گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

وتووێژ لەگەڵ بابەشێخ حوسەینی. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

لە ڕاستیدا سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هەر لە ساڵەکانی سەرەتای پێکهاتنییەوە هەوڵی داوە تەنیا لە چوارچێوەیەکی چەقبەستوودا نەبێت، تا بتوانێت گۆڕانکاریی ئەرێنی لە خۆیدا بگونجێنێت. سازمانی خەبات لە ماوەی حەوت کۆنگرەدا چەندین ئاڵوگۆڕی فکری و بەرنامەی کاری پەسند کردووە، کە هەمووی لە چوارچێوەی ئامانج و ویستەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا بووە و پەرەدان بە دیموکراسی و فرەچەشنی و فرەڕەهەندی و گرنگیی زیاتر بە خەباتی جەماوەری و لە بنەڕەتدا ڕێبەرایەتیکردن و پێشڕەویی جەماوەر بووە.
لە دوای شۆڕشی ژینا سازمانی خەبات زیاتر لە ڕابردوو پێداگریی کردووە لەسەر هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و ئەندامان و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات ڕاسپێردران لەو چوارچێوەیەدا چیی لە توانایاندایە ئەنجامی بدەن، هەروەها تێکەڵ بە هیچ گرژی و قسە و باسی نەشیاو لە دنیای مەجازیدا نەبن و لەبەر قازانجی نیشتمانی و نەتەوەیی، خۆیان لە قسە و لێدوانی زبر و ناپێویست بپارێزن. سازمانی خەبات باوەڕی بە دروشمی بێ ناوەڕۆک نییە و زیاتر پشت بە کردەوەکانی لە چوارچێوەی خزمەت بە کورد و کوردستان دەبەستێت.

وتووێژ لەگەڵ بابەشێخ حوسێنی
١- سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئێران، زۆر گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێ کەوتەوە. لە ئاستی کۆمەڵگاکانی کوردستان و ئێران بۆ یەکەم جار بوو لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەشداریی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر شەقام کرد. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕادیکاڵترین و بەرینترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت. بزووتنەوەی ژینا توانی نەزمی سیاسیی ئێرانی تووشی ئاڵنگاری بکات و ئێستا ڕژێم توانای گەڕاندنەوەی نەزمی پێشووی نییە. جیا لە کاریگەرییە سیاسییەکان، بزووتنەوەی ژینا کاریگەریی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتیشی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەیە. حیزبەکەی ئێوە چۆن هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بگونجێنێت؟ ئەو گۆڕانکارییانە چین کە ڕێکخراوەکەی ئێوە دوای بزووتنەوەی ژینا لە خۆیدا پێکی هێناوە؟
• سڵاو و ڕێز بۆ خوێنەرانی بەڕێزی تیشک و بەڕێوەبەرانی تیشک.
لە ڕاستیدا سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هەر لە ساڵەکانی سەرەتای پێکهاتنییەوە هەوڵی داوە تەنیا لە چوارچێوەیەکی چەقبەستوودا نەبێت، تا بتوانێت گۆڕانکاریی ئەرێنی لە خۆیدا بگونجێنێت. سازمانی خەبات لە ماوەی حەوت کۆنگرەدا چەندین ئاڵوگۆڕی فکری و بەرنامەی کاری پەسند کردووە، کە هەمووی لە چوارچێوەی ئامانج و ویستەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا بووە و پەرەدان بە دیموکراسی و فرەچەشنی و فرەڕەهەندی و گرنگیی زیاتر بە خەباتی جەماوەری و لە بنەڕەتدا ڕێبەرایەتیکردن و پێشڕەویی جەماوەر بووە.
لە دوای شۆڕشی ژینا سازمانی خەبات زیاتر لە ڕابردوو پێداگریی کردووە لەسەر هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و ئەندامان و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات ڕاسپێردران لەو چوارچێوەیەدا چیی لە توانایاندایە ئەنجامی بدەن، هەروەها تێکەڵ بە هیچ گرژی و قسە و باسی نەشیاو لە دنیای مەجازیدا نەبن و لەبەر قازانجی نیشتمانی و نەتەوەیی، خۆیان لە قسە و لێدوانی زبر و ناپێویست بپارێزن. سازمانی خەبات باوەڕی بە دروشمی بێ ناوەڕۆک نییە و زیاتر پشت بە کردەوەکانی لە چوارچێوەی خزمەت بە کورد و کوردستان دەبەستێت.
٢- لە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو وڵاتە، بە پێچەوانەی پێشوو، هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی – ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی و «گەڕاندنەوەی گەورەیی و دەسەڵات بۆ وڵاتەکەی خۆی» دەدات، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانیی پێکهێنانی گۆڕانکاریی سیاسی و کولتووری لەو وڵاتانەدا بکات. واتە مەرجەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردنی وڵاتان چیی دیکە تەنانەت وەک ڕیتۆریکیش بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی – ئابووری لەگەڵ ئەمریکادا پێویست نین. ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا چ واتایەکی بۆ ناوچەکە و بزووتنەوەی کوردستان هەیە؟ ئەگەری هەیە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ئەو نەزمە نوێیەدا بگونجێنێت؟ لە وەها ئەگەرێکدا چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ چییان لێ بەسەردێت؟
• لە چەندین ساڵ حکوومەتی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکادا، شاهیدی جۆرێکی نوێ لە سیاسەت و حوکمڕانی لەو وڵاتە بووین؛ ئەویش نەک تەنیا وەک ڕابردوو تەنیا لە چوارچێوەی قازانجی ئەمریکادا بووە، بەڵکوو لە ئێستادا لەسەر بنەمای قازانجی ئابووری و پاراستنی گەورەهێزیی ئەمریکایە لە جیهاندا.
ئەو سیاسەتە نوێیەی کە حکوومەتی ئەمریکا پەیڕەوی دەکات زیاتر بایەخ بە قازانجی ئابووری دەدات و پەیوەندییەکانی لەسەر ئابووری بنیاد دەنێت. سیاسەتی دۆناڵد ترامپ بە جۆرێکە شارەزایانی سیاسی ناتوانن بۆ کورتماوە و درێژخایەن خوێندنەوەی دروستی بۆ بکەن. سیاسەتی حکوومەتی ترامپ لە ئەمریکا، هەم داکۆکی لە مافی مرۆڤی تێدایە و هەمیش گوێ نەدان بە مافی مرۆڤ، هەم پارێزگاری لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکای تێدایە و هەمیش کەمتەرخەمی لە ئاست چارەنووسی هاوپەیمان و دۆستەکانی ئەمریکای تێدا بەدی دەکرێت.
دیارە لە ئەگەری ڕێککەوتنی ڕژێمی ئێران و ئەمریکا بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ئێراندا گۆڕانکاریی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت مەگەر ئەو کاتەی سیستەمی حوکمڕانی لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی بگۆڕدرێت.
سەرەڕای ئەو ڕاستیانەی باسم کردن، بە بۆچوونی من گەلی کورد لە سیاسەت و بەرنامەی حکوومەتی ترامپدا بایەخی دەبێت و دەکرێت هومێدوار بێت.
سەبارەت بە سیاسەتی ڕژێمی ئێران و ئەگەری خۆگونجاندنی لەگەڵ سیاسەتی نوێی ئەمریکا، بە بۆچوونی من ئەمریکا ئامادەیە لەگەڵ ڕژێمی ئێران ڕێک بکەوێت، بەڵام ئەوە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێرانن ئامادە نین داواکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردن و ئاسایی کردنی پەیوەندییەکان قبووڵ بکەن.
٣- شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل گورزێکی گەورەی سەربازی، سیاسی، و ئابووریی لە ڕژێمی ئێران دا. تێکشکاندنی هێزە نیابەتییەکانی ئێران، چڕتربوونەوەی گوشارەکانی وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا، خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە ژمارەیەک وڵاتی وەک ئوسترالیا، قووڵتربوونەوەی قەیرانە ئابووری – سیاسییەکانی ئێران، قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژێم و تۆخبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناو باڵەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران هەموو نیشانەکانی قۆناغێکی سیاسیی نوێ لە ناوچەکە و ئێرانین. ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە سیاسییە دەکەن؟ پرسیارێک هەیە ئاخۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ سیاسەتێکی نوێتان بۆ ئەم قۆناغە تازەیە هەیە یان هێشتا چاوەڕوانی گۆڕانکاریی زیاترن بۆ ئەوەی سیاسەتێکی نوێ بگرنە بەر؟
• مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو قۆناغە نوێیە، یەککەوتن و یەکگرتووییی بە کردەوە لە نێوان سازمان و حیزبە کوردستانییەکانی ئێراندایە و دەبێت کاری لە پێشینە و سەرەکییان بێت. یەکخستنی هێز و توانای سیاسی و پێشمەرگەیی و بەرنامەڕێژی بۆ ئیدارەکردنی کوردستان لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێم و پەیوەندی لەگەڵ سازمان و لایەنە سەرانسەرییەکانی ئێران کە باوەڕیان بە دیموکراسی هەیە و پابەندن بە مافی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران و مافی مرۆڤ و مافی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران، تۆکمە بکرێت، بۆ ئەوەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئاخوندی ڕێگە بگیرێت لە پشێوی و لە هەمان کاتدا بتوانرێت هەلومەرج لەبار بکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتیک.
٤- بزووتنەوەی ژینا بووە هۆی ئەوەی ڕیزبەندییە سیاسییەکان لەناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نەک تۆختر لە جاران، بەڵکوو گرژتریش ببێتەوە. حیزبەکەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕیزبەندییانەدا دەکات و خۆی لە کام بەرەدا دەبینێتەوە؟ ئەو بەرەیە تا چەند لەگەڵ پرسی کورد لە ئێران و دروشم و داخوازییە سیاسییەکانی ئێوە یەک دەگرێتەوە؟
• سازمانی خەبات لەگەڵ ئەو هێز و لایەنە سەرانسەرییانە پەیوەندیی هەیە و پەیوەندیی دەبێت کە باوەڕیان بە مافەکانی گەلی کورد و ئازادی و دیموکراسی هەیە. سازمانی خەبات لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شۆڕای میللیی مقاومەتی ئێران دۆست و هاوپەیمانە و پێی وایە شۆڕای میللی مقاومەتی ئێران ئەلتەرناتیڤێکی بەهێز و گونجاوە، بەتایبەت کە باوەڕی بە مافی خودموختاری بۆ نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێرانە و باوەڕی بە دەسەڵاتێکی دیموکراتیک بۆ ئێران هەیە.
٥- گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیکە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و پڕۆسە سیاسییە نوێیەکانی نێوان ئەم ڕێکخراوەیە و دەوڵەتی تورکیا بووە. لەبەر ئەوەی پرسی کوردستان پرسێکی لێک گرێدراوە و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەر پارچەیەک لە کوردستان کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکە دادەنێن، پێتانوایە کە ئەم قۆناغە نوێیە سیاسییەی باکووری کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت؟
• بێگومان هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک لە چالاکی و خەباتی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان کاریگەریی لەسەر پارچەکانی کوردستان هەیە، بەڵام کاریگەرییەکان تا ئەو ڕادەیە قورس و گەورە نابێت کە جووڵانەوەی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوەستێنێت.
٦- ساڵانێکی زۆرە کۆمەڵگەی کوردستان چاوەڕوانیی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی هاوبەشی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ناوەڕاستی بزووتنەوەی ژینادا ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردەوە لە کار کەوت. پێتان وایە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایدیۆلۆژیک و سیاسییەکان ئیمکانی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری سیاسیی هاوبەش لە نێوان ئەم هێزە سیاسییە جیاوازانەی کوردستاندا هەیە؟ چەند مانگێکە باس لە ناوەندی دیالۆگ دەکرێت. وێدەچێت تا ئێستا ئەم ناوەندە هێشتا هەر لە سەروبەندی ساخبوونەوەدابێت و بە ئەنجامی دڵخواز نەگەیشتبێت. گەورەترین بەربەستەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چین؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش لە نێوان ئەم هێزانەدا، چ میکانیزمگەلێک دەتوانن پێش بە لاوازییەکانی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش بگرن؟
• ناوەندی هاوکاری بەهۆی گرنگی نەدانی لایەنەکان بە بیروبۆچوونی یەکتر و هەوڵدان بۆ سەپاندنی ویست و بەرنامەکانی خۆیان لە ناوەندی هاوکاریدا، بەداخەوە نەیتوانی درێژە بە کارەکانی بدات. لە ئێستادا هەلومەرج لە ڕابردوو باشترە و ئەگەری پێکهاتنی ناوەندێکی هاوبەش و تەنانەت هاوپەیمانیی کوردستانی لەبارترە. لە ڕاستیدا ڕووداوە سیاسی و ئاڵوگۆڕەکان لە سیاسەتی جیهانی بەرانبەر بە ڕژێمی ئاخوندی و بەرچاوتر بوونی کێشەی گەلی کورد، بەسەر لایەنەکانی کوردستانیدا سەپاندووە کە دەبێت یەکگرتوو بن و چاوپۆشی بکەن لە بەشێک لە بەرنامە و سیاسەتی خۆیان.
ناوەندی دیالۆگ کاری باشی کردووە و لایەنە سیاسییەکان، باس و دیالۆگی ئەرێنییان لەبارەی پرسە جیاجیاکان کردووە و نزیکی هەیە لە ڕاوبۆچوونەکانی نێوانیان. هومێدوارم هەموو لایەنەکانی بەشدار لە ناوەندی دیالۆگ بڕیار بدەن بۆ ئەوەی ئەو ناوەندە بچێتە قۆناغێکی دیکە لە کاری هاوبەشی تۆکمە. دیارە دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت کە ئاسان نییە حەوت لایەنی سیاسی بە بیروبۆچوون و سیاسەت و بەرنامەی لێک جیاواز بتوانن کاری هاوبەش ئەنجام بدەن. بەڵام سەرەڕای کەند و کۆسپەکان و بوونی چەند ناکۆکییەک، ناوەندی دیالۆگ کاری باشی کردووە.
جیاوازیی بیروباوەڕ، جیاوازی لە شێوەی سیاسەت و شێوەی کارکردن و هەروەها هەندێک جار سەپاندنی ویستی لایەنەکان لە کاری هاوبەشدا ڕێگری سەرەکین بۆ پێکهاتنی هاوپەیمانی و ناوەندی کاری هاوبەش. هەر بۆیە ئەگەر ئەزموونەکانی ڕابردوو بخەینە بەرچاو و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگرین، دەتوانین کاری هاوبەشی تۆکمە پێکەوە بکەین.
٧- بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەنی جیاواز پێک دێت، بۆ نموونە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووناکبیر و ئاکادیمیسیانە بێلایەنەکان و هتد. ئاخۆ پەیوەندییەکی دوولایەنە و بنیادنەر لە نێوان ئەم پێکهاتە جیاوازانەی بزووتنەوەی کوردستاندا هەیە؟ یان هەر لایەنێک وەک دوڕگەیەکی لێک دابڕاو خەریکی کاری خۆیەتی؟
• بەخۆشییەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا نزیکیی بەرچاو لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی جووڵانەوەی مافخوازانەی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرچاو دەکەوێت و هومێد دەکرێت لێک نزیکبوونەوەی زیاتر لە نێوان سازمان و حیزبە سیاسییەکان و ئاکادیمیسیانەکان و ڕێکخراو و ناوەندەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی هەبێت.
٨- پرسی ستەم و نایەکسانیی جێندەری پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە کوردستان ژنان هەم لە لایەن پێکهاتە یاسایی، سیاسی و ئابوورییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەچەوسێنەوە و هەم کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان کولتوورێکی پیاوسالارە. ژنانی کوردستان هەوڵ و خەباتێکی زۆریان بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمە و گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری داوە. حیزبەکەی ئێوە چ بەرنامەیەکی واقیعی و کردارەکی بۆ ستەم و نایەکسانیی جێندەری هەیە و چۆن ڕووبەڕووی ئەو پرسە بووەتەوە؟
• بە باوەڕی سازمانی خەبات کاتێک دەتوانین بڵێین کوردستان و ئێرانی ئازاد، کە مافە بنەڕەتییەکان بۆ ئافرەتان دابین بکرێت و لە قانوونی ئەساسی و بنەڕەتی وڵاتدا بە شێوەیەکی ڕیشەیی و نەگۆڕ خاڵی تۆکمە لە مەڕ جێگە و پێگەی شیاو بۆ ئافرەتان پەسەند بکرێت. هەروەها لە چوارچێوەی بەڕێوەبەری و ئیدارەی ئۆرگان و ناوەندەکانی دەسەڵات ئافرەتان نەخش و پێگەی دیار و سەرەکییان هەبێت و هەوڵ بدرێت ئەو گشتە ستەم و ناڕەواییەی لە بەرانبەریاندا کراوە قەرەبوو بکرێتەوە.
دیارە سازمانی خەبات لە پەیڕەو و پڕۆگرامیدا بە وردی باسی ستەم لە ئافرەتانی کوردستان و هەروەها دابین کردنی ماف و ئازادییەکانیانی کردووە و بە جیددی کار بۆ ئەوە کراوە کە ئافرەتان نەخشی سەرەکییان لە ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبەریی سازمانی خەباتدا هەبێت. لە کۆنگرەکانی سێ، چوار، پێنج، شەش و حەوتەمی سازماندا ئافرەتان لە ڕێبەرایەتیی سازمانی خەباتدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراون.
٩- لەم ساڵانەی ڕابردوودا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە گەشە بووە و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان هەوڵیان داوە داخوازییە جیاوازەکانی خۆیان – بۆ نموونە پرسە جێندەرییەکان، پرسی ژینگە و پرسی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی – لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردیدا جومگەبەندی بکەن. چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەم دۆخە هەیە و بۆچوونی ڕێکخراوەکەی ئێوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی چییە؟
• بە بۆچوونی من، پرسی ژینگە، پرس و کێشەی ڕەگەزی، پرسی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ناسیۆنالیزم لێک جودان، چونکە ئەو پرس و کێشانە لەناو نەتەوەکانی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و خاوەن دەسەڵاتی نیشتمانی و نەتەوەییشدا بوونی هەیە و هەستم نەکردووە لەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیشدا لە یەک ئاست و هاوتای یەک حیساب کرابن. دیارە هاونیشتمانیان لە کوردستان و بەتایبەت چینی لاوان گرنگیی زۆر بەو پرسانە دەدەن، بەڵام هاوتەرزای پرسی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی نایبینن.
دیارە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئێستادا لەناو کۆڕی هاونیشتمانیان، زانستگە، خوێندنگە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا گرنگیی زۆری هەیە و هەستی نەتەوەیی لە پلەی سەرەوەی پیرۆزییەکانە کە هۆیەکی بەرزبوونەوەی ئەو هەستە، لە ستەمگەری و جیاوازی دانان لە لایەن دەسەڵات و هەڵسوکەوتی ڕەگەزپەرستانە بەرچاوتەنگەکان لە نەتەوەکانی خۆسەپێنەرەوە سەرچاوەی گرتووە.
سازمانی خەبات باوەڕی وایە پەرە بە بیری ناسیۆنالیستی پیرۆز و دوور لە بەرچاوتەنگی بدەین و جیلی نوێ بە بایەخ و پیرۆزیی بیری نەتەوەییخوازی پێشکەوتوو بار بهێنرێن.
١٠- داواکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ فۆرمی خودموختاری، فیدرالیزم و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک پێک دێت. بەشێک لەم حیزبانە خۆیان بە ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی دەزانن، لە کاتێکدا حیزب هەیە بە هەموو جۆرێک دژایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات. ئەم ناکۆکییانە لە گوتار و ئایدیۆلۆژیایاندا چ کاریگەرییەکیان لەسەر کاری مەیدانی و یەکگرتوویی نێوان ڕێکخراوەکان دەبێت؟
• ئامانجی سەرەکیی تێکۆشان و چالاکیی سازمان و حیزبە نەتەوەییەکانی کوردستان دابین کردنی مافەکانی خەڵکی کورد و ئازادیی کوردستانە، پێم وانییە هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دژی ناسیۆنالیزمی کوردی بن.
سەبارەت بە بوونی فرەیی ئایدیۆلۆژی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەوە سروشتییە و تەنیا کاتێک ناسروشتییە کە هەوڵ بدرێت دژایەتیی بیروباوەڕی یەکتر بکرێت و نەتوانرێت لەسەر پرسە گشتییەکان و ئامانجە تێکڕاییەکان، هاوکاری و یەکدەنگی هەبێت.
دیارە هەندێک کات بوونی بیرە جیاوازەکان دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی و یەکدەنگی کە لە ناوەندی دیالۆگ بە شێوەیەکی کەم بەرچاو دەکەوێت.

١١- لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دینامیزمی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان زۆر خێراتر بووە. ڕووداوەکان زوو ڕوو دەدەن، و زۆر کات پێشبینی نەکراون. ئەو لایەنانەی پلانی تۆکمەتر، لابیی بەهێزتر و میدیای چالاکتر و هێزی زۆرتریان هەیە باشتر دەتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییشدا کەڵک لە گۆڕانکارییەکان وەربگرن و قازانج و ویستەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن. هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بە لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان میدیا، لابی و پلانێکی لاوازیان بۆ بەرەوپێشچوونی گۆڕانکارییەکان هەیە. لە بەرانبەردا، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باری کاری ڕێکخراوەیی، هێزی جووڵاندنی شەقام و مەشرووعییەتی مێژوویی لە ئێرانییەکان بەهێزترن. بەڵام ئەو بەهێزییە تەنیا بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا ڕەنگە زۆر کاریگەریی لەسەر قۆستنەوەی دەرفەتەکان نەبێت. بۆیە زۆر کات دەبینرێت وڵاتانی ڕۆژئاواییش بۆ پرسەکانی ئێران و کوردستان لایەنە ئێرانییەکان بە بەردەنگ وەردەگرن. چارەتان بۆ چارەسەریی ئەم گرفتانە چییە؟ ئاخۆ هیچ هەنگاوێکتان بۆ پڕکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی کوردستان بە مەبەستی بەشداریی زیاتر و کاریگەرتر لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە؟
• کەمتر ئاکتیڤ بوونی سازمان و حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوەندە جیهانییەکان، بۆ چەند هۆیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە کە هۆی یەکەم: نەبوونی گرووپێکی یەکدەست کە لە ناوەندە جیهانییەکان و حکوومەتەکانی ئەورووپایی و ئەمریکادا نوێنەرایەتیی جووڵانەوەی ئازادیخوازیی کورد و لایەنە سیاسییەکان بکات. هۆی دووهەم: نەبوونی ئیمکاناتی دارایی و تەدارەکاتی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە جیهانییەکان و دروستکردنی لابی و پشتیوان لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان. هۆی سێهەم: کەڵکوەرنەگرتن لە شارەزایانی سیاسیی سەربەخۆ و خوێندکاران و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد لە ئەورووپا و ئەمریکا.
بە بۆچوونی من ئەگەر ئەو سێ هۆ سەرەکییەی ئاماژەم پێ کردووە جێبەجێ بکرێن، دەتوانین هەنگاوی گەورە و کاریگەر لە بەرەوپێش بردنی دەنگی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران لە ناوەندە جیهانییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە دیپلۆماسییەکان بنێین.
١٢- بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران ڕاوەستاوە؟ ئاخۆ ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە قۆناغی گۆڕانی ڕژێمدا بەشدار دەبێت یان چاوەڕوان دەکرێت پاش ڕووخانی ڕژێمیش بەشێکی لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت؟ هاتنەسەرکاری ڕژێمێک لە ئێران کە لەگەڵ ئاراستەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بێت بەڵام لە ناوخۆدا ئامادە نەبێت دان بە هیچ مافێکی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا بنێت ڕەنگە دۆخی بزووتنەوەی کورد لەوەی هەیە ئەستەمتریش بکات. پێتانوایە ئەگەری سەرکەوتنی وەها سیناریۆیەک هەیە؟ گەر وەها سیناریۆیەک ڕوو بدات پلانتان چی دەبێت؟
• جێگەی خۆیەتی بزووتنەوەی کوردستان هەروەک چۆن خاوەن پێگەیە و کاریگەرە لە شۆڕشی سەرانسەری لە دژی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە ئێراندا، پێویستە لە دوای ڕووخانی ئەو ڕژێمەش دەوری لە بەڕێوەبەری و ئیدارەکردنی ئێران و جومگەکانی دەسەڵاتدا هەبێت و کارایی و لێهاتوویی نوخبەی کورد بۆ بردنەسەری پێگەی کورد و دابین کردنی مافەکانی کورد بەکار بهێنن.
١٣- دۆخی دابەشکاریی کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا ئاستی جیاوازی پەیوەندی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا دروست کردووە. ئەم هەلومەرجە چ کاریگەرییەکی لەسەر جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی ئێوە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەیە؟ چۆن ئەو پەیوەندییانە بۆ ڕای گشتی شی دەکەنەوە و پاساوی دەدەنەوە؟
• سازمانی خەبات لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی کاتیی کە لە ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە بووبێت، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەداوە ئەو حکوومەت یان حکوومەتانە، کەڵکی نابەجێ لەو پەیوەندییە وەربگرن و سازمانی خەبات سەربەخۆیی و چالاکیی خۆی پاراستووە.
لە ئێستادا سازمانی خەبات لەگەڵ هیچ حکوومەتێک کە بەشێک لە کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە هیچ پەیوەندییەکی نییە.

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!