گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026

وتووێژ لەگەڵ حوسێن یەزدانپەنا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073

DOI 10.69939/TISHK0073

لە چوارچێوەی ڕوانگەکانی مندا، پرسیارەکە هەندێک کێشەی تێدایە، بۆیە پێویستە لە پێشدا لە کێشەکانی پرسیارەکە بدوێم. لەوانەیە هەر لە باسی کێشەکاندا، وڵامی پرسیارەکەشیان تێدا بێت.
سەرەتا با لە چەمکی “بزووتنەوەی ژینا”وە دەست پێ بکەم. پێم وایە ئەم چەمکە دروست نییە، چونکە “بزووتنەوە” پڕۆسەیەکی مێژووییە کە هەڵگری ناسنامەیەکە و بەردەوام خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و بەردەوامی و پێکەوەبەستراوەیی مێژوویی و گوتار و مانا بەرهەم دەهێنێت. بزووتنەوە لەسەر وەیەکخستنی هێز و توانا ڕاوەستاوە، حاڵەتی درێژخایەنی هەیە؛ نە حاڵەتی ڕاسانی هەیە، نە حاڵەتی تەقینەوە. وەک چۆن دەڵێن: “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان” یان بزافی دژی ئاپارتاید.
بزووتنەوە بەستێنی فرەڕەهەند و فرەچەشنە، بۆیە ئەوەی ڕووی دا، نە بە “بزووتنەوە” پێناسە دەکرێت و نە بە “شۆڕشگێڕانە”. بزافی شۆڕشگێڕانە ڕووی لە ڕووخاندن یان ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆییە. لە حاڵێکدا، کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی خۆیی نییە و داگیرکەرە.
خۆ ئەگەر مەبەست لە “شۆڕشگێڕانە” ئاماژەیە بە دەور و ڕۆڵی ژن لەو ڕووداوەدا، ئەوە ئەگەر بۆ تاران شۆڕش و شۆڕشگێڕیی کۆمەڵایەتی بووبێت، لە کوردستان وا نەبووە؛ چونکە ژن لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان دەوری هەبووە. بابەتی لەچکە و داپۆشینی زۆرەملێیش کە سەرچاوەی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو داسەپاوی داگیرکەرییە.

وتووێژ لەگەڵ حوسێن یەزدانپەنا

١- سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئێران، زۆر گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لێ کەوتەوە. لە ئاستی کۆمەڵگاکانی کوردستان و ئێران بۆ یەکەم جار بوو لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەشداریی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان لەسەر شەقام کرد. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕادیکاڵترین و بەرینترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت. بزووتنەوەی ژینا توانی نەزمی سیاسیی ئێرانی تووشی ئاڵنگاری بکات و ئێستا ڕژێم توانای گەڕاندنەوەی نەزمی پێشووی نییە. جیا لە کاریگەرییە سیاسییەکان، بزووتنەوەی ژینا کاریگەریی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتیشی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەیە. حیزبەکەی ئێوە چۆن هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بگونجێنێت؟ ئەو گۆڕانکارییانە چین کە ڕێکخراوەکەی ئێوە دوای بزووتنەوەی ژینا لە خۆیدا پێکی هێناوە؟

  • لە چوارچێوەی ڕوانگەکانی مندا، پرسیارەکە هەندێک کێشەی تێدایە، بۆیە پێویستە لە پێشدا لە کێشەکانی پرسیارەکە بدوێم. لەوانەیە هەر لە باسی کێشەکاندا، وڵامی پرسیارەکەشیان تێدا بێت.

سەرەتا با لە چەمکی “بزووتنەوەی ژینا”وە دەست پێ بکەم. پێم وایە ئەم چەمکە دروست نییە، چونکە “بزووتنەوە” پڕۆسەیەکی مێژووییە کە هەڵگری ناسنامەیەکە و بەردەوام خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و بەردەوامی و پێکەوەبەستراوەیی مێژوویی و گوتار و مانا بەرهەم دەهێنێت. بزووتنەوە لەسەر وەیەکخستنی هێز و توانا ڕاوەستاوە، حاڵەتی درێژخایەنی هەیە؛ نە حاڵەتی ڕاسانی هەیە، نە حاڵەتی تەقینەوە. وەک چۆن دەڵێن: “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان” یان بزافی دژی ئاپارتاید.

بزووتنەوە بەستێنی فرەڕەهەند و فرەچەشنە، بۆیە ئەوەی ڕووی دا، نە بە “بزووتنەوە” پێناسە دەکرێت و نە بە “شۆڕشگێڕانە”. بزافی شۆڕشگێڕانە ڕووی لە ڕووخاندن یان ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆییە. لە حاڵێکدا، کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی خۆیی نییە و داگیرکەرە.

خۆ ئەگەر مەبەست لە “شۆڕشگێڕانە” ئاماژەیە بە دەور و ڕۆڵی ژن لەو ڕووداوەدا، ئەوە ئەگەر بۆ تاران شۆڕش و شۆڕشگێڕیی کۆمەڵایەتی بووبێت، لە کوردستان وا نەبووە؛ چونکە ژن لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان دەوری هەبووە. بابەتی لەچکە و داپۆشینی زۆرەملێیش کە سەرچاوەی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو داسەپاوی داگیرکەرییە.

ئەوەی ڕووی دا، “ڕاپەڕین” بوو. ڕاپەڕین ئەو ڕووداوە کتوپڕەیە کە لە ناو بەستێنی بزووتنەوەیەکدا ڕوودەدا. ڕاپەڕینی ژینا ڕاپەڕین دژ بە داگیرکەر بوو. ئاڵقەیەکی دیکە لە ڕاپەڕینە مێژووییەکانی کوردستان دژ بە داگیرکەر بوو.

کێشەی سێیەمی ناو پرسیارەکە کە لە ڕاستیدا، کێشەیەکی بوونناسانەیە، ئەوەیە کە بە ڕادیکاڵترین و بەرینترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دادەنرێت. دروست ئەوەیە بگوترێت بە یەکێک لە بەهێزترین ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت، نەوەک ئەو پێناسە و پێگە ڕەهایەی پێ بدرێت. لە ماوەی ٤ دەیەی پێشوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ڕاپەڕین و جووڵە و هەنگاوی گەورە هەبووە کە بەرین و بەربڵاو بوون؛ لەوانە سەردەمی شەڕی سێ مانگە کە بە پانتایی زۆربەی خاکی کوردستان، جووڵە و ڕاپەڕینی گەورە هەبوو.

لێرەدا ئەگەرچی بەڕێزتان باسی ئەوەتان نەکردووە بەڵام بە باشی دەزانم هەر لە درێژەی ئەم خوێندنەوە دژەباوەدا، ئاماژە بە دەوری ژن لە ڕاپەڕینی ژینادا بکەم. خوێندنەوەی باو وایە کە بەم ڕاپەڕینە ژن بووە خاوەن دەور و پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی؛ بەڵام من وای نابینم. ڕاپەڕین خۆی لە ڕەهەندێکییەوە بەرهەمی دەور و پێگەی ژن بوو لە کۆمەڵگا و لە بزاڤی سیاسیی کوردستاندا.

ئێستا با بڕۆینە سەر وڵامی پرسیارەکە، واتە چۆنییەتیی خۆگونجاندنی PAK و گۆڕانکارییەکانی ئێمە پاش ڕاپەڕینی ژینا. ئەم باسە لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا یان بە جۆرێکی دیکە لە نێوان ئاکتۆر و ستراکچێردا لێک دەدرێتەوە. ڕاپەڕینی ژینا لەناو بۆشایییەکی مێژووییدا بەرپا نەبوو، بەڵکوو لەناو بەستێنی ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی خەبات و بەرەنگاری و دیسکۆرسەکانی پێشتر و زاکیرەی بەکۆمەڵدا پێک هات.

لە کوردستان ئەم بەستێنە بە ڕادەیەکی زۆر لە لایەن پارت و ئەکتیویستی کوردەوە دروست کرابوو کە لە ماوەی ساڵانی دوور و درێژدا چەمکگەلی وەک بەرەنگاری، ماف و ئازادی و سەربەخۆییان بەرهەم هێنابووەوە. وەک پارتی ئازادیی کوردستان، ئێمە خۆمان لە ٣٥ ساڵی پێشوودا ئاکتۆرێک بووین کە وەک هەوێنێک لە گیرساندنی هەندێک توێی دیسکۆرسی ڕاپەڕینی ژینادا دەورمان گێڕاوە؛ لەوانە پرسی کوردستان، ناسنامەی کوردستانی لە جێگەی ئێرانی، بە داگیرکەر و کۆلۆنیال دانانی دەوڵەتی ئێران، چەمکی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و خاک، جیاوازی دانان لە نێوان بزووتنەوەی ئێرانی و بزاڤی کوردستانی و لە کۆتاییدا پێداگری لەسەر سەروەریی نەتەوەیی و دەوڵەت.

ڕەچەڵەکناسیی ئەم چەمکانە دەچنەوە سەر ئەدەبیاتی سیاسی و گوتاریی پارتی ئازادیی کوردستان. ڕۆحی ئەم پرس و چەمکانە لە هەندێک دروشمەکانی ڕاپەڕینی ژینادا، ڕەنگیان دابووەوە، ئەگەرچی هەوڵێک هەیە بۆ لەبیرکرانی ئەوە، بەڵام لەبیرناکرێت کە یەکەم دروشمی ڕاپەڕین کە لە ئایچییەوە درا بریتی بوو لە: “داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ژینامانی”. دواتریش ئەو دروشمانەی کە ئاماژەیان بە پەیوەندیی نێوان دۆخی ئارایی و نەبوونی دەوڵەت دەکرد.

بێجگە لەوانەش ئەو بایەخ و پێگەیەی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ دەوری ژن وەک سووژەی سیاسی قایل بووە و لانیکەم ١٠ ساڵ پێش ڕاپەڕین بەستێنسازیی بۆ کردبوو کە ژن دەوری سەرکردەیی و فەرماندەیی لە ڕیزەکانیدا بگێڕێت، جووت بوو لەگەڵ ئەم دەورەی کە ژنانی کوردستان لە ڕاپەڕینی ژینادا گێڕایان. لایەنەکانی ئەو هاوکێشەیە پەیوەندییەکی دیالەکتیکییان پێکەوە هەبوو؛ بەو واتایەی کە هەر ئەو جۆرەی بڕێک لە وێنەکانی ڕاپەڕین لەسەر ئەو بنەما دیسکۆرسی و مێژووییە فۆرمی گرتبوو، ڕاپەڕینیش کاریگەریی خۆی لە پێداچوونەوە و وەرددانەوە و ڕێکخستنەوەی چەمک و دیسکۆرسی PAK دانا.

لەم پێداچوونەوەیەدا، ئێمە لەسەر کوردستانییەت، سەروەریی نەتەوەیی و پێویستیی دەوڵەت و دامەزراوەی دەوڵەت بۆ ئاسایشی ناسنامەیی و ئاسایشی مرۆیی سوورتر بووین. ئەو تێگەیشتن و پێگەیەی وەک سووژەی سیاسی بۆ ژن قایل بووین، قایمترمان کرد. هاوكات “ناسیۆنالیزمی نوێی کوردستانی”مان لە کڵ دەرهێنا کە تێیدا ناسیۆنالیزمی کوردستانی، ئیتر هەر ئایدۆلۆژیا یان دیسکۆرسێک بەرانبەر ئەویتر یان بەرانبەر داگیرکەر و ئەمری ڕزگاری لە ژێر سەروەریی بێگانە نییە، بەڵکوو بە ڕووکاری ناوخۆییدا سازکراوەتەوە و بێجگە لە ڕەهەند و توخمی ڕزگاریخوازی، توخمگەلی: دیموکراتیک، دادگەر، سەوز و مەعناخوڵقێنی، ڕەگەزەکانی ئەو ناسیۆنالیزمەن کە ڕاپەڕینی ژینا کاریگەریی لەسەر خەمڵین و فۆرمولەکردنیان هەبوو.

بە وتەیەکی دیکە ڕاپەڕینی ژینا ئەو کاریگەرییە گوتارییەی لەسەر PAK هەبوو کە بێجگە لە بینینی داگیرکەر و پرسی سەروەریی نەتەوەیی، بە هەناوی پرسگەلی خۆیدا شۆڕ ببێتەوە. ئەگەر ناسیۆنالیزم و سەروەریی کوردستانی بە ڕووکاری دەرەوە و ناوەوە “دیموکراتیک” نەبێت قەیرانخوڵقێن دەبێت؛ یان ئەگەر توخمی “دادگەری”ی تێدا نەبێت، بەخێرایی ئەو شەرعییەتەی لە “ڕزگاری” بەدەستی هێناوە، تووشی قەیران دەبێت؛ یان ئەگەر مەعناخوڵقێن نەبێت تەنیا دەبێتە دژکردەوە و ئاسۆی لێڵ دەبێت و لە سووژەگیی ڕەواییەتسازی دەکەوێت.

٢- لە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو وڵاتە، بە پێچەوانەی پێشوو، هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی – ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی و «گەڕاندنەوەی گەورەیی و دەسەڵات بۆ وڵاتەکەی خۆی» دەدات، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانیی پێکهێنانی گۆڕانکاریی سیاسی و کولتووری لەو وڵاتانەدا بکات. واتە مەرجەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیزەکردنی وڵاتان چیی دیکە تەنانەت وەک ڕیتۆریکیش بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی – ئابووری لەگەڵ ئەمریکادا پێویست نین. ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا چ واتایەکی بۆ ناوچەکە و بزووتنەوەی کوردستان هەیە؟ ئەگەری هەیە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ئەو نەزمە نوێیەدا بگونجێنێت؟ لە وەها ئەگەرێکدا چارەنووسی بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ چییان لێ بەسەردێت؟

  • من لێرە لەسەر ئەم قۆناغە هەندێک بابەتی کورتم نووسیوە. “نیۆڕیالیزم” جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە، ئیتر جیهانە لیبڕاڵییەکەی پاش کۆتایی شەڕی سارد و ڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت کۆتایی هاتووە. دەکرێت بڵێین لە ٢٠١٠ بەملاوە، هێماکانی گەڕانەوەی نیۆڕیالیزم دەرکەوتن. لە جیهانی نیۆڕیالیزمدا دۆخی ئانارشی زاڵە و دەوڵەتەکان هەرکام لای خۆیانەوە، خۆیان لە ئاست هەڕەشەکان بەهێز دەکەن. هەروەها زلهێزەکان باری بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی لەسەر شانی خۆیان دادەگرن و تەئکیدیان لەسەر پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان دەبێت. لەم دۆخە ئانارشییەدا، سەنتەر و ناوەندێک نییە کە لە کاتی قەیراندا دەوڵەتێک پەنای بۆ ببات، بۆیە خۆبەهێزکردن تاکە بژاردەی دەوڵەتانە.

لەم دۆخەدا هەندێک دەوڵەت بۆ مانەوە خۆی بەهێز دەکات و هەندێک بۆ هێرش و گەورەبوونەوە. گومان و نادڵنیایی باڵی بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا کێشاوە. بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی(NSS)ی نوێی ئەمریکا، لەم جیهانەدا و بۆ ئەم جیهانە داڕێژراوە. ئەم بەڵگەنامەیە ناوەندی سەرنج و تەئکیدەکەی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، سەروەریی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دامەزراوە بان‌نەتەوەیییەکان و خۆبواردن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە جیهانییەکان و هەوڵدان بۆ دابەشکردنی ڕۆڵ لەگەڵ هاوپەیمانەکانییەتی.

بەم پێیە ئەمریکا ئیتر خەمی هەرە لەپێشی بەرژەوەندی و ئاسایش و پێگەی جیهانیی خۆیەتی و لەسەر ئەوانە شەڕ و ململانێ و پەیوەندییەکانی بە جیهانی دەرەوە ڕێک دەخات نەک لەسەر نۆرمەکان و بابەتەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ.

بەڵگەنامەی نوێی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا، لەمەڕ ناوچەکە، ئیتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێچەوانەی پێشوو، ناوەندی سەرنج و قورسایی نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بۆی گرنگ نەبێت و لێی خافڵ بێت؛ بەڵام لەجیاتی سیاسەتی نەتەوەسازی و دیموکراتیزەکردن و بوونی لەشکریی درێژخایەن، ڕوو لە کۆنتڕۆڵی قەیران و هەڕەشەکان دەکات بۆ ئەوەی نەوەک هەڕەشە و قەیرانەکان زیان بە بەرژەوەندییەکانی بگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا، ٣ پرس سەرەکین کە بریتین لە:

١- ئاسایشی وزە و گواستنەوەی بە مانای فراوانەکەی.

٢- ئاسایشی ئیسرائیل.

٣- ڕێگری لە هەڕەشە بە جیهانیبووەکان وەک: تیرۆر، ناسەقامگیری، کۆچ، چەکی ناوکی، بەبێ ئەوەی بڕواتە ناو جەنگی درێژخایەن.

ئەوەندەی بۆ کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، بێگومان ئێران هەموو هەوڵێک دەدات لە پشتی پەردەوە هەموو داشکاندنێک بۆ ئەمریکا بکات بەو مەرجەی بمێنێتەوە و نەڕووخێت. بەڵام من پێم وایە ئەو دەرفەتە بۆ کۆماری ئیسلامی نەماوە و تێپەڕیوە. ئەگەر بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بوایە، دەرفەتی هەبوو؛ ئێستا دەرفەتی بەسەر چووە. وای تێدەگەم کۆماری ئیسلامی یان دەبێت تەسلیم بێت، یان لە ئاکامی هاوتەریبیی ویستی نەتەوەکان و بەرژەوەندیی ئەمریکا و هەروەها ئیسرائیل کە فاکتەرێکی گرنگە، دەڕووخێت، یان بۆ ماوەیەک لە تاران دەپەستێورێت.

ئەوەندەی بۆ ئەمریکاش دەگەڕێتەوە، ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە کە ئەمریکا لە هەبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ دۆشینی جیهانی دەوڵەمەندی عەرەب سوودمەند بووە. ئەمریکا سوودی ئێستای لە لاچوونی بەربەستەکانی ڕێی بازاڕێکی ٩٠ میلیۆنیدا دەبینێت؛ گەورەترین بەربەستیش کۆماری ئیسلامییە.

بەڵام ئەوەندەی بۆ کورد دەگەڕێتەوە، بابەتەکە جۆرێکی دیکەیە. کێشەی سەرەکی و بنەڕەتیی کورد لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی فارسە و کێشەی لەگەڵ حکومەت و ڕژێمەکان لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. هەرچەندە ئێستا ئەمریکا سیاسەتێکی سەربەخۆی دیاریکراوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵام ڕەنگە بە ڕوانگەی “ئامرازیی”یەوە بۆی بنواڕێت. بەڵام ئایا لە حاڵەتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هاتنەسەرکاری حکومەتێکی پڕۆ‌ڕۆژاوا، ئەگەر ئەو حکومەتە لەمەڕ کورد هەمان ڕێچکەی ١٠٠ ساڵەی بگرێتەبەر، داخۆ ئەمریکا هەڵوێستی چۆن دەبێت و لە نێوان کورد و تاراندا بەپێی بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت چ هەڵوێستێکی هەبێت و چۆن ڕەفتار بکات؟

من پێم وایە چ بۆ ئەمڕۆ و چ بۆ ئەو دۆخە گریمانەیییە، خاڵی گەوهەری ئەوەیە کە کورد دەبێت ببێتە هێزێک و ببێتە ئاکتۆرێکی گرنگی سەرزەوی؛ ئاکتۆرێک کە باش بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بایەخ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران دەکات. خاڵی جووڵە بۆ ئەو ئاستە لە وەلانانی دەمارگرژی و سێکتاریزمی حیزبی بە قازانجی بزاڤێکی گەورە، دەست پێ دەکات.

٣- شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل گورزێکی گەورەی سەربازی، سیاسی، و ئابووریی لە ڕژێمی ئێران دا. تێکشکاندنی هێزە نیابەتییەکانی ئێران، چڕتربوونەوەی گوشارەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، خستنە ناو لیستی تیرۆری سوپای پاسداران لە ژمارەیەک وڵاتی وەک ئوسترالیا، قووڵتربوونەوەی قەیرانە ئابووری – سیاسییەکانی ئێران، قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژێم و تۆخبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناو باڵەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران هەموو نیشانەکانی قۆناغێکی سیاسیی نوێ لە ناوچەکە و ئێرانین. ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە سیاسییە دەکەن؟ پرسیارێک هەیە ئاخۆ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ سیاسەتێکی نوێتان بۆ ئەم قۆناغە تازەیە هەیە یان هێشتا چاوەڕوانیی گۆڕانکاریی زیاترن بۆ ئەوەی سیاسەتێکی نوێ بگرنە بەر؟

  • مامەڵەی ئێمە لەگەڵ ئەم دۆخە زۆر ڕوون و ڕاشکاوە و لە دەزگای فیکری و سیاسیی پارتی ئازادیی کوردستاندا، ئامادەیی بۆ دۆخی وا هەبووە. لە مانیفێستی ئازادیی کوردستان، پەسندکراوی کۆنگرەی یەکەمی PAKدا، باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی و ڕژێمەکانی لەو جۆرە، بەهۆی ئەوەوە ڕێگەی ئاڵوگۆڕیان لە ناوەوە بەستووە؛ زۆرجار گۆڕانکارییەکان لە دەرەوە بە هێز بەسەریاندا دەسەپێنرێت. لەسەر بنەمای ئەم خوێندنەوەیە، پارتی ئازادیی کوردستان پشتیوانیی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند. دەزانین کە ئەو هەڵوێستە لەناو کوردستان تا ڕادەیەک نامۆ و هەڵگری ڕیسکی سیاسی و ئاسایشی بوو، بەڵام PAK حیزبێکە لە کاتی پێویستدا ڕیسک دەکات.

من لەسەر ئەو باوەڕەم کە کورد دەبێت وەک ئاکتۆرێکی خاوەن ڕۆڵ لە هاوکێشە نوێیەکان لەو بوارانەدا کە ئاماژەتان پێ داوە، دەربکەوێت. سیاسەت و هەڵوێستی ئێمە هەمووی لە پێناوی بەئاکتۆر دەرکەوتنی کوردستانە، بۆ ئەوەی ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ پڕۆژەیەکی سیاسییان بۆ کورد پێ نەبێت، کورد ببێتە ئاکتۆرێکی پێویست و کەتوارێکی جێگیر (پایدار) بخوڵقێنێت.

ئەوەندەی بۆ سیاسەتی کۆیی یان یەکگرتووانەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە، هیچ سیاسەت و هەڵوێستێکی هاوبەش گەڵاڵە نەکراوە، بەڵام پڕۆسەی دیالۆگ بۆ گەیشتن بە هاوپەیمانییەک لە ئارادایە کە هەرچەند بە خاوی دەڕوات، بەڵام بابەتێکی زۆر گرنگە. بە بۆچوونی من ئەگەر بتوانین بگەینە ئاکام و هاوپەیمانییەک چێ ببێت، بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆناغێکی گرنگ و مێژوویی دەبڕێت.

٤- بزووتنەوەی ژینا بووە هۆی ئەوەی ڕیزبەندییە سیاسییەکان لەناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نەک تۆختر لە جاران، بەڵکوو گرژتریش ببێتەوە. حیزبەکەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕیزبەندییانەدا دەکات و خۆی لە کام بەرەدا دەبینێتەوە؟ ئەو بەرەیە تا چەند لەگەڵ پرسی کورد لە ئێران و دروشم و داخوازییە سیاسییەکانی ئێوە یەک دەگرێتەوە؟

  • پێوەری پارتی ئازادیی کوردستان بۆ چۆن دیتن و پەیوەندی و هاوکاریی ستراتیژیک لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، چۆن ڕوانینیانە بۆ پرسی کوردستان. سیاسەتی هەر بەرێک (چاکترە بگوترێت بەر تا بەرە)، لەگەڵ گۆڕینی هاوکێشەی سەروەری لە کوردستان بێت، ئێمە پێمان باشە پەیوەندی و هاوکاریمان لە نێواندا پێک بێت؛ بەڵام نەک بە تەرزێک کە “لە بەرەیەکدا” بین. ئێمە ئەو ناوەندییەتە بۆ هیچ بەشێکی ئۆپۆزسیۆن قایل نابین کە “لە بەرەیدا” بین.

لە ڕاستیدا ئەوەی پێی دەگوترێت ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، بریتییە لە ڕێکخراوەکان و گرووپەکانی فارس کە خەمی سەرەکییان مانەوەی فارس‌سەنتەری و مانەوەی سەروەریی فارس بەسەر ئێراندایە. ئەوانیش یەکدەست نین؛ بەرەی پاشایەتیخوازەکان هەر لەسەر ڕێچکەی دەوڵەتی ڕەزاخانی و نەدیتنی نەتەوەکانن. هەرچی بۆ موجاهیدین دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو ڕێکخراوەیە بڕێک زیاتر لە پرسی کوردستان نزیک ببێتەوە و پڕۆژەکەی خۆی بە داننان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردستاندا دەوڵەمەند و تەواو بکات، هەم ئاسۆیەکی باش لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد لەسەر خۆی دەکاتەوە، هەم ڕێگا بۆ پەیوەندی و هاوکاریی دۆستانەی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ خۆی خۆش دەکات. دوو پێکهاتەی دیکە کە پارت و لایەنەکانی نەتەوەکانیان لە خۆ گرتووە، واتە بەرەی نەتەوەکان بۆ مافی چارەنووس و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ، ئەگەر پێکەوە هاوکاری بکەن و ئالیانسێک پێکبهێنن، دەتوانن قورسایییەکی سیاسی و بەرەیەکی بەهێزی سیاسی پێکبهێنن.

٥- گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیکە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و پڕۆسە سیاسییە نوێیەکانی نێوان ئەم ڕێکخراوەیە و دەوڵەتی تورکیا بووە. لەبەر ئەوەی پرسی کوردستان پرسێکی لێک گرێدراوە و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەر پارچەیەک لە کوردستان کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکە دادەنێن، پێتانوایە کە ئەم قۆناغە نوێیە سیاسییەی باکووری کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت؟

  • هیچ پڕۆسەیەکی سیاسی بە ئاقاری چارەسەرییەکی ڕەوا بۆ کورد لە باکووری کوردستان لە نێوان ئەم ڕێکخراوەیە و دەوڵەتی تورکیادا نابینم. ئەوەی هەیە، پلانێکی تورکیایە کە خۆیان ناویان ناوە بنەبڕکردنی تیرۆر. ستراتیژ و پلانی تورکیا تێپەڕکردنی ئەم قۆناغەی خۆیانە لە تەکان و شەکانە سیاسی و جیۆپۆلێتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوتاری شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازیی چۆنایەتیی هەیە لەگەڵ گوتاری زاڵ بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی باکووری کوردستاندا، بۆیە لەو باوەڕەدا نیم ئەو نموونەیە بۆ ئەوێ بگوازرێتەوە. هیوادارم تورکیا نەتوانێت هیچ ڕادە لە وزە و پۆتانسییەلی بزاڤی سیاسیی باکووری کوردستان بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاربهێنێت.

تەوەری دووەم: پلان و بەرنامەکانی ئێستا

٦- ساڵانێکی زۆرە کۆمەڵگەی کوردستان چاوەڕوانیی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی هاوبەشی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ناوەڕاستی بزووتنەوەی ژینادا ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کردەوە لە کار کەوت. پێتان وایە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایدیۆلۆژیک و سیاسییەکان ئیمکانی پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری سیاسیی هاوبەش لە نێوان ئەم هێزە سیاسییە جیاوازانەی کوردستاندا هەیە؟ چەند مانگێکە باس لە ناوەندی دیالۆگ دەکرێت. وێدەچێت تا ئێستا ئەم ناوەندە هێشتا هەر لە سەروبەندی ساخبوونەوەدابێت و بە ئەنجامی دڵخواز نەگەیشتبێت. گەورەترین بەربەستەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەک یان ناوەندێکی کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چین؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش لە نێوان ئەم هێزانەدا، چ میکانیزمگەلێک دەتوانن پێش بە لاوازییەکانی ئەزموونەکانی ڕابردووی کاری هاوبەش بگرن؟

  • گەورەترین بەربەست بۆ پێکهێنانی بەرە یان ناوەند، ئەو ستراکچێرە فیکری و کولتووری و سایکۆلۆژییەی حیزبەکان بووە. ئایدیۆلۆژیا تەنیا بەشێک لەو ستراکچێرەیە؛ بەشێکی دیکە بنەمای مەعریفییان هەیە، وەک لاساییکردنەوەی چۆنییەتیی کاری سیاسیی ئەوانەی وا خاوەن دەوڵەتن. ئەوانەش ستراتیژ و سیاسەتی جیاواز بەرهەم دێنن. لە تەنیشت ئەوانەدا سایکۆلۆژی دەورێکی گرنگی هەیە. سایکۆلۆژیی مرۆڤی کورد، مل بەیەک نەدان و لەگەڵ یەک نەحەوانەوەیە؛ جا ئەوە کە دەگاتە ئێلیتەکان، تەشەنا دەکات و بە زەقی دەردەکەوێت. کۆی ئەمانە وای کردووە ئێستاش ناوەندی دیالۆگ بە زەحمەت بەرەو پێش بڕوات. من پێم وایە بەر لە بایەخی میکانیزم، زەین و گۆڕانی زەینی و دەستکاریی ئەو ستراکچێرە فیکری-سایکۆلۆژییە گرنگە؛ ئەوە چارەسەر بکرێت، ڕێگا بۆ میکانیزم دەکرێتەوە. لە ئێستادا بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانی دیالۆگ بۆ هاوپەیمانی، پێویستە متمانە لە نێوان لایەنەکاندا بەهێز ببێت. هەروەها پێویستە هەرکام لە لایەنەکان، خۆیان بە براوە بزانن و هەست بە شکۆ و سەربەرزی بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەو بەستێنە نەکرێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ، بەڵکوو بکرێتە بوارێک بۆ هاوگری.

٧- بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەنی جیاواز پێک دێت، بۆ نموونە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووناکبیر و ئاکادیمیسیانە بێلایەنەکان و هتد. ئاخۆ پەیوەندییەکی دوولایەنە و بنیادنەر لە نێوان ئەم پێکهاتە جیاوازانەی بزووتنەوەی کوردستاندا هەیە؟ یان هەر لایەنێک وەک دوورگەیەکی لێک دابڕاو خەریکی کاری خۆیەتی؟

  • ئەوانە هەموو دەمار و جۆگەلەکانی سەر زەوییەکن کە هەرکام ڕێگایەک دەبڕن، بۆیە شەپۆل نادەن. ئەگەر هەموو بڕژێنە ڕووباری نیشتمان/کوردستان و نەتەوە، کوردستان بەهێز دەبێت و دەتوانێت هێزی خۆی بەکاربهێنێت. بۆ ئەو دۆخە دڵخوازە، پێویستە لە بەستێنی سیاسیدا، سەنتەر و ناوەندییەت دروست ببێت. کە کاکڵێکی ساخ دروست بوو، بەرەبەرە گۆشت دەگرێت و دەبێتە گردوکردنەوە و کۆکردنەوەی کوردستانێک کە ١٠٠ ساڵە، ئەتۆمیزە دەکرێت.

٨- پرسی ستەم و نایەکسانیی جێندەری پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە کوردستان ژنان هەم لە لایەن پێکهاتە یاسایی، سیاسی و ئابوورییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەچەوسێنەوە و هەم کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان کولتوورێکی پیاوسالارە. ژنانی کوردستان هەوڵ و خەباتێکی زۆریان بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمە و گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری داوە. حیزبەکەی ئێوە چ بەرنامەیەکی واقیعی و کردارەکی بۆ ستەم و نایەکسانیی جێندەری هەیە و چۆن ڕووبەڕووی ئەو پرسە بووەتەوە؟

  • من لە کوردستان پیاوسالاری بەو ڕادەیە توند و ڕەق نابینم. کوردستان ئەو خاک و کۆمەڵگایەیە کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر سەرکردەی ژنی لێ هەڵکەوتووە و بووەتە سیمبول بۆ کۆی کۆمەڵگا. کوردستان کاپاسیتی کۆمەڵایەتییەکەی بۆ یەکسانیی ڕەگەزی زۆرە، بەڵام ئەوەی تەنگی بە ژن و یەکسانی هەڵچنیوە، سەروەریی داگیرکەرانەیە. لە حاڵی حازردا، بەهۆی دۆخی داگیرکراویی کوردستان، بوار و بەستێن بۆ کاریگەری دانانی پارتی ئازادیی کوردستان لەسەر ئەو پرسە بەرتەسکە. ئەوەی ئێستا دەستمان تێیدا ئاواڵەیە، دوو بواری گوتاری و ڕێکخراوەیییە. لە بواری گوتارییەوە، هەڵگری گوتاری یەکسانیی نێوان ژن و پیاو لە هەموو ئاست و بوارەکانی ژیانداین. لە بواری ڕێکخراوەییدا، بەستێنێکی لەبارمان هەیە بۆ پێگەیشتن و دەورگێڕانی ژن لە پێگەی سەرکردەیی و فەرماندەییدا.

٩- لەم ساڵانەی ڕابردوودا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە گەشە بووە و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان هەوڵیان داوە داخوازییە جیاوازەکانی خۆیان – بۆ نموونە پرسە جێندەرییەکان، پرسی ژینگە و پرسی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی – لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردیدا جومگەبەندی بکەن. چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەم دۆخە هەیە و بۆچوونی ڕێکخراوەکەی ئێوە لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی چییە؟

  • ناسیۆنالیزم ڕۆحی نەتەوەیە. نەتەوەی بێ ناسیۆنالیزم، خەسیو و پەککەوتە و بێ خەونی گەورە دەبێت. ناسیۆنالیزم بۆ پاراستنی کۆمەڵگا دەوری چیمەنتۆی هەیە. پارتی ئازادیی کوردستان پڕۆژەی بووژاندنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕووی ڕەچەڵەکناسیی ناسنامەیییەوە، خۆ بە ناسیۆنالیست پێناسە کردن، بۆ PAK دەگەڕێتەوە. بەڵام هاوکات ناسیۆنالیزمی کوردی پێویستی بە نوێکردنەوە بووە. من چەمکی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردستانیم هێناوەتە گۆڕێ؛ ناسیۆنالیزمێک لەسەر بنەمای ٥ ڕەگەزی سەرەکی: ڕزگاریخوازی، دیموکراتیک، دادگەر، سەوز و مەعناخوڵقێن. ئەم ناسیۆنالیزمە هاوکات ئەلتەرناتیڤێکی بەهێزە بۆ دەرچوونی مرۆڤی کورد لە حەساری دووانەی ڕاست و چەپ.

١٠- داواکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ فۆرمی خودموختاری، فیدرالیزم و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک پێک دێت. بەشێک لەم حیزبانە خۆیان بە ڕێکخراوەی ناسیۆنالیستی دەزانن، لە کاتێکدا حیزب هەیە بە هەموو جۆرێک دژایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات. ئەم ناکۆکییانە لە گوتار و ئایدیۆلۆژیایاندا چ کاریگەرییەکیان لەسەر کاری مەیدانی و یەکگرتوویی نێوان ڕێکخراوەکان دەبێت؟

  • سەرەتا بەلامەوە جێی پرسیارە کە چلۆن سەربەخۆییخوازیتان لە ڕیزی “داواکاریی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” وەلاناوە، لە کاتێکدا پارتی ئازادیی کوردستان بناغەکەی لەسەر سەربەخۆییخوازی داڕژاوە و سەربەخۆیی ناسێنەیەکی سەرەکیی PAK و هێڵێکی جیاکەرەوە و ناسنامەییی پارتی ئازادیی کوردستانە. من پێم وایە بۆ کورد هیچ فۆرمێکی سیاسی بێجگە لە سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون، نە دیموکراتیک دەبێت، نە ئاسایشی ناسنامەیی بەدی دێنێت و نە ئاسایشی مرۆیی و نە یەکسانی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. بێگومان جیاوازی و مەودای بەو ڕادەیە لە نێوان دوو ئایدیۆلۆژیا یان دوو گوتاری جیاواز و دژ بەیەک، لە کاری مەیدانی و هاوبەشدا گیروگرفت پێک دێنێت. هەر بۆیەش هاوپەیمانی و کاری بەرەیی لە نێوان پارت و لایەنی بەو جۆرە، ئاسان نییە و زۆریش زەحمەتە. بەو حاڵەشەوە، ئەگەر هاوپەیمانی و بەرە زەحمەتە بەڵام ڕێککەوتن لەسەر میساقێکی نیشتمانی کە چەند خاڵی بنەڕەتی بگرێتە خۆ، لەکردن دێت. لە کۆتاییدا، شەپۆلەکانی کۆمەڵگا جێگۆڕکێ بە باوەڕ و ستراتیژ و گوتارەکان دەکات.

تەوەری سێیەم: ئاسۆی گۆڕانکارییەکان و ئاڵنگارییەکان

١١- لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دینامیزمی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان زۆر خێراتر بووە. ڕووداوەکان زوو ڕوو دەدەن، و زۆر کات پێشبینی نەکراون. ئەو لایەنانەی پلانی تۆکمەتر، لابیی بەهێزتر و میدیای چالاکتر و هێزی زۆرتریان هەیە باشتر دەتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییشدا کەڵک لە گۆڕانکارییەکان وەربگرن و قازانج و ویستەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن. هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بە لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان میدیا، لابی و پلانێکی لاوازیان بۆ بەرەوپێشچوونی گۆڕانکارییەکان هەیە. لە بەرانبەردا، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باری کاری ڕێکخراوەیی، هێزی جووڵاندنی شەقام و مەشرووعییەتی مێژوویی لە ئێرانییەکان بەهێزترن. بەڵام ئەو بەهێزییە تەنیا بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا ڕەنگە زۆر کاریگەریی لەسەر قۆستنەوەی دەرفەتەکان نەبێت. بۆیە زۆر کات دەبینرێت وڵاتانی ڕۆژئاواییش بۆ پرسەکانی ئێران و کوردستان لایەنە ئێرانییەکان بە بەردەنگ وەردەگرن. چارەتان بۆ چارەسەریی ئەم گرفتانە چییە؟ ئاخۆ هیچ هەنگاوێکتان بۆ پڕکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی کوردستان بە مەبەستی بەشداریی زیاتر و کاریگەرتر لە گۆڕانکارییەکاندا هەیە؟

  • کێشەیەکی بنەڕەتیی پێکهاتەیی لەم بابەتەدا هەیە کە بریتییە لە هەمان تەوقی بندەستیی کورد و خاوەن‌سەروەری بوونی ئێرانییەکان (فارسەکان). ئەم سەروەرییە نەتەوەیییە هەم بۆ فارسی خاوەن‌حوکم بەرەکەتە و هەم بۆ فارسی ئۆپۆزسیۆن. جیهان مامەڵەی پڕۆژەیی و جێگیر لەتەک لایەنەگەلی خاوەن‌سەروەری و دەوڵەت دەکات. هەر بۆیەش کوردبوون “موسیبەت”ە و کوردایەتی، دژوار. لێرەدایە کە عەقڵ و هەڵسوکەوتی ئاکتۆر (لێرەدا کورد) دەتوانێت، کار لەو ستراکچێرە ڕەقە بکات و هاوکێشەکە بگۆڕێت. پردی سەرەکیی پەڕینەوە لەم دۆخە و پڕکردنەوەی بۆشایی نەبوونی سەروەری و موسیبەتی کوردبوون، بە “هێز” و “بەکارهێنانی هێز” پڕدەکرێتەوە. خاڵی دەستپێکی بەهێزبوون و بەکارهێنانی، لە گردکردنەوە و وەسەریەکخستنەوە دەست پێ دەکات کە یەکەم هەنگاوی ئەویش دامەزراندنی هاوپەیمانی یان بەرەیەکی کوردستانییە. ئێوە بڕوانن کە چۆن هەر تەنیا ژوورێکی دیالۆگ، لای دۆست و دوژمن چ دەنگێکی داوەتەوە. گەورەترین لاوازیی بزاڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوونی ئەو هێزەیە. بە دامەزرانی هاوپەیمانی یان بەرە، ئەو خاڵە لاوازانە، بەرەبەرە پڕدەبنەوە و دەگۆڕدرێن بۆ خاڵی بەهێز.

١٢- بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران ڕاوەستاوە؟ ئاخۆ ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە قۆناغی گۆڕانی ڕژێمدا بەشدار دەبێت یان چاوەڕوان دەکرێت پاش ڕووخانی ڕژێمیش بەشێکی لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت؟ هاتنەسەرکاری ڕژێمێک لە ئێران کە لەگەڵ ئاراستەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بێت بەڵام لە ناوخۆدا ئامادە نەبێت دان بە هیچ مافێکی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا بنێت ڕەنگە دۆخی بزووتنەوەی کورد لەوەی هەیە ئەستەمتریش بکات. پێتانوایە ئەگەری سەرکەوتنی وەها سیناریۆیەک هەیە؟ گەر وەها سیناریۆیەک ڕوو بدات پلانتان چی دەبێت؟

  • بزووتنەوەی کورد، کەتوارێکی قایم‌بەزاتە و دەبێت بە مێتۆدی فینۆمینۆلۆژی ببینرێت؛ واتە هەبوونی بزاڤی کوردستان بەستراو بە بوونی بزاڤ یان گۆڕانکارییەکی دیکە لە ئێران نییە، بەڵام بوون یان نەبوونی بزاڤ یان هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران و بگرە لە دەوروبەریشی بە چاک یان خراپ کاری تێدەکات. مەبەستم لەم سەرنجە ئەوەیە نابێت “ناوەندییەت” بە کەس بدەین و “پەراوێز” بۆ خۆمان قایل ببین. خۆمان ئەسڵی “ناوەند”ین، بۆیە ئێمە نابێت خۆ لە پەراوێزی هیچ ناوەندێکدا ببینین.

وەک لە وەڵامەکانی پێشوودا ئاماژەم پێ داوە، لەبەر ئەوەی کێشەی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتە، ڕووخان یان جێگۆڕکێی حکوومەت ناتوانێت لە بنەڕەتدا پرسی کوردستان چارەسەر بکات. جێگۆڕکێی نێوان پەهلەوی یەکەم و دووەم و دواتریش نێوان ڕژێمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، هەروەها ئەزموونی کورد لە عێراقی پاش سەدام و سووریای پاش ئەسەد، ئەوە دەسەلمێنن. ئەگەری وەها سیناریۆیەک و سەپاندنی ئەگەرێکی واقیعییە، بەڵام ڕەها نییە و سەرکەوتووش نابێت و سەقامگیریی لێ ناکەوێتەوە. ڕووبەڕووبوونەوە و لەباربردنی وەها سیناریۆیەک، نابێت بکەوێتە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دەبێت هەر لە ئەمڕۆوە ئەو هەڕەشەیە ببینرێت، بناسرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت. پلانی ئێمە ئەوەیە خۆمان گرد و کۆ بکەین، هاوپەیمانییەکی کوردستانی دابمەزرێنین و کوردستان بکەینە ئاکتۆرێکی پێویست.

١٣- دۆخی دابەشکاریی کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا ئاستی جیاوازی پەیوەندی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا دروست کردووە. ئەم هەلومەرجە چ کاریگەرییەکی لەسەر جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی ئێوە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەیە؟ چۆن ئەو پەیوەندییانە بۆ ڕای گشتی شی دەکەنەوە و پاساوی دەدەنەوە؟

  • دابەشکرانی کوردستان بۆ کورد و کوردستان کارەساتێکی گەورە بوو؛ کوردی بە خاک و بزاڤ و ناسیۆنالیزمەکەیەوە دابەش و پارچەپارچە کرد. هاوکات تووشی بەرتەسکی و داخراویی جیۆپۆلێتیکی کرد و دەروازەی جیهانی دەرەوەی بەسەردا داخست. بۆیە بزاڤی هەر پارچەیەک تەنیا دەرگای داگیرکەری پارچەکانی دیکەی لەسەر کراوە بوو. هەڵبەت ئێستا پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشووری کوردستان و پێکهێنانی هەرێمی کوردستان و هەروەها دۆخی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان، ئەو نیزامە درزی تێبووە.

لە هەر حاڵدا، ئێمە دژی هەبوونی پەیوەندییەک بە مەرجی پاراستنی سەربەخۆیی بڕیارەوە نین، بەڵام لەگەڵ تێکەڵی و پەیوەندیی نهێنی و ناهاوسەنگی هیچ پارتێکی کوردستانی و بوون بە بەشێک لە ئەجێنداکانی هیچکام لەو دەوڵەتانەش نین.

 

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!