یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»!
عەلی لەیلاخ
لە سەردەمی ڕۆمدا، لە ١٠٥ی پێش زایین تا ٤٠٤ی پاش زایین، گلادیاتۆرە چەوساوەکان یاریی مەرگیان دەکرد بۆ چێژبەخشین و سەرقاڵکردنی چینی دەستڕۆیشتوو. دەگوترێت لە ئێستادا گلادیاتۆرە دەستڕۆیشتووەکان یاریی دەکەن و یارییان پێ دەکرێت بۆ سەرقاڵکردنی جیهان و بەتایبەتی کۆمەڵگەی «لە زۆر شت بەجێماو»، کە بەرچاوترینیان یاریی تۆپی پێیە.
سێکوژەی فەلسەفەی کۆنترین و بەربڵاوترین کێبڕکێی جیهانی کە «ئۆلەمپیاد»ە، جیا لە «سەردەستەیی»، بریتییە لە هاوڕێیەتی و ڕێزنواندنی مرۆڤەکان لە هەموو نەتەوەیەک و ئامانجی سەرەکیی ئۆلەمپیاد پەرەپێدانە بە ئاشتی لە جیهاندا. پاش ئۆلەمپیاد، مۆندیالی تۆپی پێ لە ساڵی ١٩٣٠ی زایینییەوە گەورەترین ڕکابەریی جیهانییە و کۆمەڵگەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ڕاستە دروشمی «فیفا» جیایی وەرزشە لە سیاسەت، بەڵام لە ئێستادا تۆپی پێ و یارییە جیهانییەکان دەقاودەق نواندنێکی سیاسین و بوونەتە دەرفەتێک بۆ نواندنی «هێز، شوناس، ئابووری و هێژمۆنیی نەتەوەیی». بە پێچەوانەی ئیدیعای «فیفا»، هەتا دێت لایەنی سیاسیی تۆپی پێ زیاتر دەردەکەوێت و بەتایبەتی ئەمە لە وڵاتانی ئیدۆلۆژیک وەکوو کۆماری ئیسلامی زیاتر دەبینرێت.
لە کۆماری ئیسلامیدا «تیمی میللی» بە مەیلی سەردەستەکان بووە و هەمووکات یارییە وەرزشییەکانی وەکوو تۆپی پێ، بە مەبەستی جۆراوجۆر بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر «دەنگی شەقام» بەکار هێنراوە. بە دانپێدانانی هەندێک یاریزانی وەبەرغەزبی کۆماری ئیسلامی کەوتوو، هەتا کەسانێک وەکوو فەرید ئەشرافیان کە دەڵێت: «تۆپی پێ لە ئێران قوربانی و دیلکەوتووی دەستی کۆماری ئیسلامییە و ئەو ڕێژیمە بە مەبەستی ڕێکلام بۆ خۆی و داپۆشانی کێشەکانی بەکاری دەهێنێت.» لە نوێترین درۆکردنی سیستەماتیکی بەرپرسانی وەرزشیی ئەو ڕێژیمە کە ناوکەیان بە ناوەندە ئەمنییەکانەوە گرێ دراوە، ڕاهێنەری تیمی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی لە مۆندیالی ٢٠٢٦دا لەوپەڕی حەیاتکاوییەوە گوتوویەتی: «ئێمە وەرزشوانین و کارمان بە سیاسەتەوە نییە!»
پرسیار ئەمەیە: ئەگەر سیاسی نین بۆ لەگەڵ ئیسرائیل یاریی ناکەن؟ بۆ هەر یاریزانێک ڕەخنەیەکی سووک بگرێت دەکەوێتە بەر تووڕەیی سیاسییانەی ناوەندە ئەمنییەکان؟ لە دۆخی جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر کام ڕووداو بە شێوەی سیمبۆلیکیش بووبێت، هەڵوێستتان هەبووە؟
خاڵی جەوهەریی ئەم کارەساتە چینی خۆڵەمێشی و تەنانەت هەندێک بژاردەکانن کە بە سووکە بزاوتنێک دەبزوێن و نازانن هەرا و فیکەی ئەوان بۆ هەر یارییەکی حکوومەتی، دامرکاندنی ئاگری تووڕەیی کۆمەڵایەتییە کە بە خوێن و فرمێسک گەشاوەتەوە و پاساویشیان ئەوەیە: «تۆپی پێ هی خەڵکە نەک دەسەڵاتی سیاسی!»
دەبێ بگوترێت بەو جۆرەی کە مۆسۆلینی (١٨٨٣-١٩٤٥) سینەمای بەکار دەهێنا بۆ پەرەپێدان بە فاشیزم، کۆماری ئیسلامیش هەمان دیدی پڕۆپاگاندای هەیە بەرامبەر بە یارییەکان و زۆرێک لە ڕووداوە فەرهەنگییەکانی دیکەش. خاڵی زیانباری ئەم شانتاژە حکوومەتییە ئەو چەوساوانە دەگرێتەوە کە لە گەڕی ئەم سەمایەدا سەیرکەرێکی هۆمووساکەرن و هیچ نین جگە لە بوونێکی گەورە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی دەسەڵات.
جا لەم ئاشوفتەبازاڕەدا ئەوەی جێی ئازارە، مرۆی کوردی «بێدەوڵەت»ە کە پەلەقاژەیەتی بۆ دۆزینەوەی قاژ و پاژی شوناسی خۆی. لە لاپەڕە لێڵەکانی مێژووەوە باز دەدات بۆ یاریزان یان سێلێبریتییەکی ناسراو کە بە ویستی خۆی بیکوردێنێت. ساڵانە و ڕۆژانە گوێمان لێ دەبێت کە فڵان یاریزانی فڵان وڵات کوردە! فڵان ئاکتەری فڵان فیلم کوردە! ئەمە کاتێک دەبێتە خاوەندارێتی لە بژاردەکان کە شوناس وەکوو ئادرەسێکی ڕوون لە «شوێن»ی خۆی دیار بێت و لەرزۆک نەبێت. لەبیرمان نەچێتەوە تەنیا و تەنیا «دەوڵەت» دەتوانێت بەرزەهەواری نواندنی ئەم جوانییە بێت کە لە «کین ئەم»ـەوە بڵێین «ئەوەینەن»ـە.
ئەم چەشنە سازکردنی «شوناس»ە هەمان دانانی دیوارە لەسەر «لم» کە بۆ پاڵدانەوە و وچانگرتن نابێت؛ چونکە لەم سەردەمەدا بینیومانە بە تۆزقاڵێ گۆڕینی ڕەفتار و هەڵوێستی سێلێبریتییەک، شەپۆلی تووڕەیی و بێڕێزی سەری هەڵداوە. مەوادی ئەم خۆهەڵواسینە بە سێلێبریتی و یاریزانەکان و تەنانەت بژاردەکان، بە پۆستێک یان ستۆرییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەستراوەتەوە کە «باش»ێک دەبێتە «جاش»!
ئەم کێشمەکێشە لە ڕاستیدا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان لەرزۆکیی «شوناس»ێک کە ئەسڵەکەی وەن کراوە یان پەراوێز خراوە و بە چنگگرتن بە «ئەم و ئەو» دەیەوێت لەتەکانی لە تەنیشت یەک دابنێت بۆ سازکردنی پازڵێک نزیک بە خۆی. پازڵێک کە پاژێکی لە فڵان یاریزانە و پاژێکی دیکەی لە کەسایەتییەکی جیهانییە کە ڕەچەڵەکی کوردە، بەڵام هیچی پێشکەش بە جیهانی کوردی نەکردووە.
لە ڕاستیدا شوناس دەبێ یەکانگیر، بەردەوام، فرەڕەهەند و جێکەوتوو بێت. شوناس شەپۆلی زێی خۆڕ نییە، بەڵکوو درەختی ڕیشەداری قەراخە کە گەڵا گەڵای ئەو درەختە پابەندن بە خودی درەختەکەوە و لە ڕەگەزی خۆشی و ئازارەکانین.
«کۆمەڵگەی بەجێماو» یان هەمان کۆمەڵگەی گەشەنەکردوو لە هەموو بوارێکدا؛ چ فەرهەنگی، چ سیاسی و چ ئابووری، پێ لەسەر خاکی حەقیقیی خۆی نییە، بەتایبەتی کۆمەڵگەیەک کە هێشتا کێشەی خاک و کیانی هەبێت، بێگومان بە شوناسەوە لەرزۆکی زیاتر دەبینرێت و بە هەر نەرمەبایەک دەشەکێتەوە. جاروبار ئەم شەکانەوە بۆ لای «ئەویتر» تا ئاستی شکاندنی هوویەتی دەچێت و دەست بۆ ململانێی بێسەمەر دەبات، یان دەکەوێتە ڕکابەرییەکی بێبەرهەم. بۆ نموونە لە شەڕی نێوان «کوردڕەگەزی» و «کوردبوون»دا تووشی سەرشێوایی دەبێت و نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم ڕکابەرییە لە هۆگری بۆ سێلێبریتییەکاندا بەدی دەکرێت.
کاتێک لایەنگری کە بۆخۆی کێشەی ڕەفتاری ساز دەکات، ئۆگریی نەتەوەیی پێ زیاد بکرێت، خراپتر لە کاراکتەری فیلمی «The Fan (1996)»، هەرچەشنە ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکی ئەو سێلێبریتییە ئەگەر بە دڵی نەبێت، تووشی دڕدۆنگی و خۆکەمبینیی نەتەوەیی دەبێت. «کۆمەڵگەی بەجێماو» لە ڕەوتی جیهانیدا، کاتێک شوناسی وردوخاش کرابێت، دەگەڕێت یان لەنێو مێژوودا لەتەکانی بدۆزێتەوە یان لە فڵان یاریزان و فیسار ئەکتەردا وێنای دەکات. کێشەی سەرەکیی ئەم وردە شوناس دۆزینەوەیە، ناسەقامگیری و «وەهم»زاییە. جێی داخە کە هەرکام لەو لەتانە، ڕاستە دیمەنی ونبووی خۆتی تێیدا دەبینیتەوە، بەڵام هیچ کامیان نابێتە ئاوێنەیەکی تەواو بۆ خودی «شوناس»ێک کە پارچەپارچە کراوە.
مۆندیالی جیهانیی ئەمساڵ، بە هۆی دەرکەوتنی چەند وڵاتێکەوە کە تا کاتی یارییەکە زۆر کەس ناویانی نەبیستبوو، سەلماندی کە هەتا «دەوڵەت» نەبیت، یان یارییت پێ دەکرێت یان لە کۆتاییدا تەنیا لە ئاستی سەیرکەرێکی دەنگونبوو بۆ چەپڵەلێدان و «بژیبژی» وتن بۆ «ئەم و ئەو» دەمێنیتەوە. ئێمە هەم کەم سەربازیمان بۆ خۆمان کرد و هەم نەمانتوانی بە شێوەی کاتیش بووبێت، لە گەمەی سیاسەتدا بۆ «بەرژەوەندیی نەتەوەیی» و «دەوڵەتبوون» یەکگرتوو بین و گوڵ لە خۆمان نەدەین. ئێمە خەریکی یەکترڕووشاندن و یەکترکوشتنی سیاسین و لەولاشەوە پۆتینی داگیرکاری زیاتر خاکی سروشتی و زەینمان ڕەش و پێشێل دەکات. (ڕاست وێنەی فیلمی «Apocalypto»ی مێڵ گیبسۆن، ٢٠٠٦، کە لە سکانسێکدا دوو قەبیلەی قەراخی دەریای کارائیب خەریکی کوشتنی یەکترن و لەولاوە دەریاوانەکانی ئیسپانیا بە ئارامی و بە «خاچ»هێنان خاکیان داگیر دەکەن).
کە شوناست وردکرا بێت، زلهێزەکان بەئاسانی یارییت پێ دەکەن و لە قەراخە لێڵەکانیشدا بە نامۆیی جێت دەهێڵن. یان لە سپای قزڵباشی «نەباش»بوون بەدژی خۆت و خاک و شوناست دەتوێیتەوە. خۆزگە کۆمەڵگەی کوردی بۆ ساڵانێکی زۆر پشتی لە هەموو شتێکی جیهان (واتە سەرقاڵییە ناپێویست و کاتییەکان) دەکرد و دەروازەی کاتەکانی لەسەر هەموو شتێک، جگە لە «دۆزی ڕەوا»ی خۆی دادەخست، هەتا لە جیاتی ئەوەی بەدوای لەتکە شوناسی کاتی و بڵقاویدا بگەڕێین، «بەپەلە» بیرمان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی پتەو بکردایەتەوە کە تێیدا سەرمان لەسەر شانی خۆمان بەرز بێت و بێمنەت بین لە شان و باڵی بێگانە.
وتەیەکی جوانە کە لە وردەئاوێنەی شکاودا هەرکەسە و دەموچاوی خۆی دەبینێت، بەڵام لە ئاوێنە گەورەکەدا هەموومان دیارین؛ با بیر لەو ئاوێنە گەورەیە بکەینەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
لەیلاخ، عەلی(٢٠٢٦): یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»!. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
هەندێ سەرنج دەربارەی ئەنفال و یادەوەریی
هەندێ سەرنج دەربارەی ئەنفال و یادەوەریی دانا حەمید ١- یادەوەریی ئەنفال، لە جەوهەرە قووڵەکەیدا، فینۆمینۆلۆژیای غیابە؛ ئەزموونێکی بەردەوامی هەستکردنە بەو بۆشاییە گەورەیەی کە لە بوونی نەتەوەیەکدا دروست بووە. ئەمە تەنها گێڕانەوەی [...]
بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات
بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاگری ئیسماعیل نژاد ڕۆژی ٣٠ی مارسی ٢٠٢٦ لە ئیسلامئابادی پاکستان، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی چوار وڵاتی ئیسلامی کە بریتی بوون لە سعوودییە، پاکستان، میسر و تورکیا [...]
ئاراستەدانی “گوتاری سیاسی” بە “گوتاری کولتووری”، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست
ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، پەیوەندیی نێوان "کولتوور" و "سیاسەت" یەکێکە لە ئاڵۆزترین کایەکان، بەتایبەت کاتێک [...]
ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا
ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا فاتح سەعیدی پێشەکی زۆربەمان ئەم شیعرەی مامۆستا هێمنمان بیستووە کە لە کاتی تەنگانە و نائۆمێدیی سیاسیدا دووپاتە دەبێتەوە [...]
کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی
کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی پەرویز شێخی سیاسەت و ئەدەبیات، ئەگەرچی لە دوو جەستەدا دەژین، بەڵام لە ڕاستیدا یەک گیانن؛ یەکێکیان کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا، ئەوی تر دەچێتە ناو [...]
جەنگ و نیگەرانییەکانی
جەنگ و نیگەرانییەکانی دانا حەمید لە پێکهاتەی ئاستی دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا، هێزگەلێکی سەرەتایی و دژبەیەک بوونیان هەیە کە شارستانییەت و یاسا بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان دەدەن. دەرونشیکاری، بەتایبەت لە [...]







