گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

وتووێژ لەگەڵ ئەمیر کەریمی. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

دوو ڕوانگەی سەرەکی سەبارەت بە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» هەیە؛ یەکەم: ڕوانگەیەک کە ئەم شۆڕشە لە چوارچێوەی ڕاپەڕینێکی کاتی پێناسە دەکات و هەر دەیخاتە نێو کاتاگۆریی هەموو ئەو ڕاپەڕینە سیاسییانەی ڕوویان داوە یان ڕوو دەدەن. ڕوانگەی دووهەم ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە وەکوو شۆڕش بە واتای ڕاستەقینەی خۆی پێناسە دەکات. ئەم شۆڕشە تەنیا بە ڕاپەڕینێکی کاتی کە لە ئەنجامی تووڕەییی گەل و بە تەنیا ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتێکی سیاسی بێت نابینێت، بەڵکوو ئەو شۆڕشە وەکوو ئەنجامی خواستی ئازادیی کۆمەڵگە کە لە قووڵاییی مێژووی کۆمەڵگەکە دەرکەوتووە، دەبینێت. ئێمە پێناسەی دووهەم بۆ شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» پەسەند دەکەین؛ هەر بۆیەش وەکوو ڕووداو تەماشای ناکەین و هەر بە ناوی دروشمەکەی خۆیەوە ناوی دەبەین.
لە ڕوانگەی ئێمەوە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» بردنە ژێر پرسیاری هەموو پێکهاتە (ساختار)ەکانی دەسەڵاتە، چ لە ناو کۆمەڵگە و چ لە ناو دەوڵەتدا. ژنان کە بە هەزاران ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریدان، گەنجان کە پیرسالاری وزەکانیان لە ناو دەبات، تاک کە لە ژێر گرانیی نەریتەکان ناتوانێ سەرهەڵبڕێت، ئایینەکان کە شمشێری ئایینی ڕەسمی لەسەر سەریانە، پەراوێزخراوەکان کە ناوەند نایانبینێت و نەتەوە بندەستەکان کە لە ژێر گوشاری دەوڵەت-نەتەوەدا دەتوێنەوە، هێزە سەرەکییەکانی ئەو شۆڕشەن. ڕووی ئەو شۆڕشە بەشێکیش لە تێکۆشانی سیاسیی کورد و پێکهاتە و هەروەها زەینییەتەکەیەتی. زیاتر لە سەدەیەک تێکۆشانی نەتەوەییی پڕ لە قوربانی و فیداکاریمان هەبووە کە ئەم تێکۆشانە لە ١٩٤٦ەوە، پێکهاتەی حیزبی بەڕێوەی بردووە.

وتووێژ لەگەڵ ئەمیر کەریمی

تەوەری یەکەم: دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و ئێران

١- سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئێران، زۆر گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێ کەوتەوە. لە ئاستی کۆمەڵگاکانی کوردستان و ئێران، بۆ یەکەم جار بوو لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا، ژنان بەشداریی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر شەقام کرد. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕادیکاڵترین و بەرینترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت. بزووتنەوەی ژینا توانی نەزمی سیاسیی ئێرانی تووشی ئاڵنگاری بکات و ئێستا ڕژێم توانای گەڕاندنەوەی نەزمی پێشووی نییە. جیا لە کاریگەرییە سیاسییەکان، بزووتنەوەی ژینا کاریگەریی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتیشی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکان پێویستییان بە گۆڕانکاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەیە. حیزبەکەی ئێوە چۆن هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بگونجێنێت؟ ئەو گۆڕانکارییانە چیین کە ڕێکخراوەکەی ئێوە دوای بزووتنەوەی ژینا لە خۆیدا پێکی هێناوە؟

  • دوو ڕوانگەی سەرەکی سەبارەت بە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» هەیە؛ یەکەم: ڕوانگەیەک کە ئەم شۆڕشە لە چوارچێوەی ڕاپەڕینێکی کاتی پێناسە دەکات و هەر دەیخاتە نێو کاتاگۆریی هەموو ئەو ڕاپەڕینە سیاسییانەی ڕوویان داوە یان ڕوو دەدەن. ڕوانگەی دووهەم ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە وەکوو شۆڕش بە واتای ڕاستەقینەی خۆی پێناسە دەکات. ئەم شۆڕشە تەنیا بە ڕاپەڕینێکی کاتی کە لە ئەنجامی تووڕەییی گەل و بە تەنیا ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتێکی سیاسی بێت نابینێت، بەڵکوو ئەو شۆڕشە وەکوو ئەنجامی خواستی ئازادیی کۆمەڵگە کە لە قووڵاییی مێژووی کۆمەڵگەکە دەرکەوتووە، دەبینێت. ئێمە پێناسەی دووهەم بۆ شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» پەسەند دەکەین؛ هەر بۆیەش وەکوو ڕووداو تەماشای ناکەین و هەر بە ناوی دروشمەکەی خۆیەوە ناوی دەبەین.

لە ڕوانگەی ئێمەوە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» بردنە ژێر پرسیاری هەموو پێکهاتە (ساختار)ەکانی دەسەڵاتە، چ لە ناو کۆمەڵگە و چ لە ناو دەوڵەتدا. ژنان کە بە هەزاران ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریدان، گەنجان کە پیرسالاری وزەکانیان لە ناو دەبات، تاک کە لە ژێر گرانیی نەریتەکان ناتوانێ سەرهەڵبڕێت، ئایینەکان کە شمشێری ئایینی ڕەسمی لەسەر سەریانە، پەراوێزخراوەکان کە ناوەند نایانبینێت و نەتەوە بندەستەکان کە لە ژێر گوشاری دەوڵەت-نەتەوەدا دەتوێنەوە، هێزە سەرەکییەکانی ئەو شۆڕشەن. ڕووی ئەو شۆڕشە بەشێکیش لە تێکۆشانی سیاسیی کورد و پێکهاتە و هەروەها زەینییەتەکەیەتی. زیاتر لە سەدەیەک تێکۆشانی نەتەوەییی پڕ لە قوربانی و فیداکاریمان هەبووە کە ئەم تێکۆشانە لە ١٩٤٦ەوە، پێکهاتەی حیزبی بەڕێوەی بردووە.

حیزبی کوردی هەم لە بواری پێکهاتەوە و هەم لە بواری ڕێبازەوە، زۆر لە بن کاریگەریی کۆمەڵگە و سیستەمی هیرارشیی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتی ڕوانگەکانی چینی سەرەوەی کورددا بووە. لەگەڵ ئەوەیدا کە حیزبی کوردی ڕۆڵیان هەبووە لە هێنانی بەشێک لە دیاردە مۆدێرنەکان لە ناو کۆمەڵگەی کورد، بەڵام دیسانیش بنکەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا وەکوو پیاوسالاری، پیرسالاری و هیرارشی خۆیان پاراستووە و دووپات بوونەتەوە. هیچ حیزبێکی کوردی و ئێمەش لە ناودا ناتوانین نکۆڵی لەمە بکەین و خۆمانی لێ بێبەری بکەین. ڕاستە ئێمە یەکێک لە نوێترین حیزبەکانی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتین و پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکمان لە جیاتی گەڕان بە دوای دەسەڵاتدا پەسەند کردووە، بەڵام ئێمەش هەر لەو کۆمەڵگەیەدا هەڵقوڵاوین و منداڵی هەمان سەردەمین و بێگومان لە ژێر کاریگەریی هەموو ئەو دیاردانەداین، بەڵام دەزانین و لە هەوڵی تێپەڕکردنیانداین. خۆلەبەرچاوکردنەوە، خۆئانالیزکردن و ڕەخنە لە خۆ گرتن سەرەکیترین کارەکتەری پارتیمانە.

هەروەها بەو هۆیەی کە فەلسەفەی سەرەکیی پارتیمان «ژن، ژیان، ئازادی»یە، ئێمە ویست و داخوازیی کۆمەڵگە و گۆڕانکاریی ڕووبەخۆشمان دەبینین. لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتیمان ئەو پرسیارەمان لە خۆمان کرد کە چەندە بە پێی فەلسەفەکەمان بووین؟ ئایا زەینییەت، کرداری سیاسی و ساختاری حیزبیمان، وەڵامدەرەوەی ئەو فەلسەفەیە یان نا؟ لەو پێناوەدا لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە، لەوە تێگەیشتین کە کەم‌وکوڕی بەرچاومان هەیە و بە تەواوی نەمانتوانیوە هێڵی بزووتنەوەی کلاسیکی کوردی تێپەڕ بکەین. هەر بۆیەش لە بواری کەمترکردنی ناوەندگەرایی لە بڕیاردا و پەیوەستبوون بە هێڵی ئازادیی ژن و بەشداریی ژنان لە هەموو بوارەکان و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نەرمکردنی سیستەمی هیرارشیی پارتی و بە بنەماگرتنی ئیرادە و بەشداریی گەنجان، کۆمەڵێک بڕیارمان وەرگرتووە و هەنگاوی کرداریشمان ناوە. هەروەها لە پەیوەندیی نێوان پارتی و گەل، بابەتگەلێکی وەکوو وەلانانی ئەو ڕوانگەیەی کە کۆمەڵگە وەکوو جەماوەرێکی ئۆبژە دەبینێت و خۆی دەکات بە دیاریکەری هەموو شتێک، لە لایەکی تریشەوە دەبێتە هۆکاری پتەوبوونی سەرچاوەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا، زۆر گفتوگۆی لەسەر کراوە. دەتوانین بڵێین کە دیاردەکانی دەسەڵاتخوازی، پیاوسالاری، پیرسالاری و پاوانخوازییمان کردووە بە ئامانج و ڕەوتێکی تێکۆشانی بەهێزمان لە دژیان دەست پێ کردووە. بێگومان ڕێپێوان لەسەر ڕێگای فەلسەفەی «ژن، ژیان، ئازادی» زۆر درێژخایەنە و شۆڕشێکی بەردەوامی کەسایەتی و هزری پێویستە؛ ئێمە ئێستا خۆمان لەسەر ئەو ڕەوتە دەبینین.

٢- لە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو وڵاتە، بە پێچەوانەی پێشوو، هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی-ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی و «گەڕاندنەوەی گەورەیی و دەسەڵات بۆ وڵاتەکەی خۆی» دەدات، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانیی پێکهێنانی گۆڕانکاریی سیاسی و کولتووری لەو وڵاتانەدا بکات. واتە مەرجەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردنی وڵاتان چیی دیکە تەنانەت وەک ڕیتۆریکیش بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی-ئابووری لەگەڵ ئەمریکادا پێویست نین. ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا چ واتایەکی بۆ ناوچەکە و بزووتنەوەی کوردستان هەیە؟ ئەگەری هەیە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ئەو نەزمە نوێیەدا بگونجێنێت؟ لە وەها ئەگەرێکدا چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ چییان لێ بەسەر دێت؟

  • لە سەدەکانی ١٨ و ١٩دا ئەمریکا بە پشتیوانی بزووتنەوە لیبڕاڵەکان دەبینرا. پشتیوانیی ئەمریکا لە شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی فەڕەنسا و تەنانەت شۆڕشی مەشرووتییەت لە ئێراندا سەرنجڕاکێشە. لە سەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەم، بابەتی مافی چارەنووسی گەلان لە نەخشەی ویڵسۆندا گرنگە. لە شەڕی جیهانیی دووەم بەدواوە کە ئەمریکا بوو بە سوپەردەسەڵاتی جیهان، بابەتی مافە لیبڕاڵییەکان لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکادا زیندوو مایەوە و لە سیاسەتی دەرەوەدا، هەر وەک ئێوە ئاماژەتان پێ کردووە، زۆرتر وەکوو ڕیتۆریکێک مایەوە. بە تایبەتی گەلی کورد و تێکۆشانی ڕزگاریی ئەو، بە دەیان جار شایەدی قوربانیکردنی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە پێناو بەرژەوەندییەکان لە لایەن ئەمریکاوە بووە. ئەو شتەی کە ئێستا ئەمریکا دەیکات تەنیا ئاشکراکردنی نییەتە سیاسییەکانی نییە، هاوکات لابردنی ڕیتۆریک نییە، بەڵکوو ئەمریکا خەریکە نەزمەکە دەگۆڕێت. بەو واتایەی کە هەموو ئەو دامودەزگا و سیستەمە نێودەوڵەتییانەی کە چەندە کەمیش بێت، پابەندی بە وتاری ماف و ئازادییەکان لاواز دەکات. هەروەها هەموو پێوەر و یاساکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا بێواتا دەکات؛ بێگومان ئەوە بۆ دۆزی گەلی کورد مەترسیدارە. لە ڕۆژئاوای کوردستان بینیمان کە چۆن هاوپەیمانی لەگەڵ ئەلقاعیدە تەرجیح دەدرێت بە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزی کوردی، یان ئەوەی کە چۆن سیاسەت بە پایتەختەکانەوە قەتیس دەکرێت.

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا ئەوەی تا ئێستاش ڕوونە، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئامانجی ئەمریکا نییە؛ ئەوەش نیشان دەدات کە بژاردەیەکی تریش دەتوانێت پێکهاتن لەگەڵ ئەو ڕژێمە بێت. بێدەنگیی ئەمریکا لە بەرامبەر کوشتاری گەل لە لایەن ڕژێمەوە لە بەفرانباری ئەمساڵ، نیشانی دا کە دەتوانن چاوپۆشی لەو کردارانە بکەن. پێویستە ئەوە بزانین کە سەرنجی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا نە لەسەر ئازادی و ماف و دیموکراسییە. ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت بیکات ئەوەیە کە ئێرانێکی بە پێی سیستەمی جیهانی ساز بکات و ئەو بەرنامەیە بە ڕێگای گۆڕانکاریی ڕواڵەتی لە ناوەندەوە ئەنجام بدات. ئەمریکا نایەوێت پێکهاتەی دەسەڵات بە گشتی هەڵوەشێنێت و سەقامگیریی (ئیستقرار) ناوەندی لە ئێران تێک بدات. هەر بۆیەش ئەگەری پشتیوانیکردن لە دۆزی گەلان هەتا ڕادەی سازکردنی ستاتۆیەکی تایبەت بۆ ئەوان زۆر نییە. بۆیەش ئێمە باس لە هێڵی سێیەم دەکەین و باوەڕمان وایە کە زۆر وریایانە لەگەڵ دەستێوەردانی هێزە جیهانییەکان لە ئێراندا هەڵسوکەوت بکەین. ئەوە بە واتای دژایەتیکردنی ئەمریکا و هێزە جیهانییەکان نییە بەو شێوازەی کە کۆمۆنیستەکان دەیکەن، بەڵکوو بەو واتایەیە کە لە ئەگەری دەستێوەردانی ئەوانیشدا، پێویستە زۆرتر سەرنجمان لەسەر بەرژەوەندیی گەلەکەمان و بەرنامەکانی خۆمان بۆ مسۆگەرکردنی ئەو بەرژەوەندییانە بێت. کورد پێویستە بە باوەڕی ئێمە، بە دوای بەهێزکردنی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی لە سەرتاسەری ئێران هاوکات لەگەڵ کارکردن و خەبات بۆ ستاتۆی مافە تایبەتەکانی خۆی بێت. ئەو گرنگییەی کە هێزە جیهانییەکان بە ناوەند دەیدەن، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بێکاریگەربوون لە گشتیی ئێران و خۆپەراوێزخستن دەتوانێت بۆ کورد مەترسیدار بێت.

٣- شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل گورزێکی گەورەی سەربازی، سیاسی، و ئابووریی لە ڕژێمی ئێران دا. تێکشکاندنی هێزە نیابەتییەکانی ئێران، چڕتربوونەوەی گوشارەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە ژمارەیەک وڵاتی وەک ئوسترالیا، قووڵتربوونەوەی قەیرانە ئابووری-سیاسییەکانی ئێران، قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژێم و تۆخبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناو باڵەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران هەموو نیشانەکانی قۆناغێکی سیاسیی نوێ لە ناوچەکە و ئێرانیین. ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە سیاسییە دەکەن؟ پرسیارێک هەیە ئاخۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ سیاسەتێکی نوێتان بۆ ئەم قۆناغە تازەیە هەیە یان هێشتا چاوەڕوانی گۆڕانکاریی زیاترن بۆ ئەوەی سیاسەتێکی نوێ بگرنە بەر؟

  • گۆڕانکاریی زۆر خێرا و قووڵ لە ئارادان. قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێران لە ئاستێکدان کە ئەو دەسەڵاتە ناتوانێت هیچ چارەسەرییەکیان بۆ ببینێتەوە و کوشتاری گەلی ناڕازی لە لایەن ڕژێمەوە، گەل و دەسەڵاتی لە دوو بەرەی دوژمنی یەکتر داناوە. ئیتر ئەو ڕژێمە نە تەنیا بۆ گەلانی پەراوێزخراو، بەڵکوو تەنانەت بۆ کۆمەڵگەی ئێرانی لە ناوەندیشەوە دەسەڵاتێکی سەداسەد ناڕەوا و داگیرکەرە. تەنیا میکانیزمی مانەوە یان بەقای ئەم دەسەڵاتە، سەرکوت و توندوتیژییە. تیرۆریست‌ناوکردنی سوپای پاسداران لە لایەن کۆنسەی یەکێتیی ئەورووپاوە ئەو میکانیزمە سەرکوتکارییە بەرتەسک دەکاتەوە، بەڵام هەوڵدانی ئەمریکا بۆ پێکهاتن لەگەڵ ئەم ڕژێمە یان بەشێک لەو ڕژێمە، دەبێتە هۆکاری مانەوەی هێزی سەرکوتکار. ئەو هێزە دەتوانێت لە هەر قاڵب و ناوێکدا لە دژی گەلی کورد بەکار بێت. ئەوە بابەتێکە کە هێزە کوردییەکان لە داڕشتنی سیاسەتدا پێویستە زۆر لە بەرچاوی بگرن. هەبوونی هێز و میکانیزمی پاراستن بۆ گەلەکەمان پێویستە، بەڵام ناشبێت وابزانین کە هەموو شتێک دەتوانین لە ڕێگای چەکەوە چارەسەر بکەین. چ ڕژێم بڕووخێت بە دەستێوەردانێکی سەربازی و چ تێکەڵاو بە سیستەمی جیهانی بکرێت، چەند بژاردەمان لە پێشە کە پێویستە بە خێرایی کاریان بۆ بکەین: یەکەم؛ هێزێکی پاراستنی نیشتمانی بۆ گەلەکەمان پێویستە. دووەم؛ هاوهەڵوێستیی هێزە کوردییەکان بە دیپلۆماسییەکی نەتەوەیی پێویستە. سێیەم؛ نابێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری بین و بە هاوفکریی هەموو هێزە کوردییەکان، پڕۆژەیەکی هاوبەشی دیموکراتیک لەگەڵ لایەنە دیموکراتییەکانی ئێرانی بۆ ئێرانی داهاتوو دابڕێژین. لەوێدا ئێمە ناتوانین لەسەر ناوی هەموو حیزبە کوردییەکان قسە بکەین، بەڵام ئێمە لەسەر ئەم بابەتانە تێکۆشین و لەو باوەڕەشداین کە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردیش بیریان لەم بابەتانە کردووەتەوە و کاری بۆ دەکەن. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین.

٤- بزووتنەوەی ژینا بووە هۆی ئەوەی ڕیزبەندییە سیاسییەکان لە ناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نەک تۆختر لە جاران، بەڵکوو گرژتریش ببێتەوە. حیزبەکەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕیزبەندییانەدا دەکات و خۆی لە کام بەرەدا دەبینێتەوە؟ ئەو بەرەیە تا چەند لەگەڵ پرسی کورد لە ئێران و دروشم و داخوازییە سیاسییەکانی ئێوە یەک دەگرێتەوە؟

  • شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» هێزی ڕاستەقینەی گەلان و کۆمەڵگەکان و ناسنامەکانی لە ئێراندا نیشان دا. ئەوەش وێڕای ئەوەی هیوا و وزەیەکی بە ئازادیخوازان بەخشی، ترسێکی گەورەشی لە ناو ئەو لایەنانەدا ساز کرد کە هەموو پڕۆژەکانیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتخوازی و پیاوسالاری و بچووککردنەوەی ئیرادەی گەلاندا داڕشتووە. هەر بۆیەش دژایەتییەکی قووڵیان لەگەڵ ئەم شۆڕشە و دروشمەکانی دەست پێ کرد. ئێمە ڕیزبەندییەکان لەسەر بنەمای ئەو زاویەیەی سەبارەت بە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» هەیانە پێناسە دەکەین؛ بەرەی دژبەری ئەم شۆڕشە کە پێکهاتوون لە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکان یان فاشیستەکان و ڕاستگەرە ناوەندپارێزەکان، زۆرتر لە یەک نزیک دەبنەوە و بە ساپۆرتی ماددی و میدیایی دەیانەوێت خۆیان وەکوو ئاڵتەرناتیڤ داسەپێنن. بەرەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بواری فکری و سیاسییەوە پانتاییەکی گەورەی هەیە و ڕەنگ و ناسنامەی جیاوازی لە خۆ گرتووە و ئێمە خۆمان لەو بەرەیەدا دەبینین. بە داخەوە ئەم بەرەیە بە تەواوی خۆی پێناسە نەکردووە و چوارچێوەیەکی خەباتی هاوبەشی سیاسیی بۆ خۆی دیار نەکردووە. ئێمە وای دەبینین کە نزیکایەتیی ئایدیۆلۆژیک و پێناسەکردنی ئەم بەرەیە تەنیا لە چەپ و سۆسیالیزمدا، ئەم بەرەیە بەرتەسک دەکاتەوە و تواناکارییەکانی لاواز دەکات. هەموو لایەن و گرووپەکانی کۆمەڵگە کە گۆڕانخوازن، وەکوو ژینگەپارێزان، کرێکاران و… هتد، و هەروەها هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی دژ بە دیکتاتۆرییەت و ناوەندگەرایی و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی گەلانن، لە ناو ئەو بەرەیەدا دەتوانن جێ بگرن. هەر بۆیەش چەپەکان، کۆماریخوازەکان، لیبڕاڵەکان و دیموکراتەکان دەتوانن لە ناو ئەم بەرەیەدا جێ بگرن. ئەو بەرەیە نابێت خۆی لەو باسە ئایدیۆلۆژیک و تیۆرییانەی کە تەنیا لەتبوونی لێ دەکەوێتەوە قەتیس بکات؛ بە پێچەوانەوە دەبێت تەرکیزی لەسەر ناناوەندی، پلۆرالیزم و بەشداریی گەلان و ناسنامەکان و ئازادیی تاک و کۆمەڵگە بێت. هەر بۆیەش لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خاڵانە، ئەوە دەردەکەوێت کە ناکرێت تەنیا هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی ئێران وەکوو بەرهەڵستکار و ئۆپۆزسیۆن بناوێنرێن؛ بەشێکی زۆریان لە ناوخۆی ئێرانن و زۆریش کاریگەرن.

٥- گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیکە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و پڕۆسە سیاسییە نوێیەکانی نێوان ئەم ڕێکخراوەیە و دەوڵەتی تورکیا بووە. لەبەر ئەوەی پرسی کوردستان پرسێکی لێک‌گرێدراوە و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەر پارچەیەک لە کوردستان کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکە دادەنێن، پێتانوایە کە ئەم قۆناغە نوێیە سیاسییەی باکووری کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت؟

  • بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکووری کوردستان و ڕێبەر ئۆجەلان، هەر لە نەوەدەکانەوە کار بۆ گۆڕانکاریی ستراتیژی دەکەن بۆ چارەسەری پرسی کورد. بەو گۆڕانکارییە جیهانییانەی کە لە بواری سیاسی، نیزامی و تەکنۆلۆژیکەوە هاتووەتە ئاراوە، ئیتر بەردەوامیی ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی کلاسیک نامومکین دەکات. ئیتر پێویست بە ڕەچاوکردنی ستراتیژییەکی نوێیە بۆ دۆزی گەلی کورد کە لەم خاڵانە پێکهاتووە: ١- کێشەی کورد بەرهەمی سیستەمێکی جیهانییە و هەر بۆیەش گۆڕانکاری لەو سیستەمەدا پێویستە و جارێکی تر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێتە ڕۆژەڤەوە و هێزی کوردیش بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە جیهانییەکان، خاوەن بەرنامە بێت. ٢- ڕوانگەی ئەمنی بۆ مەسەلەی کورد لاببرێت و ئەو پرسە وەک دۆزێکی سیاسی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت و لە بازنەی توندوتیژی و سەرکوت و تیرۆریزمەوە بۆ تێکۆشانێکی سیاسی و یاسایی بگوازرێتەوە. ٣- ئەو قۆناغەی کە ئینکار لە هەبوونی گەلی کورد دەکرا و هیچ دەرفەتێک بۆ ڕۆڵبینین و بەشداری بە گەل و ناسنامەی کورد لە سیستەمی سیاسیدا نەدەدرا، تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی پێ هاتووە. هەر بۆیەش بزووتنەوەی کوردی لە جیاتی لەدەرەوەمانەوە و سەرشاخبوون و لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەدا، پێویستە خاوەن ڕۆڵی کارا بێت لە ناوخۆی سیستەمدا. هەربۆیەش هەبوونی سیستەمێکی دیموکراتیک کە ناوەندگەرایی و یەکڕەنگیی دەوڵەت-نەتەوەی تێپەڕ کردووە، مەرجێکی پێویستە. ٤- سەرەڕای ئەوەی کە کورد لەگەڵ دەوڵەتی جیاواز جیاوازدا تووشی کێشەیە، بەڵام یەکێتیی نەتەوەیی و هەبوونی دامودەزگای نەتەوەیی بۆ داڕشتنی ئیرادەیەکی هاوبەش و نەتەوەیی بۆ چارەسەری ئەم پرسە و ڕۆڵبینینی نەتەوەکەمان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە. ٥- وەلاوەنانی ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی کلاسیک نایەتە واتای نەبوونی میکانیزمی هێز و پاراستن بۆ گەلەکەمان؛ لە هەر شەرت و مەرجێکدا گەلەکەمان مافی پاراستنی ڕەوای هەیە و لەو بوارەشەوە پێویستە خاوەن ڕێکخستن بێت. ٦- پێویستە هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستان بەشداری میکانیزمەکانی بڕیارگرتن بن، هەربۆیەش ڕێوەبەریی مەدەنیی کۆمەڵگەکانی کوردستان پێویستە پێک بێن و وەکوو ئیرادەی سەرەکیی بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆڵ ببینن. ٧- پێویستە سەرەڕای هەبوونی هێزی خۆپاراستن لە بەرامبەر هەر جۆرە فاشیزم و توندڕەوییەک، خاوەن پڕۆژەیەک بۆ ژیانی هاوبەش و دیموکراتیک لەگەڵ گەلانی دراوسێ بین.

ئەوانە ئەو خاڵانەن کە ستراتیژیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە خۆوە دەگرێت. بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەیانبینین، چونکە کێشەکەمان دەرکەوتەی سیستەمی جیهانیی سەدەی بیستەم و دەرئەنجامی سازکردنی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ هەر بۆیەش چارەسەرییەکان لە ڕوانگەی ستراتیژیکەوە لە یەکتر دوور نین. ئەوەش دەزانین کە دەوڵەتی تورکیا وەکوو یەکەم دەوڵەت-نەتەوە کە سیاسەتی نکۆڵیی لەسەر گەلەکەمان پەیڕەو کردووە و لە هەموو بەشەکانی کوردستان دژایەتیی هەبوونی مافی گەلی کوردی کردووە، خاوەن گرنگییەکی تایبەتە، ئەویش لە ئەگەرێکدا کە چارەسەری لە باکوور و لەگەڵ ئەم دەوڵەتە پێش بکەوێت. هەرچەندە هیچ یەک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە سەرکوتکردنی گەلەکەماندا درێغییان نەکردووە، بەڵام گرێکوێرەی سەرەکیی مەسەلەی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیایە. هەر بۆیەش چارەسەری لەم بەشەدا کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی تر دەبێت. هەر وەها ڕێبەر ئاپۆ بۆ مەسەلەی چارەسەریی کورد تەنیا تەرکیزی لەسەر تورکیا نییە و هەوڵ دەدات لە ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەلەکەمان لە هەر شوێنێک بێت لە مەترسیی هێرشی پاکتاوکەرانە بپارێزێت.

تەوەری دووەم: پلان و بەرنامەکانی ئێستا

٦- ساڵانێکی زۆرە کۆمەڵگەی کوردستان چاوەڕوانیی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی هاوبەشی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ناوەڕاستی بزووتنەوەی ژینادا ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردەوە لە کار کەوت. پێتان وایە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایدیۆلۆژیک و سیاسییەکان ئیمکانی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری سیاسیی هاوبەش لە نێوان ئەم هێزە سیاسییە جیاوازانەی کوردستاندا هەیە؟ چەند مانگێکە باس لە ناوەندی دیالۆگ دەکرێت. وێدەچێت تا ئێستا ئەم ناوەندە هێشتا هەر لە سەروبەندی ساخبوونەوەدابێت و بە ئەنجامی دڵخواز نەگەیشتبێت. گەورەترین بەربەستەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چین؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش لە نێوان ئەم هێزانەدا، چ میکانیزمگەلێک دەتوانن پێش بە لاوازییەکانی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش بگرن؟

  • ناوەندی دیالۆگ یان ژووری دیالۆگ هەوڵدانێکی جیدی و پێویستە بۆ یەکگرتنی هێزە سیاسییە کوردەکان، هەڵبەتە ئێمە ئێستاش لە هەنگاوی لە یەک نزیکبوونەوە و تێگەیشتنداین. بەڵام دڵنیاین کە دەتوانین هەنگاوی گەورەتر بنێینەوە؛ ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەزموونی ئەحزابی سیاسیی کوردی ئەو پۆختەبوونەی بەرهەم هێناوە کە بە ڕۆژەڤی لاوەکی لە یەک تێکەڵ نەچن و نەترازێن. هەروەها ئێمە لە سەردەمێکی زۆر هەستیاردا دەژین کە چارەنووسی گەلەکەمان بە هەڵوێستی ئێمەوە بەستراوەتەوە و لەو باوەڕەداین کە کەم و زۆر پارتە کوردییەکان ئەو هەستیارییە دەزانن. گەلی کورد زۆر ڕژدانە هەم یەکێتیی نەتەوەیی گشتی و هەم یەکێتیی پارتە ڕۆژهەڵاتییەکانی دەوێت و ئێمەش پێویستە ئەو داخوازییەی گەل پێک بهێنین. چەند بابەتێک هەیە کە هێشتاش کێشەسازن و پێویستە تێپەڕیان بکەین:

یەکەم؛ پێویستە دەست لە دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازی هەڵگرین. ئەوەی کە حیزب خۆی بە هەمەکارە و باوکی کۆمەڵگە دابنێت، ڕوانگەیەکی مەحکووم بە شکستە. ئەرکمان ئەوەیە کە سەرلەنوێ پێگەی حیزب لە کۆمەڵگەی کورددا پێناسە بکەینەوە؛ حیزب بەرنامە و پڕۆژەکانی خۆی پێشکەش دەکات و ئەوە کۆمەڵگەیە کە بڕیاری پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی دەدات. حیزب پێویستە ڕێز لە هێز و زانستی کۆمەڵگە بگرێت، نەک ئەوەی کە کۆمەڵگە وەکوو ماددەیەک ببینێت کە چۆنی پێ خۆش بێت فۆرمی پێ دەدات. لە کۆمەڵگەدا بیروبۆچوون و پڕۆژەی جیاواز دەتوانن بە فۆرمی پارتی و ڕێکخراوەی سیاسی و مەدەنیی جیاواز خۆیان ڕێک بخەن. ئەوەی کە هەر حیزبێک بیەوێت یەکەتازی مەیدان بێت، تەنیا و تەنیا جەمسەرگەرایی لە ناو کۆمەڵگەدا پێش دەخات.

دووەم؛ شێوازی کێبڕکێ لە ناو حیزبەکاندا پێویستە ناوەڕۆکێکی شارستانییانە و هاوچەرخ بە خۆوە بگرێت. بە هۆی ڕوانگەی پاوانخوازی و باوکسالاریی حیزبەکان لە سەردەمی سیاسەتی کلاسیکدا، کێبڕکێکان لەسەر بنەمای سڕینەوەی یەکتر بووە. کوردستان بۆ حیزبەکان مەیدانی داسەپاندنی ئۆتۆریتە و هەژموون بووە، هەر بۆیەش حیزبی کوردی بە دروشمی “یا من یان هیچ کەسی دی” جووڵاونەتەوە. لە ئەنجامدا بە جاران ڕووبەڕووی پێکدادانی حیزبەکان و شەڕی خۆکوژی بووینەتەوە. ڕوانگەی ئانتاگۆنیستی وای کردووە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی بەردەوام خوێنی لەبەر بڕوات و کەشوهەوایەکی بێمتمانەیی لە نێوان هێزە کوردەکاندا ساز ببێت و لەسەر باوەڕ و ورەی گەلیش کاریگەریی دەبێت.

سێیەم؛ پێویستە فەرهەنگی دیالۆگ و گوێڕاگرتن و تلۆرانس و ڕێزگرتن لە ناو بزووتنەوەی کوردیدا پەرە پێ بدەین. ئێمە نایەینە لای یەکتر کە واز لە جیاوازیی فکری و سیاسیی خۆمان بهێنین و ببینە تابیعی فکری سیاسیی حیزب و ڕێکخراوەیەکی دیاریکراو. ئێمە دێینە لای یەکتر بۆ ئەوەی سەرەڕای جیاوازییەکانمان، خاڵە هاوبەشەکان ببینینەوە و لەگەڵ یەکتر هاوکاری و هاوپەیمانی بکەین. دەبێت واز لە کولتووری بەیعەت بهێنین، کەس بڕیار نییە تەسلیمی کەس ببێت. پێویستە بگەین بە پلەیەک کە لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتیکدا لەگەڵ یەکدی کار بکەین. بۆ ئەوە پێویستمان بە ئەتمۆسفەرێکی دیموکراتیک هەیە کە لەو ئەتمۆسفەرەدا، بێ ئەوەی کە ڕوو لە توندوتیژی بکەین، لەگەڵ یەکدی بتوانین ناکۆکییەکانمان بهێنینە زمان و شەڕی فکرە جیاوازەکان بکەین. ئێمە وەک پەژاک هەموو هەوڵمان بۆ سازدانی ئەم ئەتمۆسفەرەیە، چونکە ئەو کەشوهەوایە بەستێنی فەرهەنگ و کردار و سیاسەتێکی نوێیە کە پێویستمانە.

خاڵی چوارەم ئەوەیە کە جەستەی پارتییەکان، ئەندامان و لایەنگران لە توندڕەوی، شەڕانگێزی و پۆپۆلیزم بپارێزن. بە داخەوە ئێستاش لە پەروەردەی حیزبی لە کوردستاندا، زیاتر لە مرۆڤی سیاسی و پێشەنگ و زانا، مرۆڤی توندڕەو بە ئەدەبیات و زمانێکی زبر و ڕوانگەیەکی زۆر بەرتەسک و دۆگماتیک بەرهەم دێت. لە یەک نزیکبوونەوەی پارتییەکان ناتوانێت تەنیا لە ئاستی سەرکردایەتیدا بمێنێتەوە؛ ئەگەر ئەو لەیەک‌نزیکبوونەوەیە فەرهەنگێکی تلۆرانس و قەبووڵی جیاوازییەکان لە ئاستی جەستەی پارتی و لایەنگرانیدا پێک نەهێنێت، نەبوونی توندوتیژی لە داهاتوودا گەرەنتی ناکات و باوەڕیش بە گەل نادات. ئێستا ئەوەی کە ئەرکمانە ئەوەیە کە بزانین لەسەر دووڕێیانێکی مێژووییدا وەستاوین؛ یا ئەوەتا زۆر بە تەدبیر و لەخۆبردووانە دۆزی گەلەکەمان بە ئەنجام دەگەیەنین، یان ئەوەی کە بە دۆگماتیزم و خۆویستی و پێداگری لەسەر هەڵەکانی ڕابردوومان، زەبر لە سەد ساڵ ڕەنج و تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ ئازادی دەدەین. ئەوەی زۆر بە قووڵایی دەبێت درکی پێ بکەین ئەوەیە کە پێکەوە بەهێزین و لە نەرمایی‌نواندن بە یەکتر هیچ شتێک لەدەست نادەین. بە لەیەک‌نزیکبوونەوەمان پشتیوانیی گەلەکەمان لەگەڵمان دەبێت؛ گەلەکەمان ئەوەی بە کردەوە لە وەڵامدانەوەی بانگەوازییە هاوبەشەکاندا نیشان داوە. بێگومان یەکگرتن پێویستی بە هەندێک ڕێباز و میکانیزمیش هەیە. پێویستە متمانەی هێزە سیاسییەکان بە یەکتری بە پەیمانێکی نووسراو و بەهێز پشت‌ئەستوور بکرێت. هەروەها پێویستە یەکگرتن تەنیا بە پارتەکانەوە سنووردار نەمێنێت و هێزە کۆمەڵایەتییەکان هاوتەریب لەگەڵ ئەحزاب ببنە بەشێک لەو یەکێتییە. هەبوونی هێز و لایەن و کەسایەتی لە پڕۆسەی یەکگرتن و هەروەها دواتر لە قۆناغی داڕشتنی سیستەمی سیاسیدا، دەبێتە هۆی گەرەنتیبوونی پڕۆسەکە و شەفافییەتی ئەو لە بەرامبەر گەلدا. پێویستە لە ئەنجامی یەکگرتنی پارتەکان، دامودەزگای نیشتمانی وەکوو دەزگای دیپلۆماسی، سەربازی و ڕێوەبەریی سڤیلی نیشتمانی ساز ببێت.

٧- بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەنی جیاواز پێک دێت، بۆ نموونە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووناکبیر و ئاکادیمیسیانە بێلایەنەکان و هتد. ئاخۆ پەیوەندییەکی دوولایەنە و بنیادنەر لە نێوان ئەم پێکهاتە جیاوازانەی بزووتنەوەی کوردستاندا هەیە؟ یان هەر لایەنێک وەک دوڕگەیەکی لێک دابڕاو خەریکی کاری خۆیەتی؟

  • کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دامودەزگا ئاکتیڤ لە بوارە جیاوازەکان و ئاکادیمیسیەنەکان و هەروەها داینامیزمێکی بەرچاوی ژنان و گەنجان، نە تەنیا لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێوێنەیە. ئەو پۆتانسیەلانە ئەگەر فۆرمی ئیرادەیەکی سەربەخۆی ڕێکخراو بە خۆوە بگرن، گەورەترین هێزیان لێ بەرهەم دێت کە دەتوانن هەم تێکۆشانی سیاسیی حیزبی کوردی بەهێز بکەن و هەم ئەحزاب هان بدەن تاکوو لەسەر جادەی تێکۆشانی دیموکراتیک لا نەدەن. ئەگەر بە ڕوانگەیەکی واقیعیانە چاو لەو بەشە لە کۆمەڵگەی کورد بکەین، دەبینین کە بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تەنانەت کەسایەتییەکانیش بەسەر حیزبەکاندا دابەش بوونە. هەر بۆیەش پەیوەندیی ئەم کەسایەتی و گرووپانە لەگەڵ ئەحزاب، چوارچێوەیەکی ڕەخنەگرانە بە خۆیەوە ناگرێت. ئەوە باشە کە حیزبەکە پڕۆژەیان بۆ بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا هەبێت، بەڵام ئەوەی کە مەیدانی کۆمەڵگەی مەدەنی ببێت بە شوێنی کێبڕکێی حیزبایەتی، لە درێژخایەندا ڕێگە لە پێشکەوتنی فکری ڕەخنەگرانە و کەشوهەوایەکی عەقڵانی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگرێت. ئەگەرچی کۆمەڵگەی کوردی پڕە لە کەسایەتی و ئاکادیمیسیەنی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، بەڵام هەتاکوو ئێستاش ناتوانین باس لە هەبوونی ڕەوتی جیاوازی فکری و ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگەدا بکەین کە ئەتمۆسفەرێکی باس و گفتوگۆی زانستیانە و فکری و فەلسەفی ساز بکات. سەرەڕای نیەت‌پاکی ئەم کەسایەتییانە، تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە لە قاڵبی تاکی ئامۆژگار بۆ حیزبەکان دەرکەون. زۆر جار ڕیالیتە و مەیدانی واقیعی سیاسی لەگەڵ تیۆرییەکان یەک ناگرێتەوە و هەم هەوڵدانی حیزبی سیاسی بۆ گوێڕاگرتن لە جیهانی ئاکادیمی لاوازە، و هەم جیهانی ئاکادیمیی کوردیش هەوڵدانێکی زۆری بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی لە واقیعییەتی مەیدانی لاواز دەمێنێتەوە. ئەو لێکدابڕانە پێویستە چارەسەر بکەین.

داخوازییمان لە ئاکادیمیسیەنەکان ئەوەیە کە نابێت ئەوان بکەونە ژێر کاریگەریی هاتوهەواری میدیایی. کاری لێکۆڵینەوە و ئاکادیمیک لەسەر واقیعی سیاسی-کۆمەڵایەتی، دەتوانێت بەرنامە و پڕۆژەی زۆر بەهێزی بۆ چارەسەری لێ دەرکەوێت. هەروەها ئەگەر تێکۆشانێکی فکری و تیۆریی بەهێز لەسەر بنەمای واقیعی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی ئێمە بکرێت، دەتوانێت ئەتمۆسفەرێکی باش لە ئاستی فەلسەفەی کۆمەڵناسی و فەلسەفەی سیاسی بەرهەم بهێنێت، کە نەهێڵێت مەیدانی سیاسەتی کرداری تووشی دۆگماتیزم و چەقبەستوویی بێت و هەمیشە ئاڵتەرناتیڤی بۆ چارەسەری لەبەردەست بێت.

٨- پرسی ستەم و نایەکسانیی جێندەری پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە کوردستان ژنان هەم لە لایەن پێکهاتە یاسایی، سیاسی و ئابوورییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەچەوسێنەوە و هەم کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان کولتوورێکی پیاوسالارە. ژنانی کوردستان هەوڵ و خەباتێکی زۆریان بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمە و گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری داوە. حیزبەکەی ئێوە چ بەرنامەیەکی واقیعی و کردارەکی بۆ ستەم و نایەکسانیی جێندەری هەیە و چۆن ڕووبەڕووی ئەو پرسە بووەتەوە؟

  • لە ڕوانگەی ئێمەوە پرسی ئازادیی ژن یەکێک لە سەرەکیترین پرسەکانی کۆمەڵگەی ئێمە و هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە. ئێمە بنەمای هەموو ستەم و نادادپەروەرییەک لە ژێردەستەبوونی ژندا دەبینین. بە کۆیلەکردنی ژن، کۆمەڵگە بە کۆیلە کراوە و ژن یەکەمین و قووڵترین کۆلۆنییە؛ بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادیی ژن، ئازادییەکانی تریش لەگەڵ خۆی مسۆگەر دەکات. بێگومان یەکسانیی ژن و پیاو لە یاسادا گرنگە، بەڵام ئەمە ناتوانێت ئەم برینە قووڵەی کە ژێردەستەی ژن لە مێژوودا سازی کردووە، ساڕێژ بکاتەوە. لە ژێردەستەکردنی ژندا هیرارشی، کاست، چین و ناوەندەکانی دەسەڵات و دەوڵەت ساز بووە. کۆمەڵگە بە تەواوی سروشتی بوونی خۆی لەدەست داوە و ڕوانگەی پیاوسالارانە، مرۆڤێکی داگیرکەری سەبارەت بە مرۆڤە لاوازەکان و کۆمەڵگەکانی تر و سروشت ساز کردووە. باوەڕی بە ئازادیی ژن لە لای ئێمە، واتای شەڕ لە دژی هەموو جۆرەکانی دەسەڵاتخوازی و داگیرکەرییە؛ بۆیەش بنەمای شۆڕشگێڕیی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵە. بێگومان ڕزگاربوون لە کاریگەرییەکانی پیاوسالاری تێکۆشانێکی زەینی، فەلسەفی و هەروەها سایکۆلۆژیک و مەعنەوی دەخوازێت. ئێمە لەو باوەڕەداین کە تێگەیشتن لە ڕاستیی ژن لە مێژوودا، ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسی و مێژوویی تازە لە بەرامبەر مرۆڤ دەکاتەوە. هەر بۆیەش هەم لە بواری پەروەردەیی و فکری و هەم لە بواری سیستەم و ساختاری پارتی و هەم لە بواری کەسایەتیدا، گرنگییەکی یەکجار زۆرمان بەو بابەتە داوە و پێی دەدەین. بۆ ئێمە ژن تەنیا سەدی ٥٠ی کۆمەڵگە و دیاردەیەکی ژمارەیی نییە، بەڵکوو قووڵترین بەشی مێژوو و فەرهەنگە کە نەبینراوە. بۆیە ئێمە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جیاوازیی پۆزەتیڤ بۆ ژنان قائیلین. سیستەمی هاوسەرۆکایەتیمان لە هەموو بەشەکانی بڕیاردانی پارتیدا هەیە و مەرجی بەشداریبوونی هەرچی کەم پەنجا لەسەدی ژنان پێک دەهێنین. ژنان لە دەرەوەی بەشداری لە بابەتە گشتییەکاندا، خۆسەری و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات بە شێوازی سەربەخۆ خۆیان ڕێک دەخەن. ژنان بەشی تایبەتی خۆیان لە بەشی نیزامی بە ناوی «پاراستنی ژنان» هەیە و فەرماندەییش وەئەستۆی خۆیانە.

ئێمە بە باوەڕییەوە کار بۆ ئەوە دەکەین کە هەموو بەربەستەکان لە بەرامبەر ئازادیی ژن لە کۆمەڵگەدا لابچن و لە تێکۆشانی ئازادیی ژندا، مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگەی سروشتی لە جیاتی (لە دژی) هەموو داگیرکەرییەکان دەرکەوێت. «ژن، ژیان، ئازادی» کە فەلسەفەی شۆڕشی ئێمەیە، بە پێشەنگایەتیی ژنی ئازاد کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ئازاد ساز دەکەین.

٩- لەم ساڵانەی ڕابردوودا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە گەشە بووە و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان هەوڵیان داوە داخوازییە جیاوازەکانی خۆیان – بۆ نموونە پرسە جێندەرییەکان، پرسی ژینگە و پرسی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی – لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردیدا جومگەبەندی بکەن. چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەم دۆخە هەیە و بۆچوونی ڕێکخراوەکەی ئێوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی چییە؟

  • ئەوەی کە ئێمە پەیڕەوی دەکەین و باوەڕمان پێی هەیە، وڵاتپارێزی یان نیشتمانپەروەرییەکی قووڵ و سروشتییە کە هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کورددا زیندوو بووە و دەبێت. پرسی نەتەوایەتیمان سەرەکیترین پرسمانە و لە ڕوانگەی نەتەوەیی دیموکراتیکەوە تێکۆشانی بۆ دەکەین. کاتێک کە پرسی نەتەوەیی لەگەڵ پرسی ژن و ژینگە، پرسی یەکسانی و پرسی ئازادی تاکوو ناسنامەکان یەکانگیر دەبێت، نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینە یان ڕوانگەی نەتەوەیی دیموکراتیک بەرهەم دێت. ئەگەر سەرنجتان دابێت شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»ش ئەم ناوەڕۆکەی هەبووە. چۆن دەتوانین هەتا دوایی نەتەوەیی بین، بەڵام بەرهەمهێنەری باوکسالاری، چینایەتی و دەسەڵاتخوازی نەبین؟ مرۆڤەکان بەرەو نەفرەت و پۆپۆلیزم ئاراستە نەکەین. چۆن دەتوانین نەتەوەیی بین و ئەوە تەنیا لە قسە و هاتوهەواری میدیاییدا نەمێنێتەوە و ئەو ڕۆحە نەتەوایەتییە، ئاوێتە بێت بە فیداکاری لە گیان و ماڵدا؟ چۆن دەبێت نەتەوەیی بین و نەتەوەیی‌بوونمان عەشقی ژینگەی نیشتمانمانی لێ بکەوێتەوە؟ چۆن دەتوانین نەتەوەیی بین و لە ئەنجامی تێکۆشانی نەتەوەییماندا کۆمەڵگەیەکی ئازاد ساز ببێت کە ژنەکان نە لە ژێرباری نەریتەکان و نە لە ژێرباری پیاوسالاریی مۆدێرندا نەچەوسێنێتەوە؟ ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو ڕۆحە نەتەوەیی دیموکراتیکەیە کە ڕۆژبەڕۆژ لە ناو کۆمەڵگەی کورددا پەرە دەستێنێت و بەهێز دەبێت.

١٠- داواکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ فۆرمی خودموختاری، فیدرالیزم و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک پێک دێت. بەشێک لەم حیزبانە خۆیان بە ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی دەزانن، لە کاتێکدا حیزب هەیە بە هەموو جۆرێک دژایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات. ئەم ناکۆکییانە لە گوتار و ئایدیۆلۆژیایاندا چ کاریگەرییەکیان لەسەر کاری مەیدانی و یەکگرتوویی نێوان ڕێکخراوەکان دەبێت؟

  • ئێمە لەو باوەڕەداین ئەوەی کە دەبێتە هۆکاری ناکۆکیی سەرەکیی نێوان حیزبە کوردییەکان نە بابەتی ئایدیۆلۆژیکە و نە ئەو فۆرمەی کە بۆ ڕێوەبردنی کوردستان پێشنیاری دەکەن. کێشەی سەرەکی کێبڕکێی ناتەندروست، کەموکوڕی لە دیموکراسییەت و تا ڕادەیەکیش دڵنزم‌نەبوونی سەرکردایەتیی پارتەکانە. ئەگەر ئەوانە چارەسەر بن، فۆرمەکانی ڕێوەبردن دەتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پێکهاتنیشی لەسەر ساز بێت. ئێمە ئامادەی ئەو گفتوگۆیانەین و هەر ستاتۆیەکی کە ئیرادە و خۆڕێوەبردنی نەتەوەکەمان تێدا مسۆگەر بێت کاری بۆ دەکەین. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتی و دیموکراسییەکی ڕادیکاڵ لە ناو کۆمەڵگەی کورددا هەبێت و خەڵک بتوانن ئیرادەی خۆیان لە هەموو بڕیارەکاندا ببیننەوە. هەروەها هەموو ناسنامە و زاراوە و ئایینە جیاوازەکانی ناوخۆی کوردستان مافی خۆدەربڕین و خۆڕێوەبردنیان هەبێت و ژنان و گەنجان وەکوو داینامیزمی سەرەکیی کۆمەڵگە بە بنەما بگیرێن. کوردستانێکی ئازاد بە کوردێکی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی ئازاد مسۆگەر دەبێت و دەپارێزرێت.

تەوەری سێیەم: ئاسۆی گۆڕانکارییەکان و ئاڵنگارییەکان

١١- لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا داینامیزمی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان زۆر خێراتر بووە. ڕووداوەکان زوو ڕوو دەدەن، و زۆر کات پێشبینی‌نەکراون. ئەو لایەنانەی پلانی تۆکمەتر، لابیی بەهێزتر و میدیای چالاکتر و هێزی زۆرتریان هەیە، باشتر دەتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییشدا کەڵک لە گۆڕانکارییەکان وەربگرن و قازانج و ویستەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن. هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بە لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان، میدیا، لابی و پلانێکی لاوازیان بۆ بەرەوپێشچوونی گۆڕانکارییەکان هەیە. لە بەرانبەردا، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باری کاری ڕێکخراوەیی، هێزی جووڵاندنی شەقام و مەشرووعییەتی مێژوویی، لە ئێرانییەکان بەهێزترن، بەڵام ئەو بەهێزییە تەنیا بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا ڕەنگە زۆر کاریگەریی لەسەر قۆستنەوەی دەرفەتەکان نەبێت. بۆیە زۆر کات دەبینرێت وڵاتانی ڕۆژئاواییش بۆ پرسەکانی ئێران و کوردستان، لایەنە ئێرانییەکان بە بەردەنگ وەردەگرن. چارەتان بۆ چارەسەریی ئەم گرفتانە چییە؟ ئاخۆ هیچ هەنگاوێکتان بۆ پڕکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی کوردستان بە مەبەستی بەشداریی زیاتر و کاریگەرتر لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە؟

  • بەڵێ، ئێمە ئەو تێبینییەی ئێوە بە ڕاست دەبینین؛ پارتە کوردییەکان ڕیشەیان لە ناو کۆمەڵگەی کورددا هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە هێزی خۆیان لە سەرتاسەری ئێران نیشان بدەن. پێویستە دەست لەو ڕوانگەیە هەڵگرین کە کوردستانی‌بوون بەو واتایە دێت کە خۆمان تەنیا بە جوگرافیای کوردستانەوە سنووردار بهێڵینەوە. ئەمڕۆکە هەموو هێزەکان هەوڵ دەدەن سنوورەکانی خۆیان تێپەڕ بکەن. داهاتووی سیاسیی هەموو گەلان لە گشتیی وڵاتەکەدا دیار دەبێت؛ ئەوەی کە تۆ چەندە خاوەن هێز و ڕێکخستن بیت، بەو ڕادەیە تایبەتمەندی و ستاتۆی تایبەتیی خۆت لە ناو گشتیدا دەپارێزیت. ئێمەی کورد ئەگەر دەمانەوێت لەسەر چارەنووسی خۆمان بڕیار بدەین، پێویستە زۆر بەخۆباوەڕانە ئەو مافە بە خۆمان بدەین کە ئێران و شێوازی ڕێوەبەری لە ئێراندا سەرلەنوێ پێناسە بکەینەوە. کورد خاوەن هێزە و ئەگەر بەخۆباوەڕ بێت، دەتوانرێت پڕۆژەی دیموکراتیکی خۆی لە ئێراندا پێک بهێنێت و بەو شێوازە هەموو مافەکانی خۆی مسۆگەر بکات. خۆپەراوێزخستن و دووربوون لە ناوەند و بێکاریگەربوون لە گشتیدا، وامان لێ دەکات کە هێزە ناوەندگەراکان لەسەر چارەنووسی ئێمە بڕیار بدەن. نابێت مۆڵەتی ئەم کارە بدەین. ئێمە ئایدیایەکمان هەیە بە ناوی «کۆماری دیموکراتیکی ئێران» کە ئەم ئایدیایە بە پێشەنگایەتیی هێزی گەلی کورد پێک دێت. دەبێت ئەوە بزانین کە هێزە ناوەندگەراکان و نەتەوەپەرستەکان لە دژی هەر جۆرە مافێکی نەتەوەیی کوردن. ئەوەش دەزانین کە هێزە نێودەوڵەتییەکان مەودایەکی زۆرتر لە پێش ئەوان دەکەنەوە. لێرەدا زۆر گرنگە کە هەم هێزی سیاسی و هەم هێزی کۆمەڵگەی کوردی لە داڕشتنی بەرنامەیەک بۆ بەکاریگەرکردنی کورد لە داهاتووی ئێراندا هاودەنگ بن. کۆمەڵگەی کوردی سیاسیترین کۆمەڵگەی ئێرانە و ئەحزابی کوردی خاوەن ئەزموونن. بە داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش و یەککردنی هێزی سیاسی، ماددی و میدیاییمان دەتوانین ئاڵتەرناتیڤی سەرەکی بۆ ئێرانی داهاتوو پێشکەش بکەین. هێزی یەکگرتووی کورد بە خیتابێکی دیموکراتیک دەبێتە جێگای متمانە بۆ هەموو دیموکراسیخوازەکانی ئێران؛ لەو بوارەوە کار دەکەین و هەوڵدانمان هەیە.

١٢- بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران وەستاوە؟ ئاخۆ ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە قۆناغی گۆڕانی ڕژێمدا بەشدار دەبێت یان چاوەڕوان دەکرێت پاش ڕووخانی ڕژێمیش بەشێکی لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت؟ هاتنەسەرکاری ڕژێمێک لە ئێران کە لەگەڵ ئاراستەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بێت بەڵام لە ناوخۆدا ئامادە نەبێت دان بە هیچ مافێکی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا بنێت ڕەنگە دۆخی بزووتنەوەی کورد لەوەی هەیە ئەستەمتریش بکات. پێتانوایە ئەگەری سەرکەوتنی وەها سیناریۆیەک هەیە؟ گەر وەها سیناریۆیەک ڕوو بدات پلانتان چی دەبێت؟

  • بزووتنەوەی کوردی هەرگیز نابێت ئامانجی کۆتایی خۆی لە گۆڕانی ڕژێمدا قەتیس بکاتەوە، بەڵکوو پێویستە ڕوومان لە داهاتوو بێت و بۆ سیستەمی داهاتووی ئێران خاوەن بەرنامە بین. بزووتنەوەی کوردی ئەگەر لە ئێستاوە ڕۆڵی ئەکتەرێکی دیاریکەر و خاوەن پڕۆژە نەبینێت، لە داهاتوودا دەبێت بە داخوازیگەر (مطالبه‌گر) و کەسانێک بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدەن کە هەموو هەوڵیان بێهێزکردنی نەتەوەکەمانە. ئەوەی کە ئایا ئەگەری هاتنەسەرکاری هێزی ناوەندگەرا و دووپاتبوونەوەی دیکتاتۆری هەیە، دەتوانم بڵێم بەداخەوە هەیە. ڕووداوەکانی سووریا ئەوەی نیشان دا کە بۆ هێزە جیهانییەکان دیموکراسی و مافەکان هیچ گرنگییەکیان نییە، ئەوان سەقامگیرییان (ئیستقرار) دەوێت. ئەو سەقامگیرییە دەتوانێت زۆر نادیموکراتیک بێت. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت کاریگەریی دەوڵەتە دژە کوردەکانی وەک تورکیاش لەسەر داهاتووی سیاسیی ئێران پشتگوێ بخەین. هەر لە ئێستاوە پێویستە هەم زۆر ژیرانە و هەم بوێرانە ئیرادەی کوردستانیی خۆمان هەم بۆ پرسی نەتەوەیییمان و هەم بۆ گشتیی ئێران بهێنینە ئاراوە. نابێت وەک هێزی چاوەڕوان هەڵسوکەوت بکەین، بەڵکوو دەبێت فۆرموڵەی چارەسەری کێشەکان، ئێمە پێشکەشی بکەین. ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەیکەین ئەمەیە، بەڵام لەو باوەڕەداین کە یەکدەنگی و هاوفکری لەو بوارەوە پێویستە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئامادەی هەر جۆرە ئەگەرێک بین و هەم وەکوو هێز بۆ پاراستنی گەلەکەمان ئامادە بین و هەم فەرهەنگی خۆپاراستن لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەرەو پێشەوە ببەین.

١٣- دۆخی دابەشکاریی کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا، ئاستی جیاوازی پەیوەندی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا دروست کردووە. ئەم هەلومەرجە چ کاریگەرییەکی لەسەر جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی ئێوە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەیە؟ چۆن ئەو پەیوەندییانە بۆ ڕای گشتی شی دەکەنەوە و پاساوی دەدەنەوە؟

  • ڕاستیی جیۆپۆلیتیکی کوردستان و لەتبوونی وڵاتەکەمان وای کردووە کە هێزی هەر بەشێک لە کوردستان ناچارە تا ڕادەیەک دانوستانی لەگەڵ دەوڵەتانی سەردەست لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبێت. بێگومان ئەو دانوستانانە پێویستە بە پێی پێوەرە نەتەوەیی و ئەخلاقییە سیاسییەکان بن و لە دژی بزووتنەوە و گەلی بەشەکانی دیکەی کوردستان نەبن. بە داخەوە پێشتر هاوکاریی هێزی پارچەکانی تر لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، دەرفەتی گەورەی لە دەست گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرهێناوە. بۆ کۆتایی‌هێنان بەو ڕەوتە، پێویستە دەزگا و مەرجەعی نەتەوەیی ساز بکەین کە تێیدا هێزی بەشەکانی کوردستان ئاگاداری لەسەر بەرنامە سیاسییەکانیان بدەن و لەوێدا بابەتەکان مشتومڕ بکرێت. پێویستە بە هەموو توانامانەوە ڕێگری لەوە بکەین کە دەوڵەتەکان هێزی کوردی لە دژی یەکتر بەکار بهێنن و لەو بوارەوە مێژوویەکی نوێ لە سیاسەتی نەتەوەییی کورددا دەست پێ بکەین.

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!