ئەنتیگراسیۆن و مەرگی سیاسەت
هەڵگورد جەوانمەردی
پڕۆژەی ئەنتیگراسیۆن و بە سووریەییکردنی کوردستانی ڕۆژاوا لەناو دەوڵەتی سووریادا، پێش ئەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی یان کۆمەڵایەتی بۆ پرسی کورد بێت، هەڵەیەکی بوونناسانەیە کە لەسەر بنەمای لۆژیکی سڕینەوە و داماڵینی کورد وەک نەتەوە دامەزراوە. نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی بە قووڵی بیەوێت لەو پڕۆژەیە تێبگات کە بۆچی ئەنتیگراسیۆن ناتوانێت چارەسەری مەسەلەی کورد بکات دەبێ لە سروشتی دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان و مێژووی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتییەک تێبگات کە ئەو لۆژیکە پشتی پێ بەستووە. دەوڵەت لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان، تەنیا دەستگایێکی حوکمڕانی و بڕوکڕاتیک نییە، بەڵکو هەڵگری لۆژیکی سڕینەوە و ئەسەمیلەکردنیشە. کاتێک باسی ئەنتیگراسیۆن دەکەین، لە ڕاستیدا باسی پرۆسەی ئاسمیلەکردنی سووژەیێکی جیاواز لە پێکهاتەیەکی یەکدەست دەکەین. لەم لۆژیکەدا ناسنامەی کورد وەک لەمپەرێک لە ڕێگەی ئەم بزوێنەرەوە کار دەکات کە هەوڵی سڕینەوەی هەموو جیاوازییەکان دەدات. بۆیە ئەنتیگراسیۆن تاکتیکێک نییە کە کورد خۆڕسکانە بەو بابەتە گەیشتبێت، بەڵکو داوێکە کورد وەک سووژەیێکی سیاسیی بەکۆمەڵ و مێژوویی، لە سووریادا هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو نەمانی دەبات. مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی لە قامووسی ئەم دەوڵەتەدا تەنیا بەو کەسانە دەدرێت کە وەک بوونەوەرێکی ناسیاسی هاووڵاتیبوونی سووریا قبوڵ دەکەن؛ و هاووڵاتیبوونی سووریا لەم پێکهاتەیەدا بە واتای پشتکردن لە هەر یادەوەرییەکی بەکۆمەڵی نەتەوەیییە. ئەنتیگراسیۆن کوردەکان لەنێو ئەو جوغرافیایەدا وەکو تاکێکی ئەبستراکت لێ دەکات. کاتێک تۆ وەک کوردێک تێکەڵ بەم سیستەمە دەبیت، حکومەت چاوەڕێی ئەوە دەکات کە کوردبوونەکەت لە بازنەی تاکەکەسیدا قەتیس بکەیت و لە پانتایی گشتیدا تەنیا و تەنیا عەرەبێکی سووریایی بیت. سووریایی بوون ڕێک ئەو دۆخەیە کە مافە مەدەنییەکان دەبنە ڕانت، ڕانتێک کە لەبەرانبەر نکۆڵیکردن و سڕینەوای مافی چارەنووسی سیاسی بە کوردەکان دەدرێت. لەم پێوەندییەدا مافی ئەوەت هەیە وەک هاووڵاتییەک کار بکەیت و باج بدەیت و بەشداری هەڵبژاردنی ساختەی ئەو پێکهاتە بکەیت، بەڵام مافی ئەوەت نییە وەک نەتەوەیەک یان کۆمەڵگەیەکی هۆشیاری سیاسی، سەبارەت بە جوگرافیا و کولتوور و ماکرۆ-سیاسی ناوچەکەت بڕیار بدەیت. کەواتە ئەنتیگرە بوون گەرەنتیی مافەکان نییە، بەڵکو ناشتنی خواستە سیاسییەکانە لەژێر ناوی هاووڵاتیبوون.
هۆکاری ئەوەی کە ئیدغام بوون لە سووریەدا خەباتی کورد نەک بەرەو پێشەوە، بەڵکو بۆ دواوە دەبات، لە هێزی دامەزرەوەیی و دواتر ئیدارەیی و بڕوکڕاتیکی بەرهەڵستکاری فاشیسمی سووریەیە. خەباتی ڕزگاریخوازانە بنەمایێکی بەهێزی لە سەر دوو پێوەری هەرە گرینگە << گۆڕانکاری و پێکهاتە شکێنییە>> نەک لە مانەوە و تەسلیمی ئیرادەی داگیرکەر بوونە. ئامانجی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز لە پێشدا، سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان “حاکم” و “مەحکووم”ە، بەڵام کاتێک ستراتیژیی بزووتنەوەیەک بەرەو ئەنتیگراسیۆن لەناو دەوڵەتی سەردەست دەگۆڕدرێت، وزەی بزووتنەوەکە لە گۆڕانێکی بنەڕەتییەوە بۆ دۆخێکی پەسیوی ڕێفۆرمێک کورت دەکرێتەوە. بەم ئاراستە دیاریکراوە، هێزی کوردی چی تر بەدوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمەوە نییە، بەڵکو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن لە دڵی هەمان پێکهاتەدا بەشێکیان بەر بکەوێت. ئەم ئاڕاستەمەندییە ئیدیۆلۆژیکە، خۆراکی لۆژیکی دەسەڵاتداری دەدات. کاتێک تۆ لە پێکهاتەی دەوڵەتدا جێگیر دەبیت، دەوڵەت ئامرازە یاسایی و ڕێکخراوە و ئەمنییەکانی خۆی بۆ دەستەمۆکردنی کورد بەکار دەهێنێت. هەر داواکاری و ناڕەزایەتییەکی ڕادیکاڵ دواتر لەلایەن هەمان سیستەمی یاسایییەوە کە کورد تێیدا تێکەڵ بووە، وەک لادان لە یاسا و ناسەقامگیری دژ بە وڵات و ئەمنییەتی نەتەوەیی سەرکوت دەکرێت. کەواتە ئەنتیگراسیۆن بە واتای چەککردنی دیسکۆرس دێت؛ لەوێدا ئامرازەکانی ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێستا لەدەست دەدەیت چونکە خۆت بوویت بە بەشێک لەو دۆخەی کە ئێستە یارمەتیدەری کۆلۆنیالیستە بۆ وەبەرهێنانەوەی ژێردەستی.
لە ڕوانگەی پاش کۆلۆنیالیزمەوە، سووریا نەتەوەیەکی سازکراوە، کە سنوورەکانی بە ڕێککەوتنە کۆلۆنیالیزمەکانی سایکس-پیکۆ دیاری کراون و ناوکی ئایدیۆلۆژیکی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی عەرەبی دامەزراوە. پێداگری لەسەر ئەنتیگرەکردنی کورد لەم شوناسە ساختەیەدا درێژەپێدەری کۆلۆنیالیزمی ناڕاستەوخۆیە. ئەمە جەبرێکە بۆ سەلماندنی وەفاداری، هەمان ئەو پرۆسەیە کە سووژەیەکی شۆڕشگێڕ دەگۆڕێت بۆ کۆیلەیەکی مەرجدار. پێویستە بەردەوام نیشان بدەیت کە تۆ کوردێکی باشیت کە خیانەت لە “ئایدیاڵە نەتەوەیییەکانی سووریا” ناکەیت. ئەم دۆخە وزەی داهێنەرانەی کۆمەڵگای کوردی لە سەروەربوون و داهێنەری سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ لابردنی تۆمەتەکان و وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی مرۆڤی سووری. لەم پاڕادایمەدا هیچ مافێک نادرێت، بەڵکو مەرجدارانە شێوەمافێکی لیبراڵی دەدرێت. ئەو مافانەی کە لە پڕۆژەی ئەنتیگراسیۆندا دەستەبەر دەکرێن، هەر کاتێک دەوڵەت هەستی بە مەترسی کرد، دەتوانرێت وەریبگرێتەوە، چونکە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی کورد وەک خۆی نییە، بەڵکو لەسەر نیازپاکیی دەوڵەتی سووریادا دامەزراون و دەسەڵاتی سیاسی، بەپێچەوانەی مافە مەدەنییەکان، کاڵایەک نییە کە دەوڵەت بیبەخشێتەوە، بەڵکو شتێکە تۆ دەبێت بەرهەمی بھێنیت. لێرەدا عەقڵییەت و ستراتیژیی سیاسیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بە دەستی خۆی زەنجیرەکانی کۆیلایەتی دەبەستێتەوە.
بکەریەتی و خۆلادان لە ڕەخنە
بەردەوامیی شکستەکانی پڕۆژەی برایەتی لە ڕۆژاوای کوردستان، بە پاساوی دەرەکی لە دەرەوەی ئیرادەی کورد لە لایەنی کاربەدەستان و خوێنەرانی سەر بەو ئیدیۆلۆژییە هەر لە ماکرۆپۆلیتیکی جیهانی و سەروەریی کورد لە دەرەوەی نەزمی نائاسایی نێودەوڵەتی شیکاریی ناواقیعیی ئەو دۆخە کرا. هەموو ئەم پاساوانە میکانیزمێکە بۆ مانەوەی ئایدیۆلۆژیی ئەو ڕەوتە کە بوونی سیاسییان بەستراوەتەوە بە هەمان پڕۆژەی شکستخواردوو. کاتێک باسی تەقلیلگەرایی پێکهاتەیی دەکەین، بەو مانایەیە کە ڕەوتی بانگەشە بۆ ئەنتیگراسیۆن، خوازراو یان نەخوازراو ڕەت دەکەینەوە لە بنەڕەتدا ڕەخنە لە مانیفێستی ستراتیژیی خۆیان بگرن، چونکە قبوڵکردنی شکستی ئەم مانیفێستە بە واتای ڕاگەیاندنی مەرگی سیاسیی دەستگای دیسکۆرسیڤ و خۆیانە. بۆ ئەوەی باجی هەڵەی ستراتیژیی خۆیان نەدەن، نەزمی نێودەوڵەتی وەک هۆکاری سەرەکی و تاکە هۆکار نیشان دەدەن کە هەموو شتێک دیاری دەکات، بەم شێوەیە خۆیان لەو بەرپرسیاریەتییەی بە نیسبەت هەڵەکانی ئێستە و ڕابردوو دەسڕنەوە. ئەمەش خۆلادانێکی وجوودییە لە کایەی سیاسەت، چونکە سیاسەت بۆ کورد لە کۆنتێکستی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و هونەری بڕیاردانە لە چوارچێوەی ئەم سنوورداریەتییە، نەک ملکەچ بوون بەو دۆخە. ئەم بزووتنەوانە پێیان وابوو دەتوانن لە ناوەوە دەوڵەتی سووریا دیموکراتیک بکەن، باوەڕێک کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای تێنگەیشتن لە جەوهەری دەوڵەتی نەتەوەی داگیرکەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆنرابوو. ئەوان پێیان وایە دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەر بێلایەنە و دەتوانرێت بگۆڕدرێت (لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراتیک) بۆ ئەوەی مافەکانی کورد لەخۆ بگرێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پێکهاتەی دەوڵەت لە سووریادا ئۆرگانیکە و بەستراوەتەوە بە شوناسێکی دیاریکراوەوە (ناسیۆنالیزمی عەرەبی) کە هەر جۆرە پلۆرالیزمێک نەک وەک سەرمایەیەک بەڵکو وەک مەترسی بۆ داڕمانی یەکێتیی نەتەوەیی دەبینێت. پارێزەرانی ئەنتیگراسیۆن ئێستا لەبریی ئەوەی ڕەخنە لەو گریمانە درۆیینە بگرن کە دیموکڕاتیککردنی سووریە مومکینە، ئێستا دەڵێن نەزمی نێودەوڵەتی ڕێگەی نەدا. ئەگەر نەزمی نێودەوڵەتیش هاوکار بووایە، یەکەم شت کە ئەو پێکهاتە کەموکوڕییە کردی، هەر کە سەقامگیری بەدەست هێنا، نەهێشتنی ئیدیعای کورد بوو. ئەوان ڕەخنە لە مانیفێستی خۆیان ناگرن، چونکە ئەگەر قبوڵ بکەن کە ستراتیژیی ئەنتیگراسیۆن بەربەستێک بووە لەبەردەم ڕزگاری، ئەوا دەبێت وەڵام بدەنەوە کە بۆچی وزەی جەماوەرییان لە پڕۆژەیەکدا خەرج کردووە کە لە بنەڕەتدا دژایەتیی جەوهەریی ئەو حکومەتە دەکات. ئەم شێوە بەڵگاندنە دەمامکێکی ئەخلاقییە بۆ پەردەپۆشکردنی ناکارایی ستراتیژیکی لایەنێک کە بانگەشەی برایەتی دەکات. کاتێک بانگەشەی ئەوە دەکەیت کە پڕۆژەکەت زانستی و دیموکڕاتیک بووە و تەنها بەهۆی دۆخی خراپی ژئۆپۆلتیکەوەیە کە شکستی هێناوە، لە ڕاستیدا مافی ڕەخنەگرتن لە کارکردی خۆت لە جەماوەر دەستێنیتەوە. ئەمەش ڕێک ئەو شوێنەیە کە بەرپرسیارێتیی مێژوویی پشتگوێ دەخرێت.
لەبریی ئەوەی لە خۆیان بپرسن بۆچی پێمان وابوو دەتوانین بەشێوەیەکی دیموکراسییانە لەگەڵ پێکهاتەیەکدا پێکەوە بژین کە لە بنەڕەتدا بۆ لەناوبردنی ئێمە داڕێژرابوو، دەپرسن بۆچی زلهێزەکانی جیهان خیانەتیان لێ کردین؟ ئەم پرسیارەی دووهەم پرسیارێکی نازانستییانە و ناسیاسییە. زلهێزەکانی جیهان هەمیشە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا مامەڵە دەکەن؛ سیاسەتمەداری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ستراتیژییەکەی لەسەر پێشبینیکردنی بەرژەوەندیی پێکهاتەیییە، نەک کەسێک کە ستراتیژییەکەی بە خێرخوازیی نەزمی جیهانییەوە ببەستێتەوە و دواتر گلەیی لە زوڵمی زەمانە بکات کاتێک خیانەت دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم لایەنە بە تاوانبارکردنی نەزمی ناوچەکە و دۆخی مەتریاڵ خۆیان بێتاوان دەردەخەن. ئەم ڕەفتارە جۆرێکە لە ساویلکەیی سیاسی؛ دۆخێک کە سوژە قورسایی بەرپرسیارێتیی هەڵبژاردنەکانی دەخاتە سەر شانی چارەنووس و پێکهاتە جیهانییەکان بۆ ئەوەی خۆی لە بەرپرسیارێتیی داهاتووی نەتەوە بێبەری بکات. لەبریی ئەوەی قبوڵ بکەن کە پڕۆژەی ئەنتیگراسیۆن هەر لە سەرەتاوە وەهمێکی لیبڕاڵ بووە لە ناوەرۆکی سیستەمێکی تاکڕەودا، هەوڵ دەدەن بە پێشکەشکردنی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی ئاڵۆز، شکستی مانیفێستەکەیان وەک دۆخێکی پێشبینینەکراو دابپۆشن. ئەم پێشبینی نەکردنە ڕێگایەکە بۆ مانەوە لە پێگەی سەرکردایەتیی سیاسی و مانەوەی پێکهاتەیی و ڕزگاربوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی شکستی کارەساتبارانەی ستراتیژەکەیان.
ئەوان نایانەوێت دان بەوەدا بنێن کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی خەباتی کورددا نەزمی جیهانی نەبوو، بەڵکو نەبوونی خەون و ئاسۆی سیاسیی ڕادیکاڵ بوو لەنێو خۆیاندا، کە لە پاڕادایمی ئەنتیگراسیۆن گیریان خواردبوو. ئەوان دەترسن ئەگەر دان بەوەدا بنێن کە ئەنتیگراسیۆن خەباتی دواخستووە، ناچار بن هەموو تیۆرییەکانی پێشوویان فڕێ بدەن. بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی، مردنی ستراتیژیک ترسناکترە لە شکستی جەنگێک، بۆیە پێیان باشترە هەموو مێژوو بنووسنەوە و نەزمی جیهانی وەک بریکاری خراپە بخەنە ڕوو، نەک دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێن کە ستراتیژییەکەیان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستی دەوڵەتی نەتەوەیی نەک هەر بێ یارمەتی بوو، بەڵکو کۆمەڵگەی کوردیی بردە ناو پاسیڤییەتی سیاسی و چاوەڕوانیی بێهوودەوە. ئەم پێشبینییە تەنیا هەڵەیەکی شیکاری نییە، بەڵکو خیانەتێکی ئیپیستمۆلۆژییە لە مێژووی خەباتی نەتەوەیەک کە باجی ئەم فانتازیا ستراتیژییانەی لە خوێن و ئاوارەبوونی نوێدا داوە. ئەوان خەریکی بنیاتنانی ئەفسانەی قوربانیبوونی خۆیانن لەبەردەم نەزمی جیهانیدا بۆ ئەوەی لە حوکمدانی مێژوویی گەمژەیی سیاسیی خۆیان ڕزگاریان بێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی
جەوانمەردی، هەڵگورد(٢٠٢٦): ئەنتیگراسیۆن و مەرگی سیاسەت. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
خوێندنەوەیەکی “سی و نۆ بەهار”* لە نووسینی ئاسۆ حەسەنزادە
خوێندنەوەیەکی "سی و نۆ بەهار"* لە نووسینی ئاسۆ حەسەنزادە شەهلا دەباغی دکتور ئاسۆ حەسەنزادە دوای خوێندنەوەی کتێبی "ڕەشەشەو و سەربازانی ون" لە نووسینی مامۆستا شێوەسەڵی کە بە "برینداری کورد" ناوی دەبا [...]
تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی
تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی کەیوان فاتحی بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای تاکی کورد، پێویستە وەرچەرخانێکی گەورە لە سایکۆلۆژیا و شوناسی ئەم تاکەدا، لە نێوان [...]
تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە
تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە کەیوان فاتحی لە سەردەمێکدا دەژین کە پشێوییەکی قووڵ و قەیرانێکی فرەڕەهەند بوارە جیاجیاکانی ژیانی مرۆیی و بەو پێیەش کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیوەتەوە. ڕەنگە دیارترین [...]
فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا
فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا حەسەن قارەمانی پرسی کورد یەکێکە لە ململانێ سیاسییە درێژخایەن و ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەڕای ئەوەی کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانن، [...]
ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟
ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟ ئەشکان باوەڕ ناوی "نیکۆلۆ ماکیاڤێلی" لە مێژووی بیری سیاسیدا هاوواتای "دەسەڵات" بووە. لە هەر [...]
سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا
سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا ڕێباز ڕۆژهەڵات مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وەرچەرخانانە کە تێیدا سەرکردە و فەیلەسوفە مەزنەکان لەبری هەڵبژاردنی ژیانێکی سەرشۆڕانە یان ڕاکردن لە بەردەم مەرگ، مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەری [...]







