامرازێکی گرنگ بۆ پاراستنی ئازادییەکان و مافەکانی خەڵک و ڕێگە لە سەرەڕۆیی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی بگرن.

هەرچەند ئەو ڕاستییە ناتوانین لەبیر بکەین کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی و سیاسیی گشتیدان. لە مێژووی کاری جەماوەریدا، کۆمەڵە جێگەیەکی دیار و بەرچاوی هەیە و دەوری حاشالێنەکراوی لە بەهێزکردنی ڕێکخراوە جەماوەری و مەدەنییەکان و بنەمای فیکریی بوونی ئەو جۆرە ڕێکخراوانەدا هەبوو کە لە بنەڕەتدا لە بیری چەپەوە هەڵقوڵاون. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندیی خەباتکارانە و مافخوازانەیان، دەورێکی گرنگیان لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی بزووتنەوەی گشتیدا هەیە.

ڕووناکبیران و ئەکادیمیسیانەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چالاکییان زۆرە و بەرهەمی باشیان بووە کە بزووتنەوەی کوردستان سوودی لێ بینیوە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی لاواز بوو. لە ڕاستیدا پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و سیاسەت، پاراستنی هاوسەنگیی نێوان دەسەڵات و ڕاستییە. لێرەدا حیزبەکان دەبێت ڕێز لە سەربەخۆیی زانست، لێکۆڵینەوە و کاری ڕووناکبیران بگرن؛ کارەکانیان بکەنە بنەما بۆ داڕشتنی سیاسەت و شێوەی کاری حیزبی و هەوڵ بدەن یارمەتیدەر و پشتیوانیان بن بەبێ ئەوەی بیانەوێت وەکوو کەسی حیزبی و بۆ تەئیدی خۆیان بەکاریان بێنن.

خاڵێکی گرنگی دیکە کە ئەرکی حیزبە سیاسییەکانە ئەوەیە کە ڕەخنەی ئەکادیمیسیەنە سەربەخۆکان وەکوو دژایەتی و دوژمنایەتی نەبینن، بەڵکوو گوێبیستی بن و هەوڵ بۆ ئەوە بدەن بیکەنە بنەمایەک بۆ چاکسازی لە سیاسەت و لە کاری حیزبیی خۆیاندا. بەداخەوە زۆر جار ڕووناکبیران تەنیا کاتێک بانگ دەکرێن کە حیزبێک پێویستی بە شەرعییەت یان وتارێکی «جوان» هەبێت بۆ کۆنفرانسەکانی. لە لایەکی دیکەوە، ئەکادیمیسیەنەکان و ڕۆشنبیران پێویستە زانستییانە و بەبێ هەستکردن بە قورسایی ئایدیۆلۆژیک کار بکەن؛ ئاکامی لێکۆڵینەوە و کارە زانستییەکانیان بەبێ ئەوەی بیروڕای تاکەکەسیی خۆیانی تێکەڵ بکەن، ڕابگەیەنن؛ بەرهەم و کەسایەتییەکەیان لە خزمەت بزووتنەوە و بەرژەوەندییە گشتییەکەدا بێت نەک کەسایەتی یان لایەنێکی دیاریکراو؛ گرنگتر لە هەمووی ئەوەیە کە وەکوو ڕەخنەگرێکی دڵسۆز لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی حیزبی سیاسی بڕوانن.

٨پرسی ستەم و نایەکسانیی جێندەری پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە کوردستان ژنان هەم لە لایەن پێکهاتە یاسایی، سیاسی و ئابوورییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەچەوسێنەوە و هەم کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان کولتوورێکی پیاوسالارە. ژنانی کوردستان هەوڵ و خەباتێکی زۆریان بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمە و گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری داوە. حیزبەکەی ئێوە چ بەرنامەیەکی واقیعی و کردارەکی بۆ ستەم و نایەکسانیی جێندەری هەیە و چۆن ڕووبەڕووی ئەو پرسە بووەتەوە؟

  • لە ڕوانگەی ئێمەوە «ئینسان» بناغەی ڕوانینە؛ واتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ڕەگەزی بایۆلۆژی و مەیلی ڕەگەزی، هەموو تاکەکان خاوەن مافی یەکسانن. کۆمەڵە ستەمی سەر ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکان وەک دەرهاویشتەی سێ هۆکار دەبینێت: یەکەمیان سیستەمی باوک/پیاوسالارە کە ژێرخانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئەو ستەمەیە؛ دووەمیان سیستەمی سەرمایەدارییە کە قازانجپەرەستانە ئەو ستەمە درێژ دەکاتەوە و بەرهەمی دێنێتەوە؛ سێیەم ئایینە، کە وەکوو ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بە ستەمی ڕەگەزی لە لایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەبرێت.

ستەمی ڕەگەزی سەرەڕای ئەوەی دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام لە هەر شوێنێک، لەوانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی دۆخی وڵاتەکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ئاستەکەشی جیاوازە؛ بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێت دۆخی وڵاتی خۆمان بناسین و چارەسەری گونجاو لەگەڵ ئەو دۆخە تایبەتەدا بدۆزینەوە. بۆ نموونە: یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کوردستان کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر قووڵتربوونی ستەمەکان هەیە، داگیرکراوبوونی کوردستانە.

کۆمەڵە بە شێوەی مێژوویی، کاری فیکری و کردەیی بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ نایەکسانیی ڕەگەزی کاری کردووە و مافی ژن و ناوی کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرێدراوی یەک بوون. ڕێگەخۆشکردن بۆ ژنانی خەباتکاری کوردستان بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستەکانی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا بەشدار بن، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو کە خەباتی ژنان و پلە و پێگەیانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان بۆ هەمیشە گۆڕی. ئەمڕۆش خەبات بۆ نەمانی ستەمی ڕەگەزی، ئەجێندایەکی سەرەکیی کاری کۆمەڵەیە و پێمان وایە کوردستان تا کاتێک یەکسانیی تێدا دەستەبەر نەبێت، بە تەواوەتی ڕزگار نەبووە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، دوا کۆنگرەی خۆی واتە کۆنگرەی ١٤ی بە «کۆنگرەی ژن، ژیان، ئازادی» ناو لێ ناوە و ئەمە قووڵبوونی بیری یەکسانیخوازانە لە ناو کۆمەڵەدا دەردەخات، کە ئەو دروشمە وەکوو سیمبولێک کە بە توندی گرێدراوی ئازادیی ژنانە بۆ ناوی کۆنگرەی خۆی هەڵدەبژێرێت.

بۆ قۆناغی دوای ڕزگاریی کوردستان، کۆمەڵە پلان و بەرنامەی دیاری هەیە کە لە بەرنامەی سیاسیی ئێمەدا هاتووە. ئەم پلانە لە ئاستی پەروەردە و یاسا و هەروەها بۆ ڕێگرتن لە بیری دواکەوتوو بۆ لەمپەردانان لە ڕێگەی ژناندا داڕێژراوە. هاوکات پێمان وایە پێویستە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان پلانێکی تۆکمەی درێژخایەنی هەبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو ژنانەی کە لە سایەی سیستەمی پیاوسالاریدا خەسار و ئازاریان چەشتووە و هەروەها بۆ ڕێخۆشکردن بۆ گەیشتن بە یەکسانی. بە کورتی، کۆمەڵە پرسی ژن لە پرسە نەتەوەیی و چینایەتییەکان جیا ناکاتەوە و پێی وایە ئەم ستەمانە «لێکدراو»ن (Intersectional). هاوکات ئێمە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» وەک بەڵگەیەکی زیندوو دەبینین کە دەری دەخات کۆمەڵگەی کوردستان ئامادەیی بۆ ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە هەیە.

٩لەم ساڵانەی ڕابردوودا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە گەشە بووە و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان هەوڵیان داوە داخوازییە جیاوازەکانی خۆیان – بۆ نموونە پرسە جێندەرییەکان، پرسی ژینگە و پرسی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی – لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردیدا جومگەبەندی بکەن. چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەم دۆخە هەیە و بۆچوونی ڕێکخراوەکەی ئێوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی چییە؟

  • لە ساڵانی ڕابردوودا تا هاتووە ڕۆشنبیریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کردووە. واتە خەڵک زیاتر وشیار بوونەتەوە و مانای مافخوازی قووڵتر چووەتە نێو کۆمەڵگاوە. ئەمڕۆ زۆرن ئەو کوردانەی بڕوایان بە داگیرکراوبوونی کوردستانە و بە مافی خۆیان دەزانن سەروەریی سیاسییان بەسەر وڵاتی خۆیاندا هەبێت. ساڵانێکی دووروودرێژ، داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کوردیان دا. لە ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەی دیار هەوڵ بۆ جێگیرکردنی ئەو ڕوانینە کە دانیشتووانی ئێران یەک نەتەوەن، هەم لە لایەن دەسەڵاتی پاشایەتی و هەم حکوومەتی ئیسلامییەوە کاری زۆری بۆ کرا. سازکردنی نەتەوەیەکی ساختە لەسەر بنەمای زمانی فارسی و مەزهەبی شیعە، ئامانجی تواندنەوەی نەتەوەکان و دابەزاندنیان بوو بۆ ئاستی قەوم و بەشێک لە «نەتەوەی مەزن»ـی ئێران؛ سەرکوت و هێرش بۆ سەر هەر تاک و لایەنێک کە ئەو ناسنامە ساختەیە قبووڵ ناکات، مێژووی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردووی دەسەڵات لە ئێرانە.

ئەمڕۆکە کوردستان هەم لەباری جوگرافییەوە خەریکە دەچێتە سەر سنوورە ڕاستەقینەکانی خۆی و ئەو بەشانەی ساڵانێک هەوڵی دابڕانیان لە کوردستان درا، بوونەتە سەنگەری ئاوەدانیی شۆڕشی کوردستان؛ هەم لەباری ڕۆشنبیرییەوە مانای ناسیۆنالیستبوون ڕوونتر و ناوەڕۆکەکەی پێشکەوتووانە و ئینسانییە. مافخوازیی ئەمڕۆی نەتەوەی کورد، نەک دژایەتی و ڕق بەرامبەر بە نەتەوە و خەڵکی دیکە، بەڵکوو دژایەتیی داگیرکەران و دەسەڵاتدارانێکە کە مافی سروشتیی چارەی خۆنووسینیان لە کوردستان زەوت کردووە.

ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا هەڵگری مەیلێکی گشتخوازە و لەسەر بنەمای جۆرێک خۆبەزلزانینی نەتەوەیی بنیات نراوە و فۆرمێک لە گەڕانەوە بۆ دواوەی تێدایە. ناسیۆنالیزم دەتوانێت بیرۆکەیەک بێت کە هەوڵ دەدات لەناو قووڵایی مێژوودا بەدوای سەلماندنی جیاوازبوون و تایبەت بوونی خۆیدا بگەڕێت و بیکاتە بیانوویەک بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆی بەسەر «ئەوانی دیکە»دا. نموونەی ئەو ڕوانینە لە هەڵگرانی بیری «ئێرانی یەکپارچە»دا دەبینین، کە ئەمڕۆ بووەتە گرفتێک لەسەر ڕێگەی پێشکەوتن و ئازادی و دیموکراسی. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەم ڕوانینە لەسەر بنەمای دابەشکردنی مرۆڤ بە «ئێمە»ی باڵادەست و «ئەوان»ی ژێردەست دامەزراوە و پەنا بۆ ڕابردوویەکی ئەفسانەیی و شکۆمەندییەکی وەهمی دەبات بۆ ئەوەی خەڵک کۆ بکاتەوە. ئەمەش ڕێگرە لەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی مۆدێرن و عەقڵانی بیر بکاتەوە، چونکە سۆز دەخاتە پێش عەقڵ. ئێریک هابسبام لە کتێبی (The Age of Extremes, 1994) سەبارەت بە سەرهەڵدانی نازیزم و فاشیزم لە ئەڵمانیا، باسی ئەوە دەکات کە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی نازیزم، گەڕان لە قووڵایی مێژوویەکی ونبوودا بوو بۆ ئەوەی شتێک بدۆزنەوە کە بۆ ناساندنی خۆیان وەک نەتەوەی هەڵکەوتووی مێژوو، پشتی پێ ببەستن.

بەڵام ناسیۆنالیزمی ناو بزووتنەوەی کورد لە فۆرمی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بندەست و ڕزگاریخوازە و ڕووی لە پێشکەوتنە. بۆ نەتەوەیەک کە خاکەکەی داگیر کراوە، ناسیۆنالیزم «دواکەوتوویی» نییە، بەڵکوو تاکە کەرەستەی «بەرگری»یە. کەواتە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ئەو دوو ناسیۆنالیزمەدا هەیە و من هەوڵ و خەباتی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی سەروەری بەسەر خاک و وڵاتی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، بە ڕەوتێکی مافخواز و یەکسانیخواز پێناسە دەکەم، کە چەپ وەکوو بنەمای فیکری و ڕوانینی ئێمە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کاری بۆ بکات. ئێمە خوازیاری یەکسانی و بەرابەری و سڕینەوەی هەموو جۆرە ستەمێکین، کەواتە یەکسانیی نێوان نەتەوەکانیش ئەرکی ئێمەیە. بەم شێوەیە من بنەمای هەوڵدانی نەتەوەی کورد بۆ سەروەری بەسەر چارەنووسی خۆیدا، لە چوارچێوەی مافخوازیی نەتەوەیەکی داگیرکراودا پێناسە دەکەم کە هەوڵ دەدات بە شێوەی یەکسان و هاوشان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ببینرێت، واتە نە کەمتر و نە زیاتر.

بۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، وەکوو لە بەرنامەی سیاسیی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ (کۆنگرەی ژن، ژیان، ئازادی)دا هاتووە: «بناغەی خەباتی کۆمەڵە بۆ ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر ئەو ڕوانینە دامەزراوە کە دەسەڵات بەسەر خاکی کوردستاندا مافی خەڵکی کوردستانە و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی کە لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد خۆی بەسەر ئەم وڵاتەدا زاڵ بکات، نایاسایی و ناڕەوایە. لە ڕوانگەی ئێمەوە داگیرکراوبوونی کوردستان ڕێگری سەرەکیی سەروەری، ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەختەوەریی نەتەوەی کورد و کوردستانییەکانە».

کەواتە داگیرکراوبوونی کوردستان کاریگەریی لەسەر هەموو پرسەکان هەیە و هاوکات کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە شوێنی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەرکی خۆی بە هەوڵ بۆ ڕزگاری و بەختەوەریی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان دەزانێت، ئەو بەختەوەرییە لە چوارچێوەی چارەسەریی پرسە سەرەکییەکانی دیکەدا دەبینێت. ئێمە خەڵکی کوردستان بە شیاوی ژیان لە کوردستانێکی سەربەست، دادپەروەرانە و یەکسان و ئازاد دەزانین. ڕزگاربوونی کوردستان لە داگیرکاری، چەترێکی بەرینە کە لە ژێریدا هەوڵ بۆ دابینکردنی ژیانی شیاو بۆ خەڵکی چەوساوە، یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان، ژینگەیەکی پارێزراو کە بە شێوەیەکی دروست بۆ بەختەوەریی خەڵکی کوردستان سوودی لێ وەردەگیرێت و چارەسەرکردنی دەیان پرسی دیکە، دەتوانێت خەڵکی وڵاتی ئێمە بگەیەنێتە ڕزگاری و بەختەوەرییەک کە شیاوین.

١٠داواکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ فۆرمی خودموختاری، فیدرالیزم و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک پێک دێت. بەشێک لەم حیزبانە خۆیان بە ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی دەزانن، لە کاتێکدا حیزب هەیە بە هەموو جۆرێک دژایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات. ئەم ناکۆکییانە لە گوتار و ئایدیۆلۆژیایاندا چ کاریگەرییەکیان لەسەر کاری مەیدانی و یەکگرتوویی نێوان ڕێکخراوەکان دەبێت؟

  • جیاوازی لە ڕوانین و بەرنامەی سیاسی بۆ داهاتووی کوردستاندا، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە نەتەوەی کورد بۆی هەیە چارەنووسی سیاسیی خۆی لە وڵاتی خۆیدا دیاری بکات. هاوکات بیرمان بێت کە کۆمەڵگە و حیزبەکانی و ڕێگەچارەکانیش، بابەتگەلێکی نەگۆڕ و چەقبەستوو نین و دایمە لە گۆڕان و نوێبوونەوەدان. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ستەمی نەتەوایەتی لە کوردستان پێشنیار دەکەین، یان پێمان وایە کورد بەو ڕێگەیە بە ڕزگاری دەگات، ئاکامی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەمڕۆمانە لە بابەتەکە؛ لەوانەیە لە داهاتوودا لە ئاکامی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو ڕێگەیە ناکارا بێت و وەڵامدەرەوەی دۆخەکە نەبێت، بەڵام ئەوەی نەگۆڕە، خاوەنمافبوونی خەڵکە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن. بۆیە ناکۆکی لە ڕوانینی سیاسیدا و بوونی چارەسەری جیاواز، تا ئەو کاتەی ئێمە بە مافی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری پابەند بین، نابێت ببێتە ڕێگرمان. کوردستان ڕەنگاوڕەنگە و مەیل و ویستی جیاوازی تێدایە و ئەمە دەبێت وەکوو خاڵی بەهێز ببینین نەک خاڵی لاواز؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە قبووڵ کەین کە کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکاری، پێویستی بە هێزی هەموو تێکۆشەرانی خۆی هەیە و هیچ گارانتییەک بۆ پلانێکی ئەمڕۆ داڕێژراو لە داهاتووی پاش ڕزگاریدا نییە، بەڵکوو دەنگی خەڵک و بڕیاری جەماوەرە کە ئەو یەکلایی دەکاتەوە کە چ چارەسەرێک بۆ وڵاتەکەیان بە شیاو دەزانن. دیارە دیسان ئەو بڕیارەش بڕیارێکی کۆتایی نییە و دەتوانێت گۆڕانی بەسەردا بێت، وەک چۆن لە باشووری کوردستان خەڵک سەرەتا ژیان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیان پێ باش بوو، بەڵام دواتر لە ڕیفراندۆمێکدا زۆرینەیەکی مەزنیان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.

تەوەری سێیەم: ئاسۆی گۆڕانکارییەکان و ئاڵنگارییەکان

١١لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دینامیزمی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان زۆر خێراتر بووە. ڕووداوەکان زوو ڕوو دەدەن و زۆر کات پێشبینی نەکراون. ئەو لایەنانەی پلانی تۆکمەتر، لۆبیی بەهێزتر و میدیای چالاکتر و هێزی زۆرتریان هەیە، باشتر دەتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییشدا کەڵک لە گۆڕانکارییەکان وەربگرن و قازانج و ویستەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن. هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بە لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان میدیا، لۆبی و پلانێکی لاوازیان بۆ بەرەوپێشچوونی گۆڕانکارییەکان هەیە. لە بەرانبەردا، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەباری کاری ڕێکخراوەیی، هێزی جووڵاندنی شەقام و مەشرووعییەتی مێژوویی لە ئێرانییەکان بەهێزترن. بەڵام ئەو بەهێزییە تەنیا بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا ڕەنگە زۆر کاریگەریی لەسەر قۆستنەوەی دەرفەتەکان نەبێت. بۆیە زۆر کات دەبینرێت وڵاتانی ڕۆژئاواییش بۆ پرسەکانی ئێران و کوردستان لایەنە ئێرانییەکان بە بەردەنگ وەردەگرن. چارەتان بۆ چارەسەریی ئەم گرفتانە چییە؟ ئاخۆ هیچ هەنگاوێکتان بۆ پڕکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی کوردستان بە مەبەستی بەشداریی زیاتر و کاریگەرتر لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە؟

  • پێویستە سەرەتا دان بەوەدا بنێین کە بەڵێ، ئێمە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی ئێستا لە ناوچەکەدا (کە خێراییەکی زیاتریان بە خۆوە بینیوە) تا ڕادەیەک وەدواکەوتووین و دەبوو زۆر پێش ئەم ڕووداوانە خۆمان لە دەوری بەرە یان پلاتفۆرمێک ڕێک بخستایە بۆ ئەوەی وەک یەکە، زمان و سیاسەتێکی یەکگرتوو بەرەو گۆڕانکارییەکان هەنگاومان هەڵبگرتایە. هەر لایەنە و خاوەن جۆرێک هێزی میدیاییە و هاوکات لە جێی خۆیەوە بە ناوی حیزبی خۆیەوە هەندێک هەنگاوی دیپلۆماسیش هەڵدەگرێت، بەڵام ڕاستیی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە ئاستی جیهانیدا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ حیزبێک کە نوێنەری بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستانە، ناچێتە سەر مێزی دیالۆگ و گفتوگۆ، بەڵکوو دیپلۆماسیی جیهانی لە باشترین حاڵەتی خۆیدا، لانیکەم بۆ ئێمە کە خاوەنی کیانێکی دانپێدانراو نین، تەنیا دەتوانێت وەک کورد و داواکارییەکانی، لەگەڵمان بێتە سەر مێزی دیالۆگ و گوێمان بۆ بگرێت. واتە ئەگەرچی ئێمە خاوەنی دەوڵەت نین کە بتوانین لە ئاستی جیهانیدا وەکوو نوێنەری ئەو یەکە سیاسییە دەربکەوین، بەڵام ئەگەر ئێمە لە نێو خۆماندا پلاتفۆرمێکی یەکگرتووی کوردستانیمان هەبوایە، دەکرا وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ڕۆڵمان لە گۆڕانکارییەکاندا زیاتر بوایە و بەم شێوەیەش کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵمان هەڵسوکەوتی دەکرد.

پێچەوانەی ئەمە وەک لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەزموون کرا، ئەوە بوو کە دەبوو بۆ ئەوەی ڕەوابوونێک بۆ کورد بەدەست بهێنین بچینە ئاڵقەی سیاسەتی ئێرانی و لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەواندا داواکارییەکانی خۆمان بەرز بکەینەوە، کە ئەویش هەر حیزبە و لەگەڵ بەرەیەکدا خۆی دەبینێتەوە؛ کە بەداخەوە لەم بەشەدا ئەو لایەنە ئێرانییانەی دەرفەتی زۆرتریان بۆ دیپلۆماسی هەیە، بە هیچ جۆرێک نایانەوێت دان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا بنێن و تەنانەت وەکوو نەتەوە نکۆڵیمان لێ دەکەن؛ کەواتە دەنگی کورد و خەباتەکەی لە ڕاستیدا لە نێو تەمومژی سیاسەتی «ئێرانی»دا بە تەواوەتی ون دەبێت یان دادەبەزێت بۆ ئاستی هەندێک داواکاریی کولتووری و زمانەوانی و بە قسەی ئەوان قەومی. لێرەشدا کۆمەڵگەی جیهانی بە پلەی یەکەم ڕووی وتەکانی لەو بەرەیە دەبێت کە لە بواری مێژووییەوە ناسراوتر و دەنگی بەرزترە و وەک ئاماژەی پێ کرا، میدیای بەهێزتری هەیە.

نەتەوەیەکی خەباتکار کە یەکگرتووانە و لە سەرەتاوە پڕۆسەی بەناو ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامیی بایکۆت کرد و دژی هێرشی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا ڕاوەستا، هەزاران حەماسەی بەرگریی پێشمەرگانە و خۆڕاگریی چالاکانی سیاسیی ناو زیندانەکانی خولقاندووە، دەیان خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرکەوتووانەی ملیۆنیی ئەزموون کردووە، خاوەنی شۆڕشی ژینایە کە یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، خاوەنی وشیاریی کۆمەڵایەتی بەرز و کولتووری ژینگەپارێزییە کە لە خۆیدا پرسێکی جیهانییە؛ دەبوو ئێستا لەسەر دەستی حیزبەکانی، خاوەن بەهێزترین پلاتفۆرمی کوردستانی ببوایە و لە ئاستی خەباتی شکۆمەند و لەمێژینەی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهاندا خۆی دەربخستایە. ئەوەی حیزبە کوردستانییەکان پێویستە بیزانن و گرنگیی تایبەتی لە بەهێزبوونی کورد وەکوو ئەکتەرێکی سیاسی لە گۆڕەپانی جیهانیدا هەیە، ئەوەیە کە ئێمە دەبێت «هێزی شەقام» بگۆڕین بۆ «پێگەی سیاسی»، واتە بە پشتبەستن بەو یەکگرتووییەی لە شەقامی کوردستاندا دەبینرێت، سوود وەرگرین بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا پێگەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهێز بکەین. بە پشتبەستن بە شەقام دەبێت دەریبخەین کە هیچ گۆڕانکارییەک لە ئێراندا بەبێ ڕەچاوکردنی ماف و ئیرادەی بزووتنەوەی کوردستان سەرناگرێت.

بەم پێیە، بوونی میدیایەکی بەهێز کە بتوانێت سەرنجی جیهانی بۆ لای پرسی کورد ڕابکێشێت، یان نوێنەرایەتییەکی هاوبەش کە بتوانێت لە دەرەوە لۆبی و دۆست بۆ کورد دروست بکات و بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، تەنانەت بۆ بەشداری لە هەر هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئێرانییەکان، لە ڕاستیدا لە ڕێڕەوی سەرپێخستنی پلاتفۆرمێکی کوردستانییەوە مسۆگەر دەبێت. دیارە لەم پەیوەندییەدا ئێمەش وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پلانێکمان بۆ ئەم بابەتە پێشکەش کردووە، وەک ئەوەی لایەنەکانی دیکەش خاوەن جۆرێک پلانن بۆ ئەم پرسە، بەڵام هەندێک بەربەست هەن کە هەم لایەنی ستراتیژی و جیاوازی لە ڕێبازدا هەیە، هەمیش جۆرێک هەوڵدانی تاکلایەنە بە مەبەستی خۆدەرخستن وەک تەنها نوێنەری هەموو کورد دەبینرێت، کە ڕاستییەکەی تا ئەمڕۆ هەر جارە و دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ کەوتووەتەوە.

کەواتە تاکە ڕێگەی دەرکەوتنی کورد وەک ئەکتەرێکی بەهێز و کاریگەر لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا، گەیشتنە بە پلاتفۆرمێکی کوردستانی کە یەکەم زمانی حاڵی بزووتنەوەی کوردستان و خواستەکانی نەتەوەی کورد بێت و هەموو لایەنێک خۆی تێدا ببینێتەوە و دواتریش پرسی کورد بکاتە گرنگترین ئەجێندای هەر بەشدارییەکی لە کۆڕ و کۆبوونەوەیەک لە ئاستی جیهانیدا. خاڵێکی گرنگی دیکە کە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت، بوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کرێکاران، ژنان، ژینگەپارێزان، منداڵان و هتد. ئەم ڕێکخراوانە خاوەن ئەزموون و چالاکییەکی بەهێز و ناسراون؛ بەستنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بە بزووتنەوە جیهانییەکانەوە و بەشدارییان لە کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەییدا، دەتوانێت دەوری بەرچاوی هەبێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی.

١٢بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێراندا ڕاوەستاوە؟ ئاخۆ ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە قۆناغی گۆڕانی ڕژێمدا بەشدار دەبێت، یان چاوەڕوان دەکرێت پاش ڕووخانی ڕژێمیش بەشێکی لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت؟ هاتنەسەرکاری ڕژێمێک لە ئێران کە لەگەڵ ئاراستەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بێت، بەڵام لە ناوخۆدا ئامادە نەبێت دان بە هیچ مافێکی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا بنێت، ڕەنگە دۆخی بزووتنەوەی کورد لەوەی هەیە ئەستەمتریش بکات. پێتانوایە ئەگەری سەرکەوتنی وەها سیناریۆیەک هەیە؟ گەر وەها سیناریۆیەک ڕوو بدات پلانتان چی دەبێت؟

  • پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بە بیری خۆمان بهێنینەوە کە ڕژێمە پان‌ئێرانیست و ناوەندخوازەکان بە درێژایی مێژوو، هەموو پلانێکیان بۆ ئەوە بووە کە هەر جۆرە جیاوازییەک ڕەت بکەنەوە؛ واتە سەرەتای دەسپێکی «ئێرانی مۆدێرن» بە هەوڵدان بۆ داسەپاندنی یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و سڕینەوەی هەر جۆرە دەنگ و ڕەنگێکی جیاواز دەستی پێ کرد، بۆیە هەموو شۆڕشەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانووی هەوڵدان بۆ دابەشکردنی ئێران، بێجیاوازی کەوتوونەتە بەر پەلاماری ڕژێمە ناوەندخوازەکان.

بۆ ساڵانێکی دووروودرێژ پرسی کورد بە گشتی لە ئاستی جیهانیدا وەک بابەتی ئاوارە و لێقەوماوان چاوی لێ دەکرا کە دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مافەکانیان بپارێزرێت، بەڵام ئەمڕۆ بە خەبات و تێکۆشانێکی بەردەوام و چڕوپڕەوە، بە خۆشییەوە بزووتنەوەی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، لە قۆناغی وشیارییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی گشتگیردایە کە چیدی پرسی کورد نەک ناتوانرێت پەراوێز بخرێت و بچووک بکرێتەوە، بەڵکوو ئێرانی داهاتوو بەبێ چارەسەرێکی سیاسیی دیموکراتیک بۆ پرسی کورد و بەبێ داننان بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ ئەم نەتەوەیە، ناتوانێت سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت. بۆیە ڕۆڵی بزووتنەوەی کورد کە بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا پانتاییەکی گەورەی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە، لە ئاستی گۆڕانکارییەکانی بەردەمدا زۆر کاریگەر و چارەنووسسازە.

لە ئێران هەوڵدان بۆ سەقامگیرکردنی دیموکراسی هەیە و نابێت ڕۆڵیان لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵام ئەزموونە مێژووییەکە پێمان دەڵێت کە هەرچەند دوای شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران، هەنگاوگەڵێک هەڵگیرا بۆ پرسی دیموکراتیزەکردن، بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا هاتووەتە بەرهەم، دوو سیستەم و دەسەڵاتی دژەدیموکراسی و پاوانخواز بوون کە لە دوو ئەزموونی شکستخواردووی پاشایەتی و دەسەڵاتی ئایینیدا خۆیان دەرخست. ئێستاش وێڕای ئەوەی کە ڕژێمی ئێران لەسەر لێواری کۆتایی تەمەنی ڕاوەستاوە، ئاڵتەرناتیڤێکی بەهێزی دیموکراتیک کە بتوانێت داهاتوویەکی ڕوون بخاتە بەردەم جەماوەر و نەتەوەکان، لە ئاستی جوگرافیای سیاسیی ئێراندا بەدی ناکرێت، و ئەمە ئاراستەی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لەگەڵ هەندێک بەربەست و گرفتی جیدی ڕووبەڕوو دەکاتەوە.

ئێمە وەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، هەر لە سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە، لە خەباتێکی بەردەوام و نەپساوەدا دژی ئەو ڕژێمە بووین و ئەو سەردەمە بە تەنیا کەوتینەوە؛ ئێستا هەرچەند زۆر درەنگە بەڵام ناوەڕۆکی ڕژێم هەم بۆ خەڵکی ناوخۆ و هەمیش هێزە دەرەکییە جیهانییەکانیش بە ڕوونی دەرکەوتووە، بۆیە بێگومان ئێمە وەک کورد درێژە بەو خەباتە دەدەین و پێشوازیش دەکەین لەو هێزانەی بەشداری لەم خەباتەدا دەکەن بۆ ڕووخاندنی ڕژێم؛ بەڵام ئەوەی ئایا ئێمە تەنیا تا قۆناغی ڕووخان بەشداری دەکەین یان لە درێژەی پڕۆسەکە و داڕشتنی سیستەمی نوێشدا بەشدار دەبین، پەیوەندی بە ئاڵتەرناتیڤەکان و چۆنیەتیی ڕوانین و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ مافی نەتەوەیی کورددا دەبێت.

سەرەتا ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە قازانجی نەتەوەی کوردە، کە خەسارلێکەوتووی سەرەکیی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەر و پاوانخوازە بووە؛ بەڵام ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەتەنهایی مافی نەتەوایەتیی کورد و داخوازییەکانی دیکەی ئێمە مسۆگەر ناکات. ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە پشتبەستن بە ڕێباز و بەرنامەی سیاسیمان لە بارودۆخی تێپەڕبوون لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و دەستبەکاربوونی سیستەمی نوێ، داوای مافێکی پەسەندکراوی نێو جاڕنامەی نێونەتەوەیی بۆ گەلی کورد دەکەین، کە تێیدا جەماوەری خەڵکی کوردستان بە ئیرادەی ئازادانەی خۆیانەوە لە کەشوهەوایەکی دیموکراتیکدا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن کە چ فۆرم و سیستەمێکی سیاسی لە ئاستی ئێران و کوردستاندا بە شیاو دەزانن و ئامادەن بەشداریی تێدا بکەن؛ ئێمە ئەمە بە بنەمایەکی گرنگی دیموکراسی دەزانین. ئەگەر خەڵکی کورد بڕیاریان دا کیانێکی سەربەخۆ پێک بهێنن، داوامان ئەوەیە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ئەم مافە بۆ خەڵکی کوردستان بە فەرمی بناسن و پشتیوانیی بکەن وەک یاسایەک کە خۆیان پەسەندیان کردووە، ڕەچاوی بکەن و هەموو هەوڵێک بۆ ئەو ئامانجە دەدەین. ئەگەریش بڕیاری خەڵکی کورد ئەوە بوو کە بیەوێت لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی ئێراندا بمێنێتەوە، بێگومان ئەو مانەوەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەبێت فۆرمی دەسەڵاتداری و ڕوانین بۆ کۆی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە یاساوە گۆڕانی بنەڕەتییان بەسەردا بێت و کۆتایی بە ناوەندگەرایی و پاوانخوازی بهێنرێت.

بەڵام هاوکات بۆ هەموو هێزەکانی کوردستان پێویستە و ئەرکێکی مێژووییە کە ئەگەر لە داڕشتنەوەی یاسای نوێدا بەشدار بوون، پێداگری لەسەر مافی چارەنووسی خەڵکی کورد بکەنەوە و وەک بڕگەیەکی یاسایی کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، بیبەنە نێو یاسای گشتی. ئەگەر بێت و کورد سەرەتا لەو دۆخە ئاڵۆزەدا نەتوانێت پێداگری لەسەر ئەو خاڵە گرنگانە بکاتەوە کە پەیوەندیی بە داهاتووی ئەم نەتەوەیەوە هەیە و ڕێگە بدات ئێرانی داهاتوو لەسەر سڕینەوە و پشتگوێخستنی مافی نەتەوەکان بنیات بنرێت، ئەوا ڕێگە بۆ بەردەوامیی بێمافی و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد خۆش دەکات و درەنگ یان زوو، سەرلەنوێ بەرەوڕووی هەمان مێژووی هێرشی دەسەڵاتی ناوەندخواز و پاوانخوازەکان دەبێتەوە. ئەگەر بێت و سیستەمێکی دۆستی وڵاتانی دەرەوە بێتە سەر دەسەڵات و هاوکات بیەوێت پرسی کورد بە تەواوی وەلا بنێت، ئەوە دوورەدیمەنێکە کە دڵنیام بە دڵی هیچ تێکۆشەرێکی ئازادیخواز نییە؛ واتە ناچاربوون بە قبووڵکردنی دەسەڵاتی نوێ و ڕەنجبەخەساربوونی شۆڕشی کورد. بەڵام سیناریۆی وەها دەبێت هەمیشە بۆ کورد بابەتێکی بیرلێکراوە بێت کە ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی گەشە، وشیاری و پانتاییەک کە شۆڕشی کوردستان بەدەستی هێناوە، بۆ دەسەڵاتی داهاتووش ئاسان نییە فاکتۆری کورد لەبەرچاو نەگرێت. لێرەدا ئەڵبەتە بەشێکی هەرە گرنگیشی پەیوەندیی بە فاکتۆری ناوخۆیی کورد و ئامادەیی و خۆڕێکخستنی لە پلاتفۆرمێکی کوردستانیدایە کە تێیدا هەموو خواستەکانی فۆرمولەکراو بێت. ئەگەر کورد یەکگرتووانە خاوەن پلانێکی تۆکمە بێت، بە دڵنیاییەوە ئامادەیی بۆ هەر سیناریۆیەک هەیە و ڕێگە نادرێت خەباتی خەڵکی کورد بێ دەستکەوت تێپەڕێت.

١٣دۆخی دابەشکاریی کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا، ئاستی جیاوازی پەیوەندی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا دروست کردووە. ئەم هەلومەرجە چ کاریگەرییەکی لەسەر جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی ئێوە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا هەیە؟ چۆن ئەو پەیوەندییانە بۆ ڕای گشتی شی دەکەنەوە و پاساوی دەدەنەوە؟

  • مێژوو دەریخستووە کە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان ئەگەر دۆستایەتیی حیزبێکی کوردستانییان کردبێت، تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بووە و هیچکات نەیانویستووە دۆستی خەباتی نەتەوەی کورد لە هیچ بەشێکی کوردستاندا بن و بە کردەوەش هەر ئەوەیان کردووە. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە و بە پشتبەستن بە پرەنسیپەکانی خۆی لە هەموو مێژوویدا (مێژووی هاوبەشی کۆمەڵە و مێژووی خۆشمان وەکوو حیزب)، بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان جووڵاوەتەوە و هیچکات هیچکام لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانمان بە دۆستی خۆمان نەزانیوە و هیچ پلانێکیشمان بۆ دۆستایەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا نەبووە و نییە.

لە سەردەمێکی دیاریکراودا، لە کاتی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان حکوومەتەکانی ئێران و عێراقدا، ئێمە وەک هێزەکانی ڕۆژهەڵات، پەیوەندییەکی دیپلۆماتیکمان لەگەڵ حکوومەتی ئەوکاتی عێراقدا هەبووە و ئەمەشمان بە مەبەستی بەرژەوەندیی شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها یارمەتیدانی شۆڕش لە باشووری کوردستاندا بەکارهێناوە؛ هیچکات نەبووینەتە هاوکاری دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان بە مەبەستی زیان گەیاندن بە شۆڕش لە بەشێکی دیکەی کوردستاندا. ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە وێڕای ئەوەی لە ژێر گوشاردا بوون، هیچکات دژی بەرژەوەندیی بەشێکی دیکەی کوردستان نەجووڵاونەتەوە.

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!