گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٣
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.06.2026
بەهرەمەند کاروان : بەرەو ڕوانگەی کوانتۆمی لە سیاسەتدا.گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٣، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0073
کاروان بەهرەمەند: بەرەو ڕوانگەی کوانتۆمی لە سیاسەتدا.
هەر وەک دەزانین زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مۆدێرن، لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە لە ژێر کارتێکەریی فیزیکی کلاسیکدا پەرەی گرت. چوار ئەسڵی سەرەکیی نیۆتۆن لە فیزیکی کلاسیکدا کە دواتر بۆ ناو زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان شۆڕ بوونەوە، بریتی بوون لە: ١- وەلانانی هۆکاری مێتافیزیکی؛ ٢- هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری یەکسان بۆ دیاردەگەلی یەکسان؛ ٣- گشتاندن؛ و ٤- بڕواهێنان بە دیتن.
زانستی سیاسیی کلاسیک لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە هەر وەک چۆن زانستی فیزیک دەتوانێت پێشبینی بکات کە مەسەلەن لە چ ساڵ و مانگ و ڕۆژ و کات و ساتێکی داهاتوودا ڕۆژ یان مانگ دەگیرێت، ئاواش دەکرێت لە زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، ڕەوتی ڕووداوەکان پێشبینی بکرێن. لە بەرانبەر ئەم ڕوانگەیەدا، “ویلهێڵم دیلتای” زانستەکانی لە ڕووی بابەتەوە لێک جیا کردەوە و بەسەر دوو جۆری “سروشتی” و “ڕۆحی”دا دابەشی کردن. “ریکێرت”یش لەسەر بنەمای مێتۆد، زانستی بەسەر دوو جۆری “سروشتی” و “کولتووری”دا دابەش کرد. گۆڕانکارییە ئاڵۆزەکانی جیهانی مرۆڤ و لەوەش ئاڵۆزتر، دنیای سیاسەت ئەم ڕاستییەی دەرخست کە دنیای سیاسەت جیاوازیی لەگەڵ جیهانی فیزیک هەیە. ئەمەش کۆمەڵێک بیردۆزی هێنایە سەر ئەو بڕوایە کە زانستی سیاسی مێتۆدی جیاوازی خۆی پێویستە؛ چونکە بابەتی بەرتوێژینەوەی زانستی سیاسەت، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ زانستی فیزیک و بیرکاری هەیە؛ بەتایبەت پێشبینیکردن لە سیاسەتدا فرە دژوار و گەلێک جاریش ئەستەمە.
ئەم ڕوانگە نوێیە بوو بە هۆی ئەوەی وردە وردە، هێژمۆنیی فیزیکی نیوتنی و کلاسیک بەسەر زانستی سیاسیدا کەم بێتەوە و ڕوانگەی کوانتۆمی لە زانستی سیاسیدا سەرهەڵبدات. فیزیکی کوانتۆم پێی وانییە دیاردەکان لە هێڵێکی ئاراستەکراو و ڕاستدا دەڕۆنە پێشێ؛ بەڵکوو دیاردەکان زۆر بە ئاڵۆزی دەبینێت و پێی وایە کە تێکەڵپێکەڵن و لە تۆڕێکی پێکەوەگرێدراودا و بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو لە جموجووڵدان؛ کەوابوو، پێشبینیکردنی ڕووداوەکان، ئەویش لە دنیای سیاسەتدا، زۆر دژوارە. لە سیاسەتی کوانتۆمیدا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سیمبولەکان، نۆرم و بەهاکان، گوتار و دیاردە زمانییەکان گرنگییەکی زیاتریان لە ئەحزابی سیاسی، ڕێکخراو و دامەزراوە سیاسییەکان پێ دەدرێت. سیاسەت لە ڕوانگەی کوانتۆمیدا، واتە پێکەوەبەستراوەیی دیاردەکان، شک کردن، چاوەڕواننەکردن، ئاڵوگۆڕی خێرا و ئاڵۆزبوونی دنیای سیاسەت. بیرۆکەی “پارادایمی” تۆماس کوهن و تیۆریی “گوتار”ی میشێل فۆکۆ و شک و گومانی پۆست مۆدێرنیستەکان، ڕۆڵی سەرەکییان لە وەچەرخان بەرەو سیاسەتی کوانتۆمیدا هەبوو.
ئەزموونی گۆڕانکاری لە هەموو دنیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، پیشانی دەدات کە ڕوانگەی تەواو نیوتنی و هێڵدار لە دنیای سیاسەتدا تووشی زەرەرمان دەکات. بۆ نموونە، بارودۆخی ئەفغانستان پێمان دەڵێت کە دەرەنجامی پڕۆژەکانی سۆڤیەت و ئەمریکا نەبوو بە پێشکەوتن و دیموکراسی و ئاکامەکەی تاڵیبان و گەڕانەوە بۆ دواوە بوو. یان شۆڕشی میسر، دەرەنجامەکەی بوو بە دەسەڵاتدارێتیی نیزامیی عەبدولفەتاح سیسی. هەروەتر، لە سووریاش بینیمان کە حکوومەتە مەترسیدارەکەی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتی کۆنەپەرەستانەی ئەحمەد شەرعیی بەدوادا هات؛ هەروەها لە ئێرانیش، دەنگی هەنگاوی فاشیزم و کۆنەپەرەستی لە دوای کۆنەپەرەستی دەکەوێتە بەر گوێ. کەوابوو، دەبێ وریا بین و تێبگەین کە هەر گۆڕانێک بە واتای پێشڤەچوون نییە. مەبەست ئەوە نییە کە بەقەد میشێل فۆکۆ ڕەشبین بین کە پێی وابوو: “هیچ پێشکەوتنێک لە گۆڕێدا نییە و سەرانسەری مێژوو تێپەڕینە لە سیستمێکی سوڵتەی پشتبەستوو بە زانست بۆ سیستمێکی تر”. بەڵام کێشەکەش بەم ساکارییە نییە کە لە ڕوانگەی کلاسیکەکانەوە لێمان دەڕوانی.
لە هەر حاڵدا، لە ڕوانگەی سیاسەتی کوانتۆمیدا، خێرایی و دیاردەگەلی ورد لەبەرچاو دەگیرێن. لەم ڕوانگەیەدا، سیستمەکان کراوەن و پەیوەندیی دوولایەنە و چەندلایەنەی دیاردەکان لە ناو سیستمەکاندا، وێڕای هەبوونی هۆکارگەلی موزاحیم و چاوەڕواننەکراو، قەیران و ئاڵۆزی ساز دەکەن و کاری پێشبینی دژوار دەکەن. لەم ڕوانگەیەدا، سیستمەکان سادە و ساکار نین، بەڵکوو پێچیاگن. لە زانستی سیاسیدا، سیستمی سادە (Simple system)، لە سێ بەشی دەرگانە(input )، چێکردن(processing) و دەرچوو(output) پێک دێت و تەنیا شتی چاوەڕواننەکراو، کاردانەوەی دەرچوویە کە بەرەوڕووی دەرگانە دەبێتەوە. بەڵام لە سیستمی پێچیاگ (complex system) دا، جگە لە دەرگانە، چێکردن، دەرچوو و کاردانەوە(Feedback)، کۆمەڵێک هۆکارمان هەیە کە بەبێ نەزم و چاوەڕواننەکراو دەچنە ناو سیستمەکانەوە؛ بەم هۆکارە نەدیار و چاوەڕواننەکراوانە دەڵێن فیدفۆروارد(Feedforward)؛ ئەم فیدفۆرواردانە بەستێنێکی گرنگی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتوورین کە سیاسەتی کلاسیک لەبەرچاویان ناگرێت. بۆ نموونە، دکتۆرینی بووشی کوڕ، ئەم شتە ورد و ئاڵۆزانەیان لە ئەفغانستان نەدیت، بۆیە نەیانتوانی دیموکراسی لەوێ بونیاد بنێن. یان ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی ڕوانگەی کلاسیکدا، پێمان وابوو کە بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ئێران دیموکراتیزە دەکرێت و ئێمەش دەتوانین لە بەستێنی دیموکراسیدا بەشێک لە مافەکانمان وەدەست بێنین. بەڵام بزووتنەوەی ژینا دەریخست کە مەسەلەکە تەنیا کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو کولتووری سیاسیی نەتەوەی فارسە. لێرەدایە کە ڕوانگەی کوانتۆمی پێمان دەڵێت کێشەکان فرە ئاڵۆزترن، هەم زۆر شتمان نەدیوە و هەمیش شتی نوێ و چاوەڕواننەکراو پەیدا دەبن.
ئێستا پاش ئەم پێشەکییە کورتە دێینەوە سەر بابەتی سەرەکیمان، واتە سیاسەتی کورد لە ڕۆژهەڵات. پرسیارێک کە دێتە گۆڕێ ئەمەیە: ئاخۆ لە سەردەمی خێرایی و ئینتەرنێتدا کە ئەم هەمووە گۆڕانکارییەی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و سیاسیی کوردستان و دەوروبەر پێکهێناوە، دەکرێت هەر بە ڕوانگەی کلاسیک و لە چوارچێوەی سیستمە سادەکاندا سیاسەت بکەین؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە کورتی لێک دەینەوە. کۆمەڵگەی کوردستان وەک هەموو جیهان لە ژێر تەوژمی شەپۆلی ئینتەرنێتدا تووشی گۆڕانکاری هاتووە. زۆربەی هەرە زۆری خەڵک خوێندەوارن؛ بەکارهێنەری مۆبایل و ئینتەرنێتن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکن؛ هیرارشیی دەسەڵات لە ناو خێزان و کۆمەڵدا ڕووەو ئاسۆیی ڕۆیشتووە؛ جگە لە دوو حیزبی سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧، کۆمەڵێک حیزبی تر پەیدا بوون کە بەدەر لە قەوارە و ئاستی چالاکیی فیزیکییان، لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواری، خاوەن گوتار و ڕێکخستنی خۆیانن. جگە لەمانە، لە ناو ئێرانی تێکەڵپێکەڵیشدا، تورک، عەرەب، فارس و بەلووچ هەن. لە ناو ئەوانیشدا بەتایبەت فارسەکان، ڕکابەرییەکی توند لە ئارادایە. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، جگە لە دەوڵەتەکان، هێزە نادەوڵەتییەکانی وەک هەرێمی کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان و گرووپەکانی سەر بە ئێران وەک ئەکتەرێکی چالاک خەریکی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی خۆیانن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٧ هەتا ئێستا بزووتنەوەکانی یارمەتیدانی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان، بزووتنەوەی ژینا، بزووتنەوەی ژینگەپارێزی، بزووتنەوەی فێربوونی زمانی دایکی، بزووتنەوەی نەورۆزی مەشخەڵان و خاکیپۆشانمان هەبووە. جگە لەمانە، ئێستا دوو جووڵانەوەی مەترسیداری فاشیزمی ئێرانی و تورکی ئازەربایجانی دەبینین کە پێشتر پێمان وانەبوو بەرۆکمان پێ بگرن. ئەمانە بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی سیستمە سادەکاندا ناگونجێن. کەوابوو، پێویستە کورد ئەم گۆڕانکارییانە ببینێت. لەم بارودۆخەدا، پێشنیار دەکەم کورد ئەم خاڵانەی خوارەوە لە سیاسەتدا ڕەچاو بکات:
١- بە وردی لە ڕۆڵی نیشانە (دال) و مەبەست (مدلول) بڕوانێت، لە ڕەوتی خەباتدا پتر لەبەرچاویان بگرێت و لە گوتاری سیاسیی خۆیدا جومگەبەندییان بکات. کۆمەڵێک لەو نیشانە گرینگانەی هەوێنی گوتاری کوردانە پێک دێنن و ناهێڵن کورد لە گوتاری نەتەوەی باڵادەست یان جیهانگردا بتوێتەوە، بریتین لە: نەتەوە، مافی دیاریکردنی چارەنووس، پێشمەرگە، مافی ژن، نەورۆزی کوردەواری، کۆماری کوردستان، شەهید، دووی ڕێبەندان، دەی خاکەلێوە، جلوبەرگی کوردی و… .
٢- لەمەڕ داهاتووبینی، سیاسەتمەداری کورد دەبێ خۆی لەو ڕوانگە نیۆتۆنییەی کە پێی وایە لە دنیای سیاسەتیشدا دەکرێت وەک جیهانی فیزیک ڕووداوەکان پێشبینی بکرێن، خۆی دەرباز بکات. ڕاستە زانستەکانی بیرکاری و فیزیک یارمەتیی گەورەیان بە زانستی سیاسەت داوە، بەڵام دەرکەوتووە کە لە بنەڕەتدا ئەم دووانە لێک جیان. لە زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، هۆکارگەلی وەک کولتوور و ئایین، مێژوو و هۆکارگەلی تازە و چاوەڕواننەکراو کاری پێشبینی کردن زۆر دژوار دەکەنەوە. بۆ نموونە شۆڕشی ١٣٥٧ و ڕەفتاری ئێستای سەڵتەنەتخوازەکان پیشانی دەدەن کە بە گۆڕینی ڕێژیمە سیاسییەکان و گوزەرانی زەمان، حەتمەن پێشکەوتن و گۆڕان نایەتە دی؛ کەوابوو نابێت ڕوانگەی هێڵدارمان هەبێت. دەبێ بزانین دنیای سیاسەت هێڵێکی بەردەوام و نەپچڕاو نییە. وەکوو گوریسێکی ڕاخراو نییە کە هەر مەترێکی، مەترێک لە پێش خۆی درێژتر و لەپێشتر بێت. نەخێر دنیای سیاسەت لەتلەت و پەتپەت و پچڕپچڕە؛ لەوانەیە دوو سەری گوریسی سیاسەت بەبێ ئەوەی ئێمە بزانین لێک گرێ درابێت و دیسان بمانگەڕێنێتەوە شوێنی یەکەم. ڕووداوەکانی ئێران، ئەفغانستان، میسر و سووریا لەم پەنجا ساڵەی دواییدا، دەرخەری ئەم ڕاستییەن. کەوابوو، سیاسەتی کورد نابێت لەسەر هێڵێکی ڕاست و ڕێک بێت؛ بەڵکوو دەبێ لەسەر دابڕانەکان، پچڕاوەکان، بۆشاییەکان و ئەم کەلێنانە هەڵبەسترێت کە لە کوردستان، ئێران و ناوچەکە دێنە گۆڕێ.
٣- گرینگیدان بە خەباتی ڕاگەیاندن: لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای زانیاریدا، کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ بە شێوەیەکی ئەمڕۆیی کار بکات. پێویستە کورد تەلەڤزیۆنێکی پڕۆفێشناڵی هەبێت کە بتوانێت نەسڵی نوێ لە ڕووی سیاسییەوە کۆمەڵایەتی بکات هەتا خاوەن ناسنامەی خۆی بێت، نەک وەکوو پاشکۆی نەتەوەیەکی زاڵ خۆی پێناسە بکات. جگە لەمە دەبێ بتوانێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژیرانە چالاک بێت و ناوەڕۆکی کوردانە بەرهەم بێنێت و بتوانێت لە فەزایەکی بەریندا بڵاوی بکاتەوە بۆ ئەوەی پەردە لەسەر ستەمی نەتەوایەتیی خۆی لابدات.
٤- گواستنەوەی ئەزموونی ناوەندی ڕۆژهەڵات لە ڕووی گوتاری و تەشکیلاتییەوە بۆ باکوور و باشووری ڕۆژهەڵات و سڕینەوەی ناوەندگەرایی لە خەباتدا و بڵاوکردنەوەی بۆ گشت گوند و شارەکان: جیاوازییەک کە سیاسەتی کوانتۆمی لەگەڵ ڕوانگەی نیۆتۆنی و کلاسیک هەیەتی، سڕینەوەی ناوەندێتی و لەبەرچاوگرتنی تەواوی پێکهاتە و بەشەکانی سیاسەتە. بەم پێیە پێویستە ڕێکخراوی سیاسیی کورد هەوڵ بدات گوتاری کوردایەتی بە تەواوی ناوچە، گوند و شارەکانی کوردستاندا بڵاو بکاتەوە، واتە دەبێ ئەزموونی موکریان بۆ بەشەکانی تری کوردستان بگوازرێتەوە و هی ئەوێش بێنێت بۆ موکریان. هەڵبەت لەم بوارە لەم چەند ساڵەی دواییدا کار زۆر کراوە. سەبارەت بە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەرچی لە زووەوە ناوەندی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بووە، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت، گوتاری کوردایەتی تۆزێک کەمڕەنگ دێتە بەرچاو. باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئێستا لە ڕووی هۆشیاریی نەتەوەییەوە لە گەشەیەکی بێوێنە دایە، بەڵام تەواو نییە و دەبێ پەرەی پێ بدرێت. جگە لە باشوور و باکووری ڕۆژهەڵات، پێویستە خەباتی کوردایەتی ببرێتە ناو کوردەکانی خۆراسان و خەبات بە تەواوی گشتگیر بکرێت.
٥- خەباتی پێشمەرگە: کۆڵەکەی سەرەکیی خەباتی کورد هێزی پێشمەرگەیە. هێزی پێشمەرگە نەبێت، کورد هەرگیز دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە نابێت، ئەگەریش وەدەستی بێنێت، لێی دەستێندرێتەوە. کێشەی کورد کێشەی خاکە، خاکیش بەبێ هێزی نیزامی نە ڕزگار دەکرێت و نە دەپارێزرێت. سیاسەتمەداری کورد دەبێ بزانێت کە شەو و ڕۆژ، مانگ و ساڵ، خۆی موتەمەدین بنوێنێت، کراوات لە مل لەگەڵ داگیرکەر دانیشێت و لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بە “بێ لەهجە” قسەیان بۆ بکات، بایی توورێک قازانجی نییە؛ زۆر زۆر ڕەنگە بتوانێت خۆی وەک ئێرانییەکی دێرین و ڕیشەدار بۆیان بسەلمێنێت. ئەوەی گرینگە دەبێ هێزی پێشمەرگەی کورد ئامادە بێت بۆ کاتی خۆی هەتا کوردستان ڕزگار بکات و پاشانیش بیپارێزێت. تەنانەت پێم وایە کە بەردی بناغەی دیپلۆماسیی کورد لە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، لەسەر خەندەقێک هەڵدەچنرێت کە پێشمەرگە هەڵیدەکەن؛ کەوابوو دەبێ ئەوەندەی پێمان دەکرێت ئەم بەشە لە خەبات بەهێز بکەین.
٦- دەبێ لە ڕوانگەی نیۆتۆنیی سیاسەت بێینە دەرێ و پێمان وا نەبێت کە ڕێژیم ڕووخا ئەوە حەتمەن مافمان دەدرێتێ و دەپارێزرێت. نەخێر وا نییە، نە قەرارە ئێران دیموکراتیزە بکرێت و نە ئەو دیموکراتییە لاوازەی قەرارە جێگیر بێت، مافی کەمینە دەپارێزێت. ئەوەی دەتوانێت پارێزەری کورد بێت، هێزی جەماوەر و هێزی پێشمەرگە و دیپلۆماسیی هەڵقوڵاو لەو دووانەیە. مەبەست کەمڕەنگکردنەوەی بایەخی دیموکراسی نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە ئەستەمە لەسەر کولتووری سیاسیی نەتەوەی فارس، دیموکراسیی پایەدار ڕابنرێت. کەوابوو حیساب و کتابی بیرکارییانە و خوێندنەوەی پۆزیتەیڤیستی وڵامدەر نابێت؛ چونکە یاریکەرانی دنیای سیاسەت ژمارەکان نین کە وەک زانستی بیرکاری بە فۆرمووڵ حیسابیان بکەین. کەوابوو ڕێگا چارە هێزە؛ هێزی سەربازی، هێزی ڕێکخستن، هێزی ئابووری و دوای ئەوانیش دیپلۆماسی، هەڵبەت دیپلۆماسیی پشتبەستوو بەم هێزانەی باسمان کرد. کورد دەبێ بە هەر جۆرێک بێت سیستمی زاڵ بشێوێنێت و ئاڵۆزی ساز بکات. یاری کردن وەکوو ئەکتەرێکی ئاسایی و ڕام و ملکەچ لە چوارچێوەی سیستمێکی سادەدا چی لێ وەدەست ناکەوێت. کورد دەبێ بە ڕوانگەیەکی کوانتۆمی ئاڵۆزی ساز بکات و دۆخەکە بشێوێنێت. وەک ئەوەی د. قاسملوو دەیکرد، نەک ئەوەی ئێستا دەیکەین کە من پێی دەڵێم “تیڤیپڵۆماسی”. بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کورد شەو و ڕۆژ خەریکن لە تەلەڤزیۆنی فارسەکاندا، کۆت و شەڵوار لەبەر، کراوات لە مل، سوێندیان بۆ دەخۆن کە کورد “تجزیهطلب” نییە. داعش و تاڵیبان چەندە مافی تەڵاق بە ژن ڕەوا دەبینن، داگیرکەری ئێرانیش هەر ئەوەندە مافی نەتەوەیی تۆ قەبووڵ دەکات، مەگەر بە زەبری هێز وەکوو ژەهر بە گەروویدا بکەیت.
٧- سیاسەت و ئەخلاق: سەبارەت بە ئەم بابەتە، کورد بە گشتی و حیزبی دیموکرات بەتایبەتی، ئەخلاقی لەبەرچاو گرتووە و ئوسوولەکانی شەڕ و ئاشتیی پاراستووە. لە کولتووری نەتەوەی فارسدا شتێک بە ناوی ئەخلاق لە سیاسەتدا نییە. هێزی سیاسیی فارس، بە ڕاست و چەپیانەوە، ماکیاڤێلییانە دەڕواننە سیاسەت و سیاسەت بۆ ئەوان گەیشتن بە ئامانجە بە هەر نرخێک بێت و هەمیشەش جێی ئامراز و ئامانجیان گۆڕیوە و گنجیشیان پێدا نەهاتۆتەوە. بەڵام کوردی ڕۆژهەڵات، ئامانجێکی پیرۆزی نەکردووەتە قوربانیی ئامرازێکی پیس؛ کەچی داگیرکەری ئێرانی بە دڵی خۆی کردوویەتی و دەشیکات. ئەم ڕێبازە نائەخلاقییەش لە ناخی فەرهەنگیاندایە. چۆنیەتیی شەهیدکرانی سمکۆی شکاک، پێشەوای مەزن و د. قاسملووی هەڵکەوتە، دەرخەری ئەم ڕاستییەن.
بە کورتی، سیاسەت لە فەرهەنگی فارسدا بەتەواوی لە ئەخلاق جیا کراوەتەوە و گەیشتن بە دەسەڵات و پاراستنی ئامانجێتی؛ لە حاڵێکدا لە کولتووری کورد و بەتایبەت حیزبی دیموکراتدا، دەسەڵاتی سیاسی ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئامانجیش بەختەوەریی کۆمەڵگە و ژیانی خۆش و ئازاد بۆ تاکی کوردە. ڕیشەی ئەم ڕوانگەیە بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە. لە حیکمەتی سیاسیی یۆنانی کۆن لە چوارچێوە هزری ئەفلاتوون و ئەرەستوودا، سیاسەت بە ئەخلاقی دەستەجەمعی و ئەخلاق بە سیاسەت لە ئاستی تاکەکەسیدا پێناسە دەکرا. سیاسەت واتای ڕێگا خۆش کردن بۆ گەیشتن بە بەختەوەری و خۆشبەختیی مرۆڤی دەدا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد، بە عەمەل ئەم نەریتەی هێنایە ناو سیاسەتی کوردەوە. پێشەوا بە جۆری سیاسەتکردنی لە سەردەمی کۆماردا و چۆنیەتیی شەهیدبوونی، بەردی بناغەی ئەم نەریتە ئەخلاقییەی دانا. پاشانیش، د. قاسملوو لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام بوو، پەرەی پێ دا و چوارچێوەی هزریی بۆ داڕشت. هەردووکیانیش لەم ڕێگەیەدا تێدا چوون. دەتوانین بێژین کە ئاخێزگەی سیاسەت-ئەخلاقی کوردی ڕۆژهەڵات، لە هزر و هەڵسوکەوتی پێشەوا و د. قاسملوووە سەرچاوەی گرتووە. یەکێک لە جیاوازییەکانی کولتووری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕێک ئەم نەریتە پیرۆزەیە. هەر ئەم نەریتە پیرۆزە کارێکی کردووە کە لە نێوان جاش و باش سنوور دابنرێت و هەر کەس لار بڕوات گەل سزای بدات، نەک خەڵاتی بکات. کەچی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەم سنوورە شێوێنراوە. سەبارەت بە نەتەوەی فارسیش، دەکرێت بڵێین پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت لە کولتووری ئەواندا لە ئەندێشەی کەسانێکی وەک خاجە نیزامولمولکی تووسی و موحەققی کەرەکی و کەسانی لەم چەشنە سەرچاوە دەگرێت. جیاوازییەکەش دیارە، ئەندێشەی ئەوان کە کۆکەرەوەی کولتوور و ئەندێشەی سیاسیی ئێرانی پێش و پاش ئیسلامە، گەیشتن بە دەسەڵات و پاراستنی هێز و ئۆتۆریتەیە بە هەر نرخێک بێت.
ئێستا کورد دەبێ چ بکات؟ ئاخۆ ئەویش دەبێ دەستبەرداری ئەخلاق بێت یان هەر وەک پێشوو لە چوارچێوەی ئەخلاقدا سیاسەتی خۆی بەرەو پێش ببات و وەک هەمیشە زەرەرمەند بێت؟ یەکەم ئەوەی کە حیزبە سیاسییەکانی کورد دەبێ نیسبەت بە یەکتر نەریتی ئەخلاقیی پێشوو هەروا درێژە پێ بدەن، بەڵام لەگەڵ دوژمن پێم وا نییە ئەوە دروست بێت، بەڵکوو دەبێ بە زمانی خۆیان و وەک خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەین. بۆ نموونە سەبارەت بە دیالۆگ، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە ئەهلی گفتوگۆ بمێنینەوە و پابەندی ئوسوولی گفتوگۆ بین، نابێت هێڵی سووری خۆمان کە بەرژەوەندیی نەتەوەییمانە ببەزێنین. کاتێک دەتوانیت لەگەڵ لایەنێک دانیشیت کە لایەنی بەرانبەر، وەکوو بوونەوەرێکی واقعی و حقووقی بە ڕەسمیت بناسێت؛ واتە وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن ماف دانت پێدا بنێت. دوای ئەوەی ئەوەمان بە لایەنی بەرانبەر قەبووڵ کرد، زەمینەی دانیشتن پێک دێت، دەنا بێکەڵکە. فەلسەفەشی ناوێت، کابرا دان بە بوونی حەقیقی و حقووقیتدا نەنێت، قەت هاوکاریی ڕاستەقینەت ناکات و قەتیشت مافت ناداتێ. ئەوەش بزانین دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ داگیرکەر زەمینەی دیکەشی دەوێت، زەمینەکەش ئەوەیە هێڵی سوورمان هەبێت، زەمینەی خەباتی مەدەنی، تەشکیلاتی و پێشمەرگانەیە. ئەوانە دەتوانن هەلومەرجی گفتوگۆی ڕاستەقینە ساز کەن نەک وەلانانی هەموو مەرجێک. نابێ بشترسێین و بکەوینە بەر تەوژمی پڕۆپاگەندە و هات و هاواری نەتەوەی باڵادەست. لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینادا هەندێک لایەن و سیاسەتمەدار چونکە ئاشنای سیاسەتی وردبینانەی کوانتۆمی نەبوون، لە چوارچێوەی سیاسەتی کلاسیکدا، لە ژێر باندۆڕی تەبلیغاتی نەتەوەی باڵادەستدا، وایان زانی ڕەزا پەهلەوی تەنیا بژاردەی دوای کۆماری ئیسلامییە و حەقیقەتی موتڵەقە و دەبێ کورد قەبووڵی کات. هەر لەو کاتەدا بوو کە کاک مستەفا هیجری بوێرانە و وردبینانە ڕایگەیاند ئێمە لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی دانانیشین. ئێستا ڕوون بووەتەوە ئەم سیاسەتە چەندە دروست بووە، کەواتە نابێت لاواز و ترسەنۆک بین و هەر ڕووداوێک هاتە پێش دەست و پێی خۆمان ون کەین. جگە لەوە پێویستە وزەی خۆمان خەرجی دانیشتن لەگەڵ کەسانێک نەکەین کە بەقەد ئەو حەشیمەتەی لە کاتی کۆرۆنادا لە قەپانە کۆنەکەی بۆکان بۆ سەودا و مەعامەلە کۆ دەبوونەوە، لە ئێران لایەنگریان نییە.
٨- بوون بە ئەکتەرێکی بەهێزی نادەوڵەتی: لە پاش یازدەی سێپتەمبەرەوە، لەتەک ئەکتەرە دەوڵەتییەکان، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش هاتوونەتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و خەریکی چالاکین؛ ئەوەش نیشانەیەکی ترە لە سیاسەتی سەردەمی کوانتۆمی. هەنووکە وەک پێشوو نەماوە کە تەنیا دەوڵەت و ڕێکخراوە ڕەسمییەکان بواری چالاکییان هەبێت. ئێستاکە ڕێکخراو و پێکهاتە نادەوڵەتی و خۆجێییەکانیش لە ئاستی نێودەڵەتیدا بە ڕەسمی دەناسرێن. هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەم مۆدێلە کوانتۆمییەیە. ڕۆژئاوای کوردستانیش خەریکە خۆی دەخاتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە داهاتوودا دەتوانێت ئەم کارە بکات، بەڵام بە مەرجێک خۆی بۆ ئامادە بکات، بەڵام بەبێ چالاکیی پێشمەرگە و خەباتی مەدەنی ئەستەمە کە بکرێت بچینە ناو ئەم قۆناغە نوێیەوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئەمە بڵێین کە سیاسەتی کلاسیک، پێی وایە سیاسەت دیاردەیەکە کە لە یاسا و ڕێسای دیار و هەمیشەیی پەیڕەوی دەکات، بۆیە دەکرێت ڕەفتاری سیاسیی مرۆ وەک دیاردەگەلی فیزیکی پێشبینی بکرێن. لە بەرانبەردا، ڕوانگەی کوانتۆمی پێی وایە کە سیاسەتی سەردەم لەگەڵ دەیە و سەدەکانی ڕابردوو جیاوازیی هەیە و ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک دیاردەی وەک گۆڕانی لەناکاوی ڕای گشتی، داڕمانی نەزمە جێگیرەکان، دووبارە سازبوونەوەی پێکهاتە کۆنەکان و زۆر شتی ورد بەڵام کاریگەر ڕووبەڕووین و دیاردەکان پتر لەوەی خەتتی بن، لەتلەت و ئاڵۆزن؛ کەوابوو پێشبینی زۆر دژوارە و ئەگەریش بکرێت ئیحتمالی و ناحەتمییە. لە ئاوا دۆخێکدا بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز (بزووتنەوەی ژینا)، لە لایەن جووڵانەوەیەکی هەتا سەر ئێسقان کۆنەپەرەستانەوە (شاپەرستەکان) بە لاڕێدا دەبرێت. لە ئاوا دۆخێکدا، بەداخەوە ئەخلاق بە یەکجاری لە سیاسەت ون دەبێت و سەرت لێ دەشێوێت. بۆ نموونە لە ئێران خەڵک دەبینیت هاوکات ڕێفۆرمیست، خۆپارێز، ڕووخێنەر، ئازادیخواز، نیشتمانپەروەر، دژە نیشتمان و سەڵتەنەتخوازە. لە کوردستان کەس و هێزی سیاسیت وەگیر دەکەوێت هاوکات چەپ و ڕاستە، خۆی بە نەتەوەخواز دەزانێت بەڵام دژی دەوڵەتی کوردییە، ئەلف تا یای قسەکانی باسی یەکڕیزییە، کەچی بۆ چووکەترین قازانجی تاکەکەسی خۆ دەهاوێتە باوەشی گەورەترین دوژمنی کورد؛ خۆی پێ دووربینە بەڵام نووکی پێڵاوەکانی خۆی ناتوانێت ببینێت. پاش ئەم هەمووە شکستەشی کە ئاکامی ڕوانگەی نیۆتۆنی و فکرە ماکیاڤیلیستییەکەیەتی، شەو و ڕۆژ بەردی یەکڕیزی لە سینگ دەدات و وەکوو تاقانە پیری خاوەن بەبیر و تەدبیر خۆی دەنوێنێت.
دواوتە: وا باشە هێزی سیاسیی نەتەوەیی، ڕوانگەی کلاسیک بۆ سیاسەت وەلانێت. بزانێت ئەگەر بەشێکی دنیای سیاسەت بە چاو دەبینرێت و دەکرێت بە ماشێن حیساب بکرێت، بەشێکی زۆری هەیە کە نە دەبینرێت و نە بە ماشێنحیساب لێک دەدرێتەوە؛ چونکە دنیای سیاسەت دنیای بیرکاری و فیزیک نییە. تێبگات چەندە ئەگەری پێشڤەچوونی سیاسی هەیە هەتا لە ژێر سێبەریدا بە مافەکانی بگات، ئەوەندەش ئەگەری گەڕانەوە بۆ دواوە و دووبارە بەرهەمهاتنەوەی سیستم و بیری سیاسیی کۆن هەیە. دان بەوەدا بنێت کە لە سیاسەتی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی، ئەخلاق بە ساڵی ڕووناكی لە سیاسەت دوورە. واز لە تیڤیپڵۆماسی بێنێت و دیپلۆماسیی پشتگەرم بە هێز و زانست بکات. شاکلیلی حەلی قەزیەی کورد نە لە تاران، بەڵکوو لە کوردستانە، بەردی بناغەی ئەم چارەیەش نە گفتوگۆی بێ سنوور و ڕەها، بەڵکوو هێزە، هێزە، هێز. بنەمای هێزیش بۆ کوردی بێ پارە و بێ پشتیوان “پشتیوانیی گەل، یەکگرتوویی ڕاستەقینە؛ خەباتی مەدەنیی سەربەخۆ و ڕادیکاڵ، خەباتی پێشمەرگانە، ڕاگەیاندنی ئەمڕۆیی، تەشکیلاتی چالاک و سەرکردەی ئازا و نەترس و ئەهلی ڕیسکە”.
وتارەکانی تر
Nothing Found



