گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
عوسمانزادە داود:ناڕەزایەتییەکانی ئێران و پێویستیی دەربازبوون لە زنجیرەی سەد ساڵەی دیکتاتۆری.
گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
داود عوسمانزادە: ناڕەزایەتییەکانی ئێران و پێویستیی دەربازبوون لە زنجیرەی سەد ساڵەی دیکتاتۆری.
پێشەکی
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ لە ئێران، لە ساتەوەختێکی مێژوویی تایبەتدا سەری هەڵدا. ئەم شەپۆلە نوێیە لەگەڵ تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران لە ساڵی ١٩٢٥ لەسەر دەستی ڕەزا خان پەهلەوی هاوکات بوو. لە ماوەی ئەم سەدەیەدا، جوگرافیای سیاسیی ئێران بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی دوو ڕژیمەوە بەڕێوە براوە: پاشایەتییەکی ڕەها (جگە لە ماوەیەکی کورت و سنوورداری کرانەوەی سیاسی لە سەرەتای سەردەمی محەمەد ڕەزا شا) و دوای ساڵی ١٩٧٩ش، کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای دۆکتۆرینی «ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ» داڕێژراوە. سەرەڕای جیاوازییە ئایدیۆلۆژی و دامەزراوەییەکانیان، هەردوو سیستمەکە بە ناوەندگەراییەکی چەقبەستوو، توانای سەرکوتکاریی دەوڵەت و مەیلی بەردەوام بۆ مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی ناسراونەتەوە. ئەنجامەکە تەنیا زنجیرەیەک لە دوو دیکتاتۆری جیاواز نییە، بەڵکو نەریتێکی مێژوویی درێژخایەنە کە تێیدا دەسەڵاتی سیاسی چەندین جار لە ڕێگەی پەراوێزخستن، سەرکوت و قۆرخکردنی نوێنەرایەتییەوە، خۆی جێگیر کردووەتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: چۆن دەکرێ ئەم زنجیرە سەد ساڵەیەی دیکتاتۆڕی بپچڕێندرێت؟ ئایا تەنیا گۆڕینی ئەربابەکان بۆ ئەم مەبەستە تەواوە؟
لە ساڵانی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی چڕ بووەتەوە. لە دوای «بزووتنەوەی سەوز»ی ساڵی ٢٠٠٩وە، ئێران زنجیرەیەکی یەک لە دوای یەکی ململانێی دژە ڕژیمی بەخۆوە بینیوە. ئەم زنجیرانە ڕەوتێکی ڕاست و هێڵی نەبوون، بەڵکوو بە شێوەیەکی کەڵەکەبوو درزی قووڵیان لە شەرعییەتی دەوڵەت و توانای بەڕێوەبردنی وڵات لە ڕێگەی ڕەزامەندیی گشتییەوە نیشان داوە. ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ نوێترین و یەکێک لە ڕادیکاڵترین دەرکەوتەکانی ئەم ڕەوتە مێژووییە درێژخایەنەی ناڕەزایەتین. لێرەدا سێ پرسیاری سەرەکی دێنە گۆڕێ: یەکەم، ئەم خولەی ناڕەزایەتییەکان چۆن دەستی پێکرد و پەرەی سەند؟ دووەم، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی چین، بەتایبەتی فرەچەشنیی ناوخۆیی لە نێوان ناوچە و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا کامانەن؟ سێیەم، ئەکتەرە سیاسییە دەرەکییەکان، بەتایبەتی هێزە پاشایەتیخوازەکان و میدیاکانی لایەنگری ڕەزا پەهلەوی، چۆن هەوڵیان داوە مانا و ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لێک بدەنەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە دوورکەوتنەوە لە «ئێستاگەرایی (presentism)» هەیە: لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێستا وەک ڕووداوێکی دابڕاو، ئەم شیکارییە دوایین زنجیرەکانی ناڕەزایەتییەکان لەناو پڕۆسەیەکی مێژوویەکی درێژتری دەوڵەتسازی، حوکمڕانیی ئۆتۆریتار و ململانێ لەسەر نوێنەرایەتیی سیاسی لە ئێراندا لێک دەداتەوە.
دەستپێک و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان
لە ٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥، بازاڕییەکانی تاران وەک کاردانەوە بەرانبەر بە هەڵاوسانی ئابووریی خێرا، ناسەقامگیریی نرخی دراو و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی ڕۆژانە، دەستیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی کرد. ئەم هەنگاوانە بە خێرایی لە تارانەوە بۆ شار و ناوچەکانی دیکە تەشەنەیان کرد. لە ماوەیەکی کورتدا، ناڕەزایەتییەکان لە ڕووی دروشم و ئامانجەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هات: ئەوەی وەک جووڵانەوەیەک بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە دەستی پێکرد، خێرا گۆڕا بۆ ململانێیەکی سیاسیی ڕاشکاو دژ بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.
هەرچەندە تەنگەژەی ئابووری هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەکە بوو، بەڵام لە ڕووی شیکارییەوە ناکرێ تەنیا فاکتەری ئابووری وەک تاقە هۆکار دابنرێت. دوای نزیکەی دوو دەیە کە تێیدا سیاسەتی ڕیفۆرمخوازی بەردەوام بەڵێنی گۆڕانکاری و چاکسازیی لە ناو ڕژیمدا دەدا، بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێران گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ڕیفۆرمی ڕاستەقینە لە ڕووی پێکهاتەییەوە داخراوە. ئەم بێهیواییە پێشتر لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١٧-٢٠١٨دا بەڕوونی دەرکەوتبوو، کاتێک دروشمی «ئوسووڵگەرا، ئیسلاحتەڵەب، ئیتر تەواوە [اصلاح طلب، اصولگرا\ دیگە تمومە ماجرا]» ئاماژە بوو بۆ ڕەتکردنەوەی گشتگیریی ئەو پلۆڕالیزمە کۆنتڕۆڵکراوەی ڕژیم. لەم چوارچێوەیەدا، کێشە ئابوورییەکان بوونە ئامرازێک کە لە ڕێگەیەوە ناڕەزایەتییە سیاسییە فراوانترەکان دەردەبڕدران.
لە دوایین خولی سەرهەڵدانەکەدا، چەندین پڕۆسەی پێکهاتەیی یەکیان گرت بۆ دروستکردنی بەستێنی ئەم سەرهەڵدانە جەماوەرییە. لەوانە: گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران، سزای بەرفراوان، و ئەو گوشارە داراییانەی بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی دەرەکی دروست ببوون. هەروەها دەستێوەردانی هەرێمی، گەندەڵیی سیستماتیک و فراوانبوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی. لە ناوخۆشدا، سەرکوتی سیاسی هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی ڕێبەری ڕژیم و هاوپەیمانەکانی بۆ «پاکتاوکردنی» مەیدانی سیاسی لە ڕێگەی پەراوێزخستنی فراکسیۆنە ڕکابەرەکان چڕتر بووەتەوە. شکستە سەربازییەکان، گەڕانەوەی داینامیکی «زۆرترین گوشار»ی ئەمریکا و داڕمانی توانای دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی ئابووریدا، ئەم گوشارانەیان هێندەی دیکە قورس کردووە. لە بارودۆخێکی وەهادا، ڕاپەڕین تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە بارودۆخی خەڵک لە ڕووی ئابوورییەوە خراپتر بووە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە توانای ڕژیم بۆ گۆڕینی سەرکوتکاری بۆ حوکمڕانی لاواز بووە: واتە ڕژیم دەتوانێت سەرکوت بکات، بەڵام ناتوانێت سەقامگیری دروست بکات.
کاتێک ڕاپەڕینەکە فراوانتر بووەوە، کۆماری ئیسلامی بە شێوازی هەمیشەیی خۆی وڵامی دایەوە: سەرکوتکاری پەرەی سەند. هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە ئەزموونە مێژووییەکانیان لە کپکردنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان، هێرشەکانیان لە چەندین شوێن چڕتر کردەوە. سەرکوتکردن لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان گەیشتە لووتکەی خوێناویی خۆی و ژمارەیەکی یەکجار زۆری خۆپیشاندەر کوژران و بریندار بوون و تەنانەت هێزە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەکانیش. ئەم توندوتیژی و سەرکوتە ژینگەی ناڕەزایەتییەکانی ڕادیکاڵتر کرد.
دە ڕۆژ دوای سەرهەڵدانی یەکەمی ناڕەزایەتییەکان، لە ٦ی ژانویەی ٢٠٢٦، «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» (کە لە حەوت حیزبی سیاسی پێکهاتووە) بانگەوازێکی بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی هەماهەنگ بۆ ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی ژانوییە بڵاو کردەوە؛ هەم وەک پشتگیرییەک لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری و هەم وەک کاردانەوە بەرانبەر کوشتنی خۆپیشاندەران لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان. ئەم بانگەوازییە لە لایەن شەبەنگێکی بەرفراوان لە ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانەوە پشتگیری کرا، لەوانە: «کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ»، «حیزبی چەپی ئێران»، «بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان»، ڕێکخراوە کولتووری و سیاسییەکانی تورکمان سەحرا، کۆمەڵە مەدەنییەکانی تورکمان، بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکمان، تورکمانە دیموکڕاتەکانی ئێران، شەش ڕێکخراوی مافی ژنان و چەندین کەسایەتیی سیاسی. ئەنجامەکە جووڵانەوەیەکی هەرەوەزیی گەورە بوو: لە زیاتر لە پەنجا شار و شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە زۆریەک لە شارەکانی ئێران، خەڵک مانیان گرت و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.
چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی بانگەوازییەکەی ناوەندی دیالۆگ بڵاو بووەوە و دەنگی دایەوە، ڕەزا پەهلەوی پەیامێکی بڵاو کردەوە و داوای لە خەڵک کرد کە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە ماڵەکانیان و لە شەقامەکاندا دروشم بدەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی پێشوو کە تێیدا کۆمەڵگەی کوردی زۆربەی کات وەڵامی بانگەوازییەکانی حیزبەکان بۆ مانگرتن دەداتەوە، کاتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ڕەزا پەهلەوی لە ڕووی سیاسییەوە جێگەی تێڕامانە. ڕەزا پەهلەوی کە دەیزانی جارێکی دیکە کۆمەڵگای کوردستان بەپیل بانگەواز و داخوازیی حیزبەکانی خۆیەوە دەچێت، هەلەکەی قۆزتەوە و هەوڵی دا تا لەڕێگەی بانگەوازێکی هاوتەریب و هاوکات دەست بەسەر مانگرتنی کوردستاندا بگرێت و وەک خۆیان دەڵێن موسادیرەی بکات؛ بەتایبەتیش کە لەم دوواییانەدا ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن تەواو پڕوپاگەندەیان بۆ پەهلەوی و پەهلەویچییەکان دەکرد. لەڕاستیدا ئەم حەولەی ڕەزا پەهلەوی بۆ ئەوە بوو میدیاکانی لایەنگری بتوانن چالاکییە بەکۆمەڵەکانی کوردستان وەک بەشێک لە گێڕانەوەی «پەهلەوی-سەنتەر» نیشان بدەن.
ناڕەزایەتییەکان لە دوای ئەم زنجیرەی سەرەتاشەوە بەردەوام بوون. ئەکتەرە دەرەکییەکان، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەندێک دەوڵەتی ئەورووپی، پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران دەربڕی و هەندێک کەناڵی وەک بەشی فارسیی دەنگی ئەمەریکا بەرنامەکانیان بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندەران فراوانتر کرد. لە هەمان کاتدا، کۆماری ئیسلامی سەرکوتەکانی چڕتر کردەوە، تۆڕەکانی ئینتێرنێتی بەتەواوی پچڕاند و ئەوەیش بووە هۆی پەکخستنی زانیارییەکان و ڕێگری لە گواستنەوەی وردی ژمارەی کوژراو، بریندار و دەستبەسەرکراوەکان کرد. لەم ژینگەیەدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەوڵیان دا توندوتیژییەکان بە دۆکیۆمێنت بکەن. بەپێی هەندێک زانیاریی پشتڕاستنەکراوە تا ئێستا دەیان هەزار کەس لە خۆپێشاندەران بەدەستی هێزەکانی ڕژیم کوژراو، بریندار بوون و دەستبەسەر کراون.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم سەرکوتە، کۆماری ئیسلامی ستراتیژییەکی گوتاریی چڕ کردووەتەوە کە مێژوویەکی درێژی لە شێوازی حوکمڕانییەکەیدا هەیە: پۆلێنکردنی سیستماتیکی ناڕەزایەتی وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی. ئەوەی سەرەتا وەک گێڕانەوەیەکی ناسراو بۆ وێناکردنی خۆپیشاندانەکان وەک «ئاژاوە» و خۆپیشاندەران وەک «ئاژاوەگێڕی دەستی دەرەکی» باسیان لێدەکرا، دواتر گۆڕا بۆ ئاستێکی مەترسیدارتر. عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ڕژیم ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانیان وەک «شەڕی ناوخۆ» وەسف کردووە، ئەمە گۆڕانکارییەکی جۆرییە لە شێوازی مامەڵەی ڕژیم لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا. ئەم چوارچێوەسازییە ڕاپەڕینی جەماوەری وەک دوژمنایەتییەکی چەکدارانە وێنا دەکاتەوە. لۆژیکی سیاسیی ئەم هەنگاوە ڕوونە: کاتێک خۆپیشاندەران چیتر وەک هاووڵاتییەک کە داواکارییان هەیە نەبینرێن و وەک «دوژمن» پێناسە بکرێنەوە، توندوتیژی دژی ئەوان لەبری سەرکوتکردن، وەک «بەرگری لە خۆ» پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە. گۆڕانکاری لە «تاوانبارکردن»ەوە بۆ «بەسەربازیکردن و میلیتاریزم» لەڕێگەی لۆژیکی شەڕی ناوخۆ شوێنی حوکمڕانی لە ڕێگەی سەرکوتکردن دەگرێتەوە.
فرهچەشنیی ناڕەزایەتییەکان
تایبەتمەندییەکی دیاری سیاسەتی ناڕەزایەتی (Contentious Politics) لە ئێراندا، فرهچەشنی و هەمەجۆریی(Heterogeneity)ە. خولەکانی ناڕەزایەتی (Cycles of Contention) لە ئێراندا بە دەگمەن دەبنە بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی خاوەن داواکاری، سەرکردایەتی، یان بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی یەکچەشن. بە پێچەوانەوە، ئەم ناڕەزایەتییانە ڕەنگدانەوەی جیاوازیی چینایەتیی کۆمەڵگە، جیاوازیی نەتەوەیی و جێندەری، نایەکسانیی ناوچەیی و ناهاوسەنگیی توانای ڕێکخراوەیین. ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ نموونەیەکی بەرچاوی ئەم نەریتەن. بۆ نموونە، لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، دروشم و داواکارییەکانی ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی سیاسی و مێژووی سەرکوتکردنی ناوچەکەدا بوون، لە کاتێکدا ڕاپەڕین لە بەلووچستان ڕەنگدانەوەی مێژوویەکی جیاوازی پەراوێزخستن و توندوتیژیی دەوڵەت بوو. هەمان داینامیک لێرەشدا بەدی دەکرێت.
لە هەموو جوگرافیای سیاسیی ئێراندا، ڕووخاندنی ڕژیم و ئازادی وەک تەوەری سەرەکی لە گوتاری ناڕەزایەتییەکاندا ماونەتەوە. کەچی لە کوردستان، بەلووچستان و ناوچە نافارسەکانی دیکەدا، داواکاری بۆ مافە نەتەوەییەکان و مافی بڕیاردانی چارەنووس، پاشکۆ و لاوەکی نین؛ بەڵکوو بە شێوەیەکی پێکهاتەیی لە ناو داواکاری و ئەزموونە سیاسییە ناوخۆییەکاندا جێگیر کراون و بنەمای داخوازییەکان پێک دەهێنن. لە کوردستان، حیزبە سیاسییەکان هێشتا وەک ئەکتەری سەرەکیی ڕێکخەر دەور دەبینن و پێوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان پاراستووە. بە پێچەوانەوە، لە ناوچە فارس-نشینەکاندا هیچ حیزبێکی جەماوەریی هاوشێوە نییە کە خاوەن هەمان مێژووی ڕەگداکوتاو بێت؛ لەوێدا ڕاپەڕینەکان زیاتر لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە دەستپێشخەریی خۆڕسک، تۆڕە نافەرمییەکان و دەستێوەردانی کاتیی فراکسیۆنە سیاسییەکان (لەوانە ڕیفۆرمخوازەکان لە قۆناغەکانی پێشوودا) سەرهەڵدەدەن.
پشتگیری لە ڕەزا پەهلەوی لە هەندێک ناوچەی فارس-نشین و بەشێک لە لوڕستان دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە ناو ئەو کۆمەڵانەی کە لە ڕیفۆرمخوازی بێهیوا بوون و خاوەن ژێرخانێکی ڕێکخراوەیی جێگرەوە نین کە بتوانێت بەرنامەیەکی سیاسی بخاتە ڕوو. بەڵام، ئەو ڤیدیۆیانەی لە ناوخۆی ئێرانەوە بەردەستن، ئەو بانگەشەیە پشتڕاست ناکەنەوە کە ئەم پشتگیرییە نوێنەرایەتیی زۆرینە بکات، تەنانەت لەو ناوچانەشدا. لە ناوچە نەتەوەییە نافارسەکاندا، داواکارییە نەتەوەییەکان هێشتا چوارچێوەی سەرەکیی گوتاری ناڕەزایەتییەکان پێک دەهێنن.
بەشداریی خەڵکیش لە ڕووی جوگرافییەوە لەم خولەی ناڕەزایەتییەکاندا، هەروەک خولەکانی پێشوو، جیاواز بووە. مێترۆپۆلەکانی وەک تاران، مەشهەد، ئیسفەهان و شیراز، جووڵەی گەورەی شەقامیان بەخۆوە بینی، هەروەها شارەکانی وەک قەزوین، هەمەدان و شارەکانی تریش بە دیاریکراوی هاتنە سەرشەقام. لە هەمان کاتدا، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا زۆر چالاک بوون و ڕووبەڕووی سەرکوتێکی توند بوونەوە. لە هەندێک ناوچەی نەتەوەیی نافارس، بەشداریی خەڵک لە ژێر کاریگەریی مەترسیی «قۆرخکردنی گێڕانەوەکان» (Narrative Appropriation) لە لایەن هێزە پاشایەتیخوازەکان و هەروەها چاوەڕوانییە مێژووییەکان بۆ سەرکوت، ناهاوسەنگ بووە. هەم دەوڵەتی پەهلەوی و هەم کۆماری ئیسلامی، لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی ئەمنییەوە حوکمی ناوچە پەراوێزخراوەکانیان کردووە و زۆرجار سەرکوتێکی قورستریان لەچاو ناوەند بەکار هێناوە. لەم خولەدا حیزبە کوردییەکان زیاتر جەختیان لەسەر مانگرتن و چالاکیی پشتگیری کردووە نەک بانگەوازی بەردەوام بۆ ڕژانە سەر شەقامی بە کۆمەڵ، کە ئەمەش دەکرێت وەک هەڵبژاردنێکی تاکتیکیی ژیرانە لە بارودۆخی سەرکوتی توند و ململانێ لەسەر نوێنەرایەتی لێک بدرێتەوە.
قۆرخکاریی پاشایەتیخوازەکان بۆ ناڕەزایەتییەکان
ململانێ لەسەر مانای ناڕەزایەتییەکان تەنیا ململانێیەکی شیکاری نییە؛ بەڵکو ململانێیە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و مەشروعییەت. لەم چوارچێوەیەدا، هێزە پاشایەتیخوازەکان و میدیاکانی لایەنگری ڕەزا پەهلەوی لە دەرەوەی ئێران، سەرچاوەیەکی زۆریان تەرخان کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی چوارچێوەیەکی شیکاریی کە ناڕەزایەتییەکان وەک بزووتنەوەیەکی لایەنگری پاشایەتی نیشان بدەن. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم میدیایانە و لایەنگرانیان تۆمەتبار کراون بە دەستکاریکردنی ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکان، زیادکردنی دەنگ بۆ سەر ڤیدیۆکان، یان گۆڕینی دروشمە ڕاستییەکان بۆ دروشمێک کە لەگەڵ مەیلی پاشایەتیخوازەکاندا بگونجێت. داینامیکی گشتی بریتییە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی نیشانە فرەچەشنەکانی ناڕەزایەتییەکە بۆ گێڕانەوەیەکی یەکگرتوو لە دەوری سەرکردایەتییەکی کەسی.
ئەم هەوڵە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو فرهچەشنییە (plurality) دژیەکە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بە شێوەی مەیدانی دەبیندرا. بڵاوترین دروشمەکان لەم خولەی ناڕەزایەتییەدا، لە پاڵ «مەرگ بۆ خامنەیی» و «مەرگ بۆ دیکتاتۆر»، داواکاری بووە بۆ «ئازادی». ئەم دروشمانە گوزارشت لە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەکەن، نەک پشتگیری بۆ سەرکردەیەکی دیاریکراو یان شێوازێکی حوکمڕانیی جێگرەوە. لە خولەکانی ناڕەزایەتییەکاندا کە بە سەرکوت و نادیاری دەناسرێنەوە، زۆرجار «یەکگرتوویی نەرێنی» (دژی دیکتاتۆر) پێش «یەکگرتوویی ئەرێنی» (بۆ سیستمێکی دیاریکراو) دەکەوێت. لێکدانەوەی ئەم یەکگرتووییە نەرێنییە وەک بەڵگەیەک بۆ گەڕانەوەی بنەماڵەی پاشایەتی، جۆرێکە لە سەپاندنی گێڕانەوەیەکی پێشوەختە نەک ئەنجامگیرییەکی واقیعی.
دەسەڵاتی سەپاندنی مانا بەسەر ڕووداوەکاندا بە یەکسانی دابەش نەکراوە. لە نێوان ئەکتەرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی ئێران، میدیا فارسییەکانی لایەنگری پەهلەوی زۆرجار خاوەنی سەرچاوەی دارایی، دەنگدانەوە و ژێرخانی ڕێکخراوەیی گەورەتر لە ڕەوتەکانی ترن. ئەم ناهاوسەنگییە پێکهاتەییە گرنگە چونکە درزێک لە نێوان «دەنگ» و «بەرپرسیارێتی» دروست دەکات: ئەوانەی زۆرترین توانایان بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان هەیە ئەو کەسانە نین کە باجی ڕاستەوخۆی سەرکوتەکان دەدەن. لە بارودۆخێکی وەهادا، قۆرخکردنی مانای ناڕەزایەتییەکان دێتە پێشەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەگی کۆمەڵایەتی لایەنی قۆرخکار لە ناوخۆی ئێراندا سنووردار یان ناهاوسەنگ بێت.
ئەمە پرسێکی سیاسی و ئەخلاقیی سەرەکی دەخاتە ڕوو: ئەگەر ڕەوتێکی سیاسی هەوڵ بدات پێش گەیشتن بە دەسەڵات، دەنگە جیاوازەکان بێدەنگ بکات و دیسپلینێکی گێڕانەوە (Narrative Discipline) بسەپێنێت، لەسەر چ بنەمایەک دەتوانێت دوای گەیشتن بە دەسەڵات بانگەشەی مەشرووعییەتی دیموکڕاتیک بکات؟ شێوازەکانی نوێنەرایەتی کردن بێلایەن نین؛ ئەوان نیشاندهری پێوەندییە دامەزراوەیی و سیاسییەکانی داهاتوون لە ڕێگەی دیاریکردنی ئەوەی کێ دەتوانێت قسە بکات، ئازاری کێ دانی پێدادەندرێت، و کام داواکاری «واقیعی»یە یان کامەیان تێکدەرانەیە. ئەگەر فرهدەنگیی بزووتنەوەیەک وەک کێشەیەک ببینرێت کە دەبێت لەناو ببرێت نەک وەک بارودۆخێک کە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەوە ئاسۆی سیاسیی دەرئەنجامەکە ئەگەری زۆرە فۆڕمە ئۆتۆریتارییەکان بەرهەم بهێنێتەوە، تەنانەت لە ژێر دروشمی دژە ئۆتۆریتاریشدا.
پچڕاندنی ئینتەرنێت ئەم کێشەیە قووڵتر دەکاتەوە. کاتێک دەوڵەت پێوەندییەکان بۆ ڕێگری لە هەماهەنگی و بۆ شاردنەوەی سەرکوتەکان سنووردار دەکات، بابەتی نوێنەرایەتیی ناڕەزایەتییەکان گرنگییەکی سیاسیی زیاتر پەیدا دەکات. لەم بارودۆخەدا، قۆرخکاریی دەرەکی تەنیا وەسفکردنی هەڵەی واقیع نییە؛ بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی پارچەپارچەبوون و جەمسەرگیری لە ڕێگەی جێگرتنەوەی «ئیددیعای سەرکردایەتیی میدیا-سەنتەر» لەبری «بنیاتنانی هاوپەیمانیی بزووتنەوە-سەنتەر.»
شکاندنی بازنەی ئۆتۆریتاریزم و گۆڕینی لۆژیکی جێگوڕکێی ئەربابەکان
لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، ئێران بەردەوام ئەزموونی چەسپاندنی دەسەڵاتی لە ڕێگەی ناوەندگەرایی و زۆرەملییەوە کردووە. ڕەزا شا دەوڵەتێکی ئۆتۆریتاری لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی نەتەوەیی «فارس-سەنتەر» بونیاد نا، کە توخمە شیعەییەکانی وەک پلەیەکی دووەم بۆ زیاد کردبوو. دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، سیستمێکی دیموکڕاتیک و فرەخواز نەهاتە سەرکار، بەڵکوو پێکهاتەیەکی نوێی ئۆتۆریتاری لە دەوری سەروەریی «ئیتنیکی-مەزهەبی» و دەوڵەتێکی ئەمنیی ڕێکخرایەوە. شۆڕش شێوازێکی ڕژیمی لابرد، بەڵام لۆژیکی ئۆتۆریتاریی حوکمڕانیی هەڵنەوەشاندەوە.
لە سەرەتای شۆڕشدا، خومەینی لایەنە جیاوازەکانی کۆ کردەوە، لەوانە بەشێک لە هێزە چەپەکان، لە ڕێگەی ڕێتۆریکێکی دژە ڕۆژئاوایی و دژە ئیمپریالیزمی کە پڕۆسەی چەسپاندنی ئۆتۆریتاریزمی لێ دەشاردنەوە. هەندێک لایەن ڕژیمە نوێیەکەیان وەک سیستمێکی دژە ئیمپریالیست دەبینی، کە دواتر ئەم خوێندنەوەیە لە لایەن «فرێد هاڵیدەی»یەوە وەک «دژە ئیمپریالیزمی گەوجەکان» ڕەخنەی لێ گیرا؛ ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چۆن گوتاری دژە ڕۆژئاوا دەکرێت وەک قەڵغانێک بۆ چەسپاندنی ئۆتۆریتاریزمی ناوخۆیی بەکار بهێنرێت. بایکۆتی ڕیفراندۆمی دەستوور لە لایەن کوردستانەوە، وەک ئاماژەیەکی سەرەتایی بۆ درککردن بەو پێکهاتە پەراوێزخەر و دژە دیموکڕاتییەی دەوڵەتە نوێیەکە نیشان دەدرێت، بەتایبەتی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووس. لەو کاتەوە، کوردستان وەک یەکێک لە جێگا هەرە بەردەوامەکانی بەرگری دژ بە کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە.
مەترسیی هەنووکەیی بریتییە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوێکی کۆن لە ژێر بارودۆخێکی نوێدا: سەرهەڵدانی کەسایەتییەک کە بە پشتگیریی تۆڕە میدیاییە بەهێزەکان، هەوڵ دەدات بێهیوایی و نۆستالژیای خەڵک بقۆزێتەوە و خۆی وەک تاقە چارەسەر بۆ قەیرانە سیستماتیکەکان نیشان بدات. هەرچەندە ڕەزا پەهلەوی خاوەنی ئەو قووڵاییە ڕێکخراوەیی و دەسەڵاتە نییە کە خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا هەیبوو، بەڵام مەترسییە پێکهاتەییەکە هاوشێوەیە: دووبارە جێگیرکردنەوەی سەروەریی کەسی لە ڕێگەی گۆڕینی «ئەربابێک» بە «ئەربابێکی دیکە». ئەم داینامیکە بۆچوونەکەی «ژاک لاکان»مان بیر دەخاتەوە لە ساڵی ١٩٦٩دا لەگەڵ خوێندکارانی ڤینسێنس، کاتێک هۆشداری دا کە زۆرجار ئاواتە شۆڕشگێڕییەکان لە ناو پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ئێستادا بە بەستراوەیی دەمێننەوە. وەک لاکان وتی: «ئەوەی ئێوە وەک شۆڕشگێڕ ئاواتی بۆ دەخوازن ئەربابێکی نوێیە، نیگەران مەبن چونکە دەیدۆزنەوە». ڕەخنەکەی لاکان ڕەتکردنەوەی خواستی شۆڕشگێڕی نەبوو، بەڵکوو دانپێدانان بوو بەوەی کە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی تا چەند بە قووڵی لە ژێر کاریگەریی گوتارە جێگیرەکانی دەسەڵاتدایە. لای لاکان، گۆڕانکاریی ڕاستەقینە تەنیا پێویستی بە گۆڕینی سەرکردەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە تێکشکاندنی ئەو فۆڕمە هێمایی و دامەزراوەییانە هەیە کە ستەمکاری بەرهەم دەهێننەوە. ئەگەر بەم شێوەیە بڕوانین، ساتەوەختی ئێستا کەمتر ململانێیە لەسەر سەرکردایەتی و زیاتر بریتییە لە کێشەیەکی چارەسەرنەکراوی فۆرمی سیاسی: سیاسەتێک کە لە دەوری دەسەڵاتی باوکانە و میراتی هێمایی ڕێکخرابێت، کە تێیدا دیموکڕاتیزەکردنی دامەزراوەکان، نوێنەرایەتیی فرهخواز، مافە بەکۆمەڵەکان، حوکمڕانیی نامەرکەزی و مافی بڕیاردانی چارەنووس بە سیستماتیک سەرکوت دەکرێن.
بۆیە، شکاندنی بازنەی ئۆتۆریتاریزم لە ئێراندا پێویستی بە شتێکە لە سەرووی تەنیا گۆڕینی ڕژیمەوە. پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو لۆژیکە سیاسییە هەیە کە بەردەوام ساتە گۆڕانکارییەکان دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی نوێی ستەمکاری. ئەزموونی مێژوویی دەیسەلمێنێت کە ناوەندگەرایی، تێکدانی بنەما دیموکڕاتیکەکان و سەرکوتکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس، بەردەوام حوکمڕانیی ئۆتۆریتاری بەرهەم دەهێننەوە، تەنانەت ئەگەر لەژێر ناوی یەکپارچەیی و سەقامگیریشدا پاساوی بۆ بهێنرێتەوە. بەم مانایە، ئۆتۆریتاریزم تەنیا خەسڵەتێکی فەرمانڕەواکان نییە، بەڵکوو دەرئەنجامێکی دووبارەبووەوەی ئەو ڕێکخستنە سیاسییانەیە کە لەگەڵ «فرهیی» وەک هەڕەشە و لەگەڵ «جیاوازی» وەک پشێوی مامەڵە دەکەن.
ئەگەر خولی ئێستای ناڕەزایەتییەکان بیهەوێ ڕێگەیەک لە دەرەوەی ئەم ململانێ سەد ساڵەیەی نێوان «تاج و عەمامە» بکاتەوە، دەبێت پڕۆژەیەکی سیاسی بەرهەم بهێنێت کە لە ڕووی پێکهاتەییەوە پابەند بێت بە پلۆڕالیزمی دیموکڕاتیک (فرەیی دیموکڕاتیک)، نامەرکەزییەت و داننان بە فرەچەشنەیی نەتەوەیی لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا. بە پێچەوانەوە، مەترسییەکە تەنیا بەردەوامبوونی ئۆتۆریتاریزم نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیەتی بە زمانێکی نوێ، کە تێیدا هەمان پلەبەندییە کۆنەکان لە ژێر دروشمی «ڕزگارکردنی نیشتمان»دا سەرلەنوێ بونیاد دەنرێنەوە.
لە کۆتاییدا، ڕوون و ئاشکرایە کە دیموکڕاسی لە ئێران گەر بایەخێکی بۆ نافارسەکان هەبێت بریتییە لە دەرفەتی ئامادەکاریی بۆ وەدەستهێنانی مافی چارەنووس و سەروەریی سیاسیی نافارسەکان لەسەر خاکی خۆیاندا. بەڵام، هەروەک فیلسووفی سیاسیی هاوچەرخ ئاندریاس ویمەر دەڵێ: دێموکراسی هیچ موعجزەیەکی بۆ چارەسەریی پرسە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان پێ نییە. بەڵکوو جۆری پێناسەکردنی دێموکراسی دیاری دەکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ جیاوازیی نەتەوەیی بکرێت. بە نیسبەت نەتەوەی کورد چارەسەریی بنەڕەتیی پرسی نەتەوەیی ڕوونە: دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی کە ئەویش تەنیا بە قسە ناکرێت و دەبێ هێزی دامەزراندنی وەها دەوڵەتێک وەدەست بخرێن. بەڵام بەنیسبەت ئێرانییەکان، جێگۆڕکێی ئەربابەکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. گەر ئێرانییەکان دەیانهەوێ ببنە خاوەن کیانێکی دیموکڕاتیک پێویستە جارێک بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە لۆژیکی گۆڕینی ئەربابەکان بکەن؛ ئەمە تەنیا ڕێگای پچڕاندنی زنجیرەی سەد ساڵەی دیکتاتۆریی ئێرانییە.



